A+    A-
(985) جار خوێندراوەتەوە

                         ئەو دەربڕینانەى خۆیان «خوا»یان نیە

 

 

 

 

وەلید عومەر

 

 

 

 

 

هەندێک دەربڕینمان هەن لە مامەڵەى ڕۆژانەدا کە وەک دەربڕینى دینى و ئیماندارانە ناسراون, بۆیە ئەوانەى دینییان نیە یان وا خۆیان دەردەخەن بێ‌دینن, خۆیانى لێ دەبوێرن و زۆرجاریش گەر ئەوانیتر بەکاریبێنن مۆرى دینیبوونیان لێ دەدرێت؛ یان دەگوترێت ئێوە هێشتا لە دین و خڵتەى عەقیدە پاکنەبوونەتەوە. ئەم نوسینە, بەو پێشگریمانەیە دەستپێدەکات کە ئەم دەربڕینانە دەتوانن بێدین بن, یان تۆزێک ئایرۆنییتر بیڵێین, "کافر" بن. نمونەى ئەو وشە و دەربڕینانەش وەکو: وەڵا(وەڵایی, بەرێوەڵا و هتد), ڕۆحى شاد بێت, بەخوا, نەبەخوا و هتد. ڕەنگە کەسێک بەمەبەستەوە و بۆ پاڵپشتیی قسەیەک, دەربڕینى "وەڵایی" بەکاربێنێت, بەڵام ئێمە مەبەستمان دۆخى ئاسایی بەکارهێنانى ئەو دەربڕینانەیە(گەرچى لە ئاسۆى لێکدانەوەکەماندا بەکارهێنانە مەبەستدارەکەش تێکدەشکێت). دۆخێک کە خۆى ئاسایی دەگوزەرێت, بەڵام گوێگر و قسەکەر هەڵوەستە دەکەن و لە پێگەیەکى تایبەتەوە سڵ لەو دەربڕینانە دەکەنەوە. باسەکە فرەڕەهەندە, بەڵام تەنیا دوو ڕەهەندى خێرا بەسەردەکەینەوە. بة مانايةكى تر, "ڕەخنە"ـى ئەو "ڕەخنانە" دەکەین لەسەر بەکارهێنانیان هەیە.

 

 

 

هێزى دووبارەبوونەوە

ڕاستە زمان بێلایەن نیە, بارگاوییە بە مانا و دەلالەتى لایەنگرانە- جا دینى بێت یان سیاسى یان کەلتورى و هتد. بەڵام ئەم ڕاستییەش شتێکى هەروا سەرڕاست نیە, بەڵکو پێچ و ئاڵۆزیی ترى لەخۆیدا هەڵگرتووە. واتە زمان چەندە هەڵگرى مانا و دەلالەت و مەرامى شاراوەیە و دەچێتە خزمەتى لایەنێکەوە, کەچى زمان زۆرجار کارگەى بەرهەمهێنانى کۆمەڵێک دەربڕینیشە کە مانا ڕواڵەتییەکانیان لەدەستدەدەن و ئەوەى دەمێنێتەوە بریتییە لە فرەبەکارهێنان, جۆرێک لە گۆکردنى ڕۆتینى, جۆرێک لە ونکردنى ئەو مانایەى کە لەسەرەتاوە هەڵیگرتبوو. دەربڕینەکانى ناو زمانێک هێند دووبارەدەبنەوە, کە مانا جەوهەرى و پاکیزەکەى خۆیان لەدەستدەدەن و ناتوانین بوەستین و بە "زەڕەبینى حەرفى" ماناکەیان لێکدەینەوە. دەربڕینەکان بەهۆى دووبارەبوونەوەوە, لەوە دەکەون بەتەواوەتى خۆیان بن, شوناسێکى پەتى و بێگەردیان هەبێت, و مەدلولى بەوەفاى «ڕەچەڵەک»ـەکەى خۆیان بن. ڕاستە دووبارەبوونەوە شتێک لە ئاماژەى نەستەکى لە وشە و تەعبیردا جێدەهێڵت, بەڵام هەر لەڕێى دووبارەبوونەوەوە ئاماژە نەستەکییەکەش هەرسدەکرێت و هیچ قسەکەر و گوێگرێک نیە ئەو ئاماژانە نەناسێتەوە. دووبارەبوونەوە و فرەبەکارهێنان, وادەکەن وشەیەک لەنێوان ئایدۆلۆژیا هاوبەشەکانى واقیعێکدا بەکاربهێنرێت و کەسیش هەڵوەستەنەکات بۆچى ئەویتر بەکاریدێنێت(بۆنمونە بێ‌دینێک دەربڕینێکى بەناو دینى بەکاربێنێت و نوسەرێکیش دەربڕینێکى کەلتورى و هتد). بۆیە دووبارەبوونەوە دەبێتەهۆى ئەوەى جۆرە پەیمانێکى شاراوە لەسەر دەربڕینێک درووست ببێت و هەر جۆرە سڵکردنەوەیەکى تایبەت تێپەڕێنێت. دیارە ئەم دووبارەبوونەوەیەش, لەنێو کات(زەمەن)دا دەڕەخسێت و کات خۆى هەمیشە بەشێک لە وشە دینییەکان زەمینیدەکاتەوە. بەشێک لە دین و ڕووبەرى ئیلاهى, هەردەم لەڕێى دووبارەبوونەوەى ناو کاتەوە دونیاییدەبنەوە. واتە لە قەستێکى دینییەوە وەردەگەرێن بۆ قەستێکى کۆمەڵایەتى و کەلتورى و هتد. بە مانایەکى تر, دووبارەبوونەوە وادەکات جۆرێک لە پێکداچوون لەنێوان گوتارە جیاجیاکانى کۆمەڵگادا درووست ببێت و وشە وەک سامانێکى هاوبەشى "ڕۆحى کۆمەڵگا" وەرگیرێت. بۆیە وشە بەر کات دەکەوێت, کاتى زەمینى, کاتى زەمینییش بەڕەهایی کاتێکى دینى و پیرۆز نیە. وشە گۆڕانى بەسەردا دێت, خاوەندارێتییە دەلالییەکەى کاڵدەبێتەوە و ڕەهەندى تر لەگەڵ خۆى سەردەخا و سواردەکات. بۆنمونە, وشەى وەڵا(وە ئەڵا, بە ئەڵا), گەر پێکهاتەیەکى دینى و تیۆلۆژیی هەبێت, ئەوا وردەوردە لەڕێگەى دووبارەبوونەوەوە بارە دینییەکەى سوکبووە و بۆتە دەربڕینێکى کۆمەڵایەتى کە دیندارێک و بێ‌دینێکیش دەتوانن بەکاریبێنن. هەرکەس وتى «وەڵا», ماناى ئەوە نیە بڕواى بە دین یان "ئەڵا"ـى ناو دەربڕینەکەیە. «وەڵا» جۆرە تەوکیدێکى مادییە, جەختێکى ماتریاڵییە, فۆرمالیتەیەکى ڕووتە. وەڵا لێرەدا خۆى خواى نیە, خۆى وشەیەکى بێخوایە, ئەڵاکەى ناوى هیچ نیە جگە لە وشەیەکى مەنسوخ و بێمەبەست. "ئەڵا" لەوێدا, حزوورى خواى ئیسلام ناگەیەنێت, بەڵکو لە زیمندا هێمایە بۆ پێداگرییەکى ڕۆژانەیی و کۆمەڵایەتى و کەلتورى. دووبارەبوونەوە و دووبارەکردنەوە کارێکیان بە دەربڕینەکە کردووە کە "ئەڵا بنچینەییەکە" یەکەمێتیی خۆى بدۆڕێنێت و ببێتە دەربڕینێکى کۆمەڵایەتى. ڕەنگە بگوترێت زۆرجار کەسێک بەمەبەستەوە دەربڕینى «وەڵا» بەکاربێنێت, بەڵام گەر ساویلکایەتییە ناتیۆرییەکە پشتگوێخەین, ئەوا دەتوانین بێژین: بکەرى قسەکەر لێرەدا بکەرێکى کۆمەڵایەتییە, دەیەوێت شتێک بۆ "ئەویترى گەورە" بسەلمێنێت و بڕواى وى بەدەستبێنێت. بە گوزارشتێکى تر, سوێند و پێداگریی «وەڵا», خۆى پێشوەخت لە پانتاییە کۆمەڵایەتییەکە هەڵژەنراوە و کۆمەڵایەتیبووەتەوە. واتە گەر دیندارێکى عەیارە بیستوچواریش بەکاریبێنێت, ئەوا بەرامبەر هاوزمانێکى تر و هاوجڤاتێکى تر بەکاریدێنێت کە هەردووک لە پانتاییەکى ڕەمزى و کۆمەڵایەتییدان. ڕەنگە زیادەڕۆیی نەبێت بڵێین, لەم ساتەدا قسەکەرەکە وشەکە بەتەواوى لە ڕەهەندى خودایی بەتاڵدەکاتەوە, چونکە گەر خودا لە سیاقەکەدا هێند ئامادەبووایە ئەوا پێویستى بەو جەختە کۆمەڵایەتییە نەدەکردەوە لەڕێى دەربڕینێکى کۆمەڵایەتیی وەک «وەڵا»وە. کاتێک پیاوێکى دینى بەجەختەوە لەسەر مینبەر دەڵێت «وەڵاهى...», ئەوا دەربڕینەکە لەو سیاقەدا هێند تایبەت دەبێتەوە کە بەئاسانى دەکرێت شتێکى تر بخەیتەجێى. بۆیە دەربڕینەکە, دەبرێتەوە ناو سیاقە بەرایی و لەمێژینەکەى خۆى و ئەوکات هیچ بیرکردنەوە و لێکدانەوەیەکى ناوێت. بۆیە باسەکەمان, وەرگرتنى دەربڕینەکانە پاش ئەوەى کارکردە تایبەت و سەرەتاییەکەى خۆیان وندەکەن. کاتێک مرۆڤێکى ئاینى و نائاینى دەربڕینێکى وەک «وایە وەڵا» بەکاردەهێنن, ئیدى خەریکن ڕاستییەکى کۆمەڵایەتى و نادینى دووپاتدەکەنەوە. لەویادا, پێگەى کۆمەڵایەتیی قسەکەرەکان بۆ ساتێک هەڵدەواسرێت و دەتوانرێت بە هەر شوناسێکى تریش پڕکرێتەوە.

 

 

 

زەینى سڵکەرەوە

ئێستا کاتى ئەوە هاتووە شوێنگەى ئەو کەسە بپشکنین کە لە بەکارهێنانى ئەم دەربڕینانە دەترسێت و سڵدەکاتەوە. ئەوە چ ساتەوەختێکە و چییشە وادەکات زۆرجار لە کۆمەڵگادا ڕاوەستن و بڵێن: "تۆ لە دین پاکەوەنەبوویت, چۆن دەبێت شتى وا بەکاربێنیت". یان قسەکەرێک تووشى جۆرێک لە پارادۆکسى ویژدانى دەبێت و دەربڕینێکى لەو جۆرە دەگەڕێنێتەوە, وەک‌بڵێى ئەوانیتر لێى قبوڵناکەن. خاڵى سەیر لەوێدایە ئەوکاتەشى ناچارین وشە و گوزارشتى لەو جۆرە بگەڕێنینەوە و سڵکەینەوە, ئەوا هەستدەکەین شتێکى بەچێژمان گەڕاندووەتەوە. سەرەتا لەسەر ئەم چێژە دەوەستم و دواتر کۆى زەینەکە دەپشکنم.

لانیکەم پێموایە هیچ دەربڕینێک تامى دەربڕینى "وەڵاهى" نادات. ئەرگۆمێنتى سەرەتایی ئەوەیە قسەکەرەکە نیوەى دەربڕینەکەى گۆکردووە, بەڵام بەناچارى نیوەمى دووەمى دەچەپێنێت. واتە خۆى لە چێژێکى دەربڕین بێبەشدەکات کە ئارەزوویەکە. کاتێک وەک قسەکەرێک شتێک دەردەبڕین, ئەوا ئارەزووى شتێکمان کردووە. ئارەزووش هەمیشە لیوارەکانى خۆى بەهۆى زمانەوە ڕاگرتووە. مرۆڤ سوبێکتێکى هێند ئارەزووکەرەو کە هەر شتێک دەیڵێین جۆرێکە لە ئارەزووکردنێک. بۆیە لە ساتى گۆکردنى ئەو دەربڕینە بەناو دینییانەدا, ئارەزووەکە چڕتردەبێتەوە چونکە زمان پتر خۆى کۆدەکاتەوە بۆ گەیاندنى شتێک و گەیشتن بە شتێک. ئەو شتەى مەبەستێتى بیگەیەنێت, هەر ئەو شتەیە وا لە میانەى وتنەکە گەیشتووە. واتە, دەربڕینەکە جۆرە ئارەزوویەکە لەگەڵ وتنیدا ئەزموونکراوە. ئەمە بۆ تەعبیرگەلى چەشنى "وەڵا", بەو واتایە دێت کە دەربڕینەکە ئارەزوویەکە و جۆرە جەختکردنەوەیەک دێنێتەدى. ئەو قسەکەرەى وا ناچارە بەهۆى سڵکردنەوەوە حۆى لەم دەربڕینە لابدات, ئەوا دەبێت جێگرەوەیەکى تر بەکاربێنێت کە زۆر باو نەبێت و لە زۆرباریشدا زۆر لە خۆى بکات. دەربڕینە باوەکە بۆیە چێژێکى تایبەتیی هەیە و ئاماژەیە بۆ ئارەزوویەک, چونکە ئارەزوو هەمیشە ئارەزووى ئەویترى گەورەیە. واتە وشەکە بەناو فلتەرێکى کۆمەڵایەتییدا هاتووە و جۆرە ڕێکەوتنێکى ڕەمزیی لەسەرە و لەکاتى وتنیدا ئارەزووکردنەکە ئاساییتر دەڕوات. خۆ ڕەنگە بگوترێت زۆرجار بەکارهێنانى دەربڕینى دژەباو چێژى زیاترە, بەڵام لەم ڕووەوە ئەوەشیان هەر هەوڵێکە بۆ بەدەستهێنانى نیگا کۆمەڵایەتییەکە. چێژى دەربڕینێکى وەک "وەڵا", ئەوە نیە ڕاستەوخۆ و بەئەنقەست چێژێکى ئاگایانەى لێ وەرگرین, بەڵکو ئەو شوێنگە دەلالى و کۆمەڵایەتییەیە وا وەریگرتووە. لێرەدا کۆمەڵایەتیبوون و ژویسانسى کۆمەڵایەتى دەکەوێتەپێش ڕەهەندە دینییەکانى وشەکەوە. وشەکە چیتر «خاڵى داکوتان» نیە لەنێوان دین و دەرەوەى خۆیدا, بەڵکو چووەتە ناو سوور و دەستاودەستى کۆمەڵایەتییەوە و بارێکى چێژمەندانەى وەرگرتووە کە پشکى هەمووکەسى تیایە. چێژیش لێرەدا هەر مەبەستمان چێژى فیزیکى و دەروونى نیە, بەڵکو چێژە تا ئاستە دوورەکانى, ئەو ئاستانەى کە بەها و مانا و زۆر کاتیگۆریی تریش دەگرنەوە, یان بڵێین چێژەکە مەبەست لە متمانە و ئاکار و ڕێزمانى کۆمەڵایەتى و زۆر شتى تریشە کە تێکڕا لە زمان دەئاڵێن و ناتوانین هەروا بەسادەیی دەربڕینەکان بەپێى پێوەرى «یەک بۆ من و یەک بۆ تۆ» دابەشیانبکەین. ئەى کەوایە ترسى ئەو زەینە لەکوێوە دێت کە خۆى لە بەکارهێنانى دەربڕینەکە دەدزێتەوە؟ ئاخۆ سڵکردنەکە هەر لەوێوە دێت کە ئەوانیتر تۆمەتى پێوە دەنێن و لەکەى لێ باردەکەن, یانخود هۆى ناسکتر و شاراوەتریشى هەیە؟    

پێموایە هەردوو پرسیارەکە لەسەر یەک هێڵى لۆژیکى دەژین و درێژکراوەى یەکترن. چۆن؟

قسەکەرەکە لەوانیتر دەترسێت, لە ئەویترى گەورە, لە چاوە کۆمەڵایەتییە هەمەشوێنەکە, بەڵام خۆ زۆرجار ئەوێکى ترى کۆنکرێتییمان نیە ڕامانگرێت و تەریقمانکاتەوە. واتە ڕەنگە بایی ئەوە ڕێزى کۆمەڵایەتى هەبێت کە لەئاست بەکارهێنانەکەدا بێدەنگییمان لێ بکەن, بەڵام هۆى چیە وا قسەکەرەکە تووشى هەڤدژییەکى دەروونى دێت و زۆرجار بەناچارى وشەیەک لەبرى وشەیەکى تر بەکاردێنێت, یان دەربڕینێکى تر لەبرى دەربڕینگەلى وەک «وەڵا» بەکاردەهێنێت؟ لێرەوەیە کە دەبێت بڵێین ئەم زەینە خۆى لەجیاتیی ئەویتریش دەترسێت. یان بە لەونێکى تر بیخەینەڕوو: ئەو زەینەى سڵ لە بەکارهێنانى ئەم دەربڕینە بەڕ,اڵەت دینییانە دەکاتەوە, هێشتا خۆى زەینێکى دینییە. ئەم زەینە, هێشتا ئەو بارگە دەلالییەى لەخۆیدا بەتاڵنەکردووەتەوە, بۆیە ناچارە پێشوەخت میکانیزمى چەپاندن و سەرکوت بخاتەگەڕ. خۆ ڕەنگە بەهۆى پرۆسەیەکى خۆپاککردنەوەوە, ئەم چەپاندنانە هێند دووبارەببنەوە کە دەربڕینەکە کاڵکەنەوە, بەڵام گەڕانەوەى چەپێنراو وادەکات تێبگەین پرۆسەکە ناچارییە. هەر زەینێک باوەڕى بە خۆى هێنابێت کە بە وشەیەک نەبێتەوە بە زەینێکى دینى, ئیدى بەکارهێنانى وشەگەلى وەک «وەڵا, وەڵایی, بەخوا, ئەرێوەڵا, بەرێوەڵا...» نایترسێنن. واتە گەر بەشێوەیەکى دووجا و دیالەکتیکى بەسەر ناوەڕۆکە دینییەکەى خۆیدا زاڵبووبێت, ئەوا ئەم وشانە چیدى زرینگانەوەیەکى دینییان بۆ ئەو نابێت. گەر هەشبێت, هیچ لەو ناوەڕۆکە تازە نادینییەى وى ناگۆڕن و بگرە وشەکە لەخۆیدا دەتوێنێتەوە. دیارە باسەکەمان لەوە ئاڵۆزترە پەیوەندیی بە "ئازادیی دەربڕین"ـەوە هەبێت, بەڵکو باس لە جۆرێک ئازادیی پێش‌ئازادى دەکەین. جۆرێک لە ئازادى کە پێویستناکات دانیشین و ئاگامەندانە بیرى لێ بکەینەوە و لێى بترسین, بەڵکو بەر لەوە لەخۆماندا هەرسمانکردووە و پێش‌زەمینەیەکى ئازادانەمان بۆ گۆکردنى شەخسى خوڵقاندووە. واتە بەر لەوەى دانیشین و یەک‌یەک وشەکان و دەربڕینەکان جیاکەینەوە و ئازادیی قسەکردن بپێوین, ئەوا زەینمان بەهۆى گۆڕانى کۆى سیستەمى بیرکردنەوەوە ئازادکردووە. گەر زەینێک لە کۆدا خۆى نوێکردبێتەوە و فەزایەکى فیکریی ئاڵۆزترى بۆ خۆى داڕشتبێت, ئیدى لە ئاستى بەش و تاکەدەربڕیندا سڵناکاتەوە. زەینى سڵکەرەوە و میکانیکى بۆیە دەترسێت و هەڵوەستەدەکات, چونکە ئاسۆکەى هێشتاش ئاسۆى وشەکەیە لە مانا بەراییەکەیدا. بێگومان خەڵکى تائەوپەڕ دینى و موحافیزکار ئەم دەربڕینانە گۆدەکەن, بەڵام بە هەمان ڕادە موڵکى کەسێکى نادینییشە چونکە زەینە نادینییەکە لە کۆنتێکستێکى زەینیی تازەتردا دەیخاتەگەڕ. خستنەگەڕەکەشى لەپێناو ئەوەدایە زنجیرەى نوێى دالەکان, ئاڵنگارییە کۆمەڵایەتییەکەیان لەدەستنەدەن. ئاسانتر بیڵێین, کاتێک دەربڕینێکى وەک «وەڵا» لەلایەن قسەکەرێکى سێکۆلارەوە گۆدەکرێت, ئەو ئیمکانە لەگۆڕێدایە کە ماناى دینیی وشەکە بە هەمان گوژمە کۆنە سەرەتاییەکەى خۆیەوە وەرگەڕێت بۆ پێچەوانەکەى. واتە وەرگەڕێت بۆ تەعبیرێکى تەواو دنیایی کە لەناو مەنزوومەیەکى تەعبیریی تردا ڕۆڵێکى گۆڕانخوازانەش بگێڕێت. واتە نەک هەر لێى نەترسین, بەڵکو بێ‌کێشە بڕوات و ڕۆڵى خۆیشى بگێڕێت و گرنجى دەلالەت درووستنەکات و خاوەنەکەشى سڵى لێ نەکاتەوە. ڕەنگە زۆرێکمان لە دەربڕینگەلى وەک «ڕۆحى شاد بێت», سڵکەینەوە و سڵیشمانکردووەتەوە. ترسەکەش پتر لە وشەى "ڕۆح"ـە گوایە وشەیەکى دینییە و دەمانخاتەوە نێو پێگەى قسەکەرێکى دیندارەوە. بەڵام بەپێى هەردوو خاڵى باسکراو, وشەکە هەم لەڕێى فرەپاتبوونەوە و چەندبارەبوونەوەوە لەوە کەوتووە مانا دینییە سەرەتاییەکەى هەبێت, هەمیسانیش پێویستدەکات قسەکەرەکە لەڕووى زەینییەوە بەسەر مانا دینییەکانیدا زاڵ بووبێت. کەسێک مەدلولە دینییەکانى ڕۆحى لەخۆیدا پووچەڵنەکردبێتەوە, ئەوا ناچارە بەوریاییەوە بەکاریبێنێت.  مەدلولى دەربڕینەکان لەناو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا هێند بەکاردێنەوە کە بەرەو لاى دۆخى "دال‌بوون(being signifier)" دەگەڕێنەوە. بۆنمونە, لە گۆکردنى ناوى شەقامى "پیرەمێرد"دا کەس جەخت لەسەر پیرەمێرد ناکاتەوە وەک شاعیر, بەڵکو ئاماژە بۆ جادەیەک دەکات. یان لە دەربڕینى «گیانم دەرچوو»دا مەبەست لە مەدلولە سەرەتاییەکەى نیە, بەڵکو هێما بۆ جۆرێک لە ماندوێتى دەکات. دەبێت زەینە نادینییەکە ئەو ڕاستییە بزانێت کە لە دەربڕینێکى وەک «ڕۆحى شاد بێت»یشدا, وشەى ڕۆح لە قازانجى شتێکى تردا پاشەکشەدەکات و چیدى ڕۆحە دینییەکە نیە. دەربڕینەکە, کۆمەڵایەتیدەبێتەوە و وەک ژێستێکى کەمتازۆر بێلایەن ئەرکێک بەجێدەگەیەنێت. کاتێک بیریارێکى خۆرئاوایی دەڵێت «ئۆه خوداى من, یا مەسیح, سویت جیسەس...», ئیدى ڕوونە بانگهێشتى عیسا ناکات و لەڕووى زەینییشەوە بەسەر دەربڕینەکەدا زاڵبووە. ڕاستە لەوێ لەڕووى مێژووییەوە بنکى زمان و دەربڕین و ئیمان و هتد گۆڕانى بەسەردا هاتووە, بەڵام پێدەچێت بەئێستاشەوە هیچ زاراوەیەکى تر نەتوانێت ئاسان شوێنى ئەوانە بگرێتەوە. پرسیارەکە, خۆى وەڵامى خۆیشیەتى: کاتێک گۆڕانى مێژوویی و زەینى و کۆمەڵایەتى و هتد ڕوویدابێت, ئیدى دەربڕینێکى بەناو دینى, زیانێکى نیە و پێویستناکات هەروا بۆ کێڵگەیەکى ئایدۆلۆژى جێبهێڵرێت. ڕۆح ئەودەم وەک وشەیەکى مادى و کۆمەڵایەتیی لێ دێت کە زەمینەیەکى زەینى و مێژوویی بۆ ڕۆح ڕەچاوکرابێت. هەر زەینێک ئەمەى کردبێت, لە بەکارهێنانەکەشى ناترسێت.

سەرەڕاى هەموو ئەمانە, پێویستدەکات بڵێین مەبەستمان تەنیا ئەم وشە و دەربڕینانە نیە و لەقووڵاییدا باسى ستراتیژى ئیشکردنى زمان دەکەین لە کۆمەڵگەدا کە شتانى دەرەوەى دینیش دەگرێتەوە. زمان لە دوایین گوشراوەى خۆیدا, سروشتێکى تایبەتى هەیە و ڕێکردنى ئاسایی خۆى دەبڕێت: ئەو کەسەى لە بەکارهێنانى دەربڕینێکى تایبەت دەترسێت, هاوتاى ئەو کەسەشە وا بەئەنقەست هەندێ دەربڕین زەقدەکاتەوە. بۆ ئەوەى مرۆیەکى عەقڵانى بین, ناچارین عەقڵانیەتى ناو زمان لەبیرنەکەین: عەقڵانیەتێک کە سەرتاپا عەقڵانى نیە بە واتا باوەکەى.

 

     

 

.