وانە بنەڕەتییەکانی دەروونشیکاریى فرۆیدی و ئەودیویشی:
سێکسواڵیتە، بەئۆبێکتبوون، خەسڵەتپێدان و تراوما[1]
سلاڤۆی ژیژەک
و. ڕوشدی جـەعفەر
هەنگاوێک بەرەو لەسێکسیخستن (دی سێکسواڵیزەیشن)؟
پێموایە ئەمە بەشێکە لە دیاردەیەکی گەورەتر کە پەیڕەوی لەم لۆژیکە دەکات: ئەگەر ژنان هەوڵبدەن جوان بن یان ملبدەنە بەر سەرمەشقەکانی جوانی بە مانا نەریتییەکەی، ئەوا خۆیان دهكهنه ئۆبێكت[2] بۆ پیاوان. کەواتە بهگوێرهی ئهم لۆژیكه ژنان دهبێت سەرلەنوێ جهستهیان بقۆزنەوە و دهستی بهسهردابگرنهوه، بەو مانایەی له ناشیرینییە باوەکەیدا پێی ڕازی بن و پەسەندی بکەن- موو، قەڵەوی و هەر شتێکی تر- تاوەکو ڕەمزوڕاز لە جەستەیان داماڵن، نیشانی بدەن جەستەی ژن، بەتایبەت ئەندامەکانی سێکس، ئەو شتە نییه وا لە نیگای پیاواندا هەیە بەڵکو کارکردی ئەرێنیی خۆی هەیە کە دەبێت لەلایەن ژنانەوە دهستی بهسهردابگیرێتهوه، چونکە ناکرێت ژنان بۆ ئۆبێکتگهلێكی پیاوان کورتبکرێنەوە. لە لایەکەوە، من هاوڕام لەگەڵ هەستکردن بە چەوسانەوە لای ژنان، بەڵام پێموایە ئهم لۆژیکە كێشهیهكی ههیه. با دەستەویەخەی كێشهكه ببینەوە: سێکسواڵیتە، بە مانای پڕبەپێستی وشەکە، ڕێژەیەکی دیاریکراوی خۆبەئۆبێکتکردنی[3] تێدایە. بۆنمونە، کاتێک سێکس دەکەم یان کاتێک باوەش بە جەستەی ڕووتی ئەو کەسەدا دەکەم کە خۆشمدەوێت، لە هەموو ئەو شتە نەخوازراوانەى دادەماڵم[4] کە بەشێکن له جەستەی مرۆڤ- بۆنە ناخۆشەکان و پاشماوەی پیسی و هتد (ئەم داماڵینهش لۆژیکە ناونشینەکەی سێکسواڵیتەیە). بە جۆرێک لە جۆرەکان، به ڕادهیهكی ههره کەمیش بێت جەستەی ئەو کەسە ئایدیاڵیزە و نمونهییساز دەکەم. بەبێ ئەمە، لە لەسێکسیخستن نزیکدەبینەوە. وێڕای ئەو هەموو قسەیەی لەبارەی سێکسواڵیتەیەکی ئازاد دەکرێت کە خۆی لە کۆتوبەندە هێترۆسێکسواڵییە دووانەییەکان دەربازکردووه، لێرەدا ئەو شتەی لەبناوانەوە دەرگیرین لەگەڵیدا هێڕشێکە بۆ سەر سێکسواڵیتە خۆی.
جاڕدانێكی مكوڕانه بۆ ئازادییهكی سێکسیی خەیاڵی تەنیا دەبێتە هۆی چەوساندنەوەی خراپتر
هەموومان دەزانین سێکسواڵیتەی مرۆیی شتێک نییە تەنیا لە ڕووی بایۆلۆژییەوه دەستنیشانکرابێت- وەکئەوەی ئەزموونە تراوماتیکەکانی ترانس جێندەر (ڕەگەزگۆڕەکان) ئەم ڕاستییە دەسەلمێنێت. دەکرێت لە شوناسە دەروونییەکەتدا، ژنێک بیت و لە جەستەیەکی نێرانەدا گیرت خواردبێت، و ئامادەییشت تێدا بێت ئازارێکی زۆر بچێژی تاوەکو جەستەی خۆت بگۆڕیت بە جۆرێک لەگەڵ شوناسە دەروونییە ناوەکییەکەتدا بگونجێت. تێکڕای ئەمە ڕوودەدات. لێرەدا هیچ خەسڵەتپێدانێکی[5] بایۆلۆژیی ڕاستەوخۆ لەگۆڕێدا نییە. بەڵام هێشتاش، هەڵەیەکی گەورەیە ئەگەر لەم پنتەوە بەرەو ئەو بانگەشەیە بازبدەین که جیاوازیی ڕەگەزی تەنیا یەکێکە لە داهێنراوه سەرکوتکەرەکانی ئەو کەسانەی وا لەدەسەڵاتدان و ئێمەش دەبێت زیتهڵه و لێزانانە دەرگیری چەندان شوناسی ڕەگەزی جیاجیا ببین، واتە ئەو بانگەشەیەی كه جیاوازیی ڕەگەزی تەنیا گەمەیەکه و هەموو شتێک ڕەخساو و ئاوەڵایە، و گوایە ئەگەر بێتو تەنیا لە ستهمی هێترۆسێکسواڵیی دووانەیی دەربازبین، ئەوا لە چێژێکی پڕاوپڕی سێکسواڵیتەی ئازاد بەهرەمەند دەبین. ئەم بانگەشەیە وانە بنەڕەتییەکەی دەروونشیکاریی فرۆیدی دەسڕێتەوە، واتە ئەو وانەیەی کە سێکسواڵیتە بەسرووشتی خۆی شتێکی هێجگار تاریکە.
سێکسواڵیتە بوارێکی شادیبەخش نییە، بەڵکو بریتییه له بواری تراوما قووڵەکان و هەڵگەڕانەوە مازۆخییەکان و هتد. هەر بۆیه ئەوەندە بەس نییە جاڕی ئەوە بدەین ئەگەر لەم دووانەییە جێندەرییە گەورەیەی نێرینە/مێینە قوتاربین- گەر وتەکەی ماو زیدۆنگ داڕێژینەوە: "هەزاران گوڵ لەناوماندا غونچەدەکەن و دهپشكوێن"- و با بڵێین هەزاران شوناس لەناوماندا دەگەشێنەوە و دەپشكوێن، و هەمووان دڵخۆش دەبن و ژیانێکی سێکسیی قایلکەر و تێروپڕ بەسەر دەبەن. نەخێر، دیسانەوە با بیڵێم، سێکسواڵیتەی مرۆیی بهشێوهیهكی خۆڕسكانه تراوماتیکە. سێکسواڵیتە تێكهولێكه و گهڕهلاوژهیهكی گەورەیە؛ لە پەیوەند بە سێکسواڵیتەوە هیچ هاوکێشەیەکی سادە لەئارادا نییە.
وەکئەوەی ئهزموونی لیاقەت یان درووستیی سیاسی نیشانیدەدات، ئەگەر هەوڵبدەین سێکسواڵیتە بەم مانا سادەکەرەوەیە ئازادبکەین و لە نۆرماتیڤیتەی جیا-ڕەگەزخوازی (هێترۆسێکواڵیتە) دەربازبین، و ڕێگهی پهرهسهندن بۆ کۆی فۆرمە جیاوازەکان بکەینەوه، ئەوا تهنانهت بە سەرکوتکارییەکی خراپتر كۆتاییدێت.
هەموو کەسێک دەبێت ئازادانه خۆی بەئۆبێکت بکات
ئەو شتەی خەڵکێکی زۆر کۆک و تهبا نییە لەگەڵیدا ئەوەیە کێشەکە بریتی نییە لە بەئۆبێکتبوون وەکخۆی- بریتی نییە لە تێكڕای گەمەی فریودانی سێکسی و موغازەلەکردنی پیاوان و ژنان- بە مانایەک لە ماناکان، کێشەکە ئەوەیە تۆ کتومت بەو جۆرەی دەتەوێت خۆت دەکەیتە ئۆبێکت تاوەکو خۆت وەک کەسێکی دڵڕفێن و ئیغراکەر نیشان بدەیت. کێشەکە ئەوە نییە دهبێت هیچ بەئۆبێکتبوونێک لەگۆڕێدا نهبێت- بەڵکو کێشەکە ئەوەیە هەر بریکار و بکەرێکی سێکسی دهبێت مافی هەبێت بەئۆبێکتبوونەکەی ڕکێفبکات (جا چ نێرینه/مێینە/یان شوناسێکی ڕەگەزی تر بێت).
با ئەوەش لەبیرنەکەین لە تێکڕای ناڕەزایەتییە فێمینیستییەکان لە دژی بەئۆبێکتکردنی ژناندا، ئەو شتەی بناژۆخوازەکان (فەندەمێنتاڵیستەکان) بەتەنگدێنێت، بۆنمونە لە وڵاتە موسڵمانەکاندا، کتومت ئهو كاتهیه وا ژن گەمە لەگەڵ بەئۆبێکتبوونی خۆیدا دەکات... بۆنمونە، لاسایی زهكهرمژین دەکاتەوە، یاری بە مۆزێک دەکات لەناو دەمیدا. ئەو شتەی لهم بارودۆخهدا پیاوان پهست دەکات ئەوەیە ژنان له لایەن پیاوانەوە بەئۆبێکت نەکراون، بەڵکو ژنان خۆیان زیتهڵه و خهندان خۆیان بەئۆبێکتدەکەن، بۆ چێژی خۆیشیان بەئۆبێکتبوونەکەیان نمایشدەکەن.
ئامرازی سەرمایەداری
وەکئەوەی عادەتەن ئەم چهشنه ڕووداوانە وان، نابێت ئەوە نادیدەبگرین کە ئەمەشیان دیاردەیەکی بەنزیکەیی پەراوێزی و لاوەکییە. بێ شك، زۆربەی ژنان نایانەوێت سمێڵ بهێڵنەوە، ئەگەر بشیانەوێت- لێیان بگەڕێ چ شتێکیان پێخۆشە بیکەن. من زۆرجار لەم شوناسە نوێیه ترانسجێندەرانە شتێک بەدیدەکەم کە حەزی پێناکەم. پرسەکە وا دەخرێتەڕوو وهكبڵیی جاران پێوەرە هێترۆسێکسواڵییەکان کۆمەڵێک شوناسی سەرکوتکەریان دەسەپاند. ئێستا ئەگەر هەموو دەقه بەرباسەکان بخوێنینەوە، لە هەندێکیاندا ئەو بیرۆکەیە بەدیدەکەین گوایە ئەگەر هێشتا له هەناوی سێکسواڵیتەی نەریتیی جیاڕەگەزخوازیدا بیت، بە جۆرێک لە جۆرەکان كهسێكی دواكهوتوویت. گوایە ئەگەر دەتەوێت بەڕاستی ئازاد بیت، دەبێت گەمە لەگەڵ شوناسی خۆتدا بکەیت و دهستكاری بكهیت و هەموو هێڵەکان بشڵەقێنیت.
هاوڕا نیم لەگەڵ ئەم بیرۆکەدا. ئایدیای ڕێکخستنەوەی ئازادانە، گۆڕینی جەستە و دەستکاریکردنی شوناسەکان شتێکه بەپڕاوپڕی لەگەڵ سەرمایەداریی بەرخۆرانەی هاوچەرخدا، به داینامیكیهته ناكۆتاكهی، فیتاوفیت دێتەوه. ئەگەر و چانسی ئهوه هەیه کۆمپانیا گەورەکان پێشوەختە ئەم گەمانە دەکەن. ڕەنگە هەندێک له خوێنەرەکانمان ئەو ڕیکڵامەی کۆمپانیای "Gillette"یان لهبیربێت، نزیکەی نیوساڵێک لەمەوبەر، تێیدا باوکێک یارمهتی کچەپێشووەکەی، کە ئێستا ڕەگەزی خۆی بۆ کوڕ گۆڕیوە، دەدات تاوەکو بۆ یەکەمجار به مهكینهیهكی بهرههمی "Gillette" ڕیشی خۆی بتاشێت. بێ چەندوچوون هیچ شتێکی تێکدەر لەم دیدگایەی "هەڵبەزودابەزی شوناسە جیاوازەکان و خۆئەزموونکردن"دا نییە. بەسادەیی شێوازێکی کامڵی سێکسواڵیتەیە و بۆ سەرمایەداریی بەرخۆرانەی دوایین فیتاوفیته.
ئەو وانەیەی دەبێت لەکۆی ئەم پرسەوه هەڵیبگۆزین، نەک تەنیا لە ڕیکڵامە بازرگانییەکانەوە، کە دواتر بە پێچێکی پێشکەوتنخوازانە پێمان دەفرۆشرێن، بەڵکو ئەو ڕاستییەش کە چۆنچۆنی هەموو دهزگا و دامەزراوە گەورەکانی ئەمریکا- ناوە قەبەکانی وەکو تیم کووک و زوکەربێرگ- هەموویان بەجۆشوخرۆشەوە پەیڕەویان لەم شێوازە كردووه و پشتگیریشیان لێ كردووه. بۆنمونە بیر خۆتانی بهێننەوە، دوو سێ ساڵێک لەمەوبەر بزووتنەوەی ترانسجێندەر بەم کەمپینە زەبەلاحە لە ئەمریکادا تەقیەوە: تەوالێتەکان دهبێت بۆ هەموو شوناسە ڕەگەزییەکان ئاوەڵا بن نەک تەنیا بۆ مێینە/نێرینە. بەداخەوە، ئەم چەشنە خەباتکردنە بۆ شوناسە ڕهگهزییه ئازادهكان شتێكه دەکرێت بەئاسانی وەک (برغو)یهك له ماشێنی سەرمایەداریدا بەکاربهێنرێت بۆ سەرکوتکردنی داخوازییە جەماوەرییە مەترسیدارترەکان، بگرە یان با بڵێین بەتایبەتی بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە فێمنیستییە ڕەسەنەکان.
دهستهبژێرهكان (نوخبه) هەوڵدەدەن بزووتنهوهی ڕزگاریخوازانەی ژنان له گۆڕینی بارودۆخی سیاسیی باڵادەست دووربخەنەوە
لە لایەکەوە، جۆرە بێدارکردنەوە و وشیارکردنەوەیەکی ژنان هەیە (ئەمەش شتێکە من لە ناخی دڵمەوە پێی دڵخۆشم و پاڵپشتیشی لێدەکەم). کۆمەڵێک شێوازی بهپاشكۆكردن و ملكهچكردنی ژنان ههن کە بەشێکن لە نەریتی ئێمە، تەنانەت ئەم شێوازانە دەگەڕێنەوە بۆ پێش كۆمهڵگا چینایەتییەکان، بۆ کۆمەڵگا خێڵەکییەکان- وەکئەوەی گوایه ژنان ناچالاکن و پاشکۆی پیاوانن. وەک هەمیشە، دامەزراوە [ی باڵادەستی سیاسی و ئابووری] هەوڵدەدات ئەم بێدارکردنەوەیە بەلاڕێدا ببات، واتە بەرەو ئاڕاستەیەک لایبدات کە بەکردەیی پەیوەندییەکانی دەسەڵات ناگۆڕێت. ژنان پشكێك بهدهستدێنن، بەچەشنێکی ڕێزدارتر لە میدیادا نیشاندەدرێن. بەڵام هەمان پەیوەندییەکانی دەسەڵات لە کۆمەڵگاکەماندا دەمێننەوە. ئەمە ئەو خاڵەیە تێکڕای ئەم جەنگاوەرانەی دژایەتی باوکسالاری دەکەن زۆربەیجار لێی تێناگەن و نادیدەی دەگرن. لە خۆرئاوای پێشکەوتوودا ئایدیۆلۆژیای باڵادەست چیدی باوکسالاری نییە، بەڵکو جۆرە کرانەوەیەکی ساختەیە کە وەک شێوازێکی خۆلادانیش لە مۆبیلیزەکردنی ڕادیکاڵ و ڕێچارە ڕادیکاڵەکانیش کاردەکات. کاتێک تەرکیز دەخەینە سەر ئەوەی ئاخۆ ژنان دەتوانن ڕیش بهێڵنەوە یان پیاوان دەتوانن سووراو بکەن، ئەوا ئیدی کەس نایەوێت لەبارەی چەوساندنەوەی تۆقێنەر و بەردەوامی ژنانهوه بدوێت، [بۆنمونە] لەبارەی کەلتوری دەستدرێژیی هەڵکشاو لە مەکسیکۆ و ئەفریقای باشووردا. کەواتە با تەرکیز بخەینە سەر ئەو خەباتانەی تێیدا ئازادیی حەقیقی خەڵک یەکلادەکرێتەوه.
پەراوێزەکان:
[1] ئهم نوسینه مانگی نۆڤێمبهری 2019 بڵاوبۆتهوه.وهكئهوهی سایتهكهش باسیكردووه، لهم مانگهدا بۆنهیهك ههیه پێی دهوترێت "Movember"، ئیڤێنتی مانگانهی سمێڵ هێشتنهوه تایبهت به پیاوان، بهڵام كۆمپانیایهكی تایبهت به گوێزان، ڕیكڵامێكی بڵاوكردۆتهوه تێیدا كۆمهڵێك ژن نیشاندهدرێن كه مووی جهستهیان هێشتۆتهوه و نهیانبڕیوه، ڕیكڵامهكه بانگهشهی ئهوه دهكات "ژنانیش سمێڵیان ههیه". لێرهدا ژیژهك ئهم نمونهیه دهقۆزێتهوه، و لهودیوی كڵیشه باوهكانهوه، كۆمهڵێك وانهمان بیردهخاتهوه: ههم وانهی فرۆیدی و ههم وانهی ڕزگاریخوازی. ههم پرسیار لهبارهی چیهتیی سێكسواڵیته و ههم پێگه سیاسی و ڕزگاریخوازهكهشی، نیشانیشی دهدات چۆنچۆنی ئهم جۆره دیاردانه له خۆرئاوادا داردهست و ئامرازێكی بهرخۆرانهن و هیچ ئیمكانێكی ڕادیكاڵیان تێدا نییه و پهردهیهكی ئایدیۆلۆژین. ناونیشانهكهش دهستكاری كراوه به مهبهستی زهقكردنهوهی ناواخنه پهیوهندارهكهی. وێنهكهش له ڤیدیۆكلیپی گۆرانی "اینگونه"ی شاهین نهجهفی وهرگیراوه-و.
[2] Objectifyبهئۆبێكتبوون/ بهئۆبێكتكردن-
[3] Self-objectification
[4] abstract
[5] Determination
سەرچاوە
https://www.rt.com/op-ed/472680-women-empowerment-gender-mustaches/