A+    A-
(402) جار خوێندراوەتەوە

             دوو چرکەسات له دەوڵەمەندیی سوبێکت

 

 

 

وەلید عومەر

 

 

 

 

ئاشکرایە دەوڵەمەند(دەوڵەتمەند لە فۆرمە گۆڕاوەکەیدا), سیفەتێکە لە بەکارهێنانى یەکەمیدا کەسێکى پارەدار و سەروەتمەندمان بیردەخاتەوە, بەڵام هەر خۆیشى بووە بە سیفەت بۆ ئەو شتانەى مادى نین و مەعنەویین- شتانێک کە زۆرجار بەهۆى تێپەڕاندنى پارە خۆیەوە دێنەبوون(گەر واز لە خوێندنەوە گشتبینە مارکسییەکە بێنین کە هەموو چالاکییەکان لەژێر کۆیەکى تەفسیرییدا وەردەگرێت). واتە دەشێت دەوڵەمەندییەکمان هەبێت, بەهۆى نەفیکردنى "دەوڵەمەندى" خۆیەوە ڕەخسابێت: لە زاراوە فرۆیدییەکاندا بە هەندێک لەم چالاکییانە دەوترێت "بڵندبوونەوە", واتە پاڵنەرێک(ـى غەریزى) لە ئێمەدا بەشێوەى ڕەق و ڕاستەوخۆ هەوڵى تێربوون نادات, بەڵکو لە شێوەى بەهەڵمبوون و بڵندبوونەوە و پێچلێداندا دێتەدى. بۆنمونە, کەسێک تواناى بەرکەوتنى بە مرۆڤ و کارى باخدارى نیە, بۆیە ئەگەرى هەیە نوسەر یان هونەرمەندێکى لێ دەرچێت کە باخ تێماى کارەکانیەتى. واتە ئەو بکەرى ناو سیناریۆیەکە کە پاشەڕۆژ باشتر تێى دەگات. بۆیە لێرەدا لە چەمکێکى تریش نزیکدەبینەوە, چەمکى فێڵى عەقڵ(cunning of reason), ئەوەى کە کۆمەڵێک ڕێسا و عەقڵێکى سەرووتر لە خۆت هەیە, دەتکات بەوەى کە هەیت. ئەم عەقڵە, بەڕەهایی لە دەرەوەى تۆوە نیە, بەڵکو تۆ لە خاڵێکى ئۆنتۆلۆژییدا دەبیتە خاوەنى پاشینەى کۆى پرۆسەکە.

گریمانەى ئەم نوسینە کورتە, گریمانەیەکى ڕەنگدەرەوەیە, ڕوولەخۆیە. واتە لە هەناوى دەوڵەمەندییە مادییەکەدا, جۆرێک لە بڵندبوونەوە و شکستى ناوەکى وەردەگرێت کە کەسى دەوڵەمەند تێیدا دەژى. لێرەدا چیدى دوو جەمسەرمان نیە, دەوڵەمەندى مادى لەلایەک بێت و دەوڵەمەندى مەعنەوییش لەلایەکى تر؛ بەڵکو دەوڵەمەندە ساماندارەکە خۆى لە سووڕێکدا دەژى کە دەیەوێت ببێتە شتێکى تر و ڕەنگە نەتوانێت. دیارە دەمانەوێت لەو مەبەستە زۆرتر بڕۆینە پێشەوە کە لە ژیانى ڕۆژانەشدا باسدەکرێت: لە ژیانى ڕۆژانەدا زۆرجار دەوترێت پارە قیمەتى چیە کاتێک نەتوانیت بە دڵى خۆت نان بخۆیت- واتە گەر دەوڵەمەندێک نەخۆش بێت, سامانەکەى فریاى ناکەوێت چێژ لە نانێکى ئاسایی وەرگرێت و هتد. گریمانەکەى ئێمە لەوێوەیە کە "دەوڵەمەندێکى ئایدیاڵ" وەربگرێت, کەسێک کە هیچ یەک لە کێشە باوەکانى نەبێت. زۆر ئاشکرایە پارە, چەمکێکى گشتەکییە. هاوبەهاى هەموو بەهاکانە. کەسى دەوڵەمەند(و هەتا سەرمایەدار), هەستێکى بەردەوامى زاڵبوونى تیایە. دەسەڵاتى ئەو بەسەر شتەکان و ئۆبێکتەکاندا, ڕوونە؛ ئەمەش لەوێوە دێت کە شتەکان بەرامبەر بە پارە هەڵپەسێردراون. لە پارەدا, چڕکراونەتەوە. هەتا پەیوەندییەکان, پرۆسەکان, بنیاتنانەکان, هەڵوەشانەوەکان, ئاڵوگۆڕە جۆراوجۆرەکان لە پارە[1]دا هەڵکۆڵراون و پارە لە ئەبستراکتترین ماهیەتى خۆیدا کۆیاندەکاتەوە. دەوڵەمەند بەگشتى بە کۆمەڵێک پەیژەدا دەڕوات کە درەنگتر ئاوڕى لێ دەداتەوە و قۆناغەکان دەژمێرێت. ئەمە بۆ هەموو سوبێکتێکى مرۆیی درووستە, بەڵام هێزى پارە بێ‌نێوانگرترە, هێزەکە ڕاستەوخۆ لەسەر کارەکتەرى دەوڵەمەند دەردەکەوێت. پەیوەندیی بەها و جیهان لاى ئەو, پەیوەندیی لەپێشینەیە. ئەم بەهایەش, بەو شێوە جودا و میکانیکییە نیە کە ژمارە و چەندێتى لەولاوە دابنرێت و کارەکتەر و سوبێکتیڤیتەى ئەمیش لەلایەکى تر, بەڵکو بەهاى مادى, ترپەى پەیوەندیی دەوڵەمەند و جیهان لە هەموو ڕەهەندەکانیدا دیاریدەکات. بۆنمونە بەهاى مادى, هاوکات بەهاى مەعنەوییشە کە سنورەکانى سوبێکتیڤیتەى کەسى دەوڵەمەند کەم و زیاد دەکات. بۆنمونە پارەدار, بەردەوام کۆمەکى خێرخوازانە دەکات تا لە فشارى ماتریاڵیتەى ڕووت کەمبکاتەوە, ئەو ماتریاڵیتەیەى وا بە ژیانیەوە لکاوە. هەموو ئەم هەوڵانە بۆ ئەوەیە تا "بڵندبوونەوەیەکى دەستکرد" بخولقێنێت و مەودا لە ژیانە مادییە بەردەوامەکە وەربگرێت.

ئەمڕۆ بەهۆى فۆرمە زۆرەکانى ئابورى و کشانى هەمەلایەنەى جیهانگیرییەوە, دەوڵەمەندێتى زۆر ناو و پلەى هەیە. لە سەرمایەدارێکى لۆکاڵییەوە بیگرە تا ئۆڵترا-دەوڵەمەندێک. ناوى ئەو نەخۆشییانەش هەر زۆرن کە دەلکێنرێت بە دۆخى دەوڵەمەندانەوە, ئیدى لە لادان و خەمۆکییەوە تا دەگاتە وەسوەسەى جۆراوجۆر و مالیخۆلیا و هتد. بەڵام دیاردەى "ئەفلیۆنزا", کەمێک گوزارشتى زیاتر لەو نوخسانییەى هەناوى پارەدارى دەکات. Affluenza, تێهەڵکێشێکە لە affluence(هەبوونە و دارایی) و influenza (ئەنفلۆنزا) و ئاماژەیە بۆ دۆخێک کە ڕەنگە بتوانین ناویبنێین "دەردەپارە". ئەفلیۆنزا, یان دەردەپارە, شەڕکردنە لەگەڵ کەمى و کێماسییەکى ناوەکییدا کە وادەردەکەوێت بە پارە خۆى پڕنابێتەوە. کە پارەیەک دێتەجێى کەموکورتییەکە, دیسان هەمان کەموکورتى بەرهەمدێتەوە. پارە, نەبوونى پارە ئایدیاڵەکە کە ڕوون نیە چەندە, دادەهێنێتەوە. داراییەکە لە ناسەقامگیرییەکدا دەژى و دەوڵەمەندى, بەم مانایە, جۆرێکە لە هەژارى- یان دەوڵەمەندى بە هەژارییەکى ناوەکییەوە. مناڵبوونەوەى ڕەفتارى زۆرێک لە دەوڵەمەندان لە چۆنیەتى چێژوەرگرتندا, هاوتاى هەژاربوونەوەیە. پێشمان سەیر نەبێت هەندێک لە ڕەفتارى دەوڵەمەندەکان, بۆنمونە لەسەر ڕێگاکانى هاتوچۆ, گوزارشتە لەم هەژارییە. کاتێک دەوترێت فڵان خاوەن سەیارە پارەى خۆى پێ نەداوە, یان بە ڕەنجى شان دەرینەکردووە, تەعبیرە لەو زێدەچێژە شوومەى کە کەسى دەوڵەمەند لەڕێى جۆرە توندوتیژییەکەوە دەریدەبڕێت. توندوتیژییەک کە لەگەڵ ئۆبێکت و شمەکەکاندا پیادەدەکرێت و سوبێکتى دەوڵەمەند بۆ ئاستى مناڵێکى هەژار کورتدەکاتەوە کە هەر دەوڵەمەندییەکى ڕەمزى و یاسایی و بەهایی لەدەستدەدات. نمونەیەکى شەعبى[2] لێرەدا دێتەناوەوە: لێخوڕینى توندوتیژانەى ئۆتۆمبێل, کە بەشێکى نواندنى ژێستى دەوڵەمەندییە نەک دەوڵەمەندبوونێکى پراکتیکى, بیرخەرەوەى ئەو ساتانەی گرێى ئۆدیبە کە مناڵ ناچارە دەست لە دایک بشوات و بەشوێن ئۆبێکتەکانى ترى نێو جیهاندا بچێت تا نازى پێویستى دەستبکەوێت. بەگشتى هەموو لێخوڕینێکى ئۆتۆمبێل, لەودیوى هەموو ئەرکە کارکردى و کۆمەڵایەتى و تەرفیهییەکانیەوە, جێگرەوەیەکى میکانیکییە بۆ باوەشى دایک. لاى دەوڵەمەندەکان, زەقکردنەوەى ناقۆڵایانەى ئەو کەلێنەیە کە بۆ هەمیشە لەدەستچووە. دیارە مەبەست لە خودى ئۆتۆمبێلە مادییەکە نیە بەتەنیا, بەڵکو جووڵاندنێتى لەنێو ڕێساکانى ناو-ى-باوکدا کە ژنیش دەتوانێت بێتە ژێر ئەم ڕێسایانەوە.

هەژارى, بەشێکە لە نێگەتیڤیتەى هەناوى دەوڵەمەندى. وەک دژێک, هەمیشە دەوڵەمەندى پێناسەدەکاتەوە. حزوورێکى غایبى هەیە, حزوورێک کە گریمانەییە تا دیالەکتیکێکى واقیعى. واتە دەوڵەمەند بەشێوەى ئەزموونى دانابەزێت هەژارى تاقیکاتەوە, بەڵکو دووراودوور بەشێوەیەکى مەزەندەکراو/مەودادار مەوداى خۆى و ئەویترى هەژار دەپێوێت. شوناسى دەوڵەمەند لێرەدا پڕ و یەکانگیر و هەمیشەیی نیە, بەڵکو وەک ئیمکانێک لەمدا بە سەرکوتکراوى هەیە. هەژار «نەبوونى»ـى هەیە, دەوڵەمەند ئەم ئیمکانە وەک گریمانەیەک تێدەگات. دیارە کەسانێک هەن لە مناڵییەوە پشتاوپشت بەسەر سامانێکى زۆردا کەوتوو و دۆخەکە وەک دۆخێکى سرووشتى وەردەگرن, بەڵام دەتوانین لە زۆر حاڵەتیشیان ڕامێنین کە "ناسرووشتى"یە. ئەوان زۆرجار بەو قەناعە ئایدۆلۆژییە کۆمەڵایەتییەوە دەژین کە دۆخەکەیان سرووشتییە و مافى خۆیانە و هتد, بەڵام بەهۆى پێکداچوونى میدیا جیاجیاکانەوە بەر تراوما و وێنەى خۆیان دەکەونەوە(ڕەنگە لە شارێکى تەواو دەوڵەمەنددا, تەینیا فەنتازیاى دەوڵەمەندى بتوانێت شادییەک بە دەوڵەمەندەکان ببەخشێت کە تا یەک هەژار بمێنێت ئەم فەنتازیایە دەمێنێت). ئەو گۆشە هەژارەى وا چواردەورى کەسى دەوڵەمەندى داوە, گەر یەک کەس بێت یان بێشومار, ئەوا کەلێنى خۆى بەرهەمدێنێت. بۆیە هاوکات پەیوەندیی دەوڵەمەند و خەونبینین, سەرەنجام کەسەکە دەگەیەنێتە ئەو قەناعەتەى قسەیەک هەر لە پەیوەندیی مومکین و مەحاڵ بکات. زۆرێکیان سەرەنجام دەڵێن هیچ شت مەحاڵ نیە. بەڵام ئەمە قسەى کۆتایی پرۆسەکەیە نەک سەرەتا, بۆیە دەکرێت ئەمە ناوبنێین "ئایدۆلۆژیاى دەوڵەمەندى". چونکە لە پێگەیەکەوە قسەدەکەن کە بۆ ئەوانیتر گریمانەییە, هەروەها ئەو کەلێنەش دەشارێتەوە کە لەنێوان مومکین و مەحاڵدا هەیە و تەنیا کەمینەیەک دەتوانن شوێنە گریمانەییەکەى "دەوڵەمەندى" پڕبکەنەوە.

دەوڵەمەند, ئۆبێکتێک بە ئۆبێکتێکى تر تاقیدەکاتەوە؛ لە جۆرێک "ناکۆتاى بێفەڕ"دا دەژى, بەتایبەت کاتێک ڕەهەندێکى چۆنایەتى و مەعنەوى نەیەتە هانایەوە. دەوڵەمەند لە وەسوەسە سەرەتاییەکانى خۆیدا, بیر لەوە دەکاتەوە چۆن ئەو بەربەستانە ببڕێت کە کەسێکى ئاسایی بۆى نابڕدرێن. بۆنمونە, لەڕێى هێزە مادییەکەوە, شتێک لە فشارى یاساش لەسەر خۆى کەمبکاتەوە(نەک وەک ئەو دەوڵەمەندە عەرەبەى کە لە ترافیک نەدەپەڕییەوە و بەرزتر دەفڕى, بەڵکو لە ئاستێکى دوورتردا کەسى دەوڵەمەند دۆخە مەعنەوییەکانیش دەکڕێت: بۆنمونە لەجیاتیی ئەوەى لەپاش خەباتى سیاسى و کۆمەڵایەتییەوە بگاتە هەندێک "ئازادى", دەچێت لەڕێى کڕینى ستایلى ژیانەوە ئازادى دەکڕێت). زۆرجار لەپشت ئەو بەخشینانەشەوە, جۆرێک لە چالاکیی ناچالاکانە ئەزمووندەکات: ڕەنگە خۆى فڵان شتى پێ نەکرێت, فڵان شتى پێ نەخورێت بەڵام لەڕێى هەژارێکەوە بەشێک لە ئەزموونەکە دەدزێت. ئەمە دۆخێکى نێواندەروونییە و دزینى ژویسانسێکى ئاگایانەیە. زۆرێک لە سەرمایەدارە گەورەکانى ئەمڕۆ, ئەم ئەزموونە بەهۆى پەرەسەندنى ئەنتەرنێتەوە دەچێژن: کاتێک گوگڵ و فەیسبوک هى تۆیە, ئەوا بەردەوام لەڕێگەى چێژوەرگرتنى ئەوانیترەوە, چێژوەردەگریت. ئەم بەخشینە, گەرچى ڕاستەوخۆ و کۆنکرێتى نیە, بەڵام ئاڵۆزیی چێژوەرگرتن لە زۆر بوارى تریشدا هەر نیشاندەدات. ئەزموون بەشێکە لە سوبێکتیڤیتەى مرۆڤ, بەڵام ئەزموونەکانى کەسى دەوڵەمەند لە کردنەوەى لۆچ(fold) و قەدەکان دەچن کە لۆچ لەپێناوى لۆچدا دەکەنەوە لە ژیاندا. بەڵام کاتێک لە پێناسە بنەڕەتییەکەى مرۆڤ ڕادەمێنێت وەک «سوبێکتێکى نوقسان», ئیدى ئەم ئەزموونانە بەدەست دووبارەکردنەوەى هەژارییەکى ناوەکییەوە دەناڵێنن. بەپێى ئەلێنکا زوپانچیچ, هەمەڕەنگى خۆى دەلالەت لە یەکڕەنگییەکى بنچینەیی دەکات. دەوڵەمەند بەزۆرى بەرەو لاى ئەزموون دەڕوات, نەک ئەزموون وەک پێشهاتێک خۆى بەسەر ئەمدا بسەپێنێت و بکرێتەوە. سوبێکت بەگشتى و سوبێکتى دەوڵەمەند بەتایبەت, خۆى دەبێتە ئەو لۆچەى کە ناتوانێت بچێتە گۆشەیەکى تر و خۆى وەکو قەدێک بکاتەوە. ڕەنگە پارە و سەرمایە ئەمڕۆ لە کۆدا وەک لۆچەکان بجووڵێن, بەڵام ئەو دەمەى سوبێکت دەخرێتە سەر پرۆسەکە, ئەوا پارە لە بابەتێکى دەرەکییەوە وەردەگەڕێت بۆ بابەتێکى نێودەرەکى کە دەچێتە نێو ژیانى مرۆڤەوە.   

    ئەوەى دەوڵەمەندیش نەبێت, ئەوا بە شێوەیەکى فەنتازى(خەیاڵى) وێناى ژیانى ئەوانى کردووە. کاتێک لە کەناڵێکەوە لە کەسێکى سەرشەقام دەپرسرێت, گەر ئەوەندە پارەت هەبێت چیی لێ دەکەیت, دەکەوێتە بەرامبەر ئەو پرسیارەى کە دەوڵەمەندێک لە خۆى دەکات و دەپرسێت: گەر ئەوەندە پارەشم هەیە, دەتوانم چى بکەم؟ تواناى کردن, یەکێکە لە کۆڵە پێکهێنەرەکانى مرۆڤ. بەڵام ئەم توانینە, خۆى گریمانەکردنى پێشوەختى "نەتوانین"ێکە کە ئەمیش دیسان بەشێکى پێکهێنەرە لە کارەکتەرى مرۆڤ. پارە, ئەم توانایە خێراتر دەکاتەوە, یان خێراتر دەردەخات. وەک‌بڵێى, دارایی جۆرێکە لە فالووس. فالووس لە بوونى مرۆڤدا, داراییەکە تا نەدارییە ڕیشەییەکان بناسینەوە: «پیاو کە خاوەنى زەکەرە, پتر بە خەسان ئاشنادەبێت». لەڕووى زەمەنییشەوە, پارە کڕینى پێشوەختەى بەشێک لە شتەکانى نێو جیهانە. واتە هەبوونى شمەکەکان, دەکەوێتەوە پێش خەرجکردنى پارەکەوە. لێرەشەوەیە مرۆڤ پاڵدەداتەوە و پێى‌وایە چەندێک پارەى هەبێت, ئەوەندەش تواناى بەهیخۆکردنى شتەکانى هەیە. لێرەدا بەشێوەیەکى هاوکات, هێزى خەیاڵیی پارەش دەردەکەوێت کە نزیکماندەکاتەوە لە ڕووبەرە خەیاڵییەکەى کۆمەڵگا. کۆمەڵگا کە پێدراوێکى کۆمەڵایەتییە, کەچى ڕووبەرەکەى بە کیلۆمەتر ناپێورێت بەڵکو بە پێوانەیەکى فەنتازى لە مەتر دەدرێت کە لە واقیعدا دەسناکەوێت. چۆن؟ مرۆڤەکان هەریەکە خاوەنى فەنتازیایەکى خۆیانن تا بتوانن ئارەزووى واقیع و شتەکانى ناوى بکەن, بەڵام زۆرێک لەم ئارەزووکردنانە تەنیا وەک گریمانە دەمێننەوە و کەسەکانیش پێى دەژین و بگرە ناشیانەوێت بێنەدى. واتە گەر واقیعێکمان هەبێت, ئەوا لە بێشومار دوورگەى فەنتازیازى و تاکەکەسى پێکهاتووە کە هەرکەس لە خەیاڵى خۆیدا دەژى. زۆرجار ئەمە سەردەکێشێت بۆ وەهم و کەسێک لە ژیانە شەخسییەکەى خۆیدا شتى زۆر گەورە و فراوانى لە واقیعەکە بارکردووە. لەڕاستییدا ئەمە خۆى دۆخێکى زەروورییە و گەر سەلماندنى واقیعى بکرایەتە ئەولەوییەت, ئەوا کۆمەڵگا دەبووە گۆمى خوێن یان جەنگى بەردەوام. هەرکەس کەمەکێک واقیعى بردووە, تا داراییەکى گەورەى فەنتازیی لەسەر بهۆنێتەوە. بەم پێیە, کۆمەڵگا بریتییە لە جوگرافیایەکى فەنتازى کە لەڕووى زەمەنییەوە میقات نیە بە واقیع, چونکە واقیع لەبنەڕەتدا خۆى کرۆکێکى چرووک و زبر و توندى هەیە(ڕیاڵ). پارەش, بەشێک لەو کارکردە فەنتازییەى هەیە کە پێشوەخت بەشێکى واقیعى کڕیوە. لە ئاستى ئەزموونییشدا, گەر هەموو دەوڵەمەندان بیانەوێت لە یەک کاتدا واقیع کۆنترۆڵبکەن, پشێوییەکى نەبڕاوە درووستدەبێت. لە هەردوو بارەکەدا, ئێمە لە ڕووبەرە شەخسییەکانماندا واقیع تووشى هەڵاوسانێک دەکەین کە خۆى لەبنەڕەتدا نەبوونییەکى بنەڕەتییە. کاتێک فەنتازیاى کەسێک دەکەوێت و بەر ڕەهەندە ناقۆڵاکەى واقیع دەکەوێت, زۆر دوور نیە لە زیانى ئەو دەوڵەمەندەى وا بەشێک لە داراییەکەى و تواناى کڕینى شتان و سەرەنجام فالووسە ڕەمزییەکەى لەدەستدەدات. لێرەوە پەیوەستدەبین بە هاوکێشەى لەدەستدان و بەخشین لە ژیانى دەوڵەمەنددا.

لەسەرەتادا سێ ئاستمان هەیە بۆ پشکنینى پەیوەندیی بەخشندە و وەرگر, یان دەوڵەمەند و هەژار. بۆنمونە دەتوانین لەڕێى دوو کۆتەیشن و بۆچوونێکەوە پۆڵێنیان بکەین. کۆتەیشنى یەکەم, لە دێڕێکى باوى پیرەمێردى شاعیردا خراوەتەڕوو کاتێک دەنوسێت: «ئەبێ بەخشندە مل کەچکا لەئاستى موچەخۆرى خۆى/سوراحى سەر فرودێنێ لە بۆ پیاڵە کە تێکا بۆى». لێرەدا جۆرێک ڕێز لەلایەن بەخشندەوە هەیە کە خاڵى نیە لە خاکیبوون و جۆرێک دەسەڵاتى شاراوەش. ئەمە جۆرێکە لە تێز. بەڵام لە کۆتەیشنى دووەمدا لاى نیچە, جۆرێک ئەنتى تێز دەبینینەوە, کە «بەخشندە دەبێت سوپاسى وەرگر بکات کە شتە بەخشراوەکەى لێ وەردەگرێت». لێرەدا لەو دەسەڵاتە جەوهەرییەى کەسى بەخشندە دەدرێت و بیرى دەخرێتەوە کە ئەو بە نێوانگریی وەرگرەکە بووەتە بەخشندە. ئەمەیان لە ئاستى عەقڵى گشتییدا قبوڵکراوە و یەکسەر ئەو "زیادە"یە ساڕێژدەبێت کە «بەخشندە شتێک سەرووترە لە وەرگرەکە». واتە, گوێگر بە بیستنى ئەم قسەیە, جۆرە هاوسەنگییەکى دەروونى لەم پەیوەندییەدا قبوڵدەکات, بۆیە شتەکە کافى نیە و زیادەیەکى پاتۆلۆژیک(ناتەندرووست و نەخۆشانە) دەمێنێتەوە. بۆیە لێرەوە سەنتێز, بەهۆى گەڕانەوەوە بۆ تێزەکە, خۆى درووستدەکات: بەخشندە دەبێت سەر بۆ وەرگرەکە دانەوێنێت, بەڵام ئەو ناهاوسەنگییە بنەڕەتییە لەناوناچێت کە لەنێوان سوراحى و پیاڵە, بەخشندە و وەرگر, دەوڵەمەند و هەژاردا هەیە. سەنتێزەکە ئەو زامە بونیادییە زەقدەکاتەوە کە لە پەیوەندییەکەدا هەیە. ئەم زامە هەمیشە بەهۆى کۆمەڵێک درووشم و گوزارە و ناونانەوە ساڕێژدەکرێت, بەڵام ناتوێتەوە. بەپێى دەروونشیکارى, هەموو پەیوەندییەکى ڕۆژانەیی لەنێوان مرۆڤەکاندا ناهاوسەنگە, چونکە «هەمیشە پێتوایە ئەوەى بەخشیوتە زیاترە لەوەى وەرتگرتووە»(وەرگرتن و داڕشتنەوەى لە: خێچ‌ڕوانین). ڕیشەى ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ئاڵوگۆڕە ناهاوسەنگەى سەرەتاکانى ژیانى مرۆڤ کە باوک لەبەرامبەر دایکدا, کەلتور و جیهان پێشکەش بە مناڵ دەکات و "پاڵنەرى مەرگ" بە جۆرێک لە هەناوى کەلتوردا لانەیکردووە کە نە هەژار و نە دەوڵەمەندیش ناگەن بۆ ئۆخەى و ئۆقرەى کۆتایی. دەوڵەمەندى و هەژارى گەرچى دێنە ناو پەیوەندییە مرۆیی و کۆمەڵایەتى و ئابورى و سیاسییەکانەوە, بەڵام شوێنەوارى ئەو ئاڵوگۆڕە بنەڕەتییەیان بەدواوەیە. ئەمە ماناى لێخۆشبوون نیە لە ناهاوسەنگییەکە, بەڵکو بیرخستنەوەیەتى تاکو تێبگەین لە جڤاتێکى تەواو مادییشدا ئەم ناهاوسەنگییە دێتەوە ڕێى مرۆڤ(لانیکەم لەم تایپەى هۆمۆسایپێنسدا).

سیاسییەکى دەوڵەمەند, جیایە لە کۆمەڵایەتییەکى دەوڵەمەند. مەبەستمان لێرەدا پەیوەندیی مرۆڤە بەو چێژە ناهاوسانگەى ژیانەوە کە بەردەوام لەڕێگەى شوناس و میقاتکردنى پەیوەندییەکانیەوە هەوڵدەدات ڕایبگرێت. لەپاش ڕاپەڕینەوە لە کوردستان وشەى "مەسول" ئەو جۆرە دەوڵەمەندە سیاسی و حیزبییە بووە کە پەیوەندییەکەشى بە پارەوە تایبەتتر بووە. ئەو جگە لە پارە, ئەو بیانووشەى دەسکەوتووە کە پارەکە ئەنجامى هۆیەکى ترە. گوایە ئەو هۆیەش خەباتى شاخ و بەسەرهاتى لەو جۆرە بووە. بەڵام تا هاتووە, ئەم بیانووانە بەتاڵبوونەتەوە و مەسول لە ماناى دەوڵەمەندبوون نزیکبووەتەوە. ئەمە وادەکات خەونى ئەوانەشى کە دەیانەوێت ببنە ئەندام پارلەمان و هتد, نوێکردنەوەى بیانووى مەسەلەکان بێت بە کەمێک ژێستى جیاوازەوە, بەڵام ئاسۆکەش جگە لە دەوڵەمەندبوون هیچى تر نەبێت. بەڵام جیاوازیی دەوڵەمەندێکى سیاسى و دەوڵەمەندێکى ناسیاسى ڕەنگە هەر ئەوە بێت کە سیاسەت شوێنى خێراکردنەوەى ئەو خەیاڵاتە بێت دەوڵەمەندەکە هەیەتى و پاشان لە چاوان ون ببێت. بەتاڵبوونەوەى بیانووەکانى مەسوول, وایکرد دەیەیەک خەڵکانێکى تر بێشەرمتر هەوڵى دەوڵەمەندبوون بدەن. بەڵام دەکرێـ لینکێک لەنێوان دوو دەوڵەمەندى سیاسییدا هەبێت و خودى سیاسیبوونەکە ئەوە بخوازێت ڕەهەندێکى تر بهێنرێتەناوەوە تاکو سامانە سیاسییەکە(و هاوکات ئابورییەکەش) بە مسۆگەرى بڕوات.

بۆیە کاتێک دوو سیاسى, زەواجى کۆمەڵایەتى تێکەڵ بە پەیوەندییە سیاسییەکانیان دەکەن ئیدى دوو جۆر ژویسانس تێکەڵدەبێت و بەسرووشت سەرکەوتنیش بەدەستدێنێت: واتە ژویسانسى جێندەرى تێکەڵ بە ژویسانسى سیاسى دەکرێت, سیاسەتەکە لەڕێى سێکسێکى سیاسیکراوەوە ڕادەگیرێت, ڕەنگە ئەمە یەکێک لەو ساتەوەختانەش بێت کە پەیوەندیی سێکسى بە ماناى تەواوى وشەکە بوونى هەیە! سادەتر بیڵێین: سێکسوالیتە, بە قایمترین ڕووپۆش, شکستى ناوەکیی خۆى دەشارێتەوە چونکە سەرنجى لەسەر شتێکى ترە و بۆ مەبەستێکى تریش خراوەتەگەڕ. ئەوەى لە پەیوەندییە سیاسییەکەدا بەدەستدێت گرنگە, بەڵام لەوەش گرنگتر ئەوەیە لەلاوە(ئەم وشەیە گرنگە) سێکسى خێزانى بەر گرژییەکى کەمتر دەکەوێت و لانیکەمى سەرکەوتن بەدەستدێنێت. نەک هەر لاى پاشا کۆنەکان, یان کۆمەڵگا نەریتییەکانى وەک ئێمە, بەڵکو لە بوارە جۆراوجۆرەکانى تریش کارکردى هەبووە. ئەم خاڵە لەوێوە پەیوەندیی بە دەوڵەمەندییەوە هەیە کە دەتوانێت پەیوەندیی دەوڵەمەند بە ئەویترى دەوڵەمەندەوە بپارێزێت. پاراستنەکە, لەڕێى دوورگرتنەوە نیە, بەڵکو ڕەخساندنى جۆرە نزیکایەتییەکە تا ئاستێک هەردوو سوبێکتەکە نەتەقن بە یەکتردا.

 

 

پێکەنین: دەوڵەمەندیى فەیلەسوف

خەسڵەتپێدان(دیتەرمینەیشن), جۆرێکە لە دەوڵەمەندبوونى چەمک یان دیاردەیەکى زەینى, کە جۆرێکە لە دەوڵەمەندى لە چۆنیەتییدا. کەسى پارەدار, زیاتر دەوڵەمەندبوونە لە چەندێتییدا. ئەو بەردەوام بۆ چۆنایەتییش دەگەڕێت, بۆ نازناوى تر و پێگەى تر و چێژى تر, بەڵام ڕەنگە چەندایەتى وەک مۆتەیەک بەدوایانەوە بێت(ئەوەى کە چەندى ترم هەبێت تا چۆنایەتیی تریشم هەبێت). لێرەدا هێمایەکى کورت بە جۆرە سوبێکتێکى تر دەکەین کە چۆن "پارە" وەک ئایدیایەکى نامادى بۆ دەوڵەمەندان دەمێنێتەوە, چەمکە گشتەکى و میتافیزیکییەکانیش بۆ وان بە هەمان شێوە ئیشدەکات و لەنێو ئاوەڵاییەکى تایبەتدا سوبێکتیڤیتەى خۆیان دەچنن.

جارێکیان هاوڕێیەک وێنەیەکى فرۆیدى بۆ ناردم کە جیا بوو لە وێنەکانى ترى. وێنەکە فرۆید لە دۆخێکدا پیشاندەدات وەکبڵێى پێدەکەنێت. واتە زۆر ڕوون نەبوو پێدەکەنێت, یان خەم و تەمێک لەسەر سیماى نیشتووە. وێنەکە شتێکى چەشنى ئەوەى مۆنالیزا بوو.

 دیارە بیرمەندیش مرۆڤە و مافى پێکەنینى هەیە, بەڵام پێشگریمانەى ئەم نوسینە ئەوەیە کە پێکەنینى بیرمەند بە ماناى تەواوەتیی وشەکە, شتێکى ترە. گەر پێکەنین ڕێساى ناو ژیانى خەڵک بێت بەگشتى و پێکەنینى بیرمەند سات نا سات بێت, ئەوا پێویستدەکات لە کۆى ڕێساکە و ئاوارتەکەشى بچینەدەر و لە جێیەکى ترەوە لە پێکەنینى بیرمەند تێبگەین. بەم پێیە بیرمەند, "مرۆڤ" نیە.

پێکەنین, جۆرە کرانەوەیەکى سوبێکتیڤە. بەپێچەوانەى گریانەوە کە جۆرێکە لە داخستن. تا ئێرە پێناسە باوەکانمان مەبەستە. بەڵام بیرکردنەوە بۆ بیرمەند, ئەم دوالیزمە هەڵدەوەشێتەوە و لە بیرکردنەوەدا یەکدەگرێت. دیارە مەبەستمان ئەو وتەیەى سپێنۆزاش نیە کە دەڵێت, نە پێکەنین نەگریان, بەڵکو تێگەیشتن. مەبەستەکە ژوورتر دەڕوات: شتێکە پێکەنین و گریان لە ڕیزبەندییەکەدا دەسڕێتەوە و بەرەو ناو ئاسۆیەکى تر دەکشێت. سپێنۆزا دەیەوێت بڵێت لەودیوى سۆزى ئاساییەوە, تێبگە و بیرکەوە, بەڵام مەبەستەکەمان لێرەدا شتێکە کە بیرمەند تێى پەڕاندووە. بیرمەند ئەودەم بیرمەندە کە هەردوو دۆخە هەستەکییە سۆزەکییەکەى جێهێشتووە. بۆیە لە سنورى وتەکەى سپێنۆزا دەچێتەدەرەوە و سرووشتێکى تر وەردەگرێت. واتە گەر پێکەنین و گریان دوو دۆخى بەشەکى(جزئى) بن, ئەوا لاى بیرمەندى حەقیقى, ئەم دوو بەشە کۆتاییدێت و گشت(کل)ێکى نوێ ئاوەڵادەبێت بەناوى بیرکردنەوە. بیرکردنەوە, بریتییە لە پێکەنینى بیرمەند.

بەم پێیە فەرقناکات ناوەڕۆکى بیرکردنەوەت چیە و چۆنە, تۆ لەکۆدا بیرکردنەوە ڕۆڵى پێکەنینێکى تایبەتت بۆ دەگێڕێت. بەم پێیە, فیکرى شۆپنهاوەر جۆرێکە لە پێکەنین بەو واتایەى کە باسمانکرد, ئەوەى کە سیفەتى بیرکەرەوەى ڕاستەقینەیە. شۆپنهاوەر نمونەیەکى چاکە: شۆپنهاوەر گەرچى جۆرێک لە بێهودەیی لە میتافیزیکەکەیدا هەیە(میتافیزیکى ویست), بەڵام بیرکردنەوەکەى جۆرێکە لە پێکەنین کە لە زار و سیماى بیرمەندێک دەوەشێتەوە. شۆپنهاوەر چەندەش بەناوەڕۆک ڕەشبینییەکى ئۆنتۆلۆژى بەرهەمبێنێت, چەندەش سیماى تاریک بێت, ئەوا وەک بیرمەندێکى ڕاستەقینە پێدەکەنێت. بیرکردنەوە جۆرێکە لە کرانەوە بۆ بیرمەند کە بۆ یەکجار و هەتاهەتایە داناخرێت. شۆپنهاوەر ناتوانێت بچێتەوە بۆ دۆخى پێش بەشۆپنهاوەربوون. بیرکردنەوە, ئەو پێکەنینە زەینییە دانەخراوەیە تا کۆتا ساتەکانى خۆى داناخرێت(ئەمە پەیوەندیی بەوەوە نیە بیرمەندەکە واز لە نوسین بێنێت و شتەکە سەروو-زەمەنى ڕۆژانەیە). دەتوانین بە جۆرێکى ترى تەعبیرلێکردن, پەیوەندیی بیرکردنەوەى شۆپنهاوەر بە پێکەنینەوە بەم جۆرە داڕێژینەوە: شۆپنهاوەر لەمیانەى بیرکردنەوەدا پێدەکەنێت, بەدەم بیرکردنەوەوە پێدەکەنێت. یان درووستتر: شۆپنهاوەر هەردەم لە بیرکردنەوە/پێکەنیندایە. مەبەست ئەوە نیە پێکەنین دەهزرێنێت, یان بیرکردنەوە دەخاتە پێکەنین, بەڵکو بیرکردنەوە بە ڕیتمى پێکەنینێکى نەبڕاوە ئەنجامدەدات.

لەناو پەیوەندییە کۆمەڵایەتى و ڕۆژانەییەکاندا بیرمەند مافى ئەوەى هەیە ژیانى بۆ ئاسانبکرێتەوە, بەڵام ئەم دۆخە هیچ لە جەوهەرى ئەو وەک سوبێکتێکى پێکەنیو ناگۆڕێت. پێکەنین بۆ ئەو کاردانەوەیەکى ئەرێنى نیە بەڕووى دۆخێکى بەشەکییدا, بەڵکو ستراتیژێکى گشتییترە بەرامبەر بە بوون. ڕەنگە پێکەنینە ئاساییەکە لەسەر ڕووخسارى بیرمەند, جۆرە ئیرۆسێکى هەڵبڕزکاو بێت, بەتایبەت لە دیدى مرۆیەکى عادییەوە. بەڵام میتافیزیک کە پەڕینەوە بوو لە فیزیک, ئیدى بیرکردنەوەى میتافیزیکى بوو بە پێکەنینە ڕاستەقینەکەى فەیلەسوف. فەیلەسوف بە فیزیک و شتى بەردەست پێناکەنێت, بەڵکو بە شتێکى نادیار, میتا-فیزیک پێدەکەنێت. لە کۆمۆن سێنس(عەقڵى باو)دا, گەر بە شتێکى نادیار پێبکەنیت ئیدى تۆ دێوانەیت. بەڵام ئەم لەنادیار-ڕوانینە, خۆى پێکەنینى فەیلەسوفە. ئەم نادیارە, بریتییە لە بنەڕەتى بوون: بوون وەک بوون, هۆ بنەڕەتییەکەى بوون چیە. بوون یەکە یان فرەیی؟ نەگۆڕە یان گۆڕاو؟ هەتا ئەفلاتوون کە پێى وایە دونیا ڕاستەقینەکە لە جێیەکى ترە(دونیاى ئایدیاکان یان فۆرمە نەمرەکان), ئیدى بەشێوەیەکى نەبڕاوە و نەمر پێدەکەنێت. دیکارت کە میتافیزیک بە ڕەگى فەلسەفە و فیزیک بە ناوقەدەکەى و زانستەکانیش بە لقەکانى دەزانێت, ئەوا وێنەى ئەم "نادیار"ـه کاریگەرە دەکێشێت, جێیەک کە چاوى فەیلەسوف دەیبینێت. فەیلەسوف بوونەوەرێکى میتافیزیکییە کە ئەودیوى فیزیک دەبینێت, لەو داخستنە تەسکە دەپەڕێتەوە کە تایبەتە بە گشتینەى خەڵک. پانتایی کۆمەڵایەتى جۆرێک لە چرووکبوون و کرژبوونى میتافیزیکە کە کرۆکى میتافیزیکى فەرامۆشکردووە. چونکە هەر ڕێسایەک کە لە ژیانى ڕۆژانەدا دووبارەدەبێتەوە, بوونەوەر(مرۆڤ) بە هەند وەردەگرێت و سەربارى وشەى کەلتور(و ئەویترى گەورە) کە خۆیان لە خۆیاندا وشەى ئەبستراکتن, کەچى دەبێت لە تاکەکەتاکەى ژیانە ڕۆژانەییەدا بپەستێنرێن. ڕەنگە لێرەشەوەیەک لەو هۆیانەمان بۆ دەربکەوێت کە هایدگەر پێى وایە لە میتافیزیکدا چەمکى بوون لەبیرکراوە و کورتکراوەتەوە بۆ بوونەوەر(یان تاکە پرەنسیپێک). پیرنەبوونى فەیلەسوف, بەو مانایەى کە هەمیشە لەگەڵ ئایدیایەکى میتافیزیکییدا دەژى, جۆرێکە لەم پێکەنینە. ئەو هەمیشە بە ڕووى ئایدیایەکى بنچینەییدا ئاوەڵایە و ئایدیاکەى پیرنابێت بۆیە پاش مردنى ئەویش درێژەى دەدرێتى. وەک مناڵێک کە هەرگیز گەورەنەبێت.

 

 

 

 

 


[1] . ئاشکرایە ئەوەى لاى مارکس هەیە سەرمایە(capital)یە  و ناوى جۆرێک لە کۆپەیوەندییە نەک نەختینەیەکى پارە کە کەسێک لە دەرەوەى پەیوەندییەکان هەڵیدەگرێت.

[2] . جادەى "پۆزەکە" لە سلێمانى و کۆمەڵێک شوێنى تریش لە ناوەوە و دەرەوەى کوردستان, لە قێزەونترین جۆرەکانى ئەم مناڵبوونەوە-هەژاربوونەوەیەن.