A+    A-
(1,066) جار خوێندراوەتەوە

میراتی فەلسەفیی فۆکۆ

 

 

 

 

 

موحەمەد زەیمەران

و. وریا ئەحمەد

 

 

 

 

فەیلەسووفانی خۆرئاوا لە دێرزەمانەوە کەڵکەڵەی چارەسەری ئارێشەی فەلسەفیی مرۆڤ، سوبێکتیڤیتەى وی، گوورانی کەسێتیی و شوناسی وییان لەسەردا بووە. ئەوان چەمکێلێکی چون سوبێکت، خود، عەقڵ، گیان یانژی دەروونی ئادەمیزادیان، وەک پولی پێچەوانەی دیاردە سرووشتی یان بابەتییەکان وەبەر توێژینەوە داوە، و لەم سۆنگەیەوە چەمکی (سوبێکت)یان، بە پێچەوانەی (بابەت)ەوە، بە خودانی پەسنێکی ئۆنتۆلۆژی و ئەپستمۆلۆژی زانیوە.   

هەوەڵینجار ئەفلاتوون تیۆری نەمرییی گیان یانژی جاویدانیی نەفسی هێنایە ناو باسانەوە و، وەها دۆزێک، لەو سەروەختەوە تا هەنووکە، بابەتی وتووێژگەلی جۆراوجۆر بووە. دیاردەناسان لەم ساڵانەی دواییدا، سوبێکت و زەینی وییان، لەسەر بنەمای ئاڕاستە و ویستی سوبێکت، شرۆڤەکردووە. کەوابوو، زەین و دەروونی ئادەمیزاد، چەنای­چەنێکە لەبەردەم تیرۆژی ڕووناکیی ڕاڤە و لێکدانەوەی جۆراوجۆردا بوون. میشێل فۆکۆیش، لە دووتوێی بەرهەمەکانیدا، پەیگیری هەمان باس بووە و، لەمەڕ گوورانی زەین یانژی سوبێکت بە درێژایی دیرۆکی هاوچەرخ، کنەوپشکنینی وردی کردووە. بەتایبەت لە دووتوێی بەرهەمەکانی دوایینی خۆیدا و بەتایبەتتر لە چێوەی پەرتووکی (مێژووی سێکسواڵیتە؛ کارایی چێژ، چاودێرییکردنی نەفس و ددانپێدانانی لەش)دا، دۆزی (سوبێکت) و ڕێگوزەری پێکهاتنی (سوبێکت)ی لە پێوەندیدا بە چەمکی دەسەڵات و دانایی، لێکداوەتەوە. ڕەخنەگرانی وەک ژیل دۆلۆز،(١)هۆبێرت درایفۆس(Hubert Dreyfus)، مارک پۆستەر(Mark Poster(٢) ئاڕنۆڵد دەیڤیدسۆن(Arnold Davidson(٣)پۆڵ ڕابینیۆ و یان هاکینگ(Ian Hacking(٤)هەموویان ئەم ڕێبازەیان لێکداوەتەوە و، سەبارەت بە ئەندێشەی فۆکۆ، ڕێنوێنییگەلی شیاوی تێڕامانیان خستووەتەڕوو.  

ژیل دۆلۆز، لە پەرتووکێکی گچکەدا بەناونیشانی (فۆکۆ)، پوختترین و سەرنجڕاکێشترین لێکدانەوەی سەبارەت بە هزری وی، خستووەتەڕوو. ژیل دۆلۆز هەڵوەدای ئەوە بوو، هزرەکانی فۆکۆ لە چێوەی سێ پانتاییدا، واتا دەسەڵات و دانایی و سوبێکت، توێکاری بکات. دۆلۆز پێی وایە لە سیاقی سێ پەرتووکی دوایینی فۆکۆدا، جۆرە وەرچەرخانێک لە فاکتەری بابەتییەوە بەرەو کەوشەنی زەینی ئادەمیزاد، دەبینرێ. لە چێوەی ئەو پەرتووکانەدا، دەشێت دەسەڵات و دانایی و سوبێکتیڤیتە(Subjectivity)، بە سێ پانتاییی لێکدانەوەهەڵنەگر ئەژمار بکرێن، کە لە چەمەری لێکگیربوونێکی توندوتۆڵدا، ئامبازی یەکدیی بوون.(فۆکۆ، ل١٢١). دۆلۆز وای بۆ دەچێ، بە وردنۆڕین لە کۆتا بەرهەمەکانی فۆکۆ و وردسەرنجدان لە چەمکی سوبێکتیڤیتە یانژی شوناس، سەرلەنوێ خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنەوەی کۆبەرهەمەکانی فۆکۆ، وەک پێویستییەک دەکەوێتە ڕۆژەڤەوە. ئەوە بۆیە خودی فۆکۆش لە هەڤپەیڤینێکدا پێی وایە، لە چێوەی پەرتووکی (مێژووی شێتیی)دا، چەمکی سوبێکتیڤیتە لەتەک چەمکی دەسەڵات و داناییدا بە شێوازێکی نەخەمڵیو و ئاڵۆسکاو خراونەتەڕوو.(٥) دەتوانرێت ئەنجامگیری بکرێت بەوەی، چەمکی سوبێکتیڤیتە یانژی سوبێکت لە بەرهەمەکانی فۆکۆدا، هێندەی دەسەڵات و دانایی، خودانی بایەخن.

توێژەرانی وەکو ئاڕنۆڵد دەیڤیدسۆنیش، جەختیان لە بایەخی سوبێکت و سوبێکتڤیتە لە ئەندێشەی فۆکۆدا کردووە. دەیڤیدسۆن پێی وایە چەمکی سوبێکت یانژی (خود)، ئۆنتۆلۆژیایەکی تازەی لە هزرەکانی فۆکۆدا نەڕسکاندووە، بەڵکوو تەنێ دەرگەی بەسەر ڕووبەرێکی نوێی لێکدانەوەدا کردۆتەوە. وتارەکەی دەیڤیدسۆن لەمەڕ فۆکۆ، لە چێوەی (کۆبەرهەمی فۆکۆ)، کە لەلایەن دەیڤید کۆزین هۆی(David Cousin Hoy)ەوە ئامادەکراوە، هاتووەتە وەشاندن. دەیڤید کۆزین هۆی، لە پێشەکیی (کۆبەرهەمی فۆکۆ)دا هێما بۆ ئەوە دەکات، کە چەمکی ''پێوەندی لەگەڵ خود''(rapport à soi)، ئاڵۆزیی فیکری فۆکۆی دووچەندان کردووە. کۆزین هۆیش، چون هۆبێرت درایفۆس دەبێژێت، گوایە فۆکۆ بە خستنەڕوو و لێکدانەوەی هەردوو چەمکی (سوبێکتیڤیتە) و (خود)، خۆی لە تۆمەتی نێهیلیزم پەڕاندۆتەوە و، بە پەیگیریی چەمکی ''پێوەندیی لەگەڵ خود''دا، زەمینەی بۆ باسوخواسی ئەخلاقی خۆش کردووە. ڕاستییەکەی، ''پێوەندیی لەگەڵ خود''دا، پێوەندییەکی دوولایەنەی نێوان (سوبێکت-خود) و (بابەت)ە، کە چەمکی مێژووییی حەقیقەت لە هەناوی ئەم پێوەندییەوە دەگوورێت.

لێرەدا، فۆکۆ لەبارەی مێژووی حەقیقەتەوە داخێوێ. لەگەڵ ئەوەشدا، مەبەستی وی، شرۆڤەی ڕەوتارەکان، چەمکەکان، کۆمەڵگەکان و ئایدۆلۆژیا جۆراوجۆرەکان نییە، بەڵکوو پرسی سەرەکی، گەنگەشەکردنی بوونی (خود)ە. بە دەربڕینێکی تر، (مێژووی سێکسواڵیتە)، دیرۆکی دەستڕاگەیشتن بە حەق و حەقیقەت نییە، بەڵکوو دیرۆکی چۆنیەتیی پێوەندیی ئێمەیە دەگەڵ بوونی (خۆمان)دا وەکوو بکەرێکی ئیتیکیی. کرۆکی سەرەکیی باسوخواس لە بەرگی دووهەم و سێهەمی (مێژووی سێکسواڵیتە)دا، ئا ئەم پێوەندییەی ئێمەیە دەگەڵ خۆماندا بە درێژایی مێژوو، واتا تێگەیشتن لە حەقیقەتی ئۆنتۆلۆژیی خۆمان. فۆکۆ پێی وایە: ''لەسەردەمی یۆنانی کۆنەوە، گۆڕانێکی ئەوتۆ لە یاسا و ڕێسا ئیتیکییەکاندا ڕووی نەداوە، ئەوی گۆڕاوە، جۆری پێوەندیی ئێمەیە لەگەڵ خودی خۆماندا''. بە دیدی فۆکۆ، ئیتیک لە هەناوی فرمان و کردەدا دەگوورێت. ڕاستییەکەی، پرۆسێسی گوورانی (سوبێکتیڤیتە)، لە چێوەی ئەم فرمانە ئیتیکییانەدا دەقەومێت.(٦)

فۆکۆ لە بەرگی دووهەم و سێهەمی (مێژووی سێکسواڵیتە)دا، سوودی لە میتۆدی جێنالۆژیی بینیوە و، لەم سۆنگەیەوە پەیدابوون و ڕیشەی ئەو ڕێباز و ڕەوتارانەی وەبەر توێژینەوە داوە، وا پێکهاتنی کەسێتیی تاکیان لێ دەکەوێتەوە. ئەوی دەم فۆکۆ لەمەڕ جینالۆژیای (سوبێکتیڤیتە)ی داخێوێ، ڕاستییەکەی ئەوەیە، لەمەڕ ڕەگ و ڕیشەی کردە ئیتیکییەکان دەپەیڤێ.(٧)لەوێدا وا سەبارەت بە ''ئۆنتۆلۆژیی مێژوویی'' زار هەڵدێنێ، مەبەستی وی، ڕێچکەی گوورانی (سوبێکتیڤیتە)یە لە قۆناغە مێژووییە جیاوازەکاندا. ڕوونە، فۆکۆ سوبێکتیڤیتە بە چەمکێکی بنچینەیی و نەگۆڕ نازانێت، بەڵکوو بە دیاردەیەکی مێژووییی ئەژمار دەکات. دۆلۆز وای بۆ دەچێ، تێڕامان لە وجوودی خود، کە لە سای دەرکاربردنی ڕاسپاردە ئیتیکییەکان دەلووێت، زەمینەی گەشە و پەرەسەندنی سوبێکتیڤیتە دەڕەخسێنێت. بە گوتەی فۆکۆ، ''پێوەندیی لەگەڵ خود''، خودانی چوار ڕەهەندی سەرەکییە: یەکەم گەوهەری ئیتیکی، دووهەم ڕەهەندی گوێڕایەڵی، سێهەم خاکەڕایی و خۆپارێزی، چوارهەم باوەڕ بە چارەنووس و ڕۆژی پەسڵان(Eschatology). گەوهەری ئیتیکی، ئەو بەشەی نێو بوون و ڕەوتاری ئێمەیە، کە بە ڕاسپاردە و داوەریی ئەخلاقییەوە پەیوەستە. ڕەهەندی گوێڕایەڵی، لەنێوان ڕێسای ئیتیکیی و بوونی تاکدا، ڕایەڵ دروست دەکات و چۆنییەتیی کاریگەریی ڕێسای ئیتیکی لەسەر بوونمان، ڕوون دەکاتەوە. خاکەڕایی و خۆپارێزی، میکانیزمگەلێکن، بەهۆیانەوە دەستکاریی خۆمان دەکەین، سا بەڵکوو بۆ بوونەوەرێکی ئیتیکی بگۆڕدرێین و، سەرئەنجام، پێوەندیی لەگەڵ خوددا، ئامانجێکی گەلەک تایبەتیی هەیە، بەو مانایەی تاک لەپێناو جاویدانی، ساغلەمی، ئازادی یانژی خۆ قوتارکردن لە وابەستەیی، هانا بۆ کردەی ئیتیکیی دەبات.(هەمان، ل١١٢). لە یۆنانی کۆندا، گەوهەری ئیتیکی، پەیوەست بوو بە چێژی سێکسی و شێوازی گوێڕایەڵی لەئاست ئەرکە ئیتیکییەکاندا. خاکەڕایی و خۆپارێزی، هونەرێک بوون، لەو پێناوەدا دەکاردەبران و، ڕاستییەکەی، ئامانجی کردەی ئیتیکی، خۆ جڵەوکردن بوو.(٨)(لە سەدەکانی ناویندا، ئامانجی ئیتیک گۆڕا؛ واتا بەگشتیی جاویدانی، پاکژی و... بەئامانج کران، هەروەتر، مانای خۆپارێزییش گۆڕا). لە ڕوانگەی مەسیحییەتەوە، لەخۆنۆڕین و خۆکۆڵین، کتومت بە مانای پەردەهەڵماڵین لەسەر ڕازی دەروون دەهات. شێوازی گۆێڕایەڵیش، لە یاساکانی خودادا دەنوێنرێتەوە و، چیتر گەوهەری ئیتیکییش، بە چێژی سێکسییەوە ڕایەڵ نییە، بەڵکوو بە مەیل و نەفسی بەدکردار و لەشی ئادەمیزادەوە پەیوەسەتە.(٩)

ڕاستییەکەی، ئەوەی فۆکۆ لە توێژینەوە لەمەڕ بابەتی (دانایی) و (دەسەڵات) بەرەو توێژینەوە لەمەڕ بابەتی (سوبێکتیڤیتە) و (پێوەندیی لەگەڵ خود) ڕووی وەرچەرخاند، گەلەک لێکەوتەی بەرفراوانی هەیە. کە یەکێکیان، بریتییە لە نەفیی لێکدانەوەکانی وی لەمەڕ ''مەرگی مرۆڤ'' و سوبێکتیڤیتەى وى. لە دەیەکانی پەنجا و شەستی سەدەی ڕابردوودا، کەسانێکی چون ژان هیپۆڵیت(Jean Hypolite)، لەمیانی لێکدانەوەی (فینۆمینۆلۆژیای ڕۆح)ی هیگڵەوە، هەردەم خۆیان بە پرسی (سوبێکتیڤیتەى باڵا)وە خەریک دەکرد. لەو نێوەندەدا، ژان پۆڵ سارتەریش لە زۆربەی بەرهەمەکانی خۆیدا، هانای بۆ هەمان نەریتی فەلسەفیی هێنا و دیالێکتیکی پەیدابوونی سوبێکتیڤیتەى کرد بە چەقی تێڕامانی فەلسەفیی خۆی. بەڵام فۆکۆ لەبەرانبەر ئەم پێداگرییە لەڕادەبەرە لەسەر چەمکی سوبێکتیڤیتە، ژێستی بەرهەڵستکاریی وەرگرت و دەگەڵ کەسانی چون لاکان و لێڤی شتراوس کەوت. وی، کارنامەی لێکۆڵینی خۆی بۆ ئاڵنگاریی و ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێبازی هیگڵیی تایبەت بە پێکهاتنی سوبێکتیڤیتە، ساز و ئامادەکرد. فۆکۆ لە نەفیی ڕەوایەتیی سوبێکتدا، دەگەڵ لێڤی شتراوس و ڕۆلان بارت کەوت و لە کۆی بەرهەمە سەرەتایییەکانیدا، ڕەدووی تێگەیشتن لە کولتوور، سرووشت، دنیای دیاردەکان، مێژوو و کاریگەرییان بەسەر چەکەرەکردنی زانینەوە کەوت. وەلێ دیتمان، لە بەرگەکانی دووهەم، سێهەم و چوارهەمی (مێژووی سێکسواڵیتە)دا، ڕوو بەرەو سوبێکت یان سوبێکتیڤیتە، بادانەوەیەکی زێدەڕۆییانە ڕووی دا.

دەتوانرێت بگوترێت فۆکۆ لەژێر کاریگەریی ئایدیاکانی نیچە و هایدیگەردا، شەقاوی هاویشتە سەر ڕێگای ڕەخنەگرتن لە ''سوبێکتی باڵا(بڵندنشین)'' و، دۆزی چەقبوونی مرۆڤی لە کەوشەنی فەلسەفەدا وەبەر باسان دا و ئەوەی درکاند، گوایە ''مرۆڤ'' داهێنراوێکی تازەیە کە لە سەدەی نۆزدەهەمدا پەیدابووە و هێندە ناخایەنێت ئا ئەم ''مرۆڤ''ە کۆتایی پێ دێت. لەم سۆنگەیەوە، گەڕانەوەی فۆکۆ بۆ کن پرسی سوبێکتیڤیتە لە بەرگی دووهەمی (مێژووی سێکسواڵیتە)دا، گۆڕانێکە شیاوی تێڕامان و زادەی ڕووهێنانی فۆکۆیە بۆ ئایدیاکانی نیچە و هایدگەر.

فۆکۆ چەند هەفتەیەک پێش مردنی، لە میانی هەڤپەیڤینێکدا لە ٢٩_٥_١٩٨٤دا، گوتی:

''بە دیدی من، هایدیگەر هەمیشە بیرمەندێکی گرنگ بووە. لە ساڵی ١٩٥١ یان ١٩٥٢، خوێندنەوەی بەرهەمەکانی هایدیگەرم دەست دایە و لە ساڵی ١٩٥٢ یانژی ١٩٥٣ بە خوێندنەوەی بەرهەمەکانی نیچەوە خەریک بووم. تا هەنووکەش یادداشتەکانم لەمەڕ نووسینەکانی هایدیگەر لە کنە. یادداشتەکانم لەمەڕ هایدیگەر، لەو پەراوێزانەی لەبارەی مارکس و هیگڵەوە نووسیومن، گرنگترن. خوو و خەسڵەتی فەلسەفیی من، بە چڕیی بە ئەندێشەکانی هایدیگەر کاریگەرە. بەڵام دەبێت ددانی پێدا بنێم، نیچە کاریگەرییەکی قووڵتری لەسەر هزری من بەجێ هێشتووە. من هایدیگەر بە باشیی ناناسم. زانیارییەکانی من لەمەڕ (بوون و کات)، گەلەک ناچیزن، بەتایبەت کەمتر بە نووسینەکانی دوایینی ئەو ئاشنام. بە بەراورد بە ئایدیاکانی هایدیگەر، باشتر سەر لە ئایدیاکانی نیچە دەردەکەم، لەگەڵ ئەمەشدا، دەبێت بڵێم خوێندنەوەی بەرهەمەکانی نیچە و هایدیگەر بۆ من ئەزموونێکی بنچینەیین. ئەگەر بە ئایدیاکانی هایدیگەر ئاشنا نەبووایەم، دەرفەتی خوێندنەوەی بەرهەمەکانی نیچەم بۆ نەدەڕسکا.''(١٠)

ڕوونە، لە بەرهەمەکانی فۆکۆدا، بەدەگمەن ناوی هایدیگەر دەبینرێت، وەلێ کاریگەریی ئایدیاکانی وی بەسەر فۆکۆوە، مشتومڕهەڵنەگرە. شیاوی گوتنە، ئایدیا و دەستەواژەکانی هایدیگەر لە ناوەندەکانی ڕۆشنبیریی فەڕەنسادا لەبەردڵانن؛ تەنانەت ڕۆژنامەڤانانێک کە بە بەرهەمەکانی وی ئاشنا نین، گاهگاهێ سوود لە دەربڕین و میتۆدەکانی وی دەبینن. لە ناوەندی ڕۆشنبیریی پاریسدا، کەسانێکی چون ژاک لاکان، کۆژیڤ(Kojeve)، لێڤیناس(Levinas) و بەتایبەت دێریدا، بەردەوام لە لێکدانەوەکانی هایدیگەر سوودمەند بوون. فۆکۆیش لە کەشوهەوای ڕۆشنبیریی پاریس، کە بە چەمک و دەربڕینی هایدیگەرییانە بارگاوی بوو، بێبەش نەبوو، ئەمە لەکاتێدا وی، ڕاستەوخۆ و خۆسەر لە باسوخواس لەمەڕ هایدیگەر و ئەندێشەکانی، نەورووکا. فۆکۆ، بەتایبەت بە وتارە بەناوبانگەکەی هایدیگەر، ''نامەیەک سەبارەت بە هیومانیزم_١٩٤٨''(Über den Humanismus) و هەروەتر بە پەرتووکی ''ڕێگا بێشەڵانییەکان١٩٥١''(Forststraßen) و تاڕادەیەکیش بە ''بوون و کات''، کاریگەر بوو. هایدیگەر لە وتارێکیدا بەناونیشانی ''سەردەمی جیهانبینی''(Die Zeit des Weltbildes)، لەمەڕ بە سوبێکتبوونی ئادەمیزاد دوواوە و هەر ئەمەش دنەی فۆکۆی دا، لە چێوەی توێژینەوەکانی خۆیدا و لە کایەی کۆمەڵگە و کولتووری مۆدێرندا، ئەم پرۆسێسە بە هێند وەربگرێت. لە بەشی نۆهەمی پەرتووکی (وشەکان و شتەکان)دا، بە ڕوون و ڕەوانی ناوی هایدیگەر هێنراوە و چەمکگەلی چون ''گەڕانەوەی زمان''، ''شیکاریی سنووردارێتیی''، ''ڕووبەری ئەندێشەکراو و ئەندێشەنەکراو'' و ''گەڕانەوەی چاوگەکان''، گشتیان لە ئایدیاکانی هایدیگەرەوە تێراو بوون.

لە پێشەکیی بەشی دووەهەمی (مێژووی سێکسواڵیتە)دا، لەمەڕ ''جێنالۆژیای سوبێکت'' یانژی خودیی­بوون و بابەتیی­بوونی حەقیقەت، باسوخواس کراوە، کە ئەم دووەش، دیسان لە کانیاوی ئەندێشەکانی هایدیگەرەوە تێراو دەبن. فۆکۆ بە پێڕۆییکردن لە هایدیگەر، ''جێنالۆژیای سوبێکت''ی بۆ نەفییکردنی ئایدیاکانی هیگڵ لەمەڕ سوبێکتیڤیتە، دەکاربردووە. هایدیگەر و فۆکۆ، هەرتک لە چێوەی ''فەلسەفەی سنووردارێتی''دا، باسی سوبێکتیان کردووە، ئەمە لەکاتێکدا هیگڵ ملی بە ڕێگای ''فەلسەفەی ڕەها''وە ناوە. هیگڵ دەبێژێت، مرۆ لە میانی بەسوبێکتبوونەوە، لەسەر ڕێگای پلەبەپلەی حەقیقەت و زانینی ڕەها خۆی دەبینێتەوە. مرۆ لە ڕۆژگاری دیکارتدا، بۆ زێد و لانەی خۆی گەڕایەوە و شەقاوی هاویشتە ناو کەوشەنی حەقیقەتی ڕەهاوە، لەم سۆنگەیەوە فەلسەفە بۆ ''وتارێک لەبارەی میتۆد''ەوە گۆڕا. ئا ئەم پرۆسێسە لە فیکری هیگڵدا و بەتایبەت لە (لۆژیک)ی ویدا، بە دوندی خۆی گەیشت. لە ڕوانگەی هایدیگەردا، باسەکە جۆرێکی ترە، ئەوی دەم مرۆ بۆ سوبێکت گۆڕا، ڕاستییەکەی ئەوەیە، دەستەویەخەی چارەنووسێکی تازە بووەوە و ئەم چارەنووسەش، مرۆڤی لە (بوون_Existence) دوور خستەوە. مرۆ لە میانی بەسوبێکتبوونەوە، کەوتە نێو گۆڵمەزی (هەبوون_Existing)ەوە. هایدیگەر پێی وایە، دەبێت بۆ دۆزینەوەی ڕیشەی ئەم ڕەوشە، هزری یۆنانییەکان بپشکنین. ئەم ڕەوشە، لە فەلسەفەی دیکارت و لایب­نیتیس­دا بە لووتکەی خۆی گەیشت و لە چاخی نوێشدا، لە چێوەی تەکنەلۆژیای مۆدێرندا نوێنراوەتەوە. هایدیگەر دەڵێت، ئەم ڕەوشە، یانژی ئەم پرۆسێسە، قۆناغێلێکی بڕیوە کە بریتیین لە: پێناسەکردنی ئادەمیزاد بە گیانداری بیرکەرەوە(گیانداری ئاخێوەر)، لێکدانەوەی کریستیانی_ڕۆمایی بۆ چەمکی ''ئاشکرابوون''(aletheia)ی یۆنانی و دانانی بە ''حەقیقەت و ڕاستگۆیی''(veritas) و ''دڵنیایی''(certitudo). فۆکۆش بە شوێنپێ هەڵگرتنی هایدیگەر، پێی وایە بەسوبێکتبوونی مرۆ بەرئەنجامی ڕستێک گەڵاڵە و پلانی ئاڵۆز و تێکچڕژاوە، کە هەمووی بە ئاڕاستەی کۆت­وبەندکردنی ئادەمیزاد داڕێژراون. ئەم کۆت­وبەندانە شێوە و بیچمی جۆراوجۆریان بەخۆوە دیتوە و لە چێوەی دەزگەی جیاجیا و لە قاڵبی چاوشارکێی نێوان حەقیقەت و دەسەڵاتدا، خەمڵیون. ئەوی هایدیگەر بە زمانی فەلسەفیی گوتی، فۆکۆ بە شێوەی بابەتیانە و بەرەهەست لە قاڵبی دەزگە جۆراوجۆرەکانی چون زیندان و نەخۆشخانەی دەروونی و قوتابخانە و کارگە، پیشانی داین. ڕەنگە هەر لەبەر ئەم هۆیە بێت، فۆکۆ لەمەڕ هایدیگەر دێژێت: ''ئەو، بەدیدی من بیرمەندێکی گرنگ بووە''. هایدیگەر گشت دۆزەکانی پەیوەست بە (هەبوون)ی بەرەو نێو کەوشەنی (بوون) پەلکێش کرد و گوتی، بەسوبێکتبوونی مرۆ، ڕەهەندێکە لە مێژووی (بوون)، کە دەبێت چییەتییەکەی بە چاکی بێتە ناساندن. فۆکۆ لەبارەی مێژووی (بوون)، شتێکی وەهای نەگوتووە، وەلێ ''شیکاریی سنووردارێتی''ی لێوە هەڵگۆزا و لە کایەی فیکردا بەرباسی دا. ڕاستییەکەی، فۆکۆ ''دۆزسازیی فەلسەفی''ی هایدیگەری لە کایەکانی وەکوو پزیشکی، دەروون­پزیشکی، ماف، ئەدەبیات و بەگشتیی زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا وەگەڕخست و ئەنجامگەلی سەنجڕاکیش و بێ پێشینەی بەدەست هانی.(١١)

فۆکۆش چون هایدیگەر، خۆی لە هەر چەشنە حەقیقەتێکی هەڵگۆزراو لە میتافیزیک لادەدا و پێی وایە، حەقیقەت شتێکی هێندە سەیروسەمەر نییە، هەر باوەڕەکان و ئاخاوتەکان و ڕەوتارەکان و ڕێبازەکانە و تەنێ ئەوەیە، ماهییەتێکی ئەبستراکتی وەرگرتووە و مۆمیایی بووە. جان ڕاچمەن(Jan Rachman) پێی وایە، فۆکۆ مەزنترین گومانگەرای سەردەمەکەیە، ئاخر گشت باوەڕە مشتومڕهەڵنەگرە باڵادەستەکانی نێو فیکری سەردەمەکەی وەبەر ڕێژنەی پرسیار داوە. فەلسەفەی فۆکۆ، سنووردارێتیی ژیان بە شتێکی چاک لێکدەداتەوە و ڕێگای ئازادی و ئازادبوونمان پێ پیشان دەدا. فەلسەفەی وی، ''فەلسەفەی ئازادی''یە.(١٢)

هەرچەند هزرە فەلسەفییەکانی فۆکۆ ڕەنگ و بۆنی سیاسییان هەیە، وەلێ سەروەختێک لەمەڕ دەسەڵات و کارکردی دەسەڵات داخێوێ، نابێت ئایدیاکانی بە پاشکۆی گوتاری باوی زانستە سیاسییەکان دابنرێت. جان ڕاچمەن، فۆکۆ بە بیرمەندێکی پۆست سیاسیی(post political) و پۆست شۆڕش(post revolutionary) دەزانێ، ئاخر فۆکۆ تیۆرە باوەکانی چەپ بە هەڵوەشاوە ئەژمار دەکات و دەڵێت، ئەو چەپانەی پێیان وایە لە میانی گرتنەدەستی دەسەڵاتی دەوڵەتەوە، گشت ئارێشەکانی کۆمەڵگە چارەسەر دەبن، هەرگیز بە هەواری ئەم خەونە خۆشەیان ناگەن و کۆمەڵگە نموونەییەکەشیان بە تەنێ لە قەڵەمڕۆی خەیاڵدا شیاوی بەدیهاتنە. دەبێت فۆکۆ لە ڕوویەکی تریشەوە بە بیرمەندێکی پۆست سیاسیی دابنرێ، ئاخر وی سیاسەت بەو مانایەی کە لە سەردەمی ڕۆشنگەرییەوە برەوی سەند، ڕەت دەکاتەوە. ئامانجی سیاسەت، بەمانا ڕۆشنگەرییەکەی، بریتییە لە ڕەخساندنی زەمینەیەک بۆ ڕەوایەتیدان بە دەسەڵاتی دەوڵەت و، ئەم زەمینەیەش دەشێت لە سای ڕەزامەندیی و بەختەوەریی هاووڵاتیان فەراهەم بکرێت. تیۆری سیاسیی باو، بەو پێشمەرجە پشتئەستوورە، گوایە دەسەڵات لە چێوەی فەرمانڕەوایەتیی دەوڵەتدا دەنوێنرێتەوە. فۆکۆ ڕەخنە لەم پێشمەرجە دەگرێت و دەڵێت: ''دەبێت سەری پادشا بپەڕێنرێت، بەتایبەت لە کایەی زانستە سیاسییەکاندا دەبێت ئەم هەنگاوە بنرێت''.(١٣)مەبەستی وی ئەوە بوو، دەبێت پرسی دەسەڵات لە تەوەری فەرمانڕەوایەتی و دەوڵەت بهێنرێتە دەرەوە.

فۆکۆ لەم بوارەدا، هەم دژی تیۆری لیبراڵیزم و هەم دژی ڕێبازی مارکسیزم بوو، ئاخر هەردوو ئەوانە دەوڵەت بە نوێنەری خەڵکی دەزانن و لافی ئەوە لێ دەدەن، گوایە خەڵکی دەسەڵاتی خۆیان ڕادەستی دەوڵەت دەکەن و، بەگشتیی فەرمانڕەوایەتی لە ئیرادەی خەڵکەوە سەرچاوە دەگرێت. لەم سۆنگەیەوە، کاتێک دەوڵەت لە بنەما و ڕێسا ددانپێدانراوەکان لادەدا، خەڵکی دەتوانن دەوڵەت لەکار بخەن و بە گۆڕینی دەوڵەت، ڕەوشی کۆمەڵگە باش بکەن. فۆکۆ لەمەڕ ئەم گەڕەلاوژەیە دەڵێت: ''نابێت بە تەنێ لە کەوشەنی فەرمانڕەوایەتیی دەوڵەتدا، سۆراخی دەسەڵات بکەین، دەسەڵات لە گشت ئاستەکانی کۆمەڵگەدا پەرشوبڵاوە و، بەپێچەوانەی لیبراڵەکان و مارکسیستەکان، نابێت وای دابنێین دەسەڵات لەنێو دەزگەی دەوڵەتدا چڕ بووەتەوە.''

ئەوە بۆیە وی لەباسوخواس لەمەڕ گچکەترین دەزگەی کۆمەڵایەتی_سیاسیی، باسی مایکرۆفیزیکی دەسەڵات دێنێتە ناوەوە و، هەروەتر لەبارەی ڕێوشوێنی سنوردار، ناوچەیی و ناچیزیشەوە داخێوێ و هەرگیز بابەتی دەسەڵات لە قەڵەمڕۆ مەزنەکەیدا بەرباس نادات و پێی وایە، دەبێت لە ڕووبەرە سنووردارە لۆکاڵێکانەوە دەست بە چاکسازی بکرێت.

فۆکۆ، نە لافی تێگەییشتن لە ''حەقیقەت'' بەمانا گشتیی و باڵاکەی لێ دەدا، نە شۆڕشیش بە ڕێچاری ئارێشە و پەشێوییەکانی کۆمەڵگە دەزانێت. لەم سۆنگەیەوە، خۆ لە پێشنیارکردنی تیۆرەیەکی گشتگیر بۆ دەسەڵات، لادەدات. لێکدانەوەی فۆکۆ بۆ دەسەڵات، هەرگیز لێکدانەوەیەکی هەمەکیی و سەروومێژوویی و ڕەها نییە، بەڵکوو لە گشت بیچەمەکانیدا، سۆراخی دەسەڵات دەکات و پێی وایە دەسەڵات لە کایە هەمەڕەنگ و جۆراوجۆرەکاندا، شیاوی توێژێنەوەیە. وی، لە چێوەی کۆڵینەوەکانی لەمەڕ دەسەڵات، هەردەم فاکتەری کات و شوێن بە بنەمایەکی سەلمێنراو و بێخەوش ئەژمار دەکات. ئەوە بۆیە، خۆی لە پێشنیارکردنی میتۆدێکی هەمەکیی و گشتیی لادەدات و، تەنانەت پەرتووکی (میتۆدۆلۆژی)یەکەشی، واتا (ئارکۆلۆژیای زانین)، بەهیچ کلۆجێک هێما بۆ میتۆدێکی یەکانگیر و هەمەکیی بۆ لێکدانەوەی پرسەکانی کۆمەڵگە و کولتوور ناکات و تەنها چەند چەمکێکی وەکوو (ئارکۆلۆژی) و (جێنالۆژی)ی بۆ خوێندنەوەی مێژوو دەکاردەبات. فۆکۆ لەبری خستنەڕووی تیۆرە یانژی میتۆدێک، چەشنی دۆلۆز لە بارەی ''سندوقی ئامرازی ستراتیژی''(Strategic toolbox)ەوە دەپەیڤێ. وی، جێنالۆژیا وەکوو ئامرازی کارڕاپەڕاندن دەکاردەبات.(١٤)بەو ئامرازانەی وا فۆکۆ بۆی دەستەبەر کردووین، دەشێت سەرلەنوێ ئەم پرسانەی خوارەوە هەڵبسەنگێنەوە:

١. خوێندنەوەی مێژوو لە کایە و قەڵەمڕۆ و پانتاییە زانستییەکاندا. ئەمە کارێکە، فۆکۆ لە سای ئامرازە پێشنیارکراوەکانی خۆیدا، دەستی دایە. وی، بە تەنێ سەرنجی پانتایییەکی دیاریکراو یانژی سیستەمێکی تایبەتی نەدا، بەڵکوو بە شێوەیەکی گشتی پێشێنەی دێرینیانی کێوماڵ کرد. بە دەربڕینێکی تر، مەبەستی وی، ناسینەوەی توێژە جۆراوجۆرە لەسەریەک نیشتووە فیکری و مەعریفییەکانی کایەیەک یانژی سیستەمێک بوو. لەم سۆنگەیەوە، پەرتووکی (مێژووی شێتیی لە چاخی کلاسیک)ی بۆ ڕوونکردنەوەی ''پێش­زەمینەی مێژووییی دەروونپزیشکی''ی نووسی. پەرتووکی (وشەکان و شتەکان)ی وەک پرۆژەیەک بۆ ناسینی پێش­زەمینەی زانستە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکان نووسی. بە تەنێ پەرتووکی (لەدایکبوونی نۆڕینگە)یە، کە وەکوو مێژووی پوختی کایەیەکی دیاریکراو دێتە ئەژماردن. لەم بەرهەمانەدا، فۆکۆ دەخوازێت ئەوە بۆ خوێنەر بخاتە ڕوو، کە دانایی و زانین، پرسێکی مێژوویین و، چەکەرەکردن و گوورانی کایە جیاجیاکانی زانین لە قۆناغە جیاوازەکاندا، مەبەست و ئامانجی تایبەت و دیاریکراویان لەپشتەوە بووە و ناتوانرێت بگشتێنرێن. هەروەتر، بابەتی بەرباسی هەر زانستێک، لە هەناوی هەمان زانستەوە گووراوە و پەرەی سەندووە. لەم باسەدا، کەسانی چون تۆماس کۆهەن(Thomas Kuhn) و پاوڵ فایرابەند(Paul Feyerabend)، لەگەڵ فۆکۆ هاوڕان. سەربار، ئارکۆلۆژیای فۆکۆ، پرسێک لەخۆ دەگرێت، ئەویش ئەوەیە هەر کایە و بوارێک، زمان و سنووربەندیی تایبەت بە خۆی هەیە، کە بەزاندنیان، بە لادان لە ڕێسا و پێودانگەکانی ئەو کایە و بوارە دادەنرێت. پێناسەکردنی بوار (ڕشتە_field) یانژی قەڵەمڕۆی توێژینەوەیش، کۆمەکمان دەکات پۆلێنبەندییەکانی زانست، بەباشیی بناسینەوە. کۆڵینەوەکانی فۆکۆ، گرنگیی جیاکردنەوەی بوارە زانستییەکانمان بۆ ڕوون دەکەنەوە.

٢. سەرلەنوێ هەڵسەنگاندنەوەی پانتاییی ڕەوانبێژی و تیۆری گوفتار. لەسەردەمی ئەفلاتوون بەدوا، ڕەوانبێژی و وتاربێژی بە بەراورد بە لۆژیک، بەردەوام دووچاری پشتگوێخستن هاتوون. پۆست ستراکچەریستەکان(Poststructuralists)ی چون ژاک دێریدا و ستانلی فیش(Stanley Fish) پێیان وایە بەرزنرخاندنی لۆژیک، لەسەر بنەمای جۆرە میتافیزیکێک بووە، کە ئەمڕۆکە فشەڵیی ئەو میتافیزیکە سەلمێنراوە. بەدیدی پۆست ستراکچەریستەکان دەبێت بیروباوەڕ و سیستەمەکانی زانین، ئەوی وا لە سای گرێبەستەکانی تیۆری گوفتار ڕسکاون، بەباشیی بێنە ناساندن. ئارکۆلۆژیای فۆکۆ ڕەهەندێکی نوێی بەم ڕێبازە بەخشیوە. لەکاتێکدا تیۆریسیۆنەکانی چون ژاک دێریدا و پاوڵ دێمان(Paul Deman) وتاربێژی و ڕەوانبێژیی بە ڕستێک میتافۆر و هێما دادەنێن، فۆکۆ بە مانای جارانی خۆیان، واتا جۆرێک لە هونەری قایلکردن(Persuasion) و شێوازێک لە دەسەڵات، دەکاریان دەبات. لە پەرتووکی (ئارکۆلۆژیای زانین)دا، بەگشتیی زانین بە قەڵەمڕۆیەکی نێو پانتاییی گوتار هاتووەتە ئەژماردن، بەو مانایەی فۆکۆ پانتاییی لۆژیک بۆ زانین و زانست ناپشکنێت، بەڵکوو دەڵێت، لەبری ئەوەی لەمەڕ ماهییەتی لۆژیکی و هارمۆنیای زانست و زانین پرسیار بکەین، دەبێت بپرسین بۆچی زانینێک جێی بڕوا و متمانەیە؟ یانژی بۆچی کایەیەک ماهییەت و خەسڵەتێکی ناچیزی هەیە و کایەیەکی تریش لەچاو کایەکانی تردا بەرز و گەردنکەشە؟

٣. سەرلەنوێ خوێندنەوەی سیاسەتی هاوچەرخ بە پشتبەستن بە ڕێبازی فۆکۆ. وەک پێشتریش گوترا، فۆکۆ هەرگیز میتۆد و ڕێبازێکی دیارییکراوی لەمەڕ سیاسەت پێشنیارنەکردووە. وی، جیاوازیی سەرەکیی نێوان سۆشیالیزم و دێمۆکراسی ناسەلمێنێت و بە هەڵۆڵ و بێهوودەی دەزانێت. فۆکۆ بەردەوام گاڵتەی بە لیبراڵەکان دەکرد و تانەی لێ دەدان و دەیگوت، لەنێوان تەکنیکە سیاسییەکانی خۆرئاوا و تەکنیکە زبرەکانی ستالین لە گولاگدا، چ جیاوازییەک نییە. هەرتک دوو ڕووی جیای پیادەکردنی دەسەڵاتی سیاسیین. بە دیدی وی، بەهیچ کلۆجێک ستالینیزم لادان نییە لە مارکسیزم، بەڵکوو دەرهاویشتەی ڕاستەوخۆی تیۆری مارکسیزمە.(١٥)بە باوەڕی وی، دەسەڵات لە وڵاتە سۆشیالیستی و ناسۆشیالیستییەکاندا، لەوەش زیاتر وا ئێمە بیری لێ دەکەینەوە، کارکردی هاوشێوەیان هەیە. فۆکۆ دەڵێت: ''سیاسەتی سۆشیالیزم و دێمۆکراسیی خۆرئاوایی، هەرتک لە یەک ئاخوڕ، واتا سیستەمی داناییی مۆدێڕن، ئاودەخۆنەوە.'' لەگەڵ ئەوەشدا، فۆکۆ شرۆڤەیەکی وردی بۆ ئەم لێکچوونە نەخستووەتە ڕوو. بە دیدی وی، دەسەڵات لە مێژووی هاوچەرخدا، سەرومڕ لە هەناوی فەرمانڕەوایەتییدا چڕ نەبووەتەوە، بەڵکوو لە شوێنگەلێکدا چڕ بووەتەوە، کە ئێمە لێیان بێئاگاین. بە باوەڕی وی، لە هەرکوێیەک دووکەس کۆببنەوە، تەڵەکەبازیی و تەکنیکەکانی دەسەڵات، لەنێوانیاندا ڕایەڵ دەبێت.

٤. گومانگەراییی فۆکۆ. زۆربەی خوازیارانی بەرهەمەکانی فۆکۆ، بەهیچ کلۆجێک گومانگەراییی فەلسەفیی وی، یەکڕاست ناسەلمێنن. بگرە هێشتا ئەو پرسە سیاسی و فەلسەفییانەیان لا پەسەندە، کە فۆکۆ بە درێژاییی ژیانی فەلسەفیی خۆی بە چاوی گومانەوە لێی دەڕوانین. هەرچۆنێک بێت، هەرکەسە و بەشێک لە لێکدانەوە و ستراتیژییەکانی ئەوی هەڵگرتۆتەوە و لە بوارە دڵخوازەکەی خۆیدا دەکاری دەبات. بۆ نموونە، مارک پۆستەر(Mark Poster) لە پەرتووکی (فۆکۆ، مارکسیزم و مێژوو)، دەبێژێت، فۆکۆ یەکێک لە پێشکەوتووترین هەڵوەستە فەلسەفییەکانی بۆ دووبارە ئاواکردنەوەی تیۆری ڕەخنەیی و تیۆری مێژوو و پێداچوونەوەیان، خستەڕوو. مارک پۆستەر، بە پشتبەستن بە دیدگاکانی فۆکۆ لەمەڕ ''شێوازەکانی زانیاری''، لێکدانەوەی بۆ ''شێوازی بەرهەمهێنان'' لەکن مارکس کردووە و دێژێت، لە سەردەمی ئێستادا، چیتر پەیڤین لەبارەی شێوازەکانی بەرهەمهێنان کێشەی ئێمە چارە ناکات، بەڵکوو دەبێت لەبارەی ''شێوازی گەیاندنی زانیاری'' باسوخواس بکرێت. لەگەڵ ئەمەشدا، مارک پۆستەر هەرگیز دەستبەرداری دروشمە شۆڕشگێڕییەکانی خۆی نابێت و بۆچوونی فۆکۆ لەمەڕ ئەوەی گوایە شۆڕش ئامانجێکی وەهمی و تیۆریی زیاتر نییە، پەسەند ناکات. لەلایەکی ترەوە، پۆستەر دەڵێت: ''ناتوانرێت "شیکاریی گوتار"ی فۆکۆ بکرێت بە جێگرەوەی "شیکاریی چینایەتی"ی مارکس.''(١٦)ئاخر فۆکۆ سیستەمێ یان میتۆدێکی دیاریکراوی نەخستووەتە ڕوو. وەلێ لەگەڵ ئەمەشدا، بەرهەمەکانی وی، ڕێ بۆ ڕیفۆرمی تەکنیک و کارکردی ڕووناکبیریی خۆش دەکات.

٥. بەرهەڵستکاری لەبەرانبەر وردەدەسەڵات(Microphysics of power)دا. شیکاریی فۆکۆ بۆ مایکرۆدەسەڵات، کتومت چون ڕێنوێن و دەستنووسێکە، کە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دەزگە جۆراوجۆرەکان ساز و ئامادەمان دەکات. لێرەدا، بە تەنێ قسە لەسەر زیندانییەکان یانژی دەروونپەرێشانی نێو نەخۆشخانە دەروونییەکان نییە، بەڵکوو باس باسی گشت ئەو کەسانەیە وا بە جۆرێک لە جۆرەکان سەرورکاریان لەگەڵ دەزگەگەلی وەکوو قوتابخانە و نەخۆشخانە و نۆڕینگە و ڕێکخراو و یانە و کۆمپانیا و شتی هاوشێوەدا هەیە. ڕاستییەکەی، ئەوی دەم پزیشک، پارێزەر، ئەندازیار یانژی مامۆستایەک دەگەڵ ئێمەدا دەپەیڤێ، چونکە وی خودانی پسپۆڕی و زانست و ئەزموونە، لە ئاستیدا گوێ لەمست دەبین و تەنانەت ڕاوێژ و ڕاسپاردەکانیشی بە دڵ و گیان دەژنەفین و جەنابیان بە بابایەکی تژی لە حەقیقەت ئەژمار دەکەین. وەلێ ئەوە لەبیر دەکەین، ئەوی وامان لێ دەکات گوێڕایەڵ و چاو لەفرمان بین، پرسی حەقیقەت نییە، بەڵکوو پرسەکە دەسەڵاتە. میشێل فۆکۆ فێرمان دەکات، دەشێت جۆرێکی تری ڕووبەڕووبوونەوە دەگەڵ پێشهاتەکان ئەزموون بکرێت و خۆ لە بەرخوردی تاکڕەهەندییانە دەگەڵ دیاردەکان لابدرێت. مەبەستی فۆکۆ لە بەرەنگاربوونەوەی سیستەمی باڵادەست، ئەوەیە، بە تەنێ لە گۆشەیەکەوە بۆ دیاردەکان نەڕوانین و وشەکان بە تاقانە واتایەک لێکنەدەینەوە. فۆکۆ فێرمان دەکات لە چێوەی باسوخواس لەمەڕ حەقیقەت و دەسەڵات، دژبەرییەکان و چەمکە لێکدژەکانی پرسەکە لەبیر نەکەین.

دەبێت بگوترێت فیکر و میتۆدی فۆکۆ، بەردەوام ئادەمیزاد بەرەو ئاڵنگاری و دژبەریی هەمەچەشن بانگهێشت دەکەن و لە خەوی دۆگمائەندێشیی بەئاگادێننەوە. ڕاستییەکەی، فۆکۆ هەڵوەدای ئەوەیە پرسە لاوەکییەکان و چوارچێوە پێوارەکانی کولتوور، زانست، دەسەڵات و حەقیقەت، ئەوی وا نەگوتراو و ئەندیشەنەکراون، بخاتەڕوو و شیکارییان بکات. وی فێرمان دەکات خۆ لە شوێنکەوتنی کوێرانە و داماڵدراو لە هزر، بپارێزین، و بەردەوام بابەتگەلی لەبیرکراو یان پشتگوێخراو بپشکنینەوە و لەنێو خۆڵەمیشدا، بۆ زێڕ بگەڕێین.  

 

 

 

 

 

 

پەراوێزەکان:

1. Gilles Deleuze. Foucault. Paris: Minut, 1986.

2. Mark Poster. Foucault, Marxism and History: Mode of production versus Mode of Information. Cambridge: Polity Press, 1984.

3. Arnold Davidson (ed). Foucault and his Interloators ators. Chicago: University of Chicago Press, 1997.

4. Ian Hacking. ''Self Improvement'' in University Publishing. 1984. No 13 P. 4, 6.

5. Michel Foucault. Power, Knowledge: Selected. Interviews and other Writings. New York: Pantheon Books, 1980. P. 115.

6. Hubert Dreyfus and Paul Rabinow. Michel Foucault: beyond Structuralism and Hermeneutics. P. 240.

7. Ibid 249.

8. Ibid 241.

9. Ibid 242.

10. Ies Nouvelles, 28. 6_5. 7, 1984, pp. 37_41.

11. S, Isseling. ''Foucault with Heidegger'' in Man and World Iq: 1986. Pp. 48_424.

12. John Rajchman. Freedom of Philosophy, p. 2.

13. Foucault. Power and Knowledge. Edited by Colin Gordon. New York: Pantheon, 1985. P. 121.

14. Michel Foucault. Language, Counter Memory, Practice. Ithaca: Cornell University Pariss, 1977. P. 208.

15. Ibid. 135.

16. Mark poster. Foucault, Marxism and History. Cambridge: Polity Press, 1984. P. 90.