A+    A-
(1,383) جار خوێندراوەتەوە

مەرگ لە ڕوانگەی دیکارتەوە:

بۆچی ڕۆح جەستە بەجێدەهێڵێت؟

 

 

 

 

 

 

فرێد ئەبلۆندی

و. شکار وەفا

 

 

 

 

 

 

دووالیزمی دیکارت و پەیوەندی و بەیەکداچوونی هۆش/جەستە لەمێژە ژمارەیەکی زۆر لە لێکۆڵەران و بیرمەندانی بەخۆیەوە سەرقاڵکردووە. دیکارت ئاماژەی بەوە کردووە هۆش و ڕۆح دوو جەوهەری جیاوازن و هەر یەکەیان تایبەتمەندیی تایبەت بەخۆیان هەیە، لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە، ئەم دووانە چۆن کارلێک لەگەڵ یەکتری دەکەن؟ لەم وتارەدا دەمەوێت کێشەیەک سەرباربخەم کە بنەما و ڕەگی کێشەکە دەگەڕێتەوە بۆ دووالیزمی دیکارت (هەروەها هەندێک وردە کێشەی تریش کە لە هەمان کێشەی سەرەکییەوە دەکەونەوە)، بەڵام ژمارەیەکی کەم لە توێژەران پێیەوە سەرقاڵ بوونە. لەبری ئەوەی لەوە بکۆڵمەوە چۆن ڕۆح و جەستە دەتوانن یەکگرتوو بن، بەدوای وەڵامی ئەو پرسیارەدا دەگەڕێم کە بۆچی پێکەوە بوون و دواتر ڕۆح و جەستە لە یەکتری بوونەوە. لەلایەکی ترەوە، کاتێک دەمرین چی بەسەر ئەو یەکێتییەی ڕۆح و جەستەدا دێت و، بۆچی ئەوە ڕوودەدات؟

دیکارت لە کتێبی (ڕامانەکان لە فەلسەفەی یەکەم) دەنوسێت مەرگ بەرەنجامی گۆڕانی شێوەی جەستەیە: "مەعریفەی سرووشتیمان پێماندەڵێت هۆش سەربەخۆیە لە جەستە، هەر یەکەیان جەوهەرێکی جیاوازن. لەبارەی جەستەی مرۆڤەوە، جیاوازییەکەی لەگەڵ جەستەکانی تردا کەوتووەتە سەر ڕێکخستنی ئەندام و پەلەکان؛ مەرگی کۆتایی جەستەی بە تەنها بەندە بە بەشبوون و گۆڕانی شێوەی جەستەوە. هیچ بەڵگەیەکی سەلمێنەر یان پێشکەوتنێکی لەو شێوەیەمان نییە کە ئەوە بسەلمێنێت مەرگ یان لەناوچوونی جەوهەرێکی وەک هۆش دەبێت لە بەرەنجامی هۆکارێکی پووچی وەک گۆڕانی شێوەی جەستەوە بێت، ئەمە شێواز و ئسلوبێکی سادەیە، ئەم شێوازە شێوازی هۆش نییە، بەڵکو شێواز و ئسلوبی جەستەیە کە جیاوازە لە هۆش."

 

لەم بەشەدا دیکارت مشتومڕی نەمریی ڕۆح دەکات، ئاماژە بەوە دەکات کە گۆڕان لە شێوازی جەستەدا هیچ گۆڕان و لەناوچوونێک بەسەر ڕۆحدا ناهێنێت. بەڵام هێشتا دیکارت جەخت لەسەر جیاوازی و سەربەخۆیی نێوان هۆش و جەستە دەکاتەوە، لێرەدا پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە چۆن شتێک، کە بە قسەی دیکارت، بەردەوام لە گۆڕاندایە و کەمنرخە و دەکشێت، دەتوانێت کاریگەریی لەسەر ڕۆحێکی نەکشاو و نەمر دابنێت تاوەکو جەستە بەجێبهێڵێت. بێگومان ئەوەی دیکارت دەربارەی مەرگ دەیڵێت کە لە ئەنجامی گۆڕانی شێوە و فیگەرەوە دروست دەبێت درووستە و واتادارە - ئەگەر بە شەقامێکدا بپەڕمەوە و بارهەڵگرێک بە خێرایی پێمدا بکێشێت، شێوەم زۆر بە خراپی دەگۆڕێت، ئەگەریش زۆرە کە بمرم. ئەوەی لەسەر دیکارتە کە ڕوونی بکاتەوە، ئەوەیە کە چۆن شێوە جیاوازەکانی جەستە دەتوانێت ڕێگری بکات لە تێکچوونی یەکێتییەکەی لەگەڵ ڕۆحدا. دەپرسین، بۆچی یەکێتیی ڕۆح/جەستە بەندە بە جەستەیەکی ماددیەوە؟

دیکارت لە کتێبی (هەڵچوونەکانی ڕۆح) وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە. لە سەرەتای بەشی یەکەمی کتێبەکەدا، ئاماژە بەوە دەدات ناکۆکە لەگەڵ بۆچونی ئەوانەی کە پێیانوایە مەرگی کەسێک دەرەنجامی دەرچوونی ڕۆحە لە جەستەدا. دەڵێت، "مەرگ هەرگیز لە نائامادەگیی ڕۆحدا ڕوونادات، بەڵکو بەهۆی لەناوچوون و لەکارکەوتنی یەکێک لە ئەندامە بنچینەییەیی و سەرەکییەکانی جەستەوە ڕوودەدات."

کامەیە ئەندامی سەرەکی؟ دیکارت وەڵام دەداتەوە، ئەو ئەندامەیە کە گەرمیی سرووشتی جەستە بەرهەمدەهێنێت. دەربارەی بۆچوونی ناڕاستی ئەوانیتر لەبارەی مەرگەوە، دەنوسێت: "هەڵەکە لەوێدایە کە پێمان وابێت کاتێک جەستەی مردوو گەرمی و جوڵەی نامێنێت بە هەمان شێوە ڕۆحیش دەردەچێت، ئەمەش دەبێتە هۆکاری نەمان و وەستانی جوڵە و گەرمی. ئەمە تەنها باوەڕێکی بێ پاساو و بێ بەڵگەیە کە پێمان وابێت گەرمی سرووشتی و هەموو جوڵەکانمان بەند بێت بە ڕۆحەوە؛ بە پێچەوانەوە، ڕۆح تەنها بەهۆی ئەوەوە دەردەچێت کە ئەم گەرمییە نامێنێت و ئەو ئۆرگانانەی کە هۆکاری جوڵەمانن شیدەبنەوە و لەناودەچن."

 

دیکارت لە شوێنێکی تر ئاماژە بەوە دەدات کە ئەو ئەندامەی هۆکاری ئەو گەرمییەیە، دڵە. لە کتێبی (باسێک دەربارەی جەستەی مرۆڤ) دەنووسێت "گەرمی ناو دڵ وەک بەهارێکی تەڕ و ڕازاوەیە یان بەرپرسیاری سەرەکی هەموو ئەو جوڵانەیە کە لەم ئامێرەدا دەردەکەوێت."

کەواتە دەرکەوت مەرگ بەرەنجامی گۆڕانی شێوەی جەستەیە، بەتایبەت هەر گۆڕانێک کە کاریگەریی لەسەر دڵ دابنێت کە چیتر توانایی ئەوەی نەبێت گەرمی بەرهەم بهێنێت، ئەم گەرمییەش هۆکار و بنەمای جوڵەیە. ئەمە چارەسەری کێشەکە هەنگاوێک دەباتە پێشەوە، هەرچەندە هێشتا ڕوون نییە چۆن نەمانی و کۆتایهاتن بەم گەرمییە دەبێتە هۆکارێک تا ڕۆح لە جەستە دەربچێت. بە نا-ماددی بوون چیتر ڕۆح ئەو کاریگەرییەی گەرمی ناکەوێتەسەر کە پێشتر ماددە کشاوەکە دەیخستەسەری.

 

دیکارت لە (باسێک دەربارەی جەستەی مرۆڤ)دا دەڵێت، "هەرچەندە تەواوی جوڵەکان ئەوکاتە دەوەستن کە ڕۆح لاشە مردووەکە بەجێدەهێڵێت، نابێت پێمان وابێت کە ئەوە ڕۆحە جوڵەکان بەرهەم دەهێنێت و لێیەوە دەکەونەوە؛ تاکە بەرەنجام کە پێی دەگەین ئەوەیە کە ئەمە تاکە هۆکارە و هەمان هۆکارە کە هەردووکیان وا دەکەن جەستە کەڵکی ئەوەی نەمێنێت ئەم جوڵانە بەرهەم بهێنێت و وا لە ڕۆح بکات جەستە بەجێبهێڵێت." لە کۆتا بەشی ئەم دەقەدا ئەماژە بەوە دەدات کە کەمی و نەمانی گەرمیی هۆکاری ڕاستەقینەیە بۆ جیابوونەوەی ڕۆح لە جەستە. کێشەی ئەم ڕوونکردنەوە لەوەدایە، وەک ڕوونکردنەوەی "مەرگ لە ئەنجامی گۆڕانی شێوە و فیگەر"، وا دەردەکەوێت یەکێتی ڕۆح لەگەڵ جەستەدا پەیوەستە بە دۆخێکی دیاریکراوی فیزیکییە و بەهۆی ئەو دۆخەوە بەدەست دێت. دووبارە دەپرسینەوە، چۆن گۆڕانی ماتریاڵ لەناو جەستەدا دەتوانێت کاریگەری لەسەر ڕۆح دابنێت، تا ئاستێک کە جەستە بەجێبهێڵێت؟

پێم وایە ئەگەر سەرنج بخەینەسەر ئایدیای "ئامانجی بەجێ" دەتوانین بگەین بە وەڵامێک بۆ ئەم کێشەیە. بۆ ڕوونکردنەوە: ڕۆح بەهۆی نەمانی گەرمییەوە لە جەستە دەرناچێت، بەڵکو بەهۆی ئەوەوە دەردەچێت ئەو بڕە گەرمییەیەی کە پێویستە بۆ جوڵەی ئەندامەکانی جەستە چیتر نامێنێت و بەرهەم نایەت (ئەمەش بەهۆی هەندێک گۆڕان لە شێوەی جەستەدا ڕوودەدات)، بەم هۆیەوە چیتر ڕۆح ناتوانێت وەک بەشێکی سەرەکی ئەم یەکگرتوویی و یەکێتییە ئامانجەکانی بەجێبهێنێت. بەتایبەت، چیتر ناتوانێت هەستەکان وەربگرێت، ناتوانێت ئاڕاستەی کاردانەوەی جەستە بکات بۆ ژینگەی دەوروبەر. ئەو گەرمییەی دڵ بەرهەمیدەهێنێت، هۆکارێکی ناڕاستەوخۆیە بۆ جیابوونەوەی ڕۆح لە جەستە، بەبێ ئەم گەرمییە هیچ هەمانگی و ڕێکخستن و گونجانێک لەنێوان ئەندام و ئۆرگانەکاندا نابێت، هەروەها بەبێ ئەم ڕێکخستن و گونجانە هەستەکان ناتوانن دەربکەون.

بەڵگەی ئەم تەفسیر و لێکدانەوەیەش "تێڕامانی شەشەم"ە. کە دەربارەی یەکێتی ڕۆح و جەستەیە، دیکارت دەنووسێت:

"هەروەها سرووشت بەهۆی هەست و ئیحساساتەکانی ئازار، برسێتی، تینوێتی و هتد، فێریکردم من بە تەنها لەناو جەستەمدا ئامادەگیم نییە وەک ئامادەگی کەشتیوانێک لەناو کەشتییەکدا، بەڵکو زۆر لێیەوە نزیکم و لەگەڵی تێکەڵاوم، بۆیە من و جەستەم یەکەیەکمان پێکهێناوە. ئەگەر بەم شێوەیە نەبووایە، "من"، کە هیچ نییە جگە لە شتێکی بیرکەرەوە، ئەوکاتەی بریندار دەبوو هەستی بە ئازار نەدەکرد، بەڵام بەهۆی هۆش و ئاگاییەوە زۆر بە وردی درک بەو زیانە دەکەم، هەر وەکوو کەشتیوانێک کە ئەگەر کەشتییەکەی زیانێکی بەرکەوتبێت هەر بە ڕوانین و سەرنجدان درکی پێدەکات."

 

لەلایەکی ترەوە، ئەم هەستکردن بە ئازار و برسێتییە تەنها بەهۆی ئەوەوە نییە کە ڕۆح بەشێک بێت لەم "یەکە"یە، بەڵکو ئەرک و ڕۆڵێکە و پێویستە ڕێز لەو ئەرک و ڕۆڵەی بگرێت کە لەناو ئەو یەکێتییەدا هەیەتی تاوەکوو ئەو دۆخە ئازاراوییە دووربخاتەوە لە مرۆڤەکە و نەیهێڵێت. دووبارە لە "تێڕامانی شەشەم" دیکارت باس لە ئەرک و ڕۆڵی هەست دەکات (= ڕۆڵی ڕۆح وەک بەشێک لە یەکەکە) کە بریتییە لە پاراستی یەکێتی هۆش-جەستە.

 

"باشترین سیستەمێک کە بکرێت پێکبهێنرێت ئەوەیە کە [هۆش] تێیدا ببێتە بەرهەمهێنی هەست و ئیحساس، ئەمەش گرنگترین و تایبەتیترین هۆکارە بۆ پاراستن و هێشتنەوەی مرۆڤێک بە تەندرووستی... [هەروەها] هیچ شتێکی تر نییە تا هۆکارێک بێت بۆ بەردەوامی و تەندرووست مانەوەی جەستەکە."

 

ڕۆح زۆر بەچڕی پەیوەست و هۆگرە بە جەستەوە، لە کاتێکدا ئامانج لەم پەیوەستییە بریتییە لە پاراستنی جەستە. جۆن کۆتینگهام لە کتێبەکەی بەناوی (دیکارت)، بە وردی ئاماژەی بەم بابەتە کردووە و نووسینەکانی سوودی بۆمان دەبێت. ئەوەی گرنگە تێیبگەین، ئەوەیە کە "ئاگایی هەستەکی وەک (بیرکردنەوە لە شتەکان) مەعنەویانە پەیوەست نییە پێمانەوە، بەڵکو پەیوەستییەکەی بەرجەستەیە." بە واتایەکی تر، ڕۆح وەک بەشێک لە یەکێتییەکە ئەرکێکی گرنگی هەیە، ئەویش وەرگرتن و لێکدانەوەی هەستەکانە، هەروەها ئاڕاستەکردنی جەستەیە بە شێوەیەک خۆی بەدوور بگرێت لە هەر مەترسییەک و سەرنج ڕاکێشانییەتی بۆ ئەو شتانەی کە بەسوودن.‌

سەرەنجام کاتێک ڕۆح ناتوانێت ئەرکەکانی وەک بەشێک لە یەکە و یەکێتییەکە ڕاپەڕێنێت، ئیتر هیچ پێویستییەک یان ئامانجێک نامێنێت تا ڕۆح پێوەی پەیوەست بێت و ڕایپەڕێنێت و تێیدا بمێنێتەوە. وەک دیکارت لە (باسێک دەربارەی جەستەی مرۆڤ)دا دەڵێت، "هەرچەندە ئەوە ڕۆحە کە هۆکاری جوڵەکانە، بەڵام بەبێ ڕێکخستن و کاری ئۆرگانەکانی تر ڕۆح هیچ بەرهەمێکی نابێت." بەم شێوەیە، کاتێک ڕۆح لەگەڵ جەستەیەکی زیندوودا یەکدەگرێت، بۆ نموونە، یەکێک لەو کارانەی دڵ دەتوانێت ئەنجامی بدات ئامادەکردن و بەرهەمهێنانی گەرمییە بۆ تەواوی جەستە، ئامانجیش لەمە هێشتنەوەی جەستەیە بە "تەندرووستی"، ئەمەش بە ئاڕاستەکردن و وەڵامدانەوەیەکی درووست و بەسوودی جەستە بۆ ئەو هەستانەی کە ئەزموون دەکرێن.

 

ئەگەر ڕۆح نەتوانێت بەو شێوەیە فرمانەکانی جێبەجێ بکات و کاریگەر نەبێت، ئەوا چیتر شتێک نامێنێتەوە بەناوی دۆخی یەکگرتوو لەگەڵ جەستەدا، بەم شێوەیە ڕۆح لە جەستە جیادەبێتەوە. پێم خۆشە شتێک زیاد بکەم کە ڕەنگە لە سەرەوە ڕوون نەبووبێت، هی یەکێک لەوانەی گوتوومن دەلالەت نین لەوەی یەکێتی هۆش-ماددە جەوهەری سێیەم بن. هەموو ئەوەی دەمەوێت بیڵێم - کە هەمان شتیشە دیکارت ویستوویەتی بیڵێت - ئەوەیە کە ڕۆح کاتێک لەگەڵ جەستە یەکدەگرێت، وەک ڕێزێک بۆ ئەو یەکێتییە (دەستەواژەیەکە دیکارت خۆی بەکاریهێناوە) ئامانجی بەجێ و دیاریکراوی هەیە، ڕۆڵەکەشی لە هەستەکاندایە. کۆتایی هاتنی هەستەکان واتە کۆتایی هاتنی ئامانج و کردەکانی ڕۆح لەم یەکێتییەدا، کە ئەویش پارێزگاریکردنە لەو یەکە و یەکێتییە.

ڕەنگە بپرسرێت بەکارهێنانی "ئامانجی بەجێ" بەم شێوەیە لەلایەن دیکارتەوە واتای ئەوە دەدات دیکارت باوەڕی بە کۆتا هۆکارەکان هەبووە.

باوەڕم وا نییە شتەکە بەم شێوەیە بێت. یەکەم، دیکارت ڕەتیکردووەتەوە "کۆتا هۆکارەکان" لەناو جیهانی ماددیدا هەبن و کاریگەربن، کۆتا هۆکارەکان لەلایەن ئەوانەوە بەکارهێنراوە کە دەڵێن خودا هەموو ئەم شتانەی جیهانی ماددیی تەنها بۆ سوود و قازانجی مرۆڤ درووستکردووە (ئەوەی ئەرستۆ پێی گوتووە "کۆتا هۆکردی دەرەکی"). دیکارت لە کتێبی (بنەماکان) نووسیویەتی: "خەیاڵکردنی ئەوەی هەموو ئەم شتانەی کە خودا درووستیکردوون بۆ سوودی ئێمەیە، دەبێتە بەرزترین گریمانە." دووەم، قسەکردن دەربارەی کردە و ئامانجی شتێکی دیاریکراو قسەکردن نییە دەربارەی کۆتا هۆکاری ئەو شتە. من لەم بابەتەدا دوای بۆچوونەکانی ژان لاپۆرت دەکەوم لەوەی دیکارت دانی بە "کۆتایی" یەکێتی ڕۆح-جەستەدا ناوە. لاپۆرت دەنووسێت:

کۆتامەندى [Finality]، لەناو بواری یەکێتی ڕۆح و جەستەدا تەنها ئەگەرێک نییە، بەڵکو حەتمییەتە." ئەم بەکۆتاییهاتنە کۆتاییەکی ناوخۆیی و ناوەکییە.

وەک لە سەرەوە ئاماژەی پێدرا، مەبەستی خودا لە درووستکردنی ڕۆح، بۆ پاراستنی ئەم یەکێتییەیە لەڕێگەی هەستەکان و کاردانەوەی هەستەکانەوە.

دیکارت دەربارەی کردەکانی دڵ، دەمارەکان، ڕۆحی ئاژەڵەکان و هتد... قسەی کردووە، بەم شێوەیە توانیویەتی دەربارەی ئامانجی ڕۆح قسە بکات کاتێک لەگەڵ جەستەدا یەکگرتووە.

وەک پێشتر ئاماژەی پێدرا ئامانج و مەبەستەکە هەمان ئەو ئامانج و مەبەستەیە خودا دایناوە، ئەویش ئەوەیە ڕۆح یەکگرتوو بێت و بۆندێک دروستبکات تا ئەوکاتەی کە چیتر توانای بەردەوامی نامێنێت، لەو خاڵەدا چیتر یەکێتییەک بوونی نامێنێت و ڕۆح جیادەبێتەوە. بەڵام لێرەدا کێشەیەک دەمێنێتەوە: ئەی ئەو کەسانە چی کە چیتر مێشکیان ناتوانێت جەستەیان بە ئاڕاستەیەکی دروستدا ببات کە لە سوودی یەکێتی جەستە و ڕۆحیاندا بێت، ئەو کەسانەی کە تووشی ئیفلیجی بوون یان لە دۆخی کۆمادان؟

بۆچی ڕۆحیان جەستەیان بەجێناهێڵێت، لەکاتێکدا جەستەیان چیتر ناتوانێت کردە و فرمانەکان بە شێوەیەکی دروست جێبەجێ بکات؟

دانیپێدادەنم ئەمە بووەتە کێشەیەک لەبەردەم لێکدانەوەکانم، بەڵام پێم وانییە ئەم کێشەیە چارەسەری نەبێت. بۆ نموونە ئەوانەی کە بە توندی تووشی ئیفلیجبوونی توند بوون، دەکرا دیکارت کار لەسەر ئەم کێشەیە بکات تا ئەوکاتەی دەگەیشت بە چارەسەرێک بۆ کێشەی ئەو کەسانەی کە ناتوانن کاردانەوەیان هەبێت (ئەوەی یەک دەستیان کار دەکات، بە‌چاو ئاماژە دەدەن و هتد...)، بەڵام دەبینیت ڕۆحیان بەباشی کار دەکات و جەستەکەی بەجێنەهێشتووە. ئەوانەی لە دۆخی نائاگاییدان، یان تووشی ئیفلیجیی تەواوەتی بوونە، کێشەکانیان قورسترە. ڕاستە کە ڕۆح چیتر ناتوانێت لەناو لەشدا خۆویستانە جوڵە بەرهەم بهێنێت، لەکاتێکدا جوڵەیەکی ڕێکوپێک و ڕێکخراو لەناو ئەندام و ئۆرگانەکاندا نییە، ڕەنگە کەسێک بەو مشتومڕە فریو بخوات کە ڕۆح هێشتا پێویستی بە جووڵەی خۆنەویستانە - بۆ نموونە، ترپەی دڵ، کار و فرمانەکانی جگەر و هتد.

دیکارت بە ڕوونی ڕەتیکردوەتەوە ڕۆح پێویست بێت بۆ ئەو کار و فرمان و ئامانجانە، ئەندام و ئۆرگانەکان بە دروستی ئەو کارانە ڕادەپەڕێنن.

ئەگەر وایە، کەواتە بۆچی ڕۆح لەگەڵ جەستەدا پەیوەست و یەکگرتووە؟ لە حاڵەتێکدا ئەگەر کەسەکە لە دۆخی نائاگایی و کۆما هاتەدەرەوە، ڕۆح دەتوانێت جارێکی تر بە ڕێکوپێکی ئەرک و فرمانەکانی ڕاپەڕێنێت، بەڵام ئەگەر دۆخەکە تا مردن درێژەی کێشا، هیچ هۆکارێک نییە تا ڕۆح بە یەکگرتوویی لەگەڵ جەستەدا بمێنێتەوە. دیکارت ئاماژە بەمە دەدات، ئەوانە دەمرن کە ڕۆحیان لە جەستەکانیان جیادەبێتەوە.

لە ئەنجامدا، (1)، گەرمیی جەستە نە هۆکارێکی سەرەکییە تا ڕۆح لەگەڵ جەستەدا بە یەکگرتوویی بمێنێتەوە لە ماوەی ژیاندا، نە هۆکاری دەرچوونیشیەتی پاش مردن. بەڵکو، (2) تەنها هۆکارێکی ناڕاستەوخۆیە و ڕێگە بە ڕۆح دەدات ڕێکوپێکتر کردە و فرمانەکانی ئەنجام بدات.

دیکارت لە (باسێک دەربارەی جەستەی مرۆڤ) نووسیویەتی: "کاتێک هەموو ئۆرگانەکانی جەستە بەڕێکوپێکی دەتوانن جوڵە بەرهەم بهێنن، ئەوکات جەستە هیچ پێویستییەکی بە ڕۆح نابێت تا ئەو جوڵەیە بەرهەم بهێنێت؛ هەروەها، لە ئەنجامدا هەموو ئەو جوڵانەی کە ئەزموونەکانیان بەرمەبنای بیرکردنەوە نین نابێت بخرێنە پاڵ ڕۆح، بەڵکو بە سادەیی دەبێت بخرێتە پاڵ ڕێکوپێکی ڕاپەڕاندنی فرمانەکان لەلایەن ئۆرگانەکانەوە. تەنانەت ئەو جوڵانەشی پێیان دەڵێین "خۆویستانە" دەرەنجامی ڕێکوپێکی کردەی ئۆرگانەکانن."

(3) بە پەنابردن بۆ بیرۆکەی "ئامانجی بەجێ" دیکارت توانی خۆی ڕزگاربکات لە کێشەی سنوورداربوونی ‌جەوهەری نەمر لەلایەن فاکتەرێکی مادییەوە، ئەم کێشەیە لە تەفسیری مەرگ وەک گۆڕاوێک لەناو فیگەری جەستەدا سەریهەڵدا ، یان لە ئەنجامی لەناوچوونی بڕی گەرمی. لە کۆتایدا،

 (4)، ئەم لێکدانەوەی لێرەدا کراوە ئەو واتایە نادات یەکێتی هۆش-جەستە جەوهەری سێیەمە، یان ئەوەی کۆتا هۆکارەکان دژ و پێچەوانەوەی تێگەیشتنی دیکارت بن لەبارەی ماددەوە.

 

 

 

 

 

 

 

سەرچاوە:

 

https://www.jstor.org/stable/23350941?seq=1#metadata_info_tab_contents