A+    A-
(2,031) جار خوێندراوەتەوە

 

 

گفتوگۆ لەگەڵ وەلید عومەر

 

پرسینى: ڕوشدى جەعفەر    فایلى پدف

 

 

 

 

 

 

پرسیار : یەکێک لەو پرسانەی چەند دەیەیەکە یەخەی کۆمەڵگای کوردی گرتووە، و کەچی کەمجاریش شێلگیرانە بەکێشەکراوە بریتییە لە کۆچکردن بۆ دەرەوەی وڵات- کە بەتایبەت گەنجان دەگرێتەوە، و کەسانێکیش هەن لەگەڵ خێزانەکەیاندا دەڕۆن. دیارە، لە دیوە مێژووییەکەوە ئەم کۆچە چەندین دەیەیە بەشێوەی جیاواز هەیە- ئێمە خۆمان مێژوویەکی جێگیرمان نەبووە، بگرە کۆچکردنیش، کۆچە لە ناجێگیریەکی مێژوویی. لەم یەک دوو ساڵەی دواییدا کۆرۆنا و ڕێوشوێنە توندەکانی تا ڕادەیەک کۆچەکەیان خاوکردەوە (گەرچی باس لەوە دەکرێت، وێڕای مەترسی و ڕێوشوێنە توندەکانیش، ساڵی پار هەزاران کەس چوونەتە ئەورووپا). چۆن لەم کۆچە بەرەو "خاریج" تێدەگەن؟ چۆن لەو گۆڕانانە تێدەگەن کە بەسەر دیاردەی غوربەت و کۆچکردندا هاتوون؟ بۆ وردتر دەستنیشانکردن با  نمونەیەک لەپەیوەست بە دیوە زمانییەکەیەوە بخەینەڕوو: تا ئەم دواییانەش  وشەی "خاریج" بەبەربڵاوی بەکاردەهات، بگرە تا ئێستاش:  فڵان کەس چووە خاریج یان لە خاریج هاتووەتەوە. کەواتە پرسیارەکە هەر ئەوە نییە خاریج کوێیە، بەڵکو بریتییشە لەوەی "خاریج چییە"؟ بەکارهێنانی وشەی خاریج لەبری "دەرەوەی وڵات" یان ئەورووپا هەروا شتێکی لاوەکی نییە. ناونانی پانتایی دەرەوەی کوردستان بە خاریج، بە وشەیەکی نا-کوردی، بەجۆرێک له جۆرەکان،  ترس و تاسەیە لە/بۆ شوێنێک هیچی کوردی تێدا نییە. "خاریج" پانتایی ئەویترە لەوپەڕی نەناسراویى خۆیدا، ڕووبەرێکی تاریکی پەیپێنەبراوە. هەر لێرەوەش، سەیر نییە جێگرتنەوەی "خاریج" بە ئەورووپا یان کەنەدا یان وڵاتێکی ئەورووپی دیاریکراو بەرەنجامی کەمبوونەوەی جەبری شوێنە؛ گۆڕانی وشەکە لە خاریجەوە بۆ "ئەورووپا"، نیشاندەری گۆڕانی سەردەمێکیشە کە تێیدا چیتر غوربەت و سەرهەڵگرتن ئێش، نامۆیی، ئەفسون، لوغز و سەرنجڕاکێشیی جارانی نییە. لەم ئاستەشدا، تەکنۆلۆژیا و جیهانگیری و تۆڕەکانی کۆمۆنیکاسیۆن دەستکاریی پەیوەندیی نێوان لۆکاڵ و گڵۆباڵیان کردووە. کەواتە "خاریج" چییە/کوێیە؟

وەلید عومەر: ڕەنگە بتوانین دوو جۆر گۆڕانى گشتى لە پرسى سەفەر(کۆچ)دا بیرخەینەوە. بەراورد بە دونیاى کلاسیک, کۆچى سەر زەوى, بەر بنبەست و تراوماى خۆى کەوتووە. یەک لە نوسەرەکانى سەرەتاى سەدەى بیست دەنوسێت لەو کاتەوەى زانیمان زەوى خڕە, ئیتر سەفەر بە واتا کۆنەکەى کۆتاییهات. خڕیی زەوى, لەڕووى هزرییەوە و لە پەیوەندییدا بە کۆچەوە واتە سەفەر بنى هەیە. لەڕووى شوێنەوە, کۆتایی هەیە. فۆرمى خڕ گەرچى لە دونیاى کۆندا هێماى کەماڵ و ناکۆتا بوو, بەڵام لە ئاستە شوێنەکییە مۆدێرنەکەیدا ئەم ڕەهەندە دەدۆڕێنێت. بۆیە خڕیی زەوى, ئەو ئاسۆ تەمومژاوییە فەنتازییەى لەکۆندا هەیبوو, نایمێنێت. مرۆڤەکان وەک تاک دەتوانن بەپێى فەنتازیا شەخسییەکەیان نیشانە لە شوێنێک بگرن و کۆچى بۆ بکەن, بەڵام فەنتازیا بنەڕەتییەکەى مرۆڤ سەبارەت بەوەى زەوى تەختاییەکە و هەر دتوانێت بڕوات و ملبنێت, کۆتاییهاتووە. لەبرى ئەمە, سەفەرى فەزا و هەسارەکانى تر بەجۆرێک لە جۆرەکان بوونەتە جێگرەوە. لەم ڕووەوە, شادى و هەلهەلەکێشان بۆ ئەوى سەلماوە زەوى خڕە, ساویلکەییەکى زانستییە و خۆى لەخۆیدا هیچ دەسکەوت نیە. بە مانایەکى تر, ئێمە یەکێک لە ئارکى‌تایپ یان ئیماگۆ دێرینەکانمان لەدەستداوە. ڕێمبدە سەرکێشییەکى هێرمیونۆتیکى بنوێنم و بڵێم: زۆرکەس مافى خۆیانە بڕوا بە خڕیی زەوى نەهێنن, مەسەلەکە هەروا فاکتێکى زانستى یان بڕوایەک نیە, بەڵکو چەقینێکى مناڵانەشە لە چێژ(ژویسانس)ێکى کۆندا کە زۆر شتى مرۆڤەکانى ڕێکدەخست. زەوى گەر وەک فاکت تەخت نەبێت, بەڵام وەک پاشماوەى خەیاڵێکى دێرین هەر تەختە. فاکت ناتوانێت لە قۆناغێکدا, وێنەیەک لەبنڕا هەڵکێشێت. لێرەدا نەست لە دەربڕینێکى فیتیشیستییدا دێتەگۆ و دەڵێت: بێگومان ڕاستە, زەوى خڕە. بەڵام قەیدى نیە, بەجۆرێک دەجووڵێینەوە وەکبڵێى تەختە. من وەک بێخوایەک سەرەنجام شادم بەوەى ئەم جیهانە ڕوونکەینەوە, بەڵام ڕوونکردنەوە و ڕوونبوونەوەش خۆى بۆخۆى هیچ دەسکەوت(انجاز)ێکى تیا نیە. مادام ژیان و جیهان ڕێکەوتن, ڕوونبوونەوەش ڕێکەوتێک زیاتر هیچى تر نیە. تەنیا لەو حاڵەتەدا نەبێت بیخەینە نێو گەشەى شارستانیی مرۆڤەوە و ناوى دەسکەوت و داهێنان و ئەمانەى لێ بنێین. بەڵام جاروبار زەروورە وچانێک وەرگرین و بەر حیرەت(wonder)ـى فەلسەفى بکەوین کە ئێمە خەریکى چین؟ ئاخۆ جیهان و زەوى و هت, پێش و پاش ڕوونبوونەوەش هەر مایەى حیرەت و حەپەسان نین؟ گریمان زانییمان لەشى ئێمە لە گەردیلەى دوورترین ئەستێرەکانیش درووستبووە و پێکهاتەى وانى تیایە, بەڵام ئەمە شتێکى ئەوتۆ لە حیرەتە بنەڕەتییەکە ناگۆڕێت. ویستم ناڕاستەوخۆ بڵێم سەفەر جیا نیە لە شوێن. بەتایبەت لەوێوە کە شوێن, بنکى خەیاڵ دادەڕێژێت و خەیاڵیش قەت وەهمى ڕووت نەبووە بەڵکو چوارچێوەیەکى بە دیدە نەبنیراوى شوێن دەوریداوە.

گۆڕانى دووەمیش پەیوەندیی بە ئێمە و سەفەرەوە هەیە. ڕەنگە ئێمە لە قۆناغێکدا بە بەرچاوێکى کەمێک تاریکەوە سەفەرمانکردبێت, هۆیەکان شاراوەتر بووبن, بەڵام وردەوردە بە بەرچاوى ڕوونترەوە کۆچدەکەین. گەر پێشتر هۆیەکە خۆڕسکانەتر بووبێت, ئێستا بەبەرنامەترە و پتر حسێبکارانە و ئابورییانەیە. بەڵام هۆیەک هەیە لە پێشوو و ئێستاشدا وەک "زیادە"يەک ماوەتەوە و پێویستە کەمێک ورد لەسەرى بوەستین و لە هەستیارییە تیۆرییەکەى نزیکبینەوە. ئەو خاڵەى کە ڕەنگە بتوانین ناوىبنێین ئیمکانى ڕووت یان هۆى ڕووت. سادەتر بیڵێم, هەمیشە یەکێک لەو هۆیانەى وادەکات مرۆڤ سەفەربکات, جگە لە سەفەر خۆى هیچى تر نیە. ئەمە خاڵێکە هەردەم لە دەستى عەقڵى باو(کۆمۆن سێنس) هەڵدێت. گەر لە کەسێکى ئاسایی بپرسیت بۆ سەفەردەکەیت, بۆ کردت, بۆ دێیتەوە و هت, سەربارى ڕیزکردنى وەڵامەکان کەچى لە وتنى وەڵامە ڕیشەییەکەدا تیادەمێنێت و ناتوانێت گوزارشتى لێ بکات. ئەو هۆکارەى کە کورتنابێتەوە بۆ هیچکام لە هۆکارە کۆنکرێتى و بەرچاوەکان(ئیتر سیاسى و ئابورى بێت یان هتد). سەفەر خۆى ئەو هاندەر و ئەنگێزەیەیە کە بەشێوەى ڕیترۆئەکتیڤ هۆکارى خۆیشى درووستدەکات. شتێکى لەم جۆرە: «بۆ سەفەردەکەیت؟» چونکە «سەفەر دەکەم». واتە گەر هەموو هۆکارە ڕۆژانەییەکانیش لە سەفەر داماڵیت, ئەوا ماناى ئەوە نیە ئەو هاندەرە ناوەکییە بکوژیت کە سەفەر خۆى درووستیدەکات. بەم پێیە, لە پێشوو و ئێستاشدا, مرۆڤى ئێمە کە سەفەردەکات, چەندە هۆیەکانى گۆڕابن, ئەوا وەک ئەنگێزەیەکى خۆڕسک ناتوانێت لەو هۆکارە هەڵبێت کە سەفەر خۆى هۆکارى خۆیشیەتى. کاسبکارێک کە بڕێک پارەى هەیە و بە نیازى خۆى لەپێناوى شتێکدا سەفەردەکات, لەم خاڵەدا هاوبەشە لەگەڵ ئەو کەسەى لافى شیکى سەفەر لێدەدات و دەڵێت حەزدەکەم دنیا ببینم. ئەمە دیسان کەلینى فاکت و هۆکارى ڕۆژانە دەردەخات کە کەمێک پێشتر ئاماژەمان بۆ کرد: فەرقناکات تۆ بۆ چى شتێک سەفەردەکەیت, هەمووى هەر لە دەورى ئەو چەقە غایبە کۆدەبێتەوە کە سەفەر خۆى شاهۆکارى ونى پشت هەموو هۆکارەکانە. بەپێى ئەو پەیوەندییەى مرۆڤ بە جیهانەوە هەیەتى, هەمیشە کوێرەچێژێک هەیە ژێرخانى شتەکان دادەڕێژێت و لەبیریشدەکرێت.

سەبارەت بەوەشى "خاریج" چیە و کوێیە, هەردووکى لە ڕەهەندى سێهەمدا تێهەڵکێشدەکەم و ئاراستەیەکى هایدگەرییانە بە پێناسەکە دەدەم. واتە ئەوەى کە پرسیارەکە وا لێبکەین "خاریج کێیە؟". هایدگەر نەیدەپرسى کات چیە, بەڵکو دەیپرسى «کات کێیە؟». واتە کات هێند بە تانوپۆى ئۆنتۆلۆژیی مرۆڤدا ڕۆچووە جیاناکرێنەوە و ڕوویەکى کەمتازۆر مرۆیی وەردەگرێت. لەسەر هەمان ڕیتم, دەتوانین دیاردەى "خاریج" وەک جۆرێک لە کێیەتى و کەسێتى وەربگرین, چونکە هێند لکاون بە مرۆڤەکانەوە کە ڕووە شوێنەکییەکەی وندەبێت. خاریج هى مرۆڤەکانە و ئۆبێکتى ئارەزووى مرۆڤەکانە و مرۆڤەکانیش پێکەوە لەناو زماندا درووستیانکردووە. ئەوانیتر بە مانا هایدگەرییەکەى, پێشمەرجى هەبوونى خاریجن. لە وشەیەکى ئاسایی وەک "چاولێکەرى"دا دەتوانین سنورەکانى درووستبوونى "خاریج" ببینینەوە. خاریج, لە کەشێکى مرۆیی-زمانەوانییدا دەبێتە خاریج. خاریج چەندە دەرەکى بێت وەک شوێن, کەچى لە هەناوى زمان/ئارەزووى مرۆڤەکاندا دەبێتە خاریج. گەر بپرسین خاریج کێیە, پێدەچێت وەڵامەکە هەر ئەمە بێت: بوونەوەرێکە, ئەویترە, لە زماندا درووستدەبێت و ئارەزووى شوێنێک دەبزوێنێت و لەژێر هەڵکشان‌وداکشانى پانتایی کۆمةڵایەتى و ڕەمزىدا گۆڕانى ڕێژەیی بەسەردا دێت. خاریج وەک فەرهەنگى زمان واتە دەرەوە, بەڵام بەپێى زمانێکى هزریی نوێ, ئەو دەرەکێتییەیە کە دەکەوێتە ناوەوەوە, ناوەوەى پانتایی مرۆیی.  

 

 

پرسیار: چەند ساڵێک لەمەبەر لە پۆستێکی فەیسبوکدا بە ناونیشانی "گردەکە"- کە نوسینەکە لە زنجیرە نامیلکەی ئەلیکترۆنی "لە پووچییەوە بۆ بەرەنگاری" لە سایتی نێگەتیڤ بەردەستە- باستان لەوە کرد، ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی و خودی شوێنناسییە جوگرافییەکەی هەمان ڕۆڵی "خانووە ڕەشەکە" لە چیرۆکە ناسراوەکەی پاتریشیا های سمیس دەگێڕێت، کە زۆرجار بۆ ڕوونکردنەوەی کارکرد و وەزیفەی فەنتازیا بەکاردەهێنرێت: واتە، ڕۆڵی جێگە و دیمەنێکی فەنتازی کە تێیدا ئارەزووەکان بەدیدێن، وەهمێک کە لەڕووی دەروونییەوە بۆ خەڵکەکە لە حەقیقەت گرنگترە. پرسیارەکەمان لەم ئاستەدا نیە، بەڵکو لەو سەرنجە واقیعییەیە کە لە نوسینەکورتەکەدا خستبووتانەڕوو (سەیر نییە هەر ئەوکاتیش ئەم بۆچونەتان کۆمەڵێک پەرچەکرداری لای هەندێک هاوڕێی فەیسبوکتان درووستکرد، بەهەمان شێوەی کارەکتەرە ناکام و بێ ئومێدکراوەکانی چیرۆکەکەی های سمیس!). سەرنجەکەتان  ئەوە بوو: "بەکورتییەکەی دەشێت گردەکەی گۆڕانیش شتێکی لەم جۆرە بێت. خەڵکێکی زۆر خەیاڵاتی خۆیانیان تێ فڕێ داوە. زۆرێک هەن و فەشەل و یەئسی خۆیانیان بەو گردەدا هەڵواسیوە. گردێکی تاریک و ڕەقوڕتەق، هەر لە خانووە تاریکەکەی سەرەوە دەچێت. گەر شتێکی زیادەی تیا بێت، هەندێ جڕوجانەوەرن کە ناویان ڕۆژنامەنوسی زمانشڕ  و ترسناکە. دڵم بەو ئینسانانە دەسوتێت کە ڕۆژێک وەهمەکانیان هەرەس دێنێت... ئاماژەکان لێرەوە دوور نین...". ئەم ڕستانەی  سەرەوە هی ساڵی ٢٠١٣ن، و دەمێکە هاتوونەتەدی.

ئاخۆ ئەو نائومێدییە سیاسییەی چەند ساڵێکە کونوقوژبنی ئەم هەرێمەی گرتۆتەوە، لە هەرەسی ئەم وەهمانەوە سەرچاوەی نەگرتووە؟ ئەی ئاخۆ لە دوای گردەکە چ خانوویەکی تری ڕەش جێگەی گرتەوە؟ و ئێستا هیچ دیاردەیەکی سیاسی هەیە هەمان ڕۆڵی ئومێدبڕاو بگێڕێت؟ سەرەنجامیش، چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم هەرەسە دەروونی و سیاسییەدا بکەین کە ئێستا یەخەی هەموو لایەکی گرتووە؟ چۆنیش ئەم نائومێدییە ببەینە ئاستی نائومێدییەکی ڕادیکاڵتر، کە هاوکات ئومێدێکی ڕیشەییشی لە هەناویدا هەڵگرتووە؟

وەلید عومەر: فەنتازیا پرسێکى نەستەکییە و کە شتێک لەدەستدەدەین, ناچار فەنتازیایەکى تر درووستدەبێتەوە. گەر فەنتازیا فێرى ئارەزووکردنمان بکات و بژین, ئەوا مرۆڤ ناتوانێت لە ئارەزووکردن بوەستێت(لە کۆمەڵێک حاڵەتى تراومایی و نەخۆشانەدا نەبێت کە پێویستى بە چارەسەرى ڕوونە). لە ئاستى کۆدا, کەوتنى فەنتازیا ڕۆڵى کەمێک جیاوازترى دەبێت. بۆنمونە, بەشێک لە خەڵک لەسەر هەمان قاڵب بۆ جێگرەوەیەکى تر دەگەڕێن, و بەشێکیشى ڕوو لە چیرۆکەکە وەردەگێڕن, بەڵام بەشێکیش هەن مووبەموو لەسەر چیرۆکى پێشوو دەڕۆن. وەستان لەسەر ئەمە, جێى سەرنجە. ئەو خەڵکەى لەسەر چیرۆکى پێشوو دەڕۆن, هێشتاش پێیانوایە ئەو ئۆبێکتەى ئەوان ئارەزوویانکردووە وەک خۆیەتى, بەڵام ڕەوشێکى ڕۆژانەیی و مێژوویی وایکردووە بە«لاڕێ‌«دا بچێت. ئەم بەزمە, هەمیشە بۆ کۆمەڵێک شوێنکەوتە هەر هەبووە. کە داعش ڕوودەدات, زۆر مسوڵمان دەڵێن ئەوە ئیسلامە ڕاستەقینەکە نیە, بەڵکو دۆخێک وایکردووە دین بە لاڕێدا بچێت. یان لقێکى سیاسى, بیانووى ئەوەى هەیە لقەکانى تر لە ڕێ دەرچوون. ئەمە بە مانا تیۆرییەکەى, دەستگرتنە بە ئۆبێکتە باڵاکەوە, بەو فەنتازیاوە کە ئارەزووى ئەوان ڕێکدەخات و بەئاسانى نایدەنەدەستەوە. تیرییتر بیڵێین, لێرەدا ژویسێنس جێى ژویسانس دەگرێتەوە. واتە مانا کورتدەبێتەوە بۆ چێژێکى کوێر کە تەنیا شوێنکەوتەکان خۆیان تێى‌دەگەن و بۆ خۆیان واتاى هەیە. لە ژیانى ڕۆژانەشدا, بەردەوام ئەم حاڵەتانە دەبینین. ژن و مێردێک کە بە یەکتر دەڵێن تۆ لە من تێناگەیت, مەبەست تێگەیشتن نیە بەپێى ئەرگۆمێنت و ژیرى, بەڵکو کێشە کەوتووەتە فەنتازیاکەیانەوە بۆ یەکتر. هەرکەس دەستى بەو زێدەچێژە مانابەخشەوە گرتووە کە تەنیا بۆ خۆى ماناى هەیە.    

وەک وەڵامى کۆنکرێتى و سیاسى بۆ ئێستا, هیچ وەڵامێک شکنابەم. پێموایە ساتێکى فەرهەنگى هەیە گەرەکە دانى پیابنێین: ئەم ساتانە چەندەش تاریک بن, بەڵام دەتوانن لەو ڕووەوە ڕۆشن بن کە سەرقاڵى بەخۆداچوونەوە و خوێندنەوە و پاشەکشەى تیۆرى بین. گەر لەسەر ئاستى کۆیش نەڕەخسا, وەک تاک کردەیەکى گرنگە. لەو شوێنانەى پێویستمان بە بەرەنگارى بێت و شتێکمان لەدەست بێت, بێ‌دوودڵى دەبێت بیکەین. بەڵام وەک بەدیلى سیاسى, باشترە بایکۆتکار بیت وەک لەوەى ڕەوایەتى بدەیتە هەڵەیەکى دەمودەستى تر. پرۆژەى پێکەوەیی و کۆمەڵایەتى بایەخى خۆى هەیە, بەڵام هەڵەى پێکەوەییش باجى هەیە. کەمیپینێکى وەک ڕێگرتن لە داخستنى نەخۆشخانەى هیوا, نرخێکى سیاسى و مرۆیی هەبوو, بەڵام ناچار نین یەکسەر شەرعییەت بە لایەنێکى سیاسیی تر بدەینەوە. بایکۆتێک لە ناوچەکەدا هەیە بەگشتى, بە هەڵبژاردنەکانى ئێرانییشەوە ڕوون دیار بوو, ئاخۆ دەرەنجام بە کوێ و چى دەگات چاوەڕوانیی دەوێت.

 

 

 

پرسیار: لەم ماوەیەی ڕابردوودا پێنج نامیلکەی فیکرییتان بڵاوکردەوە، و بڕیار وایە درێژەشیان هەبێت. لەم گفتوگۆ گشتییەدا، کە زیاتر دەربارەی کۆمەڵێک پرسی هەنوکەیی کۆمەڵگای کوردییە،  ناتوانین بپەرژێینە سەر ئەرگۆمێنتە زۆروبەندەکانیان، بەڵام با دەربارەی چەمکە هەرە زەقەکەی ناونیشانەکان بپرسین: چەمکی "کێشە". لە زەینی باو و عەقڵی سەلیمدا، مامەڵەیەکی "ناکێشەدار" لەگەڵ پرسەکاندا دەکرێت، واتە هێشتا دیاردەکان وەک کێشە وەرناگیرێن، وەک مەتریاڵێکی نا-چەمکی  باسدەکرێن، بەڵام ئێوە هەر کام لەو چەمک و دیاردانە دەبەستنەوە بە چەمکی "کێشە"وە؛  لەکاتێکدا عەقڵی سەلیم هەوڵی "لەکێشەخستن"ی کێشەکان دەدات، ئەم نامیلکانە وەک کێشە دەرگیریان بوون- بەکێشەکردن و پرۆبلەماتیزەکردن. وەک ئاگاداربووم سەرەتا دەتانویست چەمکی "جیهان" بکەنە تەوەرەی ناونیشانەکان: ژۆنالیزم و جیهانەکەمان، تەکنۆلۆژیا و جیهانەکەمان و هتد. بەڵام سەرەنجام "کێشە"تان هەڵبژارد کە بەزیمنی مانای کێشە له جیهاندا یان بەکێشەکردنی دیاردەکان لە ژینجیهانێکی دیاریکراودا دەگەیەنێت. ژیژەک لە شوێنێکدا دەڵێت: "بیرکردنەوە بریتی نییە لە چارەسەرکردنی کێشەکان. یەکەم هەنگاوی بیرکردنەوە ئەوەیە پرسیاری لەم جۆرە بخرێتەڕوو: "ئاخۆ هەر بەڕاست ئەمە کێشەیە؟ " "ئایا ئەم شێوازەی داڕشتنی کێشەکە درووستە؟" "ئاخۆ چۆنچۆنی گەیشتین ئا بەم خاڵە؟" ئەمە ئەو توانستەیە کە لە بیرکردنەوەدا پێویستمان پێیەتی". لێرەوە، دەپرسین بۆچی لە فەزای زاڵی ڕۆشنبیریی کوردیدا ڕووداو و دیاردە و چەمکەکان نابنە کێشە  و پرۆبلەماتیزەناکرێن؟ ئەی ئاخۆ "کێشەی کێشە" چییە؟

وەلید عومەر: لە کەلتورگەلى وەک خۆماندا, هەمیشە پەلەى وەڵام هەیە. ئەمە لە ژیانى ڕۆژانەماندا ڕەنگیداوەتەوە و گەر کێشەیەک بورووژێنرێت, یەکسەر دەڵێن ئەى حەل چیە؟ ئەمە دەریدەخات, کێشە وەک کێشە لاى ئێمە لەدایکنەبووە. کێشە بۆ ئێمە جگە لە خەفەبوونى کاتیی حەل و وەڵام هیچى تر نیە. هەندێ کێشە بەشەکى هەیە, پێویستیان بە حەل و وەڵامى خێرا هەیە. بەڵام ئەو کێشەیەى وەک چەمک هەیە, هەرگیز ناگاتە دواوەڵامى بنجبڕى خۆى. کێشە بەم مانایە, ژێرخانى بەردەوامى هەموو وەڵامەکانە. واتە کێشە بنەبانى ئۆنتۆلۆژى و ئەپستمۆلۆژیی مرۆییمانە و بەردەوام دێتەوە ڕێمان. لێرەدا دەمەوێت کەمێک لە بارە نەرێنییەکەى وشەى کێشە داشکێنم, چونکە کێشە بەم مانایە ڕوویەکى زیندوو و ئەرێنییشى هەیە. کێشە(problem) واتە دروستبوونى خودئاگایی بەرامبەر بە پرس(question)ێک. ژیانى مرۆڤ, پڕە لە پرس, ئەم پرسانەش لقیان لێ دەبێتەوە. بۆیە کێشە, واتە دۆزینەوەى پەیوەندیی نێوان پرسەکان و دیاریکردنى ساتى قەیرانەکەیان و پاشان حەلکردنى ڕێژەیەک لێیان تا کۆمەڵگا تووشى لانیکەمى زیان و تێکچوون ببێت. کەسى بیرکەرەوە کێشە وەک «موشکیلەیەکى شووم» وەرناگرێت, بەڵکو زۆرجار وەک داهێنان و یانسیبێکى تیۆرىیش ئامێزیان بۆ دەکاتەوە. کێشە هەروا بەئاسانى گیرخواردن و بنبەست نیە, بەڵکو ئاوەڵابوونێکى زەینى و هزرییشە بۆ ئەوەى بچیتە ناو ڕەهەندى هەندێک لە پرسەکانەوە کە لە ژیانى ڕۆژانەدا نابینرێن یان پێویستناکات ببینرێن. بەشێک لەوەى بۆ خەڵک دەبێت بە کەلتور و نەریت, بۆ نوسەرێک دەبێتە کێشە. کێشە بەم مانایە, جیایە لە «کێشە»ـى کۆنکرێتیی ئاو و کارەباش. بەڵکو, سەرتر دەڕوات و مەبەست لە تێگەیەکى زەینییە کە لەوەش دەکۆڵیتەوە بۆچى هەندێ لەو «کێشانە» بەردەوام دەبنەوە بە کێشە(وشەکەم خستووەتە کەوانەوە, چونکە ئەوەى ناو کەوانەکە وەک پێویست کێشە نیە).    

 

 

پرسیار: ئەگەر ئالان بادیۆ، بە ڕەچاوکردنی فەزا چێژگەرا و بێڕیسکەکەی ئەورووپای هاوچەرخ، سەرزەمینی ئەو شتەی نیچە پێی‌دەوت: دوایین مرۆڤ، کتێبێک بنوسێت "لەستایشی عەشق"دا، ئەی ئاخۆ ئێمە بەڕەچاوکردنی کۆمەڵگای کوردی دەتوانین چی دەربارەی عەشق بڵێین؟ ئەمەش لەکاتێکدا، ئەگەر سوپەرئیگۆی خۆرئاوایی لەسەر  فەرمانی "چێژ وەربگرە!" ڕۆنرابێت، ئەوا سوپەرئیگۆی کوردی لە زۆر دیوەوە، لانیکەم لە دیوە ڕەسمییە ئاشکراکەیدا، هێشتا هەر سوپەرئیگۆ نەریتییەکەیە: "چێژ وەرمەگرە!" (ئەمە و ئەگەر باس لە قڵیش و ڕەپتەکانی نێوان گڵۆباڵ و لۆکاڵ، و دەرکەوتە تایبەتەکانی چێژگەرایی لای خۆمان نەکەین...). لە لایەکی ترەوە، چۆن لەو  مانا خەسێنەر، نیمچەعیرفانی، و نیمچەڕۆمانسی و کۆنەپارێزانە تێبگەین و دەربازبین کە لکێنراون بە عەشقەوە؟ لە لایەیەکی تریشەوە، زۆرێک لە گەنجانی ئێستا وێڕای ئەوەی پەیوندیی عاشقانەیان هەیە، بەڵام بەئاشکرا و نهێنی گاڵتە بە ئایدیای عەشق خۆی دەکەن، ئاخۆ ئەمە درزێکی چۆنایەتییە؟ یان هەمان پێچە نەریتییەکە لە کەوڵێکی تردا؟ ئایا لە کۆمەڵگایەکدا کە "کەپتی جنسی" هەمەگیر بێت، چۆن لەبنەڕەتدا "عەشق" دەڕەخسێت و چۆن عەشقێکیش؟ ئاخۆ بۆ ڕزگارکردنی عەشق لە مانا دێرینە خنکێنەرەکانیدا، دەبێت چۆن دووباره "دابهێنرێتەوە"؟ ئاخۆ بەر لەوەی بتوانین "ستایشی عەشق" بکەین لای مە نابێت "ستایشی بەئۆبێکتبوون" بکەین، بەو مانایەی پێشتر لە چەند جێیەکدا بەکارتانهێناوە؟ ئەوە چۆنە لای تاکی کورد لە لایەکەوە عەشق ئایدیاڵیزە دەکرێت و لە لایەکی دیکەشەوە تڕۆدەکرێت؟ بەو تەوسەوە ئەوە چۆنە تا ئێستاش لای مە ئایدیاڵی عەشق، عەشقێکی بێ‌ویساڵە؟ لارۆشفۆکۆ، کە بەوە ناسراوە وتەی تۆکمە و وردی لەبارەی زۆر شت خستۆتەڕوو، دەربارەی عەشق وتوێتی: «لەوانەیە کەسانێک هەرگیز نەکەونە ناو خۆشەویستیەوە، ئەگەر گوێیان لە هیچ کەسێک نەبێت باسی عەشقیان بۆ بکات». ئاخۆ ئەم دیدە بەنیسبەت خۆشمان ڕاست‌ناکەوێتەوە، بەو مانایەی: ئوستورە پێش‌فرۆیدییەکان دەربارەی خۆشەویستی وەک "عەشقی یەکەم!" و هتد، بەم جۆرە برەویان نەدەبوو، ئەگەر لە فەزا ڕەمزییە کوردییەکەدا هەڵنەکۆڵرابان، و لە گۆرانی و ئەدەبیاتی بازاڕییشدا کاوێژ نەکرابانەوە؟ ئەمە و گەرچی عەشق "دۆخێکی نائاسایی نەبڕاوە"یە و هەردەم تراوما و زبری و زەبری خۆی هەر دەمێنێت.

وەلید عومەر: پرسیارەکە, کۆمەڵێک تیراساى هەستیارى لەخۆیدا کۆکردووەتەوە کە زەحمەتە وەڵامێکى هاوبەشى پێ بدرێتەوە. نازانم لارۆشفۆکۆ لە چ سیاقدا ئەوەى وتووە, بەڵام بە قسەیەکى ورد ناگاتە گوێمان. چونکە عەشق پەیوەندییەکى ئەوتۆى بە گێڕانەوە و گوێگرتنەوە نیە, بەڵکو ئەکسیۆم(پرەنسیپێکى بەڵگەنەویست)ـە و بەر لە گێڕانەوە و گوێگرتن هەیە. فرۆید توانجى ئەوەى دەگرتە فەیلەسوفە یۆنانییە کۆنەکان کە هەرکەس دەهات و توخمێکى وەک ئاگر یان هەوا یان خۆڵى دەکردە بنەماى بوون و جیهان. بەڵام ئەو دێت و «عەشق و برسێتى» وەک بنەماى بەڵگەنەویست وەردەگرێت کە ژێرخانى ژیانى مرۆڤ دادەڕێژێت. عەشق شتێکى ترانسێندێتاڵە لێرەدا, واتە ڕووداوێکى ئەزموونى و ئیمپریکى نیە, بەڵکو بڵندنشین و ڕاگرە. گۆڕان بەسەر ناواخنەکەیدا دێت, بەس خۆى وەک بونیاد لەناوناچێت. عەشق واتە ئەویتر هەیە, بۆیە هەمیشە وەک ڕاستییەک دەمێنێتەوە. ئەویتر, شتێک نیە بیگەینێ, ویساڵ و گەیشتن هەمیشە شتێکى فەنتازییە, جۆرێکە لە کۆکبوونى خەیاڵى. گەرنا مرۆڤ بە خۆیشى ناگات, چ بگات بە ئەویتر. کە ئەویتر بە فۆنتى تۆخ دەنوسین, هەموو دەلالەتە هزرییەکانى ئەویترى لەخۆیدا هەڵگرتووە. ڕاستییەکە, سادە و ماتریاڵییە: کاتێک دەگەیت بە ئەویتر, دەگەیت بە چى؟ وەڵامى عامییانە ئەوەیە ماڵێکى هاوبەش درووستدەکەیت, یان بگرە درووستیشى ناکەیت. ئەمە کۆى وەڵامە تیۆرییەکە نیە. ئێمە لە هیچ پرۆسە و پەیوەندییەکى ژیانماندا ناگەین بەویتر, ئەویتر سەرەتا کوتلەیەکى مادى و فیزیکییە, خەرمانەیەک مانا و ڕەمزى لەدەور ئاڵاوە, شوێنێکى کۆمەڵایەتیی هەیە و لە ڕێکەوتێکدا دەبێتە بابەتى ئارەزوومان. بەڵام ئێمە هەمیشە مامەڵە بەو شتانەوە دەکەین کە ئەویتر درووستدەکەن. لێرەوەیە, ویساڵ لەهەناوى خۆدا نەفییەکى هەڵگرتووە کە زۆرجار لەناوچوونى ئەویترە.

سەبارەت بە فەزاى ڕەمزیی خۆمان, ئەم تیزپێکردن و بەگاڵتەوەرگرتنە, لەخۆڕا نیە. واتێدەگەم, تەواوکەرى دژەکەى خۆیەتى: بەئایدیاڵکردنەکە و گاڵتەپێکردنەکە, یەک وێنە کامڵدەکەن. کاتێک ناتوانین وەڵامێکى ماتریاڵى و مێژوویی و تەندرووستى بەئایدیاڵکردنەکە بدەینەوە, ئیدى گاڵتە بە ئایدیاڵەکە خۆى دەستپێدەکات. بۆ ئەوەى ئایدیاڵێکى بەرز, لە تەمومژ و خورافاتى زیادە پاککرێتەوە, پێویستى بە ڕێژەیەک لە عەقڵانییەتە. بەڵام کە ئەو ڕێژەیەت نەبوو, ئیتر پەرچەکردارى سەگباوەڕانە درووستدەبێت. عەشق خۆى گرنگە, هەمیشە ڕێژەیەک لە بەئایدیاڵکردنیشى تیایە, بەڵام باسەکە لەسەر فڕێدانى ئەو دیوە نەرێنییانەیە کە چەوسانەوە درووستدەکات. بەشێک لە بەگەپکردنى عەشق, ڕەوایەتییشى هەیە, بەتایبەت لەو ڕووەوە کە دیاردەکە بەر سەردەم کەوتووە و تووشى تەقینەوەى چەمکایەتى هاتووە. واتە ئەوە تەنیا کۆمەڵێک خەڵک نیە بەتەنیا بە عەشقى کلاسیک دەخەنێتەوە, بەڵکو بەرکەوتنى فۆرم و ناوەڕۆکە و لەڕێى مرۆڤەکانەوە دەدوێت. کاتێک واقیعەکەت ئەو ستایشە شیعرییە هەڵناگرێت, ئیدى بەشێکى وزەکە لە گەپوگاڵتە بە عەشقدا خەرجدەبێت. کاتێکیش پۆڕنۆ و زوهدى کەلتورى یەکتردەبڕن, ئیدى بەشێکى هەمیشان بە گەپجاڕى دەکەوێتەوە.

 

 

پرسیار: موراد فەرهادپوور تێزێکی ناسراوی هەیە: "وەرگێڕان بە مانای فراوانی وشەکە تاکە فۆرمی بیرکردنەوەیە بۆ ئێمە"، ئەم تێزەیەشی ناوناوە "بیرکردنەوە/وەرگێڕان" ( وتارەکە لە کتێبی  "فیکر و سەرکێشییەکانی"دا بڵاوبۆتەوە و خوێنەر دەتوانێت بۆی بگەڕێتەوە). ئەو وەرگێڕان دەبەستێتەوە بە "دۆخ" (وضعیت)ەوە، کە ئەمیش بریتییە لە دۆخی شلۆقی کۆمەڵگاکەی لە مۆدێرنەدا. دواتر فەرهادپوور کۆمەڵێک پیاچوونەوەی بەم تێزەدا کرد، و لەبەرەنجامی برەوی وەرگێڕانە هەڵە و ناڕوونەکاندا، لە چاوپێکەوتنێکدا وتی: "ئەگەر  وەرگێڕان و بیرکردنەوە پێکەوە گرێ بدەین و باوەڕمان وابێت کە بیرکردنەوە واتە وەرگێڕان، ئەوا ئەوکاتە بیرنەکردنەوەش لەگەڵ کردەی وەرگێڕاندا گیردەبێت. ئێمە هەندێ جۆری وەرگێڕانمان هەیە کە نیشانەی بیرنەکردنەوە و نەڕەخسان و نامومکینبوونی بیرکردنەوەن". چۆن لەم تێزەیە و پیاچوونەوەکەشی دەڕوانن؟ و لە پەیوەند بە ڕەوتی وەرگێڕان  له کوردستانیشدا چۆنچۆنی شرۆڤەی دەکەن؟ ئاخۆ دەکرێت بڵێین لای ئێمە ئەوەی زاڵە بیرکردنەوە/وەرگێڕان نییە بەڵکو بیرنەکردنەوە/وەرگێڕانە؟

وەلید عومەر: ڕەنگە ئەزموونى ئێمەومانان زۆر لەوە هەژارتر و کورتتر بێت بتوانین وەڵامى یەکلاکەرەوەمان هەبێت, بەڵام ڕەنگە بتوانم جێکەوتى زەینى و سەرەتایی خۆم بەو جۆرەى تێدەگەم بخەمەڕوو. ئەوەى فەرهادپوور بێگومان باسێکى ورد و گرنگە, بەڵام وەک خۆیشتان دەزانن مەبەستى ئەو لەقووڵایی زاراوەى "وەرگێڕان"ـە تا دواتر دەگاتەوە بە وەرگێڕانى دەق. ئەو کە دەڵێت هەرچییش بنوسین وەرگێڕانە, مەبەستى لە بەرکەوتنى کۆمەڵگا خۆرهەڵاتییەکانە بە مۆدێرنەى خۆرئاوایی و ناچارین لەڕێگەى فیکرى ئەوانەوە بەجۆرێک لە خۆمان تێبگەین. واتە وەرگێڕان سەرەتا کردەیەکى گەردوونى و بەکۆمەڵ و مێژووییە, و پاشان ڕۆڵى بکەرە جیاجیاکانى تیا دەردەکەوێت وەک نوسەر و وەرگێڕ و هەر سوبێکتێکى کەلتوریی تریش. چەندجار وەڵامى ئەو تێزەى فەرهادپوور دراوەتەوە, بەڵام بەدەگمەن ویستوویانە لە کرۆکى تێزەکە نزیکبنەوە. هەر تێزیک کرۆکى خۆى هەیە, زۆرجار دەیخوێنیتەوە و حوکمى لەسەر دەدەیت و چەندبارە دەچیتەوە سەرى, بەڵام هێشتا بەر کرۆکەکە نەکەوتوویت. ئەمە بۆ هەر بیرمەندێک ڕاستە, چونکە هەرکەس قسەیەکى هەیە لە بنەوە دەگوزەرێت و ناچارین ناوى بنێین کرۆک, و کرۆکیش شۆرت و شۆکى خۆى هەیە و لە کرۆکى شتێکى تر ناچێت. بەم پێیە, تێزى وەرگێڕان-بیرکردنەوە, بانگەشەیە بۆ ناسینى لۆکاڵ(دۆخ) لەڕێگەى مێژووى گڵۆباڵەوە. مۆدێرنە کە ڕووداوێکى خۆرهەڵاتى نیە, چۆن وەرگێڕدرێتە سەر دۆخێکى خۆرهەڵاتییانە؟ هەرچۆن وەریگێڕین, هێشتا تەرجومەیە و مۆرکى ناوخۆیی پێوەیە. بەڵام بیرماننەچێت, لێرەدا گشت(کل)ێک بۆ سەر گشت(کل)ێکى تر وەرناگێرین, بەڵکو گشت بۆ سەر جزء(بەش) وەردەگێڕین. واتە جیهانى مۆدێرن, وەردەگێڕینە سەر بەش-لۆکاڵێک. ئەم وەرگێڕانەش, لەنێو پانتایی ڕۆشنبیرىدا چۆن دەکەوێتەوە؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە زیمنییەیە کە فەرهادپوور دەیەوێت بیکات. وەرگێڕان کۆپى نیە, هاوتاى دوو زمان و دوو سیاق نیە, بەڵکو دۆزینەوەى هەڤدژییە مێژووییەکانێتى. وەرگێڕان واتە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەویتر. ئەویتریش, هەمیشە لە ئاستى بەشدا بەدەستدێت, وەک کۆ یەکسان نابێتەوە بە ئێمە. تێگەیشتن لە ئەویتر, پرۆسەیەکى زمانى نیە بەتەنیا, بەڵکو فامسەنتەر و کەلتورى و هێرمیونۆتیکییشە. ئەویترى خۆرئاوایی کە بیریکردووەتەوە, چۆن بیناسین؟ چۆن فیگەرە خۆرهەڵاتییەکان, بەر لە هەرشت, بۆخۆمان وەرگێڕین؟ واتە نوێیانبکەینەوە و لە سیاقێکى مۆدێرندا بەرهەمیان بێنینەوە؟ حافز یان واىدانێ مەحوى کە دیاردەى مێژوویی بوون, چۆن هەمدیس لە مێژوودا وەریانگێڕینەوە و بیانهێنینەوە و تێیانبگەین و ئەو دیوە نامێژووییەیان لێ هەڵپاچین کە وەرناگێڕدرێن(بە مانا فراوانەکەى)؟ ئەو ناکۆکى و هەڤدژییانەى لەنێوان ئێمە و ئەویتردا درووستدەبێت, سەمپتۆم و نیشانەى وەرگێڕانە. وەرگێڕانێکمان نیە, سەمپتۆمى خۆى نەبێت. ئەمانە و زۆر پرسیارى تریش لەپشت نوسینەکەى فەرهادپوورەوە هەن. بمانەوێت و نەمانەوێت, بیرمەندە خۆرئاواییەکان و چەمکە مۆدێرنەکان سەر بە ئەویترە, بۆیە چۆن لۆکاڵیان پێ دەخوێنینەوە و لەکوێشدا تووشى ناکۆکییمان دەکەن پرسێکە ڕووبەڕووماندەبێتەوە.

لەوێشەوە کە پەیوەندیی بە وەرگێڕانى دەقەوە هەبێت, دیسان دەق یەکێکە لە بەرهەمەکانى ناو مێژووى ئەویتر. مەرج نیە بەرهەمێکت وەرگێڕا, ئیدى بیردەکەیتەوە. ئەو دەقە خۆى بەرهەمى زنجیرەیەک یان تۆڕێک لە دەقى ترە. لەخۆڕا نیە وشەى تێکست, کە هەڵدەکشێت دەبێتە کۆنتێکست(سیاق). هەر تێکستێک, زادەى کۆنتێکستێکە. کە لەو کۆنتێکستەى دادەبڕیت, ئیدى پرۆسەى تەرجومە دەستپێدەکات. دەقێک دێنیت, بەڵام بەرپرسیت لەوەى چى دەخاتەوە. دەق بەتەواوى کۆنترۆڵناکرێت و نازانیت چى دەخاتەوە, بەڵام تا ئەو جێیەى وەک سوبێکتێکى ئاگامەندانە ڕەفتارى لەگەڵ دەکەیت, بەرپرسیت. کاتێک هەروا ئاسان دەڵێیت وەرگێڕان بیرکردنەوە درووستدەکات, بێگومان بەدحاڵیبوون و ورووژان دەخاتەوە, بۆیە ئاشکرایە هیچ وەرگێڕانێک بەتەنیا و خۆبەخۆ بیرکردنەوە درووستناکات. بیرکردنەوە خۆى تێگەیەکى زۆر گشتى و تەمومژاوییە و بەپێى دەقەکەى فەرهادپووریش گەر نەبەسترێت بە دۆخەوە, نازانین چیە. هەر لە ئاستى تەکنیکییەوە بۆ ئاستى کەلتورى, وەرگێڕان پێویستى بە جۆرە سوبێکتێکى تایبەتە کە مەرجى خۆى هەیە و مەرجەکانیش هەمیشە پێشین و پێشوەخت ناسراو نین, بەڵکو پاشین و نێوئەزموونیین و لە پرۆسەکەدا دەردەکەوێت چى و چین. مادام سوبێکت خۆى لە گۆڕاندایە, سوبێکتى وەرگێڕیش بەتایبەت لە گۆڕاندایە. بەڵام گەر ناچار بین مەرجەکان بیرخەینەوە, ئەوا بەر لە هەموو شت جۆرێک لە خودئاگایی کۆنکرێتییە نەک سەلیقە و بازدان. واتە خۆبەستنەوەیە بە ئاسۆیەکى تیۆرییەوە کە کەمتازۆر لە ڕۆڵە مێژووییەکەى تێدەگەیت و تێیدا دەژیت. ئەمەش شتێکە کەم کەس تێیدا بەردەوام دەبن, بەتایبەت لە کەلتورێکدا کە پشوودرێژیی ئەوەى نیە تێبگات ناوێک لەکۆدا دەیەوێت چى بڵێت. لە بارى تەکنیکییترەوە, وەرگێڕان پێویستى بە فێربوونى بەردەوامى زمانى خۆ و ئەویترە, پێویستى بە دەرگیربوون و دەستەویەخەبوونەوەیەکى هەمەلایەنەیە لەگەڵ دەقدا, پێویستى بە خاکەڕاییشە چونکە سەرەنجام ئەوە ئێمە نین زمان بەکاردێنین بەڵکو ئەوە زمانە لەڕێى ئێمەوە دەدوێت. جار هەیە سەلیقەى تاکەکەسى, ستایلى کەسێک لەویتر جیادەکاتەوە, بەڵام سەرەنجام هەر وەرگێڕانە و دەقەکان دەچنە نێو پانتاییەکى گەورەترەوە.       

 

پرسیار: پەتیگەرایی، خواست بۆ پەتیکردنی زمان و تێڕوانینی ساویلکانە دەرهەق بە زمان و  کوردی‌زانین دیسانەوە هاتۆتەگۆڕێ. سەیر  نییە هەندێجار لەسەر بەرگی کتێبەکانیش لەبری "وەرگێڕان" دەنوسرێت "بەکوردیکردن یان کورداندن". وەک وەرگێڕێکی فیکری و فەلسەفی چۆن لەم پەتیگەرایی و لەزمانخستنە دەڕوانن؟  ئایا جیاوازیی نێوان کوردی‌زانین و پەتیگەرایی چیە؟ پێتان وانییە ئەم بانگەشەیە زۆرجار  تێنەگەیشتنە لە گەشەی زمان و فیکری مرۆییش؟ لەلایەکی دیکەشەوە، ئەم بانگەشانە بۆ کەسانێک بووەتە پارووەنانێکی چەور، و تێیدا بێ‌ئاگایی و عەقڵیەتی سەر بە کۆمۆن‌سێنس و کۆنەپارێزییە هەمەلایەنەکەی خۆیان لەژێر ناوی کوردی‌زانین‌دا دەشارنەوە؟ ئەگەر نمونەیەکی کۆنکرێتی بهێنمەوە: بەختیار عەلی. دیاره، هەر کەسێک خۆی گێل نەکات دەزانێت ئەم نوسەرە چ خزمەتێکی حاشاهەڵنەگری بە زمان و زەینی کوردی کردووە- و بێگومان وەک هەر نوسەرێکی تر گرفتی زمان و ڕێنوسیشی هەیە- بەڵام خاڵە سەیروسەمەرەکە ئەوەیە کۆمەڵێک لە هاونەوە و نەوەی دوای ویش، سەنگەری شەڕە دۆڕاو و بوغزاوییەکەیان گواستەوە بۆ ئەوەی گوایه "بەختیار عەلی کوردی نازانێت"، یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم تۆمەتبارکردنەش ئەوەیە: خۆیان نەیانتوانیوە و ناشتوانن بەرهەمی ئەدەبی و فیکری وەک بەختیار  بنوسن.  پرسیارەکە ئەوەیە: ئەوە چۆنە ئەو کەسانە بۆ ئەم کارەیان پەنایان بردە بەر ئوستورەی زمانی پەتی و کوردی زانینی پەتیگەرانە و هتد؟ ئاخۆ ئەم نمونەیە سەرەوە دەرخەری دیوە پاتۆلۆژیک و بێ‌ئاگا و کۆنەپارێزەکەی ئەم ڕەوتە نیە؟

وەلید عومەر: ئەم باسە پێویستى بە توێژینەوەى هەمەلایەنەى مێژوویی و دەروونى و هتدە, بەڵام لێرەدا دەتوانین کۆمەڵێک تێبینیی سەرەتایی تۆماربکەین کە ئاماژەیان بۆ ناکرێت. ئاشکرایە زمانى کوردى, زمانێکە خاوەنى ماتەوزەیەکى دەوڵەمەندە بۆ کارکردن, بەڵام ڕەنگە وەک پێوست نەکرابێتە جووڵەوزە. ئەمەش ئاساییە و لە ڕەوتى مێژوودا, خۆى دەخاتەگەڕ. پێموایە هەمووکەس زمانى کوردیی خۆشدەوێت, چونکە پەیوەندیی بەوەوە نیە ڕاى تاکەکەسیی تۆ چۆنە, بەڵکو بەپێى تیۆرە لاکانییەکە ئێمە لەڕێى زمانى کوردییەوە فێرى ئارەزووکردنیش بووین. ئێمە کە دایک لەدەستدەدەین لە مناڵییدا, زمانمان پێ دەدرێت وەک قەرەبوو. بۆیە زمانى دایک, تەنیا میتافۆر نیە, بەڵکو ڕاستییەکى حەرفی‌شە. ئێمە لەناو زمانەکەماندا, بارى دەروونى و جوانیناسانە و وجودییش وەردەگرین, بۆیە لێرەوە بیانوو نامێنێتەوە بۆ ئەوەى کەسێک لە کەسێکى تر زیاتر زمانى کوردیی خۆشبوێت. کوردى, پەیوەندییەکى نەستەکی درووستدەکات بە ئێمەوە نەک ئەوەى خۆمان هەروا سادە هەڵیبژێرین. بەڵام وەک ئێوەش وتتان, زمان هۆشیاریی کۆمەڵایەتییش درووستدەکات و ئەو ڕووبەرەش دەچنێت کە ناوى کۆمۆن‌سێنس‌(عەقڵى باو)ـە. لەناو یەک زماندا, دەکرێت مرۆیەکى ساویلکە و بیرمەندێکیش حزووریان هەبێت. یان هەر ئەم زمانە لە جێیەکدا بۆ پێناسەیەکى بەرتەنگ بەکاربێت و لە جێیەکى تریشدا بیریارێک شوێنى ئەزمووننەکراو و نامۆى تیا بدۆزێتەوە. بەس ئاخۆ کوردیزان کێیە و پەتیگەر چیە؟

کوردی‌زانین ئەوە نیە بچیت وشەى زۆرى کوردى لەبەربکەیت, چونکە ئەمە هەمووکەس دەیتوانێت و هیچ داهێنانێکى تیا نیە و کەسیش لە قاموس زیرەکتر نیە. ئەوەشى دەیەها ساڵ وەک کوردی‌زانین خراوەتەڕوو, لەمە تێپەڕى نەکردووە(گەر تاک‌وتەرایەکى لێ دەرچێت کە تێیدا ژیاون). باسى بەختیار عەلیتان کرد, بیرمدێت جارێک لە ستونێکدا نوسیبووى کوردی‌زانین ئەوە نیە مورادیفەکانى پشقل بزانیت, بەڵکو فراوانکردنەوەى توانستە ناوەکییەکانى زمانى کوردییە. ئەمڕۆ شتەکان ئاسانترن لە جاران, دەتوانیت فەرهەنگێکى ئۆنلاین(سەرهێڵ) یان کاغەز بکەیتەوە و بە ئارەزووى خۆت جێگۆڕکێ بە وشە بکەیت. ئەمە سەرەتاییترین ئاستى کوردی‌زانینە و هەمووکەس دەیتوانێت. زۆرجاریش وەرگێڕان هەیە بە قاموس وشەیەکى لەم شێوەزار و لەو شێوەزارى ترەوە بۆ هێنراوە و ناونراوە کوردی‌زانین. نکۆڵى لەوە ناکەم کە هەمەڕەنگى لە بژاردە و بەکارهێناندا هەبێت, بەڵام ئەمانە ئاسانترین شتن کەسێک بیەوێت بیکات. بەڵام کردنەکەشى, هونەرى دەوێت, ئەگینا دەق دەکاتە ڕووبەرێکى پینەپینە و پڕگرێ‌وگۆڵ و تێناگەیت باسى چى دەکات. هەر پشتبەستن بە دەروونشیکارى, دەتوانین ناوىبنێین گڕوگاڵى بەسەرچوو. لەناو زماندا, وشە بەرهەمى ماتریاڵیی سەردەمێکە و لەگەڵ بەسەرچوونى دیاردەکەدا, ئەویش ئیدى وێنە درووستناکاتەوە. وێڕاى ئەمەش, دەتوانین بچین وشەیەکى نێو ڕابردوو یان شێوەزارێک بێنین و کەڵکى لێ وەربگرین و بۆشاییەکمان بۆ پڕبکاتەوە. بەڵام هەموو ئەمانە پێویستى بە ڕۆشنبیرییەکى تایبەتە نەک سەلیقەى تایبەت.

وەک پەتیگەرىیش, بێگومان ڕیشەکە شاراوەترە. زۆرجاریش ئەوانە داکۆکییان لێ کردووە کە دوورن لە فیکر و فەلسەفەوە. گەر کەسێکیش بە مەبەستێکى فیکرى, ستراتیژێکى واى گرتبێتەبەر, خەوشى لە کارەکەى خۆیدا درووستکردووە. بەهەرحاڵ, پێم خۆشە لە ڕیشە دەرە-زمانییەکانى پەتیگەرى وردببمەوە. وشەى پەتى, لە فیکرى خۆرئاوادا ماناى قووڵتر و ئاڵۆزترى پێ دراوە, بەڵام لێرەدا هێشتا گوزارشتە لە ڕووبەرێکى ساف و بێ‌خەوش و زۆرجاریش مناڵانە. مناڵ و کەسى میتافیزیکى لەوەدا یەکدەگرنەوە, کە هەردووک چاویان لە پانتاییەکى ساف و خەیاڵى و یەکانگیرە. هەرکات ئەم پەتێتى و یەکانگیرییە لەدەستبچێت, ئیتر تووشى خەسان دێن. بۆیە پەنابردن بۆ پەتیگەرى, پەنابردنێکى نەستەکییانەیە بۆ باوەشە ساف و بێخەوشەکەى دایک کە تەنیا لە مناڵییدا بەو شێوەیە ئەزموونیدەکەین. ئالێرەوەیە لە گەورەییشدا هەر شتێک ڕووبەرە ساف و پەتییەکە تێکبدات, ئیتر تووشى ترس و دڵسکان دەبین. زمان یەکێکە لەو شتانە. شەرەفپەرستى و پاکیزەییش بەجۆرێک دەچنەوە سەر ئەم پەتیبوونە. جا لە ڕووى زمانەوە, پەتیگەرى بەو واتا ڕەهاکەى, ترسە لە ڕووشان و خەسان. بە مانایەکى تر, ترسە لە وشەى نامۆى تر, ترسە لە ئەویتر, ترسە لە جیهان, ترسە لە نیشتەجێبوون لە جیهاندا. پەتیگەرى, واتە من هەر خۆمم, با خۆم بم, خۆم و بەس. بەڵام ئەمڕۆ گەیشتووین بەوەى کە مرۆڤە ئۆتیستەکانیش بەڕەهایی خۆیان نین, ئەوانیش جۆرە سەرەتاتکێیەکیان بۆ نێو زمانى ئەویتر هەیە. کۆمیدیاکە لەوێدایە هەمووجار کە بە وشەیەک دەوترێت کوردیی پەتى, دەردەکەوێت ڕیشەیەکى تورکى یان مەغۆلى یان پەهلەوى و چى و چیی هەیە. جارێکیشیان شاعیرێک قەڵەمى خۆى سووڕدابوو شیعرێک بە کوردیی پەتى بنوسێت, بەڵام دواتر دەرخرا نیوەى زیاترى کوردى نیە. ئەمە دیوە تراژیکۆمیدییەکەیە و دەمەوێت شتێکى تر بڵێم.

زمان, سامانێکى هاوبەشە, بەڵام هەر ئەم هاوبەشییەیە وادەکات هەرکەس ڕووبەرى خۆیشى تیا درووستبکات. بەتیابەت ستایل و سەلیقەى هەر نوسەر و وەرگێڕێک جیایە و چارەنووسى زاتیی هەیە بۆى. لەنێو زمان و دەربڕینێکدا ژیاوە کە پڕاوپڕ بۆ ئەو خۆى ماناى هەیە نەک کەسى تر. واتە ئەو زمانەى بۆ خۆتى درووستدەکەیت, ڕەهەندى سایکۆلۆژى و ئێستاتیکى و بگرە ستراتیژییشى هەیە و ناکرێت هەروا کاڵفامانە لەولاوە بێیت و بەشێوەیەکى بەش‌بەش و دابڕکێ, وشە دەربێنیت و حوکمى بەسەردا بدەیت. لەم دۆخەدا, لە دەرەوەوە دەمێنیتەوە, دەرەوەى ڕووتیت, هیچ حاڵى نیت لەوەى دەگوزەرێت. کە خەیاڵت لاى وشە بوو, کۆى داڕشتن لەبەرچاونەگریت, ئیتر لە پرۆسەى دەلالەت و مانا دەچیتە دەرەوە و وەک مرۆڤە سەرەتاییەکان یان مرۆى سایکۆتیک, لەناو یەکەى بچوک‌بچوکدا گیردەخۆیت و ڕواڵەتى وشە جێى ناوکۆیی مانا دەگرێتەوە. خۆشویستنى کوردى, حۆشویستنە لە کۆدا, نەک بەشى کاریکاتێرى و زۆرجاریش هەڵە.

 

 

پرسیار: لای خەڵکی ئاسایی و نوخبەش، هەست بە هەژموونێکی توندی کۆمۆن سێنس، عەقڵی باو و سەلیم دەکەین. لە پەیوست بە پانتاییە میدیایی و ڕۆشنبیرییەکەوە، دیارترین خەسڵەتی کۆمۆن سێنس نامێژوویبوونێتی، بیرکردنەوەیەک بەبێ حسێبکردن بۆ گوشاری مێژوو، بەبێ ئاگایی لە گەشە ناڕێکەکەی کۆمەڵگای کوردی. خەسڵەتێکی دیکەشی ڕاکردنە لە ئاڵۆزیی و چەمکاندن و تیۆریزەکردن. خاڵە سەیرەکە ئەوەیە: کەسانێک هەن بەبێ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ نەریتیە فیکرییەکان، بەبێ کەڵک وەرگرتن لە چەمکەکان و فراوانکردن و بەکارهێنانیان، کەچی گوایە خەریکی بیرکردنەوەی هزری و "تێڕامانی خۆماڵی"ن: بیرکردنەوە بەبێ بیرکردنەوە یان بەبێ مێژووی بیرکردنەوە. لەم دواییانەدا، نمونەیەکی ئەم سادەگەراییە عەوامپەسەندەمان لە پەیوەست بە پرسی سێکسەوە بەرچاو کەوت. دیارە کۆمەڵێک بەدحاڵیبوونی زۆر دەربارەی سێکس و ئەو بیریارانەش هەیە کە لێیان کۆڵیوەتەوە (وەک ئەو وێنا کاریکاتێرییەی لەسەر فرۆید هەیە کە گوایە "هەموو شت بۆ سێکس کورتدەکاتەوە"- زوپانچیچ، لە فەسڵی یەکەمی "دەروونشیکاری بۆ؟"دا ئەم وێنا باوە دەرهەق بە سێکسواڵیتە لای فرۆید هەڵدەوەشێنێتەوە و باسی ئەوە دەکات چۆنچۆنی فرۆید سێکسواڵیتەی وەک کێشەیەک دۆزییەوە کە پێویستی بە ڕوونکردنەوەیە نەک  ڕوونکردنەوەیەکی هەمەگیری هەموو شت)، گاڵتەجاڕییەکەی کۆمۆنسێنس ئەو خاڵەیە کە پێی‌وایە گوایە کۆمەڵگای کوردی نەک کێشەی کەپتی جنسی، بەڵکو "کێشەی زۆریی سێکس" ی هەیە و گوایە ئەم خەریکبوونەش بە سێکسەوە دەسەڵاتی ڕاگرتووە، و لەمەش کۆمیدیتر: گوایە دەستڕاگەیشتن بە سێکس شتێکە هەم بارۆنەکان و هەم خەڵکی ئاسایش وەک یەک "یەکسان"ن تێیدا. ئەم  بەدەنگهاتنە نیمچەدینی و ئەخلاقگەرایەی کۆمۆن‌سێنس چۆن شیدەکەنەوە؟ هەم وەک دیاردەیەکی گشتی و هەم وەک نمونەیەکی پەیوەست بە "پرسی سێکس لە جڤاتی کوردی‌دا"؟ دیدگایەکی وەها لە چیەوە هەڵدەقوڵێت؟

وەلید عومەر: کۆمۆن‌سێنس, لەو وشانەیە زۆر حەزم لێیەتى. چونکە ڕووبەرێکە بەردەوام خۆیشتى تیا تاقیدەکەیتەوە, چەند تێى کەوتوویت و چەندیش لێى پارێزراویت. کۆمۆن‌سێنس(عەقڵى باو), تەنیا تایبەت نیە بە گشتینەى خەڵک. بەڵکو زۆرجار لە مێژووى فەلسەفەشدا تێزێک یان چەمکێک یان ڕوانینێک دەبینین کەوتوونەتە ناو کۆمۆن‌سێنسەوە. زۆرجار بیرمەندان یەکدى بەوە تۆمەتبار دەکەن لە فڵان ئایدیادا خزاونەتە ناو کۆمۆن‌سێنسەوە و ئاگادار نین. دیارە کۆمۆن‌سێنس ڕووبەرێکى تەواو پۆزەتیڤ و دەستنیشانکراو نیە بڵێین ئەوەتا و ئاگادارى خۆت بە. چونکە پانتایی مرۆیی, بەهۆى زمان و بیر و کات و زۆر ڕەگەزى ترەوە درووستبووە و بەردەوام لە جووڵەیەکى بەردەوامدا دەژى. بەم پێیە, ئەگەرى هەیە هەمووکەس لە شوێنێکدا بکەوێتە ناو کۆمۆن‌سێنسەوە. لە مێژووى فیکردا, کەسانى وەک ڤیتگنشتاین و لاکان لەوانەن بەردەوام شەڕى کۆمۆن‌سێنس دەکەن چونکە پێیانوایە ئەو شتەى مەبەستیانە لەباردەچێت. بۆیە زۆرجار تەعبیرى هەستیار و نامۆ بەکاردێنن. شتانێ دەڵێن لە وتنى مەحاڵ دەچێت, ویناکردنى مەحاڵ, شتانێک کە زۆرجار شەقدەبەین و بەرامبەر تێى‌ناگات.   

سەبارەت بە لاى خۆمان شتەکە زۆر تێکەولێکەیە. سەرلەبەرى فەزاکە, نوقمى کۆمۆن‌سێنسە. بۆیەشە ئەو کەسانە ئاسانتر قبوڵدەکرێن کە قسەى دڵى خەڵک دەکەن. واتە کۆمۆن‌سێنس, حینجەدەکەنەوە و بەئاسانى دەینوێننەوە. خەڵکەکە و قسەکەرەکانیش بەڵێ بە ڕووى ئەوەدا دەکەن کە هەیە. نیچە دوو جۆر بەڵێگۆیی جیادەکاتەوە, یەکیان بەڵێگۆییە ئاڵۆزەکەى خۆیەتى کە دەبێت بەردەوام وریایی بنوێنیت و نەکەویتە ناو کۆمۆن‌سێنسەوە. ئەویتریشیان ناودەنێت بەڵێگۆیی گوێدرێژ یان زەڕینى بەڵێگۆیانە, واتە ئەوەى لە سنورى کۆمۆن‌سێنسدایە قبوڵدەکەیت و جەختى لەسەر دەکەیتەوە. سەیرکە لەمڕۆدا چەمکێکى وەک "جیاوازى"يش لەناو کۆمۆن‌سێنسدا چیی لێهاتووە. یەکپارچە بووە بە زەڕینى ئەرێگۆیانە.

لە کۆندا, جیاوازى ئەم مانا عامى و گاڵتەجاڕەى نەبوو, بەڵکو دەبوو تا کۆتایی بڕۆیت. ئەرگۆمێنتت پێ بیت, نەک ئەوەى لەهەرکوێدا شتەکە لەگەڵ هەوەسە بچوک و شەخسییەکانتدا نەگونجا, ئیتر بڵێى «جیاوازین». جیاوازى وەک دالێکى هەڵە کەوتووەتە واقیعى ئێمەوە, ئەویش لە شوێنکاتێکى هەڵەدا. واتە شوێنکاتەکەت بەبێ ئەوەى گەشەى سرووشتیی چەمکى "جیاوازى"ـى تیا کردبێت, چەمکەکە دەتوانێت بۆ هەر دەمارگیرییەکى تایبەت بەکاربهێنرێت. واتە بە فۆرم لە چەمکە گەردوونییەکە دەچێت و لە ناوەڕۆکیشدا هەمان عەقڵیەتى کۆمەڵگاکەى خۆتە. لێرەدا جیاوازى, بریتى نیە لە دوو "ڕا"ـى بە ناوەڕۆک جیاواز, بەڵکو کەرتبوونى پاتۆلۆژییانە و کەلتوریی یەک "ڕا"يه بەسەر دوو هێزى دەمارگیرى‌دا. واتە داننان بەوەى ڕایەکە و تووشى قڵیشى دەمارگیرى هاتووە لەپێشترە بەراورد بەوەى تووشى جەهل بین و پێمانوابێت "هەڵوێستێکى جیاواز"مان وەرگرتووە. جەهلى یەکەم بەسەر ئاگاییدا کراوەتەوە و کەمەکێک کاتى دەوێت بزانین چۆن خەسڵەت وەردەگرێت. بەڵام هى دووەمیان, تەنیا لە هەندێ حاڵەتى کورتدا خاوەنەکەى دەخاتە بەر ڕۆشنبوونەوەیەکى نەستەکى و پاشان دەچێتەوە سەر دۆخى پێشووى. بۆنمونە هیچ‌نەگۆیەک یان "شلكەئیسلامییەکى هەڵیتگۆى نێو فەیسبوک", نەرمتر ڕشانەوە زەینییەکانى خۆیان دەرخواردى خەڵکێک دەدەن کە بێشک خۆیان لە زومرەى «جدی»یەکان دەژمێرن. پێشتر ئەم جۆرە قسەڕیزکردنانەمان ناونا, ئۆرگازمى پێش‌چەمکایەتى. دۆخێک کە ئاماژەیە بە جۆرێک حاڵلێهاتنى بنوسەکەى و خوێنەرەکەشى کە لە ساتێکى کورتدا و بە زمانێکى هەژار, هەردوولا لە حینجەکردنى ڕاستییەکەدا مەستدەبن کە هێند ڕاستە, زیانە بۆ شکۆى ڕاستى. چونکە دەزانین ڕاستى لە فەلسەفەدا دوورەدەستە, و ناوى "حەقیقەت"ـە و لەجیاتیی ئۆرگازمیش, بە ئەگەرى زۆرەوە دەتکوژێت.

پرسیار: گەرچی هێشتا کۆرۆنا بەتەواوەتی تێنەپەڕێنراوە، بەڵام خەریکە پێ دەنێینە قۆناغی "پۆست-کۆرۆنا"وە. لە وتارێکی ساتەوەختی کۆرۆنادا، کە هەمووان بەتۆقینەوە باسیان لێی دەکرد، ئێوە نوسیتان "کۆرۆنا ڕووینەدا، لانیکەم لای ئێمە"... ئایا کۆرۆنا لای ئێمە ڕوویدا یان نا و بە چ مانایەک؟ و دەکرێت ئاوڕێکی ڕووەودوای لێبدەنەوە؟ ئایا  قۆناغی دوای کۆرۆنا چی پێیە بۆمان؟ (لانیکەم لە ئاستە گلۆباڵەکەدا، بەحوکمی ئەوەی کۆرۆنا خۆی پەتایەکی جیهانگیرە).

 

وەلید عومەر: دەربڕینى ڕستەیەکى وەک «کۆرۆنا ڕووینەداوە», دەربڕینێکە عەقڵى باو یان کۆمۆن‌سێنس بۆى هەرسناکرێت. چونکە لاى ئەو ڕوودان هەر ئەو کردەیەیە کە بە چاو دەبینرێت. ئەو ئاشناى هیچ زمانێکى ترى هزرى نیە. کۆرۆنا وەک کارەساتێکى مۆدێرن لاى ئێمە ڕووینەدا. بگرە, سەمپتۆمێک بوو تا دژیەکییە ناوەکییە بەراییەکانى خۆمان ببینین. خەڵک مردن, بەڵام بەپێى شێوەگوتارێکى تر مردن. ڤاکسینەکەش, تەنیا وەک دەنگ هەیە, ئەویش لە گوتارێکى حیزبیی بەدەوىدا قەتیسکراوە. هەستدەکەم پاش کۆرۆنا لەجیاتیی حەزەر(پارێز و وریایی), سوپەرئیگۆیەکى گەردوونییمان بۆ درووستبووە و ئەمجارە بێباکتر مامەڵە بە ژینگە و جەستە و هەموو شتێکى خۆمانەوە دەکەین. سوپەرئیگۆیەک کە بەشێوەى نەستەکى ورتەرتێتى: تۆ کە کۆرۆنات تێپەڕاندووە, لە چیی تر دەترسیت؟