A+    A-
(1,864) جار خوێندراوەتەوە

                      چەپاندنى «چەپاندن»

                    (پیاچوونەوەیەکى بچوک)

 

 

 

 

وەلید عومەر

 

 

 

 

 

 

 

مرۆڤ ناتوانێت دونیا قوتبدات. ئەمە چیرۆکە موقەدەس یان شوومەکەى فرۆید-لاکانە بۆ مرۆڤ. ئۆرگانیزم(بوونەوەرێکى زیندەڵ) لە دۆخى بێ‌گیانییەوە, دەڕسکێت. بەر دۆخێک دەکەوێت نە زەروورە بۆى و نە مەتەڵێکى شاراوەشى لەپشتەوەیە. ئێمەى مرۆڤ لەگەڵ لەدایکبووندا, شتێک دەدۆڕێنین(لەدایکنەبوون), واتە دەخەسێین. خەسان(castration), بۆ یەکەمجار لە دەروونشیکارییدا لەو واتا بەرتەسکەى پاکدەبێتەوە کە هەیە. ئەم بوونەوەرە دۆخى نەبوون(یان سرەوت لەڕووى ئۆرگانییەوە) لەدەستدەدات, سەقامگیرییەکەى پێش هاتنەژیان جێدەهێڵێت, بۆیە هەمیشە سێبەرى نەبوون و نوقسانى بەسەر دیاردەکانى ژیانیەوەیەتى. مادام خەسان لەسەرەتاوە هەیە, چەپاندن(Repression)یش وەک میکانیزمێکى بەرگرى دووستدەبێت بۆ ئەوەى مرۆڤ بەرگەى خەسانە گەورەکە و هەموو وردیلە خەسانەکانى ترى ناو ژیانیشى بگرێت. واتە چەپاندن وەڵامى ئەم بوونەوەرەیە بە ڕووى ئەو بەشە گەورەیەى بووندا کە لەدەستیداوە و هەر دەبوو وەک بەڵگەنەویستێکیش لەدەستیبدات. هەروەها لێرەوە قسەکەى سۆفۆکڵیس(بەختەوەرى ئەوەیە لەدایکنەبیت), وەک پەیوەندیی فەنتازیایی کەسێک دەردەکەوێت بە شوێنە مەعدووم(عەدەمەجێ) و دەرە-بوون-ـەکەى خۆیەوە. واتە خەیاڵ بەو شوێنەوە دەکات کە خۆى هێشتا نەهاتووە, گەرنا ئەو کەسە ئەزموونییە بوونى نیە بەختەوەریی خۆى لەڕێى نەبوونیەوە بچێژێت. جا "گرێى ئۆدیب"یش کە ڕەشنووسە سادە و پێش‌تیۆرییەکەى هەر لە سۆفۆکڵیسەوە هێنراوە, بەر لەوەى بارگە ماناییەکانى لە چەمکى "خێزان و باوك"دا بەهەدەربچێت, باسى سنوردارێتیی چێژ دەکات لە جیهاندا و بۆ ئەمەش ناچارین چیرۆکەکە بەناو سێکوچکەى خێزاندا(دایک-باوک-مناڵ) ببەین. خێزان لێرەدا فاکتێکە نەک جەبرێکى دەستکرد. واتە ڕاستییەکە دەبێتە دەروازەى جیهان بۆ مرۆڤ لە مناڵییدا. ئێمە لە پۆڵێنە وجودییەکەماندا ناتوانین بەرد یان درەخت بین, بۆیە ناچارین ڕووداوەکانى ناو خێزان وەک بونیادى خۆمان قبوڵکەین. ئەو چەپاندنەى لە گرێى ئۆدیب‌دا قبوڵیدەکەین, قبوڵکردنى سنوردارێتییەکى گەورەترە کە بە جیهانەوە هەمانە و هاوکات بەنیسبەت پانتاییە مرۆییەکەشەوە ڕۆڵى زەمینەسازییەک دەڕەخسێنێت بۆ درووستبوونى یاساى پێکەوەبوون و دابەشکردنى چێژ لە پەتییترین واتاى خۆیدا. تا ئێرە, چەپاندن واتە هەوڵێک بۆ ئاساییکردنەوەى پەیوەندییە هەژێنەرەکەى ئێمە پاش لەدایکبوونمان. بۆیەشە بەگشتى باسى شتەکە دەکەین, تاکو ئەگەرێک بکرێتەوە بۆ فراوانبوونى ماناى چەمکەکە.

هەروەها چەپاندن پتر لە غیاب دەچێت. وەک ئەوەى کاتێک وشەیەک گۆدەکەین, لەولاوە بێشومار وشە دەچەپێت یان لە ڕووبەرى چەپێنراودا دەژى(گەرچى گەڕانەوەى چەپێنراو توند و تراوماییە). جیهان بۆ ئێمە دەریایەکە لە شتى چەپێنراو کە بەشێکیان ئیمکانى ئەوەیان هەیە بێنە ژێر توانا و تێست و ئەزموونەکانمانەوە. واتە لە غیابەوە بێنە ناو حزوورى مرۆییمانەوە. بەڵام کاتێک ئەمەش ڕوودەدات, هەمیسان چەپێنراوەکان یەکیان جێى خۆى بۆ ئەویتریان چۆڵدەکات و ئەم گەمەیە قەت کۆتایینایەت. کاتێک لە مرۆڤێکى سەرشەقام ورددەبیتەوە, تێدەگەیت بەشێک لە چەپێنراوەکان دەژى و بەشێکى زۆریشى وەک بژاردەى دوورەدەست جێهێشتووە. لەلایەکى تریشەوە, چەپاندن نەک ڕۆڵى کەمى, بەڵکو ڕۆڵى زیادەش دەگێڕێت. هەر لە قۆناغەکانى گەشەى دەروونى و سێکسیی مرۆڤدا, شتێک لە قۆناغى پێشتر دەمێنێتەوە(کە چەقین یان گەڕانەوە درووستدەکات). چەپاندن, نیشانەى ناکۆکبوونى ئێمەشە لەگەڵ دونیا بە هەموو وردەکارییەکانیەوە. کاتێکیش زمان دەبێتە نێوانگرى ئێمە و جیهان, چەپاندن شتێک نیە بوەستێت, بەڵکو لەژێر کۆمەڵێک ناودا سەرەتاتکێ دەکات: وەدەرنان, تراوما, دووبارەکردنەوە, دواخستن, و هتد. هاوکات چەپاندن ئەو دیاردەیەشە هەریەکە لە مرۆڤەکانى سەر ئەم هەسارەیە دەگۆڕێت بۆ کەسى عوسابى(نیورۆتیک). هەموو مرۆڤێک ڕێژەیەک لە نەخۆشیی عوسابى تیایە, چونکە ڕێژەیەک لە چەپاندنى هەڵگرتووە. بە زمانێکى کەمێک پسپۆڕییتر بیڵێین, کاتێک ئیگۆ و سوپەرئیگۆ دەبنە بەربەستى بەردەم ئید(و غەریزە حەیوانییەکان), ئیدى ئەم بوونەوەرە لە ئازادیی تەواوەتیی چێژ بێبەشدەبێت و نەخۆشدەکەوێت. بەڵام نابێت بکەوینە ئەو دۆخە ساویلکانەیەشەوە کە پێمانوابێت گەر ئەم بوونەوەرە ئازادیی ڕەهاى هەبووایە, ئەوا دەستى بە چێژى تەواوەتى دەگەیشت. بۆیە چەپاندن لە هەردوو بارەکەدا, وەک زەروورەتێک دەردەکەوێت. هۆیەکەشى ئەوەیە کە مرۆڤ بەرگەى چێژى ناکۆتا ناگرێت و بوون و دەرووندرووستى و مانەوەى دەکەوێتە مەترسییەوە. بەم مانایە, ڕێژەیەک لە عوساب بۆ ڕاگرتنى مرۆڤ پێویستە. شارستانییەت خۆى کارگەى بەرهەمهێنانى مرۆى عوسابییە, بەڵام ناشتوانین وێناى دۆخێکى پێش‌شارستانی بکەین کە پێکەوەبوون هەبووبێت بەڵام چەپاندنى تیا نەبووبێت و ئەم بوونەوەرەش ئاسودە بووبێت. لێرەدا داکۆکییەکە لە ڕێژەیەک چەپاندنە کە پێکەوەبوون بڕەخسێنێت. گەر بێتو چەپاندن نەبێت, ئێمە ناگەینە ئازادی و دەرووندرووستى, بەڵکو تووشى دەروونپەشێوى(سایکۆسیس) دەبین. چەپاندنى پێویست ئەودەم ڕۆڵە ئەرێنییەکەى خۆى دەردەخات کە لە کۆمەڵگادا ڕێکبخرێت و دیوە حەیوانى و بایۆلۆژى و چێژخوازەکەى مرۆڤیش مافى خۆى وەرگرێت.

چەپاندن لەلایەکەوە دیاردەیەکى ئاسایی ماتریاڵییە و لەلایەکى تریشەوە تێگەیەکى کەمتر نائاساییە. فرۆید, چەمکەکە بۆ مرۆڤ بەکاردەهێنێت کە بوونەوەرێکى بایۆلۆژى-سایکۆلۆژى-سۆسیۆلۆژییە, بەڵام زیادەیەکیشى لێ دەمێنێتەوە کە لە فاکتەکانى سەر بەم سێکوچکەیەدا گیرناخوات. فرۆید نەهات زاراوەکە لە سایکۆلۆژیادا گیربدات, بەڵکو بردییە نێو ئەو نەخشەهێڵە تیۆرییەوە کە پێى دەوت: میتاسایکۆلۆژیا. میتاسایکۆلۆژیا, وەرگرتنى سایکۆلۆژیا و دەروونشیکارییشە, بەڵام بە ئیزافەى "میتا"يەک. میتا واتە ئەودیو(یان سەروو), بەڵام ئەم میتایە ڕۆیشتن نیە بۆ ئەودیوێکى میتافیزیکى و غەیبى, بەڵکو مانەوە و گیرسانەوەیە لەناو ئایدیاکاندا. واتە شتانێک هەن لە جەستە زیاترن و دەبێت لەڕێى ئایدیایەک یان پرەنسیپێکى سەروو-سایکۆلۆژییەوە بیرى تیا بکەینەوە کە پێدراوەکە هەر ئەو جەستە و دەروونەیە وا لەبەردەستماندایە. میتاسایکۆلۆژیا, ئاڵنگاریی هەرەگرنگى فرۆید بوو بۆ چەمکى میتافیزیک لە فەلسەفەدا. گەر میتافیزیک لە بوون بکۆڵێتەوە وەک بوون, لە سرووشتى بوون بکۆڵێتەوە, لە هۆکارى نەگۆڕ و کۆکەرەوەى پشت بوونەوەران بکۆڵێتەوە, ئەوا میتاسایکۆلۆژیاش لە یاسا نەگۆڕەکان و پرۆسە گشتییەکانى پشت کۆئەندامى دەروونیی مرۆڤ دەکۆڵێتەوە. ئەو پرۆسە دەروونییانەى وا پەیوەندییەکانیان لەسەر بنەماى سێ ڕەهەندى سەرەکی وەستاوە وەک ئیکۆنۆمیک(ئابوریی خەرجەوزە و بڕى سەرفکردنى وزەى دەروونى), تۆپیک(شوێنى ئەندامە دەروونییەکان), دینامیک(هێز و تواناى دەروونیى کۆئەندامەکە لە دابەشبوونى وزەکەدا). بە مانایەکى تر, نەست جێى بوونى فەلسەفى دەگرێتەوە[1]. میتاسایکۆلۆژیا وەک فەلسەفە لەسەر ئاگایی چڕنابێتەوە, بەڵکو لەسەر برینە بونیادییەکەى ئاگایی دەوەستێت کە نائاگایی(یان نەست)ـە. چەپاندن بەم پێیە, لەنێوان هەرسێ ڕەهەندەکەدا هاتوچۆدەکات و بڕى وزە دەروونییەکە بەپێى کۆئەندامە دەروونییەکە و هێزى هەر ئەندامێک خەرجدەکات یان دەکشێنێتەوە. بەپێى ئەم سێ مۆدێلە, دوو چەمکى سەرەکیی وەک چێژ و ژان لاى مرۆڤ ڕێکدەخرێت و ئامانجى چەپاندن دەبێتە کەمکردنەوەى ژان و کەمبوونەوەى ژانیش بە واتاى چێژ دێت(چێژ لە دوائاکامدا سرووشتێکى بۆش و نێگەتیڤى هەیە نەک پۆزەتیڤ). دەیان چەمک و ناو لەنێوان ئەم سێ مۆدێل و ڕەهەندەدا پێناسەدەکرێن و چارەنووسى مرۆڤیان پێوە بەندە. لێرەوە دەتوانین بڵێین گەر ئەرستۆ یەکەم میتافیزیککارى گەورە بووبێت, ئەوا «فرۆید یەکەم میتاسایکۆلۆژیست»ـە. هەروەها هەر لێرەوە چەپاندن نرخێکى میتافیزیکیی هەیە بە واتا فەلسەفییەکەى نەک دینییەکەى. فرۆید یەدەکى خۆى وەرگرتبوو بەرامبەر بەوەى ڕۆژێک دێت بەشێوەیەکى سنوردار و ساویلکانە, فاکت دەخرێتە جێى حەقیقەت کە یەکەمیان بەشەکییە و دووەمیان گشتەکى و میتا-فاکت.

هەروا بێتەوە چەپاندن, ئاماژەیەکى شاراوەشە بۆ ئەوەى مرۆڤ هاوکات نیە بە خۆى, کۆمەڵێک لە پارچە مرۆییەکانى بەجیا لە ئاگایی ئەو ئیشدەکەن. ئەو ڕێک لەو شوێنکاتە ناژى کە تێیدایە, بەڵکو لە هاموشۆیەکى پڕ سیگناڵدایە بە ڕابردووشیەوە یان داهاتوویەوە. چەپاندن بۆیە هەیە, چونکە لەناو کات و شوێندا ڕیزێک چانسمان هەیە کە ناکەونە یەک پنتەوە. واتە خۆمان ڕێکدەخەین تا وزە دەروونییەکە بەشبەش و بەپێى کەمترین زیان, خەرجبکەین. ڕەهەندە چەندایتییەکەى دونیاى مۆدێرن هەر لە پارەدا کورتنەبووەتەوە, بەڵکو لەوەش بنەڕەتییتر لە وزەى دەروونییشدا ئامادەیە: وەکچۆن پارە لەلایەن مرۆڤەوە خەرجدەکرێت, لە دەروونشیکاریی فرۆیددا وزەش خەرجدەکرێت و کۆمەڵێک میکانیزم هەن بۆ ئەم خەرجکردنە. زاراوەى خەرجەوزە(یان خاڵیکردنەوە و خەرجیی وزەى دەروونى), ماناى ئەوەیە لە باشترین حاڵەتدا ئێمە بەپێى دەرووندرووستییمان وزە خەرجدەکەین. کەمى و زیادییەکەى, سەردەکێشێت بۆ نەخۆشى و سەمپتۆمى جیاجیا. لەڕووى ماتریاڵى-کۆمەڵایەتییشەوە, دەشێت کەسێک خەون بە خەرجکردنى پارەوە ببینێت لە شتێکدا, کە هاوکات خەرجکردنى وزەیەکى دەروونییە بۆ شتێک بەڵام چەپاندن وایکردووە لە بێدارییەوە بیباتە نێو خەونەوە و میکانیزمى جێگۆڕکێى بەسەردا پیادەبکات(کە یەکێکە لە تاکتیکەکانى چەپاندن بۆ ئەوەى کۆئەندامى دەروونیی کەسەکە بەرگەى بگرێت). ڕەنگە سەیرنەبێت بڵێین خەرجەوزە لە خەوندا کە ئارەزوویەکى چەپێنراوى پێ دێتەدى, لە پارەیەک دەچێت کەسەکە ناچارە بەدزییەوە خەرجیبکات و تاسووقى خۆى پێ بشکێنێت. بەڵام تاسەشى وەک پێویست ناشکێت, چونکە خووى بەوەوە گرتووە لە بێدارییدا و بەپێى نیگا کۆمەڵایەتییەکە ئارەزووى بێتەدى. جا بۆیە خەرجکردنى وزە دەروونییەکەى, لە خەرجکردنى پارەیەک دەچێت کە سەردەمەکەى بەجۆرێک بەسەرچووە. لێرەدا پەیوەندیی خەون-بێدارى, پەیوەندییەکە بە خەرجەوزەوە کە بەپێى ئایدیاى چەپاندن کاردەکات. چەپاندن خۆیشى لەو گوتە باوەى شاعیرانى کلاسیک نزیکدەبێتەوە کە پارووە حازرەکەى ئێستا, لە پشکى سبەینێى بەهەشت باشترە(یان: ئەو نانە, نانە ئەمڕۆ لە خوانە). گەرچى هەموو کات وانیە و دواخستن و چەپاندنیش, بڕێک سەلامەتیی سوبێکتى بەدواوەیە و بڕێکى زیاتر لە بەها و مانا و سەرنجام چێژى دەستدەکەوێت.

کاتێکیش ژاک لاکان دەڵێت چەپاندن و گەڕانەوەى چەپێنراو یەک شتن, یەک لە ماناکانى بۆ ئەم باسەى ئێرە بگونجێت ئەوەیە کە بەپێى لۆژیکى دەروون, ئارەزووى ئێمە هەوڵدەدات "هاوکات" بێت. دیارە ئەمە پێچەوانەى خاڵەکەى سەرەوە نیە, بەڵکو دەربڕینێتى بە زمانێکى عاسییتر: ئێمە کاتێک شتێک دەچەپێنین, خۆیشمان لە گرژییەکى دەروونى دەپارێزین بۆیە کاتى گەڕانەوەى چەپێنراوەکە هەمیشە خۆشتر نیە و زۆرجار تووشى گرژییمان دەکاتەوە. بە مانایەکى تر, چەپاندنەکە خۆى گەڕانەوەى چەپێنراوەکەشى لە هەناوى خۆیدا هەڵکۆڵیوە و پێویست بە "کاتێکى تر" ناکات بگەڕێتەوە. واتە چەپاندن هەڵگرى کەلێنێکى بونیادییە کە ئەم کەلێنە بەهۆى گەڕانەوەى چەپێنراوەکەوە کوێرنابێتەوە, بەڵکو خۆى گوزارشتە لەوەى چەپێنراوێک هەیە. لەمەش زیاتر, چەپاندنە و چەپێنراوەکەش گەر بەتەواوەتى ڕووبدەن هەر ماناى ئەوە نیە مرۆڤ گەیشتبێت بە بابەتى تەواوەتیى ئارەزوو. بابەتى ئارەزوو شتێکە لەگەڵ لەدایکبوون(یان دایک)دا لەدەستچووە و ئێمە هەمیشە بەهۆى جێگرەوەکانیەوە هەوڵى "پڕکردنەوە"ى دەدەین. كاتێک لاکان هەموو چەپێنراوێکیش بە "دال"ێک دادەنێت, ئیدى دەردەکەوێت هەموو ئەو شتانەى دەیچەپێنین سەنگێکى فۆرماڵیان هەیە و بەنیسبەت نەستى ئەم بوونەوەرەوە جیاوازییەکى ئەوتۆیان نیە. دال خۆى ڕووى بەرایی و سەرەتایی جیهان و زمانە. بۆیە دەروونشیکارییش لەجیاتیی ئەوەى زانستى هەڵکۆڵینى شتە شاراوەکان بێت, لە کۆتا نوسخەیدا وەردەگەڕێت بۆ "نزیکبوونەوە لە نزیکترین نزیک", "نزيك"ێک کە چارەنووسى ئارەزوومان دیاریدەکات و نابێت زۆرتر لەوە لێى نزیکبینەوە و چەپاندن خۆى ئەم ڕۆڵە بەشێوەى جیاجیا ڕێکدەخات. ئەمەش پێناسەکەى مرۆڤ دادەڕێژێتەوە وەک سوبێکتێک کە «لە کەلێنى نێوان دوو دالدا وندەبێت»(ئالان بادیۆ). واتە مرۆڤ لە تایپە نوێکەیدا, لەنێوان دوو چەپاندندا سەردەردەهێنێت و ئاواش دەبێت, بەرهەمى شوێنەوارى زمان و پانتایی ڕەمزییە, عەبدێکى نەگۆڕ نیە کە یەک ڕاستەهێڵى پتەوى ژیانکردن بگرێتەبەر.  

کاتێک چەپێنراوێک دەگەڕێتەوە, بۆ نمونەیە قسەیەکى چەپێنراو لە دەممان دەردەچێت و لە دەسەڵاتى ئاگایی دەترازێت, ئیدى وزە دەروونییەکە بە پلەى دووەم خەرجدەبێت و ئارەزووەکە لەژێر کەوڵێکى تردا دێتەدى. واتە نەدەکرا ڕاستەوخۆ ئارەزووەکە بەدیبێنین, بۆیە بە نێوانگریی چەپاندن دێتەوە و تێردەبێت. پرسیارێک لێرەدا دێتەئاراوە ئاخۆ ئێمە تا چەند دەتوانین خاوەندارێتى لەو شتە چەپێنراوە بکەین؟ واتە چەندە هى ئێمەیە؟ ئەم پرسیارە بۆ دیدى باو, کەمێک گاڵتەجاڕانەیە, بەڵام لەڕاستییدا کرۆکى دەروونشیکارییە. ڕاستە ئێمە لەو ساتەدا وەک قاڵبێک چەپێنراوەکە لەخۆدەگرین, بەڵام پاڵنەرى زۆر لە پشت ئەو چەپێنراوەوە هەیە و دەکەوێتە دەرەوەى ئێمەوە. قسە ناودارەکەى فرۆید کە دەڵێت عەقڵ(یان ئیگۆ) سەرگەورەى ماڵى خۆى نیە, دەریدەخات ئێمەش تەواو خاوەنى ئەو شتە چەپێنراوانە نین. ئێمە تەنیا لە ئیگۆ پێکنەهاتووین, بەڵکو دوو ڕووبەرى نامۆى ترى وەک ئید و سوپەرئیگۆش بەخێودەکەین. بۆیە چەندە ئەوانیتر بە ئێمە نامۆن, ئەم دوو پێکهاتەیەش هێندە نامۆن. ڕەنگە شێتى یان خەونبینین دوو نمونەى باش بن بۆ ئەوەى تێبگەین ئیگۆ وەک نوێنەرى عەقڵ و ئاگاییمان چەندە ناسکە و بە لاچوونى یەکپارچە پشێوى دێتەئاراوە. چەپاندن لە قووڵاییدا واتە چەپاندنى ئەو بەشەى جیهان و ئەوانیتر کە بۆ ئێمە هەرسناکرێت. فرۆید کاتێک ئاگایی مرۆڤ بە توێکڵى میوەیەک یان ڕووى دەرەوەى تلۆقە(بلۆقە)یەک دەچوێنێت, ئیتر مەبەستى جۆرێک لە دیوارى نێودەرەکییە لەنێوان مرۆڤ و جیهاندا. هەناوى میوەیەک و تلۆقەیەک, تێکەڵەیەکە لە پێکهاتەى ناڕێک و وزەبار و فشارهێن. ناکرێت ئەم پێکهاتەیە بڕژێتەدەرەوە, بۆیە میکانیزمى چەپاندن و خۆگرتن دێتەئاراوە. چەپاندن بەجۆرێک دزەدەکاتە نێو کارەکتەرى مرۆڤەوە کە «ئیگۆى دەکاتە شتێکى ساختە و تاڕادەیەک خەیاڵى»(لاکان). واتە دونیا لەنێو کەسایەتیی تۆدا بەشێوەیەکى نامۆ ئامادەیە. نمونەیەکى هەرەسادە ئەوەیە کە دەتوانیت وەک گریمانەیەکى زەینى ناوەکەى خۆت لەبەرخۆتەوە بڵێیتەوە و لەقووڵاییدا بەر ئەو هەستە دەکەویت کە تۆ, ئەویتریت. یان تۆ ئەوێکى تریت, کەلێنێک دەکەوێتە نێوان هەردوو منەکەوە(ئیگۆ و سوبێکت). ئەو دەنگ و دالەى گۆى دەکەیت, کەلێنى تۆ و دنیاشە. تۆ چنراوى بن دالەکانیت, بەڵام پێچەڵپێچ و نەستەکى و زمانەڕا[2]. ئیگۆى ئێمە شیرازەیەکى لەرزۆک و ناچارییە بە ڕووى دنیادا هەڵمانخستووە و کاتێک بەنێو دونیادا دەڕۆین خۆمان لە پەتاى چەپاندن دەخشێنین.         

ئێمە لە ژیانى خۆماندا ژمارەیەکى زۆر چالاکى ئەنجامدەدەین(یان بەسەرماندا ئەنجامدەدرێت), کە لەبنەڕەتدا دەبوو چالاکییەکى تر بێت. چەپاندن, ڕیزبەندیی چالاکییەکان دەگۆڕێت, بەجۆرێک کە لەگەڵ کەڵکەڵە و ئارەزووە نەستەکییەکانى ئێمەدا بێتەوە. ئەویش بەجۆرێکى هێند پەنهان کە زۆرجار دەمارگیرانە ئەرگۆمێنت و بیانوو بۆ کردارێکى خۆمان دێنینەوە. بەم مانایە چەپاندن, سەرچاوەى "دواخستن"يشه(لە مانا دێرێداييەكەى ديفرانسدا) و لەوەش ئاڵۆزتر. چەپاندن وەک پرۆسەیەک دەگوزەرێت, بەڵام دەستێوەردانى ئێمەش دەتوانیت شتێک لە پرۆسەکە بگۆڕێت. بۆنمونە, ئەو وێنە کەمتازۆر خەیاڵییەى بۆ شوناسى خۆمان هەمانە, کەمێک جێگیرى بە پرۆسەى چەپاندن دەبەخشێت. نەک بەو مانایەى کە پچڕانى بنەڕەتیی تێدەخەین, بەڵکو دەکەوینە پەیوەندییەکى ڕێژەییەوە لەگەڵ ئاراستەکەیدا. چەپاندن ئەو ڕووەشى هەیە کە نەبوون لەناو هەموو ئارەزووەکانماندا لانەدەکات, بۆیە چەمکێکى ناسراوى وەک سەمپتۆم(نیشانەى نەخۆشى) دێتەکایەوە و هەر سەمپتۆمێک بەنیسبەت مرۆڤەوە بریتییە لە نە-بوونى تێر-بوون-ێک. وەکبڵێى چەپاندن دیوێکى ئۆبێکتیڤ و دەرەکییشى هەیە و ئاماژەیە بۆ ئەوەى کە نە هەموو دونیا هى ئێمەیە و نە ئێمەش بەتەواوى دەبینە هى دونیا. نەست لەمە تێناگات, بۆیە چەپاندن وەک جۆرێک لە تێگەیشتن و سازش دێتەئاراوە. لەنێو شارستانییەتیشدا جارێکى تر کە باوک دەکوژرێت هەمیسان تێدەگەین هەموو کۆمەڵگا بە ئێمە قوتناچێت.

چەپاندن, بە ماهیەتى خۆى دیاردەیەکى بەشەکى نیە بەڵکو گشتەکییە. هەتا لە ئینجیلدا دەوترێت «سەرەتا وشە بوو», ئەوە دێت بە زەینماندا سەرەتا "چەپێنراوێک" هەبوو. ئەم ڕستەیە زۆر پاتەکراوەتەوە: سەرەتا کردار بوو, سەرەتا دەنگ بوو, سەرەتا ئەوین بوو, سەرەتا بێدەنگى بوو و هتد. ناوە بونیادییەکەى فرۆید-لاکان بۆ ئەم سەرەتایە بریتییە لە چەپێنراوێک. سەرەتا چەپێنراو بوو. بۆیە فرۆید ڕاشکاوانە ناویدەنێت: چەپاندنى سەرەتایی. لە واقیعى مێژوویی و کۆمەڵایەتییشدا  چەپێنراوێک هەیە. بۆنمونە بۆ درووستکردنى حیزبێک, پیشەیەک, دینێک, هتد. چەپێنراوێکى بونیادى پێویستە. تواناى سوبێکت هەر هێندەیە بۆ تێگەیشتن لە سەرەتا و پێویستى بە چەپێنراوێکە کە هەمووکات خۆى ئاگایانە بڕیارى لێ نادات. نەک ئەوەى شتێک هەیە لەم شاراوەتەوە, بەڵکو دەبێت پنتێکى چەپاندن هەبێت سنورى سوبێکت بۆخۆى دیاریکات. ئەوەى زۆر نامۆیە و کەوتووەتە دەرەوەى سوبێکتەوە, پێشوەخت هى ئەویشە: چەمکى "غەریبە" لاى فرۆید هەڵگرى بێشومار ماناى فەلسەفییە. ئەوەى بە تەواوى نامۆیە و هى ئێمە نیە, ئەگەرى هەیە لەڕێگەى گەڕانەوەى نامۆ چەپێنراوەکەوە بمانشڵەژێنێت. لەبەر ئەوەشە لە بنکى زاراوەکەى فرۆید خۆیدا, هەردوو ماناى ئاشنایی و نامۆییش هەیە. فرۆید کە بەهۆى هیستریاوە بەردى بناغەى دەروونشیکارییەکەى خۆى داڕشت, لە نەخۆشەکەدا شتێکى چەپێنراو هەبوو کە دەکەوتە دەرەوەى جەستەیەوە, شتێک بوو بیر-نەدەهاتەوە, نەخۆشەکە نەیدەویست بیرى بێتەوە, بەڵام شوێنەوارى لەسەر جەستەى حازربوو. جەستە تووشى ناهاوکاتییەک دەهات لەگەڵ خۆى, ئێستا باجى شتێکى دەدا لە دەرەوەى ئێستایەوە. هەتا گەر چەپاندن خۆیشى لەناو مێژووى نەریتەکانى بیرکردنەوەدا وەرگرین, ئەوا هەر نەریت و ناوێک کە دەچێتە ڕابردووەوە, ئەوا بەر چەپاندن دەکەوێت. کاتێک لاکان هەوڵدەدات فرۆید «بەدەستبهێنێتەوە», ئەوا فرۆیدێک بەدەستدێنێتەوە و دەدۆزێتەوە کە "فرۆیدى ڕووت" نيە, بەڵکو فرۆیدى ئالودەیە بە چەپاندن. ئەم چەپاندنە, هیچ بکەرێکى ڕوونى لەپشتەوە نیە, بەڵکو پانتایی شارستانییەت خۆى شتەکان بە پرۆسەیەکى چەپاندندا دەبات و لە دەستپیاگەیشتنى مەى دووردەخاتەوە. هەر شتێک کە دەبێتە ڕابردوو, خۆى لە چەپاندنیش هەڵدەژەنێت. کاتى گەڕانەوە و هێنانەوەشى لەسەر ئەوە وەستاوە کە چ تەماعێکى مێژووییمان بەو شتە هەیە و تا چ ڕادەیەک ئەرکێکى شۆکهێنەرى پێ دەبەخشین.

سەرەنجام خوێنەرى کوردزمان بە شەرمێکەوە باسى چەپاندن دەکات. نەک ئەوەى شەرم بکات گۆى بکات, بەڵکو شەرمێکى ناواخنکراو لە باسەکەیدا هەیە دەربارەى چەپاندن. وەکبڵێى شتێکى قێزەون هەیە و دەبێت بچەپێنرێت, بەڵێ شتێکى قێزەون هەیە و دەبێت بچەپێنرێت, بەڵام نەک ئەوەى لە زەینى ئێمەدا هەیە. ئێمە وا لە چەپاندن تێدەگەین کە هێشتا بەراییە, نێوانگرینەکراوە, شتێک نەبووەتە میدیۆم بۆى, ڕاستەوخۆ و ڕاشکاوە. واتە چەپاندن لاى ئێمە هێشتا دەنگدانەوەیەکى ڕاستەوخۆى کۆمەڵایەتیی هەیە, وشەکە نەچووەتە نێو گوتارى زانستییەوە, ساتى دەربڕینەکەى هێشتا ئالودەیە بە دالى عەیبە-حەرام-قەدەغە. بە واتایەکى تر, چەپاندن لە سەر زارى ئێمە, هێشتا ناو نیە لە ناولێنراوێک, بەڵکو لە خودى شتەکەوە نزیکە, هەردەڵێى خودى شتە چەپێنراوەکە ئەنجامدەدەیت(هێند بەسە بڵێیت فڵان شتم چەپاندووە, ئیدى وەک بکەرى کردنى شتەکە دەردەکەویت). کردارەکەش پتر سێکسى دەردەکەوێت, لەکاتێکدا وەک زانیمان, چەپاندن زۆر ڕووى ترى هەیە و بگرە لەقووڵاییدا هیچ پەیوەندییەکى ئۆرگانیی بە سێکسوالیتەوە نیە. چەپاندن لاى ئێمە وەک جۆرێک دزى دەردەکەوێت, وەک چالاکییەکى ناڕەوا, بەڵام گەر بێتو هەر بەهۆى وشەى دزى خۆیەوە ئایدیاکە ڕاستکەیتەوە ئەوا چەپاندن دزیی ئێمە نیە لە جیهان, بەڵکو دزیی جیهانە لە ئێمە. مرۆڤ ڕاڕادەبێت و کەمێک زیاتر بچێتە پێشەوە و بڵێت: ئێمە ڕەنگە نەچووبینە جیهانە گەورەکەوەیە بۆیە وا تێدەگەین. چوونیشمان بۆ نێو جیهان, لە پێناسەکردنەوەى مرۆڤەوە دەستپێدەکات.

پێموایە بەدەزگایینەبوونەوە و کرچ‌وەرگرتنى ئەم چەمکە, لەبنچینەدا پەیوەندیی بە نەگۆڕانى ماناى مرۆڤەوە هەیە لاى ئێمە(کە نەبووەتە سوبێکت). مرۆڤ لە دیدى ئێمە و بگرە کۆنەستماندا, پێدراوێکى کامڵە. بوونەوەرێکە ئاگامەند و پێرفێکتە, لە ڕاى خوا و بۆ خاترى خەلیقەت جارجارەش هەڵەیەکى لێ دەقەومێت. بۆیە هەر بەم پێیە, ئەوەى مرۆڤ دەیچەپێنێت شتێکى نەشیاو و ناشیرینە و دەبێت بیشارێتەوە. چەپاندن لێرەدا گەر لە باسەکە بیبەینەدەر, خۆى سەمپتۆمى دۆخێکى ترە. دۆخى ئەوەى کە گۆڕانى ڕیشەیی بەسەر پێناسەکەماندا نەهاتووە بۆ مرۆڤ. بۆیە هەردوو واتا کوردى و فرۆیدییەکەى چەپاندن بەشێوەیەکى ڕواڵەتى, ڕێکەوتى یەکتر دەکەن:  چەپاندن لاى ئێمە چەپاندنى ئەو مرۆڤە گەردوونییەیە وا فرۆید وەک پێدراوێک وەریگرت و لە هەموو ڕیشەیەکى میتافیزیکیی پاککردەوە. بۆیە چەپاندنە کوردییەکە پتر لە سەرکوت(suppression)ـەوە نزیکە, ئەوەى کە هەمیشە هەبووە, وەک ئەوەى کەسێک ئاگایانە شتێک سەرکوتدەکات(بۆنمونە لە مارکێتێکدا خۆى لە دزینى شتێک دەپارێزێت), گەرچى لە بن ئەم سەرکوتەشەوە دیسان چەپاندنێکى قووڵتر هەیە و لەگەڕدایە و بۆ کەسەکە خۆى ئاشکرا نیە. ئێمە لەم مانایەى ژێر سەرکوت نزیکنەبووینەتەوە. تێگەیشتن لە چەپاندن, هەنگاوێکە بۆ پێناسەکردنەوەى مرۆڤ و سەرەنجام بەدنیاییکردنەوەشى. واتە چەپاندن نرخێکى مێژووییشى هەیە. بەتایبەت ئەو کاتەى خودئاگاییت بەرامبەر چەپێنراوەکانت هەیە. ڕەنگە چەپێنراو خۆى لەخۆیدا بگەڕێتەوە و هاوکاتیش بوونى هەبێت,بەڵام هەبوونى خودئاگایی مێژوویی بەرامبەر بە چەپاندن, جۆرێکە لە درووستکردنى یادەوەرى‌یش. زۆرجار لە ڕەفتارى کەسى ئاسایی کوردى ورددەبیتەوە کە جگە لە "سێکس", شتى چەپێنراوى ترى پێ گرنگ نیە. شت دەوترێت و ئەنجامدەدرێت و بیردەچێتەوە و هتد. لە ئاستى کۆیشدا, لاموبالاتییەکى زیمنى هەیە دەرهەق بەوەى کام چەپێنراو گرنگە و کامەش نا.  

 بەکورتییەکەى, زۆرێک لە شرۆڤەکاران ئەم چەمکەى فرۆید بە شۆڕشێکى تیۆرى دەزانن. ئێمە ئەو بوونەوەرەین لەسەر ئایدیاى چەپاندن هەڵکەوتووین. ئەو شتەى دەیچەپێنین هیچ نیە, شوێنێکى بەتاڵە, شوێنى جیهانە ئەو کاتەى وەک لوغزێکى بۆش جێى دێڵین. گەر بڕیار بێت باسى نیهیلیزم(هیچگەرایی)ـى فرۆیدى بکەین ئەوا نیهیلیزمێکە لەسەر چەپاندنى "هیچ" درووستبووە. هیچێک کە هەرکەس و لایەنێک چیرۆکێک دەهۆنێتەوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵى. چیرۆکەکە, چارەنووسسازە و هەر دەبێت بیهۆنینەوە.

 سەرەنجام هیچ کۆمیدیایەکى تیا نیە بێین و درووشمە بێکێتییەکە داڕێژینەوە: گەرچى چەپاندن لە دەرەوەى "تۆ"وە دەگوزەرێت, بەڵام بیچەپێنە, ئەمجارەیان باشتر بیچەپێنە.

    

 

 

 

 


[1] . بۆ زانیاریی وردتر, فەلسەفە و دەروونشیکارى, ئالان بادیۆ, بەرگى شەشەمى زنجیرە بەرگى نێگەتیڤ, ٢٠٢٠, ڕەهەند.

[2] . لەسەر کێشى وشەیەکى شەعبیی وەک: دارەڕا, وێڕاى ئەوەى هەریەکەیان بەجۆرى خۆى ڕوویەکى مادیی هەیە: زمان و دار هەردووک بە شێوەى خۆیان دیاردەى ماتریاڵیین.