A+    A-
(1,024) جار خوێندراوەتەوە

ئەدۆرنۆ و مالیخۆلیا

 

 

 

 

 

 

عەلی عەباس‌بێگی

وەرگێڕانی: شێروان ئیبراهیم

 

 

 

 

 

 

بێگومان تەنها لە شەخسی‌تریین بەرهەمی ئەدۆرنۆوە «ئەخلاقی بچوک»[1]، دەتوانین بانگەشەی ئەوە بکەین: «ئەم دیارییە لە هەناوی زانستێکی مالیخۆلیاییەوە»[2] سەرچاوەیگرتووە. تیشکخستنەسەر ڕەهەندی شەخسیی بەرهەمەکان، ڕێگەخۆشکەرە بۆ تێگەیشتن لەو زانستە مالیخۆلییەی «لەمێژە وەک قەڵەمڕەوی ڕاستەقینەی فەلسەفە» هەژمارکراوە. «ئەخلاقی بچوک» بەزۆری ڕەنگدانەوەی ڕووداوە ڕۆژانەییەکانی ژیانی ئەدۆرنۆیە، بەڵام ئەوەی لە ژیاننامەیەکی ڕووت جودایدەکاتەوە، کۆششی ئەوە بۆ تێگەیشتن لەوەی تاکێتی لەسایەی هەلومەرجی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریی دواییندا[3] چ مانایەکی هەیە؟ هەر لەم ڕوانگەیەوە، کەڵک لە ئەزموونە بەشەکی و شەخسییەکان وەردەگرێت، لەڕێگەی ئەم ئەزموونانەوە دیاردەکانی شێوان و شکڵگۆڕکێی ناو ژیانی مۆدێرن پیشاندەدات.

بە پلەی یەکەم، ئەم زانستە مالیخۆلییە بەرامبەر زانستی شاد ـی نیچە ماناوەردەگرێت. لە زانستی شاد ـی نیچەدا، لەناو جەرگەی ئایدیای گەڕانەوەی ئەبەدییەوە، هەمیشە ڕووبەرێک هەیە بۆ بەڵێ‌گۆیی بۆ ژیان و پێشوازیکردن لە ژیان. گەڕانەوەی ئەبەدی، یان ئەو ئایدیایەی گوایە ژیان چەندین جار و لە بچوکتریین بەشدا دووبارەدەبێتەوە، لەبنەڕەتدا «حەدس[4]ـێکە بەرامبەر جیهان، گوزەرکردنی کات، نەمری». لەم ڕووەوە، دەتوانین بگەینە ڕوانگەیەک لەمەڕ جیهان وەک «گشتێکی خۆ‌ژێن[5] و خۆڕاوەستاو». هەروەها گەڕانەوەی ئەبەدی «بۆ هەمان ژیان بە گەورەترین و بچوکترین» شتەکانییەوە، هەم ئەندێشەی نەمری و ڕزگاربوونی ڕۆژی دوایی ڕەتدەکاتەوە، هەم دەرخەری ئەو شتەیە وا دەکرێت وەک ئایدیای «مانەوە لەم جیهانە»ـی نیچە لێی بڕوانین.

کەوایە ئەم جیهانە خۆ‌ژێن و خۆڕاوەستاوە، مرۆڤی بەهێز «واتە مرۆڤی دیۆنیزیۆس[6]ـیی ڕاستەقینە، سەرسەختانە و دلێرانە و تەنانەت بەشادییەوە بەڵێ‌گۆیی بۆ جیهان دەکات، ئەو دوورەپەرێزییە توڕدەدات کە نیشانەی دەستەپاچەییە». بەڵام بەگوێرەی تیۆرەکانی ئەدۆرنۆ، بەهۆی درۆیینەبوونی ناوەکیی کۆمەڵگەوە، بەڵێ‌گۆیی وەڵامێکی ناپێویست و نەگونجاوە بەرامبەر ئەزموونی ئەم کۆمەڵگەیە. بەپێچەوانەوە، دەبێت کۆمەڵگە بدرێتەبەر ڕوانینێکی ڕەخنەگرانە. بە گریمانەکردنی بانگەشە سەرەکییەکەی ئەدۆرنۆ سەبارەت بە سرووشتی ئایدۆلۆژییانەی کۆمەڵگە، دەتوانین بڵێین: دەسگەیشتن بە ڕوانینێکی ئۆبێکتیڤ و ڕەخنەگرانە سەبارەت بە کۆمەڵگە چیتر کارێکی ئاسان نییە. بەڵام دەتوانین ڕوانگەیەکی دیکە لە زانستی مالیخۆلییەوە وەدەست بخەین[7]. ناونیشانی لاوەکیی کتێبی «ئەخلاقی بچوک»، بریتییە لە: ڕەنگدانەوەی ژیانێکی وێران. ئەم ناونیشانە، ڕاگەیاندنی چارەنووسێکە بەسەر هەمان ئەو شتەدا هاتووە وا ماوەیەک بە قەڵەمڕەوی ڕاستەقینەی فەلسەفە دادەنرا. ئەم ڕاگەیاندنەی گوایە ژیان وێرانبووە، هاوکات گوزارشتە لەو چارەنووسەی دەبێت فەلسەفە قبووڵی بکات لەپێناو پابەندبوونی بە حەقیقەتەوە: لەدەستچوونی ئۆبێکت_بابەتەکەی. بەدەربڕینێکی دی، فەلسەفە ماوەیەک ژیانی کردبووە ئۆبێکت_بابەتی خۆی و فێرکردنی ژیانێکی باشی کردبووە پەیامی خۆی؛ بە وێرانبوونی ژیان، ئۆبێکتەکەی خۆی لەدەستداوە و ئەمەش دەیکات بە زانستێکی مالیخۆلیایی. لێرەوە، ئەگەر فەلسەفە بخوازێت بەرامبەر حەقیقەتەکەی وەفادار بێت، هاوشێوەی کەسی مالیخۆلی وا ناتوانێت دەستبەرداری ئۆبێکتە لەدەستچووەکەی بێت، دەبێت ژیان لە فۆرمە وێرانەکەیدا وەک پاشماوەی ئۆبێکتی لەدەستچوو بپارێزێت، تاوەکو بەرامبەر حەقیقەتی خۆی وەفادار بمێنێتەوە. لێرەدا، گومان‌هەڵنەگرە ئەوەی فەلسەفە لەمڕۆدا دەتوانێت بەرامبەر ئەم لەدەستچوونە بیگرێتەبەر، گەڕانە بەدوای وێرانە و کەلاوەکانی ژیاندا، وەک گوزارشتکردنێکی نەرێنی لەو شتانەی لەدەستچوون یان ناوەڕۆکی ئومێدەکانمانن. دەتوانین بگەینە ئەنجامگیرییەک: ئەو فەلسەفەیەی خۆی لە هەوڵدان بەدوای وێرانەکاندا سنووردار کردووە، هەمان ئەو زانستە مالیخۆلییە وا ناتوانێت دەستبەرداری ئۆبێکتەکەی بێت. هەنوکە دەتوانین بپرسین: سوبێکتی ئەم زانستە مالیخۆلییە کێیە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە بەندە بە پێگەی تاکەوە لەناو پەیوەندییەکانی ژیانی مۆدێرندا. وەک پێشتر گوتمان، ئایدیای ژیانی وێران بریتییە لەو خاڵە سەنتراڵەی دەبێت ئایدیاکانی هاوشێوەی تاک و پێگەی وی لەچوارچێوەیدا بخوێنینەوە. ئەدۆرنۆ لە کتێبى «ئەخلاقی بچوک»ـدا بڕوای وایە ژیان گۆڕاوە بۆ «قەڵەمڕەوی ژیانی تایبەت، هەنوکەش گۆڕاوە بۆ قەڵەمڕەوی بەکاربردن و یەکێک لە پاشکۆکانی بەرهەمهێنانی ماتریاڵی»[8]، بەبێ ئەوەی خاوەنی هیچ خۆسەری و سەربەخۆیی و جەوهەرێک بێت. گریمانە مالیخۆلیاییەکەی ئەدۆرنۆ لەسەر بنەمای لەدەستچوونی ژیان، ئاراستەیدەکات بەرەو جێگەیەک لەبری دەستپێکردن لە تێڕوانینێکەوە لەمەڕ ژیان، هەمان فۆرمە نامۆبووەکەی ژیان بکات دەسپێک و بانگەشەی ئەوە بکات: «هەرکەس بیەوێت حەقیقەتی بێ‌نێوانگیری ژیان بناسێت، ئەوا پێویستە فۆرمە نامۆکەی ژیان، یاخود ئەو هێزە ئۆبێکتیڤانەی تەنانەت شاراوەتریین ڕەهەندەکانی بوونی تاک دیاریدەکەن بەوردی بپشکنێت»[9]. ئەم فۆرمە نامۆبووەی ژیان، لەلایەک، وەهمی خۆسەریی و هەندێک سەربەخۆیی لەناو تاکدا دەچێنێت؛ لەلایەکی دی، ئیمکانی ڕۆڵگێڕان وەک سوبێکت دەبەخشێتە ئەو مرۆڤانەی هیچ نین جگە لە بەشە پێکهێنەرەکانی پرۆسەیەکی ماشێنی، وەک ئەوەی هێشتا شتێکیان بەدەستەوە مابێت.

هاوکات ئەدۆرنۆ بڕوای وایە، ناکرێت «قەڵەمڕەوی ژیانی تایبەت» یان «قەڵەمڕەوی بەکاربردن» وەک بەشێکی ڕاگوزەری بەرهەمهێنان هەژمار بکەین. «گۆڕان لە پەیوەندییەکانی بەرهەمهێناندا، تاڕادەیەکی زۆر بەندە بەوەی لە «قەڵەمڕەوی بەکاربردن»، لە قەڵەمڕەوی ڕەنگدانەوەی بەرهەمهێنان و کاریکاتێری ژیانی حەقیقیدا ڕوودەدات: لە ئاگایی و نەستی تاکدا. مرۆڤەکان تەنها لەڕێگەی بەگژاچوونەوەی بەرهەمهێنانەوە، وەک کەسانێک هێشتا نوقمی ئەم سیستەمە نەبوون، دەتوانن سیستەمێکی شایستەتر بەدی بهێنن»[10]. بەلای ئەدۆرنۆوە ئەم ئاگاییە ناڕوونە هەر لێرەدایە، سەرکەوتنی «دەعبای بەرهەمهێنانی ڕەها» بەندە بە ونبوونی وێنەی ژیانەوە.

بەڵام بۆچی ئەم ئاگاییە ناڕوونەی لەبنەڕەتدا دەرکەوتنی بەرەنگارییە، ناتوانێت لە سوبێکتەوە دەستپێبکات؟ بەگوێرەی ئەدۆرنۆ «ئەم ئۆبێکتیڤیتە سەراپاگیرەی جووڵەی مێژوویی لەم قۆناغەدا، هیچ نییە جگە لە پووکانەوەی سوبێکت بەبێ پەیدابوونی سوبێکتی نوێ. لێرەوە، ئەزموونی تاکەکەس بەناچاری خۆی لەسەر بناغەی ئەو سوبێکتە کۆنە دادەڕێژێتەوە وا مەحکومی ساتە مێژووییەکانە، ئەو سوبێکتەی وا ئێستا چیتر بۆ_خۆ[11] ـیە نەوەک لەناو_خۆ[12]»[13]. ئەم سوبێکتە نوێیە خودئاگایی هەیە بەڵام جەوهەری نییە، ناتوانین وەک بوونێکی سەربەخۆ لێی بڕوانین. ڕووداوەکانی سەدەی بیستەم، بەتایبەت کامپەکانی کاری زۆرەملێ، بەتاڵی و پووچیی سوبێکتی سەلماند و دەریخست «سوبێکتیڤیتە خۆبەخۆ بەرەوپێش دەچێت». ئەوەی ڕوودەدات پەیوەستە بە سوبێکتەوە، بەوەی خۆیشی وەک ئۆبێکتی تێڕامانەکەی وێرانبووە؛ بەدەربڕینێکی دی، مێژووی پەیدابوونی تاکی سەربەخۆی بۆرژوازی یەکانگیرە لەگەڵ مێژووی پووکانەوەیدا.

بەڵام ئەم سوبێکتانەی لەم شیکارییانەی ئەدۆرنۆدا دەردەکەون، چ پەیامێکی فەلسەفییمان پێدەبەخشن؟ ئەدۆرنۆ لە بەرهەمە فەلسەفییەکانی پێشووییدا ئاماژە بەوە دەکات، پێداگری لەسەر بونیادی سوبێکت_ئۆبێکت، خۆدزینەوەیە لە مەیلە سوبێکتیڤەکانی ناو فەلسەفە. هەروەک بەبڕوای وی، هەبوونی ئەو دوو جەمسەرەی سەرەوە بەبێ لاوازکردنی هیچ کامیان، پێشمەرجی هەموو ئەزموونێکە. بەگوێرەی ئەم بونیادە، سوبێکت لە پەیوەندییەکەیدا بە ئۆبێکتەوە توانای کردەی نییە، هەروەها ئۆبێکت بە نێوانگیری کاتیگۆرییەکانی سوبێکت شیکاری‌ناکرێت. یەکێک لەو کێشانەی سوبێکتیڤیزم بەردەوام بەدەستیەوە ڕەنجەڕۆیە، بریتییە لە دەسەپاچەیی وی لە ڕاڤەکردنی سروشتە بەشەکییەکانی ئۆبێکت، هەر ئەمەش وا دەکات سڕینەوە و ئاوێتەکردنی ئۆبێکت لەناو سوبێکتدا بەنێوانگیریی کاتیگۆرییەکانی سوبێکت نامومکین بێت. لێرەدا، ئەدۆرنۆ تێزی «بەرتربوونی ئۆبێکت» پێشدەخات، بەوەی ئۆبێکتەکان لەناو تێگەکاندا قەتیس‌ناکرێن و لەگەڵ تێگەکاندا یەکناگرنەوە. لێرەوە، ئەو ڕاڤەیەی بۆ پەیوەندیی سوبێکت_ئۆبێکت، یان ئەزموون پێشنیاریدەکات، هاوشانە لەگەڵ پێداگریکردن لەسەر ناچوونییەکی[14] نێوان تێگە و ئۆبێکت. لای ئەدۆرنۆ، ئەم تێزە هاوشانە لەگەڵ ئەو ئەنجامگیرییەی گوایە ئەزموون ڕەهەندی ناچوونیەک لەخۆدەگرێت، لێرەدا بەشە بایەخدارەکانی ئۆبێکت دەبنە ڕەگەزێکی گرنگی ئەزموون. لەسەر ئەم بنەمایە، ئەدۆرنۆ بانگەشەی ئەوە دەکات نێوانگیریی[15] دەتوانێت ببێتە ئەم بونیادە بۆ ئەزموون کە لایەنە ناچوونیەکەکان لەبەرچاودەگرێت و ڕەهەندە ناچوونییەکەکانی پەیوەندیی نێوان سوبێکت_ئۆبێکت دەپارێزێت. لە نێوانگیرییدا هەریەکە لە سوبێکت و ئۆبێکت یەکتر پێکدەهێنن: سوبێکت و ئۆبێکت هەریەکەیان «ناچارە ئەویتر وەک گشت ببینێت». لە ئەنجامدا، بەگوێرەی ئەدۆرنۆ، ئۆبێکت زیاترە لەو شتەی لەڕێگەی تێگەکانی سوبێکتێکی بەشەکییەوە دەستنیشانکرێت، هاوکات ئۆبێکت تاڕادەیەک بەنێوانگیریی سوبێکتێک دەستنیشاندەکرێت و لەڕێگەی ئاگاییەوە درکدەکرێت. بێگومان ئەم ئایدیایەی ئەدۆرنۆ گوایە ئەزموون چۆنایەتییەکی تێگەیی هەیە، جێگەیەک بۆ ئامادەگیی سوبێکت دەپارێزێت. ئەو بانگەشەیەی گوایە ئۆبێکت بەنێوانگیریی ئاگایی درک دەکرێت، مانای وایە ئاگایی پێوەرێک بۆ زانین فەراهەمدەکات و لەڕێگەیەوە ئۆبێکت دەبێتە بابەتی هەڵسەنگاندن و داوەریی. «ئۆبێکتێک تەنها بەنێوانگیریی سوبێکتێک وێنا دەکرێت، بەڵام هەردەم جیاوازە لە سوبێکت». بەدەربڕینێکی دی، ئۆبێکت بەنێوانگیریی درکدەکرێت، بەڵام لەڕێگەی سوبێکتەکەیەوە[16]. لەم ڕووەوە، سڕینەوەی سوبێکتیڤیتە لە بیرکردنەوەدا هێشتا نامومکینە، سوبێکت هەمیشە وەک چەشنێک لە بەرەنگاری خۆی دەنوێنێت. ئەدۆرنۆ لە کتێبی «ئەخلاقی بچوک»ـدا، تیۆری نێوانگیریی بۆ بەرجەستەکردنی ڕەهەندە ناچوونییەکەکانی ئەزموون بەکاردەبات. هەروەها دەتوانین بڵێین، تیۆری نێوانگیری و ئایدیا هاوشانەکانی، وەک ناچوونیەکی، پەیوەندیی نێوان سوبێکت_ئۆبێکت، نەسڕینەوەی ئاگایی سوبێکت و قەتیسنەبوونی ئۆبێکت؛ پێکەوە سیستەمێک دەخوڵقێنن کە دەربڕینە فەلسەفییەکەی بریتییە لە زانستی مالیخۆلیایی. لێرەدا بۆ تێگەیشتنێکی باشتر لەم زانستە مالیخۆلیاییە، باشتر وایە شیکارییەکەی ئەدۆرنۆ لە کتێبی «ئەخلاقی بچوک» بۆ دیاردەیەکی ژیانی مۆدێرن، واتە عەشق، بخەینە بەرباس.

پرۆسەی گۆڕانی ژیان بۆ ژیانی تایبەت، گوزراشتە لە پاشەکشەیەک کە ئەخلاقی گۆڕیوە بۆ فۆرمێک لە کار، ئەم کارەش بەلای ئەو میکانیزم و عەقڵانییەتەی جڵەوی بەرهەمهێنانی سەرمایە دەکات زۆر بێبایەخ و بێکاریگەریی و ناپێویستە. عەشق و هاوسەرگیریی و نیشتەجێبوون، وەک کردەی ئەخلاقییانەی ناو ژیانی تایبەت، لە سیاقی کۆمەڵگەیەکدا وا پێشمەرجی کردە و جووڵەکانی بریتییە لە پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان؛ لەبنەڕەتدا کردەیەکن بۆ هێنانەدی ئایدیاڵە ئەخلاقییە ڕەنگ‌پەڕیووەکان: ئەمانە ئەو جێگەیەن وا خۆ_دۆزینەوە [خۆ_درککردن] وەک جۆرێک لە بکەر شکڵدەگرێت. لەم کردانەدا تێگەی خۆ_دۆزینەوە لەڕێگەی نێوانگیرێکی دیکەوە دێتەبوون، لە هەر یەکێکیاندا پلانێک بۆ «ژیانی باش» ڕەنگدەداتەوە، هەرچەند بەپلەیەکی بچوکیش بێت.

ئەدۆرنۆ بڕوای وایە، هەریەک لەم کردانە بەدەست جۆرێک لە شکڵگۆڕکێوە دەناڵێنێت. لەلایەک، وا دیارە ئەم کردانە بوارێک دەڕەخسێنن بۆ دەرکەوتنی ئومێد و ئایدیاڵی ئەخلاقی. لەبەرئەوەی ئەم کردانە ناچارن سەرتاپای باری دژواری ژیانی ئەخلاقی بگرنەئەستۆ، بۆیە تووشی شکڵگۆڕکێ و شێوان دەبنەوە. بەدەربڕینێکی دی، ئەم شکڵگۆڕکێیە بەرئەنجامی گۆڕانی قەڵەمڕەوی تایبەتە بۆ پەناگەی ژیانی ئەخلاقیی بەگشتی. لەلایەکی دی، ئەدۆرنۆ ئاماژە بەوە دەکات، ئەم شکڵگۆڕانە، ئەم فۆرمە سیستەماتیکییانەی ناکاریگەریی، بەرئەنجامی پەشۆکان و پەرێشانیی ژیانی ئەخلاقیی مۆدێرنە: ئەنتاگۆنیزمێکی کوشندە یان شکست‌هێنان لە بەرقەرارکردنی پەیوەندییەکی ڕاستەقینە لەنێوان گشت و بەش ـدا. ئەم ئەنتاگۆنیزمە کوشندەیەی نێوان گشت و بەش، دەرخەری ئەوەیە سیستەمی بێ ناو و نیشان لەبری فەراهەمکردنی پێویستییەکانی ژیانی تایبەت، هەمان ئەو ژیانەی نێوانگیرێکە بۆ ئەوەی تاکەکان بتوانن لەڕێگەیەوە خۆ_بدۆزنەوە، کەچی خۆی دەبێتە بەربەست؛ بەمانایەکی دی، هەم هەلی ئیمکان و هەم هەلی مەحاڵبوونی ئەم خۆ_دۆزینەوەیە دەڕەخسێنێت. بەگوێرەی ئەدۆرنۆ، ئابووری و عەقڵانییەتی ئابووری، ژیانی تایبەتییان داگیرکردووە[17].

سیستەمی ئەخلاقیی مۆدێرن دوو جۆر ئەخلاقی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە: ئەو ئەخلاقانەی لەسەر نیاز[18] بەندن، لەگەڵ ئەو ئەخلاقانەی لەسەر ئامانج بەندن. ئەگەر کانت[19] نوێنەری جۆری یەکەم بێت، ئەوا سودگەراکان[20] نوێنەری جۆری دووەمی ئەخلاقن. ئەم گرژییە بە باشترین شێوە جێگۆڕکێی تاک لە کۆمەڵگەی مۆدێرندا پیشاندەدات. لە سیاقی ئەم سیستەمەدا قەڵەمڕەوی تایبەت و شەخسی، هاوشێوەی پەناگەیەک، «یەکێک لە دواهەمین ئیمکانەکان دەڕەخسێنن بۆ شكڵگرتنی خانەی مرۆیی لەناو سیاقی نامرۆییدا»[21]. لەناو ئەم ڕووبەرە تایبەت و شەخسییەدا، ئەرکی کردە نواندن بەگوێرەی ئەو نیاز و ئامانجانەی ناتەبان لەگەڵ سودە بەشەکی و تاکەکەسی و ئارەزووە تایبەتەکاندا، دەبنە شتێکی «سروشتی» و «خۆڕسک». قەڵەمڕەوی ئەخلاقی هەردەم گرێدراوە بە خۆڕسکییەوە، هەروەها بکەری ئەخلاقی هەمیشە پشت بەم خۆڕسکییە دەبەستێت تاوەکو بەرامبەر بە کردەکەی هەست بە قایلبوون بکات. بۆ درککردنی باشتر لە ڕەگەزی خۆڕسکی، باشترە پەنا بۆ دیاردەیەک ببەین کە لێرەدا زیاتر لە هەر جێگەیەکی دی ئامادەگیی هەیە: عەشق. عەشق لەیەک کاتدا هەم ڕۆڵی خۆڕسکی و هەم ڕۆڵی کردەی خۆویست لە بوارێکی ژیانی تایبەتی و ئەخلاقییدا ڕۆشندەکاتەوە. ئەدۆرنۆ زۆر گەشبین نییە سەبارەت بە دۆزینەوەی ژیانێکی ئەخلاقی لەناو قەڵەمڕەوی ژیانی تایبەتدا. وەک پێشتر گوتمان، پەیوەندییە تایبەت و شەخسییەکان جۆرێکن لە پەناگە، بەڵام مانای ئەوە نییە ئەم پەیوەندییانە گەندەڵ و خەوشدار نەبن یان خەسڵەتی ڕاستەوخۆییان هەبێت. ئەمانە قەڵەمڕەو و پەناگەن لە ڕووبەڕێکی فراوانتردا. تەنانەت عەشقی ڕۆمانسی لەدەرەوەی ئەمانەوە شکڵدەگرێت.

«کۆمەڵگەی بۆرژوازی لە هەموو جێگەیەکدا پێداگری لەسەر کردەی خۆویست دەکات؛ تەنها عەشق وەک قەڵەمڕەوی خۆنەویست و بێ‌نێوانگیر و هەستی ڕووت دەناسێنیت»[22]. عەشق لەرێگەی ڕەخساندنی دۆخێکی خۆنەویستەوە، جۆرە چالاکییەک دەخوڵقێنێت، هەر ئەمەش هاوتای دەکاتەوە لەگەڵ دۆخی ئەخلاقی، ئەو دۆخەی تیایدا وەڵامی ئێمە بەرامبەر ئەوانیتر بە نێوانگیریی ئەوان شکڵدەگرێت، بوونە تاقانە و قەرەبوو‌نەکراوەکەی ئەوان، کردە و وەڵامەکانی ئێمە مەرجدار دەکات. ئەم کارلێکە لەبنەڕەتدا ڕەهەندی ئۆبێکتیڤیتەی ئەخلاقی لەخۆدەگرێت، ئەمەش دەرخەری وەفاداری بەرامبەر ئۆبێکت و کردەی تاکە، پێچەوانەی نیاز و خواست و ئارەزووە بەشەکییەکانی وی، هەروەها لەسەر بنەمای ئەم وەفادارییە شکڵدەگرێت. لێرەوە، عەشق لە بێ‌نێوانگیریی و هەستەکیی‌بوونی خۆیدا ئەم ئۆبێکتیڤیتە ئەخلاقییە نمایشدەکات، ئەمەش لە کۆششی تاک بۆ ئارامی و شادی و ئاسوودەیی مەعشوق خۆی دەردەخات. ئەدۆرنۆ ئاشنایە بەم ڕەهەندە ئەخلاقییەی عەشقی ڕۆمانسی، هاوکات شیکارییەکانی دەریدەخەن ئەم خەسڵەتە خۆنەویستەی عەشق پیشاندەری ڕەهەندە پەناگەئاساکەیەتی. بەمانایەکی دی، عەشق حاڵەتێک دەخوڵقێنێت تیایدا ئەو تاکەی ڕۆژەکەی بە گەمەی کاغەز دەستپێدەکات و ڕۆتینە ڕۆژانەییەکانی لەسەر بناغەی ئامادەگیی بەردەوامیی ویستە ئاگاییەکەی دادەڕێژێت، لە حاڵەتی عەشقدا بۆ ماوەیەک لە ئەزموونکردنی ویست دادەبڕێت، هێز و توانا بۆ دووبارەکردنەوەی گەمەی کاغەز بەدەست دەهێنێت. لەم حاڵەتەدا، تاک بەرامبەر ئەم کارلێک و دابڕانە هەست بە قایلبوون دەکات و خۆی دەدۆزێتەوە. لەبنەڕەتدا، تاک خۆی لەناو پرۆسەیەکدا دەبینێتەوە کە هیچ ڕۆڵێکی تێدا ناگێڕێت، لەم پرۆسەیەدا خۆڕسکانە کردەوەکان ئەنجامدەدات و هەست بەجۆرێک لە قایلبوون دەکات. بەگوێرەی ئەم شیکارییە، عەشقیش یەکێکە لە پاشکۆکانی ئەم فۆرمە نوێیەی ژیان و بەندە بە عەقڵانییەتی سەرمایەدارییەوە. ئەدۆرنۆ پێیوایە، وەختێک هێندە پێداگیریی دەکرێت لەسەر ئەم خەسڵەتە خۆنەویستە، چیتر ئەم ڕەهەندە ڕاستەقینە_ئەخلاقییە پارێزراو نییە. ئەدۆرنۆ بڕوای وایە، خەسڵەتی خۆنەویستیی عەشق، تەنها گوزارشتە لەو خۆویستییە بێئەندازەیەی وا لە تێگەی وەفادارییدا خۆی پیشاندەدات. هاوکات وەفاداریی خواست و ویستێکە بۆ پاراستنی ئەم پەیوەندییە خۆنەویستەی کە زەمانی خۆنەویستییەکەی تێپەڕیوە. عەشق بەبێ وەفاداری، هیچ نییە جگە لە خۆ ڕادەستکردن بە ڕێکەوتی ڕووت. ویستی کردەی ڕووت، عەشق لە حەقیقەتی خۆی دووردەخاتەوە[23]. عەشق «ئەزموونی هەستوسۆزە، وەختێک لەڕێگەی بەردەوامییەکەیەوە هەستوسۆز تێدەپەڕێنێت. تەنانەت ئەگەر لەم پرۆسەیەشدا شێوەی وەسواسی وەربگرێت»[24].

 

 

 

 

 

 

 


[1] Minima moralia.

[2] Theodor Adorno, Minima Moralia, trans. E.F.N. Jephcott, London, Verso, 1991.

[3] Late capitalism.

[4] Intuition.

[5] self-sufficient.

[6] Dionysus.

[7] J.M.Bernstein, Adorno, Disenchantment and Ethics, Cambridge, 2001.

[8] Adorno, Minima Moralia, op. cit.

[9] Ibid.

[10] Ibid.

[11] for-itself.

[12] in-itself.

[13] Ibid.

[14] Nonidentity.

[15] Mediation.

[16] Brian O`Connor, Adorno`s Negative Dialectic, The MIT Press, 2004.

[17] J.M.Bernstein, Adorno, Disenchantment and Ethic, op. cit.

[18] Intentions.

[19] Immanuel Kant.

[20] Utilitarianism.

[21] Adorno, Minima Moralia, op. cit.

[22] Ibid.

[23] J.M.Bernstein, Adorno, Disenchantment and Ethic, op. cit.

[24] Adorno, Minima Moralia, op. cit.

 

سەرچاوە: تز یازدهم