A+    A-
(1,161) جار خوێندراوەتەوە

فەرهەنگى نێگەتیڤ:

 

 

 

 

میتاتیۆری(meta-theory)

بابەتی سەرەکیی میتاتیۆری، خودی تیۆرەکە خۆیەتی. لە ماتماتیک(بیرکاری) و لۆژیکی ماتماتیکیدا، میتاتیۆری دەبێتە تیۆرێکی ماتماتیکیی دەربارەی تیۆرێکی تر[ـی ماتماتیکی]. لێکۆڵینەوە میتاتیۆرییەکان سەر بە فەلسەفەی زانستن. میتاتیۆری ڕاستەوخۆ ناخرێتە خزمەت پراکتیس(کردار)ـەوە، بەڵکو دەکرێت بخرێتە خزمەت پراکتیسی ئەو کایەیەی وا خودی میتاتیۆرەکە لێکۆڵینەوەی لێ دەکات. ئەو میتازانستەی سەریهەڵداوە، دەکارێت مەعریفەی زانستی بۆ پێشخستنی خودی زانست بەکاربێنێت. پێشگرى میتا(meta) هەميشە جۆرێک لە سنوربەزێنى بە ئاگایی کایەکان دەبەخشێت بۆ ئەوەى فراوانتر بیر لە خۆیان بکەنەوە. ئەم خودئاگاییەش هەرجارەى جۆرێکە: بۆنمونە لە میتافیکشندا بەردەوام خوێنەرى ئەدەبى ئاگاداردەکرێتەوە کە خەریکى خوێندنەوەى چیرۆکێکە و لە میتازمانیشدا جۆرە مەودایەک درووستدەکرێت بۆ ئەوەى لە تۆڕى زمان ڕزگاربین کە ڕەنگە هەر شکستى نێو زمان خۆى بێت. 

 

 

 

لقەکانی میتاتیۆری:

میتازانست(meta-science)

بریتییە لە بەکارهێنانی میتۆدی زانستی بۆ لێکۆڵینەوە لە خودی زانست. میتازانست دەیەوێت کوالێتیی توێژینەوەی زانستی بەرزبکاتەوە و پۆخڵەواتەکانیش فڕبدات. میتازانست وەک توێژینەوە لە توێژینەوە یان زانستی زانست ناسراوە، چونکە توێژینەوە لەوە دەکات چۆن توێژینەوە دەکرێت و لەکوێدا ئیمکانی بەرەوپێشبردن هەیە. میتازانست خۆی بە هەموو مەجالەکانی توێژینەوەوە خەریکدەکات و بە "چاوی چۆلەکەیەک بۆ زانست" ناسراوە. جۆن جۆنیدیس دەڵێت: زانست باشترین شتێکە بۆ مرۆڤەکان ڕوویدابێت، بەڵام دەشتوانین باشتری بکەین. لە ١٩٦٦دا، میتا-توێژینەوەیەکی سەرەتایی لێکۆڵینەوەی لە میتۆدی ئەژماریی ٢٩٥ پەڕە لە دە گۆڤاری پزیشکی بەناوبانگ کرد. لە %٧٣ـی ڕاپۆرتەکاندا، ئەو ئەنجامگیرییەی بەدەستیانهێنابوو هی کاتێک بوو کە بڕوبیانوو بۆ ڕاستیی ئەم دەرەنجامە کەنەفت و سەقەت بوون. لەم چەند دەیەی دواییدا، میتا-توێژینەوە چەندین میتۆدۆلۆژیی درزبردوو، ناکارامەیی و کرداری هەژار و پەککەوتووانەی لە توێژینەوەی زۆربەی کایە زانستییەکاندا کەشفکرد. زۆرێک لە لێکۆڵینەوە زانستییەکان نەدەتوانرا دووبارەبکرێنەوە; "قەیرانی دووبارەکردنەوە" زارەوەیەکە لە ٢٠١٠دا داتاشرا، زادەی بەئاگابوون بوو لە کێشەکە.

 

 

میتاماتماتیک(meta-mathematics)

لەمیانی فەلسەفەی سەدەی بیستەمدا ناسێنرا وەک بەرئەنجامی کارەکانی دەیڤد هیلبێرتی ماتماتیکناسی ئەڵمانی. ئەم زانایە لە ساڵی ١٩٠٥دا پێشنیارگەلێکی خستەڕوو بۆ سەلماندنی هاوئاهەنگی و پڕێتیی ماتماتیک، بەم شێوەیەش میتا-ماتماتیک هاتەئاراوە. هیواکانی هیلبێرت بۆ سەرکەوتنی بەڵگاندنەکانی لەلایەن کورت گۆدلەوە پەلاماردران. گۆدل لە ساڵی ١٩٣١دا تیۆریی ناتەواوی بەکارهێنا بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کە هاوئاهەنگی و پڕێتیی دوو شتی نامومکینن.

میتاتیۆری لە سەدەی بیستەمدا بووە شتێکی بەربڵاو و لە کایە جیاجیاکانی تریشدا بەکاردەهات، بەتایبەت زمانناسیی زانستی و چەمکی میتازمان.

 

میتالۆژیک(meta-logic)

ئەگەر لۆژیک کار لەسەر ئەوە بکات کە سیستەمە لۆژیکییەکان تا چەند دەتوانن ئارگۆمێنتی ماقووڵ و ڕاست بهێننەئاراوە، ئەوا میتالۆژیک کار لەسەر خودی لۆژیک و خەسڵەتەکانی سیستەمە لۆژیکییەکان دەکات. لۆژیک سەروکاری لەگەڵ ئەو حەقیقەتانەدا هەیە کە بەرهەمی سیستەمێکی لۆژیکین، لەکاتێکدا میتالۆژیک سەروکاری لەگەڵ ئەو حەقیقەتانەدا هەیە وا دەکرێت بەرهەمی ئەو زمان و سیستەمە بن وا بەکارهێنراون بۆ دەربڕینی حەقیقەتەکە. ئۆبێکت(بابەت)ـی سەرەکیی لێکۆڵینەوەی میتالۆژیکی، زمان و سیستەمە فۆرماڵەکان و لێکدانەوەکانیانن.

 

میتافەلسەفە(meta-philosophy)

میتافەلسەفە لێکۆڵینەوەیە لە سرووشتی فەلسەفە. کار لەسەر ئامانجەکان و سنوورەکان و میتۆدەکانی فەلسەفە دەکات. کاتێک فەلسەفە تایبەتمەندانە لێکۆڵینەوە لە سرووشتی بوون، واقیعیەتی ئۆبێکتەکان، سرووشتی حەقیقەت، مومکینبوونی مەعریفە و هتد دەکات، میتافەلسەفە دەبێتە لێکۆڵینەوەیەکی خود-ڕەنگدەرەوە لە ئامانج و میتۆدی ئەو چالاکییانەی لێکۆڵینەوەکان درووستدەکەن. بۆنمونە، میتافەلسەفە پرسیار دەکات لە چیەتیی فەلسەفە، ئایا فەلسەفە دەبێت پرسیار لە چ شتێک بکات، لەکوێدا پرسیارەکان دەکرێن و چۆناهی وەڵامدەدرێنەوە. هەندێ پێیان وایە میتافەلسەفە پێشینە و ئامادەسازییە بۆ فەلسەفە، هەندێکی تریش پێیان وایە میتافەلسەفە بەشێکی زاتیی فەلسەفەیە.

 

 

کۆمەڵناسیی کۆمەڵناسی(میتا-کۆمەڵناسى)

کۆمەڵناسیی کۆمەڵناسی، لقێکی کایەی کۆمەڵناسییە کە تیۆرە کۆمەڵایەتییەکان بە شیکاریی کاریگەریی سیاقە سۆسیۆ-مێژووییەکان لە پانتایی ڕۆشنبیریی سۆسیۆلۆژیدا، دەبەستێتەوە. بە مانایەکى تر, کۆمەڵناسى بیر لە خۆى دەکاتەو بۆ ئەوەى لە خۆى تێپەڕێت.

 

 

میتاسایکۆلۆژیا(metapsychology)

بریتییە لە ئەو ڕووەی هەر تیۆرێکی سایکۆلۆژی وا ئاماژەیە بۆ بنیادی خودی تیۆرەکە نەک ئەو بابەتەی تیۆرەکە لەسەری وەستاوە و باسیدەکات. سایکۆلۆژیا سەروکاری لەگەڵ دەرووندا هەیە، لەکاتێکدا میتاسایکۆلۆژیا سەروکاری لەگەڵ خودی سایکۆلۆژیادا هەیە. زاراوەکە زیاتر لە گووتاردا دەربارەی دەروونشیکاری بەکاردێت; دەروونشیکاری‌ش ئەو سایکۆلۆژیایەیە وا زیگمۆند فرۆید پەرەیپێدا[واتە دەروونشیکاریی بەشێکە لە گشتی دەروونناسی(سایکۆلۆژیا)]. سەروەختایەک و لەکاتی سەرهەڵدانیدا بە لقێکی زانستی دەبینرا (ئەویش چونکە کارەکانی فرۆید ڕیشەیان لە کارە زانستییەکانی پێشینەکانی خۆیدا هەبوو. وەک: هێلمهۆلتز، شارکۆ و ژانێ). لەم دواییانەشدا وەک هێرمۆنۆتیکی تێگەیشتن ناوزەدکراوە (چونکە کارەکانی فرۆید ڕیشەیان  لە کارە ئەدەبییەکانی سۆفۆکڵ، تا ئاستێکی کەمتریش گۆتە، و شکسپیردا هەبوو). خولیای ناوزەدکردنی دەروونشیکاریی وەک لقێکی زانستی، بەو دواییانە و لەگەڵ سەرهەڵدانی دەروونشیکاریی دەماریدا، کە سەرمەشقەکەی مارک سۆلمزە،  سەریهەڵداوەتەوە. دیدی هێرمۆنۆتیکی دەروونشیکاریش ئاماژەیە بە فۆکەسی کارە کاریگەرەکانی دۆنا ئۆرنج.

 میتاسایکۆلۆژیای فرۆید:

وەک تۆپۆلۆژیا(شوێنناسی)، دەروون لە ئاستەکانی ئاگایی، نائاگایی و پێش‌ئاگاییدا کاردەکات.

وەک دینامیک و جووڵە، هێزە دەروونییەکان لە دەرووندا وان لە کێشمەکێشێکی بەرداومدا و بەر یەکتر دەکەون.

وەک ئابووری، دەروون پڕیەتی لە بارگەی وزە کە لە توخمێکەوە بۆ توخمێکی تر دەگوازرێنەوە.

وەک بونیاد، دەروون بەرەنجامی کۆمەڵێ پرۆسێسی سایکۆلۆژییە کە هەر یەکێکیان کارکردی جیایان هەیە و تێکڕای گۆڕانەکانیشیان جیاوازن. ئەوانیش: ئید، ئیگۆ، سوپەرئیگۆن.

وەک ڕیشە و پەیدابوون(تکوین)، پرۆسە سایکۆلۆژییەکان لە هەمان ئەو پرۆسانەدا دەدۆزرێنەوە کە پێشتر ڕوویانداوە.