A+    A-
(2,778) جار خوێندراوەتەوە

          مێسى...  

             

 

 

      

 

          وەلید عومەر

 

 

 

 

 

 

 

 زیادە وەک کەم

وردەوردە کونەپەپووى مینرڤا, باڵەتەپەیەتى بفڕێت. یاریزانێک یان دوو یاریزان و بگرە نەوەیەکیش بەرەو دوایین ساڵەکانى یاریکردنى خۆیان دەڕۆن و پێدەخەنە ناو شەوى حەقیقەتەوە. ئێستا ئیتر کاتى ئەوەیە قسەیەکى گەرچى سادەش بێت, لەسەر ڕۆژەکە بکرێت. بەپێى هیگڵ, کونەپەپووى حیکمەت(مینرڤا) لاى ئێواران لە شەققەى باڵ دەدات. مینرڤا ماخواى ژیرى بوو لاى ڕۆمەکان, هیگڵیش وەک میتافۆر ئەمە وەردەگرێت تاکو دەریخات بیرکردنەوەى فەلسەفى, لە کۆتاییەکانى ڕۆژەوە دەفڕێت و حوکمەکانى خۆى دەدات و حەقیقەت هەڵدەسەنگێنێت. ئەوەى بە ڕۆژ ڕوویداوە, لە سەرەتاکانى شەوەوە دەخەمڵێنرێت. فیکر, تەنیا قسە لەسەر "وەرزشى ڕووت" ناکات, بەڵکو ئەو لاڵییانەى وەرزشیش دەپشکنێت کە لە سنورى وەرزش دەردەچن.

نوکتەیەک هەیە لە جیهاندا سادەیە؛ بەڵام بەهۆى سادەییەکەوە جیاوازییەکى ئاڵۆز دەردەخات؛ نوکتەکە دەڵێت:

«بۆچى ژوورەکەى کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ دایم پاک‌وخاوێنە؟ وەڵام: چونکە ئەو "مێسى" نیە».

نوکتەکە لەکۆدا دەیەوێت بڵێت "کەس" مێسى نیە, هەتا ڕۆناڵدۆش.

ئەم نوکتەیە, لە ئاستێکى چڕ و مینیماڵدا, جیاوازیی دوو کەس دەردەخات, دوو ئیمکان, دوو ناو, بەڵام سەرەنجام له قازانجى یەکێکیشیان. هەموو هەراوهۆسە و ململانێکانى هاندەرانى ئەم دوو فیگەرە, لەسەر شتێکى بچوک وەستاوە نەک گەورە. لەسەر زیادە(surplus) و پاشماوەیەک وەستاوە کە لە ویستى بکەرەکانى ناو پرۆسەکەش دەردەچێت. زیادەیەک کە یەکسان نیە بە کۆکردنەوەى ماتماتیکیی کەسەکان, بەڵکو توخمێکە لەوانەوە بۆ سەرووى ئەوان دەردەچێت: زیادەیەک کە بە کەم وەردەگیرێت. زیادەیەک کە لە زۆر هەڵوێست و ڕستە و حوکمى هاندەرانى تۆپى پێدا دووبارەدەبێتەوە(بۆنمونە, «خۆى وایە بەڵام ئاخر دەزانیت چۆنە؟», «با چاوەڕێى ئامارەکان بکەین...» و هتد).  زۆرینە وادەزانن جیاوازییەکەى نێوانیان گەورەیە, بەڵام ئەم دیاردەیەش وەک زۆر دیاردەى تر لەسەر جیاوازییەکى هەرەبچوک و هەستیار وەستاوە. جیاوازییەک کە نوکتەکە ناچارە بە دەربڕینێکى نامۆ و گاڵتەجاڕ بیخاتەڕوو کە تەواو ڕاستەقینەشە. بەپێى عەقڵى باو و میکانیکى, مێسى و ڕۆناڵدۆ بێ‌ڕەبتن بۆیە نوکتەکە وەڵامێکى بێ‌ڕەبت بە پرسیارەکە دەداتەوە. وەکچۆن دوو عاشق هەمیشە لەوپەڕى ڕێکەوتى ڕووتدا یەکدەناسن و جیادەبنەوە, یان یەکدەناسن و پێکەوەدەژین و بە مردن جیادەبنەوە, ئەم پەیوەندییەش خۆى لەوپەڕى قووڵاییە دیالەکتیکییەکەیاندا هەروا بێ‌ڕەبتە: مێسى و ڕۆناڵدۆ بەهۆى ئامرازى لێکدەرى "و"ـەوە ڕەبتدەبن بەیەکەوە, لە یاریگا و مێژووى تۆپى پێدا ڕەبت دەبن پێکەوە, ئەگینا لەبنەڕەتدا وەک دوو نەناسى ناو لوولپێچێکى فراکتاڵ خزمەت بە شتێکى گەورەتر دەکەن کە حەقیقەتى مێژووى تۆپى پێیە. حەقیقەت لە پرۆسە دیالەکتیکییەکەى هیگڵدا لە هەموو پانتاییە سەرەکییەکانى فەلسەفەکەیدا, لە پنتێکى چڕ و ئەبستراکتەوە دەستپێدەکات کە کۆتایی و حەقیقەتى کۆى پرۆسەکەى هەڵگرتووە. بەڵام خودى کردار و پرۆسەکە لە تێزەوە بۆ ئەنتى تێز و سەنتێز دەبزوێت و سەرەنجام زیادەیەک دەمێنێتەوە کە بەشێوەیەکى چاوەڕواننەکراو ئەگەرى هەیە لەناو مێژوودا وەرگەڕێت بۆ سەرەتاى پرۆسەیەکى دیالەکتیکیی دیکە. ئێمە لەم نوسینەدا بەشێوەیەکى زۆرسادە سود لە دیالەکتیک دەبینین تاکو بەرچاومان کەمێک بۆ حەقیقەت ڕوونتر بێتەوە. کونەپەپووى فیکر, لە تەیرێکى نەخۆشەوە دەستپێدەکات کە هەمان تەیر مۆر لە حەقیقەتى قۆناغێک دەدات.

 

 

  تێز:

ئاشکرایە مێسى سەرەتا مرۆڤێکى ئاسایی نەبوو بۆ یاریکردن بشێت, لەڕووى سرووشتیبوونەوە کەمتر سرووشتی بوو. مێسى سەرەتا نەخۆشێکى GHD یە,  کێشەى کەمیی ئەم هۆرمۆنەى هەبوو(بە تێڕژاندنى ئەم هۆرمۆنە پێست و دان و کارکردى بینایی و ڕژێنى هیپۆفیز و هتد گەشەدەکات). لە ئاستە ڕاستەوخۆ و بایۆلۆژییەکەیدا, مرۆڤێکمان هەیە ئۆرگانیزمێکە و دەژى, بەڵام تازە سرووشتى لە مردووترین دۆخى خۆیدا جێهێشتووە. ئەم هۆرمۆنە بۆ ئەوە نەبووە مێسى بەهێزبکات, بەڵکو داخلبوونى سرووشتە بۆ سەر جەستەیەک کە هێشتا تەواو سرووشتى نیە. حەقیقەت یان ڕۆحە مێژووییەکە لەم مادە دەبەنگ و ساکارەوە کەوتووەتەوە, ئەویش ڕاستەوخۆ نا, بەڵکو بە نێوانگریی کۆمەڵێک پێوەر و قۆناغ و گەشەى پێچەڵپێچ: ئەوەى کە یانەى بەرشەلۆنە ئەرکى چارەسەرى مێسى دەگرنەئەستۆ, ساتى زاڵبوونى مرۆڤە بەسەر سرووشتدا(ساتێکیشە قەدەرى ڕۆناڵدۆ لەو ساتەدا گۆڕانى بەسەردا دێت, بەڵام کەمێک کاتى دەوێت ئەم گۆڕانە خۆى قوتکاتەوە). بمانەوت و نەمانەوێت, ئەم قەرزەى یانەکە, وەک قەرزێکى نیمچەدینى لە بیرەوەرییدا دەمێنێتەوە. لە ڕۆژگارى ئەمڕۆماندا, دەستکاریکردنى جیناتى مرۆڤ و کۆپى و کلۆنینگ و چاندنى ئەندامەکانى تر, و بەو دیوى تریشدا گەشەى هەرەئاڵۆزیی ڕۆبۆتەکان و سایبۆرگ و مێشکى سیمکراو و هتد بەشێکن لە خودئاگایی دەستەجەمعیی مرۆڤ کە لەڕێى زانستەوە پەرەى پێدەدرێت. مێسى لە سەرەتاییترین دەرکەوتەى خۆیدا, بیرخەرەوەى ئەم دەستێوەردانە ڕاستەوخۆیانەى سرووشتە بۆناو مرۆڤ. واتە گۆڕینى بایۆلۆژییانەى مێسى, تێکڕا لە چوارچێوەى ڕۆحى سەردەمەکەدا دەمێنێتەوە کە لە زۆڕ ڕووەوە بیر لە دەستکاریکردنى مرۆڤ دەکرێتەوە. یان کە جاروبار جووڵەیەکى مێسى بە جووڵەکانى ناو "پلەى ستەیشن" چوێنراوە, هەوڵێکە بۆ ڕۆشنکردنەوە و ڕەمزاندنى ئەم دیوە «نا-مرۆییە»ـى ئەو.  

یەکەم گۆڵى ڕەسمیی وى بۆ بەرشەلۆنە, لە بەروارى یەکى ئایارى ٢٠٠٥ لەگەڵ ئەلباسیتى, لە ئاستى فۆرماڵدا جۆرێک بوو لە نەفیی نەفیی هیگڵى: یەکەمیان گۆڵێکى ئۆفساید بوو, گۆڵێکى لەبارچوو, ژێستێکى شکستخواردوو. بەڵام هەمان یارى و دواتر, هەمان گۆڵ دەکاتەوە و حسێبیش دەکرێت. ئەو جیاوازییە چکۆلەیەى لەنێوان گوڕخواردنەوەى یەکەم و دووەمدا هەیە, هەر ئەو جیاوازییە بچوکەیە لەنێوان نەفیی یەکەم و دووەمدا هەیە. بەشێوەى ڕیترۆئەکتیڤ و پاشەوپاش تێدەگەین کە نەفیی یەکەم, نەزۆک نیە و تووشى پۆزەتیڤکردنەوە دێت. یەکەم گۆڵى لەو شێوەیە, هەر لە پەیامێکى مێژوویی ناو تۆپى پێ دەچێت. هەموو ڕێکەوتەکانى ئەم ساتەوەختە, لە ڕێکەوتى ڕووتەوە وەردەگەڕێن بۆ داڕشتنى جۆرێک لە بنەڕەتى زەروورى.

 

 

 

ئەنتى‌تێز:                     

ئەو چەند ساڵەى کە مێسى دەستپێدەکات(لە ٢٠٠٤ بۆ ٢٠٠٨), زەمینەیەک دەڕەخسێت بۆ ئەوەى مێسى بەڕێکەوت لەناو چوارچێوەى تۆپى پێدا دژێک(هەرچى بێت) بدۆزێتەوە و شوناسى مێژووییانەى خۆى پێ کامڵ بکات. ڕۆناڵدۆ گەرچى بە تەمەن لە مێسى گەورەترە, بەڵام لە پرۆسەکەدا پێچەوانەدەبێتەوە و مێسى دەبێتە گەورەتر یان دەبێتە بنەڕەتى ململانێکە. ڕۆناڵدۆ گەرچى وەک تەمەن پێشتر دێت بەڵام وەک هاودژ و کێبڕکێکارێک درەنگتر دێت. ٢٠٠٨ کە تۆپى ئاڵتونى دەدرێت و ڕۆناڵدۆ وەریدەگرێت, مێژوو لێدەگەڕێت ژێرخانى ململانێکە لەواقیعدا داڕێژرێت بەڵام ململانێکە وەک هەمیشە لە ناسەقامگیرییەکدا بەردەوام دەبێت, بۆیە چوار ساڵ لەدواى یەک مێسى ئەم نازناوە دەبات. خاڵى سەرنجڕاکێش لێرەدا ئەوەیە کە مێسى ئەوکات لە تۆپۆلۆژیاى مۆندیالى ٢٠١٠دا شوێنێکى ئەوتۆى نەبوو, لەگەڵ یانەى بەرشەلۆنە هیچ نازناوێکى گەورەى نەبوو, هەڵبژاردەى ئەرجەنتینیش بە نەهامەتییدا تێدەپەڕى و دەشبوو خەڵاتەکە بدرێت بە پاڵەوانى مۆندیاڵ بەڵام درایە مێسى. ئەمە ئەو خاڵەیە کە گومانى تیا نەماوەتەوە "نامۆیەک" هەیە و دەبێت کەسێک ژیانى خۆى وەبەربدات تا بیسەلمێنێت بەڕاستى نامۆیە. دەرکەوتنى نامۆ, عادەتەن پێویستى بەوەیە خێرا ماناى بدرێتێ, بۆیە ئەودەم دەوترا ئەم خەڵاتە شایستەى ئەم مناڵکارە نیە(و مستەهەقى ئێنیستایە بۆنمونە). جا لەو سەروبەندەدایە ئیدى دانپیانەکانى "ئەویترى گەورەى تۆپى پێ وردەوردە دێتەبەرگوێ. پیپ گواردیۆلا لە یەکێک لە حوکمەکانیدا هەر ئەودەم دەڵێت «ڕەنگە مێسى باشترین بێت لە ژیانمدا بینیبێتم».

 

گەر دواى یاسا فۆرماڵ و دێرینەکانى دیالەکتیک بکەوین ئەوا لە کەمێک پێش دەیەى ڕابردووەوە, ڕۆناڵدۆ, "مێسى لەخۆوە" دەگۆڕێت بۆ "مێسى بۆخۆ", مێسى خۆى پێشوەخت هەیە بەڵام ڕایدەکێشێتە نێو پرۆسەکە, پرۆسەکە لە تێزەوە دەباتە ئەنتى‌تێز. ڕاستە لە ئاستى لێدوانى شەخسییدا ڕەنگە ڕۆناڵدۆ بڵێت, مێسى منى کردووە بە یاریزانێکى هەرەباشى سەر سەکۆى ململانێکان, بەڵام ڕۆناڵدۆ خۆى لە پرۆسەکەدا ڕۆڵێکى بنەڕەتییتر دەگێڕێت کە ببێت بە ئەویتر(the other) بۆ مێسى. ئەم دیالەکتیکە, گەرچى کەمێک دەستکرد دەردەکەوێت, بەڵام ڕۆناڵدۆ بەپێى فەلسەفەى ديالەکتیک, جۆرە خەسڵەتپێدانێکى دەرەکیی مێسى خۆیەتى. واتە هەر مێسییە لە چرکەیەک لە چرکەکانى خۆیدا دەرەکیبووەتەوە تا خۆى بناسێت و پاشان خۆى لە ئاستێکى سەرووتردا مانیفێستبکات. لێرەدا هەر ناوێکى تر(x), دەیتوانى ئەم ڕۆڵە بۆ مێسى بگێڕێت. واتە ئەنتى‌تێز, لەبنەڕەتدا پێگەیەکى تەواو هەڵکەوت و ڕێکەوتى هەیە و بە تێپەڕینى کات جۆرێک لە زەروورەت وەردەگرێت. ڕۆناڵدۆ بەرهەمى شکستى بەمێسی‌بوون‌(becoming messi)ـە. واتە ڕۆناڵدۆ سفرنابێتەوە, بەڵکو ئەو ساتەوەختەى مێسییە کە هشتا نەبووە بە مێسى و لە شکستێکى پێچدار و بازنەییدایە. لێرەدا ئەوەى هەیە هەڵگرتنەوەیە بە تامى نەفى و سەرکوت. نوکتەکەى سەرەتا پێویستى بەم هەموارکردنە هەیە: من تۆ دەکەم بە تۆ, تۆیش خەسڵەت دەبەخشیت بە من, هەردوو مەرجى هەبوونى یەکین لەم چرکەیەدا. پرۆسەیەک کە ڕۆناڵدۆ لە قەفەسێکى ئۆنتۆلۆژییدا دەهێڵێتەوە و هەموو ئازادى و جووڵەکانى خزمەتکردنە بە شتێکى تر. بە مانایەکى تر, ڕۆناڵدۆ فەزاى نەفیی نێوان یەکەم و دووەم دەسڕێتەوە, مێسى لە قۆناغێکەوە دەگەیەنێتە قۆناغێکى تر. واتە بەر لە هەر شت, بکەرى ناو سیناریۆیەکى مێژوویین کە جیاوازى و یەکبوونیان, پاش لێکنەچوون و لێکچوونیان, پاش یەکێتى و فرەییەکەیان, پاش بەسنەبوون و بەسبوونە ڕێژەییەکەیان کەچى لەناو چوارچێوەیەکى مێژووییدان, مێژووى تۆپى پێ. جەوهەرێکى مێژووییمان هەیە کە وەک پرۆسەیەک خۆى دەبێتە بکەر. بەم پێیە, هەموو دوویەک سێیە و هەر سێیەکیش هەڵگرى زیادەیەکە کە پرۆسەکە بەکراوەیی دەهێڵێتەوە بۆ سەردەمێکى تر. ململانێکان چ بەسرووشتى هەڵتۆقن, و چ بە مەرامێکیش زەقکرێنەوە, ئەوا دەکەونە نێو پرۆسە مێژووییەکەوە و ڕیتم و ڕەوتى خۆیان وەردەگرن. ئەوەى درووستدەبێت زنجیرەیەک نەفى و بەسنەبوون و تینوێتییە. هەر قۆناغێکى ناو ئەم دیالەکتیکە, بەر نەفیی بەرامبەرەکەى دەکەوێت و بەرەو لاى تێهەڵکێشێکى نوێ دەجووڵێت. ئەمە وەک فۆرمە گشتییەکەى پرۆسەکە, جا بەنیسبەت ناوەڕۆکى تۆپى پێوە, خودى گۆڵکردن خۆى هەر بریتییە لە جۆرێک نەفى. ئێمە لەگەڵ هەر گۆڵێکدا "نەفى"يەک کۆدەکەینەوە و کۆکردنەوەى گۆڵ جیایە لە کۆکردنەوەى شمەک. بەڵام ئەم نەفییەیان بچوکتر و بەشەکییترە بەراورد بەو نەفییەى تر کە مێژووى بوارێک دەجووڵێنێت و قۆناغبەندیی بۆ درووستدەکات.   

 

ئەوەى کە کەسێک دەبێتە هاندەرى یاریزانێک, کۆمەڵێک هۆکارى لەپشتەوەیە کە هەمووى پەیوەندیی بەو پێوەرانەوە نیە خۆى ئاگادارێتى یان بە ڕاستیان دەزانێت. بۆیە ئاساییە چاو لە حەقیقەتە مێژووییەکە دابخات و پێوەرى پلەدوو بۆ مامەڵەکردن بەم حەقیقەتەوە بدۆزێتەوە. ئاخۆ ئێمە ئیتر لەو ساتانەداین کە باسى حەقیقەتى مێسى بکەین؟ باسى مێسى بکەین وەک سەنتێز و کۆکەرەوەى هەموو چرکە کۆک و ناکۆکەکانى مێژووى تۆپى پێ؟   

 

 

 

سەنتێز:

بەم پێیە, مێسى, تەنیا سەنتێز و تێهەڵکێشى ڕۆناڵدۆ نیە, بەڵکو سەنتێزى قۆناغێکە لە تۆپى پێ. بەڵام کێبڕکێ دیاریکراوەکە وادەکات, لەسەر جەوهەرى مێژوویی ئەم قۆناغە بوەستین و لە زیمندا مەبەستمان هەموو قۆناغەکە بێت. درووستبوونى سەنتێز, ماناى ئەوە نیە دۆخێکى ئارام و بێ‌ململانێ هاتبێتەکایەوە, بەڵکو تۆڕێک لە پەیوەندیی ناوەکى و نێوسوبێکتى بەکراوەیی لەگەڕدایە و لەنێو زەمەندا ئەگەرى ململانێى نوێ بەکراوەیی دەمێنێتەوە. نەفى و بەسنەبوون, هەر دەمێنێتەوە. هێند هەیە, نە مێسى تاقانەى ئەزەلى و دەرەمێژووییە(چونکە داهاتوو کراوەیە), نە ئەوانیتریش لە یەک کاتدا دەتوانن مێسى بن. ئەم نەفى و پۆزەتیڤکردنەوەیە, ئەم نەرێ و ئەرێیە, وەک میکانیزمى ناوەکیی مێژووى تۆپى پێ دەگوزەرێت. واتە ناتوانین لە یەک کاتدا, کۆمەڵێک مێسیی هاوکاتمان هەبێت. بۆیە وەک نمونە باوەکە کۆکردنەوەى فەیلەسوفان لە تیپێکدا بۆ یاریکردن, خەیاڵێکى ساویلکانە و تەواو هێڵنجێهێنە, شتێکە ناتوانین ئارەزووى بکەین(هاوشێوەى وێنەى بەهەشت لە ئیسلامدا کە ڕاستەوخۆ ناتوانین ئارەزووى بکەین و هەست بە پۆزەتیڤیتەیەکى خنکێنەر دەکەین, پڕێتی و پۆزەتیڤیتەى چێژ کە لە پلەى سفرى چێژەوە نزیکە تا پلەى ڕەهاى چێژ). وەکچۆن چێژى بەهەشت وەردەگەڕێت بۆ چێژێکى تەواو پۆزەتیڤ و مەنگ و بێ‌کارکرد, فەیلەسوفەکانیش لە سیاقى یاریگادا دەبنە کۆمەڵێک فیگەرى نەشاز و نەساز. لێرەشەوە کۆکردنەوەى کۆمەڵێک مێسى, هەر دەبێت سەربکێشێت بۆ نەفیکردنى هەندێکیان. نەک کۆمەڵێک, بەڵکو دۆخى مرۆیی بەجۆرێکە کە مێسى و ڕکابەرێکى وەک ڕۆناڵدۆش خۆبەخۆ وەردەگەڕێت بۆ نەفى و خەسڵەتپێدانى یەکتر. هەموو دوویەکى دیالەکتیکى, بۆخۆى سێیەکە. ئەم سێ ڕوکنەش, توانەوەى هاوسەنگانەى دووانەکە نیە, بەڵکو جێهێشتنى شوێنى نەفى و پچڕانێکە بۆ قۆناغێکى تر.

ـــــــــــــ

لە پرسى تەمەندا, تۆپى پێ, گەمەیەکى تەواو دژەئەفلاتوونییە: بەپێى ئەفلاتوون سیاسەتمەدار لە حەفتا و هەشتا ساڵى و سەرووتردا پێدەگات. بۆیە جارێکیان لە کاسترۆى پیریان پرسى, بۆ واز لە تەختى فەرمانڕەوایى ناهێنیت؟ خۆى تێکنەدا, و وتى «من ئەفلاتونییم, تازەتازە بۆ سیاسەت دەستدەدەم». تۆپى پێ چەندە زەین و مێشک و هزرى تیا بەکاربێت, سەرەنجام جەستە قسەى یەکەم دەکات: بەڵام لە سیاسەتى ئەفلاتوونییدا دانایی و ئەزموون و زەین و هتد. گەر بڕیار بێت یاریزان بیربکاتەوە, ئەوا «بە لەش بیردەکاتەوە». بیرکردنەوەیەک کە ئامانج(گۆڵ و وردەئامانجى تر)ـى خێراى هەیە, لەشى یاریزان شوێنى زۆر ساتى هەستیارە, هەستیارترینیشیان ئەو شتەیە کە ملیۆنان هەوادار لەگەڵیدا یەکدەگرن و هەر ترپەیەکى لەشى ئەو, ترپەیەکى دووجاى لەشى ئەمانیشە: ئەوەى کە پێى‌دەوترێت هاوشوناسبوون(بەیەکبوون-Identification). هاوشوناسى لە تۆپى پێدا, لە زۆر هاوشوناسیی تر بەهێزترە: چونکە ڕاستەوخۆ دەبیتە یاریزانەکە, دۆخێک کە تەعبیرە کوردییەکەش تێدەپەڕێنێت: ئێمە گیانێکین لە دوو جەستەدا. لەم تەعبیرەدا هێشتا بەئاگاین لەوەى دوو جەستەین, بەڵام لە هى تۆپى پێدا, جەستەکان بە گوژمێکى زیاترەوە یەکدەگرن(گوژم بە مانا دۆڵۆزییەکەى). یەکبوونەکە لە یەکبوونى گەنجێک و ئەکتەرێکى سینەماییش بەهێزترە, چونکە هیچ لەشێک وەک لەشى یاریزان(نەخوازەڵا مێسى) پرۆسەى یەکبوونەکە نابزوێنێت. هەتا لەشى یاریزان جیایە لە لەشى تەوتۆم لە تیۆرە فرۆیدییەکەدا, چونکە تەوتەم لەشێکى مردووە و پاش مردنەکەى لەگەڵیدا یەکدەگرین, بەڵام لەشى یاریزان لە ترۆپکى زیندوێتیی خۆیدا ئێمەش بەرەو لاى خۆى ڕادەکێشێت. ڕاکێشان نا, بگرە بارگاویبوون, نەمرى, خۆونکردنى ڕەها. ئێمە لە ڕێى جەستەى مێسییەوە, بیر لە یارییەکە و چێژ و هەموو شتەکانى تریش دەکەینەوە. درووشمى "هەموومان مێسى‌ین", پلەیەک لەو درووشمانەى تر بەهێزتر و ڕاستەوخۆترە کە دەڵێت «هەموومان پاریسین, هەموومان خاشوقچیین, هەموومان پێشمەرگەین, هەموومان چى و چیین...». چونکە ئەم یەکبوونانەى ناو کەوانەکە, لەسەر جەستەیەکى نادیار ڕۆنراوە. یان ڕیشەییتر بیڵێین, بەپێى یەکبوونى ناو کەوانەکە هیچ جەستەیەکى مەرکەزى لەئارادا نیە و قاژوقیژەکەمان بۆ ئەوەیە خۆمان بەشێوەیەکى گریمانەیی ببینە جەستەیەکى دەستەجەمعى و لەو ڕووەشەوە پەیامێک بگەیەنین. بەڵام یەکبوون لەگەڵ لەشى مێسى بۆ گەیاندنى پەیامێک نیە, بەڵکو ساتى هەڵپەساردنى هەمو پەیامێکە, ساتى تێپەڕاندنى قسە و گوتنە, ساتى چالاکبوون و بەشدارییەکى توندە(لێرەوە دەتوانین کەمێک لە "سلاڤۆى ژیژەک" جیابینەوە کە ساتى هاوارى هاندەران, ساتێکى خورافییە و وادەزانن کاریگەرى دەخەنە سەر یارییەکە, بۆیە ساتى نەمانى مەودایە لەنێوان تۆ و لەشى یاریزانەکەدا و جۆرە دۆنادۆنێکى هاوکاتە نەک دواخراو). کاتێک لەگەڵ لەشى مێسییدا دەبینەیەک, ئیتر ئەم تۆپەڵە گۆشت و ئێسقانەى بە ئێمەوە دەمێنێتەوە وەردەگەڕێت بۆ بارگەیەک. لێرەشەوەیە وردتر لە ئیتیکى مێسى تێدەگەین لە یاریگادا, کاتێک پەنالتییەک دەبەخشێت, ئەسێستێکى خۆویستانە جێبەجێدەکات و هتد: مێسى بە حوسن‌وڕەزاى ڕەهاى خۆى ئەم کارە ناکات(مەبەستم ئاستە زۆر سەرەتاییەکەى نیە وەک لیۆنێل ناوێک), بەڵکو لەقووڵاییدا وەڵام بە هەموو جەستەکانى جیهان دەداتەوە, ئەو جەستانەى کە لەگەڵ ئەودا یەکیانگرتووە. تاکە پردێک لەو ساتەدا مێسى بە جەستەى هەوادارەکانیەوە لە جیهاندا ببەستێتەوە, جەستەیەکى ترى هاوتیپەکەیەتى(کە جۆرێکە لە ناچارییش). ئەم ساتانە ڕەنگە تاکە ساتى کۆمۆنیستانەى ناو یارى بن, ساتێک کە سەرکەوتن دابەشدەکرێت. لەمە بترازێت, بەپێچەوانەى زۆر بۆچوونى ترەوە, قەت پێموانەبووە یارى دیاردەیەکى کۆمۆنیستانە و هەرەوەزى بێت, بەڵکو لەکۆدا دیاردەیەکى دەروونشیکارانەیە. دیاردەیەکە لەسەر "بنبەستى چێژ" وەستاوە, شتێک نیە بە مێشکى سافەوە و بەشێوەیەکى هەرەوەزى دابەشیکەین, بەڵکو پەلەقاژەیەکى ڕێسامەند و یاسادارە بۆ ئەوەى بگەین بەم چێژە(دەستەواژەیەکى وەک "ڕۆحى وەرزشى", ماناى ئەوە نیە زۆر بەئاسایی دۆڕان قبوڵدەکەین بەڵکو ماناى ئەوەیە زۆر دەرفەتى ترمان لەپێشە بچینەوە گیانى چێژەکە). ویستم بڵێم, ئەخلاقى مێسى لەکاتى دابەشکردنى گۆڵ و پەنالتى و ئیمکانەکانى تردا, تاکە ساتێکە کۆمۆنیستانە بێت گەرنا باقیی یاری, خۆى دیاردەیەکى ناکۆمۆنیستانەیە. لەدوا نمونەدا کە مێسى پەنالتییەکەى بۆ "كریزمان" جێهێشت, هەستم بەوە کرد هاندەرەکانى چواردەورم خاوبوونەوە, تووشى جۆرێک لە تەمومژ هاتن کە نە ستایش بوو نە سەرزەنشت: لەلایەک جۆرێک لە ئیتیک و جوامێرى دەبینن, لەلایەکیش پچڕانێک لەو جەستە گەورەیەدا درووستدەبێت کە مێسى نوێنەرایەتیی دەکات و واى دەردەخەن چۆن دەبێت سەرکەوتنەکە بۆ وى نەبێت! ئەم ساتە, ساتى نەبوون و نەدارییە لەناو هەبوون و داراییەکى گەورەتردا. بۆیەشە ساتێکە بۆنى کۆمۆنیزم و هەرەوەزیی لێدێت. شتێک کە بەگشتى پێچەوانەى ژیانى ئەمڕۆمانە لە جیهاندا, زۆر شتمان هەیە(هەبوون و دارایی), بەڵام لەناو نەبوون و نەدارییەکى مەعنەویی گەورەتردا. لێرەوەیە ئەو ساتانە کۆمۆنیستى و هەرەوەزیین و ژیانى ئەمڕۆمان ناکۆمۆنیستى[1].

گەر کەسێک بەهرەى تیابێت, چۆناوچۆن دەتوانێت ساتى کۆمۆنیستیی هەبێت؟   

 «بەهرە» خۆى لەخۆیدا وزەیەکى متە و پێویستى بە دەرخستن و کردەکی‌کردنەوەیە. بۆیە ڕاست نیە گەر بڵێین, مێسى بەهرى ڕووتە. بەڵکو مێسى بەهرەیەکە کردەکیبووتەوە و لە بوارێکى دیاریکراودا خراوەتەگەڕ. پاراستنى سنورەکانى ئەم بەهرەیە, شتێکى سوبێکتیڤانە و شەخسییە و گۆڕینى بەهرەیە لە ماتەوزەوە بۆ جووڵەوزە. لێرەدا خاڵێکى هێجگار گرنگ هەیە کە لەم حوکمەدا لەبیردەکرێت: بەهرە کە دەخرێتە ناو کۆنتێکستێکى مێژوویی و بوارێکى پڕجووڵەوە, ئیدى کاریگەرى لەسەر کۆى بوارەکە و چواردەور و کێبڕکێکارانیش دادەنێت. بەهرەى مێسى, لە سادەترین مانایدا, بەشێکى بەر ئەوانەش دەکەوێت کە دەیانەوێت ببن بەو(بە پلەى یەکەمیش ڕۆناڵدۆ). واتە بەهرە, لە ڕاستییەکى بێ‌میدیۆمەوە, دەبێتە ڕاستییەکى میدیۆمدا و نێوانگریکراو و ئاڵۆزتر لەوەى بەزات هەیە.  بە مانایەکى تر بیڵێین, «بەهرە» لەمیانەى بەگەڕکەوتنیدا, مێژووییدەبێتەوە و لە چەمکى "كار" لە دیالەکتیکدا نزیکدەبێتەوە کە لەنێوان ئاغا و کۆیلەدا هەیە. بەهرە کۆى بوارێک ڕاناگرێت, بەڵکو پێوەرەکانى بەرزدەکاتەوە. بەهرە گەر ناچارییەک بێت و بەسەر کەسێکیشدا درابێت, ناکرێت هەڵپەسێردرێت و بگوترێت «مادام بەهرەمەندە ئیتر بەشداریی خۆى نیە و مەحاڵ ناڕەخسێنێت». مێژوویەکى وەک مێژووى خۆرئاوا, لە هەموو کایەکاندا, مێژوویەکى چالاکە بۆیە هەر توخمێکى ناچارى و جەبرئاساى وەک "بەهرە"ش دەخرێتەگەڕ و کۆى ئاست و ئاسۆ و چاوەڕوانى و زمان و سنورەکانى ئەو کایەیە دەگۆڕێت. بەهرە کە مێژوویی و کۆمەڵایەتیدەبێتەوە و دەخرێتە نێو ململانێکانەوە, ئارەزووکردنیشمان بۆ "حەقیقەت" گۆڕانى بەسەردێت. بە واتایەکى تیۆرى, بەهرە ئەو چرکەساتەیە کە فشارى قورسى سرووشت لەسەر ڕووبەرى مرۆیی بەدیدەکەین. فشارێک کە جەبرى خۆى لە ناوەڕاستى کایەکاندا دەسەپێنێت و مرۆڤەکان ناچارن هەوڵ و خولیاى خۆیان بە ستراتیژى تر داڕێژنەوە. بۆیە فریوێکى گەورەیە کە پێمانوابێت مادام کەسێک بەهرەى هەیە, ئیتر پێشبڕکێ و هەوڵ دەوەستێت. لەکۆدا مێژووى مرۆڤ, بە وەرزش و هەموو کایەکانەوە, دابڕاو نەبووە لە بەهرە. بەهرە ناوى یەکێک لە دەستێوەردانە بەردەوامەکانى سرووشتە لە ڕووبەرى ئینسانى. ئێمە بەڕەهایی ناتوانین خۆمان لە سرووشت و جەبر و مۆرکە توندەکانى لەسەر مرۆڤ بپارێزین. کاتێک بومەلەرزە دەستێوەردانى سرووشتە, بەهرەش بە فۆرمێکى نیانتر و نیشتەجێتر, بریتییە لە مۆرکى سرووشت لەسەر مرۆڤ(بەتایبەت لەناو شارستانیەتدا کە پێى‌دەوترێت سرووشتى دووەم). «بەهرە»ى مێسى, گەرچى بەشداربێت لە تاقانەیی ئەودا, ئەوا جۆرێک لە ئازادییش بۆ کۆى تۆپى پێ دەڕەخسێنێت: ئازادییەک کە هەریەکە لە ئازادیی چێژوەرگرتن, ئازادیی خۆپێواندن, ئازادیی گۆڕینى بەردەوامى تاکتیک و نەخشەکان, ئازادیی «نەبوون بە مێسى!» و هتد دەگرێتەوە. ئەمەى کۆتایی شتێکە لە کەلتورى خۆرئاوادا پتر درکدەکرێت و لە کۆمەڵگا خۆرهەڵاتییەکاندا بەجۆرێکى ترە. لێرەوەیە بەشێوەیەکى دیالەکتیکى و دژەخۆ, زەقترین خاڵى لاوازى مێسى دەردەکەوێت کە ئاسۆیەکى نوێ دەکاتەوە و خۆیشى دەبێتە قوربانیی بەشێک لەو ئاسۆیە. بۆیە لێرەوە بەهرە لە ناچارییەوە وەردەگەڕێت بۆ ئازادى, ئازادییەک کە دەرفەت بە کۆى بوارێک دەدات ببوژێتەوە. بەهرە, واتە ئەو دال(signifier)ـە کۆمەڵایەتییەى کە بۆ ڕکابەرەکان شوێنى ڕەخنەیە, ئەوا لاى هەواداران بەرەکەتێکى ئایدۆلۆژیی سەیرى هەیە بە ماناى تەواوى وشەکە: لە مێسییدا ئەمە لە پەیوەندیی ئەو و هەڵبژاردەى ئەرجەنتیندا دەردەکەوێت.

 

بەتایبەت ئەو نیمچەلوغزەى ئاخۆ بۆچى مێسى بەختى لەئاست ئەرجەنتیندا بەستراوە؟

 

دیارە کەلێنى نێوان یاریی یانە و هەڵبژاردەى وڵات(نیشتمان), کەلێنێکى تایبەتە: تیپى وڵات جۆرێک لە ڕێز و شەرمى تیایە, شتێکە چەشنى ئەرک بۆ باوک, بەڵام لە یاریی یانەدا خۆدەرخستنە, خۆسەلماندن, خۆسەلماندن لەپێناوى خۆسەلماندندا. یەکێک لە کۆمیدیاکانى مێژوو ئەم شکستەى مێسییە لە یارى بۆ ئەرجەنتینى لانکەى خۆیدا. کۆمیدیایەک هیچ لە نرخى مێژوویی مێسى کەمناکاتەوە. ڕەنگە لەڕووى تەکنیک و دیوى پیشەیی تۆپى پێوە ڕستێک هۆکار و گریمانە بخرێتەڕوو بۆ ئەوەى لەم شکستە بکۆڵنەوە, بەڵام لە ئاستى تیۆرییدا پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە بۆچى پاش ئەم شکستەش لە کۆنەستى کۆمەڵایەتییدا مێسى هەر مێسییە؟ ئامادەیی ناپێویستى مێسى لە هەڵبژاردەى "ئەرجەنتین", پتر لە ئامادەییەکى "دواخراو" دەچێت. لە فەنتازیاماندا جێیەکمان بۆ ئەم "دواخستن"ـە کردووەتەوە. ئەم دواخستنە, شتێکى زەمەنى نیە, پەیوەندیی بە کاتەوە نیە. بەڵکو دواخستنێکە گرنگ نیە ڕووبدات یان نا, چونکە پێشوەخت ئیمکانى ڕوودان و ڕوونەدانەکەى قبوڵکراوە. واتە ئەم شکستەى مێسى, شتێکى هەرسکراوە, فەنتازیامان هەرسیکردووە. واتە, لە خەیاڵدانى خۆماندا بڕوامان بەوە هێناوە کە مێسى ناوى جۆرە ماتەوزەیەکە توانیویەتى ئەم شکستە ڕەمزییە لە نەستماندا ساڕێژبکات(ئەم خاڵە تیۆرییە, لەوە ئاڵۆزترە کورتکرێتەوە بۆ ئەوەى کە مێسى لە ڕیزى فیگەرە کلاسیکەکاندایە و عەشقێکى ڕوونى بۆ تیپى وڵاتەکەى هەیە, یان هەتا دواى ئەو بیرۆکەیەش ناکەوێت کە بەهۆى یەکەم یاریی شکستخواردوویەوە لەگەڵ ئەرجەنتین تووشى "دووبارەکردنەوەى ناچارى" هاتووە بە واتا دەروونشکارییەکەى). ئەم چاوپۆشییە نەستەکییە, ڕیشەیەکى لەو ڕاستییەدایە کە تێکڕا بە شهوود تێى‌دەگەین: مرۆڤ(سوبێکت) دوو ڕەهەندى هەیە کە هەردووک بەشدارن لەوەى بیکەنە سوبێکت, یەکیان ئیمکان(possibility), ئەویتریشیان هەڵکەوت(contingency). بەپێى یەکەمیان بتوانیت ببیت بەوەى کە هەیت, بەپێى دووەمیش بتوانیت نەبیت بەوەى کە هەیە. بەپێى ئەم دوو ڕەهەندەى سوبێکت, هەمیشە "کردن" واتایەکى ڕاستەوخۆى نیە. هەر کەسێک پێشوەخت لە فەنتازیادا قبوڵکرابوو, ئیدى پاشهاتە نێگەتیڤەکانیشى هەرسدەکرێت. بەرامبەر بەم دوو توانستە, دوو ڕەهەندى تریشمان هەیە: نائیمکان یان مەحاڵ(impossibility) و ناچارى(necessity). بەپێى یەکەمیان, شتێک نەتوانێت ببێت, و بەپێى ئەویتریشیان نەتوانێت نەبیت[2]. واتە لەکۆدا گەر ناچارییەک هەبێت ئەوا هاوتادەبێتەوە بەو ناچارییە گەورەترەى شوێنى ڕەمزیی کەسەکە. بۆیە گەر مێسى لە ئاستى ئەزمووندا ئەزموونێکى باشى نەبێت لەگەڵ وڵاتەکەى, ئەوا لەئاستى خەیاڵییدا لاى هاندەرى مێسى وەک شتێک قبوڵکراوە کە "دەتوانێت نەیکات" و نەتوانینەکە بەشێکە لە توانین و کەسایەتى و سوبێکتیڤیتەى وى. بە دەربڕینێکى پاراوتر, مێسى ناتوانێت مێسى نەبێت بۆیە بە خاڵە «لاواز»ـەکانیشیەوە, هەر خۆى بەرهەمدێنێتەوە.

              

                                                                                                   ***

ڕەنگە چەندین جۆرى جوانیناسی لە یاریی مێسییدا دەستنیشانکرێت و بەپێى کاتیگۆریی جیاجیا ناوبنرێت, بەڵام پێموایە جوانيناسييەكە(ئێستاتیکا) بە ماهیەت بە تۆپى پێوە هەیە. خەڵک ڕاست دەڕۆن لەوەى ناوى بەشەکى لەم جوانیناسییە بنێن و جووڵە و لێدان و ژێستە جۆراوجۆرەکان پۆڵێنبکەن, بەڵام لە ئاستە تیۆرییەکەیدا مێسى برییتییە لە "بەرجەستەبوونى کۆنکرێتیی ئایدیا", مەبەست لە ئایدیاش ئایدیاى تۆپى پێیە. جوانییەکە بەرەنجامى ڕووتى ڕاهێنان نیە, بەڵکو جۆرێکە لە لێ‌ڕژان(فیض)ـى ناوەکیی تۆپی پێ خۆى. جۆرێکە لە شکانەوە و چەمانەوەى تۆپى پێ لە ساتى هەرە کۆنکرێتیی خۆیدا. واتە لەو ساتانەى کە چاوەڕێین شتێکى کۆنکرێتى و میکانیکى و ئاسایی لە یاریگادا ڕووبدات, پێچێکى زیاتر یان کەمتر ڕوودەدات. مێسى لە شەخسییترین ساتى خۆیدا, تۆپى پێ لە گشتییترین و ئایدیاڵترین خاڵى خۆیدا دەبڕێت. ئەم ساتە لە هەموو کایەکانى ژیانى مرۆڤەکاندا هەیە, و ساتێکە کایەکە تووشى ڕاتەکینێکى جوانیناسانە دێت, ڕاتەکینێک کە زۆرجار کۆمەڵێک توخم دەمرێنێت و گۆشەى نوێشى تیا دەکاتەوە. لەلایەکى تریشەوە, پێموایە هێشتاش هەر ڕاستییەک لەپێناسە کلاسیکەکەى "جوانى"دا هەیە وەک هەماهەنگى و یەکانگیریی نێوان بەشەکانى شتێک. لە سوبێکتیڤیتەى مێسى‌دا, لە فۆرم و ناوەڕۆکى ئەودا, لە گشت و بەشى ئەودا یەکانگیرییەک هەیە هەستێکى ڕیشەیی جوانى لاى هەوادار جێدەهێڵێت. بۆنمونە, ئەسێست گەر ئامانجیش نەبێت, ڕێیەکە بەرەو ئامانجەکە. ئەسیست گەرچى وەک غایەت ناگاتە ئاستى گۆڵ, بەڵام شتێک بۆ سەر شوناسى یاریزانەکە زیاددەکات. ئەم ڕێسایە لاى مێسى کەمێک جیاوازترە. ئەسێست(یان دەستهەڵگرتن لە هاتریک و تمووحى تر), بۆ مێسى, کەمێک نزیکترە لە گۆڵ. لە پاکانەحسێبى کۆتاییدا, ئەسێستەکانى مێسى سەنگێکى زیاتریان هەیە, چونکە دەبنە بەشێک لە غایەتى مێسى خۆى و بەفیڕۆناچن. لەودا ڕێکخستنى پەیوەندیی بەش و کۆ, هەم جوانیناسانەیە و هەم غایەتناسانەش. یان بە دەربڕینێکى تر, گۆڵ و غایەتى ئەو مێژوویی و گشتەکییە نەک ئامارخوازانە و بەشەکى و ڕاگوزەر. 

لەلایەکى ترەوە, نزیکبوونى مێسى لە ئایدیاى تۆپى پێ, هاوکات بەدیهاتنى نزیکترى ئارەزووى ئێمەشە و لێرەوە جوانیناسییەکە خاڵى نیە لە جۆرێک "ویستى هێز". لێرەوە چواندنى جاروبارەى مێسى بە "پلەى ستەیشن", ڕوویەکى ئێستاتیکیی هەیە و "پلەى ستەیشن" لەوپەڕى میکانیکیبوونى خۆیدا ئارەزوویەکى خنکاوى ئێمە دێنێتەدى و لێخشانێک لەنێوان دیوى مرۆیی و نامرۆیی‌دا دەخوڵقێنێت. مەبەستەکە ئەوە نیە مێسى خۆى لەخۆیدا کامڵە, بەڵکو مادام کەموکورتییەکان و بەسنەبوونەکانیشى لە پرۆسەیەکى هەمیشەگۆڕاودا حەلکردووە, ئیدى نابنە بەربەست لەبەردەم ئەوەى نوێنەرەوەى ئایدیاى تۆپى پێ بێت. بۆنمونە, یەک لەو پەڵپ و پیتکانەى لێى‌دەگیرێت ئەوەیە کە لێدانى سەر(کەلە)ـى نیە, بەڵام ئەو لە شوێنى نەرمتر و هەستیاردا دەریدەخات بەسەر ئەم کەموکورتییەشدا زاڵبووە. ئێستاتیکاى مێسى, مادام هاوتا و هاوشوناسە بە ئایدیاى تۆپى پێ و دەبنە یەکێک, ئیدى مێسى خۆیشى دەبێتە ڕۆحێکى ئێستاتیکى کە بە وتەى خەڵک وەسفناکرێت. کاتێک دەڵێن مێسى وەسفناکرێت, ئەمە لەسەر لەشى ئەو خۆیشى دەرکەوتووە. بوونەوەرێکى بەگشتى بێدەنگ, کپ و وسکت. هەموو لەش ڕۆڵى یەک زار(دەم) دەگێڕێت. زارێک کە خۆى پێشوەخت کارکردى قسەکردن بە مانا ئاساییەکەى دەوەستێنێت و خۆى بەدیلى هەموو کردەى قسەکردنەکەیە. جەستەیەک کە خۆى ئێستاتیکا دەڵێتەوە. ئەمە وەسفێکى شیعرى نیە, بەڵکو ڕاستییەکى تیۆرییە: چونکە, لە مێسى‌دا یەکەم شت بە زەینماندا دێت لەشنومایی و نواندنى باوى جەستەیی نیە, بەڵکو وێنەى جەستەیەکى نیمچە نەرمۆڵ خۆى دەسەپێنێت کە مامەڵە «لەگەڵ» تۆپدا دەکات نەک ئەوەى مامەڵە «بە» تۆپەوە بکات. لێرەوە مێسى خۆى وەک ڕۆح(ئایدیا)ـى تۆپى پێ, ئێستاتیکایەکى خۆنشین بەرهەمدێنێت و لەگەڵ زاتى تۆپى پێدا یەکدەگرێت. بۆیەشە هەر شوبهاندنێکى یاریگا بە مەیدانى جەنگ یان شانۆخانە, لەڕووى بوونناسى و ئۆنتۆلۆژیاى کایەکانەوە درووست نیە و فەرامۆشکردنى ئەم ئێستاتیکا ناوەکییەیە. ئێستاتیکایەک کە لە چنگى ئامارەکان هەڵدێت:  

ئامار, سەر بە کاتیگۆریى "دیقەت" و ڕۆشنییە, بەڵام «حەقیقەت لە دیقەت گەورەترە» و بریتییە زیادەیەکى تەمومژاوى کە وادەکات پاش ئامارەکانیش هەر تینووى «شتێکى تر» بین. مرۆڤ بوونەوەرێکە باجى گەورە لەسەر حەقیقەت دادەنێت نەک دیقەت و ڕوونى. ئەو کاتەشى داواى دیقەت و هەژمارکردن دەکەین لە شتێکدا, ئەوا داواى شتێکى لەو دوورتر دەکەین کە زۆر ڕۆشن نیە. بۆنمونە, ئەو کاتەشى لەڕێى فاکت و دیقەت و ئامارەوە پرسێک دەخەین بەلادا, ئەوا یەکلابوونەوەکەمان بۆ ئەوەیە زوو پەیوەندییمان بە «حەقیقەت»ـەوە ڕێکخەینەوە. هەتا پاش هاتنەکایەى "ژوورى ڤاڕ" وەک دەزگایەکى دیقەت, نەتوانراوە کۆى «حەقیقەت» تەواو هەڵوەشێنرێتەوە و هەمووى لەپێناوى ئەوەدایە باشتر بتوانین ئارەزووى ئەو چیرۆکە بکەین وا حەقیقەتى بۆ درووستکردووین(لە کایەى کۆمەڵناسی‌دا بێزارییەک هەیە دەرهەق بەوەى کە "مرۆڤە باڵا"کەى نیچە شتێکە ناچێتە ژێر ئامار و دیقەتەوە و مرۆى ناو حیساباتى مۆدێرن نیە). ئامار هەوڵدەدات ئەو زیادەیەش لەقاڵب بدات کە بەزات لەقاڵب نادرێت.   

 

 

 

کەم وەک زیادە

ئەمڕۆ کە هەندێ پزیشک یان کرۆسۆمناس, باسى کۆپیکردنى مێسى یان پشکنینى مێشکى دەکەن, مەسەلەکە یەکسان نیە بەو ئوستورەناسییەى مێشکى ئەنیشتاین لەناو خەڵکى سەدەى پێشوودا(کە ڕۆلان بارتیش باسیدەکات). گەر ئەنیشتاین «وەک ئۆبێکتێکى ئوستورەیی» تەنیا هاوکێشەى تەمومژاویی بەرهەمهێنابێت لە دیدى خەڵکەوە, ئەوا مێسى کارکردێکى جەستەییترى هەیە و لەناو مێژووى کایەیەکدا خەریکى بەرهەمهێنانى "زیادە"يەکە. زیادەیەک کە هەموو یەکبوون و بەراوردەکانى "تۆپى پێ" تێدەپەڕێنێت, و تەمومژەکە بەو شێوەیەى مێشکى ئەنیشتاین نیە.

بەپێى یەکێک لە یاسا بنەڕەتییەکانى دیالەکتیک, «هۆکارى ڕوودانى هەر شتێک, خودى ڕوودانەکەیەتى», واتە هۆکار شتێک نیە بەشێوەیەکى جەوهەرى و ناچارى پاڵى بە ئێمەوە نابێت ببین بەوەى کە هەین, ببین بە ئەنجامێک لەپاش هۆیەکەوە. بەڵکو مێژوو خۆى وەک پرۆسەیەک ڕێدەکات و شتەکان دێن و گەشەدەکەن و دەکەون, دژەکان بەڕێکەوت دەبنە مایەى خەسڵەتدان بەم پرۆسەیە و بگرە قۆناغبەندییەکیشى تیا درووستدەکەن. بەڵام لەوپەڕى پەیوەندییماندا بەوانیترە, کەچى ڕەگەزێکى بێ‌ڕەپتى ئەو مێژووەشین. گەر سێ چرکەسات وەرگرین, ئەوا مێسى لەوپەڕى پەیوەندییدا بەوانیترەوە, کەچى لە بێ‌ڕەپتیی خۆیدا دەژى و سەر بە پرۆسە کراوەکەیە کە ملدەنێت و دەگوزەرێت. بۆنمونە با سێ دەمى کات وەرگرین: سەبارەت بە ڕابردوو, مێسى هیچ پەیوەندییەکى جەوهەریی بە مارادۆناوە نیە و هەموو لێکچواندنەکان ئەو لێکنەچوونە دادەپۆشن و ناوبردنى مێسى بە "مارادۆناى دووەم" خۆى دەلالەتە لەوەى مارادۆنا نیە. سەبارەت بە دەمى ئێستاش, مێسى وەک زیادەیەک لە پێوەندیی نێوسوبێکتییانەى خۆى و ململانێکارەکەى و کۆى یاریزانەکانى تریش دەمێنێتەوە, سەبارەت بە داهاتووش وەک ڕەگەزێکى دابڕکاو دەمێنێتەوە بە کوڕەکەیەوە(ئەگەر بێتو یارى بکات, یان ئەو جووت یاریزانانەى تر گوایە دوور نیە ململانێى دژ و هاودژى داهاتوو درووستکەنەوە). لە دەمى ئێستادا, و بەپێى پۆڵێنى "هاوشێوەبوون" و هاوشکڵبوون, مێسى دیسان لەو کەسە «ناچێت» وا لەو دەچێت: مەبەستمان شێوەى ڕووخسار نیەبەتەنیا, بەڵکو ئەو کەلێنە بنەڕەتییە وا مێسى و هاوشێوەیەکى مێسى لێکجیادەکاتەوە. گەر لە ڕوانینە سادەکە دوورکەوینەوە, دەتوانین بڵێین پێناچێت هاوشێوەکان کەسانى ئاسودە بن. ئێمەى بینەر بەبێ ئەوەى تەواو سەرنجماندابێت, هەستێکى بەسنەبوون(Inadequacy) داماندەگرێت بەرامبەر بەو هاوشێوانە. گەر لارەنیگایەکیش بگرینە دۆخى وان, جۆرە حەسرەتێک دەبینین وەکبڵێى تاوانێکیان ئەنجامداوە. ئەم هەستە, بۆ هاوشێوەکەش زۆر مەعلووم نیە. تاوانەکە ئەوەیە «ئەو مێسى نیە». ڕەنگە ئەمە دیوێکى ئەو جەبرەى سرووشت بێت کە فۆرمى ڕووتى "بەهرە"یە و چاڵێکى دزەتێنەکراو ئەو کەسە و کەسایەتییە بەناوبانگەکە لێکجیادەکاتەوە, و ناچارە ناوەڕۆکەکە بە کۆمەڵێک جەبر و ناچارى پڕکاتەوە(جاریش هەیە دنەیەکى نەستەکى وادەکات ئەم چاڵە بە تاوان و قۆڵبڕینى واقیعى پڕکرێتەوە). ئەم باسە یەکێکە لە باسە ئاڵۆزەکان و تەنیا وەک ئەوە ورووژاندمان کە مێسى وێڕاى ئەوەى خەسڵەتى خۆى لە پرۆسەیەکى مێژوویی فرەلایەنەوە وەردەگرێت, کەچى سەرەنجام وەک زیادەیەکى سرک دەمێنێتەوە. زیادەیەک کە ئەوانیتر ئەویان کەمە.

لەگەڵ ئەو نکۆڵییانەى لە مێسى دەکرێت, جۆرە کۆڕاییەکى شاراوە و شەرمنانەش لە ئاست جیهاندا هەیە, بەڵام ئەم شەرمە لەقووڵاییدا پەیوەندیی بەوەوە نیە دوودڵ بن لە پێگەى مێسى, بەڵکو شەرمێکە پەیوەندیی بە سرووشتى چێژەوە هەیە لە ژیانى مرۆڤەکاندا. چێژى پڕاوپڕ بەرگەناگیرێت, گەر بێتو کەمێک بەشەرمەوە ڕووبەڕووى نەبینەوە. ئەم شەرمە وادەکات چێژ یەکسەر نەبێتە ژان و ئازار. نەخوازەڵا چێژەکە جیهانى بێت, بۆیە پێویستدەکات شەرمەکەش هەمیسان جیهانى بێت. ئەم چێژە شەرمنە, بۆ خۆلادانە لە زیادەچێژ کە تووشى ژان و بێمانایی و شڵەژانمان دەکات, ئیدى لە ئاستە هەرە سادەکانى لەشمانەوە بیگرە تا دەگاتە پرسێکى ئاڵۆزى وەک مانا و بەها و پەیوەندییەکانمان و حەقیقەت. ئەو کەمە شەرمەى بۆ درکاندنى حەقیقەت هەمانە, وادەکات ئەو زیادەیەى حەقیقەت نەدرکێنین کە هەیە. پێموایە لە واقیعە ڕۆژانەییەکەدا مەسەلەکە هەر ترس و موجامەلە نیە, بەڵکو پەیوەندیی بە ئارەزووکردنیشمانەوە هەیە وەک مرۆڤ. بەڵام جار هەیە ئەم شەرمە خۆى دادەڕێت و بەشێوەى تر چێژوەرگرتنى خۆى ڕێکدەخاتەوە:    

کاتى خۆى ژاک لاکان, دەروونشیکارى گەورەى فەڕەنسى(کە پێدەچێت تووڕەبووبێت), وتبووى: کەیفى خۆتانە ئێوە لاکانى بن, بەڵام من خۆم فرۆیدی‌م. ڕۆناڵدۆش دانپیانانێکى دیالەکتیکییانەى واى لێ‌بوەشێتەوە, ئیتر بەتەواوى دەبێتە «ڕۆناڵدۆ«، دانپیانانێکى لەم جۆرە: کەیفى خۆتانە ئێوە هەوادارى منن, بەڵام من خۆم لەناخەوە هەوادارى مێسی‌م. گەر ڕۆناڵدۆ خۆیشى نەڵێت مێسى کەمێک لە من باشترە, ئەوا "ڕۆناڵدۆ"یەکى ترمان هەیە حەقیقەت گۆبکات: ڕۆناڵدۆى بەرازیلى(و چەندین بۆچوونى تریش), وتوویانە مێسى کەمێک لە ڕۆناڵدۆ باشترە. وتراوە چى؟ مێسى, کەمێک لە ڕۆناڵدۆ باشترە. بەڵام ئەم کەمە, کەم نیە. ئەم کەمە, بریتییە لەو زیادەیەى کە مەبەستمان بوو. ئەم کەمە, بریتییە لەو "زیادە"ـى کە حەقیقەت درووستدەکات. حەقیقەت بریتییە لەم زیادەیە. مێسى, بريتييە لەم کەمە: مێسى حەقیقەتە.

 

 

 

 

 


[1] . پێویستدەکات بڵێم بۆ ئەوەى بەدحاڵیبوون درووستنەبێت, ئەوا مەبەستم لە کۆمۆنیزم ئەو شتە نیە مارادۆنا پیادەیکرد. بە دەربڕینێکى تایبەت, مارادۆنا لە ئاستى دەرەوەزرشدا ڕوویەکى سیاسى و کۆمۆنیستیی هەبوو, بەڵام ئەم ساتە تاقانەیەى مێسى ڕووى ناوەوەى وەرزشە و پەیوەندییەکى ڕاستەوخۆى بە بکەرەکەیەوە نیە.

[2] . لە کتێبى "بەخێربێن بۆ بیابانى ڕیاڵ" وەرگیراوە