بێده‌سه‌ڵاتیی فه‌لسه‌فه
مایكڵ ماردهر
و. ڕوشدی جه‌عفه‌ر
پییه‌ر هادۆت، یه‌كێك له لێكۆڵه‌ره دیاره‌كانی بواری توێژینه‌وه له هزری دێرین، سێ ڕه‌هه‌ندی فه‌لسه‌فه‌كاری له سه‌رده‌می دێرین(Antiquity)دا باسدهكات. خاڵه بنجبڕهكه له‌م جیاكارییه‌ی وی‌دا بریتییه له "ناوكۆیی (كۆنتێكست)"ی فه‌لسه‌فه‌كاری، نه‌ك میتۆده‌كان، فۆرم یان ناواخنه‌كه‌ی. ئینجا هادۆت ئه‌م سێ ڕه‌هه‌نده به سێ فیگه‌ری سهرمهشقهوه گرێده‌دات، واته به هه‌ر یه‌كه له "ئه‌و فه‌یله‌سوفه‌ی له‌ناو قوتابخانه‌كه‌ی خۆیدا ده‌ژی، ئه‌و فه‌یله‌سوفه‌ی له شاردا ده‌ژی، و ئه‌و فه‌یله‌سوفه‌ی له‌گه‌ڵ خۆیدا (و ئه‌و شته‌ش كه تێی ده‌په‌ڕێنێت) ده‌ژی[1].
ئه‌گه‌ر ته‌نیا سه‌رنجێكی سه‌رپێی بخه‌ینه‌ڕوو: له‌وانه‌یه ئه‌م جیاكارییه بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی پسپۆڕ نین له هزری دێریندا نامۆ ده‌ربكه‌وێت[2]. ئاخۆ زۆربه‌ی فه‌یله‌سوفان له شاره‌كاندا ناژین؟ ئاخۆ هه‌موویان سه‌ر به‌م یان به‌و قوتابخانه‌ی هزری نین؟ ئه‌ی چۆنچۆنی وێنای "ئه‌و فه‌یله‌سوفه‌ی له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌ژی" بكه‌ین، مه‌گه‌ر له‌ڕێگه‌ی ئاوێزهیهكی شكاوه‌ی ژیاننامه و ژیاننامهنوسییه خودییە (ئۆتۆبایۆگرافی) ڕۆشنفیكرانهكانهوه نه‌بێت؟
با له‌نێو خاڵه تهرحكراوهكانی هادۆتدا، وردتر بڕوانینه خاڵی یه‌كه‌م و سێیه‌م. تیاژیان له قوتابخانه‌یه‌كی فه‌لسه‌فیدا ئه‌زموونێكی شێوه به‌رایی یهكتاپهرستانهیه Proto-monastic))[3]، ئاخنراو و گرێدراوه به سه‌ردار یان مامۆستایه‌كی ڕۆحانیی ڕێزدار و بونیادێكی ڕێكخستنی ئاشكرا وا مه‌ودایه‌كی له‌گه‌ڵ جیهاندا هه‌یه. ئه‌و فهیلهسوفهشی له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌ژی ده‌رگیری ئه‌و شته ده‌بێت وا هادۆت ناویده‌نێت "مه‌شقه ڕۆحانییه‌كان"، كه ئهزموونكارییهكانی ویژدان، تێڕامانه‌كان (میدیته‌یشن) و "ژیانی ناوه‌كی و عیرفانی"ش له‌خۆده‌گرێت[4]. هه‌ریه‌كه له‌م دوو ڕه‌هه‌ندی فه‌لسه‌فه‌كاری به‌ته‌رزێكی نائومێدانه وه‌ك شتانێكی به‌سه‌رچوو دێنه‌به‌رچاو، و له‌باشترین حاڵه‌تیشدا له فۆرمگه‌لێكی به‌ئه‌سته‌م شیاوی ناسینه‌وه‌دا ماونه‌ته‌وه. بورجی عاجی زانكۆ زایه‌ڵه‌یه‌كی دوور و لادراوی قوتابخانه دێرینه‌كانه[5]، مه‌شقه ڕۆحانییهكانیش له كه‌وڵی بازرگانییانه‌ی خووله‌كانی یۆگا و تێڕامانهكاندا هیچ نین له كۆمه‌ڵێك خولیا زیاتر و ته‌نیاش به‌سوتفه په‌یوه‌ندیدارن به ده‌ستڕاگه‌یشتن به سه‌قامگیری و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ گوشاردا.
له‌مه‌ش لاپره‌سه‌ن و سه‌مه‌ره‌تر چاره‌نووسی "ژیانكردنه له شاردا". هادۆت به ڕه‌چاوكردنی ئه‌م ڕووكاره سیاقمهندهی فه‌لسه‌فاندنه‌وه ده‌نوسێت: "... قوتابخانه فه‌لسه‌فییه‌كان هه‌میشه كاریگه‌رییه‌كی چالاكیان به‌سه‌ر هاوشارییهكانهوه هه‌بووه. بێگومان، ئه‌و ئامرازانهشی بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌م ئامانجه به‌گه‌ڕخراون جیاوازن. هه‌ندێك فه‌یله‌سوف هه‌وڵیانداوه كاربكه‌نه سه‌ر كرداره سیاسییه ڕاسته‌وخۆكان، خه‌ونیان به گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵاته‌وه بینیوه. هه‌ندێكی تریان هه‌ر به‌وه خۆیان قایلكرد ڕاوێژكاری بۆ فه‌رمانڕه‌واكان بكه‌ن. بڕێكی تریان هێشتاش خزمه‌تی شاره‌كه‌یان ده‌كرد، وانه‌یان به لاوه‌كان ده‌وته‌وه یان له‌ڕێگه‌ی بوون به باڵیۆز ته‌قه‌لای ڕزگاركردنی شاره‌كه‌یان ده‌دا. كۆمه‌ڵێكی تریان خوازیاربوون وا له هاوشارییهكانیان بكه‌ن له ژیانی ڕاسته‌قینه تێبگه‌ن، و ژیانی خودی خۆیشیان وه‌ك نمونه‌یه‌ك بۆ وان ده‌خسته‌ڕوو. له‌ڕاستیدا، هه‌موویان بیریان له‌وه ده‌كرده‌وه شێوه‌ژیانی هاوشارییهكانیان بگۆڕن"[6].
هادۆت ئه‌و خاڵه پشتڕاست ده‌كاته‌وه كه فه‌لسه‌فه له ڕۆژگاری دێریندا به‌شێوه‌یه‌كی جه‌وهه‌ری و نمونه‌یی فه‌لسه‌فه‌یه‌كی ئه‌خلاقی و سیاسییه. ئه‌و كارتێكهرییهی فه‌یله‌سوفه‌كان ویستویانه به‌سه‌ر هاوشارییهكانیان و فه‌رمانڕه‌واكان هه‌یانبێت بریتی نییه له كۆمه‌ڵێك سه‌ربار و ئیزافه‌ی درهنگكهوتووی پرۆگرامه تیۆرییه‌كانیان. ئه‌م به‌ره‌نجامه كرداری و ده‌ستێوه‌رده‌رانه له چه‌قی فهلسهفاندندان، جا فه‌یله‌سوفه‌كه له شاردا بژی یان له شوێنێكی نیمچه-یه‌كتاپه‌رستانه [واته له "قوتابخانه"یه‌كدا، وه‌كئه‌وه‌ی له په‌راوێزی سێیه‌مدا ئاماژه‌ی پێكرا]. هه‌ر له‌م ئاستهشدایه جیاكارییه‌كان كه‌مێك لێل و ناڕوون ده‌بن: گرنگ نییه ئاخۆ قوتابخانه‌یه‌كی فه‌لسه‌فی چه‌نده لاته‌ریك بێت، هه‌ر هه‌وڵده‌دات ده‌ستوه‌ربداته ژیانی گشتییه‌وه، وه‌كچۆن گرنگ نییه ئاخۆ مه‌شقێكی ڕۆحانی تاكهكهسیك چه‌نده تاقانه‌یه، ئامانجه ئهوپهڕینهكهی بریتییه له‌وه‌ی خۆی بكاته نمونه‌یه‌كی ڕێنیشانده‌ر بۆ ئه‌وانیتر.
ئه‌گه‌ر ئه‌م سێ ڕه‌هه‌نده‌ی فه‌لسه‌فه پێكه‌وه وه‌ربگرین، ده‌لاله‌ت له‌وه ده‌كات كه ئه‌م چه‌شنه چالاكییه مرۆییه هاوكات كه‌سی و گشتی، ناواخنگهرا و ڕوو له ده‌ره‌وه‌شه (esoteric & exoteric)، به‌هۆی ئه‌م پهیوهستییهشهوه به‌ره‌نجامه ئه‌خلاقی و سیاسییه خوازراوه‌كان ده‌سته‌به‌رده‌كات. ئه‌م پێكداچوونه قووڵه‌ی پراكتیس و تیۆره فه‌لسه‌فییه‌كان له سه‌رده‌می ئێمه‌دا هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه.
ئه‌و فه‌یله‌سوفانه‌ی تایبه‌تمه‌ندی و پسپۆرێتییان له "هزری ئه‌خلاقی و سیاسی"دا نییه تا ڕاده‌یه‌كی زۆر ده‌رهه‌ق به كاریگه‌رییه فراوانترهكانی نوسینه‌كانیان یان ئه‌زموونه هزرییه‌كانیان بێباكن. ئه‌و چه‌ند فه‌یله‌سوفه كه‌مه‌ی هێشتاش هه‌وڵده‌ده‌ن ڕاوێژ بۆ فه‌رمانڕه‌واكان بكه‌ن، وه‌ك داكۆكیكه‌ر له بارودۆخی باڵاده‌ست ده‌جووڵێنه‌وه (نمونه‌ی جێمه‌به‌ست لێره‌دا بریتییه له بێرنارد-هێنری لێڤی له فه‌ڕه‌نسادا، گه‌رچی ده‌كرێت ئاماژه به چه‌ندین كه‌سی دیكه‌ش بكرێت). ئه‌و فه‌یله‌سوفانه‌شی له زانكۆكانی هارڤارد، یه‌یل یان ستانفۆرددا وانه ده‌ڵێنه‌وه- و هه‌ر لێره‌شه‌وه به چه‌شنێكی دیفاكتۆ به‌رپرسیارێتیی پێگه‌یاندنی كادره سیاسییه‌كانیان له داهاتوودا بۆ ئه‌مریكا یان وڵاتانی تری جیهان ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆ- به‌ده‌گمه‌ن باری ئه‌م به‌رپرسیارێتییه شاراوه‌یه له‌ئه‌ستۆده‌گرن. ئه‌وانه‌ی پێیان ده‌وترێت ڕۆشنبیره گشتییه‌كان زۆرجار په‌یامه‌كانیان بۆ ڕستێك وتراوی سواو و كڵێشه‌ی چاره‌ساز كورتده‌كه‌نه‌وه.
ئه‌گه‌ر، وه‌كئه‌وه‌ی هادۆت ده‌رباره‌ی فه‌یله‌سوفه دێرینه‌كان ده‌یڵێت، هه‌موویان "بیریان له‌وه كردبێته‌وه شێوه‌ژیانی هاوشارییهكانیان بگۆڕن"، ئه‌وا ئه‌و پرسیاره‌ی ئێمه ده‌بێت له سه‌ده‌ی بیست و یه‌كدا بیخه‌ینه‌ڕوو ئه‌وه‌یه: بۆچی ئه‌سله‌ن له جیهانێكدا بیربكه‌ینه‌وه كه تێیدا هه‌ر گۆڕانكارییه‌كی له‌م چه‌شنه له ده‌ستپێكه‌وه وه‌ده‌رنراوه؟ یان ئاخۆ ئێمه ته‌نیا وه‌ها بیرده‌كه‌ینه‌وه كه هێشتاش بیرده‌كه‌ینه‌وه، دوای ئه‌وه‌ی ڕه‌هه‌ندێكی حه‌یاتی فه‌لسه‌فاندن پووكاوه‌ته‌وه؟
ئه‌وه بیر خۆتان بهێننه‌وه كه ده‌سه‌ڵاتیی ئه‌خلاقی و سیاسیی فه‌لسه‌فه له ڕۆژگاری دێریندا، دوور له‌وه‌ی زیاده‌یه‌كی لاوه‌كی و ناپه‌یوه‌ست بێت، ڕه‌گه‌زێكی جه‌وهه‌ری ئه‌ركی فه‌لسه‌فاندنه. (گه‌ر وا نه‌بووایه، بانگه‌شه‌كردنی فه‌لسه‌فه بۆ گۆڕانكاری له ئایدیۆلۆژیا به‌ولاوه هیچی تر نه‌ده‌بوو). هه‌ر به‌م چهشنهشه وا ئه‌رستۆ زانستی سیاسی به شاژنی هه‌موو زانسته‌كان داده‌نا. له لای ئه‌م هزرمه‌نده یۆنانییه، پرسی ئاكام و ئامانجه‌كان گرنگترین پرسیار بوو: له‌به‌رچی؟ كه‌ڵك و مه‌به‌ستی چییه؟ پرسی ئامانجه‌كان كارتێكردنی به‌سه‌ر چاكه‌وه هه‌یه، ته‌نانه‌ت و به‌تایبه‌ت له نوسخه هه‌ره پراگماتیك و كردارییهكانیدا. ئه‌و زانسته‌ی به "ڕامیاری" ناوده‌برا سه‌روكاری له‌گه‌ڵ چاكه‌ی باودا هه‌بوو. ئه‌م زانسته له له‌ئامێزگرتنی گشت ئامانجه‌كانی تردا، زۆرترین توانای له‌خۆگرتنی هه‌بوو. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه لای ئه‌رستۆ، سیاسه‌ت باڵاترین زانست بوو، و خستبوویه سه‌رووی توێژینه‌وه له سرووشت (فیزیا) یان به‌ڕێوه‌بردنی ماڵداری (ئابوری).
گه‌ر درێژه به نمونه‌كه‌ی سه‌ره‌وه بده‌ین (كه بێگومان زیاتره له نمونه‌یه‌ك)، فه‌لسه‌فه‌ی هاوچه‌رخ و گوتاری ڕۆژانه ناپهیوهستێتیی ئامانجه‌كانیان ده‌كه‌وێته‌ئه‌ستۆ و هۆكاره دوایینییه ئهرستۆییهكانیش پووچه‌ڵده‌كه‌نه‌وه. هاوته‌بایی [ـه باسكراوهكهی سه‌ره‌وه ]له‌میانه‌ی ڕه‌خنه‌یه‌كی به‌ربڵاو له تیلیۆلۆژی (ئامانج-ته‌وه‌ری یان غایەتناسى)ـه‌وه سه‌ریهه‌ڵدا، واته له‌وه‌ی كه هیچ ئامانجێكی جێگیر له‌ئارادا نییه، له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌ره‌نجامه په‌یوه‌سته‌ی كه تهواوكارێتی و كه‌ماڵ و به‌دیهاتن بۆ كۆمه‌ڵه وههم و وهژارهیهكی شه‌رمه‌زاركه‌ر كورتكرانهوه. وێڕای ئه‌وه‌ش، هه‌مان ئامانج به گرێدرانی به ڕێژه‌ی قازانجه ههڵكشاوهكانهوه، بڕێكی زۆر له ژیانی كه‌لتوری و ڕۆشنبیری و سیاسی، گه‌ر ئاماژه به ژیانی ئابوری هه‌ر نه‌كه‌ین، له‌پشت دیمه‌نه‌كانی داڕووخانی تیلیۆلۆژییهوه ده‌بوژێنێته‌وه.
ئه‌و شته‌ی له‌پێشمانه‌وه‌یه ناكۆكییه‌كی بێشه‌رمانه و زه‌ق و گه‌رچی نه‌ناسێنراوه: هیچ ئامانج (end)ێكی جێگیر له‌ئارادانییه، به‌ڵام هه‌موو شت له‌سه‌ر ئه‌وه به‌نده و بۆ ئه‌وه درووستكراوه خزمه‌تی ئامانجی به‌ده‌ستهێنانی قازانج بكات. ناكۆكییه‌كی هاوشێوه به كارتێكه‌رییه‌كی خۆلێلانه‌دراو له فه‌لسه‌فه‌ی سه‌ده‌ی بیست ویهكیشدا به‌گشتی به‌رچاوده‌كه‌وێت. میتافیزیك، هاوشان به بانگه‌شه هه‌میشه‌ییه‌كه‌ی كه جیهان شیاوی كورتكردنه‌وه‌یه بۆ تاكه ئایدیا، جه‌وهه‌ر یان بوون (being)ێك، كه هاوكات تێشی ده‌په‌ڕێنێت، به مردوو ئه‌ژماركراوه. هێشتاش، له‌ژێر كه‌وڵی بێ لایه‌نیی پۆست-میتافیزیكیدا، ئێمه میتافیزیكی عه‌قڵیه‌تێكی ته‌كنۆلۆژی (یان وردتر، ته‌كنیكی) به‌دیده‌كه‌ین. ئه‌م میتافیزیكه به داماڵین (ئهبستراكشن)ه ژماره‌یی و ئه‌لگۆریتمه‌كان بۆ ڕێكخستنی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی، و شێوازه‌كانی به‌كاربردن و هتد ته‌نراوه. به ده‌ربڕینێكی تر، میتافیزیك به‌كۆتاهاتووه، به‌ڵام هه‌موو شت به میتافیزیكی ته‌كنیك ئاخنراوه.
له‌ڕاستیدا ئێمه گه‌لێك دوورین له‌و سێ ڕه‌هه‌نده‌ی موماره‌سه‌ی فه‌لسه‌فییانه كه هادۆت به‌كورتی باسیكردوون. به‌ڵام له‌بری ئه‌وه‌ی نۆستالیژیانه بارودۆخه هه‌نووكه‌ییه‌كه بلاوێنینه‌وه، با بپرسین: چی ده‌بێت ئه‌گه‌ر بێ ده‌سه‌ڵاتیی فه‌لسه‌فه نیعمه‌تێك بێت له كهوڵێكی گۆڕاودا؟ سه‌ره‌نجام، كاتێك واداده‌نرێت فه‌یله‌سوفان كاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆ و ته‌نانه‌ت ناڕاستهخۆشیان له‌سه‌ر هاوشارییهكان و ده‌سه‌ڵاته‌كانه‌وه هه‌یه، زۆرجار به‌توندی ڕه‌تده‌كرێنه‌وه، یان خراپتر له‌وه‌ش، ڕووبه‌ڕووی چه‌وسانه‌وه و مردنیش ده‌بنه‌وه. ته‌نیا بیر له دادگاییكردنی سوكرات بكه‌ره‌وه، له ڕه‌وتی دادگاییكردنهکەدا ده‌سته‌ی سوێندخۆرانی ئه‌سینایی ئه‌ویان به "گه‌نده‌ڵكردنی گه‌نجان" تاوانباركرد، هه‌روه‌ها بیر له‌مانه‌ش بكه‌ره‌وه: حوكمدانی سێنیكا به خۆكوشتن له‌لایه‌ن نیرۆی ئیمپراتۆره‌وه؛ كوشتنی دهستهكۆیانهی هیپاشیا؛ سه‌ربڕینی تۆماس مۆر؛ ته‌كفیركردن و ده‌ركردنی باروخ سپینۆزا له جڤاتی جووله‌كه‌دا؛ كوشتنی مه‌هاتما غاندی له لایه‌ن ناسیۆنالیستێكی هیندو و...
به ڕه‌چاوكردنی ئه‌م ڕاستییه ناڕهحهتكهرانه، بێ ده‌سه‌ڵاتیی فه‌لسه‌فه، دیسپلینێك كه چیتر شێلگیرانه وه‌رناگیرێت، نیعمه‌تێكه له كهوڵێكی گۆڕاودا، ئه‌مه‌ش نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌ره‌نجام فه‌یله‌سوفه‌كان ده‌توانن ژیانی خۆیان قوتاربكه‌ن- یان، لانیكه‌م، ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه نا. هاوته‌ریب به‌و دوو ناكۆكییه‌ی په‌رژاینه سه‌ریان، بێ ده‌سه‌ڵاتیی فه‌لسه‌فه ئه‌و مانایه ده‌گه‌یه‌نیت كه فه‌یله‌سوفه‌كان و فه‌لسه‌فه هیچ ده‌سه‌ڵاتێكیان نییه، به‌ڵام هه‌مووشت پشتی به ده‌سه‌ڵاتی فه‌لسه‌فه‌وه به‌ستووه. عه‌قڵیه‌تی میتافیزیكی، دوای ئه‌وه‌ی فه‌یله‌سوفه‌كان گه‌یشتنه ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی میتافیزیك به‌سه‌رچووه و كه‌ڵكی نه‌ماوه، سه‌ركه‌وت؛ ئه‌وكاته‌شی فه‌زای گشتی و ده‌سه‌ڵاتداره‌كان وا خۆیان قایل ده‌كه‌ن كه فه‌لسه‌فه به‌ته‌واوه‌تی بێسووده، ئه‌وا فه‌لسه‌فه سازوتهیار ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی تینوگوڕی بێته‌وه‌به‌ر و به‌هێزبێت.
بێ ده‌سه‌ڵاتیی فه‌یله‌سوفان و فه‌لسه‌فه بریتییه له ده‌سه‌ڵاتی بیركردنه‌وه له ڕووبه‌رووبوونه‌وه‌ی قه‌یرانه چهندبارهكاندا، واته ئه‌وكاته‌ی ڕێچاره تاقیكراو و ئهزموونكراوهكان شكستدێنن. ئه‌م بێ ده‌سه‌ڵاتییه بریتییه له ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و شته‌ی هه‌نووكه ناكارا و بێ كه‌ڵك دیاره، كه‌چی له سه‌روبه‌ندی له‌كاركه‌وتنی نه‌زمی باڵاده‌ستدا، جا به‌هۆی كاریگه‌رییه شۆكهێنه‌ره‌كانی په‌تایه‌ك یان گۆڕانی كه‌شوهه‌وا بێت، كتوپڕ ده‌بێته شتێكی هێجگار به‌هادار. ده‌سه‌ڵاتێك كه، گه‌رچی بێبه‌شیش بێت له كارایی ڕوون و ئاشكرا و به‌كارهێنانی ڕاسته‌وخۆ، هێشتا یه‌كانگیره له‌گه‌ڵ ئامانجه باڵا و هێجگار به‌ناحه‌ق سهركۆنهكراوهكانی هزری ئه‌رستۆیی.
كارڵ ماركس له ساڵی 1847دا "هه‌ژاریی فه‌لسه‌فه"ی بڵاوكرده‌وه، به تیزپێكردنێكی ته‌وساوی به كتێبی "فه‌لسه‌فه‌ی هه‌ژاری" (1846) پیه‌ر-جۆزێف پرودۆن، كه ماركس ده‌یویست وه‌ڵامی بداته‌وه. وێڕای ئه‌وه‌ی له ناونیشانهكهش چاوه‌ڕێده‌كرێت، كه‌چی ماركس له‌م به‌رهه‌مه‌یدا به‌كرده‌یی شتێكی ئه‌وتۆ ده‌رباره‌ی فه‌لسه‌فه ناڵێت، لهجیاتییهكهیدا په‌ره به داڕشتنی بناغه‌كانی ڕه‌خنه‌ی ئایندهی له ئابوریی سیاسی ده‌دات. به‌شێوه‌یه‌كی ئاماژهگهرا و شاراوه ده‌ره‌نجامه‌كه‌ی وی بریتییه له‌وه‌ی فه‌لسه‌فه بۆیه هه‌ژاره چونكه خۆی به‌ستۆته‌وه به ئهبستراكشنه په‌تییه‌كان، كه ده‌یخاته پاڵ به‌های ئاڵوگۆڕه‌وه، و بێئاگایه له‌و ئامانجانه‌ی له‌ڕووی چۆنێتییه‌وه جیاوازن. له‌كاتێكدا ئاماژه بۆ ئه‌م پێش-مێژووییه ڕۆشنفیكرانهیه ده‌كه‌ین، مه‌به‌ست له "بێده‌سه‌ڵاتیی فه‌لسه‌فه" ئه‌وه نییه هێجگار ڕه‌خنه‌یی یان ڕه‌تكه‌ره‌وه‌ی هه‌وڵی فه‌لسه‌فییانه بێت. ڕێك به‌پێچه‌وانه‌وه، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه ده‌بێت ئه‌م بێده‌سه‌ڵاتییه قبوڵبكه‌ین به‌بێ تۆزقاڵێك له شكستگهرایی و ته‌با و هاوته‌ریبیش له‌گه‌ڵ ناكۆكییه‌كانی دیكه‌ی سهردهمهكهماندا. هه‌ركه ئه‌مه‌ش بكه‌ین، له‌وانه‌یه دواجار فه‌لسه‌فه ببێته شتێك كه به‌ڕاستی بایه‌خی هه‌یه.
پەراوێزەکان:
[1] Pierre Hadot, ’’The Ancient Philosophers’’, in The Selected Writings of Pierre Hadot: Philosophy as practice (London & New York: Bloomsbury, 2020), p. 50.
[2] وه‌ك تێبینییه‌كی لاوه‌كی با ئاماژه به‌وه بكه‌ین، ئه‌م سێ خاڵه‌ی پیه‌ر هادۆت ده‌رهه‌ق به فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌نتیك باسی كردوون، و ماردهریش به‌هۆیانه‌وه له دۆخی بێ ده‌سه‌ڵاتانه‌ی فه‌لسه‌فه له هه‌نووكه‌دا ڕاده‌مێنێت، په‌یوه‌سته به خاڵێكی بنه‌مایی و گرنگ لای هادۆت: به ڕای وی له‌بری مامه‌ڵه‌كردن ته‌نیا له‌گه‌ڵ "فه‌لسه‌فه‌كان"دا ده‌بێت قایل بین به مێژوویه‌ك ده‌رهه‌ق به فه‌لسه‌فه خۆیشی، فه‌لسه‌فه له كۆیهتیی خۆیدا، ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌ی یه‌كه‌م، ده‌بێت له‌بری گه‌ڕان ته‌نیا به‌دوای وه‌لامه‌كانی فه‌یله‌سوفان بۆ پرسیاره فه‌لسه‌فییه‌كاندا، مێژوویه‌ك دابڕێژرێت كه مێژووی پرسیاره‌كان خۆی بێت، دووه‌م، تێگه‌یشتن له‌و خاڵه‌ی كه فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌نتیك، به‌پێچه‌وانه‌ی ڕۆژگاری هاوچه‌رخ، نه له ئه‌كادیمیاكاندا گیری خوارد بوو و نه ته‌نیا كۆمه‌ڵێك تیۆری دابڕاویش بووه، به‌ڵكو فه‌لسه‌فه جۆره ده‌رگیربوونێكی پراكتیكی و جۆره شێوهژیانێكی ئازادانه بوو؛ ژیانكردنێكی فه‌لسه‌فی نه‌ك ته‌نیا فه‌لسه‌فاندنی ژیان- و.كوردی.
[3] پییه‌ر هادۆت مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه وه‌كچۆن له دینه یهكتاپهرستهكاندا كۆمه‌ڵێك ڕێوڕه‌سم، مه‌شقی ڕۆحی و ڕیتواڵی ڕۆژانه هه‌ن، به‌هه‌مانشێوه فه‌لسه‌فه‌ش، له سه‌رده‌می دێرین و ئهنتیكدا، به‌ر له هه‌موو شتێك شێوه‌یه‌كی ژیانكردنه. پرسیارئامێزانه ڕای وایه پێگه‌ی په‌رستگا له یه‌كتاپه‌رستیدا، هاوشێوه‌ی پێگه‌ی "قوتابخانه‌ی هزر"ییه له فه‌لسه‌فه‌ی دێریندا. له وتاری "فه‌یله‌سوفه دێرینه‌كان"دا، كه مایكڵ ماردهر ئیقتیباسی كردووه، پییه‌ر هادۆت نوسیوێتی:"بزاڤی فه‌لسه‌فی له سه‌رده‌می ئهنتیكدا له چه‌ندین ڕووه‌وه هاوشێوه‌ی یه‌كتاپه‌رستییه. ئه‌مه‌ش شتێكی سه‌یر نییه، چونكه یه‌كتاپه‌رستیی مه‌سیحی له به‌شێكیدا میراتگری فه‌لسه‌فه‌ی دێرینه و زۆرجار خۆیشی هه‌ر به فیلۆسۆفیا خستۆته‌ڕوو". ناونیشانی یه‌كێك له كتێبه‌كانی هادۆت خۆی بهقهشهنگی وێنای وی بۆ فه‌لسه‌فه‌ی دێرین ڕوونده‌كاته‌وه: "فه‌لسه‌فه وه‌ك شێوه‌ژیان: مه‌شقه ڕۆحانییه‌كان له سوكراته‌وه بۆ فۆكۆ"، ئه‌مه هاوكات ناونیشانی فه‌سڵی دووه‌می كـتێبێكی دیكهشیهتی "فه‌لسه‌فه‌ی دێرین چییه؟". له‌ولاشه‌وه، فه‌یله‌سوفه‌كان له‌ژێر سه‌رپه‌رشتیاری فه‌یله‌سوفێكی دامه‌زرێنه‌ردا، به وته‌ی خۆی"سه‌ردارێكی ڕۆحانی ڕێزدار"، له قوتابخانه‌یه‌كدا گردبوونه‌ته‌وه؛ به‌ر له‌وه‌ی ددانپیانان به گوناح لای قه‌شه له مه‌سیحیه‌ت ده‌ربكه‌وێت، ئه‌وسا ئه‌ندامه‌كانی قوتابخانه لای سه‌رداره سه‌رپه‌رشتیاره‌كه "ددانیان به هه‌ڵه‌كانیاندا ناوه، بۆنمونه ئه‌مه شتێكی باو و عاده‌ت بووه له قوتابخانه‌ی ئهپییكۆریدا". له‌كۆدا ئه‌م سێ ڕه‌هه‌نده‌ی هادۆت باسیان ده‌كات برییتین له په‌یوه‌ندییه ناوه‌كی و ده‌ره‌كییه‌كانی فه‌لسه‌فه‌كاری یان فه‌لسه‌فاندن: خود؛ مامۆستا/قوتابی یان هاوده‌می؛ شار و جڤات. كه‌واته، پرسه‌كه لای هادۆت ته‌نیا داڕشتنه‌وه‌ی مێژووی فه‌لسه‌فه‌ی دێرین نییه به‌ڵكو دووباره قووتكردنه‌وه‌ی پرسیاری فه‌لسه‌فاندنه: "فه‌لسه‌فاندن چییه؟"- و.كوردی.
[4] Hadot, ’’The Ancient Philosophers’’, p.51.
[5] بورجی عاج (ivory tower)، ده‌سته‌واژه‌یه‌كی میتافۆری و ئیدیۆماتیكه، خۆی له‌بنه‌ڕه‌تدا مانایه‌كی دینی ئه‌رێنی هه‌یه، به‌ڵام له مانا مۆدێرنهكهیدا مه‌به‌ست له جێیه‌كه تێیدا خه‌ڵكانێك نوقمی خولیا كه‌سی و زه‌ینی و باتنییه‌كانی خۆیان ده‌بن و له جیهانی ده‌ره‌وه داده‌بڕێن.عاده‌ته‌نیش بۆ وه‌سفكردنی ئه‌و ڕۆشنبیرانه به‌كاردێت كه خۆیان له ده‌ستوه‌ردانه ڕووداوه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان لاته‌ریك ده‌خه‌ن. لێره‌دا مایكڵ ماردهر پێیوایه له‌كاتێكدا قوتابخانه فه‌لسه‌فییه‌كانی سه‌رده‌می ئه‌نتیك به چه‌ندین شێوه ده‌رگیری ژیانی گشتیی شار بوون، زانكۆكانی ئێستا مه‌ودایه‌كی زۆریان له‌گه‌ڵ فه‌زای گشتیی‌دا هه‌یه. بورجی عاج بیرخه‌ره‌وه‌ی ده‌سته‌واژه‌ی "Grand Hotel Abyss"یشه كه جۆرج لۆكاچ بۆ ڕه‌خنه‌گرتن له شۆپنهاوه‌ر، ڕۆشنبیره ئه‌ڵمانییه‌كان و به‌تایبه‌ت ئه‌دۆرنۆ به‌كاریدێنێت. ده‌كرێت ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه ئاوا بكرێته كوردی "هۆتێلی باڵای سه‌ر خه‌ره‌ندێكی بێ بن"... هه‌رچی ئهدۆرنۆشه له سیاقێكی تردا نه‌ك وه‌ڵامێكی ڕاسته‌وخۆ بۆ لۆكاچ، له چاوپێكه‌وتنێكدا – كێ له بورجی عاج ده‌ترسێت؟- له‌دوای بزوتنه‌وه‌ی خوێندكاران له ده‌یه‌ی شه‌سته‌كاندا، باسی ئه‌وه ده‌كات له‌وه ناترسێت به "بورجی عاجنشین" ناوبنرێت، و هێشتاش مكوڕ و وه‌فاداره بۆ تیۆر و په‌یوه‌ندییه ناڕاسته‌وخۆ نه‌ك ڕاستهوخۆكهی له‌گه‌ڵ پراكسیسدا. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه، نابێت ده‌موده‌ست له‌ده‌ستدانی په‌یوه‌ندییه ئهنتیكییهكهی فه‌لسه‌فه به پراكتیكه‌وه وه‌ك خه‌وشێكی قه‌ره‌بوونه‌كراو ببینین، به‌ڵكو لهزیمنی مشتومڕه فه‌لسه‌فییه‌كانی سه‌ده‌ی بیست و ههنووكهشدا ڕه‌نگه ئه‌مه ببێته سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌هێزتر بۆ ماته‌وزه‌ی كردارییانه‌ی تیۆر. گه‌رچی فه‌لسه‌فه وه‌ك پراكتیس له نه‌ریتی چه‌پ و ماركسیدا جیاوازه له فه‌لسه‌فه وه‌ك پراكتیس له ڕۆژگاری یۆنانییه‌كان و فه‌لسه‌فه‌ی ئهنتیكدا به‌گشتیدا- و. كوردی.
[6] Hadot, ‘’The Ancient Philosophers’’, p. 51.
سەرچاوە:
THE POWERLESSNESS OF PHILOSOPHY: MICHAEL MARDER- https://thephilosophicalsalon.com/: 2021