A+    A-
(1,145) جار خوێندراوەتەوە

فەرهەنگى نێگەتیڤ:

 

 

 

 

دژە وەچەخستنەوە

دژە وەچەخستنەوە (Antinatalism)، ڕوانگەیەکی ئەخلاقی و فەلسەفییە. دیدگایەکی نەرێنییە بەرامبەر هاتنەبوون و خستنەوەی مناڵ. ئەم ڕوانگەیە ڕیشەیەکی کۆنی هەیە، لە بەرهەمەکانی سۆفۆکلیس و خەیام ـەوە، تا دەگاتە نووسەر و بیرمەندە هاوچەرخەکان ڕەنگدەداتەوە. گوایە ژیان زۆر لەوە دڵڕەقانەتر و پووچترە، شیاوی هاتنەبوون یان زیادبوون و وەچەخستنەوە بێت. مادام ئەوانەی هاتوونەتەبوون ڕێگەچارەی دیکەیان نییە، هیچ نەبێت، پێویستە لە وەچەخستنەوە بوەستن و قوربانی دیکە نەخەنە بەردەست ئەم سروشت و جیهانە دڵڕەقە. لێرەدا، وەچەخستنەوە دەبێتە فێڵی سروشت بۆ درێژەدان بە گەمە بەتاڵەکەی خۆی، مرۆڤ هیچ نییە جگە لە کەرەستەیەک بۆ پاراستنی ئەم سوڕە بێهودەیە لە هاتنەبوون و لەناوچوون. بەگوێرەی ئەم ڕوانگەیە، باوک و دایک لەڕێگەی خستنەوەی مناڵەوە، نەوەک ئەرکی پیرۆز، بەڵکوو تاوانێک ئەنجامدەدەن. دایک و باوک لێرەدا خۆپەرستن، هاوکات دەبنە بریکاری سروشتی خۆپەرست.

هەروەک، بەپێی توێژینەوەکان دەرکەوتووە ڕێژەی ژیری کاریگەری هەیە لەسەر ئارەزووی وەچەخستنەوە، بەپێی ئامارەکان ئەو ژنانەی ژیری و هۆشیارییەکی بەرزتریان هەیە، ئارەزووی وەچەخستنەوەیان کەمترە. بەهەمانشێوە، کۆمەڵگە پێشکەوتووەکان کەمتر مناڵ دەخەنەوە بەراورد بە کۆمەڵگە دواکەوتووەکان. هەر ئەمەش خاڵی جیاکەرەوەی مرۆڤە لە ئاژەڵان... ئاژەڵان ناچارن بە زیادبوون و هیچ بژاردەیەکیان نییە. بەڵام مرۆڤ بەهۆی پەرەسەندنی ئەقڵییەوە، دەتوانێت بڕیاربدات لەسەر وەستاندنی وەچەخستنەوە.

لایەنگرانی ئەم بۆچوونە، چەندین پاساویان هەیە بۆ پشتڕاسکردنەوەی بۆچوونەکەیان. ژمارەی دانیشتووانی سەر زەوی بەڕێژەیەکی ترسناک گەشەدەکات، ڕەنگە چیتر سەرچاوە سرووشتییەکان نەتوانن پێویستییەکانی ئەم ژمارە زۆرەی مرۆڤ پڕبکەنەوە. بۆ نموونە، ساڵی ١٩٠٠، ژمارەی دانیشتووانی کیشوەری ئەفریقا نزیکەی ١٣٣ ملیۆن کەس بووە؛ پێشبینی دەکرێت ئەم ژمارەیە لە ساڵی ٢٠٥٠ ـدا بگاتە ملیارێک و ٧٦٦ ملیۆن کەس. هاوکات بەگوێرەی توێژینەوەکان، پێشبینی دەکرێت کیشوەری ئەفریقا ساڵی ٢٠٢٥، تەنها بتوانێت ٢٥٪ پێویستییەکانی دانیشتووانەکەی بەرهەم بهێنێت. هەروەک ژینگەی زەوی تا دێت زیاتر ڕوو لە کارەسات و وێرانبوون دەکات: گەرمبوونی زەوی، بڵاوبوونەوەی پەتا کوشندەکان، کەمیی ئاوی خواردنەوە، کەمیی خۆراک، پیسبوونی کەشوهەوا، لەناوچوونی دارستانەکان و هتد. ئەگەر ژنێکی ئەمریکی هەموو ڕێکارێک بگرێتەبەر بۆ پاراستنی ژینگە: ڕیسایکلینی پاشماوەکان، لێخوڕینی ئۆتۆمبیلی ژینگەدۆست و هتد، هەموو ئەم ڕێکارانە دەبنە هۆی ئەوەی بەدرێژایی ژیانی ژنەکە، ٤٨٦ تۆن دوانەئۆکسیدی کەمتر بچێتە بەرگەهەواوە؛ بەڵام ئەگەر مناڵێک نەخاتەوە، ئەوا ڕێگرە لەوەی ٩٤٤١ تۆنی کەمتر بچێتە بەرگەهەواوە، ئەمەش چوار هێندەی ژمارەی پێشووە.

زۆرێک لە فەیلەسووفان، ئەم باسەیان وروژاندووە. ڕەنگە دیارترین فەیلەسووف لەم ڕووەوە، ئارسەر شۆپنهاوەر بێت. بەبڕوای شۆپنهاوەر، ژیان بێزاری و خراپەیەکی ڕەهایە؛ لە بێزارییەوە ناپەڕینەوە بۆ ئاسوودەیی، بەڵکوو هەمیشە لە ئاسوودەییەوە دەپەڕینەوە بۆ بێزاری. لە شەکەتییەوە ناگەینە پشوو، بەڵکوو لە پشوودانەوە دەگەینە شەکەتی. لە نەخۆشییەوە بەرەو چاکبوونەوە ناچین، بەڵکوو لە چاکبوونەوە دەگەینە نەخۆشی. لێرەوە، بەبڕوای شۆپنهاوەر، شەکەتی و نەخۆشی و ئازار و مەرگ، جەوهەر و بنەڕەتن. بۆیە، هیچ ڕەواییەتییەک نییە، جێگرەوەیەک بۆ خۆمان بهێنینەبوون و ناچاری بکەین بەم ئەزموونەدا تێپەڕێت.   

 

 

 

فینۆمینە و نۆمینە

فینۆمینە (دیاردە _ Phenomenon) بریتییە لەو ئۆبێکت و ڕووداو و بابەتانەی بەر هەست و درکمان دەکەون. هەریەکە لە دیاردە فیزیایی و کیمایی و گەردوونی و دەروونییەکان دەگرێتەوە. یاخود ئەو فاکت و داتا ئەزموونییانەی زانست لێیان دەکۆڵێتەوە و لە دەرەوەی درکی ئێمە بوونیان هەیە. بەمانایەک، هەمان ئەو شتانەی لەناو کات و شوێندان. پێشتر فەیلەسووفە یۆنانییەکان دیاردەکانیان جیاکردۆتەوە لەو تیۆرانەی هەوڵی ڕاڤەکردنیان دەدەن. دواتر زانایانی سروشت ئەم شێوازەیان تەبەناکرد بۆ ڕاڤەکردنی دیاردە سروشتییەکان و هێشتا هەر بەکارە. لە فەلسەفەی مۆدێرن، ئەم چەمکە بەکاردێت بۆ ئاماژەکردن بەو شتانەی لەڕێگەی هەستەکانەوە درکیان پێدەکرێت، پێش ئەوەی بڕیار و حوکمییان بەسەردا بسەپێت. زۆرجار لەو وەرگێڕانە ئینگلیزیانەی بۆ بەرهەمەکانی کانت کراون، فینۆمینە بەکارهاتووە لەبری «دەرکەوتە یان ڕوواڵەت»، ئەمەش چەمکی کانت ـە بۆ ناساندنی ئەو شتانەی ئۆبێکتی ڕاستەوخۆی حەدەس پێکدەهێنن. ئەمانە تەنها کاتێک دەبنە ئۆبێکت، لەڕێگەی کاتیگۆرییەکانی جەوهەر و هۆکارەوە ڕاڤە بکرێن. کانت ئەم چەمکە وەک پێچەوانە و دژی چەمکی نۆمینە (Noumenon) بەکاردەهێنێت.

نۆمینە بریتییە لە (شت _لەناو_خۆیدا) و ئەم کاتیگۆرییانەی (جەوهەر، هۆکار) بەسەردا جێبەجێ ناکرێت و هەست و درکیان پێناکرێت. بەبڕوای کانت، ئەقڵی گریمانەکاری مرۆڤ تەنها دەتوانێت ئاشنای دیاردەکان (فینۆمینە) بێت، ناتوانێت بگاتە نۆمینە. بەڵام مرۆڤ، تەواو دابڕاو نییە لە جیهانی نۆمیناڵ، چونکە ئەقڵی پراکتیکی _توانای ڕەفتارکردن وەک بریکاری ئەخلاقی_ هیچ مانایەکی نییە، ئەگەر گریمانەی جیهانێکی نۆمیناڵ نەکرێت، بە هەبوونی ئازادی و خودا و نەمریی. نۆمینە حەقیقەت و جەوهەری پشت دیاردەکانە، بۆ ئێمە نەزانراو و نەناسراوە، بۆیە زۆرجار پەیوەستکراوە یان هاومانایە لەگەڵ (شت _لەناو_خۆیدا)ـی نەزانراو. پەیوەندی نێوان فینۆمینە و نۆمینە لە فەلسەفەی کانت ـدا، بۆ نزیکەی دوو سەدە فەیلەسووفانی سەرقاڵکرد بەخۆیەوە. هەندێک لە فەیلەسووفانی ئایدیاڵیزمی ئەڵمانیی پاش کانت، بەتەواوی نکۆڵی لە نۆمینە دەکەن، بە بیانووی ئەوەی ناکەوێتە بەر ڕۆشنایی هۆشمەندیی مرۆڤ. کانت، بڕوای وابوو ڕێگری لەم نکۆڵییە کردووە، ئەوەش لەڕێگەی ڕەتکردنەوەی ئایدیاڵیزمەوە. کانت پێداگرە لەسەر حەقیقەتی ڕەهای نۆمینە؛ بەبڕوای ئەو، جیهانی دیاردەکان (فینۆمینە) گوزارشتە لە هێز، سەرچاوەی ئەم هێزەش هیچ نییە جگە لە جیهانی نۆمیناڵ، هەمان ئەو جیهانەی دەکەوێتە ئەودیوی جیهانی دیاردەکانەوە.   

 

 

 

ئاڤاتار

ئاڤاتار (Avatar)، زاراوەیەکی سانسکریتییە، لە ئایینی هیندۆسییەتدا بەمانای دابەزین و تەجەلا دێت. مانای دابەزینی خودایە بۆ سەر زەوی و بەرجەستەبوونییەتی لەشێوەی مرۆڤ یان ئاژەڵدا، بۆ بەرەنگاربوونەوەی خراپەکانی سەر زەوی. دواتر بۆ بەرجەستەبوونی مامۆستا و کەسانی پیرۆز بەکارهات. مانا مەجازییەکەشی: بەرجەستەبوونی بەدوای یەکداهاتووی کەسێک یان ڕۆڵی ئەم کەسەیە، یاخود ئەو پێگە کۆمەڵایەتییانەی داگیریان دەکات. بەزۆریی، ئاماژەیە بۆ دەرکەوتن و بەرجەستەبوونی ڤینشو (Vishnu، خودای هیندۆسی) لە دە فۆرمی سەرەکییدا: ماتسیا (ماسی)، کورما (کیسەڵ)، ڤاراها (بەراز)، ناراسیمها (نیوە پیاو، نیوە شێر)، ڤامانا (کورتەبنە)، پاراشوراما (ڕاما بە تەورەوە)، ڕاما (پاڵەوانی داستانی ڕامایانا)، کریشنا (خودای گاوان)، بودا، کالکین (ئەم بەرجەستەبوونە هێشتا بەدینەهاتووە، تاڕادەیەک نزیکە لە مەسیحی چاوەڕوانکراوی مەسیحییەت و ئیمامی مەهدی ئایینی ئیسلامەوە، دوای بەرپابوونی نادادی لە جیهاندا، بەرجەستەبوونەکە دێتەکایەوە، داد و ئاشتی بەرقەرار دەکات). هەندێک لە تیۆلۆژیستە مەسیحییەکان دژی ئەوەن ئاڤاتار وەک هاوتای بەرجەستەبوون لێکبدرێتەوە. بەرجەستەبوون جەستەیی (گۆشت و خوێن) و ناکامڵە، بەڵام ئاڤاتار ئوستوورەیی و کامڵە. ئەو بەرجەستەبوونەی لە تیۆلۆژیای مەسیحییەتدا دەدرێتەپاڵ مەسیح، جیاوازە لەو مانایەی ئاڤاتار لە ئایینی هیندۆسییەتدا هەڵیگرتووە، ئاڤاتار ناڕاستەقینەیە و نزیکە لە دۆسێتیزم (Docetism)ـەوە. ڕێبازی دۆسێتیزم، ڕێبازێکی ناو مەسیحییەتە و کاریگەرە بە گنۆسیزم. ئەم ڕێبازە بڕوای وایە جەستەی مەسیح بوونێکی ڕاستەقینەی نییە، چونکە لە باوەڕی ئەماندا جەستەی مادی و مادە بوونێکی ڕاستەقینەیان نییە. ئەم ڕوانگەیە لە فەلسەفەدا نزیکە لە یەکێتیی بوون لای سپینۆزا و ئایدیاڵیزمی ڕەهای هیگڵ. هەنوکە، ئەم زاراوەیە هاتۆتە ناو دیجیتاڵ میدیا و سینەما و کایەکانی دیکەوە. ئێستا، مرۆڤەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و یارییە ئەلیکترۆنییەکاندا خاوەنی ئاڤاتاری خۆیانن، لێرەدا مەبەست لەو شوناسە جێگرەوە و وێنە و ڕەمزانەیە وا دەبنە نوێنەرەوە و پرۆفایلی کەسەکان. دەشێت ئەم ئاڤاتارە نزیک بێت لە وێنەی ڕاستەقینەی کەسەکەوە، یاخود دوور بێت لەشێوە ڕاستەقینەکەی، بەگوێرەی خواستی کەسەکان؛ ئاڤاتارەکان نوێنەرەوە و بریکاری دیجیتاڵیی کەسەکانن. لە سینەمادا، دیارترین نموونە، فیلمی خەیاڵیی زانستی «avatar»ـە لە دەرهێنانی جەیمس کامیرۆن، ساڵی ٢٠٠٩ بەرهەمهات. چیرۆکی فیلمەکە، باسکردنە لە هەڵبژاردنی سەربازێکی کەمئەندام بۆ پرۆژەیەکی زانستی. ئەم سەربازە ڕەوانەی هەسارەی «پاندۆرا» دەکرێت، دانیشتووانی ڕەسەنی ئەم هەسارەیە بوونەوەری ئاشتیخواز و میهرەبانن، ئامانج لە پرۆژەکە دۆزینەوەی کانزایەکی بەنرخە لە شوێنی نیشتەجێبوونی ئەم بوونەوەرانە. بەم هۆکارە، کۆمەڵە جەستەیەک لەسەر شێوەی دانیشتووانە ڕەسەنە دروستدەکەن بۆ تێکەڵاوبوون لەگەڵیاندا. ئەم جەستە و ئاڤاتارانە لەڕێگەی هۆشی مرۆڤەکانەوە (سەربازەکە) جڵەودەکرێت. لەم ڕێگەیەوە، سەربازەکە تێکەڵی دانیشتووانەکە دەبێت و کانزاکە دەدۆزنەوە. دەستوبرد سەربازەکە دژی خواستی بەدکارانەی مرۆڤەکان دەبێتەوە و بەرگری لە دانیشتووانە ڕەسەنەکان دەکات. بەمەش هەردوو مانای ئوستوورەکە دەپێکێت: یەکەم، بەرجەستەبوونی ڕۆح و هۆش لە جەستەیەکدا؛ دووەم، ئامانجی بەرجەستەبوونەکە بەرقەرارکردنی داد و ئاشتییە.

 

 

 

کێڵگە

کێڵگە (Field, بە فەرەنسی Champ)، یەکێکە لە چەمکە سەرەکییەکانی کۆمەڵناسی فەرەنسی پیەر بۆردیۆ. بەگوێرەی بۆردیۆ، کێڵگە بریتییە لەو چوارچێوەیەی لە بریکار و پێگە کۆمەڵایەتییەکان پێکهاتووە. کۆمەڵگەی هاوچەرخ دابەشبووە بەسەر کۆمەڵێک کێڵگە و فەزای جیاوازدا، بۆ نموونە: کێڵگەی هونەری، کێڵگەی سیاسی، کێڵگەی پەروەردەیی، کێڵگەی وەرزشی، کێڵگەی ئایینی و هتد.

هەر کێڵگەیەک خاوەنی سەربەخۆییەکی ڕێژەییە لەناو کۆی کۆمەڵگەدا. ئەم فەزایانە تایبەتمەندن بە پلەبەندیی چینایەتی و کۆمەڵایەتی، بە ململانێی داینامیکی و کێبڕکێی توندی تاکەکان لەپێناو ئیمتیازە مادی و مەعنەوییەکاندا، هەروەها ململانێ لەپێناو هەژموون و دەسەڵات، بەگوێرەی سروشتی ئەو سەرمایەی هەر تاکێک لە کۆمەڵگەکەیدا خاوەنییەتی. ئامانجی ململانێی ناو هەر کێڵگەیەک بریتییە لە بەرژوەندیی هاوبەش یان بەرژوەندیی تایبەتی هەر تاکێک. کێڵگە ملکەچی چەند یاسایەکە، لەوانە: ململانێی توندی نێوان نەوەی کۆن و نەوەی نوێ، لۆژیکی ململانێ و کێبڕکێ و هەژموون و ژیانی هاوبەش. پێگەی هەر بریکارێک لە کێڵگەیەکدا، بەرئەنجامی کارلێکی یاسا تایبەتییەکانی کێڵگەیە لەگەڵ هابیتوس[1] و سەرمایەی (کۆمەڵایەتی و کەلتووری و ئابووری) بریکارەکە. کێڵگەکان لەنێو خۆیاندا کارلێک دەکەن و بونیادێکی هیرارکییان[2] هەیە. کێڵگەکان بریتیین لە گۆڕەپانی بەرهەمهێنان و سوڕ و ئاڵوگۆڕی کاڵا و خزمەتگوزاری و مەعریفە؛ پێگەی ململانێکردنن بۆ ئەو بریکارانەی وا تێدەکۆشن لەپێناو کۆکردنەوە و ئاڵوگۆڕ و قۆرخکردنی سەرچاوەی هێزی جیاواز (سەرمایە). چەمکی کێڵگە، کەرەستەیەکی شیکاریی جێگرەوەیە بۆ دەزگا و ڕێکخراو و بازاڕ و تاک و گرووپەکان، هەروەها دەشێت هەموو ئەمانە ڕەگەزی پێکهێنەری کێڵگەکان بن. شیکاریی کێڵگەکان، ئەم یەکە جیاوازانە دەخاتەبەر ڕوانگەیەکی فراوانتر، زیاتر تیشک دەخاتەسەر تایبەتمەندییە پەیوەندیدارەکانیان نەوەک سیما تایبەتەکانی هەریەکەیان، دواتریش ئەو هێزانە دەژمێرێت کە خەسڵەتی هەریەکەیان دادەڕێژن. لێرەوە، بۆردیۆ لەبری ئەوەی شیکارییەکانی بۆ پەیوەندی و گۆڕانە کۆمەڵایەتییەکان لە بریکار و چەمکێکی بونیادی وەک چین (Class)ـدا قەتیس بکات، چەمکی کێڵگە بەکاردەهێنێت، ئەم چەمکە پردی بەیەک گەیاندنی بریکار_بونیاد ـە: گۆڕەپانێکی کۆمەڵایەتی و مێژوویی ناچوونییەک، تیایدا مرۆڤەکان تێدەکۆشن لەپێناو سەرچاوە خوازراوەکاندا. کێڵگە بریتییە لە سیستەمی پێگە کۆمەڵایەتییەکان (بۆ نموونە، یاسا) و لەسەر بنەمای پەیوەندی هێزەکان دامەزراوە (بۆ نموونە، جیاوازی هێزی نێوان دادوەر و پارێزەر). کێڵگەکان بەشێوەی ئاسۆیی و ستوونی ڕێکخراون، بۆیە کێڵگەکان بەتەواوەتی هاومانای چینەکان نین.

 

 

 

 


[1] Habitus.