A+    A-
(1,134) جار خوێندراوەتەوە

                                       خوانە گریمانەییەکەى "یەکێتى"

 

 

 

 

وەلید عومەر

 

 

 

 

 

"یەکێتى[1]" لەم نوسینە سەرەتاییەدا, ئاماژەیە بۆ یەکێتى بە مانا گشتییەکەى, ئەو مانایەى کە کۆمەڵێک ڕەگەز کۆدەبنەوە و یەکدەگرن و چەشنە پێکەوەییەکى خەیاڵى درووستدەکەن. بۆیە وتم خەیاڵى, چونکە پێدەچێت یەکێتى خۆى لەبنەڕەتدا پرۆسەیەکى خەیاڵى بێت, بەرەنجامى وێناکردن بێت, ساتێکى گریمانەیی بێت کە بە مانەوەى خۆى هەستدەکەین بووەتە ئەمرى واقیع. واتە باسى یەکێتییەک دەکەین کە کۆمەڵێک سات و توخم و پێکهێنەرى جیا کۆدەکاتەوە و چاوەڕوانییەک یان ڕۆڵێک دەگێڕێت. یەکێتى ئەو خوانەیە کە کۆمەڵێک ڕەگەز, بە جیاوازییە ناوەکییەکانیانەوە, دەتوانن کۆببنەوە و هاوکات ڕیشەیان لە یەکێتیی تریشدا هەبێت. ئەو نمونانەى یەکێتییش کە لێرەدا باسدەکرێن پەیوەندییەکى شاراوەیان بەو بینەرەوە هەیە کە مرۆڤە و لەسەر خاڵێک ڕاوەستاوە کە تێکدەر و سازدەرى یەکێتی‌یشە. مرۆڤ خۆى بەرەنجامى یەکێتییەکە لە جیهاندا و هەر خۆیشى یەکێتیی جیهان هەڵدەوەشێنێتەوە(بەتایبەت لەو ئاستەدا کە ناوى "سوبێکت"ـى بەسەردا دەبڕێت).

دەشێت وشە بەرامبەرەکانى یەکێتى زۆر بن, ئیدى فرەیی بێت یان جیاوازى یان پارچەبوون و مەرگ یان هەر وشەیەکى تر. بەڵام لە ئاستى مێژووى بیرکردنەوەدا پرسى یەک و فرەیی, لەو بابەتە دێرینانەى ناو مێژووى فەلسەفەیە کە ڕاستەوخۆ یەکێتى تیۆریزەبکرێت. ئەمە باسێکى ئاڵۆزە و پەیوەندیی ڕاستەوخۆى بە ئێرەوە نیە, بەڵام جێى خۆیەتى یەکێک لە دایالۆگەکانى ئەفلاتوون بیرى خۆمان بێنینەوە کە کێشمەکێشێکى زۆر لەسەر ئایدیاى یەک هەیە. دایالۆگى پارمەنیدسى ئەفلاتوون, بۆ پرسى ئایدیاى یەک تەرخانکراوە کە سوقراتەکەى ئەفلاتوون مشتومڕێکى چڕ لەگەڵ پارمەنیدسدا دەکات, بەڵام ئەمڕۆ ئێمە بەگشتى ئەو یەکێتییە زەینییەمان لەدەستداوە حەوسەڵەى وردبوونەوەمان لە باسى وەها هەبێت. لە سەرەتاکانى دایالۆگەکەوە پارمەنیدس لە سوقرات دەپرسێت ئەگەر ئایدیا یەکە, ئەوا لەناو شتە جیاجیاکاندا چۆن ئیشدەکات و ئاخۆ ئایدیا دەتوانێت یەکێتیی خۆى بپارێزێت و هەر لەتێکى لە شتێکدا جێنەمێنێت؟ ئاخۆ پاش بڕین و تێپەڕین و دابەشبوونى بەنێو شتەکاندا, ئایدیا هەروەک یەکێک دەمێنێتەوە یان لە خۆى جیادەبێتەوە؟ سوقراتیش وەڵامدەداتەوە: نەخێر لە خۆى جیانابێتەوە. سوقرات "ڕۆژ" وەک نمونە دێنێتەوە. ئەوەى کە ڕۆژ یەکە و لە یەک کاتدا لە کۆمەڵێک شوێنى جیاجیا ئامادەیی هەیە و لە خۆیشى جیا نیە. بۆیە دەڵێت هیچ کێشەى تیا نیە کە ئایدیایەک, لە یەک کاتدا لە کۆمەڵێک شتى جۆراوجۆردا هەبێت و یەکێتیی خۆى بپارێزێت و هەمیشە و لەهەرکوێ هەر ئەوە بێت کە هەیە. پارمەنیدسیش لە وەڵامدا دەڵێت, ئەم نمونەیەى تۆ لەوە دەچێت چارۆکەیەک بدەیت بەسەر ژمارەیەکى زۆر مرۆڤدا و بڵێیت ئەم تاکە چارۆکەیە دراوە بەسەر فرەییەکدا. بەڵام ئاخۆ ئەو چارۆکەیە هەمووى پێکڕا دراوە بەسەر ئەو کەسانەدا یان تەنیا بەشێکى بەجیاجیا دراوە بەسەر دانەدانەى خەڵکەکەدا؟ سوقراتیش دەڵێت هەر بەشێکى دراوە بەسەر یەکێکدا. بەڵام پارمەنیدس دەپرسێتەوە: کەواتە ئایدیا(کە بەحسێب یەکە), دەبێت مایەى دابەشبوون و بەشبەشبوون بێت و هەر یەکە و پشکى خۆى لێ بپچڕێت و سەرەنجام ئایدیا یەکێتیی خۆى لەدەستبدات. بۆیە ناکرێت ئایدیا وەک کۆیەک لە هەموو بەشێکدا ئامادەبێت, بەڵکو ئەوە بەشێکى ئایدیایە بە دابڕاوى لە شتەکەدا حزوورى هەیە. سوقرات دەڵێت بەڵێ. بەڵام ئەمە بەڵێیەکە بۆ ژمارەیەکى ترى نەخێر کە لە پرۆسەى دایالۆگەکەدا حەقیقەت و وەڵامێکى گشتى درووستدەکەن. بۆنمونە کار دەگاتە ئەوێ کە شتەکان وێنە و کۆپیی ئایدیان, بەڵام لێکچوونى تەواو نین. یەک وەک ئایدیایەک, نە لە خۆى جیادەبێتەوە و لە شتەکانیش, نە لە خۆى دەچێت و نە لە خۆیشى ناچێت, هەروەها یەک بەشێک نیە لە خۆى. یەک لەگەڵ خۆیدا یەکسانە و لەگەڵ شتەکانى تریشدا هەروا. ئەو یەکێتییەى ئێمە باسیدەکەین شتێکى زۆر سادەترە و جۆرە کۆبوونەوەیەکە کە پتر لە دوورینەوەى کۆمەڵێک دڕاوى دەچێت لە یەک کاتدا, شتێکى چەشنى سەمپتۆم لە دەروونشیکارییدا. سەمپتۆم واتە نیشانەى نەخۆشى, بەڵام بەپێى یەکێک لە ماناکانى ڕاگرتنى نەخۆشییشە, دواخستن و دوورینەوەیەتى, کۆکردنەوەى کۆمەڵێک ئارەزووە لە مرۆڤدا کە دەشێت لە شوێنى پەرت و جیاوازەوە هاتبن. هەموومان لە دۆخى ئاسایی‌شدا, کۆمەڵێک سەمپتۆمان هەڵگرتووە کە دەریدەخات چەند یەکێتییەک لە ئێمەدا ئیشدەکات: لە یەکێتیی ئارەزووەکانەوە بیگرە تا یەکێتیی شتە ناهاوکاتەکان و شتە ناچونیەکەکان و هتد.

ئاشکرایە بەپێى فیکرى مۆدێرن لە نیچەوە تا فرۆید و دواتریش, ئیگۆى مرۆڤ, خۆى جۆرە یەکێتییەکى ساختەیە, بەڵام یەکێتییەکى هەستیار و خەیاڵى. ئێمە بوونەوەرێکین کە بەهۆى یەکێتیی کۆمەڵێک شتى جیاجیاوە بووینەتە مرۆڤ. بۆنمونە ئاگایی مرۆڤ, لە هەناوى خۆیدا لە زۆر توخمى نائاگایانە و ناچوونیەک بەدرێژایی زەمەن درووستبووە. ئەوەى سەرەنجام وەک ئاگایی تێى‌دەگەین, کۆتا خاڵى یەکێتییەکە بەڕووى واقیعى دەرەوەدا. لەڕووى بایۆلۆژییشەوە دەبێت چەندى خایاندبێت کە بەم یەکێتییە ئاگامەندەى ئێستا گەیشتووین. ئەو ئاگاییەى بەڕووى جیهاندا هەمانە, جۆرە یەکێتییەکى ڕۆشنبووەوەیە کە لە ناواخندا کوێر و تاریک و پەرتە, شوێنى پاڵنەرەکان و خواستى ڕێکەوت و ئەنگێزەى جیاجیایە. واتە ئاگایی و ئیگۆ, فۆرمى یەکێتییەکن کە لە ناوەڕۆکدا پەرشوبڵاوە. گەر لە یەک مرۆڤیشدا بمانەوێت یەکێتییەک هەڵوەشێنینەوە ئەوا دەبێت ڕەگەز و ناو و پێگە و دین و نەتەوە و زمان و تەبیعەت و شکڵ و کۆپەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکەى لێ داماڵرێت. ئەم پێکهاتانە و زۆرى تریش پێکەوە یەکێتییەک بەو کەسە دەبەخشن و لە تەنێکى بایۆلۆژیی ڕووتەوە دەیگۆڕن بۆ مرۆڤێک کە یەکێتییەک لەخۆیدا پێکدێنێت. وەکبڵێى, یەکێتى بریتییە لە ڕێکخستنى شتێک کە خۆى بەتەنیا بەشى خۆى ناکات. مرۆڤ لە جەوهەردا هەر مرۆڤە و سنورێکى مەحاڵى بە حەیوانەوە هەیە, بەڵام پێویستى بە ئەزموونکردنى یەکێتییەک و چەندین یەکێتیی دواتریشە تاکو ڕۆڵى مرۆییانەى خۆى بگێڕێت. بەڵام مرۆڤ لەناو یەکێتییە مرۆییەکەدا, بکەرى تەواوەتى نیە, بەڵکو بەرهەمى پێکداچوونى ژمارەیەکى زۆر شوناس و حاڵەت و ڕۆڵ و ئارەزوو هتدە. ڕەنگە لەناو هەر یەکێتییەکدا کە خسەڵەت دەدات بە کەسێک هەمووکەس تاقانەیی خۆى هەبێت وەک مرۆڤ, بەڵام وێناکردنى مرۆڤ لە دەرەوەى یەکێتی و یەکگرتنە خەیاڵییەکانەوە مەحاڵە. هەتا کە وێناى "ئاژەڵ"یش دەکەین, ڕاکێشراوەتە بن یەکێتییەکى گەردوونییەوە کە جۆرە ڕۆڵێکى تایبەت بە مرۆڤ دەبەخشێت. بۆیە هەتا لە سیماى هەژار و ڕەجاڵى مرۆڤێکدا, چەندین یەکێتى ئیشدەکات.

گردبوونەوەى کۆمەڵێک کەس بۆ درووستکردنى حیزبێک یەکێتییەکى تاڕادەیەک خودئاگایانە و ڕوونە, کۆبوونەوەى کۆمەڵێک کەسیش بۆ خۆپیشاندانێک یەکێتییەکى کاتى و کاڵترە, و لە هەردوو حاڵەتەکەدا جۆرێک لە بکەرێتیی پێشوەختە هەیە. بەڵام یەکێتییەکانى ترى ناو ژیان بەگشتى هەستپێنەکراون و وەک نەخشەى کاڵ‌کاڵ و پێکداچوو کاردەکەن. بۆنمونە لە یەک کاتدا تۆ ڕۆڵى جیاجیا لەیەکێتییە خەیاڵییەکانى ئەوانیتردا دەگێڕیت, بەشێک لە چەندین نەخشە, توخمێکیت لە فەنتازیاى یەکپارچە و هاوکات جیاوازى چەندین کەسى جیاواز. تاقانەییەکەى تۆ کە کورتنابێتەوە بۆ هى کەسێکى تر, چەندین ڕۆڵى تر دەگێڕێت کە زۆرجار نامۆن بە خودى خۆت. تۆ خۆت لەخۆتدا سوبێکتێکى تاقانەیت بەڵام بەر لەوە ڕۆڵى ئۆبێکتێک لە پەیوەندییە نێوسوبێکتییەکاندا دەگێڕیت. دیارە مەبەستەکەمان وردکردنەوەى ئەم خاڵەیە کە بەشێک لە حزوورى ئێمە لەناو کۆپەیوەندییەکاندا شتێکى لەمسنەکراوە. ڕۆڵێکە لە ئێمە نامۆبووە. خانەیەکین لە یەکێتییەک کە بەبێ ویستى ئێمە درووستبووە. جۆرێک دەرەکێتى دەلکێت بە ئێمەوە کە بەو ڕادەیەى دەمانەوێت ناوەکى نابێتەوە. بۆنمونە, لە یەکێتییەکى کۆمەڵایەتیی وەک خێڵدا, یەکێتییەکە هێند سادە و بەهێزە کە ڕەگەزى دەرەکى بەئاسانى نایەتەناوەوە. کاتێکیش ڕەگەزێک لە یەکێتییەکە دەردەچێت, بەپێى میکانیزمێکى بەهێزى وەک وەدەرنان/ناواخنکردنەوە حەلدەکرێت. هەر دالێک کە ماناى جێگیرى خۆى دەدۆڕێنێت, ئەوا پێشوەختە مانایەکى کەمتازۆر حازرى لە نەستى سیستەمەکەدا بۆ ڕەخساوە. لە قەوارەیەکى وادا گەر کەسێک ئایدیایەکى کۆمەڵایەتیی نامۆ بورووژێنێت, دالێک دەلەقێنێت بەڵام پێشوەخت بە ماناى ترى وەک "شێت يان هتد..." ئەو لەقین و دڕانە ساڕێژدەکرێت. ئەمە شتێک نیە پلانى بۆ دانرابێت, بەڵکو بەهۆى دووبارەبوونەوەوە خۆى سیستەماتیک بووەتەوە و یەکێتییە خەیاڵییەکە دادەڕێژێتەوە. ئەم جۆرە یەکێتییە شوێن و کاتى خۆى هەیە, بەڵام یەکێتیی ترمان زۆرە لە ژیانى ڕۆژانەى شاردا کە شلتر و ناسکترن:

هەندێک گردبوونەوە و یەکێتی, بنچینەیین و زەمەنێک دەمێننەوە. هەندێک یەکێتیی ڕۆژانەییش هەن زووزوو هەڵدەوەشێننەوە و بەدەر لە ئاگایی ئێمەش ڕوودەدەن. ڕەنگە بۆ یەکەمیان کۆمەڵێک پیشەگەر بێنینەوە. بەڵام بۆ دووەمیان,  یەکێک لەم پیشەگەرانە لەو ڕۆژەدا کەسێکى تر بناسێت, و بچێتە ناو بازنەى یەکێتییەکى ترەوە کە بازنەى ئاشنایانى کەسێکى ترە. ژیانى ڕۆژانە خۆى لە کۆمەڵێک یەکێتیی ڕێکەوتدا دەژى. بۆنمونە یاریزانێک لە یانەیەکەوە دەچێتە یانەیەکى تر, کە گۆڕانکارى لە بێشومار یەکێتییدا درووستدەکات ئیدى لە هى یاریزانانەوە بیگرە تا هاندەرەکان. دەشێت لە جێیەک کاریگەرییەکى خێرا جێبهێڵێت و لە جێیەکى تر هێواش. جار هەیە وشەیەک دێتە ناو زمانى ڕۆژانەوە و یەکێتیی زمانەوانیی کۆمەڵێک وشەى تر دەگۆڕێت لە چاوى ئێمە و زارى ئێمەدا. بەڵام هیچکام لەمانە ماناى ئەوە نایەت کە دیوى جیڕ و تراومایی نێوان یەکێتییەکان نەبینین: مرۆى عوسابى(نیورۆتیک), وەک ویستى ئاگامەندانى خۆى تەواو لەناو یەک یەکێتییدا جێى نابێتەوە. ئەو لەسەر سنورى چەند یەکێتییەک دەژى کە بەئاسانى ناتوانێت نیشتەجێى هیچکامیشیان ببێت. هەندێ لە سیفەتەکانى مرۆى عوسابى, لاى کارن هۆرناى ئەمانەن: کەسەکە لەخۆوە سەرپێچیی ڕێساکنى کۆمەڵ دەکات, بێ هیچ شتێ شەرمنە و هەست بە کەمى دەکات, عینادە و گیرۆدەى خەیاڵاتى خۆچنە, ئامادەییەکى زۆر بۆ پێشوازى لەوانیتر دەردەبڕێت کە پتر جەبرە تا هەستێکى پڕ و ناوەکى, هەوڵدان بۆ بێنیازبوونى مادى و مەعنەوى لەوانیتر تەنیا لەبەر ئەوەى خۆدووبگرێت, دەست بە ڕووى کۆمەکدا دەنێت و وجودى خۆى لاوازدەرناخات, تێکەڵبوونى بە ئەوانیتر دڵەڕاوکێ و نائەمنییەتى بۆ دەخوڵقێنێت و هتد. دەکرێت سیفەتەکانى مرۆى عوسابى درێژکرێتەوە کە شاتایپى هەموو نەخۆشییەکانى ئێمەیە بەنیسبەت ئەوانیترەوە. مرۆى عوسابى, ڕەنگە لە زۆر یەکێتیی کۆمەڵایەتییدا حازر بێت بەبێ ئەوەى ڕۆڵەکەى خۆى قبوڵبکات و لەسەر سنورى یەکێتییەکان دەمێنێتەوە. نە دەچێتە ناوەوە و نە دێتەدەرەوەش, "دڵەڕاوکێى سەرسنوور" وادەکات هەستێکى زۆرى گوناهى تیا بێت. مرۆى عوسابى لە ئاستە ستانداردە نەخۆشەکەیدا, لەگەڵ ئەو پێوەرانەدا میقات نابێت کە کۆمەڵگا دایدەنێت. هەتا حەزناکات بەو پێوەرانە پێشکەوێت, پێشکەوتنى ئەم شتێکە لە دەرەوەى یەکێتییە جێگرتەکە. زۆرجار ڕۆشنبیرێک دەتوانێت ئاگایانە بەڕووى هەموو یەکێتییەکاندا بوەستێتەوە و عوسابەکەى خۆى بگۆڕێت بۆ پرۆژە دژى هەموو یەکێتییە کۆمەڵایەتى و خەیاڵییەکان.

درووستبوون و تێکچوونى یەکێتییەکانى ناو ژیان, لە دەورى چەقێکى ڕاگر ڕوودەدات. بۆنمونە دەقێک بریتییە لە یەکێتییەکى دەلالى کە کۆمەڵێک ئاماژە و بیرۆکە یەکیانگرتووە و گرێچنێک ڕایگرتوون. کە ڕەگەزە پێکهێنەرەکانى دەقەکە کەمێک دەجووڵێن و نەخشە و یەکێتییەکى تر درووستدەکەن, ئەوا دەقێکى تر درووستدەبێت. یەکێتییەکە توند بێت یان شل, ژێستێکە بە ئاراستەى کۆبوونەوە لە دەورى چەقێک. هایدگەر کاتێک باسى پەیوەندیی بنیاتنان و نیشتەجێبوون و بیرکردنەوە دەکات پێکەوە, نمونەى پردێک دێنێتەوە کە چۆن ڕووبارێک و کەنارێک و وشکانییەکیش پێکەوە دەکاتە هاوسێى یەکتر. ئەمە وەک وێنە شوێنەکییە سەرەتاییەکە, گەرنا پردەکە وەک جەوهەرى شوێن, وەک چەقێک, دەبێتە ڕێکخەرى یەکێتییەک کە هایدگەر ناویدەنێت فەزا(ڕاوم): پردەکە فەزایەک دەئافرێنێت کە هەر چوار توخمە ئۆنتۆلۆژییەکە پێکەوە یەکدەخات, زەوى و ئاسمان و مرۆى مرۆک و خواکان. شوێن لێرەدا جیایە لە فەزا, شوێن گەوهەرى فەزایە. لەلایەکى ترەوە ژیانى ڕۆژانە پڕە لە یەکێتیى گاڵتەجاڕ: ئەو چایەى کە دەیخۆیت, یەکێتییەکە لە کۆمەڵێک ڕەگەزى مادى و کیمیایی و فیزیایی کە دەتوانێت بە وێناکردن شییان بکەیتەوە. تۆ لەبنەڕەتدا یەکێتییەکى خەیاڵى دەخۆیتەوە لەنێوان کۆمەڵێک ڕەگەز و کارکرددا, گەرنا مامەڵە لەگەڵ بابەتێکى تۆکمە ناکەیت. ئێمە هەمیشە مامەڵە بە کۆتا فۆرم و کۆتا یەکێتیی خەیاڵیی شتەکانەوە دەکەین کە پێکهاتە مادى و دابڕاوەکانى خۆیانیان جێهێشتووە. ڕەگەزەکان بەتەنیا سارد و کەم مانا دەردەکەون, بەڵام کە دەچنە ناو یەکێـییەکەوە ئیتر ڕۆڵى تر دەگێڕن و خۆیشیان سەرکوتدەبن. ژیان خۆى سەرەنجام یەکێتییەکى خەیاڵییە بۆ شاردنەوەى پارچەکارییەکانى پاڵنەرى مەرگ کە لەبنەوە کاردەکات و دەیەوێت شتەکان شى ببنەوە. درەختێک جۆرە یەکێتییەکى درووستکردووە کە لەبنەڕەتدا شاردنەوەى وەهمێکە ڕەگەزەکانى درەختەکەى تیا شیدەبێتەوە و دیمەنەکە دەکەوێت.

ئێمە لە فەلسەفەى ئەزموونگەراییشەوە تێدەگەین شتەکان خۆیان لەخۆیاندا بەدەستنایەن, لەڕێگەى ئایدیاکەیانەوە نەبێت. بۆ ئەوەى شتێک بەشێوەى ئەزموونى بناسم, چارم نیە و دەبێت ئایدیایەکى لێ درووستبکەم. شتەکە, بە گوژم و بارستەى خۆیەوە نایەتە ناو زەینى منەوە. ئایدیاکەى, نوێنەرى ئەوە, کە عادەتەن نوێنەر بریتییە لە بڕێکى شتەکە و بەدیلەکەشى. ئەزموونگەرایی کە پتر کار لەسەر لقێکى وەک ئەپستمۆلۆژیا دەکات(تیۆرى زانین و ناسین), ئەوا بۆ جۆرە یەکێتییەکى شاراوەش دەگەڕێت لەنێوان زەینى ئێمە و شتەکانى جیهاندا. ئایدیاى ئەفلاتوونى و ئایدیاى ناو ئەزموونگەرایی جیان لەیەکتر, بەڵام هەردووک هەوڵن بۆ پشکنینى چەقى ناو یەکێتییەکان. یەکیان دەیخاتە دەرەوەى یەکێـییەکانەوە و ئەیوتریان دەیهێنێتە ناو مرۆڤەوە. بەڵام پێدەچێت سەرەنجام کرۆکى بوون هەر ڕیاڵ بێت, چەقێکى سارد و بێمانا, چاڵێک کە هێشتا بە یەکێتییەکى خەیاڵى دانەپۆشراوە, نەڕەمزێنراوە, هیچێکە خۆى لەخۆیدا بەسێتیی ڕووتە بەڵام مرۆڤ بەشە بەسبوونى خۆى لێ جیادەکاتەوە و دەوڵەمەندییەکى خەیاڵیی پێ دەبەخشێت و کۆمەڵێک میکانیزمى تیا دەخاتەگەڕ و ناویدەنێت ژیانى مرۆیی. مناڵ یان هۆزە سەرەتاییەکان سەرەتا یەک یەکێتیی خەیاڵى دەناسن و وادەزانن کۆتا یەکێتییە, بەڵام بە گەشەکردنیان بەر دڕانى یەکێتییەکە دەکەون و شەڕەنگێزى دەبێتە بەشێک لە کاردانەوەیان بۆ تێکچوونەکانى دواتر. شەڕەنگێزى, ناوى پەرچەکردارێکە بۆ ساتى تێکچوونى یەکێتییەک. لە شارستانییەتى گەشەکردووشدا, یەکێتى هەر باجى خۆى هەیە: بۆنمونە جڤاتێکى بەرینى وەرزشى بۆ ئەوەى خەڵک لە گرژى دووربخاتەوە, یەکێتییەکى گریمانەیی لە دونیاى وەرزشدا پێکدێنێت. ئەم یەکێتییە بکەرى خۆى دادەهێنێت, ئەرکێک دەخاتە کۆڵى کۆمەڵێک وەرزشوان. لیۆنێل مێسى لە دوایین یاریی خۆى لەگەڵ یانەى پاریسان جێرمەن, بکەرى ناو یەکێتییەکى خەیاڵى بوو کە دەبوو ئەرکێک ڕاپەڕێنێت. دەبوو تەلیسمى گۆڵ بشکێنێت و وەڵامى ئەو ئاڵوگۆڕانەى ناو یەکێتییە خەیاڵییەکان بداتەوە کە ئەو گوزاراوەتەوە و پارەیەکى پێ دراوە و چاوەڕوانیی درووستکردووە. مێسى  هەرکەسێکى تر لەو حاڵەتەدا لە سەنتەر داماڵرابوو, خۆى نەبوو, بەڵکو بازیچەیەکى دەستى یەکێتییەکى گریمانەیی بوو لە دونیاى وەرزشدا کە دەبوو بە گۆڵێک یان زیاتر وەڵام بداتەوە. ئەو وەک خۆى بەپێى پێویست مێسى بوو, بەڵام بەپێى پێویست مێسى نەبوو بۆ ئەوانیتر. بۆیە دەبوو گۆڵێک پێشوەخت بۆ ئەوانیتر بکات نەک خۆى. نیگەرانی لەم دۆخانەدا, هەر لێرەوە سەرچاوەدەگرێت کە دەبێت بارى قورسى چەقێک لەناو یەکێتییەکدا هەڵگریت. پردەکە لاى هایدگەر دەبێت یەکێتییەکى دیمەن درووستبکات, دوو لاى ڕۆخێک بگەیەنێتە یەک, بەرگەى ڕەشەبا بگرێت و ڕێ بۆ ڕێبوارە فانییەکان بسازێنێت, تەماسى ئاوەکە و تاقەکانى ڕووەو ئاسمان هەڵکێشێت, سەرەنجامیش وەک شتێک ببێتە نوێنەرى شوێن چونکە شوێن بەر لە پردەکە بوونى نیە و یەکسانیش نیە بە پردەکە, پردەکە ساتى ڕەخسانى شوێنە, ساتى درووستبوونى کرۆکى یەکێتییەکە. ئەم یەکێتییە ئۆنتۆلۆژییە هایدگەرییە, کەمێک هێمن و کۆک دیارە و مەرگیش کەمێک ئاساندەکاتەوە, بەڵام پێدەچێت بوون خۆى هێندەش ساز نەبێت و لە یەکێتییەکدا کۆنەکرێتەوە- یەکێتییەکان بۆ شاردنەوەى نایەکێتییەکى تەحەمولنەکراون.      

یەکێتى ماناى ئەوە نیە کە کۆکبوونێک لەنێوان شتەکانى جیهاندا هەیە و پێکڤە دەحەوێنەوە. بەڵکو ئاماژەیە بۆ سازانێکى گەوج و ڕێکەوت کە لەبنەڕەتدا لەپێناوى شتێکى زۆر تایبەتدا نیە. بە مانایەکى تایبەت, یەکێتییەکان هەوڵن بۆ ڕامکردنى ژویسانس و زێدەچێژێکى مەنگ کە لە ژیاندایە و بەتەواوییش بەدەستنایەت. ڕەگەزەکان بۆیە دەچنەپاڵ یەکتر تاکو دەست تێکەڵ بکەن و دەورى ئەم پەڵە مەنگە بدەن, بەڵام کاتێک بەروارى یەکێتییەکان لە کورتمەودا و درێژمەوداشدا بەسەردەچێت, پەڵەکەش دەردەکەوێتەوە. کاتێک لە سەرەمەرگدا کەسێک دەڵێت شریتى عومرى خۆمم دێتەوە بەرچاو, باسى یەکێتییەکى خەیاڵى دەکات کە لە سەرتاپاى ژیانیدا بۆ شاردنەوەى ئەو ساتەى مەرگ بووە. یەکێتى خۆى دیاردەیەکى ڕژد و یەکانگیر نیە, بەڵام مرۆى کرچ لەمە تێناگات و دایم هەژمارى ڕەها و تەواو جدى لەسەر یەکێتییەکانى خۆى دەکات. سەرەنجام پەیوەندیی مرۆڤ و جیهان, بەجۆرێک بەناو یەکداچووە کە دیمەنێک و چاوێکمان نیە بەرامبەر یەکتر دانرابێت بەڵکو جۆرێک لە خێچى و خێلى لەگۆڕێدایە. گەر جۆرە خێلییەک لەئارادا نەبێت و یەکێتیی گریمانەیی و خەیاڵیی پێ درووستنەکرێت, ئەوا جیهان لە چرکەیەکدا بۆ ئێمە وندەبێت. بەم پێیە, خێلى, ئاوارتەیەک نیە بەسەر هەندێک مرۆڤدا بدرێت, بەڵکو ئێمە خۆمان تێکڕا بە نێوانگریی جۆرە خێلییەک پەیوەندى بە جیهانەوە دەکەین و بەپێى کۆمەڵێک فەنتازیا(یەکێتیى خەیاڵى) درێژە بە ژیان دەدەین. مرۆڤ خۆى, خێلییەکە لەنێوان جیهان و خۆیدا هەڵکۆڵراوە.

 

 

 

 

 

 

 

   

 

 


[1] . دەشێت هەر جۆرە وشەیەکى وەک union یان unity یان junction یان هەتا assemblyیشى بۆ بەکاربێت.