A+    A-
(1,328) جار خوێندراوەتەوە

 

                             عوساب(نیورۆسیس)ـی جەنگ

 

 

 

 

 

 

 

عوسابی جەنگ[1] چەمکێکی گشتییە و ئاماژەیە بۆ شڵەژانی دەماریی و دەروونیی سەربازەکان لە کۆمەڵگە مۆدێرنەکانی سەروەختی جەنگدا. خودی چەمکەکە کێشەدارە و مشتومڕی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، وەختێک بۆ یەکەمجار سەروەختی جەنگی جیهانیی یەکەم لە ناوەندە دەروونپزیشکییەکان بەکارهات. چەمکەکە کەوتە ململانێ لەگەڵ چەمکە هاوتاکانی دیکەی نێو دەروونپزیشکی [ئەو چەمکانەی بۆ هەمان حاڵەت بەکاردەهاتن]، بەڵام لەمیانی جەنگی جیهانیی دووەمدا لە دەروونپزیشکیی سەربازییدا بەکاردەهات. لێرەوە، مێژووی عوسابی جەنگ، چیرۆکی گوتار و پراکتیکی پزیشکییە دژییەکەکانە سەبارەت بە تراوما سایکۆلۆژییەکانی سەردەمی جەنگ. لەڕووی مێژووی پزیشکییەوە، کۆمەڵە پرسیارێک بوونە جێی سەرنج، وەک: پزیشکەکان چۆن لە کاریگەریی جەنگ لەسەر دەروون تێگەیشتوون؟ چۆن کاتیگۆرییەکانی دەستنیشانکردن شکڵیانگرتووە؟ چۆن وەڵامە چارەسەرییەکان خرانەکارەوە؟ توێژینەوەکان لەمەڕ مێژووی کەلتووریی هاوکارییەکی گەورەیان پێشکەشکرد بۆ تێگەیشتن لە عوسابی جەنگ. لەسەر بناغەی چەندەها سەرچاوە، وەک نامەی سەربازەکان و تۆماری نەخۆشەکان و فیلمەکان و ڕۆمان و ئەدەبی میللی، مێژووی کەلتووریی عوسابی جەنگ ئەزموونە مرۆییەکان ڕووندەکاتەوە، ئازاری سەربازەکان دەڕەمزێنێت و دەگێڕێتەوە، هاوکارە بۆ تێگەیشتن لە جەستە و جێندەر. 

پشتبەست بەم پێشینەیە، تێگەیشتنمان لەمەڕ مێژووی عوسابی جەنگ و پێگەکەی لە دوو جەنگە جیهانییەکەدا فراوانتر بوو. دیراسەکردنی ئەم حاڵەتە، زیاتر تیشکی دەخستەسەر ڕوانگە بەراوردکارییەکان. ناڵینە سایکۆلۆژییەکانی سەربازەکان دیاردەیەکی جەماوەریی بوو، کاریگەری هەبوو لەسەر کۆمەڵگەکانی سەردەمی جەنگ؛ هاوکات کاردانەوەکان جیاوازبوون، بەگوێرەی جیاوازیی نەریتەکان و ڕێگە پزیشکییە جیاوازەکان بۆ تێگەیشتن و نواندنەوە و مامەڵەکردن [لەگەڵ حاڵەتەکەدا]. بۆ نموونە، لە جەنگی جیهانی یەکەمی جیهانییدا، ناکرێت چەمکی بەریتانی «شۆکی بۆمب»[2] هاوتابکرێت بە چەمکی ئەڵمانی «عوسابی تراومایی»[3] یان چەمکی فەرەنسی «هیستریای جەنگ»[4]. ئەمە بۆ سیستەمەکانی چارەسەریش ڕاستە. هەرچەند خەواندنی موگناتیسی لە دەمارنناسیی فەرەنسییدا وەک ڕێکارێکی نازانستی و ناکاریگەر لێی دەڕوانرێت؛ کەچی پزیشکە ئەڵمانییەکان، وەک دەروونپزیشکی هامبۆرگی ماکس نۆن (Max Nonne, 1861-1959)، توانیان «چارەسەری خەواندنی موگناتیسی» پەرەپێبدەن وەک کاریگەرتریین وەڵامی پزیشکی بۆ عوسابی جەنگ.

 

 

 

عوسابی جەنگ لە جەنگی جیهانی یەکەم

پێش جەنگی جیهانیی یەکەم، زۆرجار گوتاری پزیشکی ئازاری دەروونیی سەربازەکانی ڕەتدەکردەوە. ئەمەش مانای ئەوە نییە سەربازەکان تووشی کێشەی دەروونی نەدەبوونەوە. بێگومان، کێشەی دەروونی ڕوویانداوە لە جەنگەکانی سەدەی نۆزدەدا، بۆ نموونە، جەنگی فەرەنسی_پروسی لە ساڵانی ١٨٧٠-١٨٧١، وەختێک پزیشکەکان سەرنجیاندا سەمپتۆمی[5] [دەردەنیشانە] پەرێشانی[6] و گوشاری دەروونی لەسەر سەربازەکان بەدەر دەکەوێت، بەڵام نەیاندەتوانی ئەم حاڵەتە ڕاڤە بکەن. لەگەڵ ئەوەشدا، پزیشکان زۆر بەکەمی لەسەر ئەم ئەزموونانە وەستاون. هەربۆیە، سوپا و لایەنی تەندروستی بایەخێکی ئەوتۆیان نەدەبەخشییە داڕمانە دەروونییەکان. جەنگی جیهانیی یەکەم، لەڕیشەوە باسوخواسەکەی گۆڕی. پاش ماوەیەکی کەم لە هەڵگیرسانی جەنگ لە هاوینی ١٩١٤، سەربازان و دەسەڵاتی سەربازی و پزیشکان لە سەرتاپای کۆمەڵگە بەشداربووەکانی جەنگدا، خۆیان لەبەردەم سەمپۆمی ترسناکدا بینییەوە، کۆمەڵە سەمپتۆمێک، پێشتر هیچ ئەزموونیان لەبارەیەوە نەبووە. بینیان سەربازەکان هەمیشە لە حاڵەتی هەڵچوون و شەکەتییدان، سکاڵایان دەکرد لەدەستی شەکەتی و سەرئێشە و بێخەویی. لەگەڵ توندبوونەوەی جەنگدا، پزیشکان حاڵەتی ترسناکیان دەهاتەپێش. ئەم کەسانە، لە تەوقەسەرەوە تا نوکی پێ دەلەرزین، بەبێ وەستانەوە و ئارامگرتن دەگریان، جار لەدوای جار دەکەوتنە حاڵەتی بێباکییەوە، لە ئاسمان ڕادەمان، دەپەشۆکان. هەندێکیان تووشی کێشەی قسەکردن و لاوازیی بینین و بیستن و لەدەستدانی زاکیرە دەبوون. لە ڕوواڵەتدا، ئەم کەسانە جڵەوی جەستەیان لەدەستدابوو. جەنگی جیهانیی یەکەم، وەک هەر جەنگێکی دی، چەندەها سەربازی تووشی نەخۆشیی دەروونی کرد، هەر ئەمەش لایەنە سەربازییەکان و پزیشکان هێنایە ژێربار. سەرباری ئەمەش، ئەم جەنگە بووە هۆی پاشەکشەی ڕاڤە جەستەییەکان؛ دواتریش، گەشەیەکی خێرای دەروونپزیشکی و کاریگەریی تیۆریزەی دەروونی و بڕیاردان دەربارەی بۆ چەندین دەیە، بەتایبەت لە جەنگی جیهانیی دووەمدا.

 

 

 

لە عوسابی تراوماییەوە بۆ هیستریا: ئەڵمانیا

دەشێت مێژووی تیۆریی عوسابی جەنگ بگەڕێنینەوە بۆ سێ تێگەی پزیشکی: شەکەتیی دەماریی[7]، هیستریا، عوسابی تراومایی. هەر سێکیان لە کۆتایی سەدەی نۆزدە دەرکەوتن، ئەمەش پیشاندەریی گەشەکردنی توانای پزیشکانی دەروونییە لە وەسفکردنی مۆدێرنەی پیشەسازی و شارستانییدا. شەکەتیی دەماریی، مانا حەرفییەکەی «لاوازیی دەمارییە»، ئاماژەبوو بە شڵەژانی بازرگانە ماندووەکان، ئەوانەی چیتر نەیاندەتوانی بەرگەی گوشارەکانی ژیانی مۆدێرن بگرن. وەختێک ئەوروپا چووە جەنگەوە، چەندین ئەفسەر وەک تووشبووی شەکەتیی دەماریی دەستنیشان کران، چارەسەری درێژخایەنیان وەردەگرت لە نەخۆشخانە و ناوەندە میللییەکاندا. لەپاڵ شەکەتیی دەماریی، تێگەی عوسابی تراومایی لەلایەن دەمارنناسی بەرلینی هێرمان ئۆپینهایم (١٨٥٨-١٩١٩) داڕێژرا؛ ئەم تێگەیە تایبەتبوو بە مۆدێرنەی پیشەسازیی، ئاماژەیە بە سەمپتۆمە پاش تراوماییەکانی چینی کرێکار، لە بەرئەنجامی ئەو ڕووداوانەی لە کارگە و شوێنکارەکان بەسەریاندا دەهات. لە چوارچێوەی گەشەکردنی چاودێریی کۆمەڵایەتیی دەوڵەت و یاساکانی قەرەبووکردنەوەی کرێکاران، عوسابی تراومایی بووبە پرسێکی مشتومڕئامێز. لەگەڵ پێشڤەچوونی جەنگ، گفتوگۆکان دەربارەی سروشتی عوسابی تراومایی لە کۆمەڵگەی دەروونپزیشکی ئەڵمانییدا گەشەیکرد و دابەشبوون بەسەر دوو گرووپدا. لەلایەک، ئۆپنهایم و شوێنکەوتووانی ڕوانگەیان وەهابوو دەشێت شوێنەواری ئەزموونە تراوماییەکان، وەک تەقینەوەی بۆمب، لە گۆڕانە مایکرۆسکۆپییەکانی ناو مێشک یان سیستەمی ناوەندیی دەمارییدا بەدی بکەین. لەلایەکی دی، گرووپێکی دی بە ڕابەرایەتی نۆن، بانگەشەیان بۆ ڕەهەندی دەروونیی دەکرد. بەلای ئەم پزیشکانەوە، تێگەی مۆدێرنی هیستریا، وەک ئەوەی لەلایەن دەمارنناسی فەرەنسی جان مارتن شارکۆ (١٨٢٥-١٨٩٣)ـەوە داڕێژرا، دەکەوێتە ناو جەرگەی عوسابی جەنگەوە. وەک ئەوەی نۆن و شوێنکەوتووانی لە لایەنگرانی ڕەهەندی دەروونی بانگەشەی بۆ دەکەن، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ نابینرێتەوە لەنێوان ئەزموونی تراومایی جەنگ و بڵاوبوونەوەی سەمپتۆمە عوسابییەکاندا. دەشێت ئەو سەربازانەی هەرگیز لە بەرەکانی جەنگیشدا نەبوون، تووشی ئەم حاڵەتە ببن. هاوکات، هەزارەها لەو کەسانەی لە بەرەکانی جەنگدا توانیان بەرگەی کاریگەرییە دەروونییە ترسناکەکانی جەنگی ماشێنی بگرن. لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، کاریگەرییە ڕاستەوخۆکانی جەنگ نەدەبوونە هۆی دەرکەوتنی سەمپتۆمەکانی پەرێشانی. ئەوانەی هەرگیز ڕووبەڕووی فیشەک نەبوونەتەوە خرانە نەخۆشخانەی دەروونییەوە. دواتریش، وەک ئەوەی نۆن دەڵێت، دەشێت چەندەها هۆکار هەبن بۆ عوسابی جەنگ، ئامادەگیی نەخۆشانە، لاوازیی ئیرادە، «عوسابی مووچەی خانەنشینی»[8] [خواست و حەزی سەربازەکان بۆ دوورکەوتنەوە لە بەرەکانی جەنگ و وەرگرتنی مووچەی خانەنشینی] یان ئارەزووی سەرباز بۆ دوورکەوتنەوە لە بەرەکانی پێشەوەی جەنگ. سەرەڕای ڕاڤە و لێکدانەوە هەمەچەشنەکان، بەڵام هەبوونی هێزێکی کاریگەر و بەرپرسیار لە شڵەژانە دەروونییەکان، لە هەموویاندا بەربڵاو بوو. پێکدادانی ئەم دوو میتۆدە، لە بەرژەوەندیی لایەنگرانی ڕەهەندی دەروونییدا یەکلابووییەوە، ئەوانەی بانگەشەی توانایەکی چارەسەرکردنی باشتریان دەکرد. لەڕاستییدا، ئەو چارەسەرە سەرکەوتوو و ڕێکخراوانەی لە کۆنگرەی میونیخی ساڵی ١٩١٦ ـدا پێشکەشکران، یەکلاکەرەوە بوون بۆ ئەم مشتومڕە.

 

شۆکی بۆمب و مێژووی کەلتووریی جەنگ: بەریتانیا

هاوشێوەی ئەڵمانیا، پزیشکی جەنگیی بەریتانی پێناسەی هەمەچەشن و دژییەکی سەبارەت بە ئازاری دەروونیی سەربازەکان پێشکەشکرد. لەم چوارچێوەیەدا، دەرکەوتنی چەمکی «شۆکی بۆمب» بایەخێکی گەورەی هەبوو. ڕەنگە هیچ چەمکێکی دەروونیی دیکە هێندەی ئەمە کاریگەریی نەبووبێت لە مێژووی عوسابی جەنگدا، هەروەها نەیتوانی بێت وەک ئەم چەمکە، کاریگەرییە وێرانکارییەکانی جەنگ بخاتەوە یادمان. لە شوباتی ١٩١٥، دەروونناس چاڕڵز س. مایەرز (١٨٧٣-١٩٤٦) ئەم چەمکەی خستەڕوو لە وتارێکدا بۆ ڕۆژنامەی «The Lancet». لێرەدا، شۆکی بۆمب بەسترایەوە بە ئازارە دەروونییەکانی جەنگی خەندەقەکانەوە، ئەمەش گوزاشتی دەکرد لە پەیوەندیی ڕاستەوخۆ و هۆکارییانەی نێوان تەقینی تۆپهاوێژەکان و سەمپتۆمەکانی شۆک. هەربۆیە، هەرزوو ئەفسەر و سەربازە تووشبووەکان ئەم چەمکەیان بەکارهێنا، دەروونپزیشکان توانیان ئەوە ڕوونبکەنەوە، ئەم حاڵەتە پێویستی بە چارەسەری پزیشكیی ورد و زانستی هەیە. وەختێک هەمان ساڵ شۆکی بۆمب شکڵی پەتایەکی لەنێو سەربازەکاندا وەرگرت، دەسەڵاتە سەربازییەکان ترسی ئەوەیان هەبوو، سەربازەکان ورەیان لەدەست بدەن، بۆیە ئەم مەسەلەیەیان خستە ژێر پرسیارەوە. ئایا شۆکی بۆمب نەخۆشییەکی ڕاستەقینەی ئەو سەربازانەیە وا تووشی پچڕانی دەماریی هاتوون، یاخود تەنها هەوڵێکی دەستکردی کۆمەڵێک سەربازە وەک هۆکاری تاسەکردنی نیشتیمان، یاخود دەستکردی ئاژاوەگێڕ و هەڵهاتووەکانە؟ سالی ١٩١٦، حاڵەتە دەروونییەکان بە زمانێکی ئاڵۆز وەسف دەکران. زۆرجار ناڕاستانە ئەو کەسانە بە «نەخۆش» یان «عوسابی» ناودەبران. هەرچەند سیاسەتی پزیشکیی سەربازیی دەیویست شۆکی بۆمب لە لیستی نەخۆشییەکاندا بسڕێتەوە، بەڵام ئەم چەمکە بایەخێکی گەورەی پەیداکرد لەنێو جەماوەردا، خۆی خزاندە نێو مشتومڕە سیاسییەکان و تێڕوانینە کەلتوورییەکانەوە لەمەڕ جەنگ. شۆکی بۆمب، تاکە تێگەی پزیشکییە لە ئەزموونی سەردەمی جەنگەوە سەریهەڵدا و دواتر بوو بە کلیلێکی میتافۆریی بە‌هێز بۆ تێگەیشتن لە مێژووی جەنگ و مۆدێرنە. تاڕادەیەک پێکداچووە لەگەڵ تێگەیشتنی کەلتووری بەریتانی و یادکردنەوەی جەنگی مەزن، شۆکی بۆمب بوو بە سیمبولێک بۆ ئەزموونە ترسناکەکانی سەربازان لە جەنگی خەندەقەکەکاندا. لە نەوەدەکاندا، نوسەری ئینگلیزی پات بارکەر گێڕانەوەیەکی سەرنجڕاکێشی پێشکەشکرد بۆ دیاردەی شۆکی بۆمب، لە ڕۆمانێکی سێ بەشدا بەناونیشانی «Regeneration»، ئەم ڕۆمانەش چەندەها خەڵاتی بردەوە.

 

سیستەمی چارەسەر لە سیاقی ئەوروپییدا

دەروونپزیشکی لە جەنگی جیهانیی یەکەمدا، چەندەها جۆر میتۆدی چارەسەری پێشکەشکرد؛ لەوانە: بێ‌هۆشکردنی کارەبایی، خەواندنی موگناتیسی، دابڕین لە خەڵک، ژەمە خۆراکی ناچاریی، فریودان. هیچکام لەم میتۆدانە نوێ نەبوون. لەبری ئەوە، دەروونپزیشکان بەشەکانی چەندین چارەسەری چەسپاویان پێکەوە گرێدا. لە ئاستی بەراوردکارییدا، چەندین سیستەمی چارەسەریی جیاواز لە جەنگی جیهانیی یەکەمدا دەرکەوتن، ئەمەش پیشاندەری جیاوازیی بیرکردنەوەی زانستی و نەریتە جیاوازەکانی پراکتیکی چارەسەرە. لەگەڵ ئەوەشدا، دوو تایبەتمەندیی هاوبەش لەنێو دەروونپزیشکیی ئەوروپی سەردەمی جەنگدا بەدی دەکرێت. یەکەم، لەنێو بەشێک لە سیستەمەکانی چارەسەردا مەیلی جیاوازیی چینایەتی دەبینرا؛ بۆ نموونە، لە بەریتانیا هەندێک لە نەخۆشخانەکانی تایبەت بە شۆکی بۆمب، وەک نەخۆشخانەی «Craiglockhart» لە شاری ئیدینبۆرگ کە تەرخانکرابوو بۆ ئەفسەرەکان، چارسەری شیکاریی «نەرم»ـیان پێشکەش دەکرد؛ کەچی لە نەخۆشخانەی «Queen Square» لە لەندەن سەربازە ئاساییەکان ڕووبەڕووی چارەسەرێکی دڵڕەقانە دەبوونەوە، لەڕێگەی بارگەی کارەباییەوە. دووەم، زۆرینەی میتۆدەکانی چارسەر لەڕێگەی پێشنیارەوە کاریان دەکرد. دوا میتۆدی سەرکەوتنی چارەسەری عوسابی جەنگ، وەها دەبینرا، پزیشکێکی سەرنجڕاکێش بتوانێت ویست و خۆجڵەوکردنی سەربازەکە ببوژێنێتەوە لەڕێی پێشنیار و ئامۆژگارییەوە. دەبێت ئەو ویستە پاتۆلۆژییەی [نەخۆشانە] بەندە بە شەکەتی دەمارییەوە و بەرئەنجامی ئایدیای سەرلێشێوێنەرە، یاخود بەهۆی شۆکی بۆمبەوە ئیفلیجکراوە، دووبارە بگۆڕێت بۆ ویستێکی تەندروست. ئەوە دووپاتکرایەوە، ئەو کەسانەی پێشتر لەڕووی دەروونییەوە «ئاسایی/تەندروست» بوون، دەتوانرێت لەڕێی ئەم میتۆدەوە چارەسەر بکرێن؛ بەڵام ئەو کەسانەی وا پێشتریش لەڕووی دەروونییەوە «ئاسایی/تەندروست» نەبوون، پێکهاتە نەخۆشانەکانی خۆیان گواستۆتەوە بۆ جەنگ و شیاوی چارەسەر نین. بە دەربڕینێکی دی، ئەزموونەکانی سەروەختی جەنگ بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەرپرسیار نەبوون لە سەمپۆمە بێزارکەرەکان، بەڵکوو هاریکار و درێژکراوەی حاڵەتە بێزارکەرەکانی پێشوو بوون.

پێچەوانەی بەریتانیا، دەروونپزیشكیی جەنگی لە فەرەنسا، بەردەوامبوو لە بەکارهێنانی چەمکی هیستریا، کۆمەڵێک پرۆتۆکۆڵی چارەسەریی یەکخراو خرایە بەردەستی دەروونپزیشکان بۆ چارەسەرکردنی سەربازە هیسترییەکان. چارەسەرێکی کارەبایی، بەناوی «torpillage»، وەک میتۆدێکی چارەسەریی کاریگەر لێی دەڕوانرا بۆ گەڕاندنەوەی ویست و پیاوەتیی سەربازەکان. کەچی بەپێچەوانەوە، نەخۆشەکان زیاتر هەستیان بە دەسەپاچەیی و ئازار دەکرد.

لەگەڵ بەردەوامیی جەنگدا، بەرهەڵستییەکان دژی «چارەسەرە کاراکان» زیاتر جۆشیان دەسەند. یەکێک لەو حاڵەتانە، بە گەرموگوڕیی لە نەمسای پاش جەنگدا ڕوویدا. ئەفسەرێکی پێشوو کە لەلایەن ڕۆژنامە سۆسیال دیموکراتەکانەوە پاڵپشتی دەکرا، دەروونپزیشکێکی بەناوبانگی ڤییەنای بەناوی جولیوس ڤاگنەر جاوریگ (١٨٥٧-١٩٤٠) تۆمەتبارکرد بەوەی، زۆر دڕندانە لەگەڵ خۆی و سەربازەکانی دیکەدا مامەڵەی کردووە. لەڕاستییدا، ڤاگنەر جاوریگ و دەروونپزیشکە نەمسایی_هەنگارییەکانی دیکەش، ئەوانەی کەوتبوونە ململانێیەکەوە لەگەڵ سەربازانی سەردەمی جەنگدا، بڕوایان وابوو چارەسەری کارەبایی کاریگەرییەکی بەرچاوی هەیە لە چارەسەرکردنی عوسابی جەنگدا. ساڵی ١٩٢٠، پەرلەمان لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پێکهێنا و زیگموند فرۆید (١٨٥٦-١٩٣٩) وەک پسپۆڕی زانستی دیاریکرا. فرۆید ئەم هەلەی قۆستەوە بۆ گوێگرتن لە ڤاگنەر جاوریگ لەپێناو پێشخستنی ڕوانگە دەروونشیکارییەکانی خۆی. لەگەڵ ئەوەشدا، دەرئەنجام فرۆید لە بەرژەوەندی ڤاگنەر جاوریگ پرسەکەی یەکلاکردەوە. خودی فرۆید، هیچ تووشبوویەکی عوسابی جەنگی چارەسەر نەکردووە، بەڵام تا ئەندازەیەکی زۆر ئەم بابەتەی پێشخست، وتوێژی لەگەڵ چەندەها پسپۆڕی دەمارییدا کرد، ئەوانەی لە نەخۆشخانە جەنگییەکانی ئەڵمانیا و نەمسا_هەنگاریا کاریان دەکرد.

دەروونشیکارەکان بەرگریان لە چارەسەرێکی کاریگەری «نەرمتر» دەکرد بۆ عوسابی جەنگ، ساڵی ١٩١٨ لە کۆنگرەی پێنجەمی دەروونشیکاری لە بوداپێست، ئایدیاکانی خۆیان لەم بارەیەوە خستەڕوو. لەبەرئەوەی پاش ماوەیەکی کەم دوای ئەم کۆنگرەیە جەنگ کۆتایی هات، هیچ هەنگاوێکی پراکتیکی نەگیرایەبەر. لەگەڵ ئەوەشدا، ئایدیا دەروونشیکارییەکان بۆ ڕوونکردنەوەی عوسابی جەنگ پەرەیان سەند، لەڕێگەی ناساندنی ئەم حاڵەتە وەک دەرئەنجامی ململانێی چارەسەرنەکراوی دەروونی، لەگەڵ هێزی ناوەکیی توند بۆ هەڵهاتن لە بەرەکانی جەنگ؛ ئەم ئایدیایانەش کاریگەری گەورەیان جێهێشت لەسەر دەروونپزیشکی سەربازیی لە جەنگی جیهانیی دووەمدا.

 

 

جەنگی جیهانیی یەکەم و دەروونپزیشکی: گۆڕانکارییەکان لە ڕاڤەی مێژوویی

لە حەفتا و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، مێژوونووسە ئەڵمانییەکان هەوڵیاندەدا دەروونپزیشکەکانی سەردەمی جەنگی جیهانیی یەکەم وەک پزیشکی سادیست[9] وەسفبکەن، چونکە سەربازە پەرێشانەکانیان دەدا بۆ ئەوەی دووبارە بیانگەڕێننەوە بۆ بەرەکانی جەنگ. بەشێوەیەکی تایبەت، ئەم ڕاڤەیە بەرئەنجامی توێژینەوەیەکی مێژوویی بوو بۆ سیستەمی پزیشکیی نازیزم. هەرچەند ئەم توێژینەوەیە ئاماژە دەکات بەوەی دەروونپزیشکیی ئەڵمانیی سەروەختی جەنگی جیهانیی یەکەم، ڕێگەخۆشکەر و ئامادەسازییەک بووە بۆ دڕندایەتی پزیشکی لەسایەی ڕژێمی نازیزمدا؛ بەڵام توێژینەوەکانی کۆتایی سەدەی بیست و سەرەتای سەدەی بیست و یەک، ئەم مۆدێلە درێژکراوە تاکڕەهەندەی جێهێشت. بۆ نموونە، مێژوونووس پاوڵ لێرنەر ڕاڤەیەک پێشکەش دەکات بۆ کردارەکانی دەروونپزیشکیی جەنگ لەڕووی پرۆسەکانی پاساودانەوە. لێرنەر بڕوای وایە، لەپاڵ ئامادەسازیی نەتەوەیی بۆ جەنگی سەرتاپاگیر، پرەنسیپ و پێشینەکانی کۆمەڵگە مۆدێرنەکان هاوشێوەی ئابووری و بەهرە و یەکخستن، گۆڕان بۆ بەهای پزیشکیی یەکلاکەرەوە. سەرباری ئەوەش، لێرنەر ئاماژە دەکات بە کارلێکی نێوان بواری پزیشکی و دەوڵەت لە سەردەمی مۆدێرندا، بۆ نموونە، بەرپرسیارێتی دەروونپزیشکان لە بواری سندوقی خانەنشینی و چاودێریی کۆمەڵایەتی و بیمەی پەککەوتەکان. پاش ئەوەی نەهامەتییەکی گەورەیان چەشت لە چارەسەرکردنی ئەو سەربازانەی تووشی شڵەژانی دەماریی هاتبوون و بەو هۆکارە تێچووی کاروباری جەنگ زیاتر دەبوو،؛ ئەوکات ئامانجی پزیشکان گۆڕا بۆ پاراستنی دەوڵەت لە لافاوی «عوسابی جەنگ». ئەم هەوڵانە کاریگەریی گەورەیان هەبوو لەسەر پرۆسەی چارەسەر. میتۆدی عەقڵانی و نیشتیمانییانەی دەروونپزیشکیی جەنگی، هەموو سەرچاوە فیکری و دەزگایی و چارەسەرییەکانی کۆکردەوە، هەم لەڕووی لێهاتوویی هێزی کاری ئابووری و هەم لەڕووی دۆخی دارایی دەوڵەتەوە، هەموو ئەمەش لەپێناو گەیشتن بە ئەنجامی باشتر، تاوەکو ئەو سەربازانەی لەڕووی دەروونییەوە دەناڵێنن، بگەڕێننەوە بۆ نێو کار و خزمەتی سەربازی.   

بەم مانایە، مێژووی عوسابی جەنگ ئاماژەیە بۆ پەیوەندییەکی بەهێزی نێوان جەنگ و پزیشکی و مۆدێرنە، لەگەڵ «بەخشینی خەسڵەتی پزیشکی بە جەنگ و بەخشینی خەسڵەتی سەربازی بە بواری پزیشکی». هاوزەمان، ناکرێت ئەم پەیوەندییە تەنها لە یەک ڕەهەندەوە بخوێنرێتەوە. ڕوانینێکی تاکڕەهەندانە بۆ پەیوەندیی نێوان دەروونپزیشکی و جەنگ بەرئەنجامی کورتبینی و ساویلکەییە_ ئەو ڕوانینەی گوایە: زانست ژێردەستەی بواری سەربازییە. دەروونپزیشکان تەنها برغوییەک نەبوون لەنێو ماشێنی جەنگدا. دەبێت تیشک بخەینەسەر ڕەهەندە جیاواز و دژییەکەکان، بەتایبەت ململانێی نێوان دەسەڵاتی سەربازی و پسپۆڕانی دەروونپزیشکی. بۆ نموونە، ئەو سەربازەی لەکاتی هێرشی تۆپهاوێژەکاندا دەروونی دەشڵەژێت و پاشەکشە دەکات، چی بەسەر دێت؟ بەلای یاسای سەربازییەوە ئەم ڕەفتارە وەک ترسنۆکی و هەڵهاتن بەرامبەر دوژمن پێناسە دەکرێت، سەربازەکەش ڕووبەڕووی دادگای سەربازیی دەکرێتەوە. لەبەرامبەردا، بەلای پسپۆڕانی دەروونپزیشکییەوە، ڕەفتاری ئەم سەربازە تەنها کاردانەوەیەکی پاتۆلۆژییە و هەموو هەوڵێک دەخەنەگەڕ بۆ گواستنەوە و چارەسەرکردنی ئەم سەربازە لە نەخۆشخانە دەروونییە تایبەتەکاندا. لێرەوە، دەستنیشانکردنە دەروونییەکانی وەک «هیستریا» یان «کەسێتی سایکۆپات» دەردەکەون، ڕەنگە ئەمە کاریگەریی نەرێنی لەسەر سەربازەکان هەبێت، بەڵام دەشێت ژیانیان ڕزگاربکات.

 

 

جەنگی جیهانیی دووەم:

بەراورد بەو توێژینەوە چڕانەی بۆ جەنگی جیهانیی یەکەم کران، جەنگی جیهانیی دووەم بەو وردەکارییەوە باسی لێ نەکراوە، ‌هێشتاش توێژینەوەی چڕوپڕ دەربارەی وەڵام و چارەسەرەکان بۆ عوسابی جەنگی دەگمەنن و بەگوێرەی پێویست نین. لە نیگای یەکەمدا، جەنگی جیهانیی دووەم هیچ شتێکی تازەی زیاد نەکردووە بۆ سەر ئەدەبیاتی دەروونی سەبارەت بە کاریگەرییەکانی جەنگ لەسەر دەروون. بەشێوەیەکی گشتی، لەپاڵ تێڕوانین و دیدگا دەروونناسی و دەروونشیکارییەکاندا سەبارەت بە عوسابی جەنگ، مەعریفەی دەروون‌جەستەیی[10] و دەروون_دەرمانیی[11] مۆدێلی ڕاڤەکردنی نوێیان پێشکەشکرد.

ساڵی ١٩٣٩ لە بەریتانیا، نزیکەی چل هەزار سەربازی پێشوو هێشتاش مووچەی خانەنشینییان وەردەگرت بەهۆی شڵەژانی دەماریی و دەروونییەوە، ئەوکات سیاسەتی پزیشکی ناچاربوو پێناسەیەکی ورد و سنووردارتر بۆ عوسابی جەنگ بخاتەڕوو. بە ڕەچاوکردنی ئەو ئارگۆمێنتانەی لیژنەی لێکۆڵینەوەی کۆمیتەی جەنگی سەبارەت بە شۆکی بۆمب لە ساڵی ١٩٢٢ خستیانەڕوو؛ لێرەدا پێشنیار دەکرا خۆ بەدوور بگیرێت لە بەکارهێنانی چەمکی شۆکی بۆمب و هەڵوێستی بەرگریکرانە پەیڕەوبکرێت سەبارەت بە مووچەی خانەنشینیی جەنگ؛ دەسەڵاتداران کۆکبوون لەسەر ئەوەی «هەڵەی زەق» کراوە لە بەڕێوەبردنی پزیشکییانەی عوسابی جەنگدا و نابێت ئەم حاڵەتە دووبارە ببێتەوە. بێگومان، جەنگی جیهانیی دووەم میتۆدی جەنگیی نوێی بەخۆیەوە بینی. بەلای زۆرینەی سەربازە بەریتانییەکانەوە، جەنگی خەندەقەکان و بەڵای شۆکی بۆمب، بوو بە بەشێک لە ڕابردوو. هەوڵ و ستراتیژی سەرەکی هێزی بەریتانی بۆ بەگژاچوونەوەی نازییەکان، بریتی بوو لە ستراتیژی بۆمبارانکردنی شارە ئەڵمانییەکان. ئەرکەکانی بۆمبارانکردن بارێکی قورسیان خستە ئەستۆی سەربازە فڕۆکەوانەکان. هەر ئۆپراسیۆنێکی فڕین ڕووبەڕووی مەترسی گەورە دەبووییەوە بەهۆی هێرشی پێچەوانەی فڕۆکەوانە ئەڵمانییەکان و دژە فڕۆکەکانەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، چاوەڕواندەکرا فڕۆکەوانەکان هاوسۆزییەکی زیاتر پیشانبدەن ئەوکاتەی لەڕووی هەستوسۆزەوە تووشی شڵەژان دەبوون. مێژوونووسی بەریتانی، بێن شیپارد، باس لەوە دەکات دەستەی بۆمباران بەریتانی هەموو هەوڵێکی خستەگەڕ بۆ هێشتنەوەی فڕۆکەوانەکان لە حاڵەتی فڕیندا، سیستەمێکی سەربازی و دیسپلینێکی توندیان گرتەبەر، بەجۆرێک ئارگۆمێنتە ئەخلاقییەکان زاڵبوون بەسەر ڕاڤە پزیشکییەکاندا. «نوقسانیی ڕیشاڵە ئەخلاقییەکان»[12] یەکێک بوو لەو حاڵەتە زۆر باوەکان. لەبەرامبەردا، دەروونپزیشکە سەربازییەکان نەرمییەکی زیاتریان دەنواند بەرامبەر هێزە وشکانییەکان. لە گۆڕەپانەکانی جەنگی باکووری ئەفریقا و ئیتاڵیا و فەرەنسا، دەروونپزیشکە بەریتانییەکان ئاشنابوون بە چەندین سەمپتۆمی شەکەتی، وەختێک بینیان «تاقەتبڕانی جەنگی» بەرئەنجامی تەقەلای جەستەیی زۆر و کەم‌خەوییە. سەرباری ئەوەش، میتۆدە دەروون‌جەستەییەکان حاڵەتەی نوێیان دەستنیشانکرد، وەک هەوکردنی گەدە و خۆرەی هەرسکردن.

هەر ئەوکات لە ئەڵمانیا، مشتومڕە دەروونپزیشکییەکان لەمەڕ «عوسابی مووچەی خانەنشینی» لە بیست و سییەکانی سەدەی ڕابردوودا بەردەوامی هەبوو. سەربازەکانی پێشوو، ئەوانەی سەر بە چینی کرێکار بوون، بە هاوکاری نوێنەرانی پارتی سۆسیال دیموکرات، پێداگربوون لەسەر ئەوەی وەک قوربانی جەنگ هەژماربکرێن و مافی خۆیان لە مووچەی خانەنشینی پێ ببەخشرێت. لەبەرامبەردا، دامەزراوە دەروونپزیشکییەکان، بە هاوپەیمانی لەگەڵ لەگەڵ کۆنەپارێزەکان و ڕاستڕەوە توندئاژۆ و تازە پێگەیشتووەکان، ئەم هەڵوێستەیان ڕەتدەکردەوە؛ پاڵپشت بەو ئارگۆمێنتەی: عوسابییەکانی جەنگ مرۆڤی ناسکۆڵەن، یان کۆمەڵە هیسترییەکان شەرم لە کارکردن دەکەن، ئەمەش دەبێتە هۆی لاوازکردنی ئەڵمانیا لە هەوڵەکەیدا بۆ بوژاندنەوەی هێز و توانای نەتەوەیی خۆی. بەم مانایە، بەلای زۆرینەی دەروونپزیشکانەوە، جەنگە مەزنەکە بوو بە بەشێکی دانەبڕاو لە شیکاردنەوەی وانەکانی مێژوو، بۆ ئەوەی بزانرێت لە ئایندەدا چۆن مامەڵە بکرێت. لە ناوەڕاست و کۆتاییەکانی سەدەی ڕابردوو، ئەم ستراتیژە یەکهاتەوە لەگەڵ ستراتیژی ڕژێمی نازیزم، ئەمەش هاوکاربوو لە ئامادەسازییەکی کارا بۆ جەنگی داهاتوو. سەرەتای جەنگ، وەختێک تێڕوانینی ئەڵمانی دەربارەی جەنگی غافڵگیریی سەرکەوتووانە بەرەو پێشەوە دەچوو، سەربازەکان  بەردەوام لە جووڵە و گواستنەوەدا بوون، چەندەها حاڵەتی دەروونپزیشکیی دەگمەن دەرکەوتن، بەڵام لە دوای ساڵی ١٩٤١ ـەوە، ئەوکاتەی سوپای ئەڵمانی لە مۆسکۆ وەدەرنرا، دۆخەکە گۆڕانی بەسەردا هات. لەمیانی جەنگی بەرگریکارانە و تاقەتپڕوکێندا، سەمپتۆمەکانی عوسابییەکان زیاتر بەدەرکەوتن. سیستەمی چارەسەریی ئەڵمانی شوێن‌پێی سیستەمی چارەسەریی جەنگی جیهانیی یەکەمی هەڵگرت، لەڕێی بەکارهێنانی بارگەی کارەباییەوە. ئەم سیستەمی چارەسەرە، بەزۆریی بەهۆی هاندان و بانگەشەکانی دەروونپزیشکی کۆڵۆنی فریدریک پانس (١٨٩٩-١٩٧٣)ـەوە، دووبارە بەکارهاتەوە. بەگشتی، تەواو پێچەوانەی جەنگی جیهانیی یەکەم، دەسەڵاتی سەربازیی ئەڵمانی لە جەنگی جیهانیی دووەمدا، زۆر بێبەزەییانە مامەڵەی لەگەڵ ئەو سەربازانە دەکرد کە تووشی کێشە دەروونییەکان هاتبوون. لە کۆتا مانگەکانی جەنگدا، سیستەمی دیسپلینی سەربازی، بوو بە سیستەمێکی کوێرانە و ستەمکار. سەربازە شڵەژاوەکان تۆمەتبار دەکران بە ترسنۆکی و هەڵهاتن لە ڕیزەکانی سوپا (سەرکردە نازییەکان و هێزی ئاسایشی تایبەت SS باسی لاوازکردنی هێزە سەربازییەکانیان دەکرد Wehrkraftzersetzung)، هاوکات بەبێ هیچ ڕێکارێکی یاسایی دەکوژران.

 

 

جەنگ و تراوما لە هەشتا و نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو

لە سەرەتای هەشتاکان و لەژێر کاریگەریی دەروونپزیشکی ئەمریکیی پاش جەنگی ڤێتنام، گوتاری پزیشکی سەرنجی دەخستە سەر تراوما دەروونییەکان (شڵەژانە پاش_تراوماییەکان)، لەگەڵ نیشانەی شەکەتییەکی نادیار. وەها دەردەکەوت، ئەم نەخۆشییانە لەکۆڵی ئەوروپا بوونەتەوە، کەچی لە جەنگەکانی بەڵکان و لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو «سیندرۆمی بەڵکان»[13] دەرکەوت. وەک «سیندرۆمی جەنگی کەنداو»_ چەشنێکی دیکە لە ئازاری سۆزداری و زەینی سەربازەکان کە لە بەریتانیای مەزندا بەفراوانی دانی پێدا نرا،_ ئەم سیندرۆمانە، لەلایەک دەگەڕێنەوە بۆ کاریگەرییە ژەهراوییەکانی ناو ژینگە وەک دەرمانی مێرووکوژ یان یۆرانیۆمی شیبووەوە لە تەقەمەنییە دژە زرێ‌پۆشەکان. لەلایەکی دی، چەند فاکتەرێکی دەروونیی دیکە لەبەرچاو دەگیرێت وەک «گولەی دۆست» (گولەی بەرەکەی خۆیان). لەڕاستییدا، کۆمەڵگەی پزیشکی بەفراوانی باس لە ڕێژەی تووشبوونی سەربازان و ئەم سیندۆرمە دەروونییانە دەکات. ساڵی ١٩٩٩، وەزارەتی بەرگریی بەریتانی پاڵپشتی توێژینەوەیەکی فراوانی کرد دەربارەی ئەو کێشە تەندروستییانەی ڕووبەڕووی هەزارەها سەربازی بەریتانی و خێزانەکانیان بووییەوە لە جەنگی کەنداودا. ئەم توێژینەوەیە، لەلایەن گرووپێکی توێژینەوەی « King's College London» ئەنجامدرا، سەبارەت بە شوێنەواری دڵەڕاوکێ زەینی و سۆزدارییەکانی جەنگ.

توێژەری ئەدەبیی ئەمریکی، ئیلین شواڵتەر، ڕاڤەیەکی نامۆی خستەڕوو بۆ سیندرۆمێکی زەینیی «نوێ»ـی پەیوەست بە جەنگ. شواڵتەر تیشکی دەخستەسەر پێویستییەکانی ئەو کەسانەی کێشەی تەندروستییان هەیە، لەگەڵ بایەخدانی جەماوەری و کاریگەرییە بێ‌ئەندازەکانی دەزگاکانی ڕاگەیاندن. ئەم سیندرۆمەی وەک هیستۆریس[14] وەسفدەکرد_ گێڕانەوەی هیستریین، پێش هەموو شت، پیشاندەری شوێنەوارە دەروون‌جەستییە نامۆکانە لای توێژێکی زیادبوونی دانیشتووان. لەڕووی مێژووییەوە، هێنانە ناوەوەی کاتیگۆرییە دەروونپزیشکییە نوێیەکان لە هەشتا و نەوەدەکاندا، ڕوونی دەکاتەوە هیچ ڕەگەزێکی گەردوونی یان تاکە ڕەگەزێک نامێنێتەوە لە مێژووی عوسابی جەنگدا. وا دیارە هەموو جەنگێک نەخۆشی دەماریی و دەروونیی تایبەت بە خۆی بەرهەم دەهێنێت. لێرەوە، ساویلکەییە ئەگەر بڵێین پزیشکی لە سەدەی بیستەم هەمیشە هەوڵیداوە بۆ پێشخستنی دەستنیشانکردن و چارەسەر لە بەڕێوەبردنی شوێنەوارە وێرانکەرەکانی جەنگ. لەبری ئەوە، گرنگە لێکۆڵینەوە مێژووییەکان قووڵتر بکرێنەوە سەبارەت مێژووی ئازارە زەینییەکان لە کۆمەڵگە ئەوروپییەکانی سەردەمی جەنگ و پاش جەنگ. دەشیت تیشک بخرێتە سەر گێڕانەوە و سیاقە جیاوازەکان جیاواز و دژییەکەکان سەبارەت بە «عوسابی جەنگ»، پەیوەست بە گێڕانەوە سیاسی و هەلومەرجە سەربازی و مانا کەلتووریی و کۆمەڵایەتییەکان.

 

 

 

 

ماڵپەڕى ئەنسکلۆپیدیا

و: شێروان ئیبراهیم

 

 

 

 

 

 


[1] War neuroses.

[2] Shell shock.

[3] traumatic neurosis.

[4] war hysteria.

[5] Symptom.

[6] Distress.

[7] Neurasthenia.

[8] pension neurosis.

[9] Sadistic.

[10] Psychosomatic.

[11] Psychopharmacology.

[12] Lack of Moral Fiber.

[13] Balkan syndrome.

[14] Hystories.

 

سەرچاوە:

 - https://www.encyclopedia.com/history/encyclopedias-almanacs-transcripts-and-maps/war-neuroses.

- https://psychoanalysistodays.blogspot.com/