A+    A-
(450) جار خوێندراوەتەوە

نیچە، مرۆڤانە زۆر مرۆڤانە

(پەسنی مێژووگەرایی و داپاچینی میتافیزیک)

 

 

 

 

 

 

کیت ئەنسڵ پیەرسۆن

و. وریا ئەحمەد

 

 

 

 

 

 

نیچە ساڵی ١٨٧٨ هەوەڵین بەرگی (مرۆڤانە زێدە مرۆڤانە)ی بەچاپ گەیاند، پەرتووکێک هەم لە ئاواز و هەم لە ڕوانیندا گەلەک لە پەرتووکی یەکەمی وی جیاواز بوو و، بە ڤۆڵتێر، پاڵەوانی ڕۆشنگەریی فەڕەنسا پێشکەش کرابوو. ڤاگنەر، ئەوە هیچ لەم ڕوانگە تازە فەلسەفییە کەنارخرابوو، بە بابایەکی گومڕایش دادەنرا. لەبەرانبەر سەرمەستیی دیۆنیسیۆسی و سرووشەکانی نێو پەرتووکی (لەدایکبوونی تراژیدیا)دا، ئەمێستاکە نیچە خوێنەرانی بۆ نرخاندنی ڕاستینە گچکە و بێ­تەنتەنە و دەبدەبەکان، پەسندانی زانستەکانی کەوشەنی فیزیا بەهۆی پێدانی ڕوونکردنەوەی خاکەڕاییانە و دەستبەرداربوون لە باوەڕهێنان بە گشت ئەو سرووش و زانینەی وا لە ڕێی کردەی پەرجووئاساوە بەدەست دێن، بانگهێشت دەکرد.

بە ماوەیەکی کەم پاش بڵاوبوونەوەی پەرتووکەکە، تەندروستیی ڕوو لە خراپی وی، نیچەی ناچارکرد واز لە پێگەی خۆی لە زانکۆی بازڵ بهێنێت، دوای ئەمە، لەلایەن زانکۆوە مووچەیەکی بۆ بڕایەوە و مانگانە وەریدەگرت. دواجار نیچە بەو ئەنجامە گەییشت، کە فەلسەفەکاریی وی دەگەڵ ژیانی نێو زانکۆدا ئاویان بە جۆگەیەکدا ناڕوات. دەساڵی ئایندەی لە ژیانی ساغلەمی خۆی، بۆ گەشت و گەڕانی بەردەوام، نیشتەجێبوونی کورتخایەن لە ڤینیسیا، جەنەوا، سانت مۆریس، ڕۆما، سۆرینتۆ و نیس، تەرخانکرد. هاوینی ساڵی ١٨٨١ بۆ هەوەڵینجار چووە سیلیس_ماریا لە ناوچەی (ئۆپەر_ئینگادین)ی سویسرا، دواتر ئێرە بووبە هەواری هاوینەی وی. لە نامەیەکدا کە بۆ (پیتەر گاست)١ی نزیکترین هاوڕێی نووسی، لەمەڕ ژیانی تژی لە مەترسیی و سەرکێشیی خۆی (ژیانی فیکری) ئاخافت و درکاندبووی کە: ''چون ماکینەیەک وایە، هاکا زرمەی کرد و تەقییەوە''. هەروەتر نووسی، بڕ و ئەندازەی هەستەکانی دەیخەنە لەرزین، پێکەنین و گریان، ئەویش نەک لەڕووی ڕەنجوورییەوە، بەڵکوو لەڕووی تامەزرۆییەوە.

هاوینی ساڵی ١٨٨١ بۆ نیچە سەرشار لە نوقڵانە بوو. ڕێی لە سپینۆزا٢ دەکەوێت و پاشی چەند ڕۆژێ ئایدیای گەڕانەوەی هەمیشەییی٣ لە زەیندا دەڕسکێ و لەسەر پارچە پەڕەیەک و لە جێگایەک کە ''شەش هەزار پێ لەسەرووی ئادەمیزاد و کاتەوەیە''٤، دەینووسێ. لە (ئەمەیە مرۆڤ)دا باس لەوە دەکات، ڕۆژێ لە کاتی پیاسەکردن بەنێو لێڕەوار و دارستانی کەنار دەریاچەی سیلڤاپالانا٥ لەپاڵ ''تاوێرێکی هەرەمیی زەبەلاح'' دەوەستێت و: ''دواتر ئایدیایەک لە زەینمدا بریسکایەوە''. وی، گەڕانەوەی هەمیشەیی، بە باڵاترین ڕێسا (پێوانە)ی ''بەڵێ­کردن'' دەزانێ. ڕایەڵێک، کە ئەو هەستی دەکرد بە سپینۆزاوەی دەبەستێتەوە، زادەی کۆمەڵە دیدێکی هاوبەشی چون نکۆڵی لە ئایدیاگەلی پەیوەست بە ئازادیی ئیرادە، ئارمانج٦، سیستەمی ئەخلاقیی جیهان، خراپە و خواستی گۆڕینی زانین٧ بۆ بەهێزترین جۆش­وخرۆش، بوو.  

پاژێکی دیکە لە ژیانی نیچە، کە دەبێ یادی بکرێت، سەروەختی دۆستایەتیی جەنابیانە دەگەڵ پۆڵ ڕێ٨ و لۆ سالۆمیدا،٩ کە بەزۆریی وەک عیشقێکی ئەفلاتوونیی سێ لایەنە باسیان کردووە. ڕێ، بۆماوەی پێنج ساڵ فێرخوازی نیچە بوو، ئەوی دەم نیچە لەساڵی ١٨٧٣ بۆ هەوەڵینجار لە نزیکەوە ناسی، ئەو بە نووسینەوەی تێزی دکتۆراکەیەوە خەریک بوو. لە دەیەی ١٨٧٠دا دوو پەرتووکی بە ناونیشانی (تێبینییە دەروونناسییەکان، ١٨٧٥) و (سەبارەت بە سەرچاوەی هەستە ئەخلاقییەکان، ١٨٧٧) بەچاپ گەیاند، هەرتک پەرتووک هاندەری نیچە بوون لە ڕووهێنان بۆ دەروونناسی لەساڵانی ناڤینی دەیەی ١٨٧٠دا.  ڕێ، ئەتیستێک١٠ بوو، وای بۆ دەچوو گوایە ئەزموونی ئایینی پرسێکی هێندە ڕوون و ڕەوان و سەلماو نییە، بەڵکوو جۆرە ڕاڤەیەکە دەشێت لە ڕێی دەروونناسییەوە پەردەی لەسەر لابدرێ. هەروەتر، پێی وابوو، ئەخلاق ئەوە هیچ بابەتێکی سروشتی نییە، دابونەریتە و چاکە و خراپەش جۆرە گرێبەستێکن. نیچە ئا ئەم خۆسەری و سازگارییە فیکرییەی پۆڵ ڕێی پەسن دەدا. بۆ پۆڵ ڕێ، داپووکانی مانا لە وجووددا مایەی نائومێدی بوو، وەلێ بە پێچەوانەی ئەو، نیچە هەر ئەم داپووکانی مانایەی بە هەوێنی ئازادیی مرۆڤ دەزانی. لە ئەپرێڵی ١٨٨٢، ڕێ دەگەڵ هاوڕێیەکی دیکەیدا، نیچەیان بە سالۆمی ناساند. سالۆمی لە سانپێترسبۆرگ هاتبووە دونیاوە (بابی وی، ژەنەڕاڵێکی ڕووسیی لە ئەڵمانە پرۆتستانەکانی باکووری ئەورووپا بوو)، لە سێپتامبەری ١٨٨٠ بەمەبەستی خوێندن لە زانکۆی زویریخ، ڕووسیای بەجێهێشت. پاش قەدەرێک، نووسیارێکی پڕکاری لێ دەرچوو، هەر ئەمیش بوو هەوەڵین توێژینەوەی شێلگیرانەی لەمەڕ نیچە وەسەر پێ خست. دواتر بووبە دڵدار و مەحرەمی ڕازی ڕاینەر ماریا ڕیلکە١١و هاوڕێی دڵخوازی سیگمۆند فرۆید. بەسەرکردنەوەی وردەکارییەکانی دۆستایەتییە سەمەرەکەی نێوان سالۆمی، نیچە و ڕێ، کە هەریەک لە نیچە و ڕێ بەجیا داوای خوازبێنییان لێ کرد (و ئەویش دەستی نەخێری بەسنگییانەوە نا)، داستانێکە، بۆ ئێرە نابێت. ئەوەندە بەسە بڵێین، ئەم پێشهاتە توانای بەرگەگرتنی نیچەی تژی لە جۆش­وخرۆشی تا دوا ڕادە لە سەنگی­مەحەک دا. دواجار، ئەوی لەم پاژە لە ئازار گلاوەی ژیانی نیچە گرنگە، ئەو دەستکەوتە فەلسەفییە بەبڕشتانەیە، کە وی لەم میانەیەدا دەیانچنێتەوە. سەرنجڕاکێشترینی دەستکەوتەکان، بەرهەمە باڵاکەی وی، واتا (وەهای گوت زەڕدەشت، ١٨٨٣_١٨٨٥)ە. پەیوەندی دەگەڵ لۆسالۆمی، لە ئۆکتۆبەری ١٨٨٢ دوایی هات و هەوەڵین بەشی (وەهای گوت زەڕدەشت) لەماوەی دە ڕۆژ و لە دەستپێکی ساڵی ١٨٨٣ نووسرا.

ناونیشانی لاوەکیی پەرتووکی مرۆڤانە، زێدە مرۆڤانە، بریتییە لە ''پەرتووکێک بۆ گیانە ئازادەکان''.١٢ لەمیانی ئەو تێڕامانەی، وا لە (ئەمەیە مرۆڤ) لەمەڕ ئەم پەرتووکە خراوەتەڕوو، نیچە دەبێژێت، دەستەواژەی ''گیانی ئازاد''، دەبێت بەواتای گیانێک فام بکرێت، کە ئازاد بووە. بە دەربڕینێکی تر، لێرەدا پرۆسێسێک بە ناوی ''خۆ_ئازادکردن'' لە گۆڕێدایە، کە سەرکەوتن بەسەر ئایدۆلۆژیایشی لێ دەکەوێتەوە: لەوێدا وا ئێمە شتانێکی نموونەیی و ئایدیاڵ دەبینین، نیچە ''شتەیلێکی مرۆڤانە، جەخار! زێدە مرۆڤانە'' دەبینێت. مرۆڤانە، زێدە مرۆڤانە، وەکوو ناوی پەرتووکێک و ناوی پرۆژەیەک، بیرخەرەوەی قەیرانێکە، کە نیچەی وا لێ کرد لەمەڕ پرسەگەلی پەیوەست بە زانین، دیسپلین و ڕێکخستنی تۆکمە و پێ­گیرانە وەسەر خۆیدا بسەپێنێ. گیانی ئازاد، لەچێوەی هەوەڵین پەیڤینی نیچە لەبارەیەوە، وێنایەکی تاڕادەیەک بێ­گرێوگۆڵە و هێما  بۆ گیانێک دەکات، کە جیاواز لە گشت ئەوەی وا لەسەر بنەمای ژینگە، چین یان ڕوانگە باڵادەستەکانی ڕۆژ لێی چاوەڕوان دەکرێ، دەهزرێت. ئاوها گیانێک، خۆی لە زنجیرەکانی نەریت قوتارکردووە و بە تەنێ دەنێو خودی ڕۆحدا سۆراخی حەقیقەتێک دەکات، هانی بدات لە هەرچ باوەڕ و نەریتێک بسەڵەمێتەوە و تەنها خوازیاری ''ژیری'' بێت. گەرچی مانای ڕاستینی ئەم ئامێتەیە (گیانی ئازاد)، بە درێژاییی گوورانی کارەکانی نیچە لە دەیەی ١٨٨٠دا، گۆڕانێکی ئەوتۆی بەسەردا نایەت، وەلێ ئەرکگەلێ کە وەئەستۆی دەخرێ، تا دێت جیددیتر و جیددیتر دەبن.

نیچە، بە وەشاندنی پەرتووکی مرۆڤانە، زێدە مرۆڤانە لە ساڵی ١٨٧٨، نەخشەی جۆرە ڕێبازێکی بۆ ئەو پرسە فەلسەفییانە هەڵخست وا لە گشت بەرهەمەکانی دواتریدا بەرچاو دەکەون و، ئەمەش هەمان ئەو بابەتەیە کە ناوی ''فەلسەفەکاریی مێژوویی١٣''ی لێ نا، هەروەتر، بەڕوون و ڕەوانییش دەرخەری کاریگەریی زانستەکانی مۆدێرن، بەتایبەت تیۆری پەرەسەندنە بەسەر فیکری ئەوەوە (بەرهەمە پڕبایەخەکەی داروین، بنەچەی جۆرەکان١٤ ساڵی ١٨٥٩ چاپ کرابوو). نیچە لەمەڕ داهێنانەوەی (چەکوشی مەعریفەی مێژوویی) بۆ لێدان و داخووڕمانی شتەکان، داخێوێ. وی لە پەرتووکی (جینالۆژیای ئەخلاق)، بە گوتەی خۆی، هێشتاکانێ لەسەر ''میتۆدی مێژوویی'' جەخت دەکات. چەند پاژێک لە (ئاوابوونی بتەکان)یش، لێکچوونی بەرچاویان دەگەڵ بەشەکانی بەراییی مرۆڤانە، زێدە مرۆڤانەدا هەیە. نیچە، ئەمێستاکە لە هەمبەر ئاوها پرسیارێک کە داخۆ جیهانێکی میتافیزیکی لە ئارادایە یان نا، پۆشاکی بابایەکی نازانمگەرا١٥ دەپۆشێت. ڕەنگبێ وەها جیهانێک بوونی هەبێ، وەلێ چونکە ناتوانین لەمە زیاتر ببینین، هەموو ئەوەی دەتوانرێت بگوترێت ئەمەیە :جیهانی میتافیزیکی ''کەمێک جیاوازی''ی هەیە، کە لە دەستڕەسی ئێمەومانان بەدەرە؛ و هەر چەشنە هەڵگۆزینێکی ئۆنتۆلۆژییانە لەبارەی، هەڵگۆزینێکی ئۆنتۆلۆژییانەی نەرێنیی دەبێت. سەربار، شیکاریی کیمیاییانەی ئاو، بۆ بەلەمێک کە سنگی وەبەر باهۆز و تۆفان داوە، داخۆ دەبێ گرنگ بێ، دەی ناسینی جیهانی میتافیزیکیش بۆ ئێمە هەر هێندە ناگرنگ و کەم بایەخە. هونەر، ئایین و ئەخلاق، نابن بە هۆکاری دەستڕاگەییشتنمان بە ڕەهەندێکی تری واقیع. ئێمە هەمیشە خۆ لەنێو قەڵەمڕۆیەک لە (نواندنەوە) و ڕواڵەتەکاندا دەبینینەوە و هیچ پێشگۆیییەک توانای نییە هەنگاوێ واوەترمان بەرێ. هەروەتر، ئەوی ئێمەومانان پێی دەڵێین جیهان، هەڵگۆزراوی هەڵەگەلێکی لەژمارە نەهاتووە، کە لە گەشەی ژیانی ئۆرگانیکییەوە سەرچاوەیان گرتووە. ئەم کۆمەڵە هەڵە و ئەفسانانە سازێنەری گەنجینەی نەریتیشن (بەهای مرۆڤایەتی بەمەوە گرێ دراوە)، و دەنێوان پشتبەستنمان بە هەڵە و حەوجەمان بە ئەفسانە و چەکەرەکردنی زانست و حەقیقەتی زانستیی، ڕایەڵ دروست دەکەن.       

نیچە لە بڕگەی دەستپێکی مرۆڤانە، زێدە مرۆڤانەدا تەکز لەم پرسە دەکات کە چلۆن شتێک لە دژەکەی خۆیەوە هەڵدەقوونێتە دەرێ؟ و پاشان لەنێوان ''فەلسەفەی میتافیزیکی'' و ''فەلسەفەی مێژوویی''دا جیاوازی دادەنێت. هەوەڵجار، بە هانابردنە بەر ژێدەرێکی پەرجووئاسای چون ''بوون لەخۆدا'' بۆ ڕوونکردنەوەی شتێک وا خودانی بەهایەکی زیاترە، پەرسڤی ئەم پرسە دەداتەوە. ئەم ''لەخۆدا''یە، بەدیدی نیچە ئاماژە بۆ بوون یانژی شتێکی بێ­قەیدومەرج دەکات کە لەسەرووی هەلومەرجەکانی ژیان، بۆ نموونە لەسەرووی گۆڕانکارییەکانی پەرەسەندن، هەڵکەوتووە. پاشان، نیچە جەخت لەوە دەکاتەوە کە چیتر ناتوانرێت ئەم پرسە لە زانستە سروشتییەکان (نوێترین میتۆدی فەلسەفیی) هەڵاوێرد بکرێت، بگرە بەپێچەوانەوە، وی بەدووی پیشاندانی ئەوەوەیە، گوایە هیچ دژبەرێک لەگۆڕێدا نییە و گشت شتەکان زادە و لەنێو پرۆسێسی هەڵکشان و پەرەستادنن، لێرەوەیە نیچە، سۆراخی ''کیمیای چەمکەکان و هەستەکان'' دەکات (کیمیا زانستی گۆڕانە).

مێژوویییانە فەلسەفاندن، دەبێتەهۆی سەرهەڵدانی ئایدیاگەلێک، کە تۆوی ئەندێشەی مۆدێرنیان لێوە دادەکەوێ: هیچ حەقیقەتێکی نەگۆڕ لەمەڕ بنەچەکی ئادەمیزاد بوونی نییە؛ هێزی مەعریفیی ئێمەومانان بەرلەوەی زێدی پرسگەلی غەیبانییی بڵندنشین١٦ یانژی شێوەپێدەری زانینمان لەمەڕ جیهان بێت (مەبەست فەلسەفەی کانتە)، خۆی دووچاری گۆڕان و پەرەسەندن دەبێ؛ و سیستەمی هەرەمیی١٧ کۆمەڵگایەک، بەگوێرەی ئەو شتەی وا کۆمەڵگا بە ڕەوتاری چاک یانژی خراپی دەزانێ، بەردەوام لە دۆخی گۆڕاندایە(مرۆڤانە، زێدە مرۆڤانە، ٢ و ١٠٧). ئاژەڵەمرۆڤ١٨، بەرهەمی پرۆسێسێکی پێش­دیرۆکییە، بۆ هەزاران ساڵ پێش دەگەڕێتەوە. ئەم شێوە بوونەی وا هەنووکە مرۆڤی تێ ترنجاوە، شتێک نییە پێش­وەختە و زوو لە چارەی نووسرابێت. ئەم لایەنەی کاری نیچە، دەگەڵ پرۆژەکەی دواتری وی لەمەڕ جینالۆژیای ئەخلاق، کاریگەریی قووڵی کردەسەر بەرهەمە بەناوودەنگ، وەلێ مشتومڕهەڵگرەکەی فۆکۆ سەبارەت بە مێژووی عەقڵ و چەکەرەکردنی ''مرۆڤ'' وەک بابەتی مەعریفەی زانستیی.١٩

نیچە وای بۆی دەچێت، دەبێت پاڵنەری ویستی بنجبڕ لەمەڕ سەروکلک و سەرەتا و کۆتاییی شتەکان، بە ''لقێکی درەختی ئایین'' بزانرێت. سەرەتا و کۆتاییی شتەکان، ئاماژەیە بۆ ئەو پرسانەی بواری زانین و دەرککردن، وا پەیوەندییان بە ''سەرزەمینەیلی یەکجار دوورەدەست''ەوە هەیە، وەکوو پرسی جیهان چۆن سەریهەڵدا؟ یانژی ئارمانجی جیهان چییە؟ ئەوە بە تەنێ لەژێر کاریگەریی سۆزی ئایینی و ئەخلاقییە، ئەم پرسانەمان ئاوها سەنگین و خەوفناک دێنەبەرچاو. پرسیارەیلی وەها، چاوەکان ماندوو دەکەن و، بێ لە تاریکی بەسەر تاریکی هەڵخستن و شەوارە پێکردنی چاو، هیچی تریان لێ شین نابێ. ئەوی دەم وا سەقامگیرکردنی هەر چەشنە ''ڕەهایی'' و ''بنجبڕی''ییەک دەبێتە کاری نەکردە، جیهانێکی سەرومڕ ئەخلاقیی_میتافیزیکیی بۆ پڕکردنەوەی ئەم تاریکییە دەسازێنرێت. وێناگەلی خەیاڵیی جۆراوجۆر بەسەر شێوازی تێگەییشتنی ئادەمیزادەکان لە جیهان زاڵ دەبن و، دواتر دەخوازرێت هەموو ئەم وێنەیەلە شێلگیرانە وەکوو ڕاستی مامڵە بکرێن. ئەوە بۆیە توێژینەوە لەمەڕ چاوگی هەستوخوستە ئەخلاقی و ئایینییەکان هێندە کارێکی گرنگ و بەبایەخە. ئامانجی سەرەکیی ئاوها توێژینەوەیەک، ئامانجێکی هێوەرکەرەوە و دامرکێنەری هەڵامسانە. ئێمەومانان بۆ ژین­بەڕێکردن ''ژینێكی بێخەوش و نموونەییی مرۆییانە''، ئاتاجی زانینی بنجبڕ و ڕەها لەمەڕ سەرەتا و کۆتاییی شتەکان، _کە نیچە بە دووردەستترینی ئاسۆکانی ناو دەبات _ نین(ئاوارە و سێبەرەکەی٢٠، ١٦). وی پێشنیار دەکات خۆ لە نەریتی باوی تێفکرین دابڕین. نابێت لەهەمبەر پرسەگەلی چون ئارمانجی ئادەمیزاد چییە؟ چارەنووسی وی پاش مەرگ چییە؟ و یانژی چلۆن بتوانرێ ئادەمیزاد و خودا ئاشت بکرێنەوە؟ دەمودەست پەرسڤی دژە باوەڕ بخرێتەڕوو؛ بەڵکوو دەبێت بە پێچەوانەوە، لەئاست هەرتک لای ئەم دۆزە، گوێی لاپرەسەنیی خۆمانی لێ بخەوێنین و بە هێندیان وەرنەگرین.

هەڵوەستەیەک کە نیچە لە دەستپێکی مرۆڤانە، زێدە مرۆڤانەدا لەمەڕ دۆزە فەلسەفییەکانی دەگرێتەبەر، لە دەمی کارکردن لەسەر تێگەییشتنی باشتری سروشتی ئەو دۆزانە، دەچێوەی نووسراوەکانی دواتریدا، باشتر و ڕەوانتر دەبێ. بۆ نموونە، بژاردە­_گوتەکانی بەراییی پەرتووک دەچێوەی بڕگەکانی پاژی هەوەڵی (ئەودیوی چاکە و خراپە) بەناوی ''پێشداوەرییەکانی فەیلەسووفان'' پاتە دەبنەوە، وەلێ نها پرسگەلی تریان لە نموونەی ڕەخنەی ئەخلاق، کە تەکزی لەسەر بەهای بەهاکانە، بۆ سەربار کراوە. لێ­توێژینی چاوگ و سەرچاوە بەس نییە؛ بەڵکوو دەبێ پرسی بەها وەبەر باسان بدرێ و، بەتەنێ بە پیشاندانی ژێدەری پەست و نەویی شتە باڵاکان، کار ڕایی نابێت. هەروەتر، چەمکەیلێکی نوێ _کە سەرنجڕاکێشترینیان ''ویستی هێز''ە_ دێنە مەیدانەوە و کار لەو ئەرکە مەترسیدارانە دەکەن وا نیچە لە ئەستۆی ''پرۆسێسی زانین''ی داناون. نیچە لە (ئەودیوی چاکە و خراپە)دا دێژێت، دەبێ چاوەڕوانی ''نەوەیەکی نوێی فەیلەسووفان'' بین (ئەودیوی چاکە و خراپە، ٢). فەیلەسووفانێک کە دێن، بایەخی ڕووکەشانەی باوەڕی میتافیزیکگەراکان٢١ بە لێکدژیی بەهاکان، خاترجەمیان ناکات. زەوق و سەلیقەی ئەم فەیلەسووفانە، هەر زۆر جیاوازە لە زەوق و سەلیقەی ئەوانەی تا هەنووکە ڕێبەریی توێژینەوە فەلسەفییەکانیان کردووە. ئەوان پرسیارگەلێکی نوێ دەخەنەڕوو: ئاخۆ دەشێت حەقیقەت لە هەڵەوە هەڵگۆزرێت؟ ئایا ڕێی تێ ناچێت خۆنەویستی هەر شێوازێکی خۆپەرستی بێت؟ داخۆ دەشێت فیکری پەتیی بابایەکی ژیر، لە ئارزوویەکی توندەوە هەڵقووڵابێت؟

لە چەقی بەرهەمە لەخەوش داماڵدراەکانی نیچەدا، هرووژم بۆ سەر شێوازگەلێکی فیکریی لە نموونەی فیکری ئەفلاتوون­باوەڕی، دەبینرێت، ئەوێ فیکرانەی وا ددان بە دوالیزمی نێوان جیهانی ڕاستین و جیهانی سەراپا ڕواڵەتیی دەنێن. جیهانی ڕاستین لەسەرووی سیستەمی زمان، گۆڕان، چەندێنەیی و هەبوون دایە (ئەمە جیهانی ''بوون''ە)، لەکاتێکدا جیهانی گۆڕاو، هەبوون و پەرەسەندو، درۆیینە و هەڵەیە. لە بڕگەی یەکەمی ''عەقڵ'' لە ''فەلسەفە''دا، دەچێوەی پەرتووکی (ئاوابوونی بتەکان)، نیچە دێژێت، خەسڵەتی فەیلەسووفان بەگشتیی بریتییە لە لەدەستتدانی هەست­وخوستی مێژوویییان و ڕقیان لە ئایدیای ''هەبوون''، نیچە ئەمە بە ''میسرییزم''٢٢ی وان لێکدەداتەوە: فەیلەسووفان شتەکان لە مێژوو دادەماڵن و، لەمیانی ئەم پرۆسێسەدا، چەمکگەلێ مۆمیایی دەکەن، کە بۆ فامکردنی شتەکانی دەکاردەبەن. ئەوەی بە گوێرەی پێویست ئاوڕی لێ نەدراوەتەوە، پرۆسێسەکانی ژیانی چون لەدایکبوون، گۆڕان، گەشە و مردنە، لەم سۆنگەیەوە ئەوی ''نا_هەبوون''ە بە خودانی بوونێکی ڕاستین و ئەوی ''هەبوون''ە بە ناڕاست دەزانرێ. لە بڕگەی چوارهەم سەرنجمان بۆ ئەو خاڵە ڕادەکێشێ چۆنچۆنی لە میتافیزیکدا هەمەکییترین و بەتاڵترینی چەمکەکان _بۆ نموونە ئەم چەمکانە: ڕەها، چاکە، ڕاستین و کامڵ_ وەک باڵاترین و ناواخندارترین چەمک دەرخواردمان دراون. لە میتافیزیکدا، ئەم چەمکانە خۆیان هۆکاری پەرجووئاسای هەبوونی خۆیانن و خۆبەخۆ هەن و لە دزێوییەکانی گەشەکردن و گۆڕان بەدوورن. بنێسترین و بەتاڵترینی ئەم چەمکەیلە، چەمکی خودایە. لە بڕگەی پێنجهەمدا دێژێت، زمانی عەقڵ، میتافیزیکگەراکانی گومڕا کردووە. زمان، لە سەروەختی بەراییترین شێوازی دەروونناسی و مەعریفەی زانستدا سەری هەڵدا و، دەتوانرێت تێیدا هەست بە جۆرە سرووتێکی نەخەمڵیوی شێوە بتپەرستانە بکرێ، کە وا لە ئێمەومانان دەکات بە ڕێگاگەلێکی تایبەت بهزرین، گشت ئەم ڕێگانەش نها بوون بە نەریت، بۆ نموونە باوەڕ بە ''ئیرادە'' وەکوو هۆکاری پێشهاتەکان و کردە و (من)ێکی یەکپارچە کە گوایە چەقی وجوودی ئێمەیە لە جیهاندا.

نەریتی فەلسەفە گشتجارێ لەمەڕ بایەخی ڕۆڵی ئاگایی لە ژیاندا زێدەگۆییی کردووە. نیچە باوەڕی وایە، کۆشش بۆ تێگەییشتنی تەواو لە پرۆسێس و کردە ناوەکییەکان، بەهۆکاری دەستکورتیی زمان لە فامکردنی جیاوازییەکان و، هەروەتر بەهۆکاری بێ­دیقەتیی لە سەرنجدانمان، بە هەوار ناگات. وی لە (بژاردە_گوتە)ی ١١٥ی پەرتووکی (بەربەیان)، هەمان بابەت بە گووڕوتینێکی زیاترەوە بەیان دەکات و دەنووسێت: ''هیچ یەک لە ئێمە، بەو جۆرەی بەرچاو دەکەوین، نین. ئێمەومانان ئەو دۆخگەلە نین وا لە ئاستیاندا بەتەنێ ئاگایی و وشەکان شک دەبەین.'' ئاگایی ''ڕوونکردنەوەیەکی تاڕادەیەک سەرسووڕهێنی دەقێکی نەزانراو و ڕەنگبێ سرک و ملنەدەر بۆ زانین بێ، وەلێ بەرهەستکەوتوو و هەستپێکراوە''(بەربەیان، ١٢٩). بەدیدی نیچە، زانست، دونیایەکی نامۆمان پیشان دەدا، دونیایەک، کە ئێجگار لەوەی وا لەدەمی باسکردنی ئەزموونەکانمان و ئاخافتن لەمەڕ هەست و ئارەزووەکانمان، سەبارەت بە جیهان وێنای دەکەین و تێی دەفکرین، جیاوازە. وی ئەم پرسە دەخاتەڕوو، داخۆ دەلوێت جۆرێکی تری بیرکردنەوە، هەستکردن و تەنانەت حەقیقییانەتر خەونبینین، فێرببین؟ وەلێ دۆزێک کە ئەم پرسە دەیورووژێنێت، یەکجار گەورە و ڕەنگبێ بێ چارە بێت: ئێمەومانان، بەناچاریی، جیهان لە ڕێی پێکهاتە و دەرهاویشتە٢٣ دەروونییەکانمانەوە، ڕاڤە دەکەین و، تەنانەت قووڵترین تێفکرینی نیچە لەمەڕ جیهان هەروەک ''ویستی هێز''یش، کە بە گوتەی وی لە (ئەودیوی چاکە و خراپە، ٣٦)دا ''پێش­وێنەی ژیان''ە، ناتوانێت لە خەوشی مرۆڤاندن٢٤ بەدەر بێت. زمانێکی ئۆنتۆلۆژییانەی پەتیی، کە بێلایەنانە بڵێ جیهان چییە، لەدەستڕەسی ئێمەوماناندا نییە. تەنانەت دەرککردنی پێشهاتەکانی جیهان دەچێوەی زمانێکی گوایە سەربە دۆخگەلی پێش­مرۆییانە، ئەوی وا نیچە پێوەی خەریکە، پێش هەر شتێک خۆخەریککردنە بە کردەی وەرگێڕان و هیچی تر، نیچە خۆی پێ لەمە دەنێت.

شێوازی گوورانی فیکری نیچە بۆ هەر خوێنەرێک خوازیاری فامکردنی بنجبڕانەی پرۆژەی وی بێت، کێشەی جیددی دەسازێنێت. ڕوونە، نیچە لەدەم­دەمی پێگەییویی فیکریدا (١٨٨٥_١٨٨٨) ناخوازێت ئەرکە تایبەتەکانی هزرینی فەلسەفیی، کە کەم­وزۆر ئەرکگەلێکی باڵا و بڵندشینن، کەنار بخات و بەتەنێ بە سۆراخکردنی مەعریفەیەک وا لە زانستەکاندا هەیە، قایل بێت. وی، سەرومڕ و بەتوندی کەسانێک بەر ڕێژنەی ڕەخنە دەدات، کە بە ''فەیلەسووفانی تێکەڵ پێکەڵ''٢٥ ناویان دەبات، کەسانێکی چون پۆزەتیڤیستەکانی مۆدێرن٢٦، ئەوانەی وا باوەڕیان بە باڵادەستیی فاکتەکان بەسەر جیهان و سەرکەوتنی زانست بەسەر فەلسەفەدا هەیە؛ وی کورتکردنەوەی فەلسەفە بۆ ''تیۆری زانین''، چون ترسنۆکییەکی ئاووڕووبەر، دەبێزێنێ(ئەودیوی چاکە و خراپە، ٢٠٤). لە بەرانبەر ئا ئەم داخووڕمانەی فەلسەفەدا، نیچە بەدووی فەلسەفەکارییەوەیە وەک دیسپلینێکی ''دەسەڵاتی ڕاستینی مانەوی''، کە لەخۆگری ''قووڵیی ڕاستەقینەی دیدی مانەوی''یە(هەمان، ٢٥٢). بەڵام بە هەمان ئەندازەش، چەسپینی بەردەوام بە میتافیزیک لە فیکری مۆدێرنی ئەڵمانیی و بەتایبەت لای کانت، ڕەخنە دەکات. نیچە جەخت دەکات، کە دەبێت ویژدانی عەقڵانی٢٧ ببێت بە جێگرەوەی عەقڵی کرداری٢٨ و، ئەمەش پێبەستی ئەوەیە فەلسەفە سەرقاڵییە شێوە ئایینییەکەی بە خۆسپاردن بە ئەزموونە دژوارە زانستییەکان، کەنار بخات(دەجال، ١٢).

شێوازی ڕەخنەییی نیچە لە کانت، گەلەک شێلگیرانەیە، ئاخر وی وای بۆ دەچێت کانت لە ڕۆنانی عەقڵی کرداری­دا، بانگەشەکانی عەقڵی زانستیی پەراوێز خستووە و، بەپشبەستنێکی ناعەقڵانی بە ''باڵایی''٢٩، بەرگری لە ئەخلاقی دێرین و میتافیزیک دەکات. نیچە دەبێژێت، کانت عەقڵێکی باڵاترمان پێ دەبەخشێ، کە بەتایبەت بۆ جێ و ڕێیەک دیزاین کراوە، ڕاستییەکەی پێی ناوێت نیگەرانی عەقڵ بین. دەگەڵ گشت ئەمانەدا، ساڵی ١٨٨٣ بەدوا، لە نووسینەکانی نیچەدا بینەری جۆرە میتافیزیکێ (کە زیاتر تەکز لە ئایدیای ژیان وەک ویستی هێز دەکات، هەڵەبەت ئەم میتافیزیکە، وەک پرەنسیپی میتۆدی مێژووییی لەخەوش­داماڵدراوی ویش دەکاردەبرێ) و ڕۆنانی ئایدیاڵێکی نوێ دەبین (مرۆڤی باڵا دەبێت بە مانای تازەی زەوی).

هەندێ لە شیکەرەوان وای بۆ دەچن، ئەم بابەتە دەرخەری ئەوەیە خودی نیچەش سەر لە (میسرییزم)ەوە دەردەکات و ناتوانێت بەتەواوی فەلسەفە لە میراتە شێوە ئایینییەکەی ئازاد بکات. نیچە سەرقاڵی سۆراخکردنی شێوە تێفکرینێکە، کە ڕووەو ئەودیوی میتافیزیک و ئەخلاقی کۆن جووڵابێ؛ لەگەڵ هەموو ئەمەشدا، ڕوونە، شتێک بە تایبەتمەندییەکانی ئەخلاقی باڵاوە لەم جووڵەیدا ئامادەیە و، لە گشت ئەو ئایدیا بنەڕەتانەی وا لە دەقە خەمڵیو و دوایینەکانی نیچە بەریان دەکەوین، لە نموونەی گەڕانەوەی هەمیشەیی، مرۆڤی باڵا و دیۆنیسیۆس، خۆی دەنوێنێ.

 

 

 

 

 

پەراوێزەکان:

 

 

1. Peter Gast (1854–1918).

2. Baruch Spinoza(1632_1677).

3. eternal recurrence (Ewige Wiederkunft).

٤. مەبەست لەم جێگایە، وا شەش هەزار پێ لەسەرووی مرۆڤ و زەمانەوەیە، گوندی سیلیس_ماریای وەڵاتی سویسرایە. 

5. Silvaplana.

٦. ئارمانج (آرمان، غایت، ئامانج).

7.  cognition.

 Cognition، یانژی بە ئەڵمانیی (erkenntis)، بە واتای دەرککردن و تێگەییشتن و فامکردن و زانین دێت.

8. Paul Ree (1849_1901).

9. Lou Salome (1861_ 1937).

10. atheist.

11. Rainer Maria Rilke (1875_1926).

12. Human, All Too Human: A Book for Free Spirits (Menschliches, Allzumenschliches: Ein Buch für freie Geister).

13. Historical philosophizing (فەلسەفاندنی دیرۆکی).

14. On the Origin of Species.

15. Agnosy (نازانمگەرا).

16. Transcendental.

17. Hierarchy.

18. The human animal.  

19. The subject of scientific cognition.

20. Der Wanderer und sein Schatten.  

21. Metaphysicians.

22. Egypticism.

میسرییزم: ڕوونە میسرییە دێرینەکان کەسانی دەستڕۆیشتوو و فیرعەونەکانانیان لەپاش مەرگ مۆمیایی دەکرد و لە پەرەستگا و هەرەمەکان هەڵیان دەگرتن. نیچە ئەم چەمکی ''میسرییزم''ەی لەم نەریتە میسرییەوە هەڵگۆزاوە و لە پەسنی فەیلەسووفانی میتافیزیک­باوەڕ دەکاری بردووە. بەو مانایەی فەیلەسووفان چەمک و ئایدیا و تێرمەکان لە ڕەوتی دیرۆک دادەماڵن و لە سیاقێکی سەرووسروشتیدا مۆمیاییان دەکەن.

23. dispersal.

24. anthropomorphism.

مرۆڤاندن(بەمرۆڤدانان)، یانژی مرۆڤبیچم­گەرایی، جۆرە دیدێکە کە گشت دیاردە و شتەکان لە ڕەنگ و بۆنی مرۆیییانە هەڵدەکێشێت و ئامێتەیەک لە هەست­وخوستی ئادەمییانەیان بەسەرا دەکات. 

25. Hodgepodge.

26. Modern positivists.

27. Rational conscience.

28. Practical intellect.

29. Sublime.