A+    A-
(1,323) جار خوێندراوەتەوە

 

                           بوغزی تیرۆریست

          [ڕامان لە ماناى ئیرەیی لە ژیانى مرۆڤەکاندا]

 

 

 

 

 

سلاڤۆی ژیژەک

وەرگێڕانی: شێروان ئیبراهیم

 

 

 

 

 

ڕەنگە قەسیدەکەی ویلیام باتلەر «هاتنی دووەم[1]»، باشترین وێناکردن بێت بۆ تەنگانەکەی ئێستامان: «باشترینەکان هیچ باوەڕێکیان نییە، خراپترینەکان پڕن لە گڕوتین». ئەمە باشترین وەسفە بۆ جیاوازیی نێوان لیبراڵە سستەکان و فەندەمێنتاڵیستە پڕ جۆشەکان. «باشترینەکان» چیدی توانای ململانێیان نەماوە، کەچی «خراپترینەکان» پڕن لە دەمارگیریی ڕاسیستی و ئایینی و ڕەگەزی.

بەڵام ئاخۆ فەندەمێنتاڵیستە تیرۆریستەکان، چ موسڵمان بن یان مەسیحی، بە مانای وشەکە فەندەمێنتاڵیستن؟ هەر بەڕاست باوەڕدارن؟ ڕەنگە ئەوەی لای ئەوان نوقسان بێت، بریتی بێت لەو شتەی سیمای دیار و ناسراوی هەموو فەندەمێنتاڵیستێکە، لە بودییەکانی تیبت ـەوە بیگرە بۆ ئامیش[2]ـەکانی ئەمریکا: نەبوونی بوغز و ئیرەیی، بێباکییەکی قووڵ بەرامبەر شێوازی ژیانی بێ‌باوەڕان. ئەگەر بەناو فەندەمێنتاڵیستەکانی ئەمڕۆکە بڕوایان وایە ڕێگەی حەقیقەتیان دۆزیوەتەوە، ئەی بۆچی هەست بە مەترسی دەکەن بەرامبەر بێ‌باوەڕان؟ چ پێویست دەکات ئیرەییان پێ ببەن؟ وەختێک بودییەک ڕووبەڕووی چێژپەرستێکی ڕۆژئاوایی دەبێتەوە، سەرکۆنەی ناکات، بەڵکو تەنها ئەوە بەبیری خۆی دەهێنێتەوە، هەوڵی چێژپەرستەکە بۆ خۆشبەختی، ئاکامەکەی خۆ_دۆڕاندنە. پێچەوانەی فەندەمێنتاڵیستە ڕاستەقینەکان، دەبینین فەندەمێنتاڵیستە ساختەکان پڕن لە بێزاری و دڵەڕاوکێ و سەرسامی بەرامبەر شێوازی ژیانی _پڕ لە گوناهـ_ بێ‌باوەڕان. بەجۆرێک مرۆڤ هەستدەکات، ئەمانە وەختێک دژی ئەویتری گوناهبار دەجەنگن، ئەوا لەبنەڕەتدا بەگژ وەسوەسە و ئیغراکانی ناو خۆیاندا دەچنەوە. ئەم بەناو فەندەمێنتاڵیستە مەسیحی و ئیسلامییانە، پەڵەی ڕەشن بەناو چاوانی فەندەمێنتاڵیزمی ڕاستەقینەوە.

لێرەدا، دەستنیشانکردنەکەی ویلیام باتلەر کورتدەهێنێت بۆ ئەم تەنگانەیە: گڕوتینی هەر گرووپێک، گەواهییە بۆ نەبوونی باوەڕێکی ڕاستەقینە. لە قووڵاییدا، فەندەمێنتاڵیستە تیرۆریستەکان باوەڕێکی ڕاستەقینەیان نییە، تەقینەوە بەهێزەکانیان بەڵگەیە بۆ ئەم ڕاستییە. دەبێ باوەڕی موسڵمانان چەندێک فشۆڵ بێت، تاوەکو بە کاریکاتۆرێکی گەمژانەی ڕۆژنامەیەکی کەمفرۆشی دانیمارکی، بێتەلەرزە. تیرۆری فەندەمێنتاڵیزمی ئیسلامی پشت ئەستوور نییە بە باوەڕی تیرۆریستان بە سەروەرییان یان ئارەزووییان بۆ پاراستنی شوناسە کەلتووری و ئایینییەکەیان بەرامبەر هێرشی شارستانییەتی بەرخۆریی جیهانی. کێشەی فەندەمێنتاڵیستەکان ناگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، گوایە ئێمە بە کەمتر لە خۆمان لێیان دەڕوانین؛ بەڵکو کێشەکە ئەوەیە خۆیان، بە شاراوەیی و نهێنی، خۆیان بە کەمتر دەبینن. بۆیە دەبینین جەختکردنەوەمان لەسەر _زۆرجار نەزاکەتی سیاسییە_ باڵاترنەبوونمان بەسەر ئەوانەوە، زیاتر و زیاتر توڕە و بوغزاوییان دەکات. کێشەکە لێرەدا جیاوازیی کەلتووری نییە (هەوڵدان بۆ پاراستنی شوناس)، بەڵکو بەپێچەوانەوە، فەندەمێنتاڵیستەکان وەک ئێمەیان لێهاتووە؛ چونکە بە نهێنی، بەشێک لە پێوەر و بەهاکانی ئێمەیان لەخۆدا ناونشین کردۆتەوە، بە نێوانگریی ئەم بەها و پێوەرانە لە خۆیان دەڕوانن (بێگومان، ئەم ڕاستییە بەسەر دالای لاماشدا دەچەسپێت، وەختێک لەڕێگەی دەستەواژە ڕۆژئاواییەکانەوە سەبارەت بە هەوڵدان بۆ ئاسوودەیی و دوورکەوتنەوە لە ژان، پاساو بۆ بودیزمی تیبیتی دەهێنێتەوە). پارادۆکسەکە لەوێدایە، ئەوەی فەندەمێنتاڵیستەکان نیانە، بریتییە لە تۆزێک باوەڕی «ڕاسیست»ـی ڕاستەقینە سەبارەت بە سەروەری و باڵاتربوونی خۆیان.

فاکتە سەرسوڕهێنەرەکە سەبارەت بە هێرشە «تیرۆریستییەکان» ئەوەیە، ناچنە چوارچێوەی پێوەر و ستانداردەکانی ئێمەوە بۆ جیاکردنەوەی چاکە و خراپە: خراپە، وەک خۆپەرستی و ڕەچاونەکردنی چاکەی گشتی؛ چاکە، وەک فیداکاری لەپێناو دۆزە باڵاکان. تیرۆریستەکان زیاتر نزیکن لە شەیتانەکەی میلتۆن ـەوە، وەختێک دەڵێت «ئەی خراپە! تۆ چاکەی من بە»[3]: هەرچەند ئێمە وا دەزانین هەوڵەکەی ئەوان بۆ ئامانجێکی خراپە لەڕێی ئامرازی خراپەوە، بەڵام چالاکییەکەیان یەکانگیرە لەگەڵ باڵاترین پێوەری چاکەدا. کردنەوەی ئەم گرێ‌کوێرەیە هێندەش دژوار نییە. پێشوەختە ڕۆسۆ درکی بەمە کردبوو، خۆپەرستی یان بایەخدان بە خۆشگوزەرانیی خۆمان، دژ نایەتەوە لەگەڵ چاکەی گشتی‌دا، چونکە دەشێت ئەنجامگیریی چاکەخوازانە لە تەقەلا خۆپەرستییەکانەوە دەربهێنرێت[4]. دانانی تاکگەرایی وەک دژی کۆمەڵخوازی[5]، دانانی سودخوازی وەک دژی نۆرمە گەردوونگەراییەکان؛ دژییەکییەکی ناڕاستە، چونکە لەکۆتاییدا هەردوو دژەکە هەمان ئەنجامیان لێ دەکەوێتەوە. هەندێک کەس، ڕەخنە لەم کۆمەڵگە چێژپەرست و خۆپەرستەی ئەمڕۆکە دەگرن، گوایە خاڵییە لە بەهای ڕاستەقینە؛ ئەم کەسانە زۆر هەڵەن. خودئەڤینیی خۆپەرستانە، دژەکەی بریتی نییە لە چاکەخوازی یان هەوڵدان بۆ چاکەی گشتی؛ بەڵکو بریتییە لە ئیرەیی و بوغز کە هاندەرمە بۆ ئەوەی دژی بەرژەوەندییەکانی خۆم بجووڵێمەوە. فرۆید بەجوانی درکی بەمە کردبوو: پاڵنەری مەرگ دژی پرەنسیپی چێژە، هاوکات دژی پرەنسیی واقیعیشە. خراپەی ڕاستەقینە، بریتییە لە پاڵنەری مەرگ، هۆکاری خۆ_وێرانکردنە، وا دەکات دژی بەرژەوەندییە تایبەتەکانمان ڕەفتاربکەین[6].

وەک لاکان دەڵێت، کێشەی ئارەزووی مرۆڤ ئەوەیە بەردەوام «ئارەزووی ئەویترە» بە تەواوی مانای وشەکە: ئارەزووکردنی ئەویتر؛ ئارەزووی بوون‌بەئارەزووی ئەویتر؛[7] بەتایبەت، ئارەزووکردنی ئارەزووی ئەویتر[8]. ئەمەی کۆتایی سەرچاوەی ئیرەییە، هەمان ئەو ئیرەییەی وا بوغزی لەخۆیدا هەڵگرتووە، هەردووک پێکەوە دەبنە ڕەگەزی پێکهێنەری ئارەزووی مرۆڤ. قەشە ئۆگەستین بەباشی درکی بەم بابەتە کردبوو، لە دانپیانانەکانی وی، بڕگەیەک هاتووە، لاکان هەمووجار دووبارەیدەکردەوە: دیمەنی مناڵێک ئیرەیی بە براکەی دەبات وەختێک مەمکی دایکی دەمژێت: «بینیم و دەمزانی مناڵەکە هەست بە ئیرەیی دەکات، هەرچەند توانای قسەکردنی نەبوو. ڕەنگی زەرد هەڵگەڕا؛ نیگایەکی تاڵی دەگرتە براکەی».

پاڵپشت بەم ڕوانگەیە، جان پییەر دوپوی، ڕەخنەیەکی ماقووڵ قوتدەکاتەوە دژی تیۆری دادەپەروەری لای جۆن ڕۆڵز[9]. بەگوێرەی مۆدێلەکەی جۆن ڕۆڵز بۆ کۆمەڵگەی دادپەروەر، نایەکسانیی کۆمەڵایەتی تا ئەو ئاستە ڕێگەپێدراوە، هاوکار بێت بۆ ئەوانەی لە خوارەوەی پەیژەی کۆمەڵایەتیین، هەروەها لەسەر بناغەی هیرارشییەتێکی میراتییانە دانامەزرابێت، بەڵکو لەسەر بناغەی نایەکسانیی سرووشتی، ئەمانەش ئیمتیازی ڕێکەوت و ڕاگوزەرن، نەوەک نەگۆڕ و هەمیشەیی[10]. ئێستا، تەنانەت کۆنزەرڤاتیڤە بەریتانییەکانیش قایلن بە ڕوانگەی ڕۆڵز لەمەڕ دادپەروەری: لە کانوونی دووەمی ٢٠٠٥، سەرکردەی هەڵبژێردراوی کۆنزەرڤاتیڤەکان، دەیڤید کامیرۆن، ئاماژەی بەوە دەکرد نیازی وایە پارتەکەی بگۆڕێت بۆ بەرگریکاریی بەشخوراوەکان، بانگەشەی ئەوەی دەکرد: «پێموایە، دەبێت پێوەری هەڵسەنگاندنی سیاسەتەکانمان وەها بێت: بە چ دەردێکی کەسانی کەم دەرامەت دەخوات، ئەوانەی لە خوارەوەی پەیژەی کۆمەڵگەن؟». ئەوەی ڕۆڵز درکی پێ نەکردبوو، ئەوەیە چۆن ئەم کۆمەڵگەیە زەمینە دەڕەخسێنێت بۆ تەقینەوەی بوغزێکی جڵەونەکراو: لەم کۆمەڵگەیەدا، دەبینم پێگە نزمەکەم تەواو «پاساودراوە»، چیتر بەهانەیەکم بۆ نامێنێتەوە تاوەکو شکستەکەم بخەمە ئەستۆی نادادیی کۆمەڵایەتی.

لێرەوە، ڕۆڵز پێشنیاری کۆمەڵگەیەکی ترسناک دەکات، هیرارشییەت ڕەوایەتی و خەسڵەتی سرووشتی وەردەگرێت. ئەمەش لەیادکردنی وانەیەکی ڕاستەقینەیە؛ وانەیەک لە نوکتەی جووتیارە سلۆڤینییەکەوە بەڕوونی دەردەکەوێت. جادووگەرێکی چاکەخواز، دوو بژاردە دەخاتە بەردەستی ئەم جووتیارە: مانگایەک وەردەگری، بەڵام دراوسێکەت دوو مانگا وەردەگرێت؛ یان، مانگایەکت دەبەم، بەڵام دوو مانگای دراوسێکەشت دەبەم؛ جووتیارەکە دەستوبرد بژاردەی دووەم پەسەند دەکات[11]. گۆر ڤیدال، بلیمەتانە ئەم خاڵە ڕووندەکاتەوە: «هێندە بەس نییە من براوە بم، دەبێت ئەویتر بدۆڕێت». تەڵەی بابەتی ئیرەیی/بوغز لەوەدایە، تەنها لایەنگری پرەنیسپی گەمەیەک نییە کە تێیدا ئەنجامەکە سفرە و سەرکەوتنی من یەکسانە بە دۆڕانی ئەویتر؛ بەڵکو کەلێنێک لەنێوان هەردووکیاندا لەخۆدەگرێت، کەلێنەکەش [پڕ] و پۆزەتیڤ نییە (هەمووان دەتوانین براوە بین، بەبێ ئەوەی دۆڕاوێک هەبێت)، بەڵکو [بۆش] و نێگەتیڤە. ناچارم لەنێوان بردنەوەی خۆم و دۆڕانی بەرامبەرەکەم دەستبدەمە هەڵبژاردن، من دۆڕانی نەیارەکەمم بەلاوە باشترە، تەنانەت ئەگەر مانای دۆڕانی خۆشم بێت. وەک ئەوەی بردنەوەی کۆتاییم لە بەرئەنجامی دۆڕانی نەیارەکەم، جۆرێکە لە ڕەگەزی پاتۆلۆژی و [بەبنەڕەت نەخۆشانە] و پاکێتیی سەرکەوتنەکەم لەکەدار دەکات. فریدریک هایک دەیزانی دەتوانرێت بەئاسانی نایەکسانی قبووڵبکرێت، ئەگەر کەسێک بانگەشەی ئەوە بکات ئەم نایەکسانییە بەرئەنجامی هێزێکی کوێرانە و ناشەخسییە: ڕەهەندە باشەکەی «ناعەقڵانییەت»ـی بازاڕ و سەرکەوتن یان شکستی نێو سەرمایەداری لەوەدایە، دەتوانم شکست و سەرکەوتنەکانم وەک بەرئەنجامێکی «ناڕەوا» یان ڕێکەوت ببینم[12]. پێناسە کۆنەکەی بازاڕ بەبیری خۆتان بهێننەوە: [بازاڕ] ڤێرژنە مۆدێرنەکەی چارەنووسی پێشبینی‌نەکراوە. ئەو فاکتەی گوایە سەرمایەداری «نادادپەروەر»ـە، هەمان ئەو خەسڵەتە سەرەکییەیە وا دەکات [سەرمایەداری] بەلای زۆرینەوە پەسەندکراو بێت. دەتوانم ئاسانتر لەگەڵ شکستەکانما هەڵبکەم، ئەگەر بزانم بەرئەنجامی بێ‌توانایی خۆم نییە، بەڵکوو زادەی ڕێکەوتە.

نیچە و فرۆید لەوەدا هاوڕان کە دادپەروەری هاوشێوەی یەکسانی، لەسەر ئیرەیی بەندە،_ ئیرەیی بە ئەویتر کە خاوەنی شتێکە و چێژی لێ دەبینێت، بەڵام ئێمە نیمانە. لەکۆتاییدا، خواستی دادپەروەری، خواستێکە بۆ کەمکردنەوەی زیادەچێژی ئەویتر، تاوەکو هەلی گەیشتنی هەمووان بە ژویسانس[13] یەکسان بێت. بەرئەنجامی زەروورەتی ئەم خواستە بریتییە لە زوهد و لەخۆگرتنەوە. مادام بەرقەرارکردنی ژویسانسی یەکسان مەحاڵە، بۆیە سەپاندنی قەدەغە و ڕێگریی یەکسان دەسەپێت. بەڵام ئەمڕۆ، لەم کۆمەڵگەیەی بانگەشەی ئاسانگیری و نەرمی‌نواندن دەکات، ئەم زوهدە شکڵ و کەوڵی دژەکەی خۆی وەرگرتووە، لەشێوەی فەرمانێکی گشتێنراوی سوپەرئیگۆدا، هەمان فەرمانی: «چێژ وەرگرە!»، سیحری ئەم فەرمانە هەموومانی گیرۆدەکردووە. دەرئەنجام، قەت وەها چێژەکانمان ڕووبەڕووی بەربەست نەبۆتەوە. بۆنمونە، بڕواننە ئەو یوپی[14]ـانەی هەوڵدەدەن «خۆ_تێرکردن»ـی نارسیستانە، بگونجێنن لەگەڵ دیسپلینەکانی لەخۆگرتنەوەی وەک ڕێکردنی خێرا و خواردنی خۆراکی تەندروست و هتد. ڕەنگە هەر ئەمە بەبیری نیچەدا هاتبێت، وەختێک باسی لە دواهەمین مرۆڤ کردووە، تەنها ئەمڕۆ دەتوانین سیماکانی [بیرۆکەکەی نیچە] لەژێر پەردەی چێژپەرستی و لەخۆگرتنەوەی یوپییەکانەوە بەدی بکەین. نیچە هەروا لەخۆڕا «جەختکردنەوە لەسەر ژیان»ـی دژی زوهد و لەخۆگرتنەوە بەکار نەدەبرد: ئەو دەیزانی چەشنێک لە زوهد، هیچ نییە جگە لە ڕوویەکی دیکەی هەوەسبازییەکی نزم و زیادەڕۆ. ڕەخنەکەی وی لە پارسیفال[15]ـی فاگنەر و داڕمانی ڕۆمانسیزمی دوایین بەگشتی کە تێکەڵەیەکە لەنێوان هەوەسبازییەکی ژاکاو و ڕۆحانییەتێکی تەمومژاوی، ئەم خاڵەمان بۆ ڕووندەکاتەوە[16].  

کەوایە، ئیرەیی چییە؟ با بگەڕێنینەوە بۆ دیمەنەکەی ئۆگەستین، وەختێک مناڵەکە ئیرەیی بە براکەی دەبات کە مەمکی دایکی دەمژێت. سوبێکت ئیرەیی نابات بەوەی ئەویتر خاوەنی ئۆبێکتە بەنرخەکەیە [مەمک]، بەڵکو ئیرەیی بەو ڕێگەیە دەبات کە وا دەکات ئەویتر چێژ لە ئۆبێکت ببینێت؛ هەر بۆیە، بۆ سوبێکت، تەنها دزین و زەوتکردنی ئۆبێکت بەس نییە. ئامانجی ڕاستەقینەی وی، لەناوبردنی توانای ئەویترە بۆ چێژبردن لە ئۆبێکت. لێرەوە، دەبێت ئیرەیی بخرێتە ناو سیانەی: ئیرەیی و پاشەکەوت و مالیخۆلیا، هەمان ئەو سێ فۆرمەی ڕێگرن لەبەردەم چێژبردن لە ئۆبێکت، هەروەها هۆکارن بۆ چێژبردن لەم مەحاڵێتییە [مەحاڵبوونی چێژبردن لە ئۆبێکت]. پێچەوانەی سوبێکتی سەر بە ئیرەیی، ئەو سوبێکتەی ئیرەیی بە ئەویتر دەبات کە خاوەنی ئۆبێکتە و/یان چێژی لێ دەبینێت؛ چاوچنۆک خاوەنی ئۆبێکتە، بەڵام ناتوانێت چێژی لێ ببینێت یان بەکاری ببات. تێربوونی چاوچنۆک تەنها لە هەبوونی ئۆبێکتەکەدایە، هەروەها بڵندکردنەوەی بۆ ئاستی موقەدەس، بەمەش [ئۆبێکت] دەگۆڕێت بۆ شتێک کە قەدەغەیە و شیاوی لەمسکردن نییە. ئەو نموونەیەی بە خەیاڵماندا دێت، ئەو چاوچنۆکەیە وا دەگەڕێتەوە ماڵەوە، دەرگاکان کڵۆم دەدات، خەزێنەکەی دەکاتەوە و چاو دەبڕێتە ئۆبێکتە بەنرخەکانی، بە شکۆوە لێیان دەڕوانێت. هەمان ئەو شتەی وا دەکات ئۆبێکتەکە شیاوی بەکاربردن نەبێت، هەر ئەوەیە دەیکات بە ئۆبێکتی ئارەزوو. سەبارەت بە سوبێکتی مالیخۆلی، هاوشێوەی چاوچنۆک، خاوەنی ئۆبێکتە، بەڵام هۆکاری ئارەزووەکەی لەدەستداوە. لە هەمووی تراژیدیتر، مالیخۆلی دەتوانێت بگاتە هەموو شتێک، بەڵام هەست بە هیچ قایلبوون و تێربوونێک ناکات[17].

زیادەڕۆیی لە ئیرەییدا، بناغەی جیاکارییە بەناوبانگەکەی ڕۆسۆیە لەنێوان خۆپەرستی یان عەشقی خود[18] (عەشقێکی سروشتییە)؛ لەگەڵ عەشقی پەتی[19] [خۆپەسەندیی]، بریتییە لە خۆسەپاندێکی لادەرانە بەسەر ئەوانیتردا، لێرەدا کەسەکە تەنها هەوڵی گەیشتن بە ئامانجێک نادات، بەڵکو دەیەوێت بەربەستەکانی بەردەمی وێران بکات:

«جۆشوخرۆشە بەراییەکان، ئەوانەی تەنها ڕوویان لە کامەرانی ئێمەیە، وا دەکەن تەنها مامەڵە لەگەڵ ئەو شتانەدا بکەین وا پەیوەستن بەم جۆشوخرۆشانەوە، پرەنسیپەکەیان تەنها بریتییە لە عەشقی خود، هەر هەموویان دۆستانە و دڵگیرن؛ بەڵام وەختێک ئەم جۆشوخرۆشانە بەهۆی بەربەستەکانەوە لە ئۆبێکتەکان وەردەچەرخێن، لەبری ئەوەی سەرقاڵی ئەو ئۆبێکتە بن کە هەوڵدەدەن پێی بگەن؛ کەچی سەرقاڵی ئەو بەربەستانە دەبن وا دەیانەوێت لێی ڕزگاربن، بۆیە سرووشتەکەیان دەگۆڕێت بۆ ڕق و شەڕانگێزی. هەر بەم چەشنە، عەشقی خود کە هەستێکی بڵند و ڕەهایە؛ دەگۆڕێت بۆ عەشقی پەتی و خۆپەسەندی، ئەمەش هەستێکی ڕێژەییە مرۆڤ بۆ بەراوردکرنی خۆی بەکاری دەهێنێت، ئەم هەستە پێویستی بە زاڵبوونە، چێژەکە لێرەدا تەواو نێگەتیڤە، تێربوونەکە تەنها لە کامەرانی ئێمەدا نییە، بەڵکو لە بەدبەختی ئەوانیتریشدایە»[20].

کەوایە، کەسی خراپ ئەو خۆپەرستە نییە کە «تەنها بیر لە بەرژەوەندیی خۆی دەکاتەوە». خۆپەرستی ڕاستەقینە، هێندە سەرقاڵە بە سودی خۆیەوە، کاتی ئەوەی نییە عەوداڵی بەدبەختکردنی ئەوانیتر بێت. ڕەنگە یەکەمین خراپەی هەر کەسێک، سەرقاڵبوونی بێت بە ئەوانیترەوە لەبری سەرقاڵبوونی بە خۆیەوە. ڕۆسۆ بەوردیی میکانیزمی لیبیدۆیی وەسفدەکات: ئەو وەرچەرخانەی وا دەکات خەرجکردنی لیبیدۆ لە ئۆبێکتەوە ڕووبکاتە خودی بەربەستەکان. دەشێت ئەمە بەسەر توندوتیژیی فەندەمێنتاڵیستەکاندا بچەسپێ،_ جا تەقینەوەکانی ئۆکلاهۆما بێت یان تەقاندنەوەی دوو تاوەرە بازرگانییەکە. لە هەردوو حاڵەتەکەدا، دەرگیربووین لەگەڵ کینەیەکی سادە و پەتی: خودی ئامانجەکە وێرانکردنی بەربەستەکان بوو، باڵەخانەی فیدراڵیی شاری ئۆکلاهۆما، دوو تاوەرە بازرگانییەکە؛ نەوەک بەدیهێنانی ئامانجێکی بڵند لەپێناو کۆمەڵگەی مەسیحی یان ئیسلامی[21].

لێرەوە، نابێت یەکسانیخوازی لەسەر بنەمای بەها ڕوواڵەتییەکەی وەربگرین. تێگەی (و پراکتیکی) دادپەروەرییەکی یەکسانانە وەکچۆن بەندە لەسەر ئیرەیی، هێندەش بەندە لەسەر ئاوەژووکردنەوەی ستانداردە باوەکە دەربارەی سازشکردن لەپێناو چاکەی ئەوانیتر: «ئامادەم سازش لەسەر شتێک بکەم، بۆ ئەوەی نەبێتە موڵکی ئەوانیتریش». لەبری ئەوەی خراپە[22] دژی گیانی فیداکاری بێت، لێرەدا خراپە وەک خودی گیانی فیداکاری دەردەکەوێت،_ ئامادەم دەستبەرداری خۆشبەختی خۆم ببم، ئەگەر لەڕێی ئەم فیداکارییەوە، ئەوانیتر بێبەش بکەم لە چێژ و کامەرانی.

 

 

 

     

 

 

 

 

 

پەراوێزەکان


[1] Second coming

[2]  Amish: پرۆتێستانتە توندڕەوەکان.

[3]  تەنانەت پێش دەربڕینە بەناوبانگەکەی شەیتان: «ئەی خراپە! تۆ چاکەی من بە»، لە فیردەوسی لەدەسچوو ـی میلتۆن؛ دەربڕینێکی شەیتانیانەی هاوشێوە لە لەمەڕ خراپە لای شکسپیر دەبینینەوە، لە شانۆنامەی تیتۆس ئەندرۆنیکۆس، مەگەر ئارۆن ـی تۆبەنەکەر ناڵێت: «ئەگەر لە تەواوی ژیانما چاکەیەکم کردبێ/ ئەوا لە قووڵایی ڕۆحمەوە لێی پەشیمانم».

[4]  باشترین نموونە: Robert Axelrod, the evolution of cooperation (New York: Basic books, 1984)

[5] communitarianism

[6]  دوپوی بە هەڵە دەروونشیکاریی لاکانی وەسفدەکات، وەک پرۆسەیەکی بەردەوام بۆ «بەماشێنکردنی زەین»؛ بەپێچەوانەوە، ئەمڕۆکە دەروونشیکاری دووبارە تێگەکانی خراپە و بەرپرسیارێتی دەهێنێتە ناو فەرهەنگی ئەخلاقییمانەوە؛ «پاڵنەری مەرگ»، ناوێکە بۆ ئەو شتەی دەبێتە هۆی شێواندنی میکانیزمی گەڕان بەدوای چێژی عەقڵانییدا، بریتییە لە دژێکی نامۆ و هۆکارە بۆ وێرانکردنی بەرژەوەندییەکانم. ئەگەر ئەمە خراپەی ڕاستەقینە بێت، ئەوا نەک هەر ئەو تیۆرە پراگماتیکییانەی ئەخلاقی سیکولار وا ئەمڕۆ باڵادەستن، بەڵکو تەنانەت «بەماشێنکردنی زەین» لە زانستە مەعریفییەکانیشدا، نابێت وەک «خراپ»ـەیەک لەخۆیدا، بەڵکوو وەک بەرگرییەک لە خراپە لێیان بڕوانرێت.

[7] desire to be desired by the Other

[8] Lacan, Ecrits, p. 689–98.

[9]  بڕوانە: Dupuy, Avions-nous oublié le mal?

[10] John Rawls, A Theory of Justice, Cambridge, MA: Harvard University Press, 1971 (revised edition 1999).

[11]  لە نوسخەیەکی دی، جادووگەرەکە پێی دەڵێت: «هەرچییەک بخوازی بۆت دەکەم، بەڵام بزانە، دوو هێندە بۆ دراوسێکەت دەکەم!»، جووتیارەکە بە بزەیەکی بەدکارانەوە دەڵێت: دەی، چاوێکم دەربێنە!

[12] Friedrich Hayek, The Road to Serfdom, Chicago: University of Chicago Press, 1994.

[13] Jouissance.

[14]  Yuppies: دەستەواژەیەکی عەوامانەیە و ئاماژەیە بۆ گەنجە پرۆفیشناڵ و بەهرەمەندەکانی شارەکان، ئەوانەی لە بازاڕ و بازرگانییدا سەرکەوتوون. ئەم گەنجانە بە ڕێکپۆشی دەناسرێنەوە، زۆرجار هەوڵدەدەن لەڕێگەی ستایل و جلوبەرگ و موڵکەکانییانەوە سەرکەوتنی خۆیان پیشانبدەن. (و. کوردی).

[15]  ئۆپێرایەکی سێ دیمەنیی ڕیچارد ڤاگنەرە. (و. کوردی).

[16] Alenka Zupancic, The Shortest Shadow, Cambridge, MA: MIT Press, 2006.

[17]  ئایا دەشێت ئیرەیی بە خۆت ببەی، نەوەک سوبێکتێکی دی؟ هەندێک سوبێکت هەن، ناتوانن بەرگەی خۆشبەختی و کامەرانی خۆیان بگرن، هەر بۆیە کەلەڕەقانە زیان بە خۆیان دەگەیەنن؛ بە دەربڕینە وشکەکانی فرۆید، سوپەرئیگۆکەیان ئیرەیی بە سەرکەوتنی ئیگۆکەیان دەبات. هەمان ئەو کەرتبوونەی وا لاکان باسی دەکات لەنێوان «سوبێکتی دەربڕاو» ‘subject of enunciated’ (ئەو ڕێگەیەی تێیدا من، سوبێکتی قسەکەر، خۆی لە گوتارەکەیدا دەردەخات) و «سوبێکتی دەربڕین» ‘subject of enunciation’ (خودی من ـی قسەکەر)، لێرەدا دەگاتە ترۆپک: سوبێکت دەبێتە ئەویتری خۆی، لێرەوە ئیرەیی بە خۆی دەبات.

[18] Amour-de-soi.

[19] Amour- proper.

[20] Jean-Jacques Rousseau, Rousseau, Judge of Jean-Jacques: Dialogues, Hanover, NH: Dartmouth College Press, 1990, p. 63.

[21] Jean-Pierre Dupuy, Petite metaphysique des tsunamis, Paris: Editions du Seuil, 2005, p. 68.

[22] Evil

 

 

سەرچاوەکان:

تەوەرێک لە کتێبى "توندوتیژى":

1- Violence: six sideways reflections, Slavoj Žižek, profile books, 2008.

2- العنف: تأملات في وجوهه الستة, سلافوي جيجك, ترجمة فاضل جتكر, المركز العربي للابحاث و دراسة السياسات, بيروت 2017.