A+    A-
(1,018) جار خوێندراوەتەوە

جینالۆژیای سوبێکت لە کن فۆکۆ

(سوبێکتسازی لە کەلتوری یۆنانی و مەسیحییەتدا)

 

 

 

 

 

موحەمەد زەیمەران

و. وریا ئەحمەد

 

 

 

 

 

 

فۆکۆ لەنێو بازنەی ئیتیکدا ڕەدووی پرۆسێسی بەسوبێکت­بوون و بەئوبێکت­بوون دەکەوێت. کە دەیهەوێ پێش­زەمینەی وەها پرۆسێسێک وەبەر باسان بدات، کەلتوری دێرینی یۆنان و ڕۆمان, و هەروەتر مەسیحییەتی بۆ کێوماڵ دەکات. لەنێو گەنجینەی یۆنانییەکانی جاراندا، بەر دەستەواژەی (هونەری ژیانکردن) دەکەوین. هونەرێکە، لە سایەیدا ئادەمیزاد خۆی بە سوبێکت دەکات، ئاخر ئەم هونەرە، کە مرۆڤ خۆی لەبەردەم پێودانگەکانیدا تاقیدەکاتەوە، پێویستی بە لەخۆنۆڕین، خودهەڵسەنگاندن، خۆجڵەوکردنە، سا بەڵکوو ئادەمیزاد خۆ لە زێدەڕۆیی لابدات و میانڕۆیی و دادگەریی وەدۆزێ. ڕوونە، لەم مۆدێلە یۆنانییەدا، تاک بە پێیانی خۆی و ئازادانە، دەچێتە بەر تیرۆژی ڕووناکیی (هونەری ژیانکردن)ەوە و، هاوزەمان دەبێت بە سوبێکت و ئوبێکتیش. خودی خۆی، دەبێت بە بابەتی بەرباسی خۆی. وەلێ هەر ئەم (هونەرە)، کە دەترازێتە نێو ئەندێشەی ڕەواقییەکان و، لەوێشەوە ئامبازی ئیتیکی مەسیحییەت دەبێت، بەنزیکەیی لە گرێژنەی مانای خۆی دەردەپەڕێنرێت. کەلتوری مەسیحییەت، پرسەکە دەگشتێنێت و بە دەزگاییی دەکات. ڕستێک پێودانگی ئیتیکیی توندوتۆڵ و ڕەق­وتەق بە دەوری مرۆدا هەڵدەچنێت، کە گشتیان پێشنیاری زوهد و خۆپارێزیی و خۆگرتنەوە دەکەن. مرۆڤ بە کەناڵی درکاندن و ددانپێداناندا تێدەپەڕێنرێت، سا بەڵکوو ژێر بەڕە بخاتە سەربەڕە و، وەک بابەتێک خۆی ڕادەستی پێودانگە ئیتیکییەکان بکات. فۆکۆ پێی‌وایە هەر ئەم (تەکنیک) و (تەڵەکەبازییە) مەسیحییەی، وا پێی‌دەوترێت درکاندن و ددانپێدانان، پێدزە دەکاتە نێو زانستەکانی دونیای مۆدێرنەوە؛ بەتایبەت زانستی دەروونپزیشکی.

ئادەمیزاد، لە نێو هەرتک بازنەی ئیتیکیی یۆنانی و کریستیانیدا، ئەوی دەم ڕەوتارەکانی خۆی لە سەنگی مەحەکی پێودانگە ئیتیکییەکان دەدات، بە پرۆسەی خۆبەسوبێکت­کردندا تێدەپەڕێت، وەلێ هاوزەمان دەبێت بە ئوبێکتیش؛ بکەرێکە لەسەر میحرابی (بابەت)دا شەتەکدراوە، کائینێکی ئاخێوەر و بیرکەرەوەیە، وەلێ هاوزەمان قسەلەسەرکراو و بیرلێکراویشە.

فۆکۆ، لەچێوەی پەرتووکی (مێژووی سێکسواڵیتەدا)، سێ تەونی وردچنراو بەسەردەکاتەوە، کە تێیاندا هاوزەمان هەردوو پرۆسێسی (سوبێکتسازی) و (ئوبێکتسازی) دەقەومێن. هەوەڵییان، تەونی زمان و زانستی بایۆلۆژیا و ئابوورییە، کە مرۆ لە سایەیاندا، هەم بە سوبێکت دەبێت و هەم بە ئوبێکت. دووەهەمیان، زانستی دەروونپزیشکی و پزیشکییە، کە لەنێو بەرداشی دوالیزمەکانی وەکو شێتی و عەقڵمەندی، ساغلەمی و بیماری‌دا، مرۆ هەم بەرگی سوبێکت دەپۆشێ، هەم دەبێت بە بابەتی قسەلەسەرکراو. دواهەمینیان، پرۆسێسی خۆبەسوبێکت­کردنی مرۆڤە، بەتایبەت لەنێو تەونە ئیتیکییەکاندا، کە هاوزەمان (خود) و (ڕەوتارەکانی خود) بۆ بابەتی بیرلێکردنەوە دەگۆڕێن. دکتۆر موحەمەد زەیمەران لەسیاقی ئەم نووسینەدا، برووسکەئاسا، جینالۆژیای سوبێکت لە کن فۆکۆ بەسەردەکاتەوە و بەکورتی هێما بۆ پرۆسێسی سوبێکتسازی و ئوبێکتسازی دەکات.(وەرگێڕ)

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

فۆکۆ لە بەرگی دووهەم و سێهەمی پەرتووکی(مێژووی سێکسواڵیتە)دا، چەند ڕەهەندێکی تایبەتی  هونەری حوکمڕانی بەسەر مرۆڤەکاندا بەسەردەکاتەوە و، پێش­زەمینەی بەسوبێکت­بوونی ئادەمیزاد لە ڕۆژگاری دێرینی یۆنان و ڕۆماندا، شرۆڤەدەکات. فۆکۆ لە سۆنگەی (بکەر)ەوە، سەرنجی پرۆسەی (بەسوبێکت­بوون) دەدا. بەو مانایەی، وی، لە چێوەی قەڵەمڕۆی ئیتیک(ethic)دا، پێکهاتنی سوبێکتی کێوماڵ کردووە. 

فۆکۆ، لە بواری مێژووی ڕۆمان و یۆناندا پسپۆڕیی نەبوو، ئەوە بۆیە هانای بۆ وەرگێڕانە ڕەسمییەکانی ئەو بەرهەمانە برد، کە هیی ئەو سەردەمانە بوون. لەم ڕووەوە، کنەوپشکنینەکانی وی، لە چێوەی گێڕانەوە باوەکانی نێو سەرچاوە هێما بۆکراوەکان ئەولاتر نەچوو(١). ئەو، لە میانی بەرگی دوو و سێی (مێژووی سێکسواڵیتە)دا، لە باسوخواسی دەسەڵات دوور کەوتەوە و، پتر سەرنجی (بە سوبێکت­بوونی مرۆڤ)ی دا. فۆکۆ دەیگوت، گوایە لە بیست­ساڵی کۆتاییی تەمەنی خۆیدا، سێ شێوەی ئوبێکتسازیۆن(objectification)ی تاکی لە کۆمەڵگەی خۆرئاواییدا بەرباس داوە. شێوەی یەکەم لەو میتۆد و ڕێکارانەدا ڕەنگی داوەتەوە، وا خۆیان بە زانست ناو دەبەن و، هەڵوەدای ئەوەن؛ یان بکەری ئاخێوەر(لە چێوەی ڕێزمانی گشتیی، جینالۆژیای واژەکان و زمانناسیی نوێ)دا، یانژی سوبێکتی کار(لە چێوەی ئابووری)دا، یاخۆ سوبێکتی ئۆرگانیی(لە چێوەی مێژووی سروشتیی و بایۆلۆجی)دا، بە بابەت بکەن و دەنێو پرۆسێسی ئۆبێکتسازیۆنی بپەستێون. شێوەی دووهەم، لە نێو میتۆدە دوالیزمەکان خۆی دەینوێنێ و، ئوبێکتسازێۆنی سوبێکت لە قاڵبی دوالیزمی نێوان شێتیی و عەقڵمەندیی، تەندروستیی و نەخۆشیی، تاوانکاری و ڕێسامەندیی ڕەنگ دەداتەوە. کۆتا شێوە، بریتییە لە خۆبەسوبێکت­کردنی تاک و، دواجاریش، فۆکۆ ڕووی بۆ ڕێکارێک هانی، کە تێیدا تاک خۆی بۆ سوبێکت دەگۆڕێت. لەم سۆنگەیەوە، فۆکۆ شەقاوی هاویشتە نێو قەڵەمڕۆی سێکسواڵیتە و، پێی وابوو لەم قەڵەمڕۆیەدا، مرۆڤەکان (سوبێکتی سێکسیی) لە خۆیان دەسازێنن. بینیمان لە چێوەی پەرتووکی (وشەکان و شتەکان)دا، سوبێکت وەک چەمکێکی ئەپستمۆلۆجیی سەرنج دراوە.(٢) لە پەرتووکی (دیسپلین و سزا)دا، سەرەتا سوبێکت بەرهەمی پێوەندییەکانی دەسەڵاتی سەرچاوەگرتوو لە پادشا بوو و، دواجار لە چەمبەری سیستەمی دیسپلیندا خۆی دەبێنێتەوە. لە وەها ڕەوشێکدا، سوبێکت، بە واتای ملکەچیی(subjection) دەکاربرا. لە بەرگی یەکەمی (سێکسواڵیتە)یشدا، هەر بە هەمان ماناوە گەردان کرا، وەلێ لە بەرگی دووهەم بەدوا، پەیڤەکان لە قەڵەمڕۆی ئیتیکدا چڕکرانەوە.

فۆکۆ لە بەرگەکانی دووهەم، سێهەم و چوارهەمی (مێژووی سێکسواڵیتە)دا، تەکنیک و هونەرەکانی (خود) لە چێوەی هەردوو پێگەی بەسوبێکت­بوون و بەئوبێکت­بوون بەسەر دەکاتەوە و، لەم سۆنگەیەوە، کەلتوری ڕۆما و یۆنانی کۆن بە بناغە دەگرێت. وی، لە میانی بەرگی دووهەمدا، وا ناوی (کارکردی چێژ)ە، لافی ئەوەی لێدا گوایە ئەخلاقی یۆنانییەکان و مەسیحییە بەراییەکان لەمەڕ سێکسواڵیتە، کەم­وزۆر چوونیەک بووە.  لە هەرتک کەلتورەکەدا، ئامبازبوونی سێکسیی دەگەڵ مەحاریمدا، لە ڕیزی ئەو تابووانە دادەنرا، وا نابێت بە هیچ کلۆجێک ببەزێنرێن. سەربار، ژنان و منداڵان، بە ئەڵقەلەگوێ و ملکەچی پیاوان ئەژمار دەکران. شێلگیرانە هەردوو کەلتور، حەزی هەوسار پچڕاویان، بە مەترسی و زیانبار بۆ ڕەوشی کۆمەڵگە دادەنا. بەگوێرەی هەردوو کەلتورەکە، هاوسەرگیریی و پێکەوەنانی خێزان، دەکەوتە خانەی ئەرکەکانی پیاوانەوە. لەمەڕ غیلمانبازیی(pederasty) و هاوڕەگەزخوازییشەوە، هەرچەند خەڵکانی ئەوی دەم جۆرە مروونەتێکیان دەنواند، وەلێ بەگشتیی بەلایانەوە ناپەسەند بوو. زاڵبوون بەسەر نەفس و خۆ بەدوورگرتن لە زێدەڕۆیی لە چێژە جەستەیییەکاندا، لە ڕاسپاردەکانی هەردوو کەلتورەکە بوون و، هەم کەلتوری یۆنانی و هەم مەسیحییش، خۆپارێزیی و هاوسەنگیی و میانڕۆیی(sophrosyne)یان بە فەزیڵەتێکی ئەخلاقیی ئەژمار دەکرد. لەگەڵ ئەوەیشدا، شیاوی گوتنە، هەر ئا ئەم خۆپارێزیی و زوهدە، لە ئایینی مەسیحییدا، ماهییەتێکی گشتیی لەخۆ گرت. لەم سۆنگەیەوە، تەکنیک و هونەری زاڵبوون بەسەر نەفس و خۆگرتنەوە، وردە وردە شێوەیەکی ڕێکخراو و وردچنراوی بەخۆوە دیت و، پلەپلە، خەسڵەت و ماهییەتێکی ئیتیکی وەرگرت.  ڕاستییەکەی، لە چێوەی سیستەمی ئیتیکی کرستیانیدا، جۆرە دوالیزمێک دەنێوان میانڕۆیی و زێدەڕۆیی هاتە گۆڕێ، کە ڕێشەی ئەم دوالیزمە بۆ ئەندێشەکانی ئەرستۆ دەگەڕێتەوە. ''ئەدەبی نەفس''(خۆجڵەوکردن)، لەم سەرچاوەوە هەڵدەقووڵا. بەگشتیی لەم سەروەختەدا، حەز و ئارەزووە ناوەکییەکان، لەگەڵ بەها ئیتیکییەکاندا لێک گرێ دران.(٣)هێدی هێدی، فەلسەفەی ئیتیک وەک بوارێکی نوێ پێکدەهات و، لەم چێوەیەدا لەنێوان چالاکییە سێکسییەکان و خراپە و دزێوییدا ڕایەڵێک چێ کرا و، پێوەندیی سێکسیی دەگەڵ هاوڕەگەزدا سەرکۆنە و دوورکەوتنەوە لێی، ستاییش کرا.

بەم پێیە، لە یۆنانی کۆندا، ئەو یاسا و ڕێسایانەی پێوەندییە سێکسییەکانیان جڵەو دەکرد، بە بەراورد بە ڕێسا و بەهاکانی مەسیحییەت، نەرمتر و ئازادانەتر بوون و، بێ لە چەند حاڵەتێکی دەگمەن، سزای توند بۆ زێدەڕۆیییە سێکسییەکان لەبەرچاو نەدەگیرا. ڕاستییەکەی، لە یۆنانی کۆندا، پێڕۆیی لە پێودانگە ئەخلاقییەکان، وەک فەزیڵەتی کەسیی دەبینرا و، تاک ئازاد بوو هەرچۆنێکی پێ باشە، وەها ڕاڤەی ڕێکارە ئیتیکییەکان بکات. بەڵام مەسیحییەت، هەنگاوبەهەنگاو، ڕەوشەکەی گۆڕی. هێدی هێدی، پێودانگە ئیتیکییەکان لەچێوەی سیستەمێکی تژی لە ڕێوشوێنی توندوتۆڵ و ڕەق­وتەق کۆکرانەوە و گفتار و ڕەفتاری مرۆڤەکانی پێ جڵەو کرا. بەو مانایەی ئیتیکی مەسیحییەت لەسەر چوار تەوەری سەرەکیی شێوەی گرت: یەکەم، خۆپارێزی و زوهد لەبەرامبەر خواستە جەستەیییەکان؛ دووهەم، دەستگای خێزان؛ سێهەم، یاساغکردنی پێوەندیی سێکسیی لەنێوان هاوڕەگەزان؛ و چوارهەم، ژیری و دانایی یانژی ئادابی نەفس(خۆجڵەوکردن).

بەگشتیی، فۆکۆ ''لێکدانەوەی جینالۆجییانە''ی خۆی بەسەر سێ تەوەری سەرەکییدا دابەشکرد و ڕایگەیاند، جینالۆژیای وی تیرۆژ دەخاتە سەر سێ بواری پێوەست بەیەک. یەکەم، ئۆنتۆلۆجیای مێژووییی مرۆڤ لە پێوەندییدا بە چەمکی حەقیقەتەوە، وا لە سایەیدا ئادەمیزاد خۆی لە بەرگی سوبێکتی زانستەوە دەئاڵێنێت. دووهەم، ئۆنتۆلۆجیای مێژووییی مرۆڤ لە پێوەندییدا بە دەسەڵاتەوە، کە لە چێوەیدا ڕێکارەکانی دەسەڵات دێنە چێ کردن. سێهەم، ئۆنتۆلۆجیای مێژووییی پەیوەست بە ئیتیک، کە بەهۆیەوە مرۆڤەکان خۆیان وەک بکەری (هەمووشت­توان)  وێنا دەکەن.(٤) فۆکۆ، جینالۆژیای خۆی لەسەر خوولگەی ئەم سێ تەوەرە جێکەوت کرد. لە هەوەڵین پەرتووکی ویدا، واتە پەرتووکی (مێژووی شێتیی لە چاخی کلاسیکدا)، ئەم سێ تەوەرە بە شێوازێکی تێکەڵ­وپێکەڵ دەکاربرابوون. لێ دواتر، تەوەری حەقیقەت، لە چێوەی پەرتووکێلی (لەدایکبوونی نۆڕینگە) و (وشەکان و شتەکان)دا، سەرنجی درایە. تەوەری دەسەڵات، لە سیاقی پەرتووکی (دیسپلین و سزا)دا کێوماڵ کرا و تەوەری ئیتیکیش، لە پەرتووکی (مێژووی سێکسواڵیتە)دا کنەوپشکنین کرا.

جینالۆژیای ئیتیک، کرۆکی پەرتووکی (مێژووی سێکسواڵیتە) پێک دێنێ. بە دیدی فۆکۆ، ئەوی دەم لەمەڕ مێژووی ئیتیک داخێویین، دەبێت لەنێوان ڕەوتارەکان و ڕێوشوێن و پێودانگە ئیتیکییەکاندا جیاکاریی بکەین. ڕەوتار(conduet)ی مرۆڤەکان، هەڵسوکەوتی ڕاستەقینەی مرۆڤەکانە و هیچی تر، وەلێ ڕێوشوێنە ئیتیکییەکان چشتێلێکی داسەپاون: ''دەبێت ئەو ڕێوشوێنانەی وا باشی و خراپیی ڕەوتارەکان دیاری دەکەن، جیابکەینەوە لەو ڕێوشوێنانەی کە هێما بۆ بەهای ئەرێنی و نەرێنیی ڕەوتارە جیاوازەکان دەکەن. ڕێوشوێن و ڕێسا ئیتیکییەکان، خودانی ڕەهەندێکی تریشن، کە بایەخێکی تایبەتیی هەیە، ئەویش بریتییە لەو پێوەندییەی کە دەبێت تاک لەگەڵ خۆیدا بەرقەراری بکات''.

فۆکۆ، ئەم پێوەندییە بە ئیتیک(ethic) بە مانای پڕاوپڕی وشەکە، دادەنێت. بەو مانایەی، تاک خۆی لەبەرگی سوبێکتی ئیتیکیی دەئاڵێنێت. لێرەدایە، فۆکۆ سەبارەت بە ''نەزاکەتی نەفس'' یانژی کەلتوری خودیی(culture of the self) داخێوێ و دێژێت، گوایە کەلتوری خودیی لە (هونەری ژیانکردن)ەوە، کە لە چەمکی فەلسەفەی پەروەردەیی و پزیشکییەوە ئاڵاوە، سەرچاوەی گرتووە. لێرەدا بوو، چەمکی ''کرۆکی ئیتیکیی''(substance éthique) خرایەڕوو. هەر لەم سۆنگەیەوە، فۆکۆ لەمەڕ چەمکی (aphrodisia)ی یۆنانی، کە بە مانای ڕەوتار و چێژی سێکسیی دێت، ئاخافت و ئەوەی بەبیر ‌هێنایەوە، لە یۆنانی کۆندا ڕایەڵی نێوان چێژی سێکسیی و ساغلەمیی تاک، هەمیشە تەوەری سەرەکیی ئیتیک بووە و، سەبارەت بە کاریگەریی خراپی زێدەڕۆیی لە چێژە سێکسییەکان بەسەر گیان و جەستەوە، باسوخواسگەلی گەرم سازێنراون. ئەوی دەم یۆنانییەکان لەمەڕ کرۆکی ئیتیکیی چێژەکان دەرگەی پەیڤینیان کردەوە، مەبەستیان تووڕهەڵدان و نەفی کردنی ئەم چێژانە نەبوو، بەڵکوو زاڵبوون بەسەر ئەم حەز و ویستانە و جڵەوکردن و ئاڕاستەکردنیان، بە بەرزەئامانجێکی ئیتیکیی ئەژمار دەکرا.(٥) بەدیدی وان، ئیستاتیکا زادەی مەندیی و فەزیڵەتی ئیتیکییە. ئەوە بۆیە مرۆڤی ڕەند و خودان فەزیڵەتیان بە جوان دادەنا، واتە لەنێوان ئیتیک و جوانیدا، ڕایەڵێکی تۆکمەیان ڕادەداشت. یۆنانییەکان، وێڕای دداننان بە ئازادیی کەسیی، پێیان وابوو هەڵبژاردنی ئیتیکیی، لەخۆگری جووڵەیەکی ئیستاتیکیانەیە. لە دیدی یۆنانییەکاندا، مرۆڤی ئازاد و عەقڵمەند کەسێک بوو، پێوەندیی عەقڵانی دەگەڵ خۆیدا چێ بکات و خۆشنوود(endaimania)ی خۆی لەبەرچاو بگرێت. ڕاستییەکەی، مەبەستی فۆکۆ لە تەکنیک و هونەری (چاودێرییکردنی خۆ)، هێماکردنە بۆ ئەم خاڵە دەلال و هەستیارە. وی باوەڕی وایە، لە قەڵەمڕۆی ئیتیکدا چەشنێک لە ئافەراندنی هونەریی(poiesis) بوونی هەیە، کە لە پێناو بەهرەمەندبوون لە ژیانێکی تژی لە بەختەوەریی و ئەوپەڕی چیژوەرگرتن لە جوانیی، کۆمەک بە ئادەمیزاد دەکات.    لە وەها پرۆسەیەکدا، ئادەمیزاد وجوودی خۆی دەخاتە بەر تیرۆژی ڕووناکیی پێودانگە باڵادەستەکانی نێو کایەی هونەری ژیانکردنەوە. هەر لەچێوەی ئەم میتۆد و سیتراتیژییەدایە، بنچینە ئیتیکیی و ئیستاتیکییەکانی وجوود شیاوی ناسینەوە دەبن.

فۆکۆ لە ساڵانی ١٩٨٠ و ١٩٨١دا چەند سیمینارێکی لەژێر ناونیشانی (مێنتاڵێتی و حەقیقەت) لە کۆلێژی (دو فرانس) سازدا. وی لەم سیمینارانەدا، ئەندێشەی فەیلەسووفان و پزیشکانی سەدەی یەکەمی پێش زایین تا سەدەی دووهەمی زایینیی بەرباس دا و، پەرەسەندن و گەشەی تەکنیک و هونەری ژیان(technique of life)ی لە یۆنانی کۆن بەسەر کردەوە و، وای بینی گوایە، مەبەستی یۆنانییەکان لە واژەی (aphrodisia)دا هەرچییەک بووبێ، تاڕادەیەک بۆ ئێمە بە ناڕوونی ماوەتەوە. خۆ هەندێک ئەم واژەیەیان بە (سێکسواڵیتە) وەرگێڕاوە، وەلێ ئەم وەرگێڕانە هەڵگری کێمایەسیی کەلتورییە. ئەوی لە دووتوێی مانای (aphrodisia)دا پەنهانە، مەیلی سێکسیی نییە، بەڵکوو ڕەوتار و چێژی سێکسییە. بە گوتەی فۆکۆ، یۆنانییەکان سیستەمی ئەخلاقیی خۆیانیان بۆ سەرکوت و چەپاندنی چێژە سێکسییەکان وەگەڕ نەخستووە، بەڵکوو بە دووی ئەوەوە بوون ڕەوتارە سێکسییەکان دەگەڵ (کەلتوری خودیی) یانژی (ئەدەبی نەفس)دا لێک گرێ بدەن. ڕاستییەکەی، کەلتوری خودیی (ئەدەبی نەفس)، لەخۆگری کاتیگۆرییەکە، کە یۆنانییەکان پێیان دەگوت (هونەری ژیان). ڕوونە یۆنانییەکان هیچ­کات سەری خۆیانیان بە بابەتێلی چون ژینی پاش مەرگ و ڕۆژی پەسڵان نەدەئێشان، بەڵکوو پتر بیریان لە هونەری ژیانکردن لەم جیهانەدا دەکردەوە. هەر ئەم هونەری ژیانە، دواتر بۆ هونەر و تەکنیکی جڵەوکردنی خود گۆڕا. لە ڕوانگەی یۆنانییەکانەوە، لە سەدەی چوارهەم و پێنجهەمی پێش زاییندا، هونەری ژیان بە هونەرێکی گرنگترەوە گرێ درابوو، ئەویش هونەری بەڕێوەبردنی دەوڵەتەشار بوو. لێ لە ڕۆژگاری ڕەواقییەکان و بەتایبەت لە سەردەمی ''سێنیکا''دا، ئەم هونەرە، بۆ هونەری خۆجڵەوکردن گۆڕا. لە (Alcibiads)ی ئەفلاتوونیشدا هاتووە، چاودێرییکردنی خۆ(لەخۆنۆڕین)، لە پێش بەرێوەبردنی کۆمەڵگەوە دێت. ئەپیکۆرییەکان بۆ هەوەڵێنجار (لە خۆنۆڕین)یان بە ئامانجی هەرە باڵا و سەرەکیی ژیان ئەماژ کرد و، لە پرسی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەیان جوێ کردەوە. لەخۆنۆڕین'' επιμελεια εαυτου''(epimeleia heautou)، دەستەواژەیەکە ئێجگار قووڵ، کە چالاکیی، وردبینیی، چاودێریی، دانایی و هونەر لەخۆ دەگرێت. ڕاستییەکەی، هونەری ژیان، پێبەندی چاودێرییکردنی ژیرانەی خودە. ڕوونە، ئەم چەمکە ڕەهەندی ئۆنتۆلۆجی، ئەپستمۆلۆژی، ئیتیکی و ئیستاتیکیی هەیە.

ئەپیکۆرییەکان پێیان وابوو زانین لەمەڕ چییەتیی گێتی، دەستپێک و ئامانجی (وجوود)، خوداکان، گشتییان لە خزمەت چاودێرییکردن و پاراستن و بەرگرییکردن لە (نەفس)دا دەکاردەبرێن. بە دیدی وان، جۆرە ڕایەڵێک لەنێوان دانایی و پاراستن و بەرگرییکردن لە (نەفس)دا بوونی هەیە و، هۆکاری فێربوونی هونەر و زانستەکانی پەیوەست بە پەیدابوونی گێتی و ئادەمیزاد، ئەوەیە دەستەبەری بەردەوامیی ژیان و بەرگرییکردن لە (نەفس) دەکەن.(٦)

فۆکۆ لە چێوەی گەنگەشەی کارکردی چێژەکان(chresis aphrodision)دا، ڕەوتاری سێکسیی بەرباس دەدات و هێما بۆ ئەوە دەکات، کە وەها ڕەوتارێک، لە قەڵەمڕۆی دەرک و هەڵبژاردنی ئیتیکیدا شیاوی ناسینە. واتە ئەو، کارکردی چێژەکانی لە پێوەندییدا بە چوار تەوەری ئەزموونییەوە(لە پێوەندیدا بە جەستەوە، لە پێوەندیدا بە هاوسەرەوە، لە پێوەندیدا بە منداڵانەوە و لە پێوندیدا بە حەقیقەتەوە) شرۆڤە کردووە. لە بەرگی (مێژووی سێکسواڵیتە؛ لێ نۆڕین لەخۆ)، کارکردی چێژەکان لە پێوەندییدا بە پرسی (خۆجڵەوکردن) لە سیاقی تێکستە یۆنانیی و لاتینییەکانی سەدەکانی یەکەم و دووهەمی زاییندا، لێکدراوەتەوە و، گۆڕانکاریی ڕوانین لە هونەری ژیان، بەپوختیی شرۆڤەکراوە.

فۆکۆ لە بەرگی چوارهەم، واتە لە (ددانپێدانانەکانی جەستە)دا، ئەزموونە جەستەیییەکان لە سەدە بەرایییەکانی باڵادەستبوونی مەسیحییەتدا، بەسەر دەکاتەوە و، ڕۆڵی هێرمنۆتیک یانژی (لێکدانەوە) بەرباس دەدات و، ڕۆڵی پرۆسێسی (پاکژکردنەوە) و (پاڵفتەکردن) لە ئاشكراکردنی مەیلە ناوەکییەکان، هەڵدەسەنگێنێت: ''جیاوازیی سەرەکیی لەنێوان هونەری (خۆجڵەوکردن) لە کەلتوری یۆنان و ڕۆمادا لەگەڵ (تەڵەکەبازی)یە باوەکانی نێو کەلتوری کریستیانی ئەوەیە، لە دووهەمیاندا (مەیل) و (خواستن) بەر تیرۆژی باس و لێکدانەوە دەدرێن، لەکاتێکدا لە کەلتوری یۆناندا، (ڕەوتار) و (چێژ)ی سێکسیی دەبن بە بابەتی لێکدانەوە.''

ڕاستییەکەی لە شێوازە مەسیحییەکەدا، بەهیچ کلۆجێک ڕەوتار و چێژ بە هێند وەرنەدەگیران، بەڵکوو مەیل و خواستن دەبوون بە بابەتی گوتار.

پوختەی قسان، توێژینەوەی پەیوەست بە مێژووی سێکسواڵیتە، سەرچاوەی ئیتیکیی سێکسیی مۆدێرن دەباتەوە سەردەمانی زوو. ڕوونە، سەرهەڵدانی مەسیحییەت لە ئەورووپادا، گرنگییەکی تایبەتیی هەیە، ئاخر ئەم ئایینە پێوندیی نێوان ئادەمیزاد و چالاکییە سێکسییەکانی گۆڕی و پێوەندییەکی تازەی لەنێوان سێکسواڵیتە و مێناتاڵێتیدا چێ کرد، کە شێلگیرانە پێداگریی لەسەر زاڵبوون بەسەر خۆدا لەڕێگەی (هێرمنۆتیکی خودیی)ەوە دەکرد. لە ئایینی مەسیحیدا، پێوەندییەکی نوێ لەنێوان سێکسواڵیتە، مێناتاڵێتی و حەقیقەت بەرقەراربوو و ئەم پێوەندییە، ناسنامەی بە مرۆڤەکان بەخشی. لەو سەروەختەوە تا هەنووکە، ڕۆژ دوای ڕۆژ کاریگەریی ئەم تێگەییشتنە بەسەر کەلتوری خۆرئاواوە پتر بووە و، لە دەمی ئێستاشدا، میتۆدەکانی لێکدانەوە لە کانیاوەکانی ئەو تێگەییشتنە تێراو دەبن. بۆ نموونە، هونەر و فرت­وفێڵی ددانپێدانان و درکاندن، کە دیاری سەردەمی مەسیحییەتە، لە ئێستاشدا ڕۆڵێکی گرنگ وازی دەکات.

هەرچەندە پەرتووکی (مێژووی سێکسواڵیتە)، چالاکی و چێژە سێکسییەکان وەک دۆزێکی فەلسەفیی_مێژوویی بەرباس دەدات، لەگەڵ ئەمەشدا، نابێت لە ئاست کاریگەریی و لێکەوتەکانی لێکدانەوەکانی فۆکۆ لە بوارەکانی سیاسەت و دەسەڵات لە کۆمەڵگە خۆرئاواییەکاندا، بێئاگا بین.(٧)

              

 

 

 

 

 

 

 

 

پەراوێزەکان:

       

1. Merquior. Foucault. London: Collins, 1985. P 137.

2. ''The Subject and Power'' afterword (1982) to Beyond Structuralism and Hermeneutic. P 208_209.

3. Michel Foucault. The Use of pleasure: History of Sexuality, Volume 2 New York: Vintage Books. 1990. P 33_38.

4. Hubert Dreyfus and Paul Rabinow. Michel Foucault: Beyond Structuralism and Hermeneutic. P 237.

5. Ibid. p 238.

6. Ibid. p 243_244.

7. Barry Smart. Michel Foucault. London: Routledge, 1985. P 117.