A+    A-
(1,311) جار خوێندراوەتەوە

                                                        "ئەجەل" وەک میکانیزمێکى بەرگرى

 

 

 

وەلید عومەر

 

 

 

 

پوختە

"ئەجەل", زاراوەیەکى دینیی ناو فەرهەنگى مسوڵمانە و ڕۆڵیکى گرنگ لە کۆئەندامى دەروونیی ئەودا دەگێڕێت. ئەجەل گەرچى ناوێکى دینییە, بەڵام ئەرکى وجودى و دەروونییشى لە ژیانى مسوڵماندا هەیە و ئابورییە دەروونییەکەى ڕادەگرێت. ئەجەل بەو دوو جۆرەوە کە لە قورئاندا باسکراوە, لە گشتەوە بۆ بەش, لە جەبرەوە بۆ ئیختیار شیاوى وردکردنەوەیە. بۆ ئەمەش لەجیاتیی ئەوەى خوێندنەوەى ناودینیی بۆ بکەین, پێویستدەکات تاوتوێیەکى دەرە-دینییشى بۆ بکەین. لەم نوسینە بچوکەدا, لەسەر کرۆک و ماهیەتى ئەجەل دەوەستین و کۆمەڵێک تێبینیی تیۆرى دەخەینەڕوو. تێبینییەکان, گەرچى بەشێکیان بە زاراوە دەروونشیکارییەکان خراونەتەڕوو, بەڵام دەروونناسیی ڕووت نین بە واتا باوەکەى. ئەوەى دێت پشکنینێکى تیۆرییە و بە نێوانگریی دەروونشیکارى مانیفێستدەبێت.

وشە سەرەکییەکان: ئەجەل, دەروونشیکارى, کات, زانین,  نەست

 

 

 

 

  ئەجەل لە قورئاندا

وشەى "ئەجەل", هاتووەتە ناو زمانى ژیانى ڕۆژانەى مسوڵمانەوە(بۆنمونە مسوڵمانى کوردزوبان). وشەکە لەڕووى زمانەوانییەوە بە واتاى "ماوەى دیاریکراوى شتێک" دێت, سەقفێکى زەمەنى کە ژیان یان کارێک یاخود پرۆسەیەکى تیا کۆتاییدێت. لە فەرهەنگى المعجمدا بەم شێوە پێناسەکراوە: «الأَجَلُ: مُدَّةُ الشيء... الوقت الذي يُحَدَّدُ لانتهاء الشيء أَو حُلُولِهِ»(١, المعجم). واتە: «ئەجەل, ماوەى شتێکە...ئەو کاتەیە بۆ کۆتاییهاتنى شتێک یان لەناوچوونەکەى دیاریدەکرێت»(١, المعجم). وشەکە ماناى مەجازییشى هەیە بەڵام بۆ باسەکەى ئێمە هەر مانا حەرفى و حەقیقییەکەى بەسە. بۆیە لە قورئانیشدا و «لە پەنجا و شەش ئایەتدا»(٢, البلاغ), ئەجەل تێکڕا بەم مانا نزیک لەیەکترە هاتووە, واتە تێکڕا گوزارشت لە کاتێکى دەستنیشانکراو دەکات کە مرۆڤ یان دیاردەیەکى تیا دەژى و پاشان بەروارەکەى بەسەردەچێت. لە کۆمەڵێک ئایەتى قورئانییدا, ئەجەل وەک جۆرە توانست و باڵادەستییەکى خودا پیشاندراوە کە مردن بەدەستى ئەوە, نەک هەر مردن بەڵکو بەروارەکەشى شتێکە ئەو خۆى نوسویەتیەوە. لە سورەتى "اعراف-ئايةتى 2"دا هاتووە: « هُوَ الَّذِى خَلَقَکُم مِن طِینٍ ثُمَّ قَضَى‏ أَجَلاً وَأَجَلٌ مُّسَمّىً عِندَهُ ثُمَّ أَنْتُمْ تَمْتَرُونَ». واتا کوردییەکەى بەم جۆرەیە: «هەر خوایە ئێوەى لە گڵ و (مادەیەکى بێ‌گیان) بەدى هێناوە, لەدواییدا کاتێکى نادیارى بۆ مردن داناوە, وە کاتى دیاریکراوى لاى خۆیەتى, ئەوسا ئێوە شک دەکەن»(٣, تەفسیرى شەپۆل). بەپێى ئەم ئایەتە و ئایەتە هاوشێوەکانیشى, ئەجەل و وادەى مەرگ شتێکى وەک ئەفراندن و خەلیقەت بەڵگەنەویستە. یەکێک لە ئایەتەکانى تر کە جەخت لەسەر ئەجەل و دیوە بەڵگەنەویستەکەى دەکاتەوە ئەوەیە کە لە ئایەتى ٣٤ـى سورەتى الاعرافدا هاتووە: « وَلِكُلِّ أُمَّةٍ أَجَلٌ فَإِذَا جَاءَ أَجَلُهُمْ لَا يَسْتَأْخِرُونَ سَاعَةً» کە واتاکەى بەم جۆرەیە: «وە بۆ هەر نەتەوەیەک ماوەیەکى دیاریکراو هەیە, جا کاتێ ماوەیان هات, سەعاتێ پاش و پێشیان بۆ نیە»(٤, تەفسیرى شەپۆل). بەپێى ئەم ئایەتە, ئەجەل نەک هەر قەدەرێکى کاتییە و خودا دەینوسێتەوە, بەڵکو قەدەرێکى بەکۆمەڵە و بۆ نەتەوەکانیش دیاریکراوە.

خاڵێکى ترى گرنگ بەنیسبەت ئەجەلەوە ئەوەیە کە یەک حاڵەتى نیە. ئەمە هیچ لە ناواخنى باسەکەمان ناگۆڕێت, بەڵام دەشبێت ئاماژەى بۆ بکەین. لە زۆر تەفسیرى قورئاندا ئاماژە بۆ دوو جۆر ئەجەل کراوە لە ژیانى مرۆڤدا, کە بریتیین لە "اجل مسمّی" و "اجل معلّق" کە بەنزیکەیی دەکەنە "ماوەى دیاریکراو" و "ماوەى دیارینەکراو". واتە, دوو جۆر ئەجەل بۆ مرۆى مسوڵمان لەگۆڕێدایە, یەکەمیان دیاریکراوە و بەدەستى خودا خۆیەتى. دووەمیان, دیارینەکراوە و بەدەستى بەندە خۆیەتى پێشى بخات یان دواى بخات. یەکەمیان مەرگە سەرەکییەکەیە وا لە چارەى مرۆڤ نوسراوە, دووەمیشیان ئەو بەروار و ئیختیارە ڕۆژانەییەیە کە کەسێک مردنى خۆى پێشدەخات(بۆنمونە لە خۆکوشتندا). بەم پێیە, «ئەجەلى مرۆڤ لە فەرهەنگى قورئانییدا بەسەر دوو جۆردا دابەشکراوە کە بریتیین لە "اجل مسمى" و "اجل معلق". یەکەمیان, تاڕادەیەک لە مردنى سرووشتى دەچێت, ئەوەى لە کاتى خۆیدا بەشێوەیەکى سرووشتى ڕوودەدات, بەڵام هێشتاش هەندێ جیاوازییان هەر هەیە. دووەمیشیان, هەندێک لێکچوونى لەگەڵ مردنى کتوپڕدا هەیە. دیارە واباشترە بۆ "اجل معلق" دەستەواژەى "مردنى پێشوەخت" دانێین. بۆ "اجل مسمى"يش کۆمەڵێک هاوتامان هەیە وەک: اجل حتمى, اجل محتوم, اجل مکتوب و اجل معین. بۆ "اجل معلق"يش ديسان هەردوو دەستەواژەى "اجل مشروط و موقوف" و "اجل مقضى" بەکاردەهێنرێت»(٥, اسلام کویست). گەر ئەجەلى یەکەم, حەتمى و ناچارى بێت و لە هێزێکى سەرووى مرۆڤەوە بێت, ئەوا ئەجەلێکى تر هەیە بەندەى مسوڵمان دەتوانێت ڕۆڵى تیا بگێڕێت, بەتایبەت ئەو کاتانەى کە ڕیتمى کاتى تیا دەشێوێنێت. لێرەوە دەچینە سەر سرووشتى ئەجەل وەک «کاتێکى ناکات» کە هەردوو جۆرى ئەجەلەکە پێکەوە کۆدەکاتەوە.    

 

 

 

 

  ئەجەل: «کاتى نا-کات»

ئایدیاى بن ئەم تەوەرەمان ئەوەیە کە ئەجەل بریتییە لە وادەیەک کە هیچ وادەیەکى دیاریکراوى تیا نیە لە چاوى مرۆڤەوە. واتە, ئەجەل تەنیا لە چاوى خوداوە کاتێکى دیاریکراوە گەرنا بەندە ناتوانێت و نازانێت چ کاتێک ساتى مردنى دێت. بە دەربڕینێکى تر بیڵێین, ئەجەل ناوێکى گشتییە کە ناوەڕۆکە زەمەنییە بەشەکى و تایبەتەکەى ئاشکرا نیە. بەروارێکى گشتى هەیە ناوى ئەجەلە, بەڵام هیچ وردەکارییەکى زەمەنیی تیا نیە, سەعات و ڕۆژى تیا نیە, ساتى ڕوودانى دیار نیە. ئەجەل, کاتێکە کە دەکەوێتە دەرەوەى کاتەوە, واتە دەرەوەى ئەو کاتە مرۆییەوە کە ژیانى ڕۆژانەى پێ دەگوزەرێنین. بە مانایەکى تر, ئەجەل ئەو کاتەیە کە لەناو کاتە مرۆییەکەدا شوێنێکى ڕوونى نیە و لە فۆرمى تەمومژێکدا هەڵکۆڵراوە. هەر ئەمەش گرنگیی ئەجەل دەردەخات, گەرنا مرۆڤ نەیدەتوانى بەرگەى هاتنى ساتى مردن بگرێت و بیزانیایە چ چرکەساتێک کۆتایی پێ دێت. ئەجەل, تەنیا پێدانى زانیارییەکە لەسەر ئەوەى کە تۆ دەمریت, بەڵام ئەمە خۆى ڕاستییەکى بەڵگەنەویستە و ڕاستییەکى مەترسیدارترى شاردووەتەوە کە ساتى ڕوودانەکەیەتى. هەموو دەزانین مردن هەیە, بەڵام دین ساتى ڕوودانەکەى کردووە بە موڵکى خۆى و ناوى لێناوە و بە ئایەت خاوەندارێتیی لێ کردووە. ئەمە وادەکات, دینداران بگشتى شەیداى پرەنسیپەکانى دین بن و پێیانوابێت حەقیقەت لاى ئەوە. بەڵام کاتێک ورددەبینەوە تێدەگەین دین تەنیا خاوەندارێتییەکى فریودەرانە و هێزمەندانەى لەو ساتە کردووە گەرنا هیچ فاکتێکى جیا پێ نیە لەوەى ئێمە خۆیشمان دەیزانین. گرنگییەکە لێرەدایە دین بۆ سەرووى فاکت هەڵدەکشێت و بەروارى مردن کە خۆى بریتییە لە فاکتێک, دەقۆزێتەوە و ناوى ئەجەلى لێدەنێت. مرۆڤ لە ئاستەکانى مانا و بەها و دەروون و بوونیشدا, پێویستى بەوەیە خۆى بە فریوداندا بدات و تەسلیمى پرەنسیپێکى دینى ببێت بۆیە خۆى لەگەڵ حوکمەکەى دیندا هاوشوناسدەکات. واتە بڕوا بەوە دێنێت کە تەنیا لەپێناوى بڕواپێهێناندا خراوەتەڕوو. بڕواش بە ماهیەتى خۆى شتێکە دەکەوێتە سەروو کاتەوە, دەبێت بڕوا بە شتانێک بێنیت کە ڕاستیی سەرووکاتن.

ئەجەل, پنتێکى هێجگار چڕە لە مانا کە هەموو بێماناییەکانى ساتى مردن بۆ کەسى بڕوادار دەڕەوێنێتەوە. با نمونەیەک بێنینەوە: کاتێک مناڵێک بە ڕووداوى هاتوچۆ دەمرێت, دایکى ئەم مناڵە بەر جۆرێک لە شۆک(تراوما) دەکەوێت کە هەرچى شیرازەى مانایی هەیە لەو ساتەدا بەنیسبەت ئەوەوە تێکدەچێت. مردنى مناڵەکە, لە ئاستێکى قووڵدا, بەهۆى ئەم پرەنسیپى ئەجەلەوە ساڕێژدەبێت(کە بە ئەگەرى زۆرەوە دایکى مناڵەکە دیندارە و باسەکەى ئێمەش لە هەناوى دینى ئیسلامدایە). ئەجەل بۆ دایکى مناڵەکە, گەڕانەوەى ساتى مانایە, چونکە بڕوا بە خۆى دێنێت(چ ئاگایانە و چ نەستەکییش) کە ئەم ڕووداوە بە ئیرادەى هێزێکى سەرووتر ڕوویداوە. ڕۆژى مەرگى ئەم مناڵە هاتووە بۆیە کەس نەیدەتوانى بیگەڕێنێتەوە. لێرەوە ڕووداوەکە, تێکچوونى ڕیتمى باوى کاتە, چونکە ئەجەل هاتووە. ئەجەل تا ساتى هاتنى لەمسناکرێت, کاتێکیش ڕوودەدات چیدى کاتە ئاساییەکە وەک خۆى ناگوزەرێت. بەڵام هەر خۆیشى جۆرێک لە ساڕێژى مانایی و دەروونى بۆ مرۆڤەکان درووستدەکات. ئەجەل, بەو واتا حەتمییەى کە لە سەرەوە ئاماژەمان بۆ کرد, شتێکە ساڕێژێکى ناوەکى لەگەڵ خۆى دێنێت و مانایەک دەبەخشێتە مردنى مرۆڤەکان. ئەمەش وادەکات لە چەمکى میکانیزمى بەرگرى نزیکبێتەوە کە ئیگۆى مرۆڤ بۆخۆى درووستدەکات تا بەڵکو شۆکەکان تێپەڕێنێت. ساتى زانینى مردن, شتێکە کۆئەندامى دەروونى بەپێى تەفسیرە دەروونشیکارییەکان بەرگەى ناگرێت و سوبێکت غلۆردەبێتەوە نێو دەروونپەشێوى و شێتى و هتد. بۆیە نەزانینەکە, کە دین ناوى ئەجەلى لێ ناوە, دەرووندرووستیی ئەم بوونەوەرە ڕادەگرێت. لە نەریتى دەروونشیکاریی لاکانییدا, بە کەمێک جیاواز لە فرۆید, ئەم میکانیزمە بەرگرییە بۆ ئاستى چەمکى "فەنتازیا", ئاڵۆزتر دەکرێت: «به‌رگرییه‌كان كۆمه‌ڵێك بونیادی ڕه‌مزی و نه‌گۆڕتری سوبێكتیڤیته‌ن (كه‌ لاكان عاده‌ته‌ن به‌ فه‌نتازیا ناویده‌نێت نه‌ك به‌رگری)»(٦, ئیڤانز). میکانیزمى بەرگرى لێرەدا لە واتاى فەنتازیا نزیکدەبێتەوە, فەنتازیاش بە ماناى خەیاڵ نایەت, بەڵکو جۆرێک لە پرۆسەى ئارەزووسازییە کە پەیوەندیی مرۆف و جیهان بەناچارى ڕێکدەخات. مەرگ مادام ترسى نێو ژیانە, ئەوا پێویستى بە فەنتازیایەکى وەک "ئەجەل" هەیە تا بەروراى مردنەکەى بۆ بشارێتەوە و لانیکەم تەمومژى بکات.

ئیسلام لەو خاڵەدا, ئەجەلى دیاریکراو لەلایەن خوداوە ناودەنێت حەتمى و ئەجەلەکەى تر کە مرۆڤ خۆى دەیڕەخسێنێت, ناودەنێت هەڵپەسێراو و دیارینەکراو کە دەستوەردانە لە کارى خودا. گەر بمانەوێت ئەم جۆرە ئەجەلە و سرووشتەکەى شیکەینەوە, ناچارین وەک فریوێکى ئایدۆلۆژى وەریگرین کە دەیەوێت کێشە بۆ جۆرە ئەجەلەکەى تر درووستبکات. واتە, کاتێک کەسێک خۆى دەکوژێت, ئەوا کێشە بۆ ئەجەلە خواییەکە درووستدەکات و لەقووڵاییشدا گرفت بۆ پرەنسیپێکى باوەڕ درووستدەکات. بۆیە دین یەکسەر ناوى لێدەنێت و لە جۆرى یەکەمى ئەجەلى دووردەخاتەوە. دیارە ئەمە سرووشتى باوەڕ و دینە و هەمیشە بیانووى بۆ ئەو شتانە هەیە کە وەک شتێکى نەرێنى لە مرۆڤ دەوەشێنەوە. بەڵام وێڕاى ئەمەش, ئیسلام دەیەوێت ماهیەتى ئەجەل وەک خۆى بپارێزێت و لە "کات"ـه ڕۆژانەییەکە دووریخاتەوە. گەر دوو کاتمان هەبێت, کاتى خوایی و کاتى ئاسایی, ئەوا ئەجەلى یەکەم خواییە و ئەجەلى دووەمیش ئاسایی. مرۆڤ کە لەناو کاتى ئاساییدایە, پیردەبێت و وزەى کەمدەبێتەوە, دەمرێت و کۆتاییدێت, بەڵام ڕۆژى کۆتاییهاتنەکەى خاڵێکى هێجگار هەستیارە بۆ ئەو. چونکە گەر یەک سەعاتیشى مابێت, ئەوا ئەو "نادیارى"يە بۆ ئەو, مایەى جۆرێک لە بەرگەگرتنە. ئەجەلە خواییەکە, مرۆڤ لەوە دووردەخاتەوە کە دەقاودەق ساتى مردنەکەى بزانێت. جیاوازییەکى گەورە هەیە لەنێوان ئەوەى "بزانیت دەمریت" و ئەوەشى کە " ڕێک چ ساتێک دەمریت". زانینەکە خۆى گۆڕان بەسەر زۆر شتدا دێنێت, بەجۆرێک کە کاتە ئاساییەکە تووشى گرژى دەکات و بگرە ژیانیش ڕەنگە بەم جۆرەى ئێستا مومکین نەبووایە. نەزانین دەرهەق بە کاتى دەقاودەقى ئەجەل, جۆرە نەزانینێکى پێویستە بۆ ئەوەى مرۆى مسوڵمان تووشى داڕووخانى دەروونى و مانایی نەیەت. بۆیە, هەردوو جۆر ئەجەلەکە سەر بە یەک ستراتیژى عەقیدەیین و لەو پێناوەدا جیاکراونەتەوە کە کاتى ئاسایی کەسى بڕوادار لێک هەڵنەوەشێتەوە و هەمیشەش بێئاگا بیت لە ساتى مردن. بڕوادار هەرکات بمرێت, ئەوا دین ئەو کاتە بە ئەجەل دەزانێت و ئەجەل لەقووڵاییدا کاتێک نیە پێشوەخت داڕێژرابێت, بەڵکو ناوى جۆرێک لە دەرەکاتبوونە کە پشێویی کاتە ئاساییەکە و دونیا کەسى بڕواداریش لە ساتى مردندا ڕێکدەخات. نەزانین لەمەڕ کاتى مەرگ, خۆى مانا بە هەموو زانین و کات و ڕیزبەندییە حەیاتییەکەى ژیانى بڕوادار دەدات. مەبەستمان ئەوە نیە دین بەتەنیا خاوەندارێتیی ئەم پرەنسیپە دەکات, بەڵکو باسى پرەنسیپەکە لەکۆدا دەکەین کە دین بەپێى پشکى خۆى و سرووشتى خۆى دایڕشتووەتەوە. 

 

  

 

  ئەجەل: پارادۆکسێک لە دیوى مرۆڤەوە

ئەجەلمان لە گۆشەنیگاى سەرەوە, لاى خوداوە وەرگرت. ئێستاش گۆشەکە دەگۆڕین بۆ لاى کەسى باوەڕدار(مرۆڤ). لێرەدا تێستێکى زەینى ئەنجامدەدەین: کەسى باوەڕدار دەزانێت ڕۆژى مردنەکەى نادیارە, بەڵام هەروا ئاسان خۆیشى ناخاتە مەترسییەوە تا بڵێت هەرچى هات ئەجەلى خوایە(مەبەستمان ئەو کەسانە نیە بڕیارى جێهێشتنى ژیان دەدەن, بەڵکو دۆخى ئاسایی ژیانە). هەستیاریی چەمکى ئەجەل لەوێدایە کە گەرچى لە قودرەتێکى ترەوە بڕیارى لێ دەدرێت, بەڵام کەسى باوەڕدار سەرکێشى نانوێنێت و بەتەواوى پشت بەم قودرەتە خواییە نابەستێت. دیارە لە ژیانى مرۆڤەکاندا, کەمتازۆر بڕیار و سەرچڵى هەیە, بەڵام هێشتا ئەم حاڵەتە دەچێتەوە بن خانەى ئەجەلە حەتمییە خواییەکە(واتە هێشتا پێتوایە نامریت). ئەمە خاڵێکمان بۆ ڕووندەکاتەوە کە ئیمان خۆیشى یەکانگیرییەکى ڕەهاى نیە و بەهۆى کۆمەڵێک پرەنسیپى فەنتازى و ڕەمزییەوە لکێنراوەتە یەکەوە. تەنانەت کاتێک شتێکى دینى خەریکە دەکەوێتە درۆوە, ئیدى شوێنکەوتەکان خۆیان دەچنە ژێر بارى دۆخەکە بۆ ئەوەى بەدرۆکەوتنەوەکە ڕوونەدات. زۆرجار مرۆڤێکى باوەڕدار, زۆرترین بیانوو بۆ خەلەلێکى دینى دێنێتەوە. چونکە لەبنەڕەتدا نایەوێت پەردە فەنتازییەکەى بدڕێت و بەر شۆک بکەوێت. جار هەیە لەگەڵ شۆکدا ژیانى کەسەکەش دەکەوێتە مەترسییەوە. بەم پێیە, ئەجەل ئەو ڕاگرە فەنتازییەیە کە نابێت بەکەم وەرگیرێت و ئەوانەشى بەئاسانى خۆیان ناخەنە بەردەم مەرگ, ماناى ئەوە نیە بڕوایان بە ئەجەل نیە, بەڵکو نایانەوێت کۆى سیناریۆ بنەڕەتییەکە بکەوێت. مەبەستمان ئەوە نیە درۆیەک دەپارێزن, بەڵکو درۆیەک دەپارێزن کە پێیان وایە ڕاستە و بۆ ئەوانیش بەڕەهایی ڕاستە.

ئەجەل, هەرکات دەستى بۆ برا ئیدى ئەجەل نیە. بۆیەشە قورئان جۆرێکى ترى مرۆیی لێ جیاکردووەتەوە و ناویناوە ئەجەلى دیارینەکراو و هەڵواسراو. نوسینى ئەجەل بە پیتى گەورە(کەپیتاڵ و تۆخ), واتاى ئەجەل دەگەیەنێت لە بارە حەتمى و خوداییەکەیدا. ئەو ئەجەلەى لە چاوى مرۆڤەوە لێکدەدرێتەوە, قەت ناگات بە ئەجەلە گەورەکە. کەلێنێکى هەمیشەیی ئەم ڕووبەرە مرۆیی و خوداییە لێکجیادەکاتەوە. دەتوانین هەنگاوێک زیاتر بچینە پێشەوە و بڵێین: ئەجەل هەرچەند میتافیزیکى و غەیبانییش بێت, ئەوا هەر مرۆییە- بەڵام مرۆییبوونێک کە بۆ مرۆڤ خۆیشى مەحاڵە. واتە هەردوو دیوەکەى ئەجەل, لەقووڵاییدا مرۆیین, بەس یەکیان هاوێژراوەتە دەرەوە تا ژیانى کەسى بڕوادارى پێ ڕێکبخرێت. ئەم دەرهاوێژییە شتێکى ئەنقەست و سادە نیە, بەڵکو نەستەکى و ڕیشەییە. بەرهەمى خۆگونجانى مرۆڤە لەگەڵ جیهاندا کە دواتر ناوى لە شتەکان ناوە و بۆ ئەوەشى بەرگەى مردن و بەروارەکەى بگرێت, جۆرە ئەجەلێکى حەتمى و دوورەدەستى بۆ خۆى داڕشتووە. بەکورتییەکەى, ئایدیاى ئەجەل لە مرۆڤەوە و بۆ مرۆڤ داڕێژراوە, بەڵام بە نێوانگریی واخۆدەرخستنێک, واخۆدەرخستن بەوەى توخمێکى میتافیزیکى لەگۆڕێدایە و گەرەنتیی ئایدیاکەمان بۆ دەکات.

پارادۆکسێکى تر لە ئەجەلداو پرسى ئازادى و ناچارییە. ئەجەل گەرچى وەک ناچارییەک بە گوێى بڕواداردا دراوە, بەڵام جۆرە ئازادییەکیشى بۆ دەڕەخسێنێت تا بژى و مردن فەرامۆش بکات. ڕەنگە کەسێکى بێ‌بڕواش, ئەم میکانیزمەى هەبێت و واهەست بکات ئەوە ئەو نیە دەمرێت یان لانیکەم بەم زووانە نامرێت و هتد. بەڵام جیاوازییەکە لەوێدایە کە فەنتازیا دینییەکە, مرۆڤ بۆ جێیەکى تریش ئامادەدەکات. "ژیانى پاش مەرگ", بە جیا لەوەى بڕوامان پێیەتى یان نا, ئایدیاى ئەجەل بەهێزدەکات. ئەجەل جۆرە ئازادییەکى تایبەت بۆ تاکى بروادار دەخوڵقێنێت تا هەستبکات ئەو کاتەى هەیەتى زۆرترە لە کاتى «کەسێکى تر». هەتا ئەو هەمووە شیعرە شەعبییەى بۆ ئەجەل وتراوە, جۆرە ئازادییەکى شاراوەى تیایە کە شاعیرەکە تووشى پارادۆکس دەکات. بۆنمونە مەحوى دەڵێت: «لە پڕ بەردی ئەجەل بۆ شیشەیی عومرم نەوا بێ زوو- فیداتم، دەست و بردێ، ساقیا، جامی شەرابێ زوو»(٧, مەحوى). ئەو "کات"ـەى کە دەکەوێتە نێوان شاعیر و ئەجەلەوە, هەر ئەو کاتەیە کە دەکەوێتە نێوان بڕوادار و ئەجەلەوە. ئەم "کات"ـەش, کاتێکى لەوە بەپیتترە کە دەردەکەوێت. سوبێکت لەم مەودایەدا, هەر شتێک ئەزموونبکات, بارتەقاى ئەزموونێکى تاقانەیە و ئەجەل تادێت "هەر نایەت",  واتە دوورتر دەردەکەوێت. ئەم پارادۆکسە لە زۆر بوارى ترى ژیاندا هەیە.

 

 

 

ئەنجام

باسەکەمان لە سێ خاڵى سەرەکییدا کۆدەکەینەوە

١) ئەجەل, بەپێى لۆژیکى قورئان(یان ئیسلام) حەتمییە, هەتا گەر ئەجەلەکە بشدرێتەوە دەستى مرۆڤ خۆى(ئەجەلى دیارینەکراو).

٢) ئەجەل ئایدیایەکە لە دەرەوەى کاتە ڕۆژانەییەکەوە, کە یەکانگیریی کاتە ڕۆژانەییەکە بۆ کەسى مسوڵمان دەپارێزێت.

٣) ئەجەل کۆمەڵێک پارادۆکس درووستدەکات کە مسوڵمان ناچارە بەشێوەیەکى نەستەکى و فەنتازی ڕێکیان بخات.

٤) ئەجەل پرسێکى فیکرییشە کە لە ئاستى فۆرماڵدا و لە ژیانى مرۆڤدا کاردەکات, دەکرێت ناواخنێکى دینیی نەبێت و ڕۆڵى تر بگێڕێت وەک: دیوێ: لە کاتى مرۆیی کە دەیسپێرینە دەستى نادیار.

  

 

 

 

سەرچاوەکان:

  • "تەفسیرى قورئانى پیرۆز", بەکوردى و بەکورتى(چاپێکى پوختەکراو), و. محەمەد ساڵەح ئیبراهیمى, کتێبخانەى سوننە.
  • فەرهەنگى شرۆڤەیی دیلان ئیڤانز, و. نێگەتیڤ, ڕەهەند, ٢٠٢١.
  • مەحوی › غەزەل › ٩٠. لە پڕ بەردی ئەجەل ئاڵەکۆک, ڤەژینبوکس
  • المعجم، کلمة اجل: الباحث اللغوي الشاعر/ حمادة عبيد أحمد إبراهيم
  • حقيقة الأجل لغة واصطلاحاً: الموسوعة الاسلامیة. الموقع البلاغ. حزیران ٢٠٢١
  • معنای «اجل مسمّی» و «اجل معلّق» چیست؟ آیا اگر عُمر انسان به پایان برسد، مرگ او یک لحظه جلو و عقب نمی‌افتد؟اسلام کوئست نت: ١٣٩٤