A+    A-
(1,670) جار خوێندراوەتەوە

فەرهەنگى نێگەتیڤ:

 

ئامادەکردنى: شوشە عەلى

 

 

 

 

تەمەنی یاسایی

 

لە زاراوە یاساییەکاندا, هێشتاش سێبەرى زمانى عەرەبى بەسەر زمانى کوردییەوە ئامادەیە. بۆیە ئەگەر بڕوانین تێدەگەین تەمەنی یاسایی یاخود "سن الرشد"  لە فرمانى (رَشَدَ)ـەوە ھاتووە بەواتای کەسێکە کە بگاتە تەمەنی پێگەیشتن و زانینی ڕێگای راست و تەمەنی بەرپرسیارێتی. لە زمانى ئینگلیزی دا بە  ( age of majority) ھاتووە بەواتای کەسێکە کە گەیشتۆتە تەمەنی پێگەیشتن و  قۆناغێکی پێشەکەوتوو ترە لە ھەرزەکاری و لەم تەمەنەوە مرۆڤ بەرپرسیاری کەسی و چالاکیە جۆراوجۆرەکان  و یاساییەکان دەگرێتەئەستۆ.  لەم قۆناغەوە مرۆڤ ھەم (اکتساب الحق ) و ( تحمل التزام) دەکات؛ و  گەر کەسەکە عاقل بێت و ھیچ نوقسانییەکی  لە کەسایەتیدا نەبێت کە کار لە عەقل و بەرپرسیارێتی بکات, ئەوا (اھلیەی الأداء)[1]بەدەستدەھێنێت. گەیشتنە تەمەنی یاسایی بە واتای گەیشتنە  کۆمەڵێک ماف وەک مافی دەنگدان و مافی بەستنی گرێبەست و ھاوسەرگیری و کڕینی مادە کحولییەکان و ھتد دێت.

تەمەنی یاسایی بەپێی جیاوازیی وڵاتەکان و ئاماژە پێدانی لە یاسا جۆربەجۆرەکاندا دەگۆڕێت. بەگشتی تەمەنی ھەژدە ساڵی بە باشترین تەمەن دادەنرێت بۆ گەیشتن بە تەمەنی یاسایی. زۆربەی وڵاتانی جیھان ئەم  تەمەنەیان وەک ستاندارد وەرگرتووە، ھەروەھا عێراق و ھەرێمی کوردستانیش تەواوکردنی تەمەنی ھەژدە ساڵیان بە تەمەنی یاسایی داناوە و لەم تەمەنەوە تاک سەرجەم ماف و ئەرکەکانی لە دەسەلاتی خۆیدایە. کەمترین تەمەنی یاسایی کە دانراوە لە وڵاتەکانی ( ئێران و میانمار و ئەندەنوسیاو یەمەنە) تەمەنی یاساییان بە سەروو پانزە ساڵ داناوە. گەورەترین تەمەنی یاساییش بە بیست و یەک دانراوە لە وڵاتەکانی وەک (کامیرۆن- سەنگافورە-زامبیا -ئیماراتی عەرەبی و ھتد...).

 

 

 

 

باری کەسێتێ ( الأحوال الشخصیة)

 

باری کەسێتی یاخود باری کەسی سەرجەم ئەو بابەتانە دەگرێتەوە کە پەیوەندیدارن بە خودی مرۆڤ و کەسانی دەوروبەرییەوە لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا. لە عەرەبیدا بە (الأحوال الشخشیة)  ھاتووە و مەبەست لێی کۆمەڵێک ڕێسایە ھەڵدەستێت بە ڕێکخستنی پەیوەندیی مرۆڤ بە خێزان و کۆمەڵگەوە و؛ لەو کاتەوەی مرۆڤ لە  قۆناغی مەلۆتکە "جنین"ـە لە سکی دایکیدا درووستدەبێت تاکو کاتی مردنی. چەمکی ( الأحوال االشخشیة) لە (الفقە الغربي) ئیتاڵیاوە لە سەدەی دوانزدەوە داھێنراوەو لە ساڵی ١٩١٧ لە (بیان المحاکم) دا لە عێراق ناسرا. لە ئینگلیزیدا بە ( personal status) ھاتووە بەمانای شێوەو بارودۆخی تایبەتی ژیانی ھەرکەسێک کە جیاوازە بەپێی ھەر ناوچەیەك[2].

ھەربۆیە یاسای باری کەسێتی بریتییە لەو ڕێسا یاساییانەی دانراون بۆ ڕێکخستنی ژیانی مرۆڤ و ئەوەی پەیوەندیدارە پێیەوە، ئەم ڕێسا یاساییانە بە پێی کۆمەڵگە جۆراوجۆرەکان دەگۆڕێن، بێگومان مافی تاکەکەسی و ئەوەی پەیوەندیدارە پێوەى لە خۆرئاوا ناواخنێکى فراوانتری ھەیە بەراورد بە کۆمەڵگە خۆرھەڵاتییەکان. لە بەشێک لە یاسای وڵاتەکاندا ڕێسا یاساییەکانی باری کەسێتی ھەر بەپێی ماددەکانی یاسای شارستانی ( قانون مدني) ڕێکخراوە. زیاتر ئەو وڵاتانە یاسای باری کەسێتی جیاوازە لە یاسای شارستانی کە بۆ بابەتانەکانی پەیوەندیی مرۆڤ بە کۆمەڵگەوە لەسەر بنەمای شەریعەت ڕێکخراوە. عێراق  و کوردستانیش لەبەر ئەوەی کۆمەڵگەیەکی موسوڵمانن بە یاسایەکی سەربەخۆ و جیا لە یاسای شارستانی ئاماژەیان پێداوە.  بەڵام لە تورکیا سەرەرای ئەوەی وڵاتێکی موسوڵمانە بەڵام بابەتەکانی باری کەسێتی بەپێی یاسای شارستانی ڕێکخستووە.

 

یاسای باری کەسێتی ئەم بابەتانە لە خۆدەگرێت:

ھاوسەرگیری(الزواج)، الطلاق، بژێوی( النفقە)، دایەنیکردنی منال(الحضانة، النسب، وەسیەت( الوصیە)، الوقف، میراتی( المیراث). 

 

 

 

 

دەستور (constitution)

 

دەستور, بریتییە لە یاسای باڵا لە وڵاتدا و ڕێسا بنەرەتییەکانی دەوڵەتی تیا داڕژێراوە. لە دەستوردا  شێوەی دەوڵەت ( شکل الدولة) و شێوازی حکومەت و بەڕێوەبردن(الحکم)ـی دەستنیشاندەکرێت[3]. ھەروەھا ڕێکخستنی دەسەڵاتی گشتی لەڕووی درووستبوون و تایبەتمەندێتی(اختصاص)یان و پەیوەندیان لەگەڵ دەسەڵاتەکانی تردا و دیاریکردنی سنورەکانیان و دیاریکردنی ماف و ئەرکەکانی تاک و کۆمەڵ و دڵنیابوونەوە لە ملکەچبوونی تاکەکان و دەستەکان  بۆ دەستور. ھەر دەستەیەک لە دەستەکان لە حکومەتی دەستوریدا بە یاسا   ڕێکخراوە و دەسەڵات و کاری  جیاکراوەتەوە. بەو واتایەی ئەم شێوازە لە حوکمڕانی لەسەر بنەمای جیاکردنەوەی ھەر یەک لە دەسەڵاتەکانی (تەشریعی – دادوەری- جێبەجێکردن) دامەزراوە. 

لە دەستوردا کۆمەڵێک بنەمای بنەڕەتى داڕێژراون, جا چ بواری شێوازی حوکمڕانی بێت یان بابەتی ماف و ئەرکی تاک یاخود دەستنیشانکردنی ھەر دەسەڵاتێک و دەستەیەک بۆ کردنی کارێک یا نەکردنی. لێرەدا و ھەر ماددەیەک لە دەستوردا ھاتبێت ئەوا باڵایی ھەیە بەسەر سەرجەم  یاساکانی تردا و ھەر یاسایەک یا کردارێک یا بڕیارێک پێچەوانەی دەستور بێت دەتوانرێت ھەڵبوەشێنرێتەوە.

دەستور چەند جۆرێکە:

-دەستوری نوسراو وەک عێراق یاخود دەستوری نەنوسراو وەک دەستوری ئینگلیزی لەبەر ئەوەی زۆربەی زۆری ( احکام) ئەحکامەکانی لە عورفەوە وەرگیراون.

- دەستوری نەرم( المرن) ئەو دەستورانەن کە ھەموارکردنەوەیان ئاسانە و بەھەمان ڕێگای  ڕێسا ئاساییەکانە( التشریع العادي).  دەستوری ڕەق ( الجامدة) ئەو دەستورانەن  کە بەئاسانی ھەموار ناکرێن و پێویستی بە ڕێوشوێنی قورسە.

-دەستوری ( المطولة) ئەو دەستورانەن کە ڕێکخستن و وردەکاریی زۆری تیایە دەربارەی ڕێکخستنی وڵات. دەستوری پوختکراوە (المختصرة) ئەو دەستورانەن تەنھا بابەتە گرنگەکانی تیادا ڕێکخراوەو زۆر ورد نەکراوەتەوە.

- دەستورى کاتی (المؤقتة) دەستورێکە بۆ ماوەیەک دادەنرێت، زیاتر بۆ ئەو کاتانەیە کە کودەتایەک روودەدات یان شێوازی حکومەت دەگۆرێت وەک دەستوری (٢٠٠٤)ـی عێراق.، دەستوری ھەمیشەیی ( الدائمة) ئەو دەستورەیە کە بۆ ھەمیشەی دادەنرێت و کاتێکی بۆ دیاری نەکراوە بۆ ھەڵوەشاندنەوە، بەڵکو لە کاتی پێویستدا و بەپێی دەسەڵاتی یاسادانان دەتوانرێت ھەمواربکرێتەوە.

بۆ ھەڵسانگاندن و وردبوونەوە لە کۆمەڵگەیەک ناسینی شێوازی حوکمڕانییەکەی یەکێکە لە زەروورەتەکان، لە ڕێگەیەوە دەتوانین ئاستی وشیاری و تاکایەتی و بەرەوپێشچوونی ئەو وڵاتە دیاریبکەین. روونە کە عێراق و ھەرێمی کوردستانیش حکومەتێکی دەستورییان پەیرەوکردووە و کاری پێدەکەن. بەڵام سەرەرای بوونی دەستوری نوسراوی جامد بۆ ھەموارکردن و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان. بەڵام ھێشتا دەبینن شێوازی ژیان و حوکمڕانی لە عێراق و ھەرێم لە لەنگەردایە, لە کاتێکدا ئەم شێوازە بە شێوازێکی باش لە حوکمڕانی دادەنرێت. دەتوانین ئەمەش بگەڕێنینەوە بۆ نەناسینی حکومەتی دەستوری و وەرنەگرتنی  خاڵە ئەرێنییەکانى لە ھەرێم و عێراقدا. سەرەڕای دەرکردنی چەندین یاسای ورد و گرنگی جۆراوجۆرى ساڵانە. بەڵام بەداخەوە  بەبێ  ئەوەی دەسەڵاتێک ھەڵبستێت بە جێبەجێکردن و چاودێریکردنی، کە پابەندبوون  و چاودێریی ڕۆحی حکومەتێکی دەستوری پێکدەھێنێت. گەرنا بنچینە و سەرتاپای حکومەت تووشی گەندەڵی دەبێت و ھەر یاسایەک لە دژی خەڵک و حکومەت بەکاردەھێنرێتەوە و سەردەکێشێت بۆ شێوای تری حوکمکردن. وەک مۆنتیسکۆ دەربارەی بارودۆخێکی لەم شێوە دەڵێت "ھەر کە بنچینەکانی حکومەت تووشی گەندەڵی بێت، ئاوا باشترین یاساش خراپ دەبێت و دژی دەوڵەت کاری پێدەکرێت"

 

 

 

یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی ( القانون الدولي الإنساني)

 

یاساییەکی نێودەوڵەتییە و بەسەر سەرجەم ئەو وڵاتانەدا پەیرەودەکرێت کە چوونەتە ناو ئەو گرێبەست  و پرۆتۆکۆڵانەی لە پێناو ئەم بابەتەدا بەستراوە.  (القانون دولي الإنساني) لەلایەن لیژنەی ( الصلیب أحمر الدولیة)[4]  ناونراوە, و پێشتر بەم یاسایە وتراوە یاسای جەنگ (القانون الحرب). ئەم یاسایە لەلایەن ئەم لیژنەیەوە پێناسەکراوە بەوەی بریتییە لە کۆمەڵێک ڕێسای نێودەوڵەتی (عورفی یا نوسراو)  کە ڕێگاکانی جەنگ دیاریدەکات. ئامانجی پاراستنی جەنگاوەر(المحاربین) وکەسانی مەدەنییە لە کاتی جەنگ و ناکۆکیدا؛ و لەبەر کۆمەڵێک (اعتبارات الإنساني) و پاراستنی ئەو (الأموال)انەی[5] کە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان بە کاری سەربازى و  جەنگەوە نییە. ئەم یاسایە لقێکە لە لقەکانی یاسای نێودەوڵەتی؛ ھەوڵدەدات بۆ کەمکردنەوەی شوێنەوارەکانی ( النزاع المسلح) بۆ پاراستنی ئەو کەسانەی کە بەشداریی کرداری دوژمنکاری ناکەن وھەوڵدەدات بۆ ڕێکخستن و کۆتخستنە سەر ئامرازەکان و شێوازەکانی جەنگ. جا ئەو کێشە و ناکۆکییانە نێودەوڵەتی بن یاخود لۆکاڵی. ئەم یاسایە لەسەر بنەمای ئەوە دانراوە مرۆڤ قوربانییە لە کاتی کێشە و ناکۆکیدا, و پێویستە یاسایەک ھەبێت پارێزگاریی لێبکات.  بۆیە بە چەند گرێبەست و پرۆتۆکۆڵێک ڕێکیانخستووە و بە سێ کۆمەڵە یاخود ئامراز ئامانجەکانی خۆیان پێکاوەو ھەر یەک لەم بابەتانە چەند پرۆتۆکۆڵ و گرێبەستی لەبارەوە کراوە ئەوانیش :

١- ئەو گرێبەست و پرۆتۆکۆڵانەی پەیوەندیدارن بە پاراستنی قوربانییانی ناکۆکییە چەکدارییەکان( نزاع المسلحة), کە پێکھاتووە لە شەش گرێبەست و چوار پرۆتۆکۆڵ.

٢-ئەو  گرێبەستانەی کە قەدەغەی بەکارھێنانی چەند جۆرێکی دیاریکراوی  چەکیان کردوە. کە لە شەش گرێبەست و شەش پرۆتۆکۆڵدا حوکمەکانیان ڕێکخستووە.

٣- ئەو گرێبەستانەی پەیوەندیدارن بە پاراستنی ( ممتلکات)ـی ڕۆشنبیرى و ژینگەیی.  لە  دوو گرێبەست[6] و دوو پرۆتۆکۆڵدا ڕێکخراوە.

 

 

 

 تاوانناسی  (criminology)

 

تاوانناسی, بریتییە لە توێژینەوە و خوێندنی تاوان و رەفتاری تاوانکاری، کە پەیوستە بە بنەماکانی کۆمەڵناسی و ھەندێک زانستی تر  بێجگە لە بواری یاسایی؛ وەک دەروونناسی و دەروونشیکاری و ئابوری و ئامار و ئەنثروپولۆجیا. ڕیشەی تاوانناسی دەگەڕێتەوە بۆ جووڵەی ریفۆرمی دادپەروەی تاوانکاری(criminal justice) و ڕێکخستنی سزاکان پێش زیاتر لە ٢٠٠ ساڵ.

یەکەم کۆکردنەوەو بەکارھێنانی ئامار لە بواری تاوانناسیدا لە سەدەی نۆزدەیەمدا بوو بە بەکارھێنانی  ئامرازو شێوازی پێشکەوتوو. بەلام شێوازی تازە و مۆدێرن کە بەکاردەھێنرێت بۆ توێژینەوە لە تاوانناسیدا لەرێگەی ئاماری وێنەیی ڕوون و خوێندنەوەی حاڵەتەکان و پۆلێنکردنیان و شیکردنەوەیانەوە ئەنجامدەدرێت. لە سەدەی بیستەمدا ڕێبازێکی نوێ سەریھەڵدا کە لەسەر بنەمای ھۆکاری تاوان دامەزرا، وەک ململانێی چینایەتی  و ئابوری کە دەبێتە ھۆی ڕاسانی  (اضطرابات) کۆمەڵایەتی. وەک ئەوەی لە  JRank دا  روونکراوەتەوە. بێگومان تاوانناسی یا تاوانکردن کردارێکی کۆمەڵایەتییە، و کرداری تاوانکاری دەلالەتە لە ڕەفتارێک کە خەڵک فێریدەبێت بەھۆی کاریگەری یا ئەو کارلێک(تفاعل)ـانەی کۆمەڵگە وا تاکەکان لەسەر یەکتر جێی دەھێڵن.

تێڕوانینی بەشیێک لە تاوانناسان بۆ ھەمەجۆریی تاوانەکان و خوێندنەوەیان و پۆلێنکردنیان،  کۆمەڵێک بابەتی پەیوەندیدار بە تاوان دەستنیشان دەکەن:

 

کەسێتیی ئەو کەسانەی ھەڵدەستن بە ئەنجامدانی تاوان.

بۆچی یاخود ئەو ھۆکارە چییە پاڵ بە کەسێکەوە دەنێت بۆ تاوان.

شوێنەوارەکانی تاوان لەسەر تاک و کۆمەڵگە.

شێوازەکانی ڕێگریکردن لە ئەنجامدانی تاوان.

 

بەڵام تاوانکاری لە یاسادا دیوێکی تر وەردەگرێت سەرەڕای پەیوەندیداربوونی تاوان بە زانستەکانی ترەوە. بەنیسبەت یاساوە تاوان کردارێکی نایاساییە لە کۆمەڵگەدا و لەبەرامبەر کردنی ئەم کردارانە سزادان ھەیە کە لە شێوازی(النظام)ـى حکومەتەکاندا دیاریکراوە. توێژەران ھەوڵدەدەن ھۆکاری تاوانەکان و ڕێگری لێکردنیان. بۆ دیاری کردنی ھۆکار زیاتر پشت بە زانستەکانی تر دەبەسترێت، بەڵام بۆ ڕێگریکردن  لە  تاوان پشت بە یاسا بەستراوە، بە جارێک بۆ ھەر تاوانێک سزایەکیان بۆ دیاریکردووە.

ھەروەھا بەپێی سەردەمە جۆراوجۆرەکان چەندین بیردۆز ھەبوون بۆ شیکردنەوەی کرداری تاوانکاری و ھۆکار و پاڵنەرەکانی. ھەندێک بیردۆز گەڕاندوویانەتەوە بۆ جیناتی خێزانی و ھەندێک بیردۆزی تر بەپێی شکڵى کەسەکان و ھەندێک بیردۆز قووڵتر ڕۆیشتووە و سەرچاوەکانی تاوانی بە ھۆکارە جیاوازەکانەوە بەستوەتەوە. کەواتە تاوانناسی یەکێکە لە زانستە گرنگەکان بۆ ناسینی ڕەفتاری لادەرانەی تاکەکانی ناو کۆمەڵگە, و ھەڵسەگاندنی ھەر کۆمەڵگەیەک بەپێی جۆری ئەو تاوانانەی لەو کۆمەڵگەدا ھەیە. بۆ نمونە لەم دواییانەی کۆمەڵگەی کوردیدا خۆکوشتن و ژن کوشتن بە ڕادەیەکی باوەرپێنەکراو ھەڵکشابوو. ئەمەش ئاماژە بەو فەوزاو ئاڵۆزى و نائاسایشە دەکات کە کۆمەڵگەی تێکەوتووە. ئێمە لە ڕێگای تاوانناسییەوە دەتوانین ھەنگاو بە ھەنگاو برۆین بۆ دۆزینەوەی کێشە و ھۆکارە بنەرەتییەکانی ئەم لادانانە. ھەروەھا دەتوانین لەرێگەی تاوانناسییەوە ئاستی ھۆشیاریی ھەر کۆمەڵگەیەک دیاری بکەین.

 

 

 

بەرتیل (Bribery)

 

بەرتیل (ڕەشوە) بریتییە لە کاریکی رێگەپێنەدراو و  نایاسایی کە پەیوەندیدارە  بە پارە و ئەو شتانەی سوودێکیان ھەیە(مادی-مەعنوی). بنەڕەتى وشەکە لە وشەی (الرشاء)ـەوە ھاتووە بەمانای گەیشتن بە ئاو دێت، یاخود بەخشینی بەرژەوەندییەک یا پێداویستییەک. بە مانایەکى فراوانتر بریتییە لە پێدان و وەرگرتنی پارە یاخود ھەر سوودێکی (ماددی-مەعنەوی) لەلایەن کەسێک یاخود دەستەیەک یا دامەزراوەیەک بەمەبەستی بەدەستھێنانی شتێک بە ڕێگایەکی نایاسایی وناحەق. بەگشتی وشەکە بەمانای پێدانی شتێکە بەبێ ئەوەی مافت بەسەریەوە ھەبێت و دەبێتەھۆی  سەرخستنی ناحەقی و نەمانی ماف.

بەدرێژایی مێژوو بەرتیل وەرگرتن یەکێک بووە لەو کارەسات و گەندەڵییانەی ڕووبەڕووی کۆمەڵگە جۆراوجۆرەکان بووەتەوە، تیایدا کەسێک ھەڵدەستێت بە پێدانی سودێک بە کەسێک بەمەبەستی بە ئەنجامدانی کارێک لەبەرامبەریدا جا پارە بێت یا پلەی کۆمەڵایەتی و ...ھتد بێت، کە ئەو کەسەی تر فەرمانبەرێکی حکومی بێت یاخود ھەر کارێکی تری بەدەست بێت. ئەم دیاردەیە یەکێکە لەو دیاردانەی کە بنەماکانی کۆمەڵگە گەندەڵدەکات و فەوزا و پشێوی دەخاتە ناو کاروبارەکانی وڵات و متمانە و سەقامگیرى (استقرار) و ئاسایش دەخاتە مەترسییەوە. ھەر بۆیە کردەی بەرتیلپێدان لە سەرجەم وڵاتانی جیھاندا بە تاوان دانراوە و سزای بۆ بریاردراوە[7]، بۆ ئەو کەسەی بەرتیلدەدات و ئەو کەسەش کە وەری دەگرێت. جگە لە چەندین ڕێوشوێن بۆ بەرەنگاربوونەوەی.

بەرتیل جگە لەوەی تاوانە و نایاساییە، دژ بە ئەخلاق و بەھاو نەریتی مرۆڤە، نەخۆشیی کۆمەڵگە جیاوازەکانە و پەیوەندیدارە بە گشت بوارەکانی تری ژیانی مرۆیی وەک یاسا و بنەماکانی دادپەروەری، دەسەڵاتی سیاسی و کۆمەڵایەتی، دەروونی، بازرگانی و ئابوری، تەندرووستی گشتی، بودجە، بەرھەمھێنان، بەکاربردن، ئاستی خوێندن، ھوشیاری ...ھتدەوە. ھەر بۆیە کاتێک دیاردەی بەرتیلخواردن لە شوێنێک ئامادەیی ھەبێت ئەوا ھەموو بنەما کۆمەڵایەتی و ژیارییەکان دەکەونە ژێرمەترسییەوە. چونکە کاریگەرییەکانی تاکو ناو خێزانەکان کە بچووکترین یەکەی کۆمەڵایەتییە درێژدەبێتەوە و خۆی لە پەیوەندییەکانی ڕۆژانەدا مانیفێستدەکات. بە مەترسیی سەرەکی دادەنرێت بە تایبەت لەو دەوڵەت و ھەرێمانەی دەسەڵاتی سیاسیان بەپێی دەستور ڕێکخراوە و تازەپێگەیشتوون، چونکە گرنگترین بنەمای ئەم دەسەڵاتە دەشوێنرێت کە بریتییە لە بنەمای جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان. ھەروەھا لەو وڵاتە تازەپێگەیشتووەکاندا و ئەوانەی سەرچاوەی کەرەستەی خاوی وەک نەوت یا ئاڵتونیان ھەیە کردەی بەرتیلخۆری یارمەتیدەر و ئاسانکاری کردووە بۆ بڵاوبوونەوەی ناعەدالەتی و درووستبوونی سیستەمی بەرخۆری و گەندەڵبوونی سەرجەم بەھاکانی کۆمەڵگە.

بەرتیلیش دەکرێت بەچەند جۆرێکەوە بەپێی پۆڵێنکارییەکان دەگۆڕێت. بەڵام بەگشتی دوو جۆرە یا بەشێوەیەکی ڕوونە کە ئەمەیان دیارە ئەو کەسەی بەرتیل دەدات لەبەر ئامانجێکی دیاریکراوە. بەڵام جۆری دووەمی کە ڕوون نییە بەھۆی تێکەڵبوونی سرووشتی بەرتیلە لەگەڵ دیارى(بەخشش)دا، چونکە ھەندێجار بەرتیل دەبەخشرێت لەژێر ناوی دیارى و بەخششدا کە ئەمەش ھەم لەرووی یاسای تاوانکاری و سرووشتی کردارەکەش ناروون دەبێت، چونکە نییەتی پشت ئەو کەسەی بە کردارەکە ھەڵدەستێت بۆمان ڕووندەکاتەوە، کە ئەمەش سەلماندنی قورسە. زۆر جاریش بەرتیل لەگەل چەمکی گەندەڵی تێکەڵ دەبێت، بەڵام بەرتیلخۆری بەشێکە لە گەندەڵی و گەندەڵی مانا و مەفھومێکی گشتیتری ھەیە.

 

 

 

گەندەڵی (corruption)

 

بریتییە لە جۆرێک ناپاکی یاخود تاوان کە لەلایەن کەسێکەوە ئەنجامدەدرێت خاوەن پلەیەکە یاخود دەسەڵاتە لەبەرژەوەندیی خۆی و ھەڵنەستان بەئەنجامدانی ئەرکەکانی( بەکارھێنانی پیشەکەی بۆ مەبەستی کەسی خۆی).  و زیان  بە بەرژەوەندی گشتی. وشەی گەندەڵی لە عەرەبیدا بەمانای شتێکە زەرەربدات و پێچەوانەی چاکسازییە.

گەندەڵی ڕووبەڕووی کۆمەڵگە جیاوازەکان دەبێتەوە و سەرجەم  خانە گشتییەکان(کلیات) و بەشەکییەکان(جزئیاتەکان) دەتەنێت. پێناسە و شیکردنەوەی گەندەڵی دەگۆرێت بەپێی ئەو لایەنەی لێوەی پێناسەدەکرێت و دەکەوێتە بەر پۆلێنکاری جیاوازەوە.  بۆ نمونە گەندەڵی لە کاری بازرگانی و گەندەڵی لە دەسەڵاتدا دەکەوێتە بەر دوو پۆلێنکاریی جیاواز. بەڵام دەتوانین بلێین بەگشتی دوو جۆرە؛ گەندەڵی (الثانوي) یاخود بچووک، گەندەڵیی گەورە. گەندەڵیی بچووک ئەو گەندەڵیانەن کە بچووکن و کۆمەڵێک کاریگەری نەبینراو بچووک لەکۆمەڵگەدا جێدەھێڵن و بۆ ماوەیەکی کەم. لەسەرئاستی پارەیەکی کەمە و پەیوەندیدارە بە تاکەکانی کۆمەڵگەوە؛ بۆ نمونە پێدانی پارە بۆ کۆرسی خوێندن، یا زوو پلە بەرزکردنەوە یاخود گواستنەوە لە دادوەرێکەوە بۆ دادوەرێکی تر بۆ دەرکردنی بڕیاری پێچەوانە و ھتد.

بەڵام گەندەڵیی کاریگەر یاخود بەھێز، ئەو گەندەڵکارییەیە دەبێتەھۆی ئەوەی کاریگەرییەکی نەرێنی و راستەوخۆ لەسەر کۆمەڵگە جێدەھێڵێت, و بۆ ماوەیەکی درێژ شوێنەوارەکانی دەمێننەوە کە لەسەر ئاستی پارە و داھاتی گەورە دەکرێت. ئەو کەسانەی پێی ھەڵدەستن کەسانی بەرپرس و پلە بەرزەکانی وڵاتن.

لە جۆری یەکەمدا گەندەڵی وەک دیاردەیەکی بێزراوی ناو کۆمەڵگە دەبینرێت و بەشێوەیەکی فراوان نابینرێت. بەڵام لە دۆخی دووەمدا بە پێچەوانەوە بە مەترسی دادەنرێت و زۆرجار دەبێتە ھۆی کودەتا و ھەڵگەرانەوە لە دەسەڵات، چونکە دەبێتەھۆی درووستکردنی چینایەتییەک لە کۆمەڵگەدا و دابەشبوونەوەی چینەکانی کۆمەڵگە بەسەر دووانەی چەوساوە و سەرمایەداردا.  لەم حاڵەتەدا سرووشتی گەندەڵی لە دیاردەیەکەوە بۆ تاوانێک دەگۆڕێت  لەسەر بنەمای ئەوەی زیانگەیاندنە بە بەرژەوەندیی گشتی.

لە یاسا جیاوازەکانی جیھاندا ئاماژە بەم تاوانە کراوەو سزای بۆ دیاری کراوە ، ھەرچەند وەک چەمک نەھاتووە بەڵام خراوەتە ژێر ناونیشانی (تاوانەکانی زیانگەیاندن بە بەرژەوەندیی گشتى) و تیایدا ئاماژە بە جۆر و ڕێگا  جیاوازەکانی گەندەڵی کراوە و سزای بۆ دانراوە.

بەشێک لە  جۆرەکانی گەندەڵی :

-ڕەچاونەکردنی  مەرجە یاسایی و پێویستەکان و ئاسانکاری و کەمکردنەوەی نرخەکان بۆ بەرپرسانی دەولەت لەبەرامبەر بەرتیلدا.

-بەرتیل وەگرتن و پێدان و پێشنیاری و داواکردنی.

-تەزویرکردن و ساختەکاری لە  رێسا کارپێکراوەکان بۆ ڕاییکردنی کاروبارەکان.

-واستەکردن(نێوەندگیریی نایاسایی) بە بەکارھێنانی پلەی وەزیفی یا خزمایەتی.

-ھەڵنەستان بە کرشنێ کاروبارەکان.

-مۆنۆپۆلکردن و قۆرخکردن.

-دزین و بەفیرۆدانی سامانی گشتی.

-سپیکردنەوەی پارە.

 

فەلسەفەی یاسا ( philosophy of law)

فەلسەفەی یاسا یاخود ( الفقە، jurisprudence ) ، لقێکە لە لقەکانی فەلسەفە کە لە سرووشتی یاساکان دەکۆڵێتەوە؛ بەتایبەت پەیوەندیی یاسا بە بەھای مرۆڤایەتی و ھەڵوێست و پیادەکردن (الممارسات) و کۆمەڵگەی سیاسی. فەلسەفەی یاسا لە سەردەمی کۆندا پیشکەوت و چەند بیردۆزێکی لە بارەوە دانا وەک بیردۆزی دابەکردنی بۆ یاسای گشتی و ئەبستراکت(التجرید). چەندین فەیلەسوف لەم بوارەدا دەرکەوتن وەک (سوکرات، ئەفلاتون، ئەرستۆ، تۆماس ئەکویناس) ھەر یەک لەم فەیلەسوفانە لەسەر گرنگی و بەھای ئەم بابەتە وەستاون و تیۆرەکانی خۆیانیان لەسەر بنیاتناوە. بۆ نمونە ئەرستۆ پێی وایە بنەڕەتی ئایدیاى فەلسەفەی یاسا ئەوەیە یاسا بە سرووشتی خۆی بریتییە لە مافی دەسەڵات بەسەر ئەوانی تردا( السلطة علی رعایة) و پەیوەندی لەگەڵ بابەتەکانی ترداو ئەو ڕێگایەی بەھۆیەوە یاسا  ھێزی پابەندکردنی (التزام) ھەیە.

لە کۆمەڵگە کۆنەکاندا شێوازێکی سیستەم(نظام)ـى یاسایی دیاریکراو پیادەنەدەکرا بۆ کاتێکی دیاریکراو، بەڵام لە ئێستادا بە پێچەوانەوە (نظامە) یاساییەکان لە ھەر کۆمەڵگە و وڵاتێکدا  دیاریکراوە.

ئامانجی فەلسەفەی یاسا بەتایبەت جیاوازیکردنە لەنێوان یاسا (أنظمة) و ڕێساکانی تری کۆمەڵگە وەک ئەخلاق و بەھاکانی دیکەی کۆمەڵگە. بۆ  وردبوونەوە لە سرووشتی یاسا و وەڵامدانەوەی کۆمەڵێک پرسیاری فەلسەفی، سەرنج دەخرێتە سەر ئەو بابەتانەی پەیوەندیدارن بە بنەماکانی ئەخلاق و دادپەروەری و مافەکانەوە؛ هەروەها سرووشتی کاری مرۆڤ و نیاز (النیة[8])؛ پەیوەندیی نیوان پیادەکردن (ممارسة) و بەھا کۆمەڵایەتییەکان؛ سرووشتی زانین و ڕاستی (الحقیقة) ؛ پاساوهێنانەوە(تبریر)ـەکانی حوکمی سیاسی (کە ئەمیان لێرەدا ھاوکات پەیوەندیدارە بە فەلسەفەی سیاسیەوە) . لەبەرئەوە فەلسەفەی یاسا لقێکە لە لقەکانی فەلسەفە و ناکرێت لێی جیابکرێتەوە .

لەسەر ئەم بنچینانە فەلسەفەی یاسا دابەشدەکرێت بۆ دوو بەش  (فقە تحلیلی ) و  (فقە فلسفة معیاري). (فقە تحلیلی) پرسیاردەکات دەربارەی چییەتيی یاسا و تایبەتمەندییە بنەڕەتییەکانی یاساو گرنگیدان بە بوونی مەرجە زەرورییەکان و پێویستەکان بۆ ئەوەی بتوانرێت جیاوازی بکرێت لە نێوان یاساییبوون و یاسایینەبووندا.

بەڵام ( فلسفة معیاري) کۆمەڵێک پرسیاری(معیاري) وھەڵسەنگێنەر لە خۆی دەگرێت، جگە لەو بابەتانەی لە ھێزی پابەندکردنی (إلزام) یاسا دەکۆڵنەوە. لە سێ بابەتی سەرەکی دەكۆڵێتەوە:

١-تا چەند و کوێ یاسا دەتوانێ کۆتی( تقید)  ئازادی ھاونیشتمانیان بکات.

٢-سرووشتی پاپەندکردنی تاکەکان بۆ ملکەچی یاسا.

٣-پاساوهێنانەوە (تبریر)ـی سزاکان بەپێی یاسا.

 

 

 

 

پەیمانی کۆمەڵایەتی( social contract)

 

تیۆری پەیمانی کۆمەڵایەتی بەپێی فەلسەفەی سیاسی گرێبەستێکە، گرێبەستێکی فیعلی یاخود گریمانەیی لە نێوان ئەوانەی حوکمدەکەن و ئەو کەسانەشی حوکمدەکرێن و حوکمدەکەن(المحکومین و حکامھم)، تیایدا ماف و ئەرکی ھەریەک لە لایەنەکان دیاریدەکرێت. بەپێی ئەم تیۆرە مرۆڤەکان لە سەرەتادا لە حاڵەتی سرووشتی و فەوزادا بوون. پاشان بەھۆی بەکارھێنانی توانای عەقڵی سرووشتی و بەرژەوەندی بۆ پاراستن و ھتد... پاشان ژیانی مرۆڤ گەشەیکردوو کۆمەڵگە و حکومەتی پێکھێنا. لەم پەیمانەوە ژیانی مرۆڤایەتی پێی نایە قۆناغی سیاسیبوون لەبەرئەوەی تیۆرەکە وەستان بوو لەسەر پەیوەندیی دەسەڵات لە نێوان دەستەی فەرمانڕەواکان و ئەوانەی فەرمانرەوایی دەکرێن و دیاریکرنی ماف و ئەرکیان.

ھەرچەندە توانای بینینی بیرۆکەى ئەم پەیمانە لای سۆفستاییەکانی یۆنان دەبینرێت، بەڵام  تیۆرەکە لە سەدەی ھەژدەیەم و حەڤدەیەمدا لە سەردەمی ڕۆشنگەریدا  کاری گرنگی لەسەر کرا لەلەلایەن ھەریەک لە  فەیلەسوفانی ئینگلیز ھوبز و جۆن لۆک و ڕۆسۆ. سەرەتا ھۆبز ئاماژەی پێ کرد و پاشان لەلایەن ھەریەک لە جۆن لۆک و ڕۆسۆوە پەرەی پێدرا. ھەرچەندە ھەرسێ فەیلەسوف ھاوڕا بوون لەسەر بوونی پەیمانی کۆمەڵایەتی بەڵام لەڕووی وردەکاری و دیاریکردنی ماف و ئەرکەکان و شێوازی بەستنی پەیمانەکە و ئەو ڕێژە لە دەسەڵات ومافەکان کە تاکەکان لەدەستیدەدەن لە بەرامبەر ئەو کەسەی کە حوکمیان دەکات ناکۆک بوون.

 پەیمانی کۆمەڵایەتی پاڵپشت بوو بۆ دەسەڵاتی  سیاسی و دیاریکردنی سنورەکانی؛ لەسەربنەمای بەرژەوەندیی تاکەکان و ڕێکەوتنى عقڵانی. ئامانجی ئەم تیۆرە بە شێوەیەکی سەرەکی لێدان بوو لە ھزری ثیۆکراتی، زیاتر وەک تیۆرێکی تاکگەرایی سیاسی گەڵاڵە بووەو ئەو ئایدیایەی پێشکەشکردن کە ھەموو حکومەتەکان دەسەڵات و سەڵاحیاتی خۆیان لە گەلەوە وەردەگرن و تا دەسەڵاتدار نەتوانێت بە شێوەیەکی سەرەرۆیانە حوکم بکەن و باڵا بن؛ دژی ئەوە بوون تاکەکان بەبێ رامان پەیرەوەی لە دەسەڵات بکەن.

سەرەرای چەندین ڕەخنە کە لەم پەیمانە گیراوە و گرنگترینیان ئەو رەخنەیە کە لە خودی پەیمانەکە گیراوە؛ بەوەی شتێکی ئەستەمە ھەموو خەڵک بتوانن لە کات و شوێنێکی دیارکراو ئامادە بووبن و پەیمانێکی لەو شێوە ببەستن. بەڵام ئەم ڕەخنەش وەڵامدراوەتەوە.  ئەم ڕەخنە و سەرجەم ڕەخنەکان   نەیانتوانیوە لە گرنگی  و بەھای پەیمانەکە لە ھزری سیاسی  و مێژوویدا کەمبکەنەوە.

 

 

 

 

 

 

 

پەراوێزەکانى ناو چەمکەکان:


[1] . اھلیەی أداء بریتییە لە توانای کەسێک بۆ ھەستان بە ئەنجامدانی کاروباری قانونی بەو شێوازەی قانون دیاری کردووە.(یقصد بأهلية الأداء صلاحية الشخص للقيام بالتصرفات القانونية بنفسه. على وجه يعتد به قانونآ).

 

[2] . بێگومان چەمکى مرۆڤ و ئەوەی پەیوەندی دارە پێیەوە لە یاسای ئینگلیزدا فراوانترە وەک لە یاسای وڵاتە خۆرھەڵاتییەکان. چونکە لەم خۆرھەڵاتدا ھێشتا بە مانایەکی فراوان تاک و سنورەکانیمان نییەو زیاتر بە خێزان و کۆمەڵگەوە بەستراوەتەوە، تاکو بڕیار دان لە سەر جەستەی خۆت و ھەڵبژاردنی شێوازی ژیان و لەم دوایانەدا کاریان کرد بۆ دروستکردنی ھاوسەرگیری مدنی، کە بریتی بوو لەوەی ژن و پیاو لە دوای ھاوسەرگیری ھیچیان نەتوانن میراتی و ئەوەی پەیوەستە پێوەی لە یەکتری بەرن. لە کاتێکدا ئەمە لە یاسای عێراقیدا مافێکی ئەساسی تاکەکانی ھاوسەرو مناڵە. تەنانەت وەسیەت کردنی مولک و مال بۆ کەسی تری خەیری ورثە گەر ڕێژەکەی لە یەک لەسەر سێ زیاتر بێت، ئەو وەسیەتە پووچەڵ (باطل) دەبێت.

[3]. شێوەی دەوڵەت ( بسیطة، مرکبة)، شێوازی حوکم ( نیزامی مەلیکی ، جمھوری)، شێوازی حکومەت ( پەرلەمانی ، سەرۆکایەتی).

 

[5] . (الأموال) ھەر مافێکە کە بەھایەکی مالی ھەبێت

[6] لێرەدا مەبەستمان لە گرێبەست، گرێبەستە  نێودەوڵەتییەکانە.

 

[7] . بەھەمان شێوە لە یاسای عێراقیشدا بەرتیل بە یەکێک لە تاوانە ئەنقەستەکان  دانراوەو ماددەکانی (٣٠٧تا ٣١٤ ) ی تایبەت کردووە بە داڕشتنی ئەحکامەکانی تاوانی بەرتیل و سزادانی ئەو کەسانەی پێی ھەڵدەستن. بەیەکێک لە تاوانە

 

 

[8] (النیة) لە یاساد نیازی کەسەکان پێوەرێکە لە زۆربەی کاتەکاندا کاری پێدەکرێت و لە ئەسڵیشدا وا دەدەنرێت ھەموو کەسێک ( حسن النیة) ھەموو کەسێک نیازێکی باشی ھەیە جگە لەوەی پێچەوانەکەی بسەلمێنرێت، بەشێکیش لە فەیلەسوفان بڕوایان بە روحی باش یاخود چاکە لە روحی مرۆڤدا کردووە تەنانەت گەر خراپترین کەس بێت. بە پێچەوانەی دەرونشیکاری فرۆیدی کە پێی وایە تەنانەت لە دەمدەرچوون و نوکتەکانیش نیازەکان دەردەکەن و ھیچ کردارێک بەبێ ھۆ نابێت.