A+    A-
(1,301) جار خوێندراوەتەوە

 

               دێریدا چیمان پێ‌دەڵێت؟

 

               

 

                مایک سەتن

                و. شکار وەفا

 

 

 

 

 

بیرکردنەوە کیشوەرییەکانی:

ژاک دێریدا (1930-2004) فەیلەسووفێکە هەمووان ناویان بیستووە، بەڵام زۆر کەمن ئەوانەی کە شارەزا نین و بتوانن لێی تێبگەن؛ وەک دەڵێن "زۆرن ئەوانەى خۆیان لە قەرەی دەدەن، بەڵام کەمن ئەوانەى تێى‌دەگەن".

بۆچوونەکان لەبارەی دێریداوە زۆر و هەمەجۆرن، هەندێک پێیان‌وایە یەکێکە لە مەزنترین فەیلەسووفەکانی سەدەی بیستەم، هەندێکی تر پێیان وایە لە قۆڵبڕێک زیاتر نەبووە. لە ناوەندی حەفتاکاندا دیبەیت و مشتومڕێکی توند و نائاسایی لەگەڵ جۆن سێرڵ فەیلەسووفی ئەمریکی دیاری بواری زمان ئەنجام دا. لە ساڵی 1992 نزیک بوو پلەی دکتۆرای فەخریی کامبریج ڕەتبکاتەوە، ئەویش بەهۆی بەرهەڵستیی هەندێک لە فەیلەسووفە دیارەکانی ئەوکات، چونکە پێیان‌وابوو دێریدا کەسێتییەکی مشتومڕسازی هەیە. هۆکاری قورسیی دەق و تێکستەکانی دێریدا خۆی لە خۆیدا پرسێکی گرنگ و جێی سەرنجە. یەکێک لە هۆکارەکان نەناسراوی کۆنسێپت(چەمک)ـەکانییەتی.

یەکێکی تر لە هۆکارەکان نیگەرانی و قەلەقی بووە لەوەی ئەو عیبارات و گوتەزایانەی کە مەعریفەیەک دەسەلمێنێن خۆیان هەمیشە پێویستیان بە مەعریفەیەکی تر هەیە. وەک هیڵاری لاوسن لە کتێبە نایابەکەیدا (ڕەنگدانەوە یان ڕوولەخۆیەتى: تەنگژەکانی پۆست-مۆدێرن) دەڵێت، "ئەو شتانەی کە لێیان دڵنیاین لەڕێگەی تێکست زمان و سیستەمی هێماکان دەردەبڕین، کە بێلایەن نین. کەواتە هیچ شوێنێک بۆ دڵنیایی نییە."

دێریدا ویستوویەتی خۆی بەدووربگرێت لەو گوتەزا و عیباراتانەی کە یان بەندن بە واتایەکی چارەسەرکراوی زمانەوانییەوە یان لەسەر بانگەشەی پشتڕاستنەکراوە بنیاتنراون.

کەواتە دێریدا هەوڵدەدات چیمان پێ بڵێت؟

 

 

کێشەی لۆگۆسەنتەریزم:

دەمەوێت بە سەرنجدان لە بەشی یەکەمی کتێبەکەی (لە گراماتۆڵۆجی) وڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە، کە باوەڕم وایە ئەمە کلیل و دەروازەی هەموو تێگەیشتنەکانمان دەبێت بۆ نووسینەکانی.

دێریدا پێشەوایەتییەکەی لە زمانەوانی سوویسری فێردیناد سوسێر وەرگرتەوە، کە باوەڕی وابوو وشەکان واتا لە وشەکانی ترەوە دادەتاشن، ئەو واتایانەش کار لەسەر جیاوازییەکان دەکەن نەک چوونیەکییەکان. بۆنمونە، تێبینی دەکەین کە سێگۆشە جیاوازە لە چوارگۆشە. هیچ کامیان وەک شێوەیەکی ستانداردی چەسپاو و کۆتایی لە مێشکماندا نین و پەیوەست نین؛ لەبری ئەوە ئێمە لە ڕێگەی جیاوازییەکانیانەوە دەیانناسینەوە. بە هەمان شێوە، هیچ ستاندارد و میعیارێکی ئاڵتونی شکنابەین تا لە ڕێگەیەوە شوێن واتای وشەکان بکەوین. ئەگەر بمانەوێت واتای وشەیەک بزانین سەیری فەرهەنگی وشەکان دەکەین و، دەبینین بە وشەی تر پێناسەی چەمکێکی دیاریکراو کراوە و ناسێنراوە.

ئەگەر بمانەوێت واتای وشەکانی تریش بزانین، بە هەمان شێوە دەبێت بە دوایاندا بگەڕێین، بەم شێوەیە ئەم پرۆسەیە تا ناکۆتا بەردەوام دەبێت، یان هیچ نەبێت تا دەگەین بەو وشانەی کە پێمانوایە تێیانگەیشتووین. بەڵام هیچ پەیوەندییەکی سرووشتی نییە لەنێوان وشە (سوسێر بەمەی گوتووە دال-Signifier، بۆنمونە وشەی "سەگ") و ئایدیا یان ئەو وشەیەی کە بۆچەمکی گشتی و واتای "سەگ" بەکاردەهێنرێت کە مەدلولە- Signified. هێما و نیشانەکان بەهۆی پەیوەندیی نێوان دال و مەدلولەوە پێکهاتوون و درووستبوون. پەیوەندیی نێوان دال و مەدلولەکان نۆرم و ڕێسایەکە بە درێژایی کات درووستبووە، لە گەشەکردنیش بەردەوام دەبێت و، بێگومان لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی تریش جیاوازە.

بۆ فێربوون و ئاشنابوون بەو لینک و بەستەرانەی نێوان زمانەکان، دەبێت لە واتای وشەکان تێبگەین، دەبێت فێری ڕاهێنان ببین. نوسین، بەتایبەت نووسینی فەلسەفی، زۆرجار هەوڵێکە بۆ کەمکردنەوەی واتاکانی ڕستێک لە پێناسەی زۆر و تێکەڵ؛ ئەو تەعریف و پێناسانەش بەندن بە دال و پەیوەندییان بە مەدلولەوە. هاندەری ئەمەش ئارەزووە بۆ گەیشتن بە چەق و کرۆکی تێگەیشتن. کە دێریدا ئەم جۆرە لە ئارەزووی ناوناوە (لۆگۆسەنتەریزم-Logocentrism)، کە بەو واتایە دێت، ئامانجەکە گەیشتنە بە لۆگۆس، کۆتا پێناسە، کە ڕەنگە پێشی بگوترێت مەعریفەی ڕاست و درووست. لۆگۆسەنتەریزم ڕاستەوخۆ بووە دژی فۆنۆسەنتەریزم. کە قوتابخانەیەکی فەلسەفیی ڕۆژئاواییە و ئیعتیمادی لەسەر قسەیە وەک لە نوسین. سۆکراتیش هەرگیز کتێبی نەنوسیوە؛ لەبری ئەوە لە فرۆشگا و شوێنە گشتییەکاندا مشتومڕی لەگەڵ خەڵکیدا دەکرد. فەیلەسووفەکانی دواتریش، لەناویاندا ئەرستۆ، قسەی کرد بە پاڵەوان بەسەر نوسینەوە و لەپێشترێتیی پێدا. قسەکردن بە جۆرێک نزیکترە لە بیرکردنەوەی کەسی قسەکەر. دێریدا لە کتێبەکەیدا (گراماتۆڵۆجی) ئارگومێنت دژ بەم بە لەپێشترێتییەى قسەکردن دەخاتەڕوو. پێویستناکات بە چڕی بڕۆمە ناو ئەم ئارگیومێنتەوە، بەڵام دەمەوێت ئیقتیراح و پڕۆپۆزەڵی دێریدا لەمەڕ لێکدانەوەی تێکست بخەمەڕوو.

فەلسەفە لە ڕێگەی زمانەوە کاردەکات، ئەمە بەردەوام دەبێتەهۆی ئەوەی لۆگۆس سەنتەر بێت و زاڵ بێت و کۆنسێپتەکان واتایەکی جێگیریان هەبێت. بەڵام چونکە دال (وشە) و مەدلول (واتای وشە) لەوە سەربەخۆترن کە ئێمە بیری لێ دەکەینەوە، بۆیە هەمیشە ناگەین بە واتایەک کە جێگیر و پشتپێبەستراو بێت، بۆیە هەمیشە دەق و تێکستەکان زیاتر لە واتایەکیان هەیە. بۆ نموونە وشەی "دادپەروەری". وشەکە دەلالەتە لە چەمکێکی ئەبستراکت. لەگەڵ ئەوەشدا چەمکی دادپەروەری پەیوەندیدارە بە دامەزراوەکانی داد - دادگا و پۆلیسەوە. سکاڵاکارێک دادپەروەری دەوێت (دادپەروەری ئەبستراکت)، دەڕواتە دادگا و لەوێ بەدوای ئەم دادپەروەریەدا دەگەڕێت، ئەگەر بڕۆینەوە ناو واتا ئەبستراکتەکەی چەمکی دادپەروەری و ئەو دادپەروەرییەی کە دادگا مامەڵەی لەگەڵ دەکات، ئایا ئەم دوو دادپەروەرییە وەک یەکن؟ واتاکەی بەردەوام لە گەشەکردندایە و کۆنسێپتی دادپەروەریش دەگۆڕێت: پێش ئەوەی چەمکەکە بڕواتە دادگاکان، چەمکی دادپەروەری لە مێشکی زۆربەی خەڵکیدا واتایەکی جیاوازی هەبووە. لەلایەکی ترەوە، لەمڕۆدا یەکێکی تر لە واتاکانی کۆنسێپتی دادپەوەری لە مەفهومی دامەزراوە و موئەسەسەدا بۆ زاڵبوون و دەستبەسەردا گرتنە. هەروەها ئەم نەرمی و مرونەتە بەو واتایە دێت کە دەکرێت دەقەکان زیاتر لە لێکدانەوەیەکیان هەبێت. پیتەر بێنسن نموونەیەکی جوانی لەسەر ئەم بابەتە هێناوەتەوە و دەڵێت: مەسیحییەکانی سەدەکانی ناوەڕاست بەو شێوەیە لە ئینجیل تێگەیشتبوون کە چوار ڕێگە هەیە بۆ خوێندنەوەی هەر پارچەیەکی دەقەکە: خوێندنەوەی پیتی، تەفسیری ڕۆحی بۆ دەقەکە Anagogic، تایپۆلۆجی، تەفسیر بۆ هێما و ڕەمزەکانی ناو ئینجیل Tropology. ئەم نەریتە لە لێکدانەوە و تەفسیر بۆ دەقەکان لەلایەن فەندەمێنتاڵەکانەوە دژایەتی دەکرا، کە هەوڵیان دەدا واتایەک بەسەر هەموو وشەکاندا بدەن و فەرزی بکەن و وەک دوا واتا لێی بڕوانن... هەر بۆیە فەندەمێنتاڵیزم دەرخەر و نیشاندەری "مێتافیزیکی ئامادە"یەە (Metaphysics of presence). بە تێگەیشتی دێریدا، ئەمە تووشی هەڵە تێگەیشتنمان دەکات بەرامبەر بە سرووشتی زمان."

 

 

مێتافیزیکی ئامادە(حزوور)ـی دێریدا:

لە کتێبی (گراماتۆڵۆجی) دێریدا دەستەواژەیەکی گرنگ دەناسێنێت کە "مێتافیزیکی ئامادە"یە. دێریدا مەبەستی لەم دەستەواژەیە چییە؟

لۆگۆسەنتەریزم هەمیشە و دەستبەجێ پاڵپشتی یەقین و دڵنیاییە ئامادەکان دەکات و پەسەندیان دەکات. ئەمە شتێکە کە فەیلەسووفانی ڕۆژئاوا هەمیشە ئەنجامیدەدەن، بەتایبەت بیرمەندانی مێتافیزیک. بێگومان، هەموومان بەدوای یەقینەوەین: دەمانەوێت بزانین خودا چییە، دەمانەوێت بزانین چاکه چییە، هەبوون چییە، بۆچی ئێمە لێرەین.. لەگەڵ ئەوەشدا، پشت بە زمانێک دەبەستین تا لە ڕێگەیەوە وڵامی ئەو پرسیارانەمان دەست بکەوێت. کەلتوری فەلسەفەی ڕۆژئاوایی بە شێوەیەکە کە دەیەوێت دەرگیری حەقیقەتی ئۆبێکتی ببێت، لەو دۆخەی کە تێیدایە داوای یەقین دەکات؛ بۆیە بۆ بەدەستهێنانی ئەوە به تەواوی پشت بە پەیوەندی نێوان دال و مەدلوول دەبەستێت، لەناو تێکستەکاندا پشت بە وشەکان و واتاکانیان دەبەستێت - وشەگەلێک کە میعیار و ستانداردێکی جێگیریان نییە بۆ واتاکانیان، بەڵکو خۆیان بە وشەگەلی تر پێناسە کراون. بۆیە ئەمە بووەتە کێشە بۆ دەق و تێکستە مێتافیزیکییەکان، کە واتایەکی جێگیر و دیاریکراویان نییە. دێریدا تێزەکەی وردتر و چڕتر دەکاتەوە و دەگات بەوەی کە مێتافیزیک نەک بە تەنها بەدوای تەفسیر و لێکدانەوەیەکە بۆ ئێستا، بەڵکوو بەدوای دالە ترانسندێنتاڵییەکانەوەیە - بەدوای ئەو کۆنسێپتانەدا دەگەڕێت و دەیانخوازێت کە کۆنترۆڵی ڕابردوو و داهاتوو، نزیک و دوور، لێکچوو و لێکنەچوویان پێ دەکرێت. ئەم کۆنسێپتە مێتافیزیکیانەش لێکنەچوو و لە یەکتری بچڕاون و پەیوەندیی لەنێوانیاندا نییە، لەسەر حسابی گۆڕان و جیاوازییەکان ئەولەویەت بەوە دەدرێت ئێستا هەیە و لێکچووی ئەو ئێستایە.

هەمیشە دەمانەوێت پێناسەی خودا، چاکە و بوونی خۆمان بکەین، لەگەڵ زۆر شتی تریش کە ئیحتیمالی ئەوەیان هەیە پێناسە بکرێن، پێناسەیەکی حەتمی و دڵنیای ئەو شتانەشمان دەوێت، هەروەها دەمانەوێت تا بکرێت بە کەمترین وشە پێناسەیان بکەین، بەڵام ناتوانین! بۆیە ئەو وشانە کێشەن لەناو مێتافیزیکدا، بەردەوام پێویستیان بە تەفسیری نوێ هەیە. ڕەنگە فەیلەسووفەکانیش ئاگاداری ئەم بابەتە بن.

پڕاگماتیستی ئەمریکی ڕیچارد ڕۆڕتی لە وتارێکدا بەناوی "فەلسەفە وەک جۆرێک لە نووسین: وتارێک دەربارەی دێریدا" ئاماژەی بەوە کردووە زاناکان چەند وشەیەکی کەم بەکاردەهێنن بۆ باس و شەرحی ئەو ئەنجامەی کە لە تاقیکارییەکانیاندا پێی گەیشتوون. ئەوە فەیلەسووف و لێکۆڵەرەوەکانن کە ئەستەمە بەو شێوەیە بتوانن بگەن بە ئەنجامێک، بەردەوام پێویستیان بە نووسین و نووسینەوە هەیە، پێویستیان بە پێداچوونەوە و دووبارە لێکدانەوە و تەفسیری کێشەکان هەیە، بەتایبەت بیرمەندانی بواری مێتافیزیک. ڕۆڕتی دەڵێت، "ئەم شێوازە نەریتێکی کانتییە، کە گرنگ نییە چەند دەنووسیت، پێویست ناکات لە فەلسەفەدا زیاتر لەوە بنووسرێت کە زانستدا دەنووسرێت. نووسین پێویستییەکی ناچارییە؛ مەبەست لە نووسین نیشاندانە، خستنەڕووە، سەلماندنە، بۆ ئەوەیە وا لە کەسی قسەکەر بکات بوەستێت و چاو ببڕێتە دونیا...

کەچی لە زانستدا دەبێت ئەو وشانەی دەنووسرێن تا بکرێت کەم و ڕۆشن بن و دووربن لە لێڵییەوە."

ڕەنگە کەسێک بڵێت، "جا چییە"؟ هەمووان دەزانن زاناکان ئەزموون و تاقیکردنەوەکانیان دەنووسنەوە، فەیلەسووفەکانیش وتار و مەقالە دەنووسن، ئەو نووسینانەش دەکرێت بە چەندین شێوازی جیاواز لێکدانەوە و تەفسیریان بۆ بکرێت. بەڵام بابەتەکە زۆر لەوە چڕترە. دێریدا ڕەخنەی ئەوەی لە مێتافیزیک گرتووە کە نەبووەتە سنوورێک بۆ ئەو پەیوەندییە لەرزۆک و شلۆقەی کە لەنێوان دال و مەدلوولدا هەیە.

دێریدا بەوە بەناوبانگە کە داهێنەری "هەڵوەشاندنەوەگەرایی-Deconstruction"ە.

 

 

تەفسیر و لێکدانەوەی هەڵوەشانەوەگەرایی

دەق و تێکستەکان پڕن لە واتا، واتاکان زۆر زیاترن لەو لێکدانەوە و تەفسیرانەی کە بۆ وشە و کۆنسێپتەکانی دەقێک دەکرێت. هەروەها ڕەخنەگرەکان جیا لە تەفسیر و لێکدانەوەکانی تر حەزیان بەوەیە تەفسیر و لێکدانەوەی جیاوازیش بۆ دەقەکان بکەن، دەقەکان واتای شاراوەیان تێدایە کە نوسەر مەبەستێکی تێدا نەبووە و بوونی ئەو واتا شاراوەیە پلان بۆ داڕێژراو و بە ئامانچ نەبووە.

هەڵوەشاندنەوەگەرایی هەوڵێکە بۆ دەرخستن و پەردە لادان لەسەر ئەو واتا شاراوانە. وەک دێریدا لە کتێبی (گراماتۆڵۆجی) ئاماژەی پێداوە، ئامانجەکانی هەڵوەشانەوەگەرایی ئەوەیە "لە ڕێگەی چەخماخە و ڕووناکییەکی بێ‌ناو و نەناسراوەوە، لەپشت سنوردارێتی و بەربەست و داخراوێتییەکانه‌وە، درز بدۆزێتەوە و ئاشکرای بکات." گرنگە ئاماژە بەوە بدەین کە هەڵوەشاندنەوەگەرایی، کە دێریدا خۆی کۆنسێپتوالیزەی کردووە، میتۆد نییە، ڕێگەیەکی ڕوون و دیاریکراوی نییە تا کاری لەسەر بکەیت یان جێبەجێی بکەیت. لەبری ئەوە، ڕێگەیەکە بۆ خوێندنەوەی دەق و تێکستەکان بەشێوەیەک کە هەمیشە بیانخەیتە ژێر پرسیارەوە، هەمیشە بپرسیت: ئەمە خوڵاسەیە و کرۆکە و زیاتر لەمە ناڕوات یان ئەمە تاکە واتای کۆنسێپتەکەیە؟

بۆ ئەوەی باشتر لەمە تێبگەین، پێویستیمان بە کۆنسێپتی زیاترە. دێریدا لە بەشی یەکەمی (لگراماتۆڵۆجی) پێناسەی کردوون و ناساندوونی کە ئەم کۆنسێپتانە چین. ئاماژەی بەوە کردووە کە هەمیشە لە نووسیندا میتافۆڕ و کینایە ئامادەییان هەیە، جا بە مەبەست بێت یان نا. دێریدا دەڵێت، زۆرجار تەنها لە ڕێگەی بۆ دەرکەوتن و هەڵێنجێنانی میتافۆرییەوە دەتوانین لە واتای وشەکان تێبگەین. لەوکاتەوەی کە وشەکان تەنها لە ڕێگەی جیاوازیان لە وشەکانی تر پێناسە دەکرێن، وشەگەلی تریش هەن کە دووانەی هەڕەمی و پێچەوانەن، جووتێک وشەن کە لە ڕێگەی دژ و پێچەوانەکەیانەوە پێناسە دەکرێن، وەک ڕاست و چەپ، نێر و مێ، بوون و نەبوون.

دووبارە دادپەروەری وەک نموونە دەهێنینەوە. هەرکاتێک ئەم وشەیە بەکاربهێنرێت ئەوە دەلالەتە لە شتێکی نادادپەروەرانە. بۆ ئەوەی پێناسەی بکەیت و بیناسێنیت پێویستە دژەکەشی بناسیت و پێناسەی بکەیت. ئەگەر کەسێک بڵێیت یان بنووسێت "پیاو"، واتا ئەو کەسە مەبەستی "ژن" نییە. وشەکە خۆی لە خۆیدا ئەو واتایەشی هەڵگرتووە کە مەبەستی نییە، شوێنەوارەکەی هەیە بەڵام لەوێ نییە، ڕێگە و شوێنەواری شتێکە کە بوونی نییە. لێرەدا ڕەگەزێکی فرۆیدی هەیە. هەموو دالەکان مێژوویەکیان هەیە و بەدرێژایی مێژوو دەگۆڕێن، بەڵام تێگەیشتن لێیان دەبێت لە ئێستادا بێت و لە ئێستادا بەدی بێت.

وەک ڕوونکردنەوەیەک، من لە دێریدا ئازادترم و ڕوونتر شتەکانم گەیاندووە، چونکە دێریدا ڕەتیکردووەتەوە پێناسەی کۆنسێپت بکات و باسی شوێنەوار و ڕێگاکان بکات. ئاسانە درک بەوە بکەیت کە بۆچی زمان وەک سیستەمێکی نەرم و گۆڕاو دەبینرێت. وشەکان بەهۆی جیاوازییانەوە لە ڕێگەی وشەکانی ترەوە پێناسە دەکرێن، نەک لە ڕێگەی ستاندارد و میعیارێکی تایبەتییەوە، واتاکان بە هەمیشەیی نامێننەوە، بەڵکو بە درێژایی کات و لە کۆنتێکستە جیاوازەکاندا دەگۆڕێن.

شوێنەوار و بەجێماوی واتاکان نمایندەی ئەو گۆڕانە دەکەن، تەنانەت ئەوەش کۆنسێپتێکی جێگیر و نەگۆڕ نییە. دێریدا دووانە هەڕەمییە دژەکانی وەک کێشەیەک بۆ مێتافیزیک دەبینی، چونکە بیرمەندانی مێتافیزیک لایەنگیریان دەکرد و وشەی زاڵیان هەڵدەبژارد بەسەر ئەوی تردا. ئەمە شتێکی ناڕەوا و بە لاڕێدابەرە، بەڵام بڵاوە. وەک دێریدا خۆی دەڵێت، "هەموو بیرمەندانی مێتافیزیک، لە پلاتۆوە تا ڕۆسۆ، دیکارت تا هوسڕڵ، فەزڵی چاکەیان بەسەر خراپەدا داوە، پۆزەتیڤیان پێ لەپێشتر بووە وەک لە نێگەتیڤ، پەتی لەپێشتر بووە وەک لە نا-پەتی، سادە لەپێش ئاڵۆز بووە، بنەمایان پێ لەپێشتر بووە وەک ڕێکەوت، لاسایکەرەوە بوون پێش ئەوەی لاسایی بکرێنەوە و هتد.

ئەمە بە تەنها هێما و نیشانەی مێتافیزیکی نییە لەناو ئەوانی تردا، ئەمە زەڕوورییەت و پێویستی مێتافیزیکییە، کە نەگۆڕترین و کاریگەرترین و بەهێزترینە."

پێناسەی وشەکان بە وشەکانی تر بەهۆی جیاوازییانەوە زیاتر پێشدەکەوێت و چڕتر و درێژتر دەبێتەوە. دەکرێت ئەم واتایە دوابکەوێت، بۆیە هیچ وشەیەک نییە واتایەکی پڕاوپڕ و تەواوی هەبێت. دەکرێت دواکەوتنی واتا لە زەمەن و کۆنتێکستدا ڕووبدات، یان بە سادەیی بڵێین، چونکە واتا ملکەچی واتای پەیوەست یان دژە.

دێریدا پڕۆسەی دواکەوتنی واتا و جیاوازی تێهەڵکێشی یەک وشە کردووە کە دیفرانس Différanceە. ئەم وشەیە بەو واتایە دێت کە وشەکان (دالەکان)، سەرەڕای ئەوەی بە وشەی تر (مەدلولەکان) پێناسە دەکرێن و جیاوازی و ئیختیلافیان تێدەکەوێت، لە هەمان کاتیشدا واتاکانیان دوادەکەوێت و واتاکان بەردەوام و بەجێگیری لە گۆڕاندان. ئەم پرۆسەی دواکەوتن و ئیختیلافە لەکاتی بەکارهێنانی زمان و تێگەیشتن لە تێکستەکاندا بە بەردەوامی هەیە و دووبارەدەبێتەوە. کاتێک کەسێک دووبارە دەق و تێکستێک دەخوێنێتەوە واتاکان هەمان ئەو واتایانە نین کە پێشتر لە کاتی خوێندنەوەی دەق و تێکستەکەدا پێی گەیشتبوو. وەک چۆن کۆنتێکستەکان دەگۆڕێن، بەو شێوەیەش وشەکان دەگۆڕێن. ئەم نەرمی و ناجێگیرییە لە زماندا بە ئاسانی لە یاسا حکومی و حوکمە قانوونییەکاندا دەبینرێت، کە پێویستی بە شارەزا هەیە تا تەفسیریان بکات. فکرە و کۆنسێپشنی من لەم وتارەدایە جیاوازە لە فکرەی تۆ، ڕەنگە لە داهاتووشدا کەمتر تا زۆر فکرەمان جیاوازی و ئیختیلافی تێدابێت.

 

 

دەرەنجام:

بێگومان پرس و بابەتی گرنگتر هەن لە (گراماتۆڵۆجی)دا و گرنگترین لەوانەی کە من لێرەدا ئاماژەم پێکردوون. وەک ئارگیۆمێنتی دژ بە بەئەولەویەتکردنی قسە و گوتە، دێریدا هەوڵیداوە کار لەسەر ئەوە بکات و بگات بە ئەنجامێک کە ئایا گراماتۆڵۆجی زانستی نووسینە یان نا. لەم پرسەدا نەگەیشت بە هیچ ئەنجامێک. پێدەچێت سەختی و قورسییەکەی بەردەم دێریدا ئەوەبووبێت کە جیاواز لە مێتافیزیک، زانست بۆ هەموو بەش و پرسێک بەدوای چارەسەری هەنووکەییەوەیە. گومانی لەوە هەبوو کە لە دەق و تێکستەکاندا چارەسەرگەلی لەو شێوەیە هەبن.

هەروەها لە کتێبەکەیدا زۆری دەربارەی فەیلەسووفەکان گوتووە (بەتایبەت نیچە، هوسرڵ، هایدێگەر)، هەروەها زمانناسەکانی وەک (سوسێر، جاکۆبسن و پیێرس). ڕەخنەی لە بزوتنەوەی فەلسەفی زاڵی سەردەمەکەی گرتووە کە فینۆمینۆڵۆجی و بونیادگەرایی (Structuralism)، هەردووکیان لەناو مێتافیزیکی ئامادە'دا گاڵتەیان پێکراوە و فەرامۆشکراون. ئەمانە لە بەشی یەکەمی کتێبەکەدا باس کراون. لە بەشی دووەمی کتێبەکەدا کار بە "هەڵوەشاندنەوە-Deconstruction" دەکات و جێبەجێی دەکات و دەیخاتە کارەوە، بەتایبەت بەسەر نوسینەکانی کلاود لیڤی شتراوس و ژان ژاک ڕۆسۆدا جێبەجێی دەکات.

دێریدا بەشی زۆری ژیانی، بەتایبەت سەرەتاکانی ژیانی، سەرقاڵ بووە بە هەڵوەشاندنەوەی کاری زۆرێک لە نووسین و فەیلەسووفەکان، زۆرجار ئەوەی نیشانداوە کە واتای کارەکانیان ناڕوونە و، دەق و تێکستەکانیان زۆر لەوە زیاتر دەڵێت کە مەبەستیانە.

دێریدا یەکێکە لە نایابترین فەیلەسووف و نوسەرەکان. مەبەست و ئامانجی ئەم وتارە ئەوەبوو ئەوەبوو کە وەک کورتە پێشەکییەکت بێت بۆ شێوازی کار و بیرکردنەوەی دێریدا. بێگومان خۆی بمایە ڕقی لەم هەوڵەی من دەبوویەوە کە بەم شێوە پووخت و کورت و داخراوە واتاکانم گەیاندووە. بەڵام قسەکانی ناچێت بە گوێمدا، ئامانجی من تەنها ئەوەیە "لە ڕێگەی چەخماخە و ڕووناکییەکی بێ ناو و نەناسراوەوە، لەپشت سنووردارێتی و بەربەست و داخراوێتییەکانه‌وە، درز بدۆزمەوە و ئاشکرای بکەم."

 

 

 

 

 

سەرچاوە:

What is Derrida Saying to Us? Mike Sutton: Philosophy Now: a magazine of ideas