A+    A-
(3,410) جار خوێندراوەتەوە

فرۆید هەر دەژى!

 

 

 

 

سلاڤۆىژیژەک                                                                                       

و. وەلید عومەر

 

 

 

لەم ساڵانەى دواییدا زۆرجار ئەوە دەبیستین دەروونشیکارى مردووە. گوایا لەگەڵ پێشکەوتنە نوێیەکانى زانستەکانى مێشک[1]دا دەروونشیکارى بەخاکسپێردراوە، ئەویش لەجێیەکدا کە هەمیشە پێیەوە پەیوەست بوو، واتە لە عەمبارى تەتکەومەتکەى گەڕانى دۆگمایانەى پێش‌زانستى بەدواى مانا شاراوەکان و، لە تەنیشت (قەشە) ئیعتیراف‌وەرگرە مەسیحییەکان و تەفسیرکارانى خەوندا. بە وتەى تۆد دۆفریسنە هیچ ڕووخسارێک لە مێژووى مرۆڤايه‌تيدا نادۆزرێتەوە کە زیاد لە فرۆید لە بونیادەکاندا کەوتبێتە هەڵەوە: هەندێک ئەوەشى بۆ زياد ده‌كه‌ن، بەس مارکسى لێ دەرچێت. لە ساڵى 2005دا و دواى ئەو کتێبە بەدناوەى کە لە ژێر ناونیشانى کتێبى ڕەشى کۆمۆنیزم‌دا بڵاوبووەوە بۆ ئەوەى لیستێک لە تاوانى کۆمۆنیستەکان بخاتەڕوو، تەنیا دەکرا چاوەڕوانى ئەوە بین کتێبى ڕەشى دەروونشیکارىش بکەوێتە بازاڕەوە، کە هەڵە تیۆرییەکان و تەڵەکەبازییە کلینیکییەکانى دەروونشیکاریى ڕیزکردبێت. بەم شێوه‌يه‌، لانیکەم، پەیوەستبوونى قووڵى نێوان مارکسیزم و دەروونشیکارى بە بەر چاوى هەموانەوە دەردەخات.

 

سەدەیەک لەمەو بەر، فرۆید بۆ ئەوەى جێى دەسکەوتەکەى خۆى بکاتەوە ["سەبارەت بە دۆزینەوەى نەست لە هه‌ناوى مێژووى ئەورووپاى مۆدێرندا"]، گەشەى دا بە ئایدیاى سێ شەرمەزاریى یەکلەدواىیەکى مرۆڤ، یان ئەوەى کە خۆى پێى‌دەوت سێ «نەخۆشییە نەرجسییەکە». سەرەتا، کۆپەرنیک دەريخست زەوى بە دەورى خۆردا دەسوڕێتەوە و، بەم شێوەیە ئێمەى مرۆڤى لە چەقى کائینات بێبەشکرد. دواتر، داروین بنەچەى ئێمەى لە ئەنجامى پەرەسەندنێکى کوێرانەوە سەلماند و، ئەو پێگە باڵایەى لێ سەندینەوە کە لە ناو بوونەوەراندا هەمانبوو. دواجار، کاتێک فرۆید خۆى ڕۆڵى بەرچاوى نەستى لە پرۆسە دەروونییەکاندا ئاشکراکرد، ئیدى دەرکەوت ئیگۆى ئێمە لە ماڵەکەى خۆیشیدا سەرگەورە نیە. ئەمڕۆ وا دەردەکەوێت کە پێشکەوتنە زانستییەکان، سوکایەتیى تریان لەگەڵ خۆیاندا هێنابێت: زەین تەنیا ماشێنێكى پرۆسێس و پێدانى زانیارییەکانە و هەستکردنمان بە ئازادى و سەربەخۆیى هیچ نیە جگە لە "وەهم و وڕێنەى بەکارهێن"ێک. بەڕواڵەت و بەراورد بەم دەسکەوتە، دەروونشیکارى کۆنزەرڤاتیڤتر ده‌رده‌كه‌وێت.

ئایا دەروونشیکارى به‌سه‌رچووه‌؟ وا دەردەکەوێت بەڵێ بەدڵنیاییەوە. دەروونشیکارى لەڕووى زانستییەوە به‌سه‌رده‌چێت چونکە مۆدێلى زانینى عەسەبناسیى زەینى مرۆڤ جێى مۆدێلە فرۆیدییەکەى گرتۆتەوە. لە کلینیکەکانى پزیشکى دەروونیدا به‌سه‌رده‌چێت چونکە چارەسەرى دەروونشیکارانە لەڕێگەى چارەسەرى دەرمانى و ڕەفتارییەوە دەکرێت. لە کۆمەڵگاشدا، بە شێوەیەکى فراوانتر، هه‌ر به‌سه‌رده‌چێت، چونکە چەمکى نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان کە پاڵنەرە سێکسییەکانى مرۆڤ دەچەپێنن، لەبەرامبەر چێژپه‌رستيى ئەمڕۆدا بەرگە ناگرن. سەرەڕاى ئەمەش، نابێت زۆر پەلەبکەین. ڕەنگە لەجیاتییه‌كه‌يدا، پێ لەسەر ئەوە دابگرین دەروونشیکارى تازە گەیشتۆتە جێ. یەکێک لە سەرچاوەکانى ڕەخنەى کەلتوریى کۆنزەرڤاتیڤى ئەمڕۆ ئەوەیە کە لە سه‌رده‌مى تۆلێرانسى ئێمەدا مناڵان ئاسته‌نگ و قه‌ده‌غه‌كاريى توندیان لەسەر نیە. ئەمە داماوىکردوون و لە زیادەڕەوییەکەوە ده‌په‌ڕنه‌وه‌ بۆسه‌ر زیادەڕەوییەکى تر. تەنیا دەتوانێت سنورێکى حاشاهەڵنەگر درووستبکات، لەسەر بنەماى جۆرە دەسەڵاتێکى ڕەمزیى نەگۆڕ  و ڕەزامەندى، ڕەزامەندییەک کە لە سەرپێچیکردنى قەدەغەکارییەوە بەرهەمدێت. فرۆید بۆ ڕوونکردنەوەى ڕۆڵى "میکانیزم و كاركرده‌كانى نەفى و نکۆڵی" لە نەستدا، تەفسیرى یەکێک لە نەخۆشەکانى خۆى دەگێڕێتەوە کە ژنێکى نەناسى لە خەودا بینیوە: «ئەو ژنەى خەوم پێوە بینى، هەر کێ بێت، بەدڵنیاییەوە دایکم نیە». بەڵگەیەکى ئاشکرا لەسەر ئەوەى کە ژنەکە دایکى نەخۆشەکە بووە. لەمڕۆدا بۆ دیاریکردنى خوڕەفتارى نەخۆش، چ ڕێگایەک لەوە باشترە کە وێناى کاردانەوەکەى بکەین بە ڕووى ئەم خەوەدا: «ئەو ژنەى لە خەوەکەدا بینیم، هەر کێ بێت، دڵنیام پەیوەندیيه‌كى بە دایکمەوه‌ هه‌یە!».

بە شێوەيه‌كى تەقلیدی، چاوەڕوانیی ئەوە لە دەروونشیکارى کراوە نەخۆشەکە وا لێ بکات تا بتوانێت بەسەر ڕێگرەکانى تێربوونى سێکسیى ئاساییدا زاڵ‌ببێت: ئەگەر ناتوانیت تێربیت بڕۆ بۆ لاى دەروونشیکارێک، ئەو یارمەتیتدەدات لە چنگى ڕێگرییەکان ڕزگاربیت. ئەوەتا ئێستا بە فەرمانى "چێژ وەربگرە" لە هەموو لایەکەوە بۆردووماندەکرێین، ڕەنگە بشێت بە چاوێکى ترەوە سەیرى دەروونشیکارى بکرێت، وەکو تاکە گوتارێک کە تیایدا ڕێت پێدراوە چێژ وەرنەگریت: نەک  ئەوەى"ڕێت پێ نەدرێت چێژ وەربگریت"، بەڵکو ڕزگار ببیت لە فشارى چێژوەرگرتن. [ژیژەک ئەمە ناودەنێت سوپەرئیگۆى پۆستمۆدێرن، سوپەرئیگۆیەک کە بەردەوام پێت دەڵێت چێژ وەربگرە!].

ئەم گۆڕانە پارادۆکسیکاڵە لە ڕۆڵى تەفسیرى دەروونشیکارانەدا، لە هیچکوێدا هێندەى خەوەکان ڕوون دەرناکەوێت. تێگەیشتنى باو بۆ تیۆرى خەونەکانى فرۆید ئەوەیە کە خەون بریتییە لە بەدیهاتنى خەیاڵیى ئارەزوویەکى کۆنترۆڵنەکراوى نەست کە وەکو ڕێسایەکى سرووشتى سێکسى کاردەکات. فرۆید لە سەرەتاى کتێبى لێکدانەوەى خەونەکاندا، تەفسیرێکى دوورودرێژ دەخاتەڕوو دەربارەى خەونى "کوتانى ئیرما[2]". ئەم تەفسیرە بە شێوەیەکى سەیر، نوکتەیەکى سەردەمى سۆڤیەتمان بیردەخاتەوە: «ئایا ڕۆبن‌ویچ لە یانسیبەکەى ویلایەتدا، ئۆتۆمبێلێکى تازەى بردەوە؟». «لەبنەڕەتدا بەڵێ براوە بوو. نەک هه‌ر ئۆتۆمبێل نه‌بوو بەڵکو پاسکیل بوو، ئەویش تازە نەبوو کۆن بوو، نەشیبردەوە بەڵکو دزیبووى!». ئایا خەون، دەرکەوتنى ئارەزووى سێکسیى ئەو کەسەیە کە خەونى بینیوە؟ لەبنەڕەتدا بەڵێ. لەو خەونەدا کە فرۆید هەڵیبژارد بۆ ڕوونکردنەوەى تیۆرەکەى خۆى دەربارەى خەون، ئارەزووى ئەو نە سێکسییە و نە نەست(ـەکى)‌یش. جگە لەوەى ئەمە لەبنچینەدا پەیوەندیى بەوەوە نیە.

ئەم خەوە بە گفتوگۆى فرۆید و نەخۆشەکەى (کە ناوى ئیرما)یە دەستپێدەکات، ئەویش سەبارەت بە شكستهێنانى له‌ چارەسەرکردنيدا بەهۆى ئەو گەنینەوە کە لە ئاکامى دەرزيلێدانەوە درووستدەبێت. لە ساتى گفتوگۆکەدا، فرۆید لێى نزیکدەبێتەوە و بەوردى ناو دەمى دەپشکنێت. ڕووبەڕووى دیمەنێکى ناخۆش دەبێتەوە کە هەڵگرى برین و پێچەڵپێچى وەک ئێسقانى ناو لووتە. لەم ساتەدا و کتوپڕ ترسەکە وەردەگەڕێت بۆ کۆمیدیا. سێ پزیشک لە هاوڕێکانى فرۆید، کە یەکیان ناوى "ئوتو"ـە، دەردەکەون و بە زمانێکى نیمچەپرۆفیشناڵ و گاڵتەجاڕ دەستدەکەن بە ژماردنى هۆکارە شیمانەییەکان(احتمالى)ـى گەنینى ئیرما. ئەگەر کەسێک کەمتەرخەم بووبێت، دەبێت لە خەونەکەدا ئاشکرا ببێت، ئەو کەسەش کەس نیە جگە لە ئوتو، چونکە ئەو بوو دەرزیى دا لە ئیرما: پزیشکەکان دەگەنە ئەو ئەنجامەى کە "نەدەبوو بە هەڵەشەییەوە دەرزییەکەى لێ درابا و لەوانەیە سرنجەکە پیس بووبێت". کەواتە "بیرى شاراوە"ـى هاوپەیوەستى خەو نە سێکسییە و نە نەستە(کییانەشە)، بەڵکو هەمان ئارەزووى تەواو ئاگایانەى فرۆیدە بۆ پاککردنەوەى خۆى لە بەرامبەر شکستى چارەسەرکردنى ئیرمادا. چۆنچۆنى ئەم مەسەلەیە لەگەڵ ئەو تێزەدا دەگونجێت کە خەونەکان ئاشکراکەرى ئارەزووە سێکسییەکانى نەستن؟

لێرەدا ڕاستکردنەوەیەکى گرنگ پێویستە. ئەو ئارەزووه‌ نەستەکييه‌ى کە خەون درووستدەکات، ئەو بيره‌ شاراوەیەى خەون نیە کە وەردەگێڕدرێتە سەر ناوەڕۆکى ئاشکراى خۆى. بەڵکو ئارەزووى نەستى ئەويترە  کە لە ڕێگەى خەون/کارەوە لەسەر خەون هەڵدەکۆڵرێت، پرۆسەیەک کە لەڕێگەیەوە بيرى شاراوە دەگۆڕرێت بۆ فۆرمى ئاشکراى خەونەکە. پارادۆکسى خەون/کار کەوتۆتە ئێرەوە: ئێمە دەمانەوێت لەو بيره‌ ئازاردەرە ڕزگاربین کە بەتەواوى لێى بەئاگاین، بۆیە گۆڕانى بەسەردا دێنین و وەريدەگێڕینە سەر خەتى وێنەیى خەون (هیرۆگڵیفیاى خەون). لەکاتێکدا بەهۆى ئەم گۆڕانەوەیە کە ئارەزوویەکى زۆر بنەڕەتیتر خۆى کۆدڕێژدەکات، هەمان ئارەزووى نەست و سێکسى.

دوايين ماناى خەوى لاى فرۆید چیە؟ فرۆید لە شیکردنەوەیەکدا کە خۆى دەیخاتەڕوو، تەرکیز دەخاتە سەر خەون-بیر[3]، سەر ئارەزووى "ڕواڵەتى"ـى خۆى بۆ بێگوناهبوون لە چارەکردنى ئیرمادا. لەگەڵ ئەمەشدا، لە وردەکاریى تەفسیرەکەیدا هەندێک ئاماژە هەن کە لەسەر مۆتيڤ و ئەنگێزەى قووڵتر بەندن. خەونى ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئیرمادا، فرۆید دەخاتەوە بیرى ژمارەیەک ژنى تر. تاقیکردنەوەى دەم، نەخۆشێکى ترمان بیردەخاتەوە. مامۆستایەکى ماڵان کاتێک سەیرى ناو دەمى کردبوو "وێنەی جوانییەکى تازەپشکوتوو"ـى هێنابووە بەر چاوى. پێگەکەى ئیرما سەبارەت بە پەنجەرەکە، ئەوەى دەخستەوە بیرى "ژنێکى هاوڕێ گیانى‌بەگیانییەکانى"ـى ئیرما کە دەرهەق بەو دیدێکى "زۆر باش"ـى هەبوو، ئێستا کە بیر لەو دەکاتەوە ئیدى "دڵنیایە ئەو خاتوونەش تووشى هیستریا ببوو". توێژاڵ و ئێسقانەکانى لووتى، ئەوى دەخستەوە بیرى بەکارهێنانى کۆکایین لەپێناوى کەمبوونەوەى هەڵاوسانى پەردەى ناو لووتدا. هەروەها خستنەوەبیرى ئەو ژنە نەخۆشەى کە بەپێى نمونەکەى خودى فرۆید، "تووشى مردنى فراوانى ڕیشاڵى پەردەکانى ناوەوەى لووت" ببوو. ڕاوێژکردنى لەگەڵ یەکێک لە دکتۆرەکاندا، ئەو کاتەمان بیردەخاتەوە کە چارەسەرى فرۆید بۆ ژنێکى نەخۆش ببووەهۆى "ژەهراویبوونێکى توند" و پاشان مردنى نەخۆشەکە، ئەو ژنە هەمان ناوى خوشکە گەورەکەى خۆى لێ نرابوو، ناوى ماتێلدا بوو. ئارەزووى نەستى خەون، بریتییە لە ئارەزووى فرۆید بۆ "بوون بە باوکى ئەزەلى"، باوکێک کە هەموو ئەو ژنانەى کە لە خەوى ئیرمادا بەرجەستە ببوون لە بەردەستى خۆیدایە.

بەڵام ئەم خەونە لوغزێكى تر ئاشکرادەکات: خەون ئاشکراکەرى ئارەزووى کێیە؟ تەفسیرەکانى ئەم دواییە بەڕوونى لەو بڕوایەدان کە ئەنگێزەى ڕاستەقینەى پشت خەونەکە، بریتییە لە ئارەزووى فرۆید بۆ پاککردنەوەى فیلیسى هاوکار و هاوڕێى خۆى لە گوناه و بەرپرسیارێتى. ئەوە فیلیس بوو کەمتەرخەمیى نواند لە نەشتەرگەرییەکەى لووتى ئیرمادا، ئارەزووى شاراوەش لە خەوندا بۆ پاککردنەوەى خودى فرۆیدە نەک هاوڕێکەى. ئەو کەسەى لەم حاڵەتەدا بریتییە لە "ئەو سوبێکتەى کە بڕیارە بزانێت"ـى فرۆید، گواستنەوەى ئۆبێکتەکەى. ئارەزووى فرۆید دەرهەق بەوەى کە فیلیس بەرپرسى ناکامیى چارەسەرەکە نەبوو، ئەوەى کە زانینیشى هەبوو، دراماتیزە دەکات. خەونەکە، ئارەزووى فرۆید دەردەخات، بەڵام تا ئەو شوێنەى کە ئارەزووى ئەو پێشوەخت ئارەزووى ئەويترە، واتە ئارەزووى فیلیسە.

ئێمە بۆچى خەون دەبینین؟ وەڵامەکەى فرۆید تا ئاستێکى خەڵەتێنەر سادەیە: کارکردى کۆتایى خەون بریتییە لە پێدانى توانا بە کەسى خەوبین تاکو لە خەوەکەدا بمێنێتەوە. زۆرجار ئەم وەڵامە بەتەنیشتى ئەو خەونانەوە تەفسیردەکرێت کە جۆرێک فاکتەرى ئازاردەرى دەرەکییان تیایە(وەکو دەنگەدەنگ) کە هەڕەشەى بێداربوونەوەمان لێ دەکەن. لە دۆخێکى وەهادا، خەونبینەکە بەخێرایى ئەو بارودۆخە وێنادەکات کە ئەم پاڵنەرە دەرەکییە تێهەڵکێشێتە خۆى و سەرەنجام بۆ ماوەیەکى درێژتر دەتوانێت بخەوێت، ئەو دەمەى کە پاڵنەرە دەرەکییەکە زۆر توند ببێت ئیدى ئەو بێداردەبێتەوە. ئاخۆ بەڕاست شتەکان هەروا ساده‌ و سەرڕاستن؟ لە نمونەیەکى بەناوبانگى ترى لێکدانەوەى خەونەکاندا، باوکێکى شەکەت کە تازە کوڕە گەنجەکەى مردووە، کوڕەکەى لە خەوندا دەبینێت کە لەناو گڕى ئاگردا و بە تەنیشت تەختى خەوەکەیەوە وەستاوە و بە ورتەورتێکى ترسناکەوە سەرەنشتى باوکى دەکات «باوکە، نامبینى چۆن دەسوتێم؟». کەمێک دواتر باوکەکە لە خەوڕادەپەڕێت و دەبینێت مۆمێک کەوتۆتە سەر کفنى کوڕە مردووەکەى. باوکەکە لە خەودا، هەستى بە  بۆنى دووکەڵ کردووە و وێنەى سوتانى کوڕەکەى کردبووە پاشکۆى خەونەکەى تاکو خەوەکەى درێژبکاتەوە. ئایا باوکەکە لەبەر ئەوە لە خەو ڕاپەڕیبوو کە بزوێنەرە دەرەکییەکە لەو ئاستەش توندتر بوو کە لە سیناریۆى خەونەکەدا جێى ببێتەوە؟ یان بەپێچەوانەوە، باوکەکە ئەو خەونەى بۆ ئەوە درووستکرد تاکو خەونەکەى درێژتر بکاتەوە؟ بەڵام ئەوەى لە خەونەکەدا ڕووبەڕووى بوویەوە زۆر لە خودى واقیع بەرگەنەگیراوتر بوو، بۆیە سەرەنجام لە خەو ڕاپەڕى بۆ ئەوەى بەرەو واقیع هەڵبێت.

لە هەردوو خەونەکەدا ڕووبەڕووبوونەوەیەکى تراومایى [شۆكهێنه‌ر] بوونى هەیە (دیمەنى گەرووى ئیرما، وێناکردنى سوتانى کوڕەکە)، بەڵام لە خەونى دووەمدا، خەونبینەکە لە ساتەوەختى ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیەدا بێداردەبێتەوە. ئەمە لەکاتێکدا کە لە خەونى یەکەمدا، ترسەکە تا ساتى گەیشتنى دکتۆرەکان هەر بەردەوامە. ئەم هاوتەریبییە، کلیلى تێگەیشتنى تیۆرەکەى فرۆیدمان دەداتێ سەبارەت بە خەون. ڕێک بەو جۆرەى کە بێداربوونەوەى باوکەکە لە خەونى دووەمدا، هەمان کارکردى هەیە کە گۆڕانى کتوپڕى دۆخەکە هەیەتى لە خەونى یەکەمدا[گۆڕانى ترس بۆ کۆمیدیا]. واقیعى ڕۆژانەش ئەو توانایەمان دەداتێ تاکو خۆمان لە ڕووبەڕووبوونەوەى تراوماى ڕاستەقینە [شۆكى ده‌روونى ] بدزینەوە.

بە بۆچوونى ئەدۆرنۆ، ماناى درووشمى نازییەکان کە دەیانوت «ئەڵمانیا، بێدار ببەوە!» لەڕاستیدا شتێکى ئاوەژووە: ئەگەر وەڵامى ئەم بانگهێشتەت بدایەتەوە ئەوا دەتتوانى درێژە بە خەونه‌کانت بدەیت (بە دەربڕینێکى تر، خۆتان بپارێزن لە تووشبوون بە واقیعى دژ و ئەنتاگۆنیستیى کۆمەڵگا). لە یەکەمین بەندى شیعرى "بێدار بە"ـى پریمۆ ليڤى، ڕزگاربوویەکى ئۆردووگا زۆرەملێیەکان، ژیانى ناو ئۆردووگا بیرى خۆى دێنێتەوە، خەونى ڕه‌نگاڵه‌يى بەوەوە دەدى بگەڕێتەوە بۆ ماڵ، نان بخوات و حەکایەتەکە بۆ خزمەکانى خۆى بگێڕێتەوە، کە کتوپڕ بە فەرمانى کاپۆیەکى پۆڵۆنى لە خەو ڕادەپەڕێت: «هەستە!». لە بەندى دووەمى شیعرەکەدا، جەنگ کۆتایى‌هاتووە و لە ماڵە، تێرى خواردووە و چیرۆکەکەى بۆ خانەوادەکەى گێڕاوەتەوە، کە لەناکاو وا خەیاڵ دەکات دووبارە ئەو هاوارە دەبیسێتەوە: هەستە!. ئاوەژووبوونەوەى پەیوەندییەکە لە نێوان خەون و واقیعدا، لە بەندى یەکەمەوە تاکو دووەم زۆر گرنگە. ناوەڕۆکە ڕواڵەتییەکەیان یەک شتە: دیمەنى دڵگیر و خێزانى، بە فەرمانى "هەستە!" لێکدەپچڕێت. بەڵام لە بەندى یەکەمدا، خەونەکە بە هۆى فەرمانى "بێدار ببەوە!"وە لێکدەپچڕێت. لەکاتێکدا لە بەندى دووەمدا، واقیع لە لایەن فەرمانێکى خەیاڵییەوە لێکدەپچڕێت. ڕەنگە بتوانین نمونەى دووەمى کتێبى لێکدانەوەى خەونەکان، پەیوەست بە پاشماوەى هۆڵۆکۆست بزانین، ئەو بێ‌توانایە لە ڕزگارکردنى کوڕەکەیدا لە کوورەى مردووسوتاندندا، ئیدى ڕووبەڕووى سەرزەنشتى کوڕەکەى دەبێتەوە: «باوکە نامبینى خەریکە دەسوتێم؟».

لە "کۆمەڵگاى نمایش"ـى ئەمڕۆدا، تیایدا ئەوەى کە وەکو واقیعى ڕۆژانە ئەزموونى دەکەین، زیاتر و زیاتر شێوەى واقیعێک دەگرێتە خۆى کە لە درۆ درووستبووە، تەفسیر و تێگەیشتنەکانى فرۆید بەهاى ڕاستەقینەى خۆیان پیشاندەدەن. یارییە کۆمپیوتەرییەکان بێننە بەر چاوى خۆتان کە هەندێک لە ئێمە دەخاتە ژێر ئه‌فسوونى خۆیەوە، ئەو یارییانەى وا توانا دەبەخشنە ئەو کەسە بێ‌توانا دەروونپەشێوانە تاکو بچنە کەوڵى کەسایەتیى نێرینەیەکى دەستدرێژیکەرەوە و لە پیاوەکانى تر بدەن و بە شێوەیەکى توندوتیژانە چێژوخۆشى لە ژنان وەربگرن. بەئاسانى دەتوانین گریمانەى ئەوە بکەین کە ئەم کەسە بێ‌توانایە بۆ ئەوەى لە واقیعى سست و بێ‌توانا[ـى خۆى] هەڵبێت، پەنا بۆ فەزاى مەجازى دەبات. بەڵام ڕەنگە ئەم یارییانە قسەیەکى زیاتریان لە خۆیاندا هەڵگرتبێت بيڵێن. چى دەبێت گەر من لە کاتى یارییەکەدا، ناوەوه‌ى لادەر و جڵەوبڕى خۆم بەڕوونى دەربخەم، ناوەوەیەک کە بە هۆى ڕێگرە ئەخلاقى و کۆمەڵایەتییەکانەوە ناتوانم لە ژیانى واقیعیدا پیادەى بکەم؟ ئایا کەسایەتیى مەجازیى من تا ڕادەیەک «لە واقیع واقیعى‌تر نیە؟». ئایا ئەمە ڕێک لەبەر ئەوە نیە کە من دەزانم "ئەمە تەنیا یارییەکە" و هەموو ئەو کارانەى تیا ئەنجامدەدەم کە هەرگیز ناتوانم لەواقیعدا ئەنجامیانبدەم؟ بەم مانا تەواوە، وەک ئەوەى لاکانیش باسيکردووە، حەقیقەت بونيادێكى وەک بونيادى چيرۆك/ساخته‌[4]ى هەیە: هەندێک جار ئەوەى لە خەودا خۆى دەردەخات، تەنانەت لە خەون و خەیاڵەکانى ڕۆژانەشدا، حەقیقەتێکە کە واقیعى کۆمەڵایەتى، خۆى لەسەر چەپاندنه‌كه‌ى بنیاتناوە. لێرەدا گرنگترین وانه‌ى لێکدانەوەى خەونەکان خۆى حەشارداوە: واقیع بۆ ئەو کەسانەیە کە بەرگەى خەون ناگرن! 

 

 

 

 

سه‌رچاوه‌كان:

http://psy18.persianblog.ir/post/2
2. Freud lives! slavoy zizek, In:slavoj-zizek/freud-lives

 


[1] brain sciences

[2] Irma’s injection

[3] dream-thought

[4] fiction