فۆرمسازییه‌كانی ناواقیعیبوون
ڕوشدی جه‌عفه‌ر
یه‌كه‌م: "وێرانه" مۆدێرنه‌كان
به‌ركه‌وتنه تراوماییه‌كه‌ی كۆمه‌ڵگا خۆرهه‌ڵاتییه‌كان به مۆدێرنه‌ی خۆرئاوایی، به‌ده‌ر له لێكه‌وته هه‌مه‌لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی، له فۆرمی تێكسته ئه‌ده‌بییه‌كانی ئه‌وساشدا شیاوی ده‌ستنیشانكردنه. ئه‌م به‌ركه‌وتنه به‌ر له‌وه‌ی ڕۆڵی به‌ئاگاهێنه‌ره‌وه‌یه‌ك بگێڕێـت ده‌رهه‌ق به پێشكه‌وتنی ئه‌ویتر و ده‌سته‌وه‌ساویی مناڵانه‌ی خود، ئه‌و چێوارچێوه‌یه‌ی مانا و لێكدانه‌وه‌ی تێكشاند كه تا ئه‌وده‌م باڵاده‌ست بوو. واقیعه ڕه‌مزییه‌كه‌ی جیهانی ئیسلامی به‌ر ئه‌و ڕیاڵ[1]ـه كه‌وت كه خۆی به‌ر مه‌بنای وه‌ده‌رنانی وی ڕۆنرابوو و ڕاگیرابوو. به جۆرێك له جۆره‌كان، ئه‌و هه‌وڵانه‌ی دواتریش دران بۆ مۆدێرنیزه‌كردن، ته‌قه‌لاگه‌لێكن به ئاراسته‌ی ڕه‌مزاندن و ئاسایكردنه‌وه‌ی ئه‌م ده‌ستدرێژییه‌ی سه‌ر به ڕیاڵ، كه له خۆرئاواوه په‌لیهاوێشتبوو. ته‌نانه‌ت پشێویی ئه‌و زمانه‌ی له‌م به‌ركه‌وتنانه‌وه كه‌وتۆته‌وه، ئاڵۆزی و نامۆیی یه‌كه‌مین "تێكسته مۆدێرنه خۆرهه‌ڵاتییه‌كان" (نمونه‌ی سادقی هیدایه‌ت له ئێران‌دا)، پێگه‌ی ناڕوونی تاكه‌كان و باوه‌شكردنه‌وه‌ی فراوانیان بۆ ڕه‌وته ئایدیۆلۆژییه زۆر لێكده‌ژه‌كان له ماوه‌یه‌كی كورتى زه‌مه‌نیدا، كه‌ڵكه‌ڵه‌ی ئه‌وه‌مان تێده‌خه‌ن كه وای دابنێین ئه‌م به‌ركه‌وتنه هه‌مان بونیادی "ده‌ستدرێژی" یان "لاقه‌كردن"ی هه‌یه: "له كتێبی كه‌متر له هیچدا، سلاڤۆی ژیژه‌ك به‌هۆی نمونه‌یه‌كی نیمچەگریمانەییەوە نیشانیده‌دات كه چۆن فۆرمی زمان توانای تۆماركردن و خستنه‌ڕووی ڕه‌هه‌نده تراوماییه‌كه‌ی ئه‌زموونی مرۆیی هه‌یه، ئه‌زموونێك كه هه‌ر به‌گوێره‌ی پێناسه‌كه‌یه‌وه، له‌بناوانه‌وه شیاوی گوزارشت لێ‌كردن نییه. وێنای ژنێك بكه كه ده‌چێته بنكه‌یه‌كی پۆلیس، بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كات ده‌ستدرێژیی كراوه‌ته‌سه‌ر. بۆ ئه‌وه‌ی له درووستیی قسه‌كانی ژنه‌كه دڵنیابینه‌وه، نابێت ته‌ركیز بخه‌ینه سه‌ر ئه‌و نیشانانه‌ی عاده‌ته‌ن به ڕاستبوونی وته‌كانی وی داده‌نرێن، واته یه‌كانگیری، نه‌بوونی هه‌ڤدژی (ته‌ناقوز) و پشت پێبه‌ستراویی گێڕانه‌وه باسكراوه‌كه. له‌ڕاستییدا، لێره‌دا ئه‌م نیشانانه ده‌لاله‌تێكی هه‌ڵگه‌ڕاوه‌یان هه‌یه، چونكه ئه‌گه‌ر بانگه‌شه‌ی وی ڕاستبێت، ئه‌و به‌حه‌تمی گێڕانه‌وه‌كه‌ی وی بۆ ئه‌م ئه‌زموونه تراوماییه، تێكه‌ڵوپێكه‌ڵ (كایۆتیك)، نایه‌كانگیر و ناڕێكخراو ده‌بێت".[2]
لێره‌وه، مۆدێرنه به‌ر له‌وه‌ی وه‌ك "ناوه‌ڕۆك" پێناسه‌بكرێت، جۆرێكه له فۆرم و فۆرمسازی و بیچمگرتن. ئه‌و لێڕژانه ماناییه‌ی پێشتر بوو، ئه‌و زنجیره جێگرتووه‌ی دال و مه‌دلووله پێكبه‌ستراوه‌كان، جێی خۆی بۆ جۆرێك له بێ‌مانایی و بێ‌سه‌روبه‌رییه‌كی فۆرماڵ چۆڵكرد(کە لە هەندێک ئاستدا دەتوانین ناویبنێین نیهلیزمى خۆماڵى). بۆیه كاتێك باسی به‌ركه‌وتنی خۆرهه‌ڵات به مۆدێرنه‌ی خۆرئاوایی ده‌كرێت، نابێت ئه‌م دیوه فۆرم(اڵ)ه نادیده‌بگرین. به‌م پێیه، ئاخۆ پێگه‌ی كورد وه‌ك به‌شێك له "جیهانی ئیسلامی" له ده‌ستپێكی ئه‌م به‌ركه‌وتنه‌دا چۆن ده‌ستنیشان بكه‌ین؟ كورد له‌ڕێگه‌ی عه‌ره‌ب، فارس و توركه‌كانه‌وه به‌م ئه‌زموونه‌دا تێپه‌ڕیوه نه‌ك به‌شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ، بۆنمونه خودئاگاییه شیعری و مێژووییه‌كه‌ی یه‌كێكی وه‌ك حاجی قادری كۆیی له ئه‌سته‌مبولدا شێوه‌ڕێژبووه. لای حاجییش جیاكاریی نێوان ئه‌ورووپا وه‌ك جیهانی زانست و ئه‌ورووپا وه‌ك ئه‌ویترێكی بێباوه‌ڕ به‌دیده‌كه‌ین- كه ئه‌وه‌نده شێلگیرانه‌ش نایگرێت، بگره هه‌ر باوه‌شكردنه‌وه‌ی بۆ "عیلم و سه‌نعه‌ت"، نادیده‌گرتن و بێباكییه‌كی ده‌رهه‌ق به سیفه‌تی بێاوه‌ڕیش تێدایه. ئه‌و خۆی به‌زیمنی داوای كه‌لك وه‌رگرتنی كرداری له ئه‌ورووپا ده‌كات[3]. ئه‌م خودئاگاییه‌ی وی، كه ده‌كرێت به "شێوه‌مۆدێرن یان مۆدێرنئاسا" وه‌سفبكرێت، دیسانه‌وه پتر له "فۆرم" یان "هه‌ژاریی فۆرم"ی شیعره‌كانیدا ده‌رده‌كه‌وێت تا "ناوه‌ڕۆك" (دیاره، ئه‌م دووانه لێكدابڕاو نین، به مانایه‌كی تایبه‌ت فۆرم هیچ نییه جگه له تڵپه و نیشتوو و شوێنه‌واری ناوه‌ڕۆك، به‌ڵام بۆ مه‌رامی باسه‌كه ئاواهی لێكیان جیاده‌كه‌ینه‌وه): ئه‌و فۆرمه كلاسیكه پته‌وه‌ی لای نالی و سالم و مه‌حوی هه‌یه یان ته‌نانه‌ت ئاسه‌وارێكیشی له غه‌زه‌له به‌راییه‌كانی حاجی خۆی، به‌ر له سه‌فه‌ركردن بۆ ئه‌وروپا به‌رچاوده‌كه‌وێت، لای حاجیی دوایین به‌ته‌واوی له‌ده‌ستده‌چێت. به‌جۆرێك شیعری وی وه‌ك "وێرانه"ی بینا كلاسیكه‌كان دێته‌به‌رچاو، وه‌ك‌بڵێی جۆره داڕووخانێكی به‌رپێنه‌گیراو ڕوویداوه، چیدی ڕه‌وانبێژییه‌كی نالی‌ئاسا له‌گه‌ڕدا نییه، بگره زیاتر له "نوسین"ه‌وه نزیكه نه‌ك "شیعرێكی نه‌ریتی"[4]. ئه‌م "بێ‌سه‌روپاییه فۆرماڵ"ه‌ش به‌تایبه‌ت شیعره‌كانی سه‌رده‌می جێنشینبوونی له ئه‌سته‌مبولدا ده‌گرێته‌وه، هه‌مان قۆناغه جێ‌مه‌به‌سته‌كه‌مان (به نادیده‌گرتنی ئه‌و خه‌وشه ته‌كنیكییانه‌ی هه‌بوون، بۆنمونه ئه‌وه‌ی كه شیعره‌كانی حاجی به‌ڕێكوپێكی به‌رده‌ست نه‌بوون، دێڕ و پارچه‌ی قرتاو و هه‌ڵه‌ی ڕه‌شنووس و تایپ و هتد). ئه‌م "له‌شیعركه‌وتن"ه‌ی حاجی هاوتایه به داخڵبوونی بۆ ئاستێكی دیكه‌ی ئاگایی، كه چیدی له "مه‌دحی باده و دولبه‌ر"دا قه‌تیس نابێت؛ به‌م جۆرەش حاجی شیعر وه‌ك بێ‌ماڵییه‌كی مێژوویی ئه‌زموونده‌كات. هه‌ر لێره‌دا زمانی حاجی گرژییه‌كی سه‌ربار به‌خۆوه‌ده‌گرێت، خاڵی نییه له وشه‌ی زبر و بگره "جوێن"یش. به ده‌ربڕینێكی تر، به‌ركه‌وتن به ئه‌ویتری خۆرئاوایی، زمان به‌سه‌رخۆیدا لوولده‌كات و توندوتیژییه‌كی ناوه‌كیی بۆ زیادده‌كات، كه جیایه له‌و زمانی هه‌جوو و داشۆرینه‌ی لای شێخ ڕه‌زا هه‌یه. وێڕای ئه‌وه‌ش، ئه‌و ئه‌رگۆمێنته هه‌ر ده‌مێنێته‌وه كه ئه‌و "بێ‌تواناییه له گوزارشتكردن" یان "ئه‌م گوزارشت‌هه‌ڵنه‌گری"یه، نیشانه‌ی به‌ركه‌وتنه به فۆرمێكی تری ئاگایی كه نازانرێت چۆن فامبكرێت[5]. ته‌نانه‌ت حاجی خۆیشی ئاگایی له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م داڕووخانه‌ی بینای شیعری‌دا هه‌بووه، بۆنمونه حاجی شیعره‌كانی خۆی به "كه‌لامی بێ سه‌روپا" و "شه‌ل و كوێر" وه‌سفده‌كات، گه‌رچی مه‌رامه نه‌سته‌كییه‌كه‌ی پێچه‌وانه‌ش بێت، واته ئه‌میش هه‌ر ستایش بێت به‌ڵام له كه‌وڵێكی نه‌رێنی و ئاوه‌ژوودا[6]، چونكه له‌جێی تردا خۆی به "نالی" به‌راوردده‌كات. به‌ڵام ئه‌گه‌ر وه‌سفه‌كه‌ی سه‌ره‌وه به حه‌رفی وه‌ربگرین، جه‌خت له تایبه‌تمه‌ندییه باسكراوه‌كه ده‌كاته‌وه. ئاخۆ هه‌ر ئه‌وه‌ی كه حاجی ناوی خۆی چه‌ندباره ده‌كاته‌وه له‌گه‌ڵ نالی‌دا، نیشانه‌ی هه‌ستكردن نییه به‌و مه‌ودایه‌ی لێكیان جیاده‌كاته‌وه؟ "زاهیره‌ن به‌یتم له "نالی" و "كوردی" زۆر كه‌متر نییه/ تالعم به‌رگه‌شته‌یه، به‌دبه‌خته به‌ختم نوستووه". ئه‌م "زۆر كه‌متر نییه" شتێكه وا جیاوازییه‌كه له بڕێكی چه‌ندێیته‌وه ده‌گۆڕێته‌سه‌ر بڕێكی چۆنێتی، سه‌ر "كه‌مێكی جیاكه‌ره‌وه". دوور له‌وه‌ی كه ده‌كرێت به‌ئاسانی ئه‌رگۆمێنتی ئه‌وه بهێنرێته‌وه وا جیاوازیی نێوان حاجی و نالی، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ به‌هره و توانا شیعرییه‌كانیان، لێره‌دا ته‌ركیزمان له‌سه‌ر پێگه و ساته‌وه‌خته مێژووییه‌كه‌ی حاجی بوو.
دووه‌م: درزێك له هۆكارێتیدا
له ئاستێكدا، سه‌فه‌ر و كۆچكردن هۆكارێكی ڕوونی ده‌درێته‌پاڵ؛ ئابوری، سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و هتد. له ئاستێكی دیكه‌دا، كۆچكردن ده‌كه‌وێته ده‌ره‌وه‌ی هۆ/ئه‌نجامه ماقووڵه‌كانه‌وه، واته خۆی هۆكاری خۆیه‌تی. به‌ڵام له‌م نێوانه‌دا، ئاستێكی دیكه هه‌یه به‌تایبه‌ت له‌كاتی "شۆڕشه كۆنه‌پارێزه‌كان"دا ده‌رده‌كه‌وێت: كۆچكردن وه‌ك به‌رگه‌نه‌گرتنی درزێك له دڵی هۆكارێتی(هۆمەندى-causality)دا، پچڕانێكی پووچی هۆمه‌ندییه ماقووڵه‌كان. به گوزارشتێكی تر، چڕبوونه‌وه‌ی نامۆبوونه، چیتر نه‌ك ته‌نیا په‌یوه‌ندیی نێوان مرۆڤ/جیهان لێكترازاو و ئه‌بسێرد ده‌كه‌وێته‌وه، به‌ڵكو په‌یوه‌ندیی مرۆڤ/فه‌نتازیا بنه‌ڕه‌تییه‌كه‌ی خه‌له‌لی تێده‌كه‌وێت، ئه‌و شته‌ی باڵایه وه‌ك شووشه‌یه‌كی شكسته پارچه‌پارچه ده‌بێت و ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه له شوێنه‌وارێكی پاتاڵ به‌ولاوه هیچیتر نییه. داریوش شایگان په‌یوه‌ندیدار به‌مه، نمونه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێش باسده‌كات: كۆچی كه‌سه پێشكه‌وتنخوازه‌كان له ئێران، دوای سه‌ركه‌وتنی "شۆڕشی ئیسلامی"، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ستیان ده‌كرد هۆكاره‌كان تێكه‌ڵوپێكه‌ڵ بوون، هه‌موو شتێكی وێنانه‌كراو شیاوی ڕوودانه، ئه‌و شتانه‌ی وادانرابوو سه‌ر به زه‌مه‌نێكی تێپه‌ڕیون له به‌رگه هه‌ره كۆنه‌پارێزه‌كه‌یان گه‌ڕانه‌وه، خه‌سڵه‌ته‌كانی "شێوه‌ژیانی خێڵه‌كی" ده‌ركه‌وتنه‌وه، وه‌كو ئیعدامكردن و به‌ردبارانكردنی زیناكاران و هتد. به ده‌ربڕینێكی تر، ئه‌وه‌ی لێره‌دا ده‌بێته پاڵهێزی كۆچكردن، له‌ده‌ستچوونی ئازادیی سیاسیی نییه، "چونكه له سیسته‌می پێشووشدا، ئازادییه سیاسییه‌كان له‌ئارادا نه‌بوون"[7]، به‌ڵكو هه‌ستكردن بوو به "غوربه‌تێكی به‌رگه‌نه‌گیراو"، وه‌ك‌بڵێی له‌پڕێكدا واقیعه ڕه‌مزییه جێگرتووه‌كه حاڵه‌تێكی ناواقیعی به‌خۆیه‌وه ده‌گرێت. ده‌كرێت ئه‌م درزه ناوبنرێت "ناواقیعی‌بوونی شوێن". ئه‌گه‌ر ئاماژه بۆ حاجی قادری كۆیی بكه‌ینه‌وه، دیسانه‌وه ئه‌م له‌قبوون و شلوشلۆقییه‌ی شوێن ده‌بینینه‌وه: "كه بێی و بچییه‌وه ئێستا "كأنه" دیسان/ سه‌فه‌ر ده‌كه‌ی له وه‌ته‌ن و ده‌چییه شاری جابولقا". حاجی لێره‌دا وای داده‌نێت كه چه‌نده سه‌فه‌ركردنی له وه‌ته‌ن تووشی غوربه‌تی كردووه، هێنده گه‌ڕانه‌وه‌ش بۆی تووشی نامۆبوونیده‌كاته‌وه. ئه‌و شته‌ی غوربه‌تی گه‌ڕانه‌وه له ه‌ی ڕۆیشتن جیاده‌كاته‌وه، ئه‌و زیاده مۆدێرنه‌یه كه حاجی له ئه‌سته‌مبولدا ئاشنای بووه. وادیاره، حاجیش وه‌كو شێخ ڕه‌زا، "جابولقا"ی هه‌ر وه‌ك "ناوێكی بێ‌ناونراو" به‌كارهێناوه[8]، ئه‌م ئوستووره‌سازییه‌ی شوێنیش ده‌ركه‌وتێكی دیكه‌ی ناواقیعی‌بوونی شوێنه. هه‌میسان پرسیاره بنچیینه‌ییه‌كه ئه‌وه‌یه كه چۆن ناواقیعبوون شێوه‌گیر ده‌بێت، فۆرمسازییه‌كانی چین؟ بۆنمونه ئایا گه‌ڕانه‌وه‌ی تالیبان فۆرمسازییه‌كی فه‌نده‌مێنتالیست نییه ده‌رهه‌ق به ناواقیعبوونه‌كانی مێژووی ئه‌فغانستان؟ ئایا ئه‌وه‌یشی واده‌كات خه‌ڵكی به‌لێشاو وڵاته‌كه جێبهێڵێت ڕاكردن نییه له‌م ناواقیعیبوونه؟[9] سه‌فه‌ر خۆی چییه جگه له فۆرمبه‌خشین به ناواقیعیبوون؟
پەراوێزەکان:
[1] . ڕیاڵ لێرەدا واتە دەرچوون لە سنورە دەقگرتووە مێژووییەکان, کە شۆک و تراوماى لێ دەکەوێتەوە.
[2] https://www.pagesmagazine.net/en/articles/conversation-1-writing-as-translation-translation-as-writing/5c2d1f009088580015d6a4d0
كۆته‌یشنه‌كه‌ی سه‌ره‌وه له‌م گفتوگۆیه‌ی نێوان "ساڵح نه‌جه‌فی" و نیما په‌رژام" وه‌رگیراوه ده‌رباره‌ی "وه‌رگێڕان وه‌ك نوسین" و "نوسین وه‌ك وه‌رگێڕان" (گفتوگۆكه خۆی به زمانی ئینگلیزییه). ڕه‌نگه ئه‌مه به پله‌ی یه‌ك باسوخواسێكی خۆرهه‌ڵاتی بێت، وێڕای ئه‌وه‌ی كه‌سانی وه‌ك دۆلۆز له‌باره‌ی "زمانی كه‌مایه‌تی" یان "داڕشتنی زمانێكی بێگانه له‌ناو زمانی دایكدا" ده‌دوێن، به‌ڵام به‌نیسبه‌ت خۆرهه‌ڵاته‌وه شتێكی زیاتر یان كه‌متره له‌وه: وه‌ڵامدانه‌وه‌یه به "دۆخ یان پێگه‌ی هاوكات و ناهاوكاتمان له‌به‌رامبه‌ر خۆرئاوا"دا. نه‌جه‌فی وه‌ك یه‌كێك له وه‌رگێڕه دیاره‌كانی ئێران، وه‌رگێڕان وه‌ك "ئه‌زموونی بێ ماڵی" وه‌سفده‌كات... پێموایه ئه‌م گفوگۆیه نوسخه‌یه‌كی بچووكراوه‌ی تیۆری وه‌رگێڕانه لای فه‌رهادپوور، واته تێزی "وه‌رگێڕان/بیركردنه‌وه". نه‌جه‌فی و په‌رژام لێكدانه‌وه‌یه‌كی نوێ بۆ كێشه‌یه‌كی كۆن ده‌كه‌ن، یانی ئه‌و تۆمه‌ته‌ی دراوه‌ته پاڵ سادقی هیدایه‌ت له‌مه‌ڕ ئه‌وه‌ی كه "دزی ئه‌ده‌بی" (پله‌یجه‌ریزم)ی كردووه. لێكدانه‌وه‌كه‌ی نه‌جه‌فی ئه‌وه‌یه: "كونده‌په‌پووی كوێر"، هه‌م وه‌ك ناوه‌ڕۆك و هه‌م وه‌ك ستایل، پتر سه‌ر به "وه‌رگێڕان"ه تا "نوسین"، هه‌ڵبه‌ت به‌ڕه‌چاوكردنی ئه‌و خاڵه‌ی كه لای وی نوسین خۆی بریتییه له وه‌رگێڕانی تێكستێك كه هێشتا نه‌نوسراوه، یان به ده‌ربڕینێكی دۆلۆزی، نوسین جۆرێكه له "دزی" نه‌ك "دزی ئه‌ده‌بی". ئه‌م په‌یوه‌ندییه تێكچڕژاوه‌ی نێوان نوسین و وه‌رگێڕان، دوور له‌وه‌ی له پرسێكی وه‌ك ماهیه‌تی نوسین و وه‌رگێڕان یان ڕه‌سه‌نێتییدا كورتبكرێته‌وه، شایه‌تییه‌كه به‌سه‌ر دۆخی له‌رزۆك و ناجێگیر و دابه‌شبوو له‌نێوان مۆدێرنه/پێش مۆدێرنه‌ی كۆمه‌ڵگا خۆرهه‌ڵاتییه‌كاندا.
[3] له وه‌سفی ئه‌رمه‌نه‌كاندا ده‌ڵێت: "بۆ فه‌ننی حه‌رب و سه‌نعه‌ت، بۆ زه‌بت و ره‌بتی میلله‌ت/ ده‌ینێرنه ئورووپا گه‌وره و بچووكی خۆیان"؛ دیسانه‌وه لای وی ئه‌رمه‌نه‌كان هه‌م جێی ترسێكی زۆر بوون له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی كورد و هه‌میش ستایشیان ده‌كات، تێكه‌ڵه‌یه‌ك له ڕق و خۆشه‌ویستی. ئه‌م كینه‌ڤینه لای وی له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وروپاشدا هه‌ستی پێده‌كرێت، كه خۆی دوای مه‌رگی حاجی زیاتر و زیاتر زه‌قده‌بێته‌وه.
[4] ئه‌م گۆڕانه له بینای شیعردا شتێك له ڕۆحی زه‌مانه‌یشی تێدایه: "سه‌د قائیمه و قه‌سیده كه‌س نایكڕێ به پوولێ/ ڕۆزنامه و جه‌ریده كه‌وتۆته قیمه‌ت و شان" (حاجی). له‌م دێڕه‌دا، حاجی وه‌ك كه‌ره‌سته‌یه‌ك مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ شیعر ده‌كات نه‌ك ئامانجێك له‌خۆیدا. به‌ڵام شیعرێك كه ئاگای له ڕۆڵی سنوورداری خۆشیه‌تی وه‌ك ئامرازێكی سوودمه‌ند و به‌كارهێنراو؛ "فائیده و سوود" بزوێنه‌رێكی ئه‌و گۆڕانه تێماتیكه‌شه وا لای حاجی به‌ریده‌كه‌وین. حاجی ئه‌گه‌ر بیتوانیبا ده‌بووه "نوسه‌ر" نه‌ك "شاعیر"، یه‌كێك له ده‌ربڕینه ماناداره‌كانی حاجی ده‌رهه‌ق به كورد ئه‌وه‌یه كه "میلله‌تێكه بێ كتێب و بێ نوسین". شكسته‌یی و لاوازیی فۆرمی شیعری حاجیی دوواین، به‌ره‌نجامی شكستی نوسینه له‌وه‌ی ببێته نوسین و مانیفێستبوونێتی له كه‌وڵێكی شیعری‌دا. ئه‌و دیسانه‌وه لێره‌شدا، ڕووبه‌ڕووی پارادۆكسێكی دیكه‌مان ده‌كاته‌وه: گه‌رچی حاجی له ڕۆشنبیره به‌راییه‌كانی كورده، به‌ڵام هاوكات یه‌كه‌م كه‌سیشه ئه‌م هه‌وڵه ڕۆشنبیری/ئایدیۆلۆژییه‌ی به‌رمه‌بنای ددانپیانان به شكستی پێشوه‌خته‌ی خۆیه‌وه داڕشتووه. ئه‌گه‌ر ڕۆشنبیره‌كانی سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌م "خه‌ونبین"بن، ئه‌وا حاجی كه‌سێكی "قیامگه‌تگه‌را و ئاپۆكالیپتیك"ه. ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌ی كه جیهانبینیی حاجی له‌سه‌ر ترس ڕۆنراوه نه‌ك هیوا (بۆنمونه وه‌كئه‌وه‌ی له قه‌سیده‌ی "خاكی جه‌زیر و بۆتان"دا ده‌رده‌كه‌وێت).
[5] ڕه‌نگه ئه‌م فۆرمسازییه به‌باشترین شێوه لای مه‌سعود محه‌مه‌د به‌رچاوبكه‌وێت. عاده‌ته‌ن ده‌وترێت، مه‌سعود محه‌مه‌د ئاڵۆزه، سه‌رچاوه‌ی كه‌م به‌كارهێناوه، زمانه‌كه‌ی ناڕوونه و هتد. له‌بری ئه‌وه‌ی به‌ئاسانی پاساو بۆ ئه‌مانه بهێنینه‌وه و هه‌وڵده‌ین بیسه‌لمێنین وانییه، ده‌كرێت ئه‌م په‌ڵپگرتنه وه‌كخۆی قه‌بوڵبكه‌ین: به‌ڵێ، مه‌سعود محه‌مه‌د ئاڵۆز و ناڕوونه، چونكه خۆی و پێگه ڕۆشنبیری و مێژووییه‌كه‌ی، گوزارشته له خودئاگاییه‌ك كه هه‌م قه‌رزارباری میراتی حوجره و هه‌م مه‌عریفه‌ی خۆرئاواییه، بۆیه فۆرمی نوسینه‌كانی زیاتر وه‌ك تێكستێكی وه‌رگێڕدراو دێنه‌به‌رچاو (قسه‌كه ده‌رباره‌ی ئه‌وه نییه كه به‌شێك له به‌رهه‌مه‌كانی به عه‌ره‌بی نوسیون و دواتر وه‌رگێڕدراونه‌ته كوردی به‌ڵكو ده‌رباره‌ی پێگه مێژووییه‌كه‌ی نوسینه‌كانێتی، بۆیه وه‌رگێرانه كوردییه‌كه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی، وه‌رگێڕانێكی دووقات و دووجایه؛ واته، وه‌ك زیاده‌یه‌كی زمانی بۆ سه‌ر دیوه مێژوویی-ڕۆشنبیرییه‌كه). كاتێك به‌شێوه‌یه‌كی پاشه‌وپاش له مه‌سعود محه‌مه‌د ده‌ڕوانین، له‌وه تێده‌گه‌ین ئه‌و شته‌ی ئه‌و ده‌كاته ڕۆحی زه‌مانه‌ی خۆی، ته‌نیا قووڵبینی و ئاگاییه‌كه‌ی نییه، به‌ڵكو به‌دحاڵیبوون و خه‌وشه‌كانێشیتی. ته‌نانه‌ت خۆیشی به‌ته‌واوی ئاگادار نه‌بوو له‌وه خه‌ریكی چییه، بگره هه‌ر نه‌شده‌ڕه‌خسا كتومت سنووری جێده‌ستی خۆی بزانێت. پارادۆكسه‌كه‌ش ئه‌وه‌یه: ئه‌م "خودئاگاییه مۆدێرنه"ی مه‌سعود محه‌مه‌د، له‌سه‌ر ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مۆدێرنه خۆی وه‌ستاوه، ئه‌مه‌ش به‌بێ ئه‌وه‌ی بیكاته كه‌سێكی ته‌قلیدی. به ده‌ربڕینێكی تر، هزری مه‌سعود محه‌مه‌د ڕه‌خنه‌گرتنه له مۆدێرنه‌یه‌ك كه ئاگای له هه‌ڤدژی و ناكۆكییه‌كانی نییه. ئه‌و وه‌ك به‌رجه‌سته‌كه‌رێكی به‌رایی خود-تێڕامان، نه‌یده‌توانی به‌شێوه‌یه‌كی سیسته‌ماتیك و یه‌كانگیر "حه‌كایه‌ت"ه‌كانی خۆی بگێڕێته‌وه، ئه‌وه نایه‌كانگیرییه‌كانێتی باوه‌ڕمان پێدێنێت نه‌ك به‌پێچه‌وانه‌وه.
[6] "ئه‌مان! كوڕانی ڕه‌فیق و براده‌رانی وڵات/ به ئێوه هه‌ر كه گه‌یی ئه‌م كه‌لامی بێ سه‌روپا"؛ "ئه‌مانه زاده‌یی ئه‌فكار و خۆشه‌ویستی منن/ ئه‌گه‌ر قه‌بیح و كه‌ریهن، ئه‌گه‌ر شه‌ل و ئه‌عما".
[7]. افسون زدگی جدید، داریوش شایگان، ص121
[8] شێخ ڕه‌زا: "سێ ئیسم هه‌ن بێ موسه‌مما هه‌روه‌كوو ئاوی به‌قا/ ته‌یری عه‌نقا، شاری جابولقا، پلاوی خانه‌قا".
[9] چه‌مكی "كینه‌ڤین"یش كۆمه‌كمان ده‌كات له‌م په‌رچه‌كرداره دووانه‌ییانه تێبگه‌ین، بۆنمونه بۆچی خه‌ڵك له ئاستی كۆمه‌ڵگادا (فه‌زا ڕه‌مزییه‌كه‌دا) بره‌و به گوتاری ڕق له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مریكادا ده‌ده‌ن و به‌ڵام وه‌ك تاكه‌كه‌س (له ئاستی خولیا خه‌یاڵییه‌كاندا) شه‌یدای ئه‌مریكا و شێوه‌ژیانی ئه‌مریكین وه‌ك په‌ڕگیرترین نوسخه‌ی "سه‌ربه‌خۆبوون"ی تاكه‌كه‌س؟ له به‌رامبه‌ر ئه‌ویتری گه‌وره‌ی كۆمه‌لگا و ئه‌خلاقی نه‌ریتیدا سه‌ركۆنه‌ی ده‌كه‌ن، به‌ڵام له ئاستی شه‌خسیدا، وه‌ك شوێنی به‌دیهاتننی فه‌نتازیاكانیان لێی ده‌ڕوانن. هه‌ڵبه‌ت، ناواقیعیوون هاوتای "زێده‌واقیعی" نییه؛ یه‌كه‌میان به‌ره‌نجامی شۆڕشه كۆنه‌پارێزه‌كانه و دووه‌میان به‌شێكه له كه‌لتوری ڤێرچواڵیزه‌كردن كه ته‌نانه‌ت لای ژان بۆدریاریش ئه‌مریكا سه‌رمه‌شقه‌كه‌یه‌تی.