A+    A-
(1,122) جار خوێندراوەتەوە

                     کتێب: سێ گۆشە و دیمەنێک

 

 

 

وەلیدعومەر

 

 

 

 

دیمەنێکمان هەیە, کتێبە. سێ گۆشەش بۆ دیتنى ئەم دیمەنە. ئەم سێ گۆشەیە دەیسەلمێنن کە دیمەنەکە هێشتا لێڵە, ماتە و بەر ڕۆشنبوونەوەى کۆمەڵایەتى و مێژوویی نەکەوتووە. سێ گۆشەکە بریتیین لە کتێب لە ئاگایی ئێمەدا, کتێب و بازاڕ, کتێب و خۆلادان لێى. سێ گۆشە کە سێ پەنجەرەى دابڕاو نین, بەڵکو سەرەنجام دەبنەوە بە خانەیەکى شوشەبەند و یەکپەنجەرەیی و تێکەڵ بە کۆى دیمەنەکە دەبن و پەنجەرەکانیش دەبنە یەکێک: یەک حەقیقەت.

بەر لەمە حەقیقەتى تر هەن, وەک کێشەى مرۆڤ و نەبوونى هیومانیزم و مافى ئینسان و هتد, بەڵام ژیان بە خۆى و بەشەکانیەوە ناوەستێت تا کێشەکان بە ڕیزبەندییەکى سرووشتى و تەندرووست چارەببن. بۆیە دەشێت دەست لە حەقیقەتێکى تر لە کونجێکى ترەوە وەردەیت. حەقیقەتێک کە دابڕاو نیە لەم کێشانەى تر. بۆیە کێشەى کتێب خۆیشى وەک بەشێک لە کێشەى مرۆڤ قوتدەکاتەوە و دوو کێشەى دوورگر و بێ‌ڕەپت نین.

جا بەر لە هەرشت خاڵیکى تیۆرى هەیە لەمەڕ "گۆشە و گۆشەنیگا", گەرەکە ڕوونیکەینەوە. گۆشە ماناى ئەوە نیە پەنجەرەیەکى وەستاو هەیە و بینەرێکى میکانیکى سەیرى دیمەنێکى لێوە دەکات. ڕەنگە بۆ عەقڵى باو وابێت, بەڵام فیکر فریوى ژێر گۆشەکان و نزیکایەتییە هەستپێنەکراوەکان و مەوداکەشیان بە دیمەنەکەوە دەپشکنێت. بینەرى دیمەنەکان, بێگوناهن, چونکە ئاگاییان دەرهەق بە گۆشەى ڕوانینەکەیان نیە, ئەو گۆشەیەى کە بە بچوکترین پێوانەى هزرى تێیدا دەبزوێن و ئەوان دەگۆڕێت بۆ بەرپرسیار و تەنانەت گوناهباریش(هەر بینەرێک عادەتەن لەناو وێنەیەکى گەورەتردا گوناهى خۆى دەپێوێت). بۆنمونە, کەسێک دەڵێت مەبەستم ئەوە نەبووە بەو جۆرە لە شتەکە بڕوانم, بەڵام گۆشەکان لەسەروو مەبەستەوەن, مەبەست دۆخێک نیە گۆڕانى بەسەردا نەیەت. سوبێکت هەمیشە لە مەبەستەکەى خۆى سەردەکات یان کورتدێنێت, چەشنى ئەو یارییە ڤیدیۆییەى کە بچوکترین جووڵە لە دووربینى تەقەکردنەکەدا گۆڕان بەسەر دیمەنەکەشیدا دێنێت و نیشانێکى تر دەپێکێت. کۆمەڵگاش تۆڕێک لە گۆشەیە, هەتا گەر ئەو کۆمەڵگایە کۆمەڵگایەکى کەم‌جووڵەى وەک کوردییش بێت. بینەرى گۆشە ڕیشەى لە دیمەندا هەیە و دیمەنیش ڕەگى لە شیرازەى بینەرەکەدا هەیە. لە کۆمەڵگادا ڕۆژانە ئەمە ڕوودەدات: کەسێک لەبەر کارێک تەریقدەبێتەوە, وەک دیمەنێکى کەلتورى ئێمەش تەریقدەبینەوە, چونکە ئەو یاسایانەى ئەوى تیا لەقیوە یاساى ئێمە و ژێرپێى ئێمەشن- بۆیەکا زۆرجار لەبرى کەسێکى تر هەست بە شەرمەزارییش دەکەین: ئێمە دەمانەوێت بارى دیمەنەکە لەئەستۆ بگرین, تووشى هاوشوناسى بین لەگەڵ دیمەنەکەدا. لەلایەکى ترەوە, دەکرێت دوو گۆشە بەتەنیشت یەکەوە بن, بەڵام دیمەنەکە وابکات تەواو لێکدوور بن. مەوداى نێوان گۆشەکان, شتێک نیە بە یەک عەیارەى نەگۆڕەوە جێگیرکرابن. بۆنمونە, دیندارێک  بە فۆرمێکى بایۆلۆژى ڕووەو بێ‌دینێک دەڵێت: «گەر سەعاتێک خۆت خاڵینەکەیتەوە, دەتەقیت. بەس نیە خودا ئەو توانایەى پێ‌بەخشیویت: تواناى خۆخاڵیکردنەوە». لە گۆشەنیگاى ئەم دیندارەوە, خۆخاڵیکردنەوەى پاشەڕۆش لوتفى ئیلاهییە. بەڵام گەر گۆشە یەک تۆز بجووڵێنین, ئەوا کۆى دیمەنەکە وەردەگەڕێت بۆ دیمەنێکى تەواو نادینى و دونیایی: بەڵێ, مرۆڤ بوونەوەرێکە ڕووى بایۆلۆژیى هەیە و پێویستدەکات ڕۆژانە خۆى خاڵى بکاتەوە گەرنا دەتەقێت. لە گۆشەنیگاى یەکەمدا, تەنیا وشەى خوا بەسە دیمەنەکە بگۆڕێت و ئەو کردارە بایۆلۆژییە ڕوویەکى تیۆلۆژى وەرگرێت. بەڵام بە تێستێکى زەینى و بەهۆى لادانى ئەو ڕەهەندە ئیلاهییەوە, سەیردەکەین خۆخاڵیکردنەوەى پاشەڕۆ کردەیەکى میکانیکى و ساکارە و پێویستى بە دەستێوەردانى خودا نیە(گەر لە ڕەهەندە ئاڵۆزەکانى پاشەڕۆ گەڕێین لە ئاستى تردا). واتە کردەیەکى ئاواهى مرۆیی, دەتوانێت دوو گۆشەى چەشنى ئاسمان و ڕێسمان بەتەنیشت یەکترەوە دانێت. کردەکە کردەیەکى ڕۆژانەیی و بەئیمتیاز مادییە, بەڵام کاتێک خواوەند بۆ سەر گۆشەى بینینى دیمەنەکە ئیزافەدەکرێت ئیدى وجودى سوبێکت لەو کردەیەدا چڕدەبێتەوە و گەر مۆرى خواى لەسەر نەبێت دەتەقێت.

 لێرەوە دەچینە سەر سێ گۆشەنیگا بۆ بینینى دیمەنى کتێب لاى خۆمان:  

  

گۆشەى یەکەم: کتێب بۆ ئێمە بریتییە لەو یەک(the one)ـە. یەک لێرەدا چەمکێکە بۆ شتێک لەوێدا, شتێک کە نەناسراوە, هەیە بەڵام سەنگى هەبوونەکەى ئەوەیە "با هەبێت و بەس". بە ژمارە چەندیش بێت لە ئاستى چەمکایەتییدا هەر "یەک"ـە, "یەک"ێکە لەویا, لە دوور ڕا. زۆر شتى ترى ناو ژیان ئەم ڕۆڵەیان هەیە, لەوێدا دادەنرێن, زۆر نایەنە ناوەوە, ڕۆڵەکەیان دەرناخرێت, نابنە بەشێک لە شەفافیەتى ئاگایی بۆمان کەچى لێڵییەکەشیان ڕۆڵى خۆى هەیە: ئەوان هەن و بەس, با هەبن. زۆرشت بەدەورى هەبوونە ڕووتەکەیاندا درووستدەبیت, لەسەر حسێبى ڕووبەڕوونەبوونەوەیان. هیگڵ له بەراییەکانى کتێبى "فینۆمینۆلۆژیاى ڕۆح"دا تێبینییەکى تایبەت تۆماردەکات, دەتوانین لەم باسەشى بئاڵێنین. هیگڵ باسى جۆرە چالاکییەک دەکات کە فەلسەفى نیە, بەڵام تووشى درۆى فەلسەفى بووە. بۆنمونە, لەجیاتیی ئەوەى دەرگیرى شتەکە بن, دەستى تێ وەردەن, فیکر و زیکریان مژۆڵى وى بکەن, کەچى ڕێک هەڵدەکوتن بۆ کۆتاییەکەى و ئەنجامەکەى. واتە پێشوەخت چاویان لە "ئاکام"ـە بۆیە "ناکام" دەبن و بەر شتەکە ناکەون. شتەکە کورتدەکەنەوە بۆ ئەو "یەک"ـەى وا دەرگیرى خۆى نابین, خۆى با هەبێت و بەس, بۆیە پێشوەخت دەکەوینە ئەودیویەوە و خۆى بە هەند وەرناگرین و ناشزانین خۆى چیە. لە چالاکییەکى وادا, ئێمە بە خۆمانەوە قاڵین تا ئەو "یەک"ـه. کتێب لە ئاگایی ئێمەشدا, بە هەموو ئاستەکانیەوە, جۆرێکە لەم چالاکییە و لەم "یەک"ـە. کتێب هەیە, ناڵێین نەماندیوە, بەڵام لەوێدایە, یەکێکە و بەس, هەیە و «با هەبێت». دەیکڕین, بەڵام کڕینەکە خۆى ئامانجە, با هەبێت بیکڕین. ناوەڕۆکەکەى دەرگیرى کارەکتەرى خۆمان و دۆخەکەى ناکەین. بەبێ هیچ کۆمیدیایەک نمونەکە مۆدێلى خۆى لە ڕۆژانى قوتابیبووندا دەدۆزێتەوە ئەو دەمەى وا مامۆستا لە پۆلدا قوتابییەکانى دەپشکنى بۆ ئەوەى بزانێت کێ کتێبى مەنهەجى هێناوە. دەبوو بەرگەکان ببینێت و بسەلمێت هێناوتە. چەندین جار قوتابى هەبوو بەرگى کتێبێکى بیرکاریی لە دەفتەرێکى سپى دەهاڵاند. لەوێدا دەفتەرەکە ڕۆڵى کتێبى دەگێڕا, دۆخەکەش تێدەپەڕى. لەوێ و لێرەش, کتێبەکە هەبوو و بەس, «با هێنرابێت و هەشبێت». دواسنورى ئەم حزوورە ڕووتەى کتێب, دانانى ڕەففەگەلى قشتى کتێبەکانن لەپشت سەرى قسەکەرەکانەوە لاى کورد. ئەمە عەیبەى تیا نیە, هێند نەبێت بە ژێستێکى کەمێک خنکاوەوە دەڵێین: با کتێب هەبێت, با ئەو "یەک"ـە هەبێت. چەشنى پاشا لاڵەکەى ناو مەملەکەتەکە کە تەنیا هەبوو و بەس.

گۆشەى دووەم: کتێب هەیە, لە بازاڕ و ماڵانیشدا هەیە, زۆریش چاپدەکرێت. لەم ڕووەوە خاڵى یەک لە ئاستى ئیمکاندا ڕوویداوە و ڕەخساوە. بەڵام چۆنچۆنى ئەم هەبوونە دەگوازینەوە بۆ ئاستى هەبوونێکى شەخسى, بۆ ئاستى دارایی و خاوەندارێتى. دیارە کتێبیش کاڵایە و چەشنى هەر کاڵایەکى ترى مۆدێرن بە نێوانگریی بازاڕ دەفرۆشرێت. کتێب لە ساتى کڕین و فرۆشتندا, چەندایەتییەکە وەک چەندایەتییەکانى ترى ناو بازاڕ. ئەوە دواترە وەردەگەڕێت بۆ چۆنایەتییەکى تایبەت, بۆ ناوەڕۆکێکى ترى جیا لە بازاڕ, واتە ئەو کاتەى کە خوێنەر دەیخوێنێتەوە و دەیکاتە ڕووداوێکى مەعریفیی ناو ژیانى خۆى. خاڵەکەمان لێرەدا ئەمە نیە, بەڵکو سرووتى کڕین و دەستخستنى کتێبە کە هێشتا ڕووە مۆدێرنەکەى خۆى وەرنەگرتووە. سەمپتۆمێکیش بۆ ئەمە, داواکردنى کتێبە بەناوى دیارى و پێدانەوە. ئەم داوایە, داوایەکى نامۆدێرنە و هێشتا لەناو سنورەکانى ئاکارى خێڵدا گیریخواردووە. چونکە: داواکردنەکە لەسەر بنەماى یەکترناسینە, یەکترناسینیش پێوەرێکى کۆمەڵایەتى و خێڵەکییە. واتە هەر لەبەر ئەوەى دەتناسم, دەتوانم ئەو داوایەت لێ بکەم. لە دونیاى مۆدێرندا, ئەم ناسینە لە زۆر شتدا پاشەکشەى پێ کراوە بۆ ڕاییکردنى شتەکان. لێرەدا ناسینەکە هەمیسان لەپێناوى کەسەکەدایە نەک کتێبەکە, واتە مادام فڵان دەناسیت دەبێت ئەم ناسینە بسەلمێت و حزوورى ئۆبێکتیڤانەى کتێبەکەى تیا بکرێتە قوربانى(واتە گرنگ نەبێت چى وتراوە و نوسراوە). کتێب لە زۆر ڕووەوە پێویستى بەوەیە لە دۆخى شەخسى و سوبێکتیڤەوە بگوازرێتەوە بۆ دۆخى بابەتى و ئۆبێکتیڤ و ناشەخسى. بەکاڵابوونى کتێب, کتێب لەو ئاکارە خێڵەکییە ڕزگاردەکات. چونکە کتێبیش دەبێتە پێداویستییەکى ناو ژیانى مۆدێرن بەتەنیشت پێداویستییەکانى ترەوە[1]. هاوشان بەمەش, لە ئاکارى خێڵەکیی ئێمەدا, کتێب ئەو "یەک"ـەیە هێشتا نەبووەتە پێویستى. لێرەدا تێستێکى زەینى تاقیدەکەینەوە: گەر دە هەزار بدەیت بە کەسێک, هەمیشە هەست بە چاکە و قەرزارى دەکات, بەڵام هەر شمەکێکى ترى غەیرى پارە ئەو هەستەى تیا درووستناکات. ئەمە وادەکات ناوەڕۆکى دیارى لە مەسەلەى کتێبدا بەتاڵببێتەوە, و تێبگەین بەخشینى کتێب پەیوەندیی بە دیارییەوە نیە و شتەکە زیادەبوونێتى. واتە کتێب ئەو زیادە ناپێویستەیە کە چەشنى پارەیەکى نەختینە و دیارییەکى دیاریکراویش ڕۆڵى نیە. تا ئەم وێنایە لەناو ئاگایی کۆمەڵایەتییدا حەلنەکرێت, ڕۆڵى ئەو "یەک"ـەش کە لە سووچێکى کۆمەڵگاوە دانراوە نابێتە ڕۆڵێکى چەقنشین و دەرگیرکراو و ئاگامەندانە. وەک دەزانین دیارى لە وەختى تردا, خۆى هەر زیادى و لێوڕێژییەکە, بەڵام ئەم زیادییەى ئێرە بۆ بەدیاریکردنى کتێب ڕاست دەرناچێت و کتێب لە ئاگایی کۆدا دۆخى پێش‌دیارى و پێش‌کاڵادا دەژى.

گۆشەى سێیەم: کتێب لە گۆشەیەکەوە "یەک"ێکە لەویادا و قەوارەیەکى تەماویی هەیە, لە گۆشەیەکى تریشەوە ئەم قەوارەیە دەکڕدرێت(یان وەردەگیرێت) و هەبوونەکە پۆزەتیڤدەکرێت و ئەکتى یەکەم دووجا و تۆخدەکەینەوە. گۆشەى کۆتایی و سێیەم, ئەو گۆشەنیگا جاروبارەیە وا بیرکردنەوەى«خۆڕسک(عەفەوى)» و غەریزى, بەسەر خوێندنەوەى کتێبى نوسراودا فەرزدەکات. ئەم گۆشەیە, هەم ڕیشەى لە زارەکیبوون و سرووشتیبوونى ئێمەدا هەیە و هەمیش بەرهەمهێنانەوەى کەشێکى شاعیرانەى دەرەکتێبە کە کتێب نەبووەتە خەسڵەتپیدەرى کەسایەتى و ئامادەیی وى لەناو جیهاندا. جار هەبووە کەسانێک بانگەشەى ئەمەیان کردووە کە خۆیان دەست لە کتێب وەردەدەن. ئەمە لەقووڵاییدا جۆرە پارادۆکسێکە کە خاڵى یەکەم و دووەم بەرهەمدێنێتەوە و ناتوانێت بەرگەى دیسپلینەکانى دونیاى کتێب بگرێت. چاو بنوقێنیت و بیرکەیتەوە, شتێکە پەیوەندییەکى ئەوتۆى بە کتێبەوە نیە و جۆرە ئۆرگازمێکى پێش‌چەمکایەتی(pre-conceptual)یە. کەشێکە دەکەوێتە پێش جەبر و عەقڵانیەتى وشەوە, و دووبارەکردنەوەشى لە ڕاستگۆییەکەى کەمدەکاتەوە و وەک میکانیزمێکى بەرگرى ئیشدەکات بۆ خۆلادان لە کتێب. بۆ کۆمەڵگایەک کە لەبونیاددا مەیلەکتێب نەبێت, ئەم قسانە دژەکتێب دەکەونەوە و دەستەواژەى وەک "قسەى ناو کتێب" دێنێتەگۆڕێ. بەڵام ئاشکرایە دەرەوەى کتێب و ناوەوەى کتێب کاتێک بەشێوەیەکى تەندرووست درووستدەبێت کە کتێب وەک چالاکییەکى خۆنشین کەوتبێتەگەڕ. واتە دەرەوەى کتێب و قسەى غەریزى و شاعیرانە, ئەوکات سەنگى ڕووندەبێتەوە کە "ناوەوەى کتێب" و ناوەوەى تێکست لە مێژووەکەدا کردەکى و کارابووبنەوە. بەم پێیە, لە گۆشەى سێیەمدا دەچینەوە بۆ بەر لە گۆشەى یەکەم کە ئەو "یەک"ـە بەشێوەیەکى خودئاگایانە نەفیدەکرێت. وەک‌بڵێى بەئاگادێینەوە تا بیخەینە دەرەوەى ئاگایی ڕۆشنبیرییەوە. کتێب لاى ئێمە هێشتان ئەو دیمەنە تەڵخەیە وا تەڵخییەکەى تا ناو گۆشەى بینینمان دێت و تەمتومانێکى وا درووستدەکات کە ئاسان سەرنجمان بگوازینەوە بۆ سەر دیمەنێکى ترى دوورتر لە کتێب. 

 

 

 

 


[1] . لێرەوەیە دەشتوانین بڵێین ئاشکرایە کتێبە بە زاتى خۆى شتێکى پیرۆز نیە, کتێب خۆى ناوێکە بۆ بێشومار پرسى جیاجیا. زۆر کتێب هەیە شیاوى چاپ نین, هەشە بەناهەق گەورەدەکرێت و سیاقێک هەڵیدەئاوسێنێت. نەبوونى سیاسەتێکى ڕوون بۆ بازاڕ و داهاتى تاکەکەسیش وایکردووە نرخى کتێب لە پاندۆڵێکى تایبەتدا بژى. ئەمەش وایکردووە ئەو کەسەى کتێب گراندەکات و ئەوەشى بە نرخێکى ڕەمزى دەیفرۆشێت, لە یەک پشێوییدا بەشداربن. بەڵام ئەمە نابێتە بایسى ئەوەى زۆرکەس, بەپێى توانا دەستیان بە دۆخى کتێب و بازاڕى کتێبەوە نەبێت و هەوڵبدەن ئاکارى خۆیان بۆ ئاستێک بەرزبکەنەوە کە کتێبیش لانیکەم پێگەیەکى چەشنى شمەکەکانى ترى هەیە.