A+    A-
(1,624) جار خوێندراوەتەوە

                       مرۆڤ بە چى مانایەک, "حەیوان"ـە؟

 

 

 

 

 

وەلید عومەر

 

 

 

 

 

خەڵکى ئاسایی نا, بەڵام ئەوەى لوتێک لە زانستەکانى سەردەم بژەنێت دەگاتە جۆرێک لە بنبەست و دەرەنجامێک لە زەینیدا پوختدەبێتەوە و ناچارە بە مرۆڤ بڵێت «خۆ حەیوان دەرچوو». واتە خەرمانە و ڕازە کۆنەکانى مرۆڤ لەبەرچاوى دەکەوێت و دەگاتە ئەو بڕواى مرۆڤیش ئاژەڵێکە و هیچى تر. لە مێژووى فیکردا بۆ نمونە وتراوە مرۆڤ حەیوانێکى قسەکەرە یان حەیوانێکى میتافیزیکییە یاخود حەیوانێکى کۆمەڵایەتییە یان حەیوانێکى پەرەسەندووە و هتد. بەڵام بەشى لێکدراوى پێناسەکە, واتە بار(محمول)ـەکەى و بەشى دووەمەکەى  نەیتوانیبوو لە حەیوانمان بە مانا ئەمڕۆییەکەى نزیکبکاتەوە کە حەیوانێکى بایۆلۆژییە. واتە ھێشتا وەک بەش(جزء), دیدمان بۆ مرۆڤ گۆڕابوو نەک گشت(کل). واتە ناڕاستەوخۆ پێمانوابوو گەر حەیوانێکى قسەکەریش بین, قەیچێکا, خۆ هەر ئەمە بەسە نەبینە حەیوان(Animal). بەڵام وردەوردە خوایشتێکى شاراوە هەیە بۆ ئەوەى یەکسان بکرێین بە گیانلەبەرێکى بایۆلۆژى, ماشێنێکى زیندوو, ئاژەڵێکى بێ‌ڕاز. لەم نوسینە کورتەدا کەمێک دەگەڕێینەوە دوا و ئەو ڕەخنانە ڕیشەییانە دەجوڵێنین کە دژ بەوەن مرۆڤ بە حەیوانێتى ڕووت(mere animality) وەردەگرێت. واتە مرۆڤ حەیوانە, بەس بەتەواوى نا: نەک وەک دونیاى کلاسیک دەست شل دابگرین و نەک وەک ئەمڕۆش بە قورسى دەست دابگرین و مرۆڤ بکەینە گیانەوەرێکى ڕەجاڵ. لە پۆڵێنێکى گشتییدا, بەڵێ ئێمە حەیوانین. یان جۆرێک لە ئۆرگانیزمین, زیندەوەرێکین لەپاڵ گوڵ و درەخت و بەراز و بۆق و هتددا.  بەڵام لێرەدا, هەوڵدەدەین لەو ڕوانگەیە نزیکبینەوە کە مرۆڤ سەرتاپا مرۆڤ نیە, و سەرتاپاش حەیوان نیە. مرۆڤ حەیوانێکە تیاماوە بۆچى ناتوانێت حەیوانى ڕووت بێت و لە دەست ئەم هەموو دەردیسەرییە نیمچەحەیوانییە ڕزگارى ببێت.

لەسەرەتاوە پێویستە جۆرێک لە ناونان هەڵبژێرین تا لەڕووى فیکرییەوە شوێنى مرۆڤ لەنێو حەیواناتدا دیاریبکەین. بۆیە سوک‌وسانا دەستەواژەکەى ئەلێنکا زوپانچیچ وەردەگرین بەناوى حەیوانە مرۆییەکان(Human animals)[1]. واتە گەر لە گشتدا مرۆڤ حەیوان بێت, ئەوا لە ئاستى بەش و چڵدا مرۆییە. مرۆڤبوون, لقێک لە گیانەوەرە کورتنابێتەوە بۆ گیانەوەرێکى بایۆلۆژى و هەڵگرى جۆرێک لە ناهاوسەنگییە کە نە دەهێڵێت تەواو حەیوان(بایۆلۆژى) بێت و نە دەشهێڵێت سەرپاک بوونەوەرێکى ڕەمزى( و عەقڵانى) بێت. ئەو لەم نێوانەدا گیریخواردووە, وا هەڵکەوتووە, هیچ ئومێدێکیشى نیە بخزێتە نێو مەملەکەتى حەیواناتەوە و لە جەنگەڵدا ئاسودە بێت(بەم پێیە بەکارهێنانى ئەوەى فڵان دۆخى مرۆیی یان فڵان شوێن لە جەنگەڵ دەچێت, پتر بارێکى میتافۆرییانەى هەیە). گریمانەکە ئەوەیە حەیوانات لەو ڕووەوە سەریان سووکە کە غەریزە(instinct)کانیان دێتەدى و تەواو, یەک بابەت دەگرنەبەر و پڕیدەکەنەوە, بەڵام حەیوانە مرۆییەکان خاوەنى پاڵنەر(Drive) کە زۆر لە غەریزە ئاڵۆزترە و لە یەک کاتدا ژمارەیەکى زۆر بابەتى لەبەردەمدایە و پەیوەندییەکەشى بەم بابەتانەوە هەڵکەوت و ڕاگوزەر و بشگاتە هەرچى هەر تێربوونى کۆتایی نیە و داناسەکنێت. هۆیەکەش هەر ئەو وەڵامەیە کە فرۆید لە شاکارەکەى خۆیدا داویەتییەوە:  ئێمە تازە ناتوانین ببینەوە بە مادەى نائۆرگانى, ئەوسرەوتە بنەڕەتییەمان لەدەستداوە, بەڵام لەڕێى پاڵنەرەکانیشەوە لە هەوڵداین هەمیسان پێى بگەینەوە. واتە, ئێمە ئەو حەیوانە مرۆییانەین کە مردنەکەشمان سەرڕاست و بایۆلۆژییانە نیە, بەڵکو بیرخەرەوەى سرەوت  و مردنێک بووە لە ڕابردوودا کە دۆخى بێ‌گیانى[2] بووە و دۆڕاندوومانە. ئێمە لە پرسى چێژ-ژانیشدا, بۆ سەقامگیرییەک دەگەڕێین کە لە بەرزترین ئاستى خۆیدا چێژ بریتییە لە غیابى ژان(pain). بەکورتییەکەى ئەم حەیوانە مرۆییە کە ئێمەین, بووین بە خاوەنى جۆرە حەیوانێتییەک کە غەریزەى ڕووت نیە و هەڵگرى کۆمەڵێک مانا و بەهایە کە ناچارین پەیوەندیی خۆمانى پێوە ڕێکخەین.

«حەیوانى مرۆیی», پێکهاتەیەک نیە بەڕێکى نیوەى حەیوان بێت و نیوەشى مرۆڤ, گەر وەها بووایە سنورەکە ڕوونتر بوو, و دەشمانتوانى بە جیا مامەڵە بە هەریەکەیانەوە بکەین. هەریەکە لە ڕەهەندى حەیوانى و ڕەهەندى مرۆیی, زیادەیەکە بۆ سەر ئەویتریان کە جیاکردنەوەیان لە ئاستى زەینییدا هەر زەحمەتە. ئەلێنکا زوپانچیچ لەم بارەیەوە دەنوسێت: «گرفتى "حەیوانى مرۆیی" ئەوەیە کە "پڕاوپڕ" ئەو شتە نیە وا دەبوو ببێت. بە دەربڕینێکى تر, ئاریشەى ئینسانەکان ئەوە نیە نیوەیان حەیوانە و نیوەشیان شتێکى تر, بەڵکو ئەوەیە حەیوانێکى نیواونیون[3], و هیچى تر. نەک هەر جگە لە بەشە حەیوانییەکە هیچى تر بوونى نیە, بەڵکو ئەم بەشەش خۆى گشت(whole) نیە و شتێکى لێ کەمە[4]». گەر بمانەوێت ئەم کەوانەیە شیکەینەوە, دەبێت بڵێین مەبەست لەوەیە کە مرۆڤ ئەو حەیوانەیە کە کۆى پێناسەکەى وى داگیرناکات و زیادەیەک دەمێنێتەوە کە ئەو دەگۆڕێت بۆ حەیوانێکى مرۆیی. ئەو نیوەیەى وا حەیوانییە, لکاوە بە نیوەیەکى ناونشینى ترەوە کە هەر لەناو بەشە حەیوانییەکەدایە و پێکەوە ئەو گشت‌ە درووستدەکەن کە لە دینەکان و بەرهەمە مرۆییەکان و شارستانییەتدا پێى‌دەڵێین مرۆڤ. ئەم زیادە خزەى کە دەچێتە سەر بەشە حەیوانییەکەمان, پتر هاتاى نوقسانییە. ئێمە سەرتاپا حەیوان نین, شتێکمان لە حەیوان کەمترە, نوقسانییەکین لە ڕووبەرە حەیوانییەکەدا. هەرکەس ئاشناى زاراوە لاکانییەکان نەبێت, لە کەشوهەواى گوزارشتەکانى زوپانچیچیش باش تێناگات. کاتێک زوپانچیچ دەنوسێت «شکستمان هێنانەوە لەوەى تەواو حەیوان بین», ڕێک پێناسەى مرۆڤ دەکات. مرۆڤ ئەو حەیوانەیە کە تەواو حەیوان نیە, شتێکى لە حەیوان کەمە, چونکە حەیوانبوون جۆرێکە لە پڕى و پێرفێکتى. پێدەچێت لێرەشەوە بێت فرۆید ڕەخنەى هەر جۆرە چەمکێکى وەک مرۆڤى باڵا دەکات ومرۆڤى باڵا بە کەسێک دادەنێت چەپاندنەکانى خۆى باشتر ڕێکخستووە و ستراتیژێشى لەگەڵ پاڵنەرە دەروونییەکاندا تۆکمەترە. لێرەشەوەیە کە نەست لە مانا هەرە قووڵەکەیدا واتە ئەم نوقسانییەى کە لە حەیوانبوونمانەوە دەکەوێتەوە, کاتێک ناتوانین پڕاوپڕ حەیوان بین, ئیدى نەست نیشانەى ئەم شکست و ترازانەیە. مرۆڤ سەرپۆشێکە بۆ سەر ئەم نوقسانییەى کە لە ئەنجامى بە-حەیوان-نەبوونەوە کەوتووەتەوە. لێرەشەوە زاراوەگەلى بەحەیوانبوون لاى دۆڵۆز و گویتارى, ڕەچاونەکردنى ئەم ڕەهەندەیە لە مرۆڤدا کە ئاسان ناتوانێت حەیوان بێت بەڵام ناشتوانێت پڕاوپڕ مرۆڤ بێت. مرۆڤ هەوڵدەدات دەستى بە بەشە حەیوانییەکەى بگات و پڕیکاتەوە, بەڵام هەمیشە دەگەڕێتەوە سەر نوقسانییەکە, واتە خاڵى سفر. لێرەشەوەیە یەکێک لە قووڵترین پێناسەکانى مرۆڤبوون لاى سلاڤۆى ژیژەک دەبینینەوە کە دەنوسێت:«...مرۆڤبوون تەنگانە و تەنگەبەرییەکى ڕیشەیی چەقێکە یان ڕووەو چەقێک[5], هەڵکشانى چالاکییەکى کەمۆک و بەشەکی‌یە بەرەو ئامانجێک-ى-لەخۆدا...». بۆ ئەوەى کەمێک لەم دەرەنجامە چڕە بگات, باشترە کۆى پەرەگرافەکە وەرگرین:

«ئەو ڕەهەندى وا تایبەتە بە مرۆڤ(پاڵنەر دژ بە غەریزە), ڕێک ئەودەم دێتەبوون کە ئەوەى لەسەرەتاوە بە بەرهەمێکى لاوەکى دادەنرا, هەڵکشێت بۆ ئاستى ئامانجێکى ئۆتۆنۆمى [و ملهوڕ]: مرۆڤ, بوونەوەرێکى ڕوولەخۆ/تێڕامێن‌تر[6] نیە, بەڵکو بەپێچەوانەوە مرۆڤ ئەو شتە وەک ئامانجێکى ڕاستەوخۆ وەردەگرێت کە بە لاى گیانلەبەرانەوە بەهایەکى مەعنەوى [و مەعنایی] نیە. لە کورتى بیبڕینەوە, پلەى سفرى مرۆڤبوون(humanization), پتر پرد و "نێوانگرى"یەک نیە [بۆ پەڕینەوە لە] چالاکیی حەیوانى, تۆمارکردنەوەى نیە وەک پێگەى ساتەوەختێکى ناوەکیى سەر بە کۆیەکى باڵاتر(بۆنمونە بڵێین خواردن و زاوزێ بەمەبەستى ماتەوزەیەکى باڵاتر ئەنجامبدرێت), بەڵکو مرۆڤبوون تەنگانە و تەنگەبەرییەکى ڕیشەیی چەقێکە یان ڕووەو چەقێک[7], هەڵکشانى چالاکییەکى کەمۆک و بەشەکی‌یە بەرەو ئامانجێک-ى-لەخۆدا. ئێمە ئەودەم دەبینە "مرۆڤ" کە لە سووڕى داخراو و خۆبزوێنى دووبارەبوونەوەى تاکە ژێستێکدا گیردەخۆین و ڕەزامەندى و تێربوونى لێ وەردەگرین. کەس نیە ئەو دیمەنە باوەى ناو فیلم کارتۆنەکانى نەدیبێت: پشیلەکە کاتێک سەمادەکات, بەحەوادا دەچێت و بەدەورى خۆیدا دەخولێتەوە, بەڵام لەجیاتیی ئەوەى بەپێى یاسا باوەکانى هێزى ڕاکێشان بکەوێتەخوارێ, کەچى چەند چرکەیەک بە ئاسمانەوە دەمێنێتەوە, ئەو حەلەى بە ئاسمانەوەیە هەردەڵێى لە سووڕى زەمەندا گیریخواردووە و هەتا خوا حەزکات ئەم سووڕانەوەیە دووبارەدەکاتەوە(لە بازێ کۆمیدیی موزیکاڵیشدا دیمەنێکى هاوشێوە بەدیدەکەین کە پەنا بۆ کۆمەڵێک ڕەگەزى تەوساوی دەبەن: کاتێک سەماکەرەکە بەحەواوە بەدەورى هاولفەکەى خۆیدا دەخولێتەوە, ئیدى بۆ ئێستێکى کورت لەویادا دەمێنێتەوە, وەک‌بڵێى لەچاوتروکانێکدا سەردەکەوێت یاساى ڕاکێشان هەڵپەسێرێت. ئاخۆ ئەم کاریگەرییە, کاریگەرییەک نیە بەکردەوە ئامانجى ئەوپەڕینەى هونەرى سەماکردن بێت؟). لە ساتێکى وادا, ڕەوتى "ئاسایی"ـى شتەکان, پرۆسەى "ئاسایی"ـى کەوتنەنێو داوى سرەوتى گێلانەى واقیعە مادییەکە بۆ وچانێک هەڵدەواسرێت. پێ دەخەینە نێو پانتایی سیحراویی ئەنیمەیشنێکى هەڵواسراوەوە, ناو جۆرێک لە وەرچەرخینى وەهمکرد و ئەثیری‌یەوە کە ئەوە خۆیەتى خۆى دەهێڵێتەوە, ئێمە چەشنى بارۆن مۆنچاسن قژى خۆمان دەگرین و خۆ لە زۆنگاوەکە بەرزدەکەینەوە و بە حەواوە هەڵدەواسرێین. پاڵنەر, لە سەرەتاییترین ئاستى خۆیدا بریتییە لەم بزووتنە خولخلۆکەیە کە لەویادا تێپەڕینى ڕاستەهێڵئاساى کات لە سووڕێکى فرەبارەبوونەوەدا هەڵدەپەسێردرێت. هەمیسان بێژینەوە ئەمەتا "مرۆڤبوون" لە پلەى سفرى خۆیدا: مرۆڤبوون بریتییە لەم سووڕە خۆبزوێنەرەى کە ڕیزبەندیی ڕاستەهێڵییانەى کات هەڵدەوەشێنێتەوە/هەڵدەپەسێریت[8]». گەر ئەم کەوانەیە ببەستین بە پێناسەکەى پێشووەوە ئەوا دەگەین بەوەى کە مرۆڤ ئەو حەیوانە مرۆییەیە کە نازانێت و ناتوانێت بۆچى حەیوانێکى ڕووت نیە. بەو دیویشدا مرۆڤى ڕووت نیە, بەڵکو ژێستى حەیوانبوون دەنوێنێت گوایە پاڵنەرەکانى تێردەکات کەچى شکستدێنێت و لە مەوداى ئەم شکستەدا خۆى وەک بوونەوەرێک دەناسێنێت.

زوپانچیچ بۆ ئەوەى بچێتە ناو باسێکى ئاڵۆزترەوە, پەیوەندیی جل و لەش دێنێتەوە بەڵام ئێمە ئاماژەکەى ئەو ڕادەگرین تا خزمەتى باسەکەمان بکات: ئێمە ئەو نیوە حەیوانە نین کە کەلتور جلپۆشینى بەسەردا فەرزکردووین تاکو مرۆیی دەرکەوین. واتە جل وەک میکانیزمێکى ئاڵۆزی کەلتورى, تەنیا دەمامکێک نیە بەسەر لەشە حەیوانییەکەمانەوە. شتێک نیە لایدەین و یەکسەر ببینەوە بە حەیوان, بەڵکو بە پۆشین و لادانیشیەوە, ئێمە هەر حەیوانیکى مرۆیین. ئێمە ئەو کاتەشى جلمان پۆشیوە, بەپێى نوکتەکە «هەر دەزانین لەژێر جلەکانمانەوە ڕووتین», ئەو کاتەشى ڕووتین, حەیوانێکى ڕووت نین, بەڵکو لەشمان هەڵگرى جۆرێک لە حەیوانێتیی مرۆییە, حەیوانێتییەک کە ئاڵۆزترە لە گیانەوەرانى دى. واتە جل مەودایەک نیە هەروا سادە لە دیوە حەیوانییە ڕووتەکە وەرگیرابێت, بەڵکو ئێمە لەبنەڕەتدا حەیوانبوونمان وەک پلەى سفر لەدەستداوە. ئێمە بەڕووتییش تەواو ڕووت نین, هێشتاش سەرنجمان لەسەر ڕەهەندێکى ترە کە لە لەشە ڕووتەکە تێدەپەڕێت. جل, خۆى هیچ ناشارێتەوە جگە لەوەى ئاماژە بۆ ئەم بەشە نەگیراوەى لەشە ڕووتەکە دەکات. بۆیە ئێمە کاتێک دەبینە مرۆڤ, کە حەیوانبوون و مرۆڤبوونەکە تێهەڵکێشن و لەڕێى داهێنانێکى وەک کەلتورەوە پێکدادەچن و جۆرە ململانێیەکى ئەبەدى درووستدەکەن. گەر ئەم باسە کۆکەینەوە ناچارین بڵێین: مرۆڤ ئەو حەیوانەیە کە لەڕێى کەلتورەوە دەستوپەنجە لەگەڵ ئەو زیادە/نوقسانییەدا نەرمدەکات کە ناهێڵێت ئەو ببێتە حەیوانێکى بایۆلۆژیی ڕووت. لەم حەیوانە مرۆییەدا, هەتا کردەیەکى وەک خەونبینینیش پرۆسەیەکى دەلالى و مانادارە و بەپێى ئاسۆى کەلتور تەفسیریدەکاتەوە. بەر لە خەونبینین, کردە بایۆلۆژییەکەى خەوتنیش هەر بۆ ئەم حەیوانە مرۆییە تایبەتمەندیی خۆى هەیە(لە کاتى خەوتندا خۆمان کۆدەکەینەوە, جۆرێک لە ژێست بە ڕووى ئەو زیادەیەى کە ناهێڵێن حەیوانى ڕووت بین[9]). هەر بەپێى دەروونشیکاریی فرۆید, پیساییەکەى مرۆڤ, ماناى بۆ ئەم بوونەوەرە هەیە. پیسایی گەرچى دیاردەیەکى بەڕواڵەت حەیوانییە, بەڵام بۆ مرۆڤ ڕیزێک جێگرەوەى ئاڵۆزترى لە داهاتوودا هەیە و کۆى شارستانییەت و کەلتور پێکدێنێت. گەر پیسایی بۆ حەیوان دەرهاویشتەیەکى میکانیکى بێت, ئەوا بۆ مرۆڤ یەکێکە لە قۆناغەکانى گەشەى دەروونى. فرۆید لە قووڵبوونەوەکانى خۆیدا بەمەڕ ئەم حەیوانە مرۆییە, پێى‌وایە پیسایی بۆ مرۆڤ جۆرێکە لە باوککوژیی نەستەکى.

ئەم باسە بەرەو شوێنى ترمان دەبات, بەڵام پێویستە ئاماژە بەو دەربڕینە ڕۆژانەییانەى ناو زمانى ئەم حەیوانە مرۆییە بدەین کاتێک لە فۆرمى جنێو, میتافۆر, خەون, و هتدا بەکاریدێنێت. بۆنمونە کاتێک کەسێک بە کەسێکى تر دەڵێت "حەیوان", ئەوا ئاماژەیەکى ڕوون و ئاماژەیەکى ئاڵۆزتر لە خۆى پیشاندەدات کە دەتوانین بەسەر دوو خاڵدا دابەشى بکەین:

١) ئەویتر یەکساندەکات بە حەیوان, واتە شتێکى «نزمتر» لە خۆى. لە ڕێى زمانەوە ئەویتر دەکات بە گیانەوەرێک تا مرۆڤبوونەکەى بۆ چرکەیەک هەڵپەسێرێت. ئەمە خاڵە ئاشکراکەیە. بەڵام:

٢) خاڵى دووەم دوورترە. ئێمە بەهۆى جنێوێکەوە ناتوانین هەروا ئاسان ئەویتر دابەزێنین بۆ حەیوانێک, بەڵکو شوێنەکەى لەناو حەیوانە مرۆییەکەدا هەڵدەپەسێرین. ئێمە لە ڕێى زمانەوە ئەویتر بە حەیوان دەچوێنین, زمانیش بەدیلە, بۆیە ئەویتر گەرچى بەرەو بەشە حەیوانییەکەمان دەبرێت کەچى هەر لەناو چوارچێوەى حەیونە مرۆییەکەدا دەمێنێتەوە. جنێو هەستى ساردى درووستدەکات لەویتردا, بەڵام ناتوانێت ئەو زیادە/نوقسانییەى لێ بسێنێتەوە کە ئەوى کردووە بە حەیوانێکى مرۆیی. ئەمە بۆ هەموو دۆخەکانى تریش ڕاستە: گریکۆر سامسا کاتێک خۆى لێ دەبێتە قۆلانچە, ئەوا حەیوانى ڕووت نیە و لە سنورەکانى حەیوانى مرۆییدا دەمێنێتەوە. یان ئەو کاتانەى حەزدەکەین ببینە باڵندەیەک یان هەر گیانەوەرێکى تر, ئەوا فەنتازیاکەمان درەچوونە لەم حەیوانە مرۆییە بۆ حەیوانى ڕووت, ئەگینا ناتوانین سنور و تراوماکانمان هەروا سادە تێپەڕێنین. هەتا لە خەوندا کە «چەشنى دروونپەشێو-شێت»ێک واین, هێشتا حەیوانێکى مرۆیین. حەیوانێکین ڕیزبەندیی ئاسایی دالەکانمان تێکچووە, پەیوەندیی زمان و واقیع تێکچووە. کاتێکیش لە مێژوودا کەسێکى شەیدا ویستوویەتى ببێتە سەگى بەر قاپیی کەسێکى تر, ئەوا پەیوەندییەکى هاوشوناسانەى خواستووە نەک ئەوەى بتوانێت پێ بخاتە نێو ڕووبەرى حەیوانەوە وەک حەیوان.

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 


[1] What IS Sex? Alenka Zupančič: mit press. 2017. p85

[2] inanimate

[3] Half animals

[4] Ibid. 86

[5] "the radical narrowing of focus"

[6] Reflexive

[7] "the radical narrowing of focus"

[8] . گرتنەبەرى ڕچەیەکى تیۆرى لەپێناو نزیکایەتیی هزریی من و دێرێدادا: سلاڤۆى ژیژەک, و. وەلید عومەر, گۆڤارى ژنەفتن, ژمارە سفر- ٢٠٢١

[9] Ibid. 90