A+    A-
(1,164) جار خوێندراوەتەوە

          "ڕەخنە لە عەقڵی ژۆرناڵیستی"

کامێرا شاراوە" ئاشکراکەی" NRT وەک نمونە

 

 

 

ڕوشدى جەعفەر

 

 

 

 

کامێرای شاراوە تەنیا کەرەستەیەکی میدیایی نییە، بەڵکو ئەمنی و خۆپارێزیشە و  لە بەرنامە سەرگەمکەرەکان و بەناو "تاقیکردنەوە کۆمەڵایەتییەکان"یشدا بەکاردێت؛ گواستنەوەی کامێرا لە شەقامەکانەوە بۆ یانە شەوانەکان و ناو تاکسی و هتد، تەنیا گواستنەوەیەکی شوێنمەدانە و جێگۆڕکێیەک نییە، بەڵکو ئاماژەیە بۆ جیهانبینی دید-سەنتەر و هەمەبینی ئیلاهی و بگرە بەکردەیی کۆنەپارێزانەی ژۆرناڵیزم. پرسیارەکە ئەوەیە کاتێک کەناڵێکی تەلەفزیۆنی (و هاوکات مەجازیيش) لەڕێی کامێرای نەهێنیەوە دەست بۆ کۆمەڵێک پنتی "گوایە" قەدەغە و شاراوە و نادیار دەبات، ئایا بەڕاست ئەم کامێرایە چی نیشاندەدات و چ پێگەیەکی ڕەمزی داگیر دەکات؟ یان ئاخۆ ئەم "تاسەیە بۆ قەدەغەکراوەکان" لەکوێوە هەڵدەقوڵێت؟  لەئێستادا کە چیدی تەلەفزیۆن ڕۆڵە نەریتییەکەی وەک خۆی نەماوەتەوە، بۆنمونە جاران تەلەفزیۆن لە جۆرە دەسەڵاتێکی قسەکەری سەنتڕاڵ بەهرەمەندبوو، و بینەرەکانی نەیاندەتوانی بەشدارییەکی ئەکتیڤی تێدا بکەن، بەڵام لە ئێستادا کە هەر تەلەفزیۆنە و بگرە پڕۆگرام و ژۆرناڵیستەش پەڕەی خۆی هەیە، بینەرە مەجازیەکەی سۆشیاڵ میدیا کەڵکەلەی تری تێخستووە؛ هەم میدیا خواست و چاوەڕوانی بۆ بینەران درووستدەکات، هەم بەپێی چاوەڕوانی بینەران و گەمەکردن لەگەڵ دیوە ئاگایانە و نەستەکەییەکانیشیاندا دەجوڵێتەوه. هەڵبەت ئەم خاڵە لە سیاقە کوردییەکەدا نەک هەر مانایەکی پۆزەتیڤی نییە بەڵکو زۆریش نەرێنی شکاوەتەوە، بەحوکمی ئەوەی سەرنج و کۆمێنتەکانی بەکارهێنەرەکان لەنێوان "جوێن" و "کۆنەپارێزی"دا دەسوڕێنەوە. هەر بۆیە دەبێت لێرەدا سەرنج تەنیا لەسەر فۆرم و میدیۆمەکە چڕکەینەوە نەک ناوەڕۆک و پەیامەکە؛ بگرە بەرهەمهێنەرەکان خۆیشیان زیاتر  بە تەنگ ژمارەی "ڕیاکت و بینین  و کۆمێنت"ەوەن؛ گرەوی ژۆرناڵیزم سەرەنجام لەسەر بەچەندێتیکردنی دونیایه.

ئەو شتانەی گوایە ئەم کامێرا نەهێنییانە "کەشفیکردوون"   یان کەشفیان دەکات خۆیان   لەبنەڕەتەوە شاراوە نەبوون و نین. بەڵام چی وادەکات وادەرکەوێت کە شتێک کەشفکراوە؟ لێرەدا دەبێت جیاوازییەک بکەین لە نێوان ئەو شتانەی هەمووان وەک تاکەکەس دەیزانن و ئەو شتەی ئەویتری گەورەی کۆمەڵگا دەیزانێت. ئەو شتەی وادەکات باسکردنی شتێک لە میدیا جیاوازتر و کاریگەرتر بێت لەوەی هەر کەسە و لای خۆیەوە بیزانێت، ئەو پێگە ڕەمزیەیە کە ژۆرناڵیزم داگیری کردووە؛ دانپیانان لەلایەن ژۆرناڵیزمەوە، ناساندنێکی دەستەجەمعییە، ئاگادارکردنەوەی ئەویتری گەورەیە. وێڕای ئەوەش، فزووڵی و لاپرەسەنیی خەڵکییش ڕۆڵی هەیە: ئەوەی لای خەڵک گرنگە ئەوەیه "کێ" "چی" کردووە، نەک گشتێتی باردۆخەکه و ڕەگوڕیشە مێژووییەکانی و  شرۆڤەی تیۆری و هتد. ئەمەش شتێکە دەتوانین پێی بڵێین "فریوی ناوی تایبەت"، ئەم فریوەش هەندێجار دەگاتە ڕادەیەکی تراژیکۆمیدی: بۆنمونە کاتێک پێشکەشکاری تیڤییەک گوایە قسەیەکی ئاوا لە بەرپرسێک دەردەکێشێت: بەڵێ ئێمە گەندەڵیمان هەیە. ئەم وتەیە وا لێکدەداتەوە و لێکدەرێتەوە وەک بڵێی ئەوە تازە بەتازە زانیویانە "گەندەڵی" هەیە، دیارە ئەو کەسە لێرەدا فریوی ناوی تایبەتی خواردووە، مەسەلەی ناوبانگ و هتدیش دیسان پێچخواردنەوەی ناوی تایبەتن له دەوری منەت یان قەرزێکی ڕەمزیدا. 

گەرچی هەمیشە نەسازانێک لەنێوان لۆکاڵ و گڵۆباڵدا دەمێنێتەوە، بەڵام وەک نمونەیەکی جیهانی دەتوانین ئاماژە بۆ ویکیلیکس بکەین، لەپەیوەند بەو شتانەی پێشوەخت دەیزانین. سلاڤۆی ژیژەک کە تاوەکو ئێستاش بێ وچان پاڵپشتی لە ژولیان ئەسانج دەکات، پێیوایە ئەو بانگەشە لیبڕاڵەی ویکیلیکس بۆ "ژۆرناڵیزمی پشکنەرانە" کورتدەکاتەوە هەڵەیە: "لەڕاستیدا ئێمە هیچ شتێکی نوێ لە ویکلیکیسەوە فێرنەبووین. ژولیان وەک ئەو مناڵە وایە کە دەڵێت ئیمپڕاتۆر ڕووتە- تا ئەوکاتەی مناڵەکە وای نەوتبوو، هەمووان وایان دەنواند کە ئیمپڕاتۆر ڕووت نییە... ژولیان ئەم واخۆدەرخستنە دادەماڵێت. هەموو دەسەڵاتێک دووڕووانەیە، هەر کاتێکیش دووڕوویەتییەکەی ئاشکرا بکرێت ڕوویەکی بەرگەنەگیراو و نالێبودە بەخۆوە دەگرێت"[1].

بێگومان خاڵەکە لێرەدا بریتی نییە لە بەراوردکردن، لانیکەم لەبەر ئەوەی ویکیلیکس پێگەیەکی تێکدەر و ڕادیکاڵی بەخۆوە گرت، بەپێچەوانەوەی ژۆرناڵیزمی کوردی کە یان لە کۆنەپارێزیی کەلتوریدا ڕۆچووە یان  لە کۆنەپارێزیی سیاسی. بەڵکو پرسەکە ئەوەیە نەک تەنیا ئەو شتەی پێی دەوترێت ژۆرناڵیزمی پشکنەرانە بەڵکو کۆی کایەکە لەسەر گەمەی دەرخستن/شاردنەوە یان زێدەدەرخستن بەندە، ئەمەش نەک لەبەر ئەوەی هەڵگری پەیامێک بێت، بەڵکو خودی میدیۆم و فۆرمەکەی لەسەر دەرخستن و وادەرخستن دەژی

ئەگەرچی درووشمی ژۆرناڵیزم بریتییە لە گەیاندنی واقیع وەک خۆی، بەڵام لەڕاستيیدا ئەم درووشمە ڕیاڵیستییە بەهەڵەدابەرە. گەیاندنی واقیع وەک خۆی دەکرێت لە بەرژەوەندی درۆیەکی بونیادی بشکێتەوە نەک ڕاستی؛ بەوپێیەی دەکرێت لە چەند گۆشەیەکی جیاواز و دژبەرەوە لە هەر دیاردەیەک نزیکبینەوە، ئەمە مانای ئەوە ناگەیەنێت هەموو گۆشەنیگاکان هاوتا و هاوشانی یەکترن. <<درۆ هەرە کاراکان، درۆگەلێکن لەگەڵ حەقیقەتدا، ئەو درۆیانەی تەنیا داتای فاکتواڵ بەرهەمدێنن. یان مێژووی وڵاتێک وەربگرە: کەسێک دەکرێت لە گۆشەنیگایەکی سیاسییەوە بیگێڕێتەوە (تەرکیز بخاتە سەر هەڵبەزودابەزه پێشبینینەکراو و بێ جڵەوەکانی دەسەڵاتی سیاسی)، لە ڕووی پێشکەوتنی ئابورییەوە، له ڕووی ململانێ ئایدیۆلۆژییەکانەوە یان له ڕووی ناڕەزایەتی و چارەڕەشییە جەماوەرییەکانەوە… دەکرێت هەر کامێک لەم شێواز و گۆشەنیگایانە لە ڕووی فاکتواڵەوە شیاو بێت، بەڵام هەر کامێکیان بە هەمان مانای جەختلێکراوە "ڕاست" نین.  هیچ شتێکی ڕێژەگەرا لەو فاکتەدا نییە کە مێژووی مرۆیی هەمیشە له گۆشەنیگایەکی دیاریکراوەوە دەگێڕدرێتەوە، لەڕێگەی کۆمەڵێک خولیا [و باوەڕی] ئایدیۆلۆژیی دیاریکراویشەوە ڕادەگیرێت. شتە قورسەکە ئەوەیە نیشانیبدەین چۆنچۆنی هەندێک لەم گۆشەنیگا مەبەستدار و لایەنگیرانە سەرەنجام بە هەمان ڕادە ڕاست نین- هەندێکیان "ڕاستتر"ن لە هەندێکی تر[2].

ئەگەر بەکۆنکێتتر بدوێن، خاڵەکە بریتییە لەوەی ژۆرناڵیزم لە کۆمەڵگای کوردیدا، وێڕای ئەو ڕۆڵە نیمچەئەرێنییەی کە لەسەرەتادا بەڕێکەوت گێڕاوێتی، گۆشەنیگایەک نیە لە خزمەت تێگەیشتن و قووڵبوونەوە لە کێشەکان بێت، گۆشەنیگای ژۆرناڵیستی بەپێی کۆمەڵێک مەرامی بونیادی دەزگایی -کە لە تاک تاک ژۆرناڵیستەکان خۆیان تێدەپەڕێت- دەجوڵێتەوە. هەر لێرەوە ئەو شتەی لەو بڕگە وەرگیراوەی سەرەوەودا، ژیژەک پێی دەڵێت درۆکردن لەگەڵ حەقیقەتدا، مانای ئەوە دەگەیەنێت درۆکردنەکە دەکرێت شتێکی دەرەکی و ئۆبێکتیڤ بکەوێتەوە؛ ڕیزکردنی کۆمەڵێک لەتە داتا و بەشە زانیاری لەتەنیشت یەکترەوە بەبێ ئەوەی هێڵێکی لۆژیکی گشتبین بەیەکترەوە گرێیان بدات؛ خۆدانەدەست عەقڵی باو و واخۆدەرخستن بە شوناسپارێز و وڵاتپارێز و دینپارێز و هتد؛ داماڵینی دیوە سوبێکتیڤیەکە لە پرسەکان و خۆگرێدان بە بێ لایەنی و بابەتیبوونێکی گریمانکراو. بەکورتی، پرسەکە تەنیا بریتی نییە لە داتای ئامادەکراو، بەڵکو چۆنیەتی مامەڵەکردنە لەگەڵ داتاکە، لە چ گۆشەنیگایەک و بە چ مەبەستێکەوە. دەکرێت داتایەک ڕاست بێت، بەڵام شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵیدا بەجۆرێکی وا هەڵەیە کە ڕاستییەکە دەخاتە خزمەتی درۆوە. ئەمەش یەکێکە لە گرفتە سەرەکییەکنی ئێمە : چۆن بەناوی فاکت/حەقیقەتەوە درۆ دەکرێت؟ (دیسان نەک درۆیەکی ئاگایانە بەڵکو بونیادی و پێگەیی).

ئەم بەرخوردەی کەناڵەکە (وەک نمونەیەک بۆ کۆی فەزای ژۆناڵیستی لە دونیای ئێمەدا) لەگەڵ کێشەکاندا، سەردەکێشت بۆ ئەۆ شتەی دەتوانین پێی بڵێین "لەکێشەخستنی کێشە"، واتە دەستبردنی بۆ کێشەکە هێندە ناعەقڵانی و ناواقیعییە کە لەباشترین حاڵەتدا دەیکاتە هەواڵێکی ڕاگوزەری سەرنج ڕاکێش یان ڕاپۆرتێکی پڕبینەر. خۆفریودان تاکە بەرهەمی ئەم جۆرە عەقڵیەتەیە. بەڵام بە چ مانایەک؟ بەو مانایەی ئەم مامەڵە ئەخلاقگەرا خۆکوێرکەرە لەگەڵ دیاردە و کێشەکاندا، ڕێگرە لەبەدەم خودئاگایی و بەخۆهاتنەوەی تاکەکەسی و دەستەکۆیی. بە گوزارشتێکی تر، لەجیاتی ئەوەی فۆکەسەکە بخرێتە سەر ئەوەی چی وادەکات ساحێب تاکسییەک (مادام یەک لە ڕاپۆرتەکان لەو بارەوە بوو) هەوڵی نزیکبوونەوە لە کچەکان بدات، واتە لەجیاتیی ئەوەی ئەمە وەک نمونەیەک بۆ "کێشەی سێکس" سەیربکرێت، کەچی بۆ کۆمەڵێک مەرامی دینی و میدیایی دەقۆزرێتەوه. سەرەنجامیش، ئەگەر کەسێک خۆی فریونەدات، ئەوەی لەم ڤیدیۆ تۆمارکراوەدا دەیبینێت،  ئەو شتە نییە کە میدیاکە بۆی ئاڕاستە دەکات. ڕوونتر، لێرەدا مەسەلەکە بەر لەوەی "گێچەڵی سێکسی"بێت، وەکئەوەی کەناڵەکە وەعزی بۆ دەدات، بریتییە لە  کێشەی کەپتی جنسی و هتد. ئەمەش وادەکات ئاوەڵناوی سەیروسەمەرەی "میدیای ئازاد" بێمانا بکەوێتەوە، بەوپێیەی لە زەینی کوردیدا دونیا بۆ حیزبی و ناحیزبی دابەشکراوە-کە بەشێک لە ڕۆنشنیرانیش بەتایبەت ڕەهەندییەکان برەویان بەمە داوە-  لەکاتێکدا ئەم ئازادییە بۆ داپۆشینی نائازادییەکی بونیادییە

لە پەیوەند بە کۆنتێکستە کوردییەکەوە، لۆژیکی کامێرای شاراوە هەمان لۆژیکی ئابڕوبردن و دەستهەڵماڵین و بگرە ئەتککردنیشە. لاپرەسەنیی خەڵکیش لێرەدا، فزووڵی نییە بۆ ڕاستی بەڵکو دەستوپەنجە نەرمکردنە لەگەڵ فەنتازیا شەرمهێنەکانی خۆیاندا. بگرە خودی فەزا مەجازییەکە شوێنگەی فەنتازیاکردن و ئارەزووکردنە، "جوێن"یش بەدیوێکدا لێکەوتی هاوتەنیشتیی ئارەزووەکان و نزیکیی فەنتازیاکانە لە یەکترەوە، بەجۆرێک ئەو مەودایە هەڵدەگیرێت وا سوبێکتە پاتۆلۆژیک و نەخۆشانەکان لەیەکتر جیادەکاتەوە، ئەمەش هەموو لایەک دەکاتە "دراوسێ" و ئیمکانی خۆخاڵیکردنەوەش لەو تراومایەی نزیکیی ئەویتر درووستیکردوە دەڕەخسێنێت.  "لەڕووی سایکۆلۆژییەوە ژۆرنالیزم ئەو کایەیه کە حەزدەکات وا خۆی دەربخات ئاگای لە هەموو شتە. ئامادەبوونی هاوکات لە هەموو جێیەک، دەرووندروستیی ژۆرنالیزم ڕادەگرێت. "ئاگادارنەبوون" خراپترین تۆمەتە کە ڕەوانەی ژۆرنالیزم  بکرێت"[3].

لێرەوە هیچ کەشف و دەرخستنێک لە ژۆرنالیزم خۆبەخۆ ڕادیکاڵ نییە، چونکە خودی کایەکە لەسەر دەرخستن و ئاگاداری داڕێژراوە، وێڕای ئەوەی پەرە بە جیهانبینییەکی دیاریکراو و زۆرجار سەرکوتکەر دەدات، و وەزیفەیەکی ئایدیۆلۆژی/سەفسەتەیی بۆ دەسەڵات دەگێڕێت؛ ئیدی هی دەوڵەت بێت یان نەریت. ئەمەش بەر لەوەی لەسەر خواستی کەسیانەی ژۆرناڵیستەکان خۆیان بەند بێت، شتێکی دەزگایی و سەرووکەسییە و لە بونیادی پیشە و عەقڵیەتەکەدا هەڵژەنراوە.

ئاشکراکردنی ئاشکراکراو لە ژۆرناڵیزمدا پەیوەستە بە گەمەیەکی تریشەوە. <<... ئەمە ڕێک پێچەوانەی ئەو تێزەیە کە گوایا ژۆرنالیزم شت لەسەر ئاشکرادەکات، لەکاتێکدا کە ژۆرناڵیزم پێویستی بەوەشە ئەو دۆخە وەک خۆی بهێڵێتەوه کە شتێک بە نادیاری هەر دەمێنێتەوە.  ئەم نادیارییە بە مانای ئاگادارنەبوون نیه بەڵکو بە مانای هێشتنەوەی بەئەنقەستی نادیارییەکە کە بۆ بەرەوامبوونی یارییەکە پێویسته[4]).

لە حاڵەتی کامێرای شاراوەشدا دیسان کۆمەڵێک سانسۆر و مۆنتاژ و هتد تێدەکەوێت، تا هەم شوناسی هەواڵگرەکان ئاشکرا نەبێت و هەم حەکایەتەکه بەو جۆرە فامبکرێت کە دەخوازرێت. وەک بڵێی بەم جۆرە ئەو چاوەڕوانییە لا بینەران دەسازێنێت کە ئەوەی کەشفکراوە کۆی گەمەکە نییە و چاوەڕێی زیاتر بن، بەم جۆرەش بینەران دەبنە دوعاگۆی دەسەڵاتێکی نیمچە تیۆلۆژی و ئیلاهی.  خەونی ژۆرناڵیزم بریتیە لەوەی دونیا، بەتایبەت دونیا شەخسییەکەی مرۆڤەکان، بکاتە کەرەستەیەکی میدیایی، "میدیاکان لەبەرامبەر یەکتر و بەرامبەر جیهانیشدا دەیانەوێت لەپێناو هەواڵدا، جیهان بگۆڕن بۆ کامێرایەکی گەورەی شاراوە"[5]

سەرەنجامیش، بەشێوەیەکی پارادۆکسانە، ئەم کامێرا نەهێنییە زەقترین نیشانەیە بۆ ناشەفافیەتی جیهانی ئێمە نەک ئەوەی نمونەیەک بێت بۆ ڕوونکردنەوە و دەرخستن، یاخود ئایا لە ستەمی داپۆشینەوە بەرەو ستەمی دەرخستن دەڕۆینەپێش؟

 

 

 

 

 

سەرچاوەکان:


[1] https://www.theguardian.com/culture/2011/jul/15/slavoj-zizek-interview-life-writing

[2]  مەرگی حەقیقەت"، سلاڤۆی ژیژەک, لەم لینکەوە:

https://negativegroup.org/item.php?id=387 

[3] . کێشەی ژۆرنالیزم، وەلید عومەر، لا ٨٢-٨٣

[4] . هەمان سەرچاوە لا ٨٦

[5] . هەمان سەرچاوە لا ٩٣