A+    A-
(1,191) جار خوێندراوەتەوە

                                    

 

 

 

 

     

     مناڵى و جیهان

قوربانیکردن و قوربانیدان, لە ئاستى بەش(جزء)دا هەر کەلتور و دین و تاقمێک فۆرمێکى پێداوە و لە ئاستى گشت(کل)یشدا چەمکێکى بنەڕەتییە و لەسەرووى هەموو کەلتورە مرۆییەکانەوە کارکردێکى هاوبەشى هەیە. بۆ نزیکبوونەوەیەکى ڕێژەیی لەم کارکردە بنەڕەتى و هاوبەشە, دەبێت بگەڕێینەوە بۆ شوێنکاتێک کە بە غروورەوە جێمانهێشتووە. غروور نا, لە نائاگاییدا, لە شەرمدا, لە چەپاندندا: مەبەست سەرەتاکانى «مناڵى»یە. بەر لەوەى لە ماهیەتى بۆنە و جەژنەکانى قوربان نزیکبینەوە کە گەورەکان ڕێکیدەخەن, دەچینەوە سەر ڕیشە کرچ و بەراییەکەى مناڵى, ئەو کانگایەى کە بەڕەهایی کۆکەرەوەى قێز/پیرۆزییە.

مناڵى, ناوى جۆرێک لە سەرەتا و ڕیشەیە. ڕەنگە لاى فەیلەسوفێک چەمکێکى گریمانەیی یان پرەنسیپێکى تایبەت بکرێتە دەسپێک و بنەڕەتى خوێندنەوەى جیهان, بەڵام لاى فرۆید, بە مانایەک لە ماناکان, مناڵى ئەو بنەڕەتەیە. وشەى مناڵى ئەمڕۆ لە زەینماندا کەمێک سواوە, ئەویش بەهۆى هەزاربارەبوونەوەى وشەکەوە لەناو عەقڵى باو(کۆمۆن‌سێنس)دا, یان بەهۆى دەروونناسییە ڕاگوزەرەکان و میوانەکانى سەر تەلەفزیۆن و لەوەش شاراوەتر بەهۆى پێشگریمانە کەلتورى و دینى و تەنانەت فیکرییەکانیشەوە کە وشەکە زرینگانەوە ڕیشەییەکەى لەدەستداوە. بەڵام قورسیش نیە پێشگریمانەکان داماڵین و لە واتا بنەڕەتییەکەى نزیکبینەوە. ئەو هەمووە چالاکییە جۆراوجۆرە تاکەکەسى و بەکۆمەڵەى مرۆفەکان لەناو شارستانییەت و کەلتوردا ئەنجامیدەدەن, دەگەڕێتەوە سەر بنەڕەتێک کە مناڵییە. واتە گەڕانەوەکە هەر زەمەنى نیە, بەڵکو جەوهەرییشە: چەندە لەڕووى زەمەنەوە گەورە بین, ئەوا هێشتا مناڵى وەک جەوهەرێک لەگەڵماندایە و خەسڵەتى لێ باردەکەین. ئەوەى لە گەورەییدا وەک دیاردەى پێچەڵپێچ و لادەر دەیبینین, دەتوانین ڕیشەکەى ببەینەوە سەر ئەم جەوهەرە بەراییە. لەو سەرەتایانەوە, جیهان بۆ مرۆڤ تازەیە, جۆرێکە لە ڕووداو, بۆیە کاردانەوەکانى و گەشە دەروونى و سێکسییەکانى, دەبنە بنەچەى هەموو ژیانى داهاتووى. لە داهاتوودا, کەلتور و ژینگەکان دەرفەت دەڕەخسێنن هەر چالاکییەکى مناڵى بۆ ژمارەیەکى هەرەزۆر چالاکیی گەورەیی دابەشبکەین, بەڵام ئەوەى وەک ڕاستى دەمێنێتەوە ئەوەیە کە شاعیرێک بەر لە فرۆید بۆ مەبەستى تر دەیڵێت, بەڵام لەگەڵ دۆزینەوەکانى فرۆیددا ئامێتەدەبێت و بەجۆرێک دەبێتە کڵێشەیەکى دەروونشیکارانە. مەبەستمان ئەو دێڕەی "ولیام ۆردزوورز(1770-1850)"ـى شاعيرى ڕۆمانتیکى ئینگڵیزە کە دەڵێت مناڵ, باوکى مرۆڤە[1]. ديارە "مناڵى" وەک هەموو چەمکەکانى ترى فرۆید, گۆڕانى زۆرى بەسەردا دێت وەک ئەوەى پێشتر هەبووە و دەچێتە ناو سیستەمێک و جیهانبینییەکەوە کە ڕەگى هەموو ماناکانى پێشوو دەلەقێنێت. نمونەیەکى سادە لێرەدا قۆناغى دەم و کۆم‌ە لە مناڵى لاى فرۆید, کە بنەچەى هەزاران چالاکییمانە لە گەورەییدا, ئەویش پاش لادان و گۆڕینى فۆرم و ناچاربوونى هەمەلایەنە. بۆنمونە, دەتوانین فرەوێژى/درێژدادڕیی نوسەرێک بە چەقین لە قۆناغى دەمدا بزانین, یان چالاکییەکى تەکنیکیی وەک مۆنتاژ بە دەرکەوتەیەکى دواترى ئەم قۆناغە بزانین کە میکانیزمێکى شارستانى و جوداى گرتووەتەخۆى: «ئەوە لە قۆناغى "کۆم"دايه مۆنتاژ دێتەناوەوە. ئەوە مۆنتاژە ئەکتەکە لەت‌لەت و زۆر دەکات؛ وەهمى بەردەوامێتیی چوونیەک بۆ هەمیشە لەناودەبات[2]». واتە یەک لە کارکردە بنەڕەتییەکانى قۆناغى کۆم ئەوەیە کە بەر پچڕانى چالاکى دەکەوین لەنێوان خۆمان و جیهاندا و دواتر قۆناغێکى ترى گەشەى دەروونى و سێکسى دێتەئاراوە(کە پچڕانەکە وەک شوێنەوارێکى جەوهەرى لەسەر ئێمە دەمێنێتەوە). بەهەرحاڵ, ویستمان وردەوردە بەرەو ئەو ڕاستییە بکشێین کە مەراسیمە زۆروزەبەندەکانى قوربانیکردن, وێڕاى ڕیشە مێژوویی و ئەنترۆپۆلۆژى(مرۆڤناسانە) و کەلتورییەکانى, دەگەڕێتەوە بۆ ڕیشەیەکى ئۆنتۆ-سایکۆلۆژى کە لەوە ئاڵۆزترە سەرەتا ویناى دەکەین.

"لەشیربڕینەوە(Weaning)", یەک لە چالاکییە بەراییەکانى ئینسانە لە مناڵی‌دا کە دیزاینى پەیوەندییەکەى دواترى دەکات بە خواوەندەوە. زۆرجار لەشیربڕینەوە وەک کردەیەکى سەپێنراو سەیردەکرێت لەلایەن دایک‌وباوکەوە و مەمک وەک ئۆبێکتێک لە مناڵ دەسەنرێتەوە. بەڵام بەپێى شرۆڤەى لاکان, لەقووڵاییدا «مناڵ خۆى, خۆى لەشیردەگرێتەوە. خۆى لە مەمکى دایک جیادەکاتەوە. گەمەدەکات...جارێکى تریش خۆى پیا هەڵدەواسێت». ئەمەى ناو کەوانەکە دەیەوێت بڵێت مەمک بۆ مناڵ بەس نیە, مناڵ دەکەوێتە دۆخێکى هێجگار پارادۆکسەوە و ناچارە لە هەڵبژاردنێکى زۆرەملێ‌دا مەمک ڕادەستبکات. تا ئەم ساتە, «مەمک بەشێک بووە لە ئیگۆى مناڵانە», بەشێک بووە لە جەستە یەکپارچەکەى, بەڵام لەوەبەدوا جیادەبێتەوە. مناڵ بە ئارەزووى ئاگایانەى خۆى ئەمە ناکات, بەڵکو دەخزێتە نێو پرۆسەیەکەوە کە ئۆبێکتێک(بەشێک لە جەستە خەیاڵییەکەى) لەدەستدەدات و خۆى بە مانایەک لە ماناکان دەبێتە سوبێکت. واتە پێدەنێتە پرۆسەیەکەوە کە وردەوردە درک بەوە دەکات کەسێک(سوبێکتێک)ـى سەربەخۆیە و جیایە لە لەشى دایکى و پرۆسەى خەسان قبوڵدەکات کە لێرەدا بە واتاى پارچەبوونى لەشى دێت(کاتێک مەمک وەک ئەندامێک دەترازێت و لەدەستدەچێت). لێرەوە لەدەستدان, لە فۆرمى لەشیربڕینەوەدا دەبێتە سەرەتایەک بۆ گەشەى سوبێکت. شیر پێداویستییەکە بۆ سەرەتاى مرۆڤ, بەڵام وردەردە مرۆڤ لەپاڵ پێویستییدا ئاتاجى بە خۆشویستنە و زاتى مرۆڤ لەپاڵ پێویستییدا ڕیزێک ئارەزووى تریش دادەڕێژێت. مارکس و فۆیەرباخیش لە چوارچێوەى فەلسەفەکەى خۆیاندا, زاتى مرۆڤ دەبەستنەوە بە پێویستییەوە کە ڕیشە/هۆکارى ڕسکانى ئەم زاتەیە و ناڕاستەوخۆش لکاوە بە ئازارەوە(لەدەستدانى مەمکیش لاى مناڵ, جۆرێکە لە باج کە پێوستییەکانى پڕاوپڕ لە یەک شوێندا بەدەستنایەن). مناڵ لە پێچێکى ناچارىدا ئازادیی خۆى بەدەستدێنێت و سەرەتاکانى بەسوبێکتبوونى دەخاتەڕێ. ئەم لەدەستدانە, یەکێکە لەو چەند لەدەستدانەى کە کرۆکى پرۆسەى ئارەزووکردن لە پاشەڕۆژدا دادەڕێژێت و ئێمە لە گەورەییشدا بە هەرچى بگەین, دەقاودەق ئەو شتە نیە کە دەمانەوێت. ئەو شتەى پڕاوپڕ دەمانەوێت, بوونى نیە, چونکە لەگەڵ لەدەستدانى مەمکدا کە بەشێکى خۆمان و دایکیش بووە, شائۆبێکتى ئارەزوومان ونکردووە.

لەوێوە کە پەیوەندیی بە باسى قوربانییەوە هەیە, ژاک لاکان ئاماژە بۆ نوختەیەکى ناوازە دەکات کە بە بڕواى ئەو «لەشیرگرتنەوەى مناڵ, جۆرێکە لە کردەى ئەزەلیی قوربانیکردن کە تێیدا مناڵ بە مانایەک لە ماناکان مەمک پێشکەشى دایک دەکات[3]». واتە مناڵ سینەیەک دەبەخشێتەوە بە دایک کە هى خۆى نەبووە, بەڵام وەک فرمان و کارکرد هەر ئەو ڕۆڵە دەگێڕێت وەک‌بڵێى هى ئەو بووە. بە گوزارشتێکى تر, مەمک ئەو ئۆبێکتە نێوبەینییە بووە کە دەبوو مناڵ وەک بەدحاڵیبوونێک بیبەخشێتەوە بە دایک. بۆیە کردارەکەى هەم ڕیشەییترین قوربانیکردنە لە ژیانى ئینساندا, و هەمیش خۆپاراستنە لە «مەحاڵى دایک» بۆ ئەوەى باقیی ژیانى بڕەخسێت و «مومکین» ببێت. لێرەوەیە پەیوەندیی مرۆڤ و جیهان تا ساتى مردن, پەیوەندییەکە لەسەر ڕادەستکردنێکى قووڵ و نەستەکى و تەنانەت ئاگایانەش بەندە: «سەرەنجام جیهان خۆیشى ئۆبێکتێکە بۆ قوربانیکردن[4]». بەم پێیە, ئێمە لە کرۆکى مرۆڤبوونماندا تەنیا یەک شتى ناو جیهان ناکەینە قوربانى, بەڵکو لە پرۆسەیەکدا گەورەدەبین و گەشەدەکەین کە بەردەوام جیهان دەکەینە قوربانى و وەک بارمتەى ئەویتر مامەڵەى پێوە دەکەین. هەتا لە باوەڕى شەعبى‌دا خۆنوساندن بە دونیاوە, بەرهەڵستییە بە ڕووى قوربانیکردنیدا وەک کۆ. تیۆرى قوربانى لاى لاکان لێرەدا ناوەستێت و ئێمە لەبەر ئەوە ئۆبێکتێکى گرنگ دەکەینە قوربانى تا تووشى دڵەڕاوکێ نەبین. دڵەڕاوکێ ئەو چەمکە بنچینەییەیە کە ئەودەم درووستدەبێت وا پەیوەندیی ئێمە و ئۆبێکتى ئارەزوو تێکچووە. ئێمە قوربانى دەدەین, تا مەودایەک بئافرێنین بۆ ئەوەى بتوانین ئارەزووبکەین. ئەم خاڵە کەمێک هەستیارە, چونکە بە واتاى ئەوە نایەت ئێمە سەرەتا بوونێکى ئارەزوومەندمان هەبووە و پاشان ئۆبێکتى ئارەزوومان لەدەستداوە, بەڵکو ئەوە لەگەڵ قوربانیکردنە سەرەتاییەکەى مەمکدایە ئێمە وەک بوونەوەرێکى ئارەزووکار ملى ئایندە دەگرینەبەر. ئێمە ناتوانین دایک وەک ئۆبێکتێکى بنەڕەتیی ئارەزوو بەدەستبێنین, وەک ئەزموونکردن و بەهى‌خۆکردن, بۆیە خۆمان لەو بەرکەوتنە دڵەڕاوکێسازە بونیادییە لادەدەین و لە پاداشتى ئەم قوربانییەدا ئۆبێکتەکانى ترى جیهان یەک‌یەک دەگۆڕینە سەر بابەتى ئارەزوومان. بە زمانى زاراوە, ئێمە لە شتى دایکانەوە کە سەر بە ڕووبەرە مەترسیدارەکەى ڕیاڵە, قوربانییەک جێدەهێڵین تا بتوانین لە پانتایی ڕەمزى و کۆمەڵایەتى‌دا ئارەزووبکەین. هەر لێرەوە تاکە ئۆبێکتى سەرەکیی ناو دەروونشیکارى لەدایکدەبێت کە بریتییە لە ئۆبێکتى بچوکى a, واتە ئەو شوێنەوارەى قوربانیدانەکە کە خۆمان وەک سوبێکت بەتاڵدەکاتەوە و لە هەمان کاتدا بەتاڵییەک دەبەخشێتە شتەکانى ناو جیهان و لەنێوان ئەم دوو بەتاڵییەدا ئارەزوو دێتەکایەوە(پێناسەى عەشقیش وەک بەخشینى ئەو شتەى کە نیمانە, لێرەوە سەرچاوەدەگرێت).

 

 

 

لە «شیر»ـەوە تا «خوێن»

لە درێژەى هەمان چیرۆکى تیۆرىدا, دەتوانین بڵێین ئێمە لە گەورەییدا هەمان ژێستى مناڵى دەنوێنینەوە بەڵام بە نێوانگرى کۆمەڵێک یاساى ئاڵۆزتر کە لە ڕوویەکەوە هێندەى یاساکانى مناڵى بنەڕەتى نین. ئێمە لە گەورەییشدا, شێوازى جۆراوجۆرى قوربانیکردن دادەهێنین کە نوسخەى هەمان چیرۆکى مناڵیین بەڵام بە زمانێکى شاراوەتر. «مناڵ بەهۆى ڕادەستکردنى مەمکەوە بۆ ئەوەى خۆى لە ڕووبەڕووبوونەوەى دڵەڕاوکێسازى شتى دایکانە(maternal Thing) بپارێزێت, ئیدى هەمان جووڵەى قوربانیکردن لەبەرامبەر خودا دێرینەکاندا دووبارەدەکاتەوە. ڕادەستکردنى دەروونى شتێکە ئارەزووى سوبێکت دادەڕێژێت, ڕێک تا ئەو جێیەى کە بە نێوانگریی ئۆبێکت, ئارەزووى ئەویتریش درووستدەکرێت... کۆى پرسەکە ئەوە زانینى ئەوە بوو ئاخۆ ئەم خودایانە ئارەزووى شتێکیان دەکرد یان نا. مەراسیمى قوربانى بریتى بوو لە هەڵسوکەوتکردن بەو جۆرەى وەک‌بڵێى ئەوانیش وەک ئێمە ئارەزوودەکەن. دیارە بەو مانایە نا کە بەکردەیی ئەو شتە دەخۆن وا لەبەردەمیاندا کراوەتە قوربانى, یان لەڕاستییدا ئۆبێکتە قوربانیکراوەکە سودێکى بۆیان هەیە, بۆیە خاڵە گرنگەکە ئەوەیە ئەم خوایانە ئارەزوویان بۆ ئەم قوربانیکردنە هەیە و هیچ جۆرە دڵەڕاوکێیەکیشیان تیا درووستناکات. دەستەمۆکردنى خوداکان لە داوگەى ئارەزوودا شتێکى حەیاتییە, نەک ئەوەى دڵەڕاوکێ بخوڵقێنێت[5]». لەم پەرەگرافەوە دەتوانین کۆمەڵێک سەرەداو دەربێنین وەک:

*ئێمە لەبنەڕەتدا قوربانى لەپێناوى کاتیگۆرییەکى ڕیشەییدا دەکەین کە بەجۆرێک یەکسانە بە هەموو ژیانمان, کە ئەویش ئارەزووکردن(Desiring)ـە. دەبێت قوربانییەکى بنچینەیی هەبێت, تا مەودامان بە شتەکانى ناو جیهانەوە بپارێزین. ئارەزووکردن بەجۆرێک لە جۆرەکان یەکسانە بە ژیان.

** گەرچى ئێمە جەمسەرێکى ئارەزووکردنین, بەڵام ئەویتریش جەمسەرێکى ترە و دەبێت هەژمارى لەسەر بکەین. ئەویتر, کە لێرەدا دایک و خودایە, هەوڵى ڕامکردنیان دەدرێت تا زۆر لەیەک نزیکنەبینەوە(نزیکبوونەوە مەبەست لە نزیکایەتییەکى زاتییە نەک فیزیکى). ئێمە لەڕێى قوربانیکردنەوە, کەمێک لە ئارەزووى ئەویتر ڕامدەکەین تا بزانین لانیکەم چیی دەوێت(گەرچى لە نەستدا ئەم ویستنە هیچ نیە و کۆتاییهێنانە بە بەدحاڵیبوونە ناکۆتاکانى نێوان ئێمە و ئەویتر).

شیر لە سەرەتاوە, ئەو دیمەنە ترسناکەى نیە کە خوێن دواتر لە قوربانیکردندا هەیەتى(لێرەدا گریمانەکەمان لەسەر سەربڕینى ئاژەڵە- کە وشەى بڕین لە هەردوو فرمانى لەشیربڕینەوە و سەربڕیندا لەخۆڕا نیە). گەر شیر لاى ساوا تاڤگەیەکى بەهەشتى بێت, ئەوا خوێن لاى گەورەکان دەریدەخات چیتر مناڵەکەى جاران نین و دەشێت پەیوەندیی خۆیان و مەراسیمەکانیان بە جیهانەوە, کەمێک توندوتیژتر بێت. لە زۆر تیۆرى تایبەت بە قوربانیکردندا باسى توندوتیژى کراوە, ئیدى قوربانى وەک ڕێکخستنى شەڕەنگێزى وەربگرێت یان وەک کردەیەکى سیمبوڵى کە ڕق لە ئەویترى تیا خاڵیدەکرێتەوە. هەرکامیان بێت, ئەوا لە گۆشەیەکى ئاڵۆزەوە پەیوەندیی بە دال یان کارکردى دالەوە هەیە. واتە کردەى قوربانیکردنەکە, جۆرێک لە ڕێکخستنى دالە مرۆیی و ڕەمزى و کۆمەڵایەتییەکانە لە ڕووى توندوتیژییەوە. مرۆڤەکان لە پێکەوەبوونى خۆیاندا لێشاوێک لە دالەکان دەخەنەگەڕ تا جیهانیش بۆ وان بکەوێتەگەڕ. توندوتیژى شتێکە دەبێت لەنێو زماندا ڕێکخرێتەوە. ئێمە ڕاستەوخۆ شتە فیزیکییەکانى جیهانمان نیە, بەڵکو بە نێوانگریی دال و وشە بەراییەکان هەمانە. هەر وشەیەک کە مناڵ فێریدەبێت, لەجیاتیی شمەکێکە کە ڕاستەوخۆ هەیبێت. بۆیە کاتێک لە نەریتى هیگڵى‌دا دەوترێت «وشە, کوشتنى شتە», سەربارى مانا جۆراوجۆرەکانى, ئاماژەشە بەوەى کە هەر وشەیەک بۆ ئێمەى مرۆڤ جێگرەوەى شتەکانى جیهانە و گوژمێک لەو شتانەشى لە خۆیدا پەستاندووە بۆیە مرۆڤەکان بە هەستیارییەوە زمان بەکاردێنن بەرامبەر یەکتر. بەڵام لێرەدا کە پەیوەندیی بە قوربانیکردنەوە هەیە دەتوانین ئەو تێزە ئەم جۆرە داڕێژینەوە کە «وشە نەک هەر کوشتنى شت نیە, بەڵکو وردتر بیڵێین قوربانیکردنى شتە[6]». ئێمە لە مناڵییەوە بۆ گەورەیی, شتەکانمان کردووەتە قوربانى تا وشەمان پێ بدرێت. وشەش هێنانەوەى دیالەکتیکیی شتەکانە, نەک ئەوەى قسەى ڕووت بێت. ئاژەڵێک کە دەکرێتە قوربانى, بوارێکى زیاتر بۆ جووڵەى دالەکان و زمان دەکاتەوە تا بتوانین ئارەزووى جیهان بکەین. قوربانیکردن چاوى لە هیچ پاداشتێکى دوور نیە وەک ئەوەى تێى دەگەین, بەڵکو خۆى ئامانجى خۆیەتى و لە پاداشتدا تەنیا ئیمکانى ئەوە وەردەگرین تا بتوانین جارێکى تر قوربانى بکەینەوە و پانتایی ڕەمزى لەکارنەکەوێت کە ئارەزووەکان وەکو دالەکان بەدواى یەکدا ڕێچکەدەبەستن و بە یەک مەدلول و یەک ئۆبێکت تێرنابن.

ئێمە لە فیلمەکان یان ژیانى ڕۆژانەدا خوێناوى ئاژەڵان دەبینین کە کەمتر مەترسیدارترە لە کاتەکانى تر, چونکە لەویادا مانایەکى ڕەمزى و کۆمەڵایەتیی لەسەر هەڵچنراوە. دیمەنەکە ناڕاستەوخۆ هەژێنەرە, بەڵام لە جام و چوارچێوەمان ناوە و لە قاڵبى مەراسیمێکدا جێمانکردووەتەوە. وێڕاى ئەمەش, خوێن هەر جێگرەوەى خوێنە تراوماییە توندوتیژەکەیە کە ئەمجارەیان لە ڕۆتینێکى کۆمەڵایەتییدا ڕژێنراوە. خوێن هەمیشە بەرەنجامى خەلەلێکە لە یەکێتیی قەوارەیەکدا, ئیدى یەکێتییەکە خەیاڵى بیت یان واقیعى. لە قوربانیکردنیشدا, ئەم بەزەینداهاتنەوە شاراوەیەى هەیە و کارى خۆى دەکات: «خوێن کە خۆى ئۆبێکت نیە و بریتییە لە پارچەبوونى ئۆبێکتێک, جۆرە ماهیەتێکى ناموقەدەسى هەیە, شتێکى نزم و نەوى, نەک ئەوەى ئۆبێکت بێت. لە مەراسیمى قوربانیکردندا بەهۆى تێخستنى برینەوە, قوڵپێکى سوور دەردەپەڕێت, هەڵقوڵینێکى بەترپەترپ و باڵا کە هاڵاوى گەرمیی لێ هەڵدەسێت, هەڵقوڵینێک کە وزەکەى لەخۆیەوە وەردەگرێت. دژیەکیی نێوان فۆرمى سەقامگیرى لاشەى قوربانییەکە بەر لە ساتى قوربانیکردنەکە و فیچقەى کتوپڕى خوێن لەدواى هەڵدڕینى لەشى ئاژەڵەکە شتێکى زۆر ئاگادارکەرەوەیە. گەر بێتو خوێن بریتى بێت لە پوختە و گیراوە و سەرچاوەى چالاکى و ژیانى لەش, ئەوا جۆرێک شلەیە کە سووڕێکى ڕەمزییش پیشاندەدات: شتێک کە هەروا سادە دەتوانین لە دەفرێکدا کۆى بکەینەوە و پاشان لەنێوان ئەندامانى گرووپدا دابەشیکەین. هەر لەبەر ئەمە شلە جۆراوجۆرەکانى وەک شەراب(خوێنى ترێ), شیر, ئاو, ڕۆن و هەنگوین بەرجەستەبوونى مادیی دال دەستاودەستدەکەن؛ بۆیەشە لە مەراسیمى قوربانیکردندا ئامادەییەکى هێند بەرچاویان هەیە[7]». وانەیەکى تیۆریی بنەڕەتى لێرەوە ئەوەیە کە پانتایی ڕەمزى(دالەکان) بەردەوام بەدواى یەکێتییەکى خەیاڵى و یەکانگیرییەکى مرۆییدا دەگەڕێت, بەڵام هەمیشەش بەهۆى زنجیرەیەک نەریتەوە کە هەندێجار دەتەقنەوە و هەندێجاریش ڕێکدەخرێن, ئەم یەکێتییە تێکدەچێت. خوێنى سەر بە قوربانیکردن, خوێنێکە پێشوەخت شوێنێکى بۆ کراوەتەوە لە پانتاییە ڕەمزییەکە(کۆمەڵایەتى)دا. "گۆشت"يش کە هەڵگرى ئەم شلە توندوتیژەیە, وەک یەکەیەک, کارکردى خۆى هەیە و دەتوانین سەرنجێکى بدەینێ:    

گۆشتى قوربانى لە ئاستى کۆنکرێتدا بۆ خواردن دەبەشرێتەوە, بەڵام کارکردە بنەڕەتییەکەى شتێکى ترە: درێژەدان بە ئارەزوو لەگەڵ جیهاندا لەڕێى سرووتێکى دینییەوە. دەشێت کەسێکى پراگماتى و مفتخۆر بیت و پلێک گۆشتى «بەلاش» لەدەستنەدەیەت, بەڵام ئەوەى قەت پێى ناگەیت و ناتەوێت پێى بگەیت, "پل"ـە فەنتازییەکەیە کە ئارەزووى تۆ و جیهانەکەت ڕێکدەخات. پلێکى نەستەکییە بەر لە تۆ لەگەڕدایە, بەر لەوەى بلکێت بە غەریزەى حەیوانییەوە, دەلکێت بە "پاڵنەر"ـەوە. پاڵنەر شتێکە بە "پل"ـە واقیعییەکە ڕازینابێت, لەلاوە کەمێک تێردەبێت, مەبەست و مەخسەدەکەى دادەسەکنێت, بەڵام هەر زوو قلیشێک لە "پل"ـە واقیعییەکەدا درووستدەکات و دەستدەکاتەوە بە سووڕانەوە(تا ناکۆتا جەژنى تر و پلى تر). گەرچى ئێستا جۆرێک لە جێگیرى بە چەمکەکەوە دیارە, بەڵام لە ناوەڕاستى پەنجاکانەوە کە چەند دەیەیەکە, ململانێ لەنێوان چەمکى "غەریزە" و "پاڵنەر"دا هەیە و هەر بەرەیەک داکۆکى لە یەکیان دەکات. دوو ناوى دیار, جەیمس سترەیچى و ژاک لاکان بوون کە یەکەمیان بە هاوکاریی خێزانەکەى, کۆبەرهەمى فرۆیدى وەرگێڕایە سەر زمانى ئینگڵیزى. سترەیچى لەبرى پاڵنەر(Drive), هاوتایەکى وەک غەریزە(Instinct)ـى داناوە. دواتر لاکان بەتوندى ڕەخنەى سترەیچى دەکات کە دەستى هەبووە لە شێواندنى ئەم چەمکە بنەڕەتییەى فرۆیددا. گومانى تیا نیە وەرگێڕانەکەى سترەیچى, متمانەپێکراو و زۆریش سودبەخشە, بەڵام لەو چەمکەدا هەردەڵێى عەقڵى ئینگڵیز کارى تیا دەکات کە پتر بە لاى بایۆلۆژیا و سودگەرایی و حسێبخوازی‌دا دەڕوات. لاکان وایدەبینێت غەریزە بۆ گیانلەبەرانى تر درووستە کە هەر غەریزەیەک یەک ئۆبێکت(بابەت)ـى هەیە و تێردەبێت, بەڵام غەریزە لە مرۆڤدا ئاڵۆزترە و لە یەک کاتدا فرەئۆبێکتە و تێربوونە بنەڕەتییەکەشى هەمیشە دوادەکەوێت, چونکە پێشوەخت لە مناڵییدا لەدەستمانداوە و تەنیا وەک گیانەوەرێکى ناکۆک مامەڵە بە شوێنەوارى لەدەستدانەکەوە دەکەین. وەک لەسەرەتاوە وتمان بە غروورەوە خۆمان لە مناڵى لادەدەین, ڕەنگە یەکێک لە هۆیەکانى هەر لێرەدا بێت: ئێمە لەدەستدانێکمان ئەزموونکرد تا بتوانین دواتر بژین, یان ئارەزووى جیهان و شتەکانى نێو جیهان بکەین. بەم پێیە ئەوەى مەڕێک یان ئۆبێکتێکى حەیوانى دەکاتە قوربانى, لەڕاستییدا یەکێک لە جێگرەوە زۆرەکانى "مەمک"ـى دایک دەکاتەوە بە قوربانى. مەبەست ئەوە نیە هەردووک لەبنەڕەتدا گۆشت و ماسولکەن, بەڵکو هەردووکیان دوو ئۆبێکتنى فەنتازیین کە یەکەمیان پێشکەشى جیهان دەکەین تاکو بەهۆى جێگرەوەکانیەوە درێژە بە ژیان بدەین و ئارەزووبکەین. وەک باسکرا, ئەو دوو جۆر شلەیەى لەم ئۆبێکتەوە دەردەچن, شلەیەکى مادیی ڕووت نین: شیر و خوێن, شیر وەک فیچقەى بەرەکەتى مەمک و خوێنیش وەک فیچقەى بەرەکەتى گۆشتى ئاژەڵەکە.

لەکۆتاییدا دەتوانین خۆمان کۆکەینەوە و بڵێین, قوربانیکردن لەبەر ئەویترە. ئەم ئەویترە, لە فۆرمى دایک و خودادا دەردەکەوێت کە ناتوانن بەڕەهایی ببنە هى ئێمە. ئێمە لەڕێگەى قوربانیکردنەوە, ئەو بەسنەبوونە ناوەکییەى ئارەزوومان نوێدەکەینەوە کە تێماندا درووستبووە. دایک و خودا بە زاتى خۆیان دەستپیانەگەیشتوون و بۆ ئێمە نین. ئەویتر, بە زاتى خۆى هەمووى نابێتە هى ئێمە: چونکە بەسرووشت تراومایی و شۆکهێنەرن و پرۆسەى ئارەزووکردنمان ڕادەگرن. بۆیە دەکرێت قسەکەى کافکا لەو بەخەسارچوونە ڕزگاربکەین و دایڕێژینەوە: خەروارگەلێک هیوا نا, بەڵکو چەندین ئەویتر هەیە کە بۆ ئێمە نیە.   

 

 

 

 

 

 

 

 

 

پەراوێزەکان:


[1] "The Child is father of the Man "

[2] . خێچ‌ڕوانین, سلاڤۆى ژیژەک, چاپکراوى ڕەهەند ٢٠٢١

[3] . ابژە-عامل میل, (فروید در مقام فیلسوف), فراروانشناسى پس از لکان, ریچارد بوتبى, ترجمە سهیل سمى, انتشارات ققنوس, ص٣٦٨

[4] . ه. س, ص٣٦٨

[5] . ه. س ص٣٧١

[6] . ه. س ص٢٨٥

[7] . ه. س ص٢٨٦