A+    A-
(950) جار خوێندراوەتەوە

                     کۆتا دەریچەی سۆسیالیزم

 

 

 

     سلاڤۆی ژیژەک

   وەرگێڕانی: شاڵاو یاسین

 

 

 

 

ئەم وتارە تایبەتە، بە تەقینەوەی قەیرانە ژینگەییەکان، هەروەها پشبینی و ئیمکانی واقیعیی نوێ سەبارەت بە دەرچوون لە قەیرانە ئیکۆلۆژییەکان لە بەردەم مرۆڤ دەکاتەوە. لەوانەیە بە جۆرێک سۆسیالیزم کۆتا ڕێگامان بێت بۆ دەرچووون لەو قەیرانانە و ڕەنگە ئیدی درەنگیش بێت و خودی سۆسیالیزم بە جۆرێک لە جۆرەکان مردبێت.

ئارگومێنتی ژیژەک ئەوەیە، کە دەڵێت وانەی گرنگی قەیرانە ژینگەییەکان ئەوەیە کە ئێمە بەشێکی دانەبڕاوین لە سرووشت، نەک سەنتەری سرووشت خۆی، هەروەها دەڵێت دەبێت چیدی لە حیکمەتی باو دوورکەوینەوە..

تازەترین داتا ئەوە ڕووندەکاتەوە، کە تەنانەت(دوای ژیانێکی زۆر ناهەموار)دوای بڵاوبوونەوەی ڤاکسیین، ئێمە هیشتا نەمانتوانیوە بگەڕێینەوە بۆ ژیانی ئاسایی پێشتر و بە جۆرێک ئارامی بگەڕێنینەوە بۆ نێو ژیان. هێشتا پەتای جیهانیی کۆرۆنا کۆتایی نەهاتووە و(ژمارەی پەتاکان سەرلەنوێ لە بەرزبوونەوەدان، کەرەنتینە و لۆکداونی نوێ لە چاوەڕوانی ئێمەدا لە بۆسەدان) لە ئاسۆشدا وردەوردە وا خەریکە کارەسات و نەهامەتیی دیکە سەردەردێنێت. لە کۆتایی مانگی حوزەیرانى ساڵی ٢٠٢١دا، گومەزی گەرما - (دیاردەیەکی ترسناکی کەشهەوایە کە تێیدا زنجیرەیەک پەستانی بەرز و هەوایەکی گەرمی وشک دەبنەهۆی بەرزکردنەوەی بەرچاوی پلەی گەرما و برژاندنی ناوچەکە)- لە کەشوهەوادا درووستدەبێت بە جۆرێک کە لە باکوری ڕۆژئاوای ئەمریکا و باشوری ڕۆژئاوای کەنەدا پلەی گەرمی تێیدا بەرزدەبێتە بۆ نزیک لە <٥٠پلەی سیلیسزی> و <١٢٢پلەی فەهرەنهاید>، بۆیە بەم شێوەیە پلەی گەرمی شاری ڤانکۆڤەر زۆر گەرمتر دەبێت لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەم نەخۆشییناسییەی کەشوهەوا، بەشێکە لە کۆتاخاڵی پرۆسەیەکی بەرفراوانتر: لە ساڵانی ڕابردوودا، پلەی گەرمیی ناوچەکانی باکوریی سکاندەناڤیا و سربیا، بە شێوەیەکی ڕێک بۆ سەروو <٣٠پلە س> و <٨٦پلە ف> بەرزبووەوە. ڕێکخراوی کەشناسی جیهانی وێستەگەیەکی کەشناسی لە ناوچەی ڤێرخۆیناسک لە سیربیادا هەیە – واتا لە باکوری بازنەی تەوەرەییدا- ئەم ڕێکخراوە لە ڕۆژی ٢٠ی مانگی جوندا تۆماری پلەی گەرمی دەپێوێت و تێیدا دەگات بە <٣٨پلەی س> واتا<١٠٠پلەی ف>. شارۆچکەی ئۆمایکۆن لە ڕوسیادا، وەک دەزانرێت ساردترین ناوچەی نیشتەجێبونە لە سەر گۆی زەوی، پلەی گەرمی تێیدا دەگات بە<٣١،٦ پلەی سیلیزی>، کە تاکو ئێستا شتی وای بە خۆیەوە نەبینیوە. بە کورتی گۆڕانی کەش و هەوا، وا خەریکە وردە وردە نیوە گۆی زەوی دەبرژێنێت.

ڕاستە کە گومەزی گەرما(heat dome) بە زۆری دیاردەیەکی لۆکاڵییە، بەڵام ئەمە لە خۆیدا بەشێکە لە دەرئەنجامی خەلەل و ناڕێکی لە ڕیتمەکانى ژیاندا کە بەڕوونی پشت بە دەستێوەردانەکانی مرۆڤ دەبەستێت لە سووڕی ژیانی سرووشتدا. دەرئەنجامە کارەساتبارەکانی ئەم شەپۆلە گەرمییە لە ژیان و تەنانەت ئۆقیانوسەکانیشدا پێشتر شتێکی دیار و ڕوونبووە: " گومەزی گەرمی" لە وانەیە ملیارات ئاژەڵی دەریایی لە کەناراوەکانی کەندا بکوژێت، هەروەک پسپۆر و زانا بەریتانیەکان دەڵێن، کاریگەریی گەرما بە شێوەیەکی بنەڕەتی بووەتە هۆی کوڵانی سەدەفی دەریایی. ئەمە لە کاتێکدا بە شیوەیەکی گشتی کەشوهەوا تا بێت زیاتر و زیاتر بەرە و گەرمبوون و کوڵان دەچێت، ئەم پرۆسەیەش بەردەوام دەبێت تاکو دەگات بە لوتکە و خاڵی کۆتایی ئەوپەڕی لۆکاڵ و ناوچەکان، گەرمیی ترسناکی ئەم ناوچە لۆکاڵیانە زوو یان درەنگ دەلکێت یان دەبێت بە خاڵی وەرچەرخانی زنجیرەیەکی جیهانییتر، واتا کارەساتەکان لە لۆکاڵەوە دەپەڕنەوە بۆ یونیڤێرساڵ. کارەساتی لافاوەکانی ئەڵمانیا و بەلژیکیا لە مانگی جولای/٢٠٢١ بەشێکی دیکە بوون لەم خاڵی وەرچەرخانە، هەموو کەس دەزانێت دوای زنجیرەی یەک بە دوای یەکی ئەم کارەساتە ژینگەییانە چی شتێکی دی بە دوایدا دێ. کارەساتە جەرگبڕەکان شتێک نیە لە داهاتویەکی نزیکدا ڕووبدەن، بەڵکو لێرەن و بەردەوام لە دەورو بەرماندا ڕوودەدەن، چی دیکەش بە تەنها لە شوێنێکی دورە دەستی وەک وڵاتانی ئەفریکا و ئاسیادا ڕوونادەن بەڵکو ڕێک لێرەن، لە دڵی خۆرئاوای پێشکەوتوو دان. ڕوونتر بڵێم، ئێمە لەمەودوا دەبێت لە گەڵ کۆمەڵێک قەیرانی هاوکاتدا خۆمان ڕابێنین و بژین. تەنها هۆکاری شەپۆلی گەرما بە شێوەیەکی جوزئی و بە لایەنی کەمەوە بریتی نیە لە ئیستیغلالی پشەسازیی بێباک و کەمتەرخەمەوە بۆ سەر سرووشت، بەڵکو هەروەها کاریگەرییش لە سەر بەشێکی زۆری ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی دادەنێت. لە سەرەتای مانگی جولای/٢٠٢١دا، لە باشوری عێراقدا، پلەی گەرما بۆ زیاد لە ٥٠ پلەی سیلیزی بەرز بویەوە، لە هەمان کاتدا بووەهۆی داڕمانی گشتیی کەرتەکانی وەک کارەبا و ئەو ئامێرانەش کە لە ڕێگەی کارەباوە دەتوانن ئیشبکەن، بۆیە بەشێکی زۆری ئامێرەکان لەکار کەوتن (سپلیت و سەلاجە و ڕوناکی..هتد)، ئەمەش وای کرد ناوچەکە بە یەکجار ببێت بە جەهەنمێکی زیندوو. کاریگەری ئەم کارەساتە بە ڕوون و ڕەوانی بووبە هۆی گەندەڵیەکی دەوڵەتیی ئێجگار زۆر، هەوەرها لەو سەروبەندەدا وایکرد کە بلیۆنان پارەی نەوت ونبن و لە گیرفانە تایبەتەکاندا نوقم یان حەشار بدرێت. ئەگەر ئێمە ئەم داتایانە بە شێوەیەکی جدی(بەشێکی زۆری داتای دیکەش) سەربار بخەین و پێی بگەین، یەک دەرئەنجامی سادە دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی لە نێویاندا بێینە دەرێ. بۆ هەر قەوارەیەکی زیندوو، یان هەر تاکێک و هەر کۆیەتیەک، کۆتا دەریچە بریتیە لە مردن(ئەمەش هۆکار بوو بۆ ئەوەی دێریک هومفاری لە سەر حەق بێت، لە ساڵی ١٩٩٢کتێبە ڕێگەخۆشکەرەکەی بۆ خۆکوژی لە ژێر ناوی کۆتا دەریچەدا بنوسێت). قەیرانە ئیکۆلۆژییەکان کە لەم دواییانەدا بە شێوەیەکی ترسناک تەقینەوە ئەگەر و ئیمکانی واقیعی نوێیان کردەوە بۆ دەرچوونی کۆتایی و یەکجارەکی(خۆکوژیی کۆلێکتیڤ) مرۆڤ خۆی. بۆیە دەکرێت بپرسین، ئایا هیج دەرچونێکی دیکە لە ڕیگەی تێکشکانماندا هەیە؟ یان چیدی درەنگە بۆ ئەو کارە و هەموو ئەوەی دەتوانین ئەنجامی بدەین بریتییە لە دۆزینەوەی ڕێگەیەکی نوێی خۆکوژیی بێ ئازار؟

ــــــــــــــــــ

 

 

شوێنمان لە جیهاندا

ئایا دەکرێت چی بکەین لەم جۆرە گیروگرفتانەدا؟ لە سەروو هەموو شتێکەوە، دەبێت لەو حیکمەتە باوە دوور بکەوینەوە، بە گوێرەی وانەی قەیرانە ئیکۆلۆژییەکان ئێمە بەشێکین لە سرووشت نەک سەنتەری سرووشت بین، دەبێت ڕێگا و و شێوازی ژیانمان بگۆڕین-سنوری تاکێتیمان بگۆڕین، جۆرێک لە سۆڵیدارێتی، گەشە پێبدەین. یان، هەر وەک جودێت باتلەر دەڵێت،" جیهانێک کە شیاوی نیشتەجێبوون بێت بۆ مرۆڤ پشت بە گەشەسەندن و شکۆفەکردنی زەویی بەستێت، جیهانێکە کە مرۆڤ لە سەنتەرەکەیدا نیە". ئێمە بەرهەڵستی پیسبوون و ژەهراویبوونی ژینگە دەکەین نەک تەنها لە بەرئەوەی ئێمەی مرۆڤ دەتوانین بەبێ ترس لە ژەهراویی بوون بژین و هەناسە بدەین، بەڵکو لە بەرئەوەی ئاووهەواش پێویستە ژیانیان هەبێت و بەو مانایەش نا کە لە سەنتەری ئێمەدا بن.

بەڵام لەڕاستییدا ئەوە گەرمبوونی گشتیی دونیا و هەڕەشە ئیکۆلۆژییەکانی دیکە نیە کە داوامان لێدەکات دەستێوەردانێکی کۆیی و کۆلێکتیڤ لە ژینگەکەماندا بکەین، دەستتێوەردانێکی بەهێز کە بە شێوەیەکی سەیر و باوەڕ پێنەکراو و ڕاستەوخۆ بۆ سەر باڵانسی ناسکی فۆرمەکانی ژیان؟ کە دەڵێین بەرزبوونەوەی ڕێژەی پلەی گەرمی دەبێت لە خوار ٢پلەی سیلیزی واتا(٣٥،٦ فەهرەنهایت) بپارێزین، ئەوە ئێمە وەک بەڕێوەبەرانی گشتیی ژیان لە سەر زەوی قسە دەکەین، نەک وەک جۆرێکی((speciesسادە و خاکەڕا قسە بکەین .بوژاندنەوە و گوڕتێهاتنەوەی زەوی لەڕاستییدا پشت بە "ڕۆڵی بچوکتر و زێدە ئاگاییمان" نابەستێت، بەڵکو پشت بە ڕۆڵێکی مەزنترمان دەبەستێت، ئەویش حەقیقەتێکە کە لە بن هەموو قسەکردنێک دەربارەی کۆتایی و مەرگ و لە نێوچوییمانداهەیە.

گەر ئێمە بە هەمان شێوەی مرۆڤ گرنگی بە ژیانی ئاو و هەواش بدەین، مانای وایە کە ئێمە، هەر وەک مارکس بە وردی دەڵبێت سەر بە "بوونە گەردوونیەیکان"ــین، بوون گەلێک هەر وەک ئێمە، دەتوانن لە ئێمە بچنە دەرەوە و، لە سەر شانەکانمان بوەستن، هەروەها خودی ئێمەش وەک چرکەساتێکی بچوکی گشتێتیەکی سرووشتیی درک بکەن. بۆیە بۆ تەنها بژاردە بریتی نیە لە ڕاکردن و هەڵهاتن بۆ نێو خاکەڕاییەکی ئاسوودانەی مرۆکی و سنوردارێتی(finitude and mortality)، ئەمە لە خۆیدا دەرچوونێکی تەواو هەڵەیە لە کارەسات.. ئێمە هەر وەک بوونە گەردوونییەکان، پێویستە فێر بین ژینگەکەمان بە هەموو ئاڵۆزییە تێکەڵ و پێکەڵیەکانیەوە قەبوڵ بکەین، جا ئیتر ئەوەی درک یان وێنای دەکەین  زبڵ و پیسبوون بێت، یان ئەوەشی بە شێوەیەکی ناڕاستەخۆ ناتوانین وێنای بکەین زۆر گەورە بێت یان زۆر بچوک بێت(تیمۆسی مۆرتۆن"زێدە-بوونەکان"). سەبارەت بە مۆرتۆن، بوون بە دۆستی ژینگە یانی: پەیوەندی بەوەوە نیە کە لە سرووشتێکی پاکژ و پارێزراو کات بەسەر بەرین، بەڵکو پەیوەندیی بە قەدرگرانیی گژوگیاوە هەیە کە هەمیشە کار لە سەر شەقکردن و ڕۆچوونی بە نێو کۆنکریت و بەردەکاندا دەکات و، قەدری  کۆنکریتەکەش دەگرێت. بەڵکو هەروەهاش بەشێکە لەم جیهانە و بەشێکیشە لە ئێمە...

هەروەها مۆرتۆن دەڵێت:

واقیع پڕە لە "نامۆی نامۆکان" یان غەریبە سەیرەکان-شتگەلێک کە زانراون بەڵام هێشتا سەیر و نا ئاسایین. ئەم نامۆی نامۆیانە، وەک مۆرتۆن دەڵێت، بەشێکی کورتنەکراوە و جیانەکراوەن لە هەر بەشێکی وەک بەرد و درەخت و  شوێنی دەستکردی ئاژەڵان و پەیکەری ئازادی پلاستیکی و ڕوناکی گەردوون و کونە ڕەشەکان یان مەیمون..هتد ڕەنگە کەسێک دان بەوەدا بنێت کە، ئێمە لە بوون بە ماستەر و ئاغای ئوبێکتەکان گۆڕاوین و بەرەو ئەوە دەڕۆین ئیتر ڕێزیان لێبگرین. لە کاتێکدا شاعیرە ڕۆمانسییەکان بە گڕوتینەوە دەربارەی جوانی و باڵایی سرووشت دەدوێن، مۆرتۆن وەڵامی هەموو شتە هەمەچەشنە نائاساییەکانی دەداتەوە، هەموو ئەو شتانەی کە سەر بە کاتیگۆری ترسناک و ناشرین و دەستکرد و زیاندار و بێزارکەرانەن.

ئایا چارەنووسی جرجەکان لە ماوەی پەتای کۆرۆنا لە شاری مانهاتن نمونەیەکی کامڵی ئەم چەشنە تێکەڵ و پێکەڵیە نیە؟ مانهاتن شارێکە سیستەمێکی هەیە کە تێیدا ژیان بۆ مرۆڤ و جرجەکان و سیسرکەکان یەک شتە، واتا هەموو ئەوانە پێکەوە دەژین...بە جۆرێکی دی ملیۆنان جرج لەم شارەدا بوونیان هەیە و دەژین. لۆکداون و کەرەنتینە لەوپەڕی خۆیدا مانای ئەوەیە کە (کاتی داخستنی هەموو ڕێستۆرانتەکان) جرجەکان کە لە نێو زبڵ و خاشاکی چێشتخانەکاندا دەژین، مەحروم و بێبەش دەکرێن لە سەرچاوەی خۆراکیان. ئەم کەرەنتینە و ئەم داخستنەی چێشتخانەکان بووەهۆی برسێتییەکی بەکۆمەڵی جرجەکان، بەشێکی زۆری جرجەکان لە تاو برسێتی خەریکی خواردنی بەچکەکانی خۆیان بوون. داخستنی چێشتخانەکان بووەهۆی گۆڕانی نەریتی خواردنی مرۆڤ بەڵام نەبووە جێگەی هەڕەشە بۆیان وەک ئەوەی بووە هۆی کارەسات بۆ جرجەکان، جرجەکان هاوڕێمانن.

ڕوداوێکی دیکەی هاوشێوە لە مێژووی نوێدا هەیە، دەکرێت بە "چۆلەکە وەک هاوڕێ" ناوی بەرین. لە ساڵی ١٩٥٨دا، لە سەرەتای شۆڕشی کەلتوریی چیندا، لە کردەی بازدانی مەزن بۆ پێشەوەدا، حکومەتی چین بانگەشەی ئەوەی بڵاوکردەوە کە "باڵندەکان ئاژەڵی گشتیی کاپیتاڵیزمن" پاشان دەستیانکرد بە درووستکردنی کەمپەینێکی گەورە بۆ قەڵاچۆپێکردنی پاساری و چۆلەکەکان، حکومەتی چین گومانی لەوەدا هەبوو کە، چۆلەکەکان بە نزیکەیی چوار پاوەند لە دانەوێڵە بۆ هەر چۆلەکەیە و لە هەر ساڵێکدا بەکاردەبەن و دەیخۆن. بۆیە هەموو هێلانەی چۆلەکەکان خاپوورکران، هێلکەکانیان هەمووی شکێنرا و، بەچکەکانیانیش لە ناوبران و کوژران، هەروەها دەستکرا بە ڕێکخستنی ملیۆنان خەڵک و دابەشی گروپەکان کرا، بە دار دەکێشرا بە تاوە و دەفرەکان بەمەش ژاوە ژاوە و دەنگی گەورە دروستدەکرا بۆ ئەوەی چۆلەکەکان نەتوانن لە نێو هێلانەکانیان پشوو بدەن و ئۆقرە بگرن، ئەمەش لە پێناو ئامانجی هیلاککردنیان و بێزارکردنیان پاشان بەربوونەوە و مردنیان.

ئەم هێرشە بە کۆمەڵە بۆ سەر چۆلەکەکان دانیشتوانەکەیانی وێرانکرد و، بووە هۆی نزیکبوونەوەیان لە ناوچوونی یەکجارەکیی. لە گەڵ ئەوەشدا، لە مانگی ئەپریلی ساڵی ١٩٦٠دا، سەرکردە چینیەکان لە ژێر فشاردا، درکیان بەوەکرد کە چۆلەکەکان ژمارەیەکی زۆر حەشەرە و مێرووەکان لە کێڵگەکاندا دەخۆن، بۆیە، لە بری ئەوەی بەرووبوومی برنج زیاد بکات، دوای کەمپەینەکە بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش کەمی کرد. لەناوبردن و تەفروتوناکردنی چۆلەکەکان بووەهۆی تێکچوونی باڵانسی ژینگە، لە دەرئەنجامی غیابی باڵندە ڕاوکەرەکان، حەشەرە ومێرووەکان بەروبوومی کێڵگەکانی وێرانکرد و لە ناوبرد. لەو کاتەدا، چیتر درەنگ بوو، هیچ پاساری و چۆلەکەیەک نەبوو مێرووەکان بخوات، دانیشتوانی حەشەرە و کولەکان بە جۆریکی ترسناک هەڵئاوسان و زیادیان کرد، دەرئەنجام بە هۆی بازدانی مەزن بۆ پێشەوە وڵات ڕووبەڕووی برسێتیی گەورە بوویەوە و ژینگەش کێشەی گەورەی بۆ درووست‌بوو، سەرباری ئەوەی بە هۆی خراپ‌بەکارهێنانی ژەهر و مێروکوژەکانەوە ژینگە توشی دامڕانی زیاتر بووەیەوە، هەروەها بەشێکی بەرفراوانی دارستانەکانیش هەر بە هۆی ئەو پرۆژەیەوە لەنێوبران. تێکچوونی باڵانسی ژینگە بووە مایەی زیاتر خراپتربوونی برسێتی لە چیندا، بۆیە لە ئەنجامی ئەو کەمپەینەدا ملیۆنان لە خەڵک بە هۆی برسێتیەوە مردن. حوکمەتی چین لە کۆتاییدا، هەستا بە هاوردەکردنی ٢٥٠،٠٠٠ چۆلەکە لە یەکێتی سۆڤیەت بۆ ئەوەی شوینی چۆڵی دانیشتوانەکەیانی پێ پڕ بکاتەوە.

بۆیە جارێکی تر، دەکرێت بڵێن ئایا چی شتێک دەتوانین ئەنجامی بدەین لەم بارودۆخە سەخت و تەحەمول نەکراوەدا-تەحەمونەکراوە جونکە دەبێت ئەوە قەبوڵ بکەین، کە ئێمە بەشێکین یان یەکێکین لە نێوان هەموو جۆرەکان(species)ـی سەر زەوی، بەڵام لە هەمان کاتدا بارکراوین بە ئەرکێک کە زۆر ئەستەم و مەحالە، ئەرکێک کە بریتیە لە ئەکتکردن و جوڵانەوەمان وەک ئاغا و بەڕێوبەری گەردوون لە سەر ئەرز؟ لەو شوێنەی کە شکستمان هێنا لەوەی بتوانین دەریچەی دیکە بدۆزینەوە، گەرچی ئاسانیش بێت(بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، ئۆقیانوسەکان زیاتر و زیاتر پیس بوون...)، بەڵام وا پێدەچێت کە کۆتا دەریچە پێش کۆتایی دەبێت بە نوسخەیەک، نوسخەیەک کە پێشتر پێی دەوترا "جەنگی کۆمۆنیزم".

 

 

بە هەر ئامرازێکی پێویست

ئەوەی لێرەدا لە مێشک و فیکری مندا هەیە بریتی نیە لە هەر جۆرە گەڕانەوەیەک یان بەردەوامێتی بۆ "بوونی سۆسیالیزمی ڕاستەقینە"ی سەدەی نۆزدە، هەروەها نەک لە خۆگرتنێکی جیهانیی مۆدێلی چینی، بەڵکو زنجیرەی پێوەرەکان، دۆخەکە خۆی دەیسەپێنێت یان سەپاندوویەتی. سەرەوەختێک(نەک بە تەنها وڵاتێک) هەموو بە یەکەوە ڕووبەڕووی هەڕەشە و مەترسی دەبینەوە بۆ سەر مانەوەمان، ئەوکات دەچینە نێو حاڵەتێکی ئاوارتەی سەربازی کە تێیدا بۆ ماوەی دەیەیەک بەردەوام دەبێت. لە پێناو گرانتیکردنی لانی کەمی مانەوەمان، ڕێکخستن و مۆبیڵایزکردنی حەتمی هەموو سەرچاوەکانمان(resources)، بۆ مامەڵەکردن لە گەڵ چاڵنج و ئاڵنگارییە نەبیستراوەکان، بۆ نمونە لە شوێن هەڵکەنرانی دەیان و سەدان و ملیۆنان کەس بە هۆی گەرمبوونی گەردوونیەوە. وەڵامی گومەزی گەرمی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کەنەدا بە تەنها مانای ئەوە نیە کە دەبێت یارمەتی و کۆمەکی ئەو ناوچانە بکەین کە بەرکەووتوون و زیانیان پێگەشتووە، بەڵکو دەبێت هێرش بکەینە سەر هۆکارە گەردونیەکانیشی. هەروەک کارەساتە بەردەوامەکانی باشوری عێراق ئەوەمان بۆ روون دەکەنەوە، کۆ-دەزگاکانی دەوڵەت دەتوانێت لانی کەمی خۆشنوودکردنێکی بچوکی خەڵکی لە بارودۆخە کاراساتەویەکاندا دەبین بکات بۆ ئەوەی ڕێگری لە تەقینەوە کۆمەڵایەتیەکان بگرێت. بە نیگایەکی وردتر، ئەوە ڕوونە کە نوێنەرایەتی سیاسی دیموکراسی بە تەنها بەس و کافیی نیە بۆ ئەم ئەرکە قورسە. دەبێت دەسەڵاتی زیاتری هێزی جێبەجێکار بتوانێت ئیلتزاماتی دورمەودا بسپێنێت، هەروەها لە گەڵ ڕێکخراوە زاتییە لۆکاڵەکانی خەڵکدا دەمج بکرێت، پاشان لە گەڵ بوونی چوارچێوەیەکی بەهێزی نێودەوڵيتی کە بتوانێت ئیرادە و ویستی سەرپێچیی نەتەوەکان کۆنترۆڵ بکات و زاڵبێت بە سەریاندا. من لێرەدا دەربارەی حوکمەتێکی جینهانی نوێ قسە ناکەم-وەک قەوارەیەک کە هەلێک بدات بە گەندەڵییەکی گەورە و چڕ. هەروەها قسەش دەربارەی کۆمۆنیزم ناکەم بەو مانایەی بازاڕەکان هەڵبوەشێنێتەوە-ململانێی بازاڕەکان دەکرێت ڕۆڵێک بگێڕن، بەڵام ڕۆڵێک کە لە لایەن دەوڵەت و کۆمەڵگاوە کۆنترۆڵکرابێت و ڕێکخرابێت. باشە ئیدی بۆ تێرمی "کۆمۆنیزم" بەکارددەهێنم.؟ لە بەرئەوەی ئەوەی کە دەبێت ئەنجامی بدەین بریتیە لە چوار ڕەهەندی ڕادیکاڵی ڕاستەقینەی هەر ڕژێمێک.

یەکەم، ئیرادەگەرایی(voluntarism): گۆڕانکارییە پێویستەکان لە سەر بنەمای هیچ زەروریەتێکی مێژوویی نیە، بەڵکو دژ بە ئاراستە و مەیلیکی خۆڕسکی مێژوویی ئەنجام دەدرێت-هەروەک واڵتەر بنیامین دەڵێت، پێویستە برێکی لە ناکاوی(emergency) قیتارەکە ڕاکێشین.

دووەم بریتیە لە یەکسانیخوازی(egalitarianism): هاوکاری و سۆڵیدارێتی جیهانی، چاودێری تەندروستی و لانی کەمی ژیانێکی شیاو بۆ هەموان. پاشان، چەند توخمێک هەن لە نێو لیبراڵە سەرسەخت و توندەکان وەک تیرۆر کە ناتوانرێت ببینرێت هەتاوەکو دەرنەکوێت ، ئەمەش لە ماوەی زاڵبوون بە سەر پەتای بەردەوامی جیهانی کۆرۆنادا بە دەست هات، وەکو سنوردارکردنی ئازادییە کەسییەکان و مۆدێلە تازەکانی کۆنترۆڵکردن و ڕێکخستن. لە کۆتاییدا، جۆرێک لە متمانە لە ناو خەڵکدا بوونی هەیە:هەموو شتێک وندەبێت بەبێ بەشداریەکی چالاکی خەڵکە ئاساییەکە.

 

 

ڕێگەیەک بۆ پێشەوە

هەموو ئەمانەى کە باسکران ڕوئیایەکی دیستۆپدی نەساز و خراپ نیە بەگشتی، بەڵکو دەرئەنجامی خەمڵاندنێکی سادەی واقیی تەنگ و چەڵەمە و سەختیەکانمانە. ئەگەر ئێمە ئەم ڕێگەیە نەگرینە بەر، ئەوەی ڕووئەدات لە داهاتوودا بارودۆخێکی شێتانە دەبێت هەروەک پێشتر لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و ڕووسیا ڕوویدابوو. نوخبەی دەسەڵاتدار، خەریکی ئامادەکارین، لە پێناو مانەوەیاندا لە نێو شێڵتەرە ژێر زەمینیە گەورەکانیان، کە تێیدا دەتوانرێت هەزاران کەس بۆ چەندین مانگ بمێنێتەوە، بە جاوپۆشی لە هەندێک شت حوکمەت تەنانەت پێویستە کار بۆ بارودۆخێکی هاوشێوە بکات. بەکورتی، حکومەت پێویستە بەردەوام بێت لە کارکردن تەنانەت گەر یەک کەسیش لە سەر زەوی  بە زیندوویی نەمێنێتەوە، بەو جۆرەی کە پێویستە دەسەڵاتی خۆی بە سەریاندا جێبەجێ‌بکات. دەوڵەتەکانمان و نوخبەی بزنسمانەکان پێشوەختە ئامادەکارییان بۆ ئەم جۆرە سیناریۆیە کردووە، واتا دەزانن زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدەدات. سەرەڕای ئەوەش ئەگەری ژیان لە هەر شوێنێکی دەرەوەی ئەم گۆی زەویە بۆ نیشتەجێبوونی مێگا-دەوڵەمەندەکان شتێکی ڕاستەقینە و واقیعی نیە، کەسێک ناتوانێت خۆی لە دەرئەنجامی ئەو هەوڵ‌وکۆششەی مێگا-دەوڵەمەندەکان لادات وەک(مەسک و بیزۆس و برانسۆن) کە بۆ ڕێکخستنی فڕینی تایبەت بۆ نێو بۆشایی ئاسمان دەیدەن، ئەمەش تەعبیرە لە ڕاکردنێکی فەنتازی لە بەڵا و کارەساتەکان، ئەو کارەساتانەی کە هەڕەشەن بۆ سەر بوون و مانەوەمان لە سەر زەوی. لە بەرامبەر ئەوەدا چی شتێک چاوەڕێمان دەکات کە هیچ شوێنێکمان نیە بۆی ڕاکەین و پەنای بۆ ببەین؟

 

 

 

 

 

 

 

 

سەرچاوە:   ماڵپەڕى jacobin