A+    A-
(922) جار خوێندراوەتەوە

                  "داواى لێبوردن" و تراوماکانى لاى کورد

 

 

 

 

 

 

وەلید عومەر

 

 

 

 

دوایین هەواڵەکان لەسەر دانیشتنى سەرۆکانى پارتى و یەکێتى(یان بەدیاریکراوتر دوو کەسى ناو حیزب), دیسان هەواڵى ترى خستەوە. هەواڵى ئەوەى بۆ جارى سێیەم و هتد, دانیشتنى ئەم دوو کەسە نوشوستیهێنا. ئەم هەواڵە هەر کراوەیە و پێدەچێت شتى ترى بەدوادا بێت. بەڵام ئەوەى لە سۆنگەى فیکرەوە نرخى هەیە, وەرگرتنى کۆى دۆخەکەیە و بەستنەوەیەتى بە پرسى لێبوردەیی و ئاڵۆزییەکانیەوە لە دونیاى ئێمەدا.

سەیر نیە میدیاکانى هەردوولا, یەک شت دەڵێن بەڵام یەک شتیان مەبەست نیە و مەبەستەکە ژوورتر دەڕوات. بۆنمونە[1], لایەکیان دەڵێت ئێمە هەمووکات ئاشتیی کۆمەڵایەتى بە هەند وەردەگرین و نامانەوێت زیان و گەزەن بەر خەڵک بکەوێت. ئەولاى تریش, شەڕى هەمان "دەربڕین" دەکات و دەڵێت, خۆ ئێمەش قەت نەمانویستووە ئاشتیی کۆمەڵایەتى بکەوێتە مەترسییەوە و ببڕاى‌ببڕ لەو مەسەلەیە دوودڵ نین. ئەم دوو هەڵوێستە لەڕواڵەتدا کۆپى و قۆپیی یەکترن, بەڵام لەزیمندا هێجگار دوور و پەڕگیرن. گەرچى هەردوولا جەخت لەسەر ئاشتیی کۆمەڵایەتى دەکەنەوە, بەڵام ئەم دەستەواژەیە دەستەواژەیەکى بەتاڵە و تراوما و ناواخنە جەوهەرییەکەى لە جێیەکى تردا نوستووە کە هەر لەپێوەند بەم مەسەلەیەوە ناونراوە "داواى لێبوردن". داواى لێبوردن کراوەتە تێما و بیانوویەک بۆ دوورییەکە, گەرچى مەرامەکە لە چاوى هەموانەوە وەک نزیکبوونەوە پیشاندەدرێت.

"داواى لێبوردن" بۆ مرۆى کورد, زرینگەیەکى تراومایی زۆرتر لەوەى هەیە کە چاوەڕێدەکرێت. ڕەنگە لاى هەندێ کەلتورى ژیاندۆست, سرووتێکى چەندبارە و ڕۆژانەیی بێت و هەژینێکى ئەوتۆشى تیا نەبێت, بەڵام بۆ سایکۆلۆژیاى مرۆى کورد بارێکى قورسترە. گەر بۆ کەلتورێکى تر, کردەیەکى کۆمەڵایەتى و ئاکاریی زووتێپەڕ بێت ئەوا بۆ کوردێک ڕوویەکى وجودیی هەیە و پێى‌وایە سەرتاپاى بوونى خۆى خستووەتە گرەوەوە. وشەکە بۆ کورد خەسینێکى ناوەکى بیردێنێتەوە کە ئەوەى بەیەکەوەى ناوە لەناودەچێت. بۆنمونە سیاسییەک بە یەک "داواى لێبوردن", کۆى ڕابردووى خۆى لە فەوتان نێزیکدەکاتەوە. بەڵام ئاخۆ مەسەلەکە هەر ڕابردووە؟

کورد زۆرجار بە "ئەشقیا" وەسفکراوە, بە یاخى و ملهووڕ و خزیلک. گەر ئەم سیفەتە درووست بێت, ئەوا دەریدەخات ئێمە "ڕابردوو"مان بە واتا مێژووییە خەسڵەتدارەکەى نیە. ڕابردوو کاتێک ڕابردووە کە تێپەڕین و خۆتێپەڕاندن هەبێت, بڕین و پچڕان هەبێت, کەڵەکەى چەندایەتى و وەبەرهاتنى چۆنایەتى لەگۆڕێدا بێت. بەڵام لاى ئێمە بەگشتى ئەوەى هەیە چوارچێوەیەکى زەمەنى و مەدەنى و خۆناسینمان نیە, و تاکە ڕەهەندى ڕەق هەر ڕقە. مێژوو خۆى هەڵگرى ڕەقى و جەبرە, بەڵام لاى ئێمە مێژوو لەو ئاستەدا نیە لەو شلى و بێ‌فۆرمییەى خۆى دەرچێت و قۆناغبەندى و شوناسبەندى بۆ ڕابردووى خۆى درووستبکات. ئەمە لە پرسى هەڵکردن و لێبوردەییشدا دەرکەوتووەتەوە و ئێمە هێشتا نەپەڕیوینەتەوە بۆ تۆلێرانس کە تەنیا لە ناوکۆیی مێژووى خۆرئاوادا ماناى هەیە. لێبوردن بەو فۆرمەى لێرە باسدەکرێت, چاپێکى لۆکاڵییە و بارگاوییە بە زۆر تراوماى کەلتورى و پاتۆلۆژى و نەخۆشانە و هەستیار. لێبوردن لێرە لەپێناوى لێبوردندا نیە و بۆ ڕاگرتنى جەمسەرەکەى تریەتى کە ڕقە. ڕق لێرەدا تەنیا هەستێکى دەروونى نیە, بەڵکو سەمپتۆمە بۆ نەبوونى ڕابردوو بە واتا مێژووییە شارستانییەکەى. ڕق ناوێکە بۆ تراومایەک کە ڕەمزاندنى ئاسان نیە و لە حیزبایەتی‌دا دیوە پەتییەکەى خۆى ئەزمووندەکات. لەم ڕووەوە سێ خاڵى سەرەکى لەئارادایە بەم باسەوە:

١)  "داواى لێبوردن", هێشتا پەیوەندییەکى ڕاستەوانەى بە ماهیەتى "لێبوردن"ـەوە نیە و پتر ڕیزکردنى پاکانەحسێبەکانە. جۆرێک لە قەرزوقۆڵەیە بۆ ئەمڕۆ و سبەى. گۆڕینەوەى کارتى یەدەک و دانانێتى بۆ ئەو نامسۆگەرییەى لە جوگرافیا و مێژوو و هەلومەرجى کورددا هەیە. سادەتر بیڵێین, ئەوەى داواى لێبوردن دەکات وەک بەزیوێک سەیردەکرێت و قەرزێک دەداتەوە. ئەم قەرزانەش لاى ئێمە ڕێک پەیوەندیی بە تۆمەتى خیانەتەوە هەیە کە دەینێن بەیەکترەوە. ئەمەش بەشێوەیەکى هێور و ناسک سەردەکێشێت بۆ خاڵى دواتر:

٢) "داواى لێبوردن" دیسان ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە ماهیەتى "لێبوردن"ـەوە نیە, چونکە لێبوردن بەشێوەیەکى کرۆکدار(ماهوى) بەستراوەتەوە بە تێپەڕاندنى دۆخى ڕق و بەربەرەکانێوە. واتە لێبوردن کاتێک لێبوردنە کە ئەو ساتە جێبهێڵێت و بپەڕێتەوە بۆ ساتێکى تر و جۆرێک لە فەرامۆشکردنیش بێنێتەئاراوە. بەڵام لێبوردنى ناو کورد تێکڕا, پەیوەندییەکى جەوهەری و ئۆرگانیی بە تێپەڕاندن و لەبیربردنەوەوە نیە و مێژوو ئیشێکى ئەوتۆى تیا ناکات. بەم پێیە, حیزبى کوردى مەبەستى ئەوە نیە لەبەرامبەرەکەى ببورێت بەڵکو پارێزێک بۆ داهاتووى خۆى ئامادەدەکات نەکو بکەوێتەوە ناو تەڵەیەکى تاریخییەوە و لەکەى ناپاکیی پێوە بنرێتەوە. بیرنەچوونەوە وادەکات ڕابردوو درووستنەبێت و دەستەواژەیەکى وەک "داواى لێبوردن"یش هەموو شتێک بێت جگە لە لێبوردن. 

٣) پێشتر سەرکردەکانى حیزب لێبوردەییەکى "بەزۆر بەیەکەوەنراو"یان جێهێشتووە, جۆرێک لە "بەرنەکەوتن بە لێبوردن", جۆرێک لە چەپاندنى ئاگایانە و نائاگایانەى لێبوردن. بۆیە ئەمڕۆ هەر دەبێت ئەم چەپێنراوە بگەڕێتەوە و سیاسییە گەنجەکان وەک چرکەى چەپێنراو شەڕەکە و ڕقەکە بەڕووماندا بدەنەوە. ئەوەى پێشتر هەبووە ڕاییکردن و چاونوقاندن بووە لە ئاست یەکتردا, بۆیە ئەمڕۆ ئەم چاوە دەکرێتەوە و نالێبوردەییەکە کۆى ڕابردووش بارگاویدەکات بە خۆى. دیارە مەسەلەکە یەک سیاسى و دوو سیاسى نەبووە و لەئێستاشدا یەک سیاسى و دوو سیاسى نیە, بەڵکو زەقبوونەوەى کەلتورێکە لە پنتێک و جومگەیەکدا کە ئەم سیاسییانە دەینوێننەوە.

سەرەنجام تێدەگەین لێبوردەیی(لە مانا خۆجێى و مۆدێرنە خۆرئاواییەکەشیدا), پەیامێکى تایبەتى هەڵگرتووە. پەیامێک کە ڕێدەدات ئەویتر(the other), بەناو مێژوودا تێپەڕێت و مێژووش هەمیسان بەناو ئەودا تێپەڕێت. ئەویتر و مێژوو دەبنە بەشێک لە پرۆسەیەکى دیالەکتیکى کە ڕقەکانیش وەک تراوما قابیلى تێپەڕاندنن. بەڵام ئەمە ئەودەم بەشێوەیەکى ساغڵەم دەڕەخسێت کە ئێمە مێژوومان وەک حەکایەتێکى گشتى و گەورە هەبێت و شتەکان لەناو مێژوودا بڕسکێن و تێپەڕن و گەشەى سرووشتى ببڕن. ئەمەش کەى ڕوودەدات یان گەر ئێستا لەناویداین, پرسیار و گومانێکە و گرەوى تۆکمەى لەسەر ناکرێت. گرەوەکە هێشتاش ناوەکى و دیالەکتیکى نیە, بەڵکو دەرەکى و میکانیکییە و لەدەرەوەى کورد خۆیەوە دەسەپێنرێت.     

 

 

 

 


[1] . یەک لە نمونەکان سایتى ڕووداو و گەلى کوردستانە.