A+    A-
(1,310) جار خوێندراوەتەوە

               "زەمکردن" و ڕامانێکى تیۆرى

 

 

 

وەلید عومەر

 

 

 

 

ئەوەى لە زمانى ڕۆژانەى خەڵکدا پێى‌دەوترێت "زەم", وەک هەر دیاردەیەکى ترى نێو دونیاى مرۆڤەکان, لە مانا ڕۆژانەییەکەى ئاڵۆزترە. دەتوانین زۆر ڕچەى جیاجیا بگرینەبەر بۆ نزیکبوونەوە لە ماهیەتى ئەم دیاردەیە, بەڵام لەم کورتەنوسینەدا لەو خاڵە دوورناکەوینەوە کە "زەمکردن" پەیوەندییەکى ڕاستەوخۆى بە چەمکى ئەویتر(other)ـەوە هەیە. تێبینییەکانیش پەیوەندییان بە ژین‌جیهانى مرۆى کوردەوە هەیە.

لە یادەوەریی زۆرێکماندا, زەمکردن(غەیبەت) دەگەڕێتەوە بۆ میتافۆرە دینییەکە کە گوایە زەمکردن «وەک خواردنى گۆشتى برا مردووەکەت وایە». هەر ڕستەیەک, جوویینى گۆشتى برایەکى مردووە. ئێستا بەراورد بەودەم, زەمکردن گشتگیربووە و چیرۆکە دینییەکەش لاى کەمینەیەک ڕاستەوخۆ ماوەتەوە. لەگەڵ ئەمەشدا, ناتوانین چاو لە جوانیی میتافۆرەکە بنوقێنین, چونکە دوو پێچى تیایە جێى ڕامانە بۆ ئەو کەسەى کارى پێیەتى. ئەو دوو پێچەش بریتیین لە:

١) زەمکردن, کە کردەیەکى زمانەوانییشە, بە جووینى گۆشت چوێنراوە. بەڕێکەوت, دیوە کردارییەکەى زمان دەرخراوە و گوتن تەنیا شتێکى بەتاڵ نیە, بەڵکو کردارێکە. یان وردتر بیڵێین, گوڕپێدانە بە بەتاڵى.

٢) لە زەمدا, گۆشتى کەسێکى غایب(نادیار) دەجوویرێت. ئەو کەسەش برایەکى مردووە. براکە هەم نادیارە, و هەمیش مردووە. واتە میتافۆرەکە هەوڵدەدات جۆرێک لە "غیابى پەتى" بنەخشێنێت. وەک دواتریش دێینە سەرى, غیاب یەکێکە لە مەرجەکانى هەبوونى ئەویتر. بۆ ئەوەى ئەویتر هەبێت, بەردەوام جۆرێک لە غیابیش پێویستە(غەیبەت خۆیشى بەجۆرێک لە جۆرەکان ئەم ڕەهەندە زمانەوانى و دەلالییەى پاراستووە).

بەسەریەکیشەوە, بۆ ئەوەى قورسیی کردارى زەمکردن و سزاکەى دەرخرێت, دین پەنا بۆ گۆشتى کەسێکى غایب دەبات کە بەشێوەیەکى دراماتیکى و چاوەڕواننەکراو حزوور وەردەگرێتەوە. هەموو گوێگرێک هەست بە ئامادەیی ئەو گۆشتە دەکات کە زەمى پێ شوبهێنراوە, بۆیە ئەمە دژ نیە, بەڵکو حزوورى پەتییە. لێرەدا غیابى پەتى و حزوورى پەتى, لە میتافۆرێکدا کۆدەبنەوە. لێرەشەوە کارکردى ئاخاوتن سستدەکرێت و هەرکەس لە ساتى زەمدا هەرچى بڵێت ئەوا هیچ ناڵێت. چونکە بەپێى قەدەغە دینییەکە, خەریکى جوویینەوەى تابۆیەکیت. بە مانایەکى تر, هەموو ئەوێکى تر کە دەکەوێتە بەر زەمکردن, دەچێتە پێگەى برایەکى مردووەوە و هیچ زیانێکى پێ ناگات و ئۆباڵەکە دەچێتە ملى قسەکەر: زمان توشى لاڵییەکى ئەخلاقى دەبێت. ئەوەى مەبەستمانە, کەمێک لەمە زۆرتر دەڕوات:

زەمکردن, خۆى تێرمێکى فراوانە و هەموو باسکردنێک نابێتە زەم. هەتا گەر مەبەست لە دیوە نەرێنییەکەشى بێت, ئەوا ئەمڕۆ زەمکردن, چیدى بە سانسۆرى دینى کەمنابێتەوە. ئەو گۆڕانانەى بەسەر ئەویتردا هاتوون, وایکردووە قسەکردن لەسەر ئەوانیتریش زۆرتر ببێت. ئەمە لە کەلتورێکەوە بۆ کەلتورێکى تر گۆڕانى بەسەردا دێت, بەڵام بەحوکمى ئەوەى پەیوەندییەکانمان بەوانیترەوە گۆڕاون, دیاردەکەش ڕوویەکى بەربڵاوى هەیە. لەقووڵاییدا مەسەلە ئەوە نیە کەسێکى تر هەیە شایستەى زەمە, یان شیاوى ئەوەیە لە پاشەملە «گۆشتەکەى بخورێت», بەڵکو شوێنێکى ترى پەیوەندییە مرۆییەکان دەلەنگێت. چۆن؟

کاتێک پەیوەندییە مرۆییەکان شلۆقدەبێت, خێرایی زۆرتردەبێت, شتى زۆرتر دەبینرێت و دەبیسترێت, شتى زۆرتر دەستاودەستدەکات ئیدى سانسۆرى سەر زمانیش لاوازدەبێت و بەر لەوەى نیەتێکى بەزات خراپ لەئارادا بێت, ئەوانیتر دەبنە جێى زەمکردن. زمانیش بەردەوام ئەوانیتر دەکاتە ئۆبێکتى خۆى, بابەتى قسەلێکردن. وەک‌بڵێى, جۆرە دەروونپەشێوییەکى هەمەگیر دێتەگۆڕێ و زمان خۆى بۆ وتنى هەمووشت شلدەکات. لە دەروونشیکارییەوە فێرى ئەوە دەبین کە هەرکات سانسۆرە بنەڕەتییەکانى باوک شلبووەوە, ئیدى ئەگەرى دەروونپەشێوى(سایکۆسیس) زۆرتردەبێت. واتە «سێبەرى باوک چەندە خراپ بێت, نەبوونى سێبەرەکەى دوو هێندە خراپە». لەم حاڵەتەدا, کە باوکى دینى و کۆمەڵایەتى کاڵبووەوە و ڕێسایەکى دەرووندرووستانەى مەدەنییش جێى نەگرتەوە, ئیدى ڕووبەرى شتە چەپێنراوەکان تەسکدەبێتەوە و زۆرترین شت دەگوترێت. واتە بەر لەوەى بەئاگابێینەوە شت دەڵێین, شت خۆى دێتەگوتن. چونکە ئێمە سوبێکتێکى بەبنەڕەت ئاگامەند نین و خۆیشمان لە بنەڕەتدا دەستاودەست دەکەین لە پانتاییە ڕەمزى و کۆمەڵایەتییەکەدا. بەڵام لێرەوە دەچمەوە سەر نمونە دینییەکە تا بزانین بۆچى لەئاست ئەمڕۆدا تووشى کلۆربوونێکى ناوەکى هاتووە؟

لە نمونەکەدا, گۆشت هەیە, گۆشتى مردوویەک, گۆشتى ئەویتر. بەڵام لەمڕۆدا گۆشت(یان جەستە), ئەو حزوورەى نیە. ئەوانیتر پتر بە گریمانەیی و مەجازى دەبینرێن, ڕووە مادییەکەیان کەمتر و کەمتر دەردەکەوێت. کاتێک دین باسى ئامادەیی گۆشتە مردووەکەى دەکرد, ئەودەم پەیوەندییە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکان بەرجەستەتر بوون. شوێن و کات کۆنکرێتییتر بوو. بەڵام ئەمڕۆ, ئەویتر چەشنى تارماییەک دەردەکەوێت, بۆیە «گۆشتى مردوو» پڕاوپڕى ئەم ئەویترەى ئەمڕۆ نیە. زەمکردن لەمڕۆدا, جۆرە بێزارییەکى نائەخلاقییە بە ڕووى غیابى ئەویتردا کە حزوورى جەستەیی نیە. کاتێک ئەویتر ئامادە نیە, ئیدى بەهۆى زمان و زەمکردنەوە حازردەکرێت. هەموو دەزانین حزوورى جەستەیی مرۆڤەکان لەبەرامبەر یەکتردا, جۆرە سانسۆر و بەرپرسیارێتییەک درووستدەکات, جۆرێک لە شەرم و دیوار. بەڵام کاتێک جەستە ئامادەیی نامێنێت و ئەوانیتر دەبنە یەکەیەکى نامادى, ئیتر خۆى جۆرە توندوتیژییەک جێدێڵێت و ئەم توندوتیژییەش لە زماندا ڕەنگدەداتەوە و ناوە کۆمەڵایەتى و ئەخلاقییەکەى بریتییە لە "زەمکردن". دەربڕینە دینییەکە هى زەمەنێکە کە دەکرا ئاسان دەستبخەینە سەر ئەویتر, بەڵام ئەمڕۆ زۆرێک لەوانیتر بەرچاودەکەون بەبێ ئەوەى لەڕێگەى حزوورێکى جەستەییەوە هاتبنە ژیانمانەوە و جۆرە سانسۆرێکیش درووستبکەن. ئالێرەدایە مادە و گۆشت, ڕەهەندێکى ئەخلاقییان هەیە و لەوپەڕى مەنگێتیی خۆیاندا, زیندوون.

گەر بشچینەوە سەر ماهیەتى زەمکردن, ئەوا پێویستدەکات لەسەر ئەو ڕەهەندە سەیرەش بوەستین کە بۆچى مرۆڤەکان ئامادەن سەرزەنشتى ڕووبەڕوو قبوڵکەن, بەڵام زەمکردنیان پێ هەرسناکرێت. لێرەدا گۆشەى ڕوانینەکە لە زەمکەرەوە دەچێتەوە سەر زەمکراو. کاتێک زەمکراوێک ئامادەیە ڕووبەڕوو قسەى ڕەق ببیستێت و پاشەملە هیچ لەسەر خۆى نەبیستێتەوە, هەڵگرى ڕەهەندێکى شاراوەى فیکرییە: ئێمە کەسمان بەتەواوى لاى خۆمان نین, بەڵکو بەشێکین لە تۆڕى نێوسوبێکتى و نێوکەسی. واتە پێگە و شوناس و ناو و نرخێکى کۆمەڵایەتییمان هەیە و لە پەیوەندییدا بەوانیترەوە بەدەستیدێنین. ئێمە کاتێک دەخەوین و بەسەر دەرەوەدا دادەخرێین, ئەوا شوێنە کۆمەڵایەتییەکەمان دانەخراوە و ژیانێکى سەربەخۆ دەژى. ناوەکەمان لە بێدارییدا دەژى. لێرەوەیە زەمکردن, دەستبردنە بۆ ئەم پێگە هەمیشە نامۆییەى ئێمە کە پاش مردنیشمان بە جۆرێک لە جۆرەکان هەر دەژى. بە مانایەکى تر, مرۆڤەکان بۆیە لە زەم وەڕسن, چونکە دەست بۆ ئەو ناوکە کۆمەڵایەتییەیان دەبرێت کە بە دەزوویەکى باریک بەوانەوە بەستراوەتەوە. کۆمەڵگا خۆى چنراوێکە لەم دەزووانە و لە هەڵبەزودابەزدایە(و پەیوەندیی بە کۆمەڵگاى پێشکەوتوو و دواکەوتووشەوە زۆر نیە). پێشموایە لە خیانەتکردندا, کەسى خیانەتلێکراو بۆیە دەلەقێت, چونکە باجەى بۆ پەیوەندییەکى مرۆیی داویەتى لەو دەسێنرێتەوە و دەخەسێنرێت. لێرەوە زەمى ڕووبەڕوو(گەر گوزارشتە درووست بێت), هێورترە لە هى پاشەملە, چونکە زەمکراوەکە بەشێوەیەکى هاوکات لە پێگە ڕەمزییەکەى خۆیدا دەژى و لەپشتەوە دزى لە زیادەچێژ یان ژویسانسەکەى ناکرێت. ئەو زیادەیەى کە بوونى ئەوى ڕاگرتووە.

لەگەڵ ئەمانەشدا, کاتێک بڕى سەرنجدان و ئامادەیی جەستەیی ئەوانیتر کاڵدەبێتەوە, زەم ڕوویەکى پارادۆکسانەش وەردەگرێت: وەک خراپەیەک کە باش دەردەکەوێت. واتە زۆرجار فەرامۆشکەوتنی مرۆڤەکان, وادەکات بەهۆى زەمەوە ببنە جێى باس. ئەمە جۆرە شادییەکى ڕاگوزەر بە زۆرکەس دەبەخشێت, شادییەک کە لە تەنیاییە تاقەتپڕووکێنەکە باشترە. بۆیە ساتێکى تراژیدى درووستدەبێت و نمونە دینییەکە بەم جۆرەى لێدێت لە ڕوانگەى زەمکراوەکەوە: من هەم و گەرچى وەک مردوویەک وام, بەڵام گۆشتەکەم قابیلى جوویینە.

مرۆڤ ناتوانێت باسى ئەویتر نەکات, چونکە هەموو لەنێو یەک زماندا دەدوێن و بەنێوانگریی یەک زمانیش ئارەزوو دەکەن و لە یەک جیهانیشدا دەژین. بۆیە پرسیارەکە ئەوەیە چۆنچۆنى جەستەى زیندووى ئەوانیتر بانگهێشتى نێو پەیوەندییە مرۆییەکان بکەین بەبێ ئەوەى گۆشتەکەیان بمانکوژێت؟