A+    A-
(1,499) جار خوێندراوەتەوە

دووبارەکردنەوەی ناچاری لای فرۆید

 

 

 

 

 

 

 

 

ناچاری(compulsionهاندەرێکی[نەستەکییانەی] بەردەوام و جڵەونەکراوە بۆ دووبارەکردنەوەی ڕەفتارێکی ناعەقڵانی یان کردەیەکی دەروونی. ڕەفتارە ناعەقڵانییە باوەکان، وەک دەستشۆرین، پاککردنەوە، داواکردن، پشکنین، بەرکەوتن. کردە دەروونییە ناچارییەکان، وەک ژماردن، نوێژکردن، دووبارەکردنەوەی وشەکان بە بێدەنگی. کردە ناچارییەکان، پێویستە بۆ بەجێهێنانی چالاکییەکی و داوایەکی تایبەت و دژوار. ئامانجی رەفتارە ناچارییەکان و کردە دەروونییەکان، کەمکردنەوە و نەهێشتنی دڵەراوکێیە. هیچ چێژێک یان تێربوونێک لە ئەنجامدانی کردەی ناچاری بەدەستنایەت[1]. زۆرجار مرۆڤ هەست بە بێ ئیرادەیی و بێدەسەڵاتی دەکات لە ئەنجامدانی کردەی ناچاری، لەبۆ کەمکردنەوەی ئەو دڵەراوکێیەی کە رەپتە بە بیرکردنەوەی وەسواسی، وەک کردە ناچارییەکان جێگرەوەیەکن، ئەنجامدەدرێن بۆ رێگرتن لە رووداو یان دۆخێکی ترسناک. کردە ناچارییە توندەکان(وەک دەستشۆرین تا پێست سووردەبێتەوە، لەبەر کەمکردنەوەی ترسی وەسواسیانە لە پیسبوون) یان رەپتی بە بیری وەسواسی نیە، نیەتێکە بۆ نەکردنی.

دووبارەکردنەوەی ناچاری، مەیلێکی سەرەتایی و بۆماوەیی[2] نەستەکییە کە هاندەری مرۆڤە بۆ دووبارەکردنەوەی هەندێ کردەی دیاریکراو، بەتایبەت کردە ئازاربەخش و وێرانکەرەکان. دووبارەکردنەوەی ناچاری، لە لای دەروونشیکارە فەڕەنسییەکان گرنگییەکی زیاتری پێدەدرێت بەراورد بە دەروونشیکارە ئەمریکییەکان. فرۆید لە فەسڵی سێیەم و چوارەمی ''لەودیو پرەنسیپی چێژ[3]'' ساڵی 1920، تێگەی دووبارەکردنەوەی ناچاری، بەکارهێنا و کردییە بنەمای تیۆرە نوێکەی. لە دێری یەکەمی فەسڵی چوارەم، ئایدیاکەی وەکو «خەمڵاندنى تیۆرى[4]» خستەروو و بەم شێوەیە وەسفی کرد: ''هەوڵێکی فزووڵانەیە کە رێخۆشکەرە بۆ شوێنکەوتنی بیرۆکەکەمان، تا بگەین بە ئەنجامێک''(p.24). لە هەمان کاتدا، جەختی دەکردەوە، کە دەیەوێت «ئەزموونی شیکاری»، بکاتە بنەمایەکی بەهێزی تیۆرە نوێیەکەی؛ بە تایبەت ئەزموونی چارەسەرکردنی «عوسابی تراومایی[5]». لە کاتێکدا، نەست وەڵامی تراومایەکی دەرەکی دەداتەوە لەڕێی دووبارەکردنەوەی تراوماکەوە، دژیەکی درووستدەبێت، چونکە تراوما ئەزموونێکی ترسناکە. ئاگایی[بە ناچاری] پەنادەبات بۆ دووبارەکردنەوە، کاتێک ناواخنە ناخۆشەکانی نەست، دەردەکەوێت و هەرەشە لە هاوسەنگیی ئیگۆ دەکەن وەک گشتێک. بەم جۆرە، دووبارەکردنەوەی ناچاری لە سەرەتادا میکانیزمێکی بەرگرییە، هەوڵێکە بۆ یەکانگیرکردن و پێکەوەبەستنی ئەزموونە ناخۆش و نەویستراوەکان کە ناکۆکە لەگەڵ ئەزموونەکانی تر. فرۆید دووبارەکردنەوەی ناچاری وەک «کارکردی دەزگای دەروونی دەبینی کە پێچەوانەی پرەنسیپی چێژ، کارناکات، بەڵکو سەربەخۆیە لە پرەنسیپی چێژ و وا دەردەکەوێت، ئامانجەکەی زۆر سەرەتاییترە لەوەی بەدوای بەدەستهێنانی چێژ و دوورخستنەوەی ژانەوە بێت»(p.32). ئەو ورووژانە دەروونییەی دووبارەکردنەوەی ناچاری دەیخولقێنێت. . . زۆرجار لەڕووی تێکچوونی ئابورییەوە بە عوسابی تراومایی بەراورد دەکرێت(p.24). فرۆید پێی‌وابوو، دووبارەکردنەوی ناچاری، دیاردەیەکی گەردوونیی زاڵە کە بەشیوەیەکی گشتی جڵەوی ژیانی ئۆرگانیی مرۆڤ دەکات p.36)). تەنیا هۆکارێک دەبێتەهۆی گۆرانکاری و گەشەسەندن، ئەویش هۆکارە دەرەکییەکانن[وەک کەلتوور و سیستەمی کۆمەڵایەتی] وا ئۆرگانیزم[مرۆڤ] ناچاردەکەن خۆیان بگونجێنن لەگەل هەلومەرجی ژیانی نوێ. بەر مەبنای ئەم تێروانینە، ڕستە بەناوبانگەکەی دەنووسێت«ئامانجی هەموو ژیان، مەرگە»(p.38). ''بە ڕێگایەکی پێچەڵپێچی دوور و درێژ. . . ڕەوڕەوەی ژیان، دەمانبات بەرەو مەرگ...بەم جۆرە پێشکەشماندەکرێت لەگەڵ وێنەی دیاردەکانی ژیان''(p.39). پاڵنەرەکانی سەر بە نەست-یش، ملکەچی ئەم رێسایەن، ئەم ئامانجەی ژیان بەتەواوی نوقم دەبێت لە دووبارەکردنەوەی ناچاری کە حسێب بۆ کەلتوور و داواکارییە بی سنوورەکانی ناکەن، بە هەمان شێوە سێکسوالیتە و ماتەوزەکەشی. ''دواتر، تۆوەخانەکان دژی مردنی مادەی زیندوو[ئۆرگانی] کاردەکەن و سەرکەوتوو دەبن لە بەدەستهێنانی ئەوەی کە تەنها دەتوانین بەماتەوزەی نەمری، لێی بڕوانین''(p.40). وا گریمانەدەکرێت ئەم تۆوەخانا‌‌‌‌‌نەی مرۆڤ، دەبنە سەرچاوەی بیرۆکەی دواتری فرۆید، پێیدەوت «پاڵنەرەکانی ژیان»، لە کاتێکدا دووبارەکردنەوەی ناچاری، بە شێوەیەکی بنەڕەتی پەیوەستە بە «پاڵنەری مەرگ»ـەوە. دواتر فرۆید هەوڵێکی بەردەوامی دەخستەگەڕ بۆ دەوڵەمەندکردنی ئەم بیرۆکە نوێیە. دیاردەی گواستنەوەی پۆزەتیڤ[6] بووە پاڵپشت بۆ چەسپاندنی ئایدیای دووبارەکردنەوەی ناچاری کە دەکرێت بسەلمێنرێت، بەهێزترە لە پرەنسیپی چێژ، ئەمەشی ڕوونکردۆتەوە لە وتاری ''کۆمەلە تێبینیەک لەبارەی تیۆر و پراکتیکیی لێکدانەوەی خەونەکان[7]'' [خودی دووبارەبوونەوەکە، بەبێ گوێدانە چێژوەرگرتن و دوورخستنەوەی ئازار، دەلالەتە لە خواستێکی قووڵتری مرۆڤ وا پرەنسیپی چێژ ناتوانێ جڵەوی بکات]. لە وتاری ''توێژینەوەیەک لە بارەی ژیانی شەخسی[8]''(1924)، فرۆید دەنووسێت: «خەسڵەتە بنچینەییە کۆنەپارێزەکەی پاڵنەرەکان، لەرێی دووبارەکردنەوەی ناچارییەوە، دەردەکەوێت»(p.57). لە ''شارستانیەت و نیگەرانییەکانی[9]''(1929)، روونی دەکاتەوە کە دووبارەکردنەوەی ناچاری، بەشێکە لە بەرگری ئید[10] و لە 1930 روونی دەکاتەوە بۆچی چەمکی «ئۆتۆماتیزم[11]»ـی پێ گونجاوە بۆ دووبارەکردنەوەی ناچاری. لە کارەکانی دواتری، فرۆید جەختی لەسەر تایبەتمەندی وێرانکەریی دووبارەرەکردنەوەی ناچاری دەکردەوە. لە ''سەرەتایەکی نوێ لە دەرسگوتاری دەروونشیکاری[12]''(1932) دەنووسێت: «ئێستا باوەڕمان وایە، پاڵنەرەکان بەسەر دوو دەستەدا دابەشدەبن- پاڵنەرەکانى ژیان(ئیرۆس)، هەوڵدەدەن بۆ یەکخستی زیاتری مادەی زیندوو بۆ پێکهێنانی یەکەیەکی گەورەتر، پاڵنەرى مەرگیش بەپێچەوانەی ئەم هەوڵە دەبێتەهۆی جیابوونەوە و پارچەکردنی مادەی زیندوو و گەرانەوەی ژیان بۆ دۆخی نائۆرگانی(عەدەم)». بەرکەوتن و دژایەتیی ئەم دوو هێزە، جڵەوی دیاردەکانی ژیانی مرۆڤ دەکەن کە بە مەرگ[13] کۆتاییدێت(p.107). بەم جۆرە، دووبارەکردنەوەی ناچاری دەبێتە هاوتای ئەنگێزە(هاندەرە) وێرانکەرەکان. لە کۆتایدا، فرۆید ڕەپتی دەکاتەوە بە ماسۆشیزمی سەرەتایی، تێیدا سوبێکت توندوتیژی و شەرەنگێزی هەلدەگێرێتەوە بۆ سەر خۆی، بەم شێوەیە لیبیدۆی خۆی[14] ملکەچ دەکات و هەوڵێکی ناکۆتا دەدات تا شێوازێکی دیاریکراوی خۆئازاردان دووبارەبکاتەوە، ئەمەش بەپێی ئەو ئەزموونانەی وا ریشەی داکوتاوە لە قووڵایی سوبێکت. فرۆید، «دووبارەبوونەوەی ئەزموونی خۆئازاردانی تیۆریزە کرد وەک رێگەیەک بۆ بەرگەگرتن و هەڵهاتن لە هەست بە تاوانکردن (ئازاری ویژدان)». سوبێکت لەرێی دووبارەکردنەوە، مەیل و ئارەزووی بۆ وێرانکاری یان ئازارچەشتن، دەردەبڕێت و ئەمەش هەستی  تێربوونێکی زۆردارانەی[15] پێدەبەخشێت. هەموو ئەمانە لە ماوەیەکی کورتی ئەو دۆخە روودەدات وا تاکەکەس هەستکردنی بە واقیع لەدەستداوە[سنووری نێوان عوسابی و دەروون پەشێوی نامێنێت، سوبێکت دەچێتە نێو بازنەی دەروونپەشێوی]. لە دەقە باناوبانگەکەی''شیکاریی کۆتا و ناکۆتا[16]''(1937)، فرۆید گەورەترین ڕەشبینی خۆی ئاشکرا دەکات، بە ئاماژەدان بەوەی ''لەجیاتی جڵەوکردن و رێکخستنی هەمیشەیی داواکانی پاڵنەر لەرێی شیکارییەوە. . . . مەبەستمان لە شتێکی ترە، شتێک بە نزیکەی وەسفدەکرێت بە ڕامکردنی پاڵنەر'' (p.224-225). لەسەر بنەمای دابەشکارییەکەی نێوان غەریزە(پاڵنەر)ی ژیان و مەرگ، بیرۆکەی دووبارەکردنەوەی ناچاری بووە کێشە و دەروونشیکارانی دابەشکرد بۆ دوو بەرەی جیاواز. سەرەنجام، بەچەند رێگەیەکی جیاواز، دووبارە لێکدانەوەی بۆ کراوە، دیارترینیشیان، لێکدانەوەی ژاک لاکانە کە دووبارەکردنەوەی ناچاری بە یەکێک لە چوار چەمکە سەرەکییەکەی دەروونشیکاری، دادەنا، لەگەڵ نەست، گواستنەوە و پاڵنەر. لاکان دووبارەکردنەوەی ناچاری، کردە سەرچاوەی جیاکاریی نێوان ژویسانس[17] و چێژ، بەم پێیە «ژویسانس دەکەوێتە ئەودیو پرەنسیپی چێژەوە، وەکو ئارەزوویەکە کە بەرهەمی دووبارەبوونەوەی خراپترینە لە زۆری ‌دا». ژان لاپلانش، بەپێچەوانەوە، جەختی لەوە دەکردەوە کە ''دووبارەکردنەوەی ناچاری و پاڵنەری مەرگ، بەهیچ جۆرێک هاوتای یەک نین''، هەروەها دەیوت: ئەوە نامەی ئەویترە کە تراوماییە، دووبارەکردنەوە یەکەم رێگە بۆ واتاپێدانی. چەمکی دووبارەکردنەوەی ناچاری، تیۆرە فرۆیدییەکەی سەراو ژێر کرد. پاڵنەری مەرگی هێنایە نێو دەروونشیکاری، رێگەی کردەوە بە ڕووی دووەم تیۆری پاڵنەرەکان، بووە هۆی گۆرانکاری لە پراکتیزەی کلینیکی و تەکنیکی شیکاری کە تا ئێستاکەش لە سەدەی بیست و یەک بەردەوامە. دەروونشیکاران، چیتر بایەخێکی زۆر نادەن بە لێكدانەوەی هێمای لەدەمدەرچوونەکان یان خەون یان چارەسەری سەمپتۆمێکی دیاریکراو، لە جیاتی ئەوە هەوڵییان دەدا، دەریچەیەک بۆ وەستاندنی کاتی رەفتارە دووبارەبووەکان بدۆزنەوە؛ بە کردنەوەی لارێیەک لەبۆی. لە گۆشەنیگای تیۆرییەوە، گەشەکردنی تێگەی دووبارەکردنەوەی ناچاری و ئەو گۆرانکارییە بەردەوامەی بەسەریداهاتووە لە بیرکردنەوەی فرۆید دا، گرنگییەکی لەوە زیاتری وەرگرت وا پێشبینی‌دەکرا. لە لێکدانەوەی سەرەتایدا، رۆڵی سەرەکی دووبارەکردنەوەی ناچاری بریتیبوو لە مەیلەکانی پاراستنی دەروونی، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بە رووی هەرشتێک کە رەنگە مەترسیدار بێت بۆ دەروون. تەنیا لە قۆناغی دووەم، فرۆید جەختی لەسەر خەسڵەتە غەریزی، ناچاری، بونیادییەکەی دووبارەکردنەوەی ناچاری دەکردەوە و دیوە بنچینەییە ویرانکارییەکەی ئاشکراکرد. ئەم گۆرانکارییانە کێشەدارن، بۆ گەیشتن بە ئەودیوێک[یەقینێک] لەو دەرەنجامە دژیەکانەی وا لاکان و لاپلانش، دەیخەنەروو، دەبێت سەلەنوێ بگەرێنەوە بۆ گوتەزایەکی فرۆید لە وتاری مێتاسایکۆلۆژیا 1915 بەم پێیە، هەموو غەریزەکان(پاڵنەرەکان) بەشێوەیەکی بنەرەتی چالاکن[18]، ویستهەڵگر و ڕێسامەندن، ئەمانەش تایبەتن بە سوبێکت. سەرباری ئەمەش، سوبێکت لە پەیوەند بەوانی ترەوە بوونی[19] هەیە و بەرهەمی پەیوەندییەکانە. سوبێکت ئەوە دووبارە دەکاتەوە وا ناوهاوێژی کردووە لە ئەوەڵین پەیوەندییەکانی[20]، لە پێناو چالاکانە سەرکێشیکردن بەو ئەزموونە زیندووە سەرەتایانەی کە بە هەموو واتایەک ماتەوزەی کردەکی‌بوونەوەی[21] تێدایە. دووبارەکردنەوە، دەبێتە ئۆتۆماتیزمێکی پەتی، سادە و وێرانکەر ئەوکاتەی وا بەتوندی رووبەرووی بەربەستەکانی ژیان دەبێتەوە. دواتر سوبێکت بەتەواوی کۆنترۆڵی بەسەر دووبارەکردنەوە نامێنێت و دەبێتە دیلی ویستە ناچارییەکەی.

 

 

 

ماڵپەڕى ئەنسکلۆپیدیا

و. دانا محەمەد

 

 

 

 

 

سەرچاوە بەکارهاتووەکانى بابەتەکە:

Freud, Sigmund. (1920g). Beyond the pleasure principle. SE, 18: 1-64.

——. (1923c [1922]). Remarks on the theory and practice of dream-interpretation. SE, 19: 107-121.

——. (1925d [1924]). An autobiographical study. SE, 20: 1-74.

——. (1930a [1929]). Civilization and its discontents. SE, 21: 57-145.

——. (1933a [1932]). New introductory lectures on psychoanalysis. SE, 22: 1-182. Freud, Sigmund. (1937c). Analysis, terminable and interminable. SE, 23: 209-253. Lacan, Jacques. (1964). Position de l'inconscient. In his Écrits. Paris: Seuil, 1966.

——. (1978). The seminar of Jacques Lacan. Book 11: The four fundamental concepts of psychoanalysis (Alan Sheridan, Trans.). New York: W. W. Norton. (Original work published 1973) Laplanche, Jean. (1980). Problématiques II: Castration, symbolisations. Paris: Presses Universitaires de France.

 

 

 

 

 

 

 

پەراوێزەکان:


[1] . ئەم خاڵەى ناو نوسینەکە زۆر دەقیق نیە و پرسى چێژ لە کردەى ناچارییدا لەلاوە بەدەستدێت- و

[2][2] فرۆید دەیوت: بۆماوەییانە ویستی مەرگ لە خانەکانی لەشی مرۆڤ هەڵگیراون و پاڵنەری مەرگ ریشەیەکی بایلۆژی هەیە کە دووبارەکردنەش، دەرکەوتەیەکی بنەرەتیەتی. چەمکی apoptosis لە بایلۆژیادا کە بەواتای لەناوبردنی خۆویستانەی خانەکانە لە لایەن خۆیانەوە، ئەمەش پالپشتێکە بۆ بۆماوەیبوونی پاڵنەری مەرگ، بایلۆژیستەکان بەشیکیان لەگەڵ ئەم بۆچوونەن و بەشیکیان رەتی دەکەنەوە.

[3] Beyond the pleasure principle

[4] speculation

[5] Traumatic neurosis

[6] گواستنەوەی نەستەکیانەی عەشق و خۆشەویستیە چەپێنراوەکانی سەردەمی مناڵیە بۆ کەسێکی تر، بەدەیان فۆرم دەردەکەوێت و هەمیشە دووبارە دەبێتەوە، وەک گواستنەوە لە نێوان نەخۆش و دەروونشیکار، عاشق و مەعشوق ، عاریف و مورید- و.

[7] Remark on the theory and practice of dream interpretation

[8] Autobiographical Study An

[9] Civilization and its discontent

[10] ئید، سرووشتێکی وێرانکەر، جڵەونەکراو و  ئەهریمەنی هەیە، بۆ بەدیهێنانی خواستەکان و ئارەزووەکانی، دایم لە ململانێدایە لەگەڵ ئیگۆ.  دووبارەبوونەوەش، بەرگریی ئیدە دژ بە ئیگۆ کە میکانیزمەکانی بەرگریی ئیگۆ ناتوانن جڵەوی بکەن.

[11] چەمکێکە لە فیسیۆلۆژی وەرگیراوە، بەواتای جووڵەی خۆبەخۆی جەستە دێت بەبی ئەوەی ئاگایی کۆنترۆڵی بکات، وەک هەناسەدان. لە دەروونناسییدا، بە واتای ئەکتی خۆنەویستانەی و دووبارەبووی  مرۆڤە بەهۆی ویستێکی دەروونی و غەریزی

[12] New introductory lecture to psychoanalysis

[13] بەپێی فرۆید، مەرگ بەرەنجامی سەرکەوتن و گەیشتنە بەو مەرامە کۆنەی وا پاڵنەری مەرگ عەودالێتی، پاڵنەری مەرگ بە پشوودرێژی و بەرێگای پێچەڵپێچ دەگات بە ئامانجەکەی خۆی

[14] وزەی دەروونی مرۆڤە کە ماهیەتێکی سێکسی هەیە، لە دابەشکاری دوایینی فرۆید سەر بە ئیرۆسە (غەریزە یان پاڵنەری ژیان)

[15] سوبێکت، کاتێک ناتوانیت بە ئاشکرا ئەنگێزە شەرانگێزییەکانی ئاراستەی ئۆبێکتەکان بکات ئەوا فەنتازیای دەکات و لە فەنتازیاکانی دا، شەرانگێزییەکانی دەرهەق بە ئۆبێکت خالی دەکاتەوە و ئەمەش کەمێک ژانی کەم دەکاتەوە، بەڵام سوپەرئیگۆ هەست بەتاوانکردن لە سوبێکت دەچێنێت و سەرلەنوێ ژان پەیدادەبێت، ئەمەش وادەرەکات، سووڕی دووبارەکردنەوە بەردەوام بێت

[16]  On terminable and interminable

[17] Jouissance: وشەیەکی فەرەنسییە و لای لاکان بەواتای زیادە-چێژ دێت. هەرکات سنوری چێژمان بەزاند، ئەوا چێژ دەبێتە ژان. واتە ژویسانس ئەو رووبەرە ترسناک و بە ئازارەی ئەودیوی چێژە ئاساییەکەیە. سەرچاوە: ئۆبێکتی باڵای ئایدۆلۆژیا وەرگێرانی وەلید عومەر

[18] غەریزەکان پێکەوە کاردەکەن و پێکەوە دنەی دەروون دەدەن، چەند ئارەزوویەکی جیاواز بۆ سوبێکت دەخولقێنن، نموونەی دیاریش بۆ ئەمە: سادیزم و ماسۆشیزمە کە تێکەڵەیەکە لە غەریزە سێکسی و شەرانگێزی

[19] exist

[20] دووبارەکردنەوەکانی مرۆڤ زۆرێکیان ریشەیان دەکەوێتە مناڵییەوە، چەشنی گەمەی کچەزاکەی فرۆید کە  کە لە رێی یارییەکەوە، رۆییشتن و گەرانەوەی دایکی دەنواندەوە یان گواستنەوەی (عەشق، رق)ـی مناڵی بۆ دەروونشیکار لە کاتی  شیکردنەوەی دەروونی.

[21]«ئەو دووبارەبوونەوەیەی وا  چێژ دەخولقێنێت، خۆی هەڵهاتنە لە غیابێکی بنەرەتی و ناخۆش. یان ئێمە چالاکانە، پاسیڤبوون دووبارە دەکەینەوە. ئەکتیڤێتیی گەمە خۆی لە بنەرەتدا پاسیڤێتیی ئەزموونە» سەرچاوە: پێشەکیی "لەودیو پرەنسیپی چێژەوە"، وەرگێرانی: وەلید عومەر

 

 

 

سەرچاوە:

https://www.encyclopedia.com/