A+    A-
(1,426) جار خوێندراوەتەوە

ئارکیۆلۆژیا و توێژینەوەی ئایینی

گفتوگۆ لەگەڵ نووسەر و توێژەری عێراقی، پسپۆڕی بواری ئایین و شارستانییەتە دێرینەکان «خەزعەل ماجدی»، سازدانی «یوسف هەریمە».

 

 

 

وەرگێڕانی: شێروان ئیبراهیم

 

 

 

 

یوسف هەریمە: بەحوکمی پسپۆڕییەکەتان لە مێژووی دێرین، نیازمە دەربارەی پەیدابوونی ئایین پرسیاریتان لێ بکەم. زۆر کەس دووپاتی دەکەنەوە، ئایین لەگەڵ مرۆڤی نیاندەرتاڵدا سەریهەڵداوە. ئایا ئەم ڕوانگەیە ڕاستە؟ یەکەم سیما زانستییەکانی دەرکەوتنی ئایین کامەن؟

خەزعەل ماجدی: سەرەتا ئارکیۆلۆژییەکانی ئایین دەگەڕێتەوە بۆ مرۆڤی نیاندەرتاڵ، چونکە لەگەڵ ئەم مرۆڤەدا ناشتنی مرۆڤ سەرهەڵدەدات، هەر ئەمیش بۆ یەکەمجار ڕووی مردووەکانی دەکردە خۆرهەڵات، یاخود ڕووەو هەڵهاتنی خۆر. ئەمەش ئاماژەیەکی بێدەنگە بۆ هەبوونی ژیانی پاش مردن، خۆر ئەم مردووانە دەپارێزێت، وەختێک هەموو شەوێک دەچێتە جیهانەکەی دی. ئەم مرۆڤە، بەم کارە لاسایی جووڵەی خۆر دەکاتەوە. دەتوانین بڵێین: جۆرێک لە سیحری لێکچوواندنی بەڕێوەدەبرد، لەڕێگەی ئاراستەکردنی جەستەی مردوو ڕووەو خۆر. ئەمەش دەسپێک و سەرەتای سیحرە، هاوکات بەبڕوای توێژەران بەرەبەیانی ئایینە.    

زمان، دواتر و نزیکەی ٣٠٠٠٠ ساڵ پێش ئێستا پەیدابوو. تاوەکو نزیکەی ١٢٠٠٠ ساڵ پێش ئێستا، نەیتوانی ببێتە زمانێکی باو و ئاسایی. کەوایە، لەنێوان ئەم دوو ماوەیەدا، ئایین لەڕێگەی زمانەوە گوزارشتی لەخۆی کردووە، بەڵام دەقێکی دەنگییمان بۆ سەلماندنی نییە. سۆمەرییەکان نزیکەی ٣٢٠٠ ساڵ پێش زایین، نووسینیان داهێنا. یەکەم کەس بوون دەقی ئایینییان بۆ جێهێشتین، ئەم دەقانە گوزارشتن لە یەکەم ئایینیی فەرمی، ئایینێک خاوەنی پێکهێنەری سەرەکی و لاوەکییە، یەکەم دەقی ئەم ئایینە دەگەڕێتەوە بۆ ٢٦٠٠ ساڵ پێش زایین لە شاری شرۆپاک. ئایینیی سۆمەری پێکهاتووە لە باوەڕ، ئوستوورەی تایبەت، سرووت، یاسا، بایۆگرافی و ئیسکاتۆلۆژیای ڕوون. یەکەم ئایینیی مرۆییە بە دەزگای پێکهێنەری ڕوونەوە. ئایینی میسڕی، پاش ئەم ئایینە دەردەکەوێت،  ئەم ئایینەش خاوەنی سیستەمی پێکهێنەری تایبەتمەندە. لە ئایینی سۆمەری و میسڕییەوە، خەسڵەتی ئایینەکانی دواتر دەرکەوت.  

 

یوسف هەریمە: هاوشانی توێژەرانی دی، زۆر لەسەر ڕەهەندی ئوستوورە دەوەستن. ڕەهەندە هاوبەش و جیاوازەکانی نێوان ئوستوورە و ئایین کامانەن؟ ئایا لێکچوونی ڕووداو و ڕاستییەکان سەلمێنەری مەسەلەی کەڵەکەبوونە، وەک ئەوەی لە ئوستوورەی پەیدابوونی فینیکی و بابلی، یان لە ئوستوورەی گلگامێش و ئەوانی دیکەدا بەدی دەکەین؟

خەزعەل ماجدی: ئوستوورە بەراورد ناکرێت بە ئایین، چونکە ئوستوورە بەشێکە لە ئایین، بەڵکوو دووەم ڕەگەزی سەرەکیی ئایینە. بەبڕوای من، ئایین لە چوار ڕەگەزی سەرەکی پێکهاتووە: باوەڕ، ئوستوورە، سرووت، ئیسکاتۆلۆژیا. چوارەم ڕەگەز [ئیسکاتۆلۆژیا]، واتە هەموو ئەو شتانەی گرێدراون بە مەرگەوە.  

ئوستوورەی پەیدابوونی بابلی، کۆڵەکەی سەرەکی ئایینی بابلییە. ئەم ئوستوورەیە، تێڕوانینی بابلییەکان لەخۆدەگرێت دەربارەی پەیدابوونی گەردوون و خوداکان و ئافراندنی مرۆڤ. ئوستوورەکە باس لەوە دەکات، چۆن خودای گەلی بابل (مەردۆک) لەسەر عەرشی خودایان دانیشتووە و گۆڕاوە بۆ پاشای خودایان. ئەمەش ئاماژەیە بۆ ناوەندێتی سیاسی و شارستانی بابل لە جیهانی دێریندا. هەر بۆیە، بەبڕوای من، ئوستوورەی پەیدابوونی بابلی (ئینوما ئالیش) هاوشێوەی کتێبی پیرۆزی ئایینی بابلییە، واتە جەوهەری ئەم ئایینەیە و پەیوەندی نییە بە کەڵەکەبوونەوە.

بەڵام گلگامێش ئوستوورە نییە، بەڵکوو داستانە. لەنێوان ئوستوورە و داستان، جیاوازییەکی مەزن هەیە. ئوستوورە ڕەگەزێکی گرنگی ئایینە، بەڵام داستان ڕەگەزێکی ئەدەبییە نەوەک ئایینی. لێرەوە، داستانی گلگامێش لە هەموو پیرۆزییەک داماڵراوە، دەقێکی دنیایی و ئەدەبییە نەوەک ئایینی.

تەنها ئەم جیاکارییە وردانە دەتوانن کلیلی کردنەوەی گرێی ئایینە دێرینەکانمان پێ ببەخشن، بەڵام گشتاندن بابەتەکان تێکەڵدەکات و دەرگامان بەڕوودا دادەخات.

 

یوسف هەریمە: شارستانییەتی نێوان دوو ڕووبارەکە [میزۆپۆتامیا]، وەک لانکەی شارستانییەت و ئایینی تاک‌خوایی دەناسێنرێت. چۆن دەڕواننە ئەم دەوڵەمەندیی و بەپیتییەی شارستانییەتە دێرینەکانی وەک بابل و ئاشوور و کەنعان؟ هەر بەڕاست دەسپێکی ئایینە ئیبراهیمییەکان دەگەڕێتەوە بۆ عێراق؟ یاخود دوورگەی عەرەبییە، وەک ئەوەی هەندێک لە توێژەران دەڵێن؟

خەزعەل ماجدی: شارستانییەتی نێوان دوو ڕووبارەکە کۆنتریین شارستانییەتی مرۆڤە بە لاپەڕە شارستانییە جیاوازەکانییەوە (شارستانییەتەکانی: سۆمەری، بابلی، ئاشووری، ئارامی). ئەم شارستانییەتە مەزنانە لەڕێگەی زانست و کەلتوور و ئایین و هونەر و هەژموونی سیاسییەوە، مێژووی دێرینیان بەخۆیانەوە سەرقاڵکردبوو. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بەپیتی سروشتی و مرۆیی ناوچەی دوو ڕووبارەکە، ئەمەش دەگەڕێنمەوە بۆ سەرەتاکانی کشتوکاڵ لە چاخی نیولیتیک و بەدوای یەکداهاتنی چوار کەلتووری نیولیتیکی (چەرمۆ، حەسونە، سەوان، سامەرا)، دواتریش دەرکەوتنی پێنج کەلتووری کالکۆلیتی (بەردین-مسیین)، هەمان پێنج کەلتووری (حەلەف، ئەریدۆ، کۆیلەکانی ئۆروک ١ و ٢، جەمدەت نەسڕ). ئەم نۆ کەلتوورە ڕیشەی شارستانییەتی سۆمەری و  شارستانییەتە دێرینەکانی دۆڵی دوو ڕووبارەکە پێکدەهێنن. گوند و شاری بێشومار دەرکەوتن، دواتریش سیستەمی شارستانی سەریهەڵدا. لێرەوە دەبینین، دۆزینەوەی کشتوکاڵ لە نزیکەی  ٨٠٠٠ ساڵ پێش زایین، هۆکاری داهێنانی نووسینە لە نزیکەی ٣٢٠٠ ساڵ پێش زایین. ئەم    ٥٠٠٠ ساڵەی نێوانیان، ساڵانی هەوڵ و کۆششە بۆ بیاتنانی شار و گوندەکان، بۆتە هەوێنی زیادبوون و ململانێی گەلان، هەر ئەمەش هەمەجۆریی شارستانییەتەکانی ئەم ناوچەیە ڕاڤە دەکات.

هێشتا بەلای منەوە زاراوەی «ئیبراهیمی» هەڵگری ناڕوونی و تەمومژە. بەڵام وەک شتێکی «باو» مامەڵەی لەگەڵ دەکەم. شاری «ئور» شوێنی لەدایکبوونی ئیبراهیمە، هەمان شاری سۆمەری لە شارستانییەتی میزۆپۆتامیا، نەوەک دوورگەی عەرەب. گەشتەکەی ئیبراهیم لە ئور ـەوە بۆ حەران، گەشتێکە لەنێوان دوو شاری میزۆپۆتامی، هەردووکیان خواوەندی مانگ (سین) دەپەرەستن. گەشتەکەی ئیبراهیم بۆ خاکی کەنعان و میسڕ، گەڕانەوەی بۆ کەنعان و مردنی لەوێدا، هیچ لەخۆناگرێت دەربارەی دوورگەی عەرەب، ئەمە زیادکردن و سەربارێکی ئیسلامییە. بۆیە ئیبراهیم گوزارشتە لە بەربڵاویی گەلانی میزۆپۆتامیا و شارستانییەت و کەلتوورەکەیان، ئەمەش هیچ پەیوەندییەکی نییە بە دوورگەی عەرەبەوە.

بەهەرحاڵ، پێم باشە توێژینەوەیەکی زانستیی ورد بکرێت دەربارەی گەشەسەندنی تاک‌خوایی لە دۆڵی میزۆپۆتامیا، بە میتۆدی ئارکیۆلۆژیی ورد، هەروەها بایەخدان بە ئایینە گنۆسییەکانی میزۆپۆتامیا، چونکە بەبڕوای من ڕۆڵی مەزنی هەیە لە دەرکەوتنی تاک‌‌خواییدا. ئەم بابەتەم بەوردی بنکۆڵکردووە لە دوایین کتێبمدا (دۆزینەوەی ئەڵقەی ونبوو لەنێوان ئایینە تاک‌خوایی و فرە‌خواییەکاندا).

 

یوسف هەریمە: دەقە ئایینییە دێرین و پیرۆزەکان، پەیمانی کۆن یان نوێ، یاخود دەقە ئیسلامییەکان. چۆن ئەم دەقانە دەخوێننەوە، نەوەک لەڕووی تەئویلییەوە، ئەمە پرسێکی ترە، بەڵکوو وەک پسپۆڕی دەقە دێرینەکان؟

خەزعەل ماجدی: خوێندنەوەم بۆ دەقە پیرۆزەکان، خوێندنەوەیەکە لەسەر بنەمای توێژینەوەی زانستی، وەک دەقی مێژوویی لێیان دەڕوانم. هەندێکجار میتۆدی فیلۆلۆژی [زمانەوانی]، یان میتۆدی دیاردەناسی و تەئویلی، یاخود هەموویان پێکەوە بەکاردەهێنم. بەڕێزەوە لەم دەقانە دەڕوانم، بەڵام ڕووداوەکانی وەک ڕووداوی مێژوویی یەکلاکەرەوە نابینیم؛ بەڵکوو ئەقڵ و زانست و بەراورد بەکاردەهێنم بۆ گەیشتن بە ڕاستی. هەر میتۆدێک خزمەت بە دۆزینەوە ڕاستی بکات، کەڵکی لێ وەردەگرم، بەڵام ئەنجامەکانی بەڕەهایی وەرناگرم.

 

یوسف هەریمە: هاوکات وەک شاعیر کار لەسەر دەقە ئەدەبییەکان دەکەن. ئایا شیعر درێژکراوەی دەقی ئایینییە، بەتایبەت کاتێک شیعر ڕەهەندی ئوستوورەیی بەکاردەهێنێت، هاوکات وەزیفەی ئوستوورەی هەیە، چونکە بەرهەمی هەڵچوونی نائەقڵانییە. واتە بەرهەمی حاڵەتێکی سۆزەکییە لە دەرەوەی ئەقڵی شیکاریی، وەک ئەوەی فیراس سەواح لە وەسفی ئوستوورەدا دەڵێت؟

خەزعەل ماجدی: شیعر درێژکراوەی دەقی ئایینی نییە. شیعر و ئایین و ئەدەب، هەموویان بەگشتی دەقی ویژدانیین. بەڵام ئایین دەیەوێت راڤەی سروشت و سەروو سروشت بکات بە میتۆدی ویژدانی و تێڕامان، لێرەشەوە ڕاڤە و دەقەکانی وەک ڕاستی ڕەها دەخاتە بەردەستمان. بەڵام شیعر و ئەدەب وەها ناکەن، چونکە پێشوەختە باس لە گەمەی خۆیان دەکەن، دان بەوەدا دەنێن، زیادەڕۆیی دەکەن لەپێناو فراوانکردنی خەیاڵ و چالاکیی مێشکماندا. شیعر و ئەدەب هەرگیز بەرهەمەکان وەک ڕاستی نەگۆڕ و ڕەها پێشکەش ناکەن، بەڵکوو ویژدان و هەستوسۆزی چڕ دەردەبڕن. ئوستوورە لە ئاییندا، دەقێکی پیرۆزە و کۆڵەکەی سەرەکی ئایینە. بەڵام ئوستوورە لە ئەدەبدا، لەپیرۆزی داماڵراوە، گۆڕاوە بۆ خەیاڵ و جوانیی ڕووت. بۆیە ئەم خاڵە هاوبەشەی نێوانیان، لەڕووی پێکهاتن و وەزیفەوە تەواو جیاوازە.

کاتێک ئایینێک دەمرێت و لەناودەچێت، ئوستوورەکانی دەگۆڕێن بۆ ئەدەبێکی ڕووت و خاڵیی لە بارگەی ئایینی. ئوستوورە تەنها لە حاڵەتی زیندوێتی ئایینەکەیدا کاریگەرە، تەنها کاریگەری لەسەر ئەو گرووپانە هەیە وا باوەڕیان بەم ئایینەیە، بەڵام ئەوانەی باوەڕیان بەم ئایینە نییە، ئوستوورەکە بەلایانەوە تەنها ئەدەبێکی ڕووتە و پابەندی نابن. 

 

یوسف هەریمە: لە عێراقی ئەمڕۆدا، هەموو شتێک لەڕووی وجودی و شارستانییەوە لەژێر مەترسیدایە. چۆن دەڕواننە فەندەمێنتاڵیزمی ئایینی؟ ئایا بەرهەمی دەقە یان لێکدانەوەی دەق؟

خەزعەل ماجدی: عێراق بەدرێژایی مێژوو بە چەندین مەترسییدا تێپەڕیووە، هیچیان لە مەترسییە هەنوکەییەکان کەمتر نەبووە، بەڵام پارێزگاری لە خۆی و گەل و پێکهاتەکانی کردووە، ئەم قەیرانەش تێدەپەڕێنێت بەڵام بەدژوارییەکی زۆرەوە. هەموو ئەمانە بەرهەمی کەمتەرخەمییە لە بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی مۆدێرن و ڕاستەقینە، بنیاتنانی دەوڵەتێکی مۆدێرن و ڕاستەقینە. سەردەمی مۆدێرن، ڕێگە نادات بە گەشەکردنی ئەو دەوڵەت و کۆمەڵگانەی لەسەر بناغەی کۆن دامەزراون، کەچی دەیانەوێت بە بەهێزییەوە گەشە بکەن، ئەمە پارادۆکسە. ئەم پارادۆکسە هەموو ئەو وڵاتانە دەهەژێنێت کە لەسەر ئەم هاوکێشە هەڵەیە دەچنەڕێوە. تەنها مەسەلەی کاتە، یان ئەوەیە وەڵامی داخوازییەکانی سەردەمی مۆدێرن دەدەینەوە، یاخود دەوڵەت و کۆمەڵگەکانمان ڕووبەڕووی تێكشکان و درزبردنی گەورەتر دەبنەوە.

بێگومان فێندەمێنتاڵیزم بەگشتی و فێندەمێنتاڵیزمی ئایینی بەتایبەت، سەرچاوەی ئەم ململانێ و ناکۆکییانەیە، چونکە دژی نوێبوونەوە دەوەستێتەوە. دەیەوێت بەرژەوەندییەکانی لە دارایی و دەسەڵات بپارێزێت و بیقۆزێتەوە، بەم هۆکارە سەرتاپای کۆمەڵگە دەکاتەوە بەگژی سەردەمەکە و گەلانی تردا، تەنانەت دژی نەیارە ناوخۆییەکانیش.

دەق و لێکدانەوەی دەق پێکەوە فێندەمێنتاڵیزم بەرهەم دەهێنن، دەقە پیرۆز و نیمچە پیرۆزە ئایینییەکان، لەناوخۆیاندا پەڕگیریی فیکری و سڕینەوەی ئەویتریان هەڵگرتووە. ئەم دەقانە مینی بێشوماریان هەڵگرتووە و دەشێت هەر سەردەمێک بتەقنەوە، ئەگەر لەبری ڕوانینی ملکەچانە، ڕوانینێکی ڕەخنەگرانەمان بۆیان نەبێت. دواتر با بزانین، ئایا کێشەی ئەمڕۆ، کێشەی دەق و لێکدانەوەیە، یان کێشەی پیترۆدۆلار و تەمویلی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان و هاوپەیمانێتییە نێودەوڵەتییەکان و پیلانگێڕییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان و کورسی دەسەڵات و سامان؟ هەموو ئەمانە هاندەرن بۆ دەرکەوتنی دەق و لێکدانەوەی خراپ بۆ دەق. مەسەلەکە لەمڕۆدا زۆر ئاڵۆزترە.

 

یوسف هەریمە: زۆر کەس تەنها لەڕێگەی میدیاوە ئاشنای هەندێک لە پێکهاتە شارستانییەکانی عێراق بوون، بەشێکی بەهۆی لێکەوتی ڕووداوەکانی «داعش»ـەوە. دەکرێت بەکورتی باس لە هەندێکیان بکەن. یەزیدی و ئاشووری و کلدانی و سریانییەکان کێن؟

خەزعەل ماجدی: ئەمڕۆی عێراق بەرهەمی مێژوویەکی دوورودرێژە. بەهۆی قووڵیی شارستانییەت عێراق، ئەوکات و ئێستاش، چەندین ئیتنیکی لەخۆگرتووە، هەموویان بەشداربوون لە شارستانییەتی دێرین و ناوەڕاست و هاوچەرخی عێراق. تا ئێستا لەکۆی ٣٤ سیمینار، بیست سیمینارم تەرخانکردووە بۆ مێژووی شارستانییەتەکانی عێراق و ئەم ئیتنیکە پێكهێنەرانەی عێراق، ئەم سیمینارانە لە هۆڵەندا و کۆنگرە ئەوروپییەکان پێشکەشکراون. لەسەر ئاستی نەتەوەیی: عەرەب و کورد و تورکمان و فەیلی هەن، ئەمانە نەتەوەی ئارامی و نەباتیین. لەسەر ئاستی ئایینی: موسڵمان و مەسیحی (تێکەڵەییەکی نەتەوەییە لە ئاشوورییەکان و کلدانییەکان و سریانییەکان و ئەرمەنییەکان) هەن، نزیکەی ١٤ ڕێبازی مەسیحی هەیە، واتە ١٤ کەنیسەی جیاواز؛ هاوکات یەزیدی و مەندائی و شەبەک و کاکەییەکان هەن.

ڕیشەی یەزیدییەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ئاشوورییە کۆنانەی چوونە ناو مەسیحییەتەوە و کاریگەربوون بە ڕێبازە ڕۆحانی و ڕافیدەینییە کۆنەکان، چەشنێک لە ئایینی گنۆسی و تاک‌خواییان پێکهێنا، باوەڕیان بە خودا و فریشتەکان و دواڕۆژ هەیە. بەڵام مەندائی ئایینێکی دێرینە و ڕیشەی بۆ ڕابردوویەکی دووری میزۆپۆتامیا دەگەڕێتەوە، ئایینێکی تاک‌خوایی دێرینە و هەڵگری گنۆسییەتە و زۆرم لەسەر نووسیووە. ئاشوورییەکان پاشماوەی ئاشوورییە کۆنەکانن، ئەوانەی ئایینی مەسیحییەتییان وەرگرتووە و کاریگەربوون بە نیستۆریزم. کلدانییەکان، ئەوانیش ئاشووریین، لەگەڵ ئەو کلدانییە بابلییانەی مەسیحییەتی کاتۆلیکییان وەک ئایین وەرگرتووە. سریانییەکان بریتیین لە ئارامییە کۆنەکان، ئەوانەی مەسیحییەتیان وەرگرتووە و بە سریانی_ئارامی دەدوێن. هاوکات ئەرمەنییەکان مەسیحیین و بە ڕەچەڵەک ئەرمەنیین، هەندێکی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی عەباسی، هەندێکی دیکەیان بۆ سەردەمی کوشتاری ئەرمەنییەکان لەلایەن تورکەکانەوە، لە سەرەتای سەدەی بیستەم وەختێک ڕوویانکردە عێراق.

وەک دەبینی هەموویان بەروبوومی ڕابردووی عێراقن، ڕابردووییەکی پڕ لە ژیانی شارستانی و ڕۆحی، بەبێ ئەوان عێراق نابێتە عێراق.

 

یوسف هەریمە: وەک پسپۆڕی بواری مێژوو و ئەنترۆپۆلۆژیا و ئەدەب، بەدوای چ ڕیفۆرمێکی ئایینییدا دەگەڕێن؟

خەزعەل ماجدی: من توێژەری ئایینناسییم نەوەک ڕیفۆرمیستی ئایینی، بەڵام ئامانجی توێژینەوە زانستییەکانم لە ئاییندا، بەدڵنیاییەوە دەچێتە خزمەتی ڕیفۆرمی ئایینی و شارستانی و کۆمەڵایەتییەوە، دەتوانم بڵێم، بانگەواز بۆ خاڵانەی خوارەوە دەکەم:

١- ئایین ببێتە سەرچاوەی ئاشتی و پێکەوەژیان، نەوەک سەرچاوەی جیاوازی و ململانێی ئایینی و مەزهەبی.

٢- ئایین ببێتە بابەتێکی ڕۆحی، داماڵراو بێت لە پاڵنەری سیاسی و دەسەڵاتخوازی، بانگەوازی پەرتەوازەیی و لێکدابڕانی کۆمەڵایەتی نەکات.

٣- دانپیانان بە ئەویتری جیاواز لە هەر ئایین و نەتەوەیەک بێت، ئەنجامدانی گفتوگۆیەکی ئەرێنیی و داهێنەرانە لەگەڵ یەکتردا.

٤- لەبری سیاسەت و ئایدۆلۆژیا، زانست ببێتە سەرچاوەی تێگەیشتنمان لە ژیانی کۆمەڵایەتی و ئایینی و مێژوویی و شارستانی، زانست بکەوێتە چالاکییەکی دیالەکتیکییەوە لەگەڵ پەروەردە و کاردا.

٥- بنیاتنانی دەوڵەت و کۆمەڵگە لەسەر بناغەیەکی زانستی، جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت، سەرپێخستنی دامەزراوەی هەمیشەیی دەوڵەت و ڕێزگرتن لەم دامەزراوانە، سەرەڕای گۆڕان و ئاڵوگۆڕی دەسەڵات. ئەوەی کۆمەڵگە لە شەڕوشۆڕ دەپارێزێت، بریتییە لەو دامەزراوانەی لە هەموو جیهاندا هەمیشەیی و ناسراون، وەک پەروەردە و تەندروستی و خزمەتگوزاری و یاسا و کار و بەرگری و هتد.

٦- بنیاتنانی دەوڵەت و کۆمەڵگە لەسەر بناغەیەکی شارستانی و زانستیی نوێ، لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە ئازادیی تاک، مافەکانی مرۆڤ، دیموکراسیی لیبراڵ، دانپیانان بە ئەویتری جیاواز، ئاڵوگۆڕی ئاشتییانەی دەسەڵات، چالاککردنی ڕۆڵی کەرتی تایبەت، چالاککردنی ڕۆڵی چاودێریی دەوڵەت لە گەشەکردنی ئابووری و کار، کرانەوە بەڕووی خۆرئاوا و سودوەرگرتن لە زانست و میتۆدەکانی لە بەڕێکردنی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسییدا.   

٧- وەستان لە گەڕان بەدوای ڕاستییە ڕەهاکان و بایەخدان بە وردەکارییەکانی ژیانی زانستی و ڕۆژانە، بنیاتنانی کۆمەڵگەیەک ڕێز لە کار بگرێت. کۆمەڵگەیەک، بەرهەمهێنان و ژیانی بخاتە خزمەتی داهێنان و گەشەی ئاستی بژێویی و ڕەتکردنەوەی بیرۆکەی توندڕەویی و شەڕانگێزی.

 

 

 

 

سەرچاوە: مؤسسة مؤمنون بلا حدود

ئەم بابەتە لە کۆتاژمارەى گۆڤارى "فاکت"دا بڵاوبووەتەوە.