A+    A-
(1,423) جار خوێندراوەتەوە

 

چاوپێکەوتنێک لەگەڵ زیگمۆند باومان

 

 

و. بۆتان بەختیار

 

 

 

 

-        پڕۆفیسۆر باومان، با لە گرنگترین پرسەوە دەستپێبکەین: عەشق. تۆ دەڵێیت ئێمە بیرمانچۆتەوە چۆن عاشق ببین. چ شتێک بەم دەرەنجامەت دەگەیەنێت؟

خواستی دۆزینەوەی هاوەڵ partnerـێک ڕاستەوڕاست وەک خواستی بازاڕکردنی ئۆنلاینە. خودی خۆم حەزم بە بازاڕکردن نیە، زۆربەی شتەکانم وەک کتێبەکان، فیلمەکان و جلەکانم لەڕێی ئۆنلاینەوە دەکڕم. گەر چاکەتێکی نوێت بوێت، کۆگا ئۆنلاینەکان کەتەلۆگێکت پێ‌پیشاندەدەن. گەر هاوەڵێکی نوێشت بوێت، وێبسایتەکانی ژوانگرتن¹ کەتەلۆگێکت پێ‌پیشاندەدەن. شێوەی پەیوەندییەکانی نێوان کڕیاڕ و کاڵا، شێوەی پەیوەندیی نێوان تاکەکان ڕووندەکاتەوە.

 

-        جیاوازیی لەنێوان بەیەکگەیشتنی هاوەڵاکان لە فیستیڤاڵ و گردبوونەوە بۆ یارییەکان لە ڕابردوودا و بەیەکگەیشتنیشیان لە ئێستادا چیە؟

ژوانگرتنی ئۆنلاین پێکدێت لە هەوڵدان بۆ پێناسەکردنی  خەسڵەتەکانی هاوەڵەکەت بەوجۆرەی کە وێنەدەرەوەی خواست و ئارەزووەکانی خۆتە. هاوەڵە بەربژێرەکانیش لەسەر بنچینەی ڕەنگی قژ یان پێست، بەرزیی باڵا، قەبارەی سنگ‌ومەمک، شکڵ، تەمەن، خواست و خووەکان هەڵدەبژێردرێن. ئایدیا نوستووەکە ئەوەیە کە دەتوانرێت ئۆبێکتی عەشق  لەڕێی کۆمەڵێک پێوانەی فیزیکی و خەسڵەتی کۆمەڵایەتییەوە بەدەسبهێنرێت. لەمیانی ئەم پڕۆسەیەدا، سەرەکیترین فاکتەر لەبیردەکرێت: تاکی مرۆیی.

 

-        بەڵام هەرچەندە ئەم وێنە ئایدیالەش نەخشێنراوە، هەر کە یەکتر دەناسن شتەکان دەگۆڕێن.  [دواتر تێدەگەین] ئەوان زۆر لە دوو ڕووکاری دەرکیی زیاترن.

مەترسییەکە ئەوەیە، شێوەی پەیوەندییە خۆشەویستییەکان وەک پەیوەندیی ئێمەی بە کەرەستە دنیاییەکانەوە لێ هاتووە. ئێمە هەرگیز بەڵێنی مانەوەی هەتاهەتایی لەسەر کورسییەک نادەین. چ زەروورە تا ئەو ڕۆژەی دەمرم لەسەر ئەم کورسییە بم؟ گەر حەزم لە کورسییەکە نەما، زۆر بەئاسانی دانەیەکی نوێ دەکڕم. ئەمە پڕۆسەیەکی ئاگایانە نیە، بەڵکو ئەو ڕێگەیەیە وا فێریدەبین کە دنیا و ئەوانی تری پێ‌ببینین.

 

-        مەبەستت ئەوەیە خۆشەویستەکان هەر زوو جیادەبنەوە؟

ئێمە دەچینە نێو پەیوەندییە خۆشەویستییەکانەوە چونکە بەڵێنی قایلکردنیان پێیە. هەر کە هاوەڵێکی قایلکەر تر دەدۆزینەوە، خێرا پەیوەندییە کۆنەکە دەپچڕێنین و دەچینە پەیوەندییەکی نوێوە. دەسپێکردنی پەیوەندییەک پێویستی بە ڕەزامەندییەکی دوولایەنە هەیە، بەڵام جیابوونەوە تەنها یەک لایەنی پێویستە. لە ئەنجامدا، هەردوو لا لە ترسێکی بەردەوامی جێهێڵراندا دەژین لەلایەن هاوەڵەکەیانەوە، وەک‌ئەوەی چاکەتێک فڕبدرێت کە مۆدەی نەماوە.

 

-        ئەمە ئەو هەڵەتێگەیشتنەیە کە لە کتێبەکتدا (عەشقی شل) نووسیوتە دەربارەی هاوڕێیەتی و پەیوەندییە خۆشەویستییەکان.

ئەمه کێشەکەی "عەشقی شل"ـە. لەکاتی شڵەقان و تێکچووندا، پێویستمان بەو هاوڕێ و هاوەڵانەیە کە بێ‌هیوامان ناکەن، پێویستمان بەوانەیە کە هەرکات بمانەوێن ئامادەن. ئارەزوو بۆ جێگیری² لە ژیاندا زەروورە. بەهای شانزە ملیار دۆلاریی فەیسبووک لەسەر ئەم پێویستیی تاکی‌تەرا نەکەوتنە وەستاوە. لەلایەکی تریشەوە، ئێمە لە گیرۆدەبوون و بەسترانەوە دەترسین. لە پشتگوێخستن و تەرککردنیش دەترسێین. بیر لە پەنایەکیش دەکەینەوە، کەچی هێشتاش دەمانەوێت ئازاد بین.

 

-        یەکجار هاوسەرگیریت کردووە و بۆ ماوەی شەست ساڵ لەگەڵ خاتوو جانینا لێوینسۆن ژیایت. چ شتێک عەشقی ڕاستەقینە درووستدەکات؟

چێژە فریودەر بەڵام نقومکەرەکەی "من و تۆ"³. لەلای یەکتر بن، ببن بە یەک. لە چێژی ئەو ڕاستییەوەی وا تۆ جیاوازییەک لە شتێکدا درووستدەکەیت کە تەنها بۆ خۆت گرنگ نیە [ بەڵکو بۆ ئەوانی تریش گرنگە]. ئەوەی پێویستیان پێت بێت، یان تەنانەت ئەوەی ئەگەر جێگرەوەشت نەبێت، هەستێکی شادیبەخشە. زەحمەتە ئەم پێگەیە بەدەستبێت کاتێک ئێمە پێداگریی لە خۆپەرستی و بەرژەوەندییە شەخسییەکانمان بکەین.

 

-        تۆ دەڵێیت کۆمەڵگای بەرخۆری دڵخۆشبوون قورسدەکات چونکە کۆمەڵگای بەرخۆریی لەسەر بێزاربوونی ئێمە وەستاوە.

لەم سیاقەدا، وشەی "بێزار"⁴ زۆر گەورە و قەبەیە. بەڵام هەموو بەڕێوبەرانی مارکێتینگ و بازاڕ سورن لەسەر ئەوەی ئەو بەرهەمانەی وان دەیاخەنە بازاڕ، قایلکەرن. گەر ئەم قسانە ڕاستبوونایا، ئەوا ئابوورییەکی بەرخۆرمان نەدەبوو. گەر خواستەکان بەتەواویی قایلکرابان، ئەوا هیچ زەروور نەبوو بەرهەمێک بە دانەیەکی تر بگۆڕینەوە.

 

-        بەرخۆرەکانیش بەشێکن لە بازاڕ. وەک تۆ دەیڵێیت، ئەوانیش بوونەتە کاڵا.

کەلتووری بەرخۆری بەوەدا دەناسرێتەوە کە پەستان دەخاتە سەرت بۆ ئەوەی ببیتە کەسێکی تر، بەدوای ئەو خەسڵەتانەدا دەگەڕێت وا لەگەڵ خواستی بازاڕدا دێنەوە. دەبێت خۆت مەشغوڵکەیت بە بازاڕەوە، وا بکەیت لە خۆت کە وەک کاڵایەک سەرنجی کڕیار⁵ـەکان ڕاکێشیت. پارادۆکسەکەش ئەوەیە تۆ دوچاری جەبری لاساییکردنەوەی ئەو شێوەژیانەی کە بەڕێوبەرانی بازاڕ جاڕیان بۆ داوە، و گۆڕین و دەسکاریکردنی شوناس لە بازاڕدا وەک پەستانێکی دەرەکی نا، بەڵکو وەک ئازادییەک سەیردەکرێت.

 

-        لێرەدا پرسیاری شوناس قیتدەبێتەوە. بەپێی سۆسیۆلۆگی فەڕەنسی فرانسوا دو سنگلی، شوناسەکان چیدیکە ڕەگوڕیشەیان نەماوە. ئەو لەجیاتیدا میتافۆڕی لەنگەر⁶ بەکاردێنێت. جیا لە پچڕاندنی ڕەگوڕیشەی خێزانی و کۆمەڵایەتی، کە شتێکی هەمیشەییە، ڕاکێشان و بەرزکردنەوەی لەنگەرەکە کۆتایی نیە. لێرەدا چ شتێک سەرنجی تۆ ڕادەکێشێت؟

کاتێک لەوە دەوەستین ئەو کەسە بین کە پێشتر هەبووین، تەنها دەتوانین ببینە کەسێکی تر. دەبێت بۆ هەمیشە ئەو (خود)ـەی پێشوو تر فڕدەین. لە ئەگەری بینینی بەردەوامی هەڵبژاردە و ئۆپشنی نوێدا، دەگەینە ئەو ئەنجامەی وا (خود)ـەکەی پێشوومان چیتر بەکەڵک نایەت و بەسەرچووە.

 

-        ئایا مەیلێکی ئازادیخوازانە لەو گواستنەوەیەدا بوونی نیە؟

خەڵک بەدرێژایی مێژوو ئەمەیان کردووە.  بەڵام ئەوەی نوێیە، ئەو ئارەزووەیە وا دەیانەوێت لە خۆیان هەڵبێن و خودێکی تر لە کەتەلۆگێکدا بدۆزنەوە. سەرەتاییترین هەنگاوەکان ڕووەو ئاسۆی نوێ هەر زوو وەردەگەڕێنە سەر ڕۆتینێکی وەسواسانە⁷. ئیختیاری "دەتوانیت ببیتە کەسێکی تر" دەگۆڕێت بۆ جەبری "دەبێت ببیت بە کەسێکی تر". ئەم جەبرە زۆر دوورە لە ئازادییەوە، هەر لەبەر ئەمەشە خەڵک زووزوو لێی هەڵدەگەڕێنەوە.

 

-        (ئازادبوون) بە واتای چی دێت؟

ئازادبوون واتە توانستی گەڕان بەدوای ئارەزوو و ئامانجەکانی خۆتدا. ئەم هونەری ژیانی کۆمەڵگای بەرخۆرییە لە سەردەمی مۆدێرنەی شلدا ئەو بەڵێنەمان پێدەدات، بەڵام هەرگیز جێبەجێی ناکات.

 

-        چەمکی "نەوە"⁸ کە فەیلەسوفی ئیسپانی خۆسێ ئۆرتێگا بەر لە سەدەیەک پێکیهێنا، لەمڕۆدا چ مانایەکی هەیە؟

یەکەمین دەرکەوتنی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمە دێزەونەکەی جەنگی جیهانیی یەکەم. ئەو جەنگەی نەوەیەکی لە نەوەیەکی تر جیاکردەوە. درزکەوتنە ناو شوناسی ئەورووپی، بووە هۆی درووستبوونی چەمکی نەوە، کە سەرەداوێکی زۆرباشە بۆ لێکۆڵینەوە لە هێڵە دابەشکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان. وەک کاتەگۆرییەکی زانستی ئۆبێکتیڤ، لەسەر بنەمای ئەزموونی سوبێکتیڤ و جیاجیا درووستبووە. لەمڕۆدا بە هۆکاری جیاجیا، ئەو ئەزموونانەی پێناسەی نەوەیەک دەکەن، ڕۆڵی زۆر کەمیان هەیە(یان هەر نیانە) لە پێناسەکردنەوەی نەوەی دواتردا.

 

-        لە ئاستی کۆمەڵگادا ئەوە بە چ مانایەک دێت؟

ئایدیای نێتۆرک جێی ئایدیای کۆمەڵگای گرتۆتەوە. خەسڵەتی بنەڕەتیی کۆمەڵگا ئەوەیە کە بە ئاسانی ناتوانیت بچیتە ناوی. بۆنمونە هەمووکەسێک ناتوانێت ببێتە هاوڵاتییەکی سویسری. بۆ ئەوەی ببیتە سویسری، پێویستە بە تێپەڕینە بە ڕێکارگەلێکی دوورودرێژدا. دەرچوون لە کۆمەڵگایەکیش هەروا ئاسان نیە. شکاندنی پێکبەستە کۆمەڵایەتییەکان لێهاتوویی زۆری دەوێت. پێویستە هۆکاری باوەڕپێکراوت پێ‌بێت. پێویستە گفتوگۆ بکەیت. گەر سەرکەوتووش بوویت، ئەوا هەرگیز دیار نیە دەگەڕێیتەوە یان نا. بەڵام لە تۆڕە [بەناو] کۆمەڵایەتییەکانی وەک فەیسبووکدا، حەکایەتەکە جیاوازە. زۆر ئاسانە بچیتە ناو گرووپێک و بەشدار بیت، هەرواش زۆر ئاسنە لێی دەرچیت.

 

-        ئینتەرنێت زۆر دیوی باشی هەیە. ئینتەرنێت زۆر بەسەرکەوتوویی لەلایەن بزووتنەوە دیموکراسییەکانی وەک بەهاری عەرەبییەوە بەکارهێنرا. ئەی لایەنە نەرێنییەکانی چین؟

کاتێک دێینە سەر باسی ڕووخاندن- بۆنمونە حکومەت – ئەوا ئینتەرنێت زۆر بەسود دەبێت. بەڵام خاڵی لاوازی ئەو بزووتنەوانە ئەوەیە تەنها کۆمەڵێ پلانی ناڕوونیان بۆ ڕۆژی دواتر هەیە. خەڵکە بیمارە بەهێزەکە هەموو وەک هێزی لەناوبردن دێنە دەر. هێشتا هێندەیان پێیە  دەریخەن کە هەمووان بەیەکسانی دەتوانن شتێکی نوێ بنیادبنێن.

 

-پێشکەوتنە تەکنیکییەکان هەمیشە سەریانکێشاوە بۆ گۆڕانی کۆمەڵایەتی. هەرچەندە تۆ دەڵێیت لەمڕۆدا شتەکە لەوە زیاتر هەڵدەگرێت. بۆچی؟

لەبەر ئەوەی لەمڕۆدا تەکنەلۆژیا وەک ئامڕازێک بۆ بەدەستخستنی داهاتوویەکی باشتر بەکارنایەت، بەڵکو داهاتوو خۆیمان خستۆتە بەردەم ئامڕازە تەکنەلۆژییەکانەوە. ئێمە پەرە بە تەکنەلۆژیا نادەین بۆ ئەوەی ئەوە بکەین کە دەمانەوێت، بەڵکو ئەوە دەکەین کە تەکنەلۆژیا وەک ئیمکانێک خستویە بەردەسمان.

 

-        هەمیشە هەر بەوجۆرە نەبووە؟ لە داهێنانی تایەوە بۆ کەرتبوونی ئەتۆمی، تەکنەلۆژیا بۆ هەموو مەبەستەکان بەکارهاتووە. بە باش و بە خراپەوە.

-        پرسێکی ڕەهەندییە. بەدڵنیاییەوە تەکنەلۆژیا هەمیشە کاریگەریی لەسەر شێوازی ژیانمان هەبووە و هەموو گۆڕانەکانیش ڕەخنەکراون. بۆنمونە گۆتەنبێرگ کە ئامێری چاپی داهێنا هەر بەمجۆرە بوو. چینی خوێنەواران ڕایەکی باو هەبوو گوایە ئەم داهێنانە سەردەکێشێت بۆ پاشەکشەی مۆراڵی، گلەیی‌وگازندەی ئەوەیان دەکرد کە هەموو خەڵک فێری خوێندنەوە دەبن. ئەوان پێیان وابوو چینی خوارەوە نابێت خوێنەوار بن چونکە ویستی کارکردن لەدەسدەدەن.

 

-        بەڵام بۆ ئەنتەرنێتیش هەر بە هەمان شێوەیە. ئێستا گەیشتووە بە ملیۆنان خەڵک لە ناوچە هەژارنشینەکاندا و دەتوانن بەشداریی کۆرسی پەروەردەیی بکەن کە پێشتر نەیاندەتوانی، کەواتە بۆچی گلەیی بکەین؟

-        لە ئاستە مێژووییەکەیدا، گەشەسەندنی تەکنەلۆژیا لە هەنگاوی چکۆلەوە دەستیپێکردووە. داهێنان لێرەولەوێ هەر هەبووە، بەڵام لە ئاستێکی گلۆباڵدا نەبووە، کاریگەریی شۆڕشگێڕانەی نەبووە و کاریگەریی نەخستۆتە سەر کۆی جومگەکانی کۆمەڵگا و نەیتوانی شێوەژیانی خەڵک بگۆڕێت. داهێنانەکان وەرگیراونەتەوە و گونجێنراون، پاشان بوون بە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانە. لەمڕۆدا جیاوازە. ئەو گۆڕانانەی تەکنەلۆژیا کردوونی زۆر زۆرن، مەیلێکی یەکجار تۆتالیتارانەیان هەیە. یەکێک لە ئۆلیگارشە ڕووسەکان، دیمیتری ئستکۆڤ، پڕۆژەیەکی خستەڕوو کە دەیەوێت مێشکی مرۆڤ زیاد لە ڕادە بخاتە کارەوە و چالاکی بکات. خەریکی پەرەپێدانی ئامێرێکی ئەلیکترۆنییە وەها دیزاین کراوە کە وەک مرۆڤ بیربکاتەوە. ناتوانم بڵێم تا چەند شتێکی واقیعییە، بەڵام بیرۆکەیەکی وەها بەڕاستی داهێنەرانەیە. بۆ یەکەمجارە فیکری ئێمە لەژێر هەڕەشەی ماشێنەکاندایە.

 

 

 

 

پەراوێزەکان

¹ dating websites

² stability

³ “you and I”

⁴ unhappy

⁵ clientele

⁶  anchor

⁷  obsessive routine

⁸ generation

 

ژێدەر:

Zygmunt Bauman: LOVE. FEAR. And the NETWORK: https://032c.com/zygmunt-bauman-love-fear-and-the-network