A+    A-
(1,334) جار خوێندراوەتەوە

کورد: پرۆمیسیۆسی ڕۆژهەڵات

ناساندنێک بۆ کتێبى «کوردناسی»[1]

 

 

 

شێروان ئیبراهیم

 

 

 

 

کتێبی «کوردناسی»[2]، لێکۆڵینەوەیەکە بۆ ناسین و تێگەیشتن لە شوناسی کورد و ڕەخنەکردنی ڕوانینی ئەویتری باڵادەستی ئێرانی دەربارەی کورد. یەکێک لەو کێشانەی دێتەپێش هەر لێکۆڵەرێک بۆ ناسینی کورد، ئەوەیە کورد نەتەوەیەکی بێ‌تێکستە، کورد و بزووتنەوە کوردییەکان لەمێژوودا بێزمان بوون. بزووتنەوەی کوردی بزووتنەوەیەکی کردەیی بووە نەوەک ئەندێشەیی، بەو مانایە کورد بوونێکە لە جیهاندا، نەوەک بوونێکی بیرکەرەوە لە جیهان. بەمەش کورد و بزووتنەوە سیاسییەکانی هەر لە سەرەتاوە لەڕێگەی زمان و ئایدیۆلۆژیا و هێماسازیی ئەویترەوە ناسێنراوە. بۆ ناسینی کورد و واتابەخشین بە بزووتنەوە بێدەنگەکانی، ناچارین لەڕێگەی خوێندنەوە و ڕەخنەکردنی گوتاری ئەویترەوە، کورد و بزووتنەوەکانی بناسین، لەڕێگەی لادانی تەپوتۆزی ئایدۆلۆژی و هێماسازیی ئەویترەوە کورد بناسین و بزووتنەوە بێدەنگەکانی کورد بهێنینە زمان.

پرسی کورد پرسێکی دیالەکتیکییە لەنێوان مێژوویی و بێ‌مێژوویی، چاکە و خراپە، ئەهورامەزدا و ئەهریمەن، ڕەوایەتی و گرێبەستی زەمینی و ڕەوایەتی میتافیزیکی و مافی خودایی. ئەنتاگۆنیزمی ئێرانی لەگەڵ ئەویتری ئێرانی (کورد)، لەلایەک پێکدادانی نەتەوەیی_سیاسییە، لەلایەکی دی شەڕی دوو جیهانبینییە، سیستەمی چینایەتی بەرامبەر سیستەمی یەکسانی، مافی خودایی بەرامبەر گرێبەستی زەمینی، دیموکراسی ڕێکەوتنی بەرامبەر زۆرەملێی دینی. بنەچە و سەرچاوەی ئەم ململانێیە بۆ زاڵبوونی پارس/زەردەشت بەسەر ماد/میترا دەگەڕێتەوە. لێرەوە پارس بەسەر کورد و زەردەشتی بەسەر میترایی دەسەپێت. هێماسازییەکان سەرهەڵدەدەن و کوردەکان لەناو پانتایی ڕەمزی ئێرانییدا دەبنە جنۆکە و ئاژی دەهاک و بێگانە. بەبڕوای لاکان، واقیعی کۆمەڵایەتی بەبێ ڕیاڵ بوونی نییە، بەڵام هەر ڕیاڵە شێوێنەری واقیعە؛ واقیعی کۆمەڵایەتی و سیاسی ئێران ناتوانێت بەبێ کورد (وەک ڕیاڵ) بوونی هەبێت، هاوکات کورد بەردەوام شێوێنەری ئەم واقیعە کۆمەڵایەتییەیە. بەبۆچوونی ئیگڵتۆن: ئەفسانەکان ئایدۆلۆژیای پێش چاخی پیشەسازیین. بەم مانایە ئەفسانە زەردەشتییەکان ئایدۆلۆژیای ئەقڵییەتی سیاسی و هەژموونی ئێرانییە بۆ سڕینەوە یان ژێردەستەکردنی کورد. کوردەکان لەگەڵ سروشتی تراژیکی ژیان سازاون، دژ بە میتافیزیک بوون و شێوازی ژیانی دینوزیوسی و شادی و هەڵپەڕکێـیان پەسەندکردووە، خاوەنی پەردیس (بەهەشتی زەمینی) بوون نەوەک بەهەشتی ئاسمانی. بۆیە، یەکێک لە ڕەهەندەکانی ململانێکە، ململانێی زەمینی/ئاسمانییە. لێرەوە سەرهەڵدانی زەردەشت/بەهەشتی ئاسمانی ڕەتکەرەوەی میترا/پەردیس بووە، لە هەمانکاتدا درێژکراوەی ئەم جیهانبینییەیە وەک چەشنێک لە ئیرەیی.

یاسپەرس باس لە قۆناغی بناغەیی مێژوویی دەکات، ئەم قۆناغەی داڕێژەری ئەم سەردەمەشە. ئەم قۆناغە بە دەرکەوتنی: زەردەشتی ئێرانی، بودای هیندی، کۆنفۆشیۆسی چینی، فەیلەسووفە یۆنانییەکان و پەیامبەرانی جوولەکە سەرهەڵدەدات. سەرهەڵدانی ئەم قۆناغە هەنگاوێکی کردەییە ڕووەو میتافیزیک و مانابەخشینی نوێ بە ژیان و مرۆڤ. بەبڕوای یاسپەرس هەر نەتەوەیەک بەشداری ئەم قۆناغەی نەبووبێت، ژیانێکی سروشتی دەژی، دەکەوێتە دەرەوەی مێژوو، مێژوو لەیادی دەکات. بەڵام سەرهەڵدانی ئەم قۆناغە (زەردەشت) هاوشانە لەگەڵ ژێردەستەکردنی کورد و ڕەتکردنەوەی شێوازی ژیانکردنی. زاڵبوونی بەها ئاسمانی و پیرۆزەکانە بەسەر بەها مرۆیی و زەمینییەکان. زاڵبوونی ڕۆح بەسەر جەستە، ئاسمان بەسەر زەوی، ئەقڵ و ئەخلاق بەسەر غەریزەدا. ڕەتکردنەوەی ئەم واتایانە، ڕەتکردنەوەی کوردە؛ چونکە کوردەکان لەگەڵ پەردیس/بەهەشتی زەمینی و لەناو چێژی سەرەتاییدا بوون. بۆیە لەگەڵ دەرکەوتنی کەلتوورەکانی میزۆپۆتامیا، زەردەشتی، ئەفلاتونی یۆنانی، جوولەکە؛ لەگەڵ سەرهەڵدانی دەوڵەتەکانی ئاشوور/بابل و ئێرانی و یۆنانی، کوردەکان کەوتنە دەرەوەی مێژوو. هەر بۆیە کوردەکان لە هەریەک لەم کەلتوورانەدا مۆرکێکی بێگانەئاسایان بەبەردا کراو و ناوی جیاوازیان لێنرا: لای ئێرانییەکان وەک «ئاژدیهاک و ئەهریمەن»، لای سامییەکان «گوتییە بێ‌ئەقڵەکان»، لای یۆنانییەکان «میدۆسای پرچ مار»، لای جوولەکە و ئیبراهیمییەکان «جنۆکە و شەیتان».

لە مارکسەوە فێردەبین ڕەخنە لە ئاسمانەوە بگۆڕین بۆ ڕەخنە لە زەمین. دەبێت ڕەخنەکان لە ئەقڵییەتی سیاسی ئێرانی و عەرەبی و تورکی بێت وا زەردەشتی/ئیسلام بۆتە سەرخانێک بۆ بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانیان. لای مارکس، چینەکان بزووێنەری مێژوون و بناغەی کۆمەڵگە و دەوڵەت دادەڕێژن. دەوڵەت لای مارکس بەرهەمی ئەنتاگۆنیزمی چینایەتییە، هیچ نییە جگە لە ئامرازێک بۆ خۆسەپاندنی چینێک بەسەر چینەکانی دیکەوە. ئەم تێڕوانینەی مارکس بۆ ڕۆژهەڵات دروستە، بەڵام بە هەندێک جیاوازییەوە. لە ڕۆژهەڵاتدا چینەکان دامەزرێنەری دەوڵەت نەبوون، بەڵکوو نەتەوە و عەشیرەتەکان خەلافەت و ئیمپراتۆرییەتەکانیان دامەزراندووە. لێرەدا بزووێنەری مێژوو بەرژەوەندیی نەتەوەیی و عەشیرەتییە. بەم مانایە، لێرەدا پێکهاتە دژییەکەکانی ناو دەوڵەت، چینە کۆمەڵایەتییەکان نین (خاوەن کۆیلە/کۆیلە، دەرەبەگ/جووتیار، سەرمایەدار/پرۆلیتار)، بەڵکوو نەتەوە جیاوازەکانن، دەوڵەتیش لێرەدا ئامرازێکە بۆ سەپاندنی هەژموونی نەتەوەیەک بەسەر نەتەوەکانی تردا.

کوردەکان بەردەوام و بەدرێژایی مێژوو دژ بەم هەژموونە کەلتووری و سیاسییانە وەستاونەتەوە. بەڵام شۆڕشەکان و بزووتنەوە کوردییەکان تەنها کردە و ئەکتی ڕووت بوون، بەبێ ئەوەی ئایدیۆلۆژیا و ڕوانگەی ڕوونی خۆیان دەربخەن. مانای ئەوە نییە، ئەم بزووتنەوانە هیچ واتایەکیان لەخۆدا هەڵنەگرتبێت، بەڵکوو ئەم واتایانە لەناو خوێن و دەماری کورد و بزووتنەوەکانیدا بەشاراوەیی بوونی هەبووە بەبێ ئەوەی بگۆڕێت بۆ ئاگاییەکی ڕوون. مێژوونووسەکانی کوردیش، هەمیشە ڕووداو و حاڵەتەکانیان تۆمارکردووە بەبێ ئەوەی بەدوای پاڵنەرە و ڕەهەندە شاراوەکاندا بگەڕێن. بەڵام نووسەری ئەم دەقە ویستووییەتی کارێکی پێچەوانە بکات، واتا شاراوەکانی مێژووی کورد و بزووتنەوەکانی دەربخات.

 ئەگەر وەک خوێنەری دەقەکە سەرنجێک سەربار بکەین، بەم مانایە، ڕەنگە بگونجێت بڵێین: کوردەکان هەمیشە پێویستییەکانیان[3] لەڕێگەی فۆرمە سەرەتاییەکانی داواکردنەوە[4] خستۆتەڕوو، لەڕێگەی ئەکت و کردەی ڕووتەوە، چونکە نەیانتوانیوە ڕەمزاندن بکەن یان وەک شوناس دەکەونە پێش قۆناغی ڕەمزاندنەوە. بۆ مانابەخشین بەم کردانە پێویستمان بە جۆرێکە لە خاڵبەندی[5] بۆ ئەم گوتارە شاراوە و پەرشوبڵاوەی کورد. ئەگەر ئەمە ڕوونتر بکەینەوە، لە دەروونشیکارییدا، ئەم حاڵەتە لە پەیوەندیی مناڵ_دایک ڕوونتر دەبێتەوە، وەختێک مناڵ لەڕێگەی سەرەتاییترین فۆرمی داواکردنەوە (گریان) گوزارشت لە پێویستییەکانیان دەکەن (بۆ نموونە، پێویستی بۆ خواردن)، چونکە زمانیان نەگرتووە و ناتوانن بە وشە گوزارشتی لێبکەن، لێرەدا ڕۆڵی دایک دێتەگۆڕێ وەک ڕەمزێنەری ئەم گریانە، بۆ خاڵبەندکردن و مانابەخشین بەم گریانە و زانینی هۆکارەکەی: برسێتی، ماندووێتی، ترس و هتد. دواتر ئەم حاڵەتە دەگوازرێتەوە بۆ ناو پەیوەندیی شیکارکەر[6] و شیکاری‌بۆکراو[7]، وەختێک شیکارکەر گوێ لە گوتاری شیکاری‌بۆکراو دەگرێت و دواتر خاڵبەندی بۆ گوتارە شێواوەکەی دەکات تاوەکو مانایەکی جێگیری پێ ببەخشێت. پاش ئەوە، شیکارکەر بەشێک لە گوتارەکە بۆ شیکاری‌بۆکراو دووبارە دەکاتەوە و مانایەکی جیاواز دەبەخشێت، تاوەکو شیکاری‌بۆکراو (نەخۆش) بۆی ڕووندەبێتەوە زیاد لەوەی مەبەستی بووە شتی دەربڕیووە. ڕەنگە بڕوا نەکات مەبەست گوتراوەکەی وەها بووبێت و نکۆڵی لێ بکات. ڕۆڵی لێکۆڵەری مێژووی کوردیش دەبێت هەمان شت بێت، مانابەخشین بە کردە و ئەکتە بێدەنگەکانی کورد، یاخود دۆزینەوەی مانا شاراوەکان. کوردەکان وەک شیکاری‌بۆکراو لەم حاڵەتەدا، ڕەنگە بڕوا نەکەن ئەمە مانای کردەوەکانیان بێت. وەک نووسەریش دەڵێت: مرۆڤی کردەوەیی ڕێگەدەبڕن بەبێ ئەوەی ئامانجەکەیان بەتەواوی بناسن، ڕەنگە ئەگەر ئامانجەکەیان بناسن و بزانن چییە، پاشگەزببنەوە لە هەنگاونان.

فۆکۆ ڕەخنە لە سوبێکتی دەسەڵاتی هۆبز دەگرێت ، سوبێکتی حەقیقەتی دیکارت، سوبێکتی بزووێنەری مێژوو لای هیگڵ و مارکس. بەبڕوای ئەو، ئەوەی هەیە دەسەڵات و پلانەکانی دەسەڵاتە، دەسەڵاتیش بەرهەمهێنەرە، سوبێکت و حەقیقەتیش بەرهەمی دەسەڵاتن. دەسەڵاتی تاک نەتەوەیی پارس، خوڵقێنەری حەقیقەتی وەک ئاهورەمەزدا و زەل سوڵتان (سێبەری خودا، پاشا) و کوردی ئێرانی و هتد... لەپێناو سەپاندنی هەژموون و بەرژەوەندییەکانی نەتەوە و چینە باڵادەستەکەی. بۆیە، ئەو سوبێکتە کوردەی لەناو گوتاری ئێرانیدا هەیە، بەرهەمهاتووی ئەقڵی سیاسی ئێران و بەرژەوەندییەکانییەتی، کوردێکە خۆی بە بەشێک لە مێژوو و دەوڵەتی ئێرانی دەزانێت. ئەمەش سەر بە فەلسەفەی شوان و ڕانەمەڕە، وەک ئەوەی فۆکۆ بڕوای وایە سەرچاوەکەی بۆ ڕۆژهەڵاتی دێرین دەگەڕێتەوە. ڕوانگەی شوان (خودا، پاشا) و ڕانەمەڕ (خەڵک)، وێنەیەکی یەکسان بە خودا و پاشا دەبەخشێت چونکە ڕەعییەتەکەیان یەکسانن و هاوشێوەن. ئەم ڕوانگەیە لای جوولەکە زیاتر ڕۆڵ دەگێڕێت، وەختێک بە فەرمانی خودا داوود هەوڵی یەکخستنی ڕانەمەڕی بەنی ئیسرائیل دەدات. لە ترادیسیۆنی ئیسلامیشدا نموونەیەکی وەها هەیە، لە پاشاکەنەوە دادەبەزێت بۆ پیاو و ژن و کۆیلەکانیش، وەختێک پەیامبەر لە حەدیسێکدا دەڵێت: «هەمووتان شوانن و بەرامبەر ڕەعییەتەکەتان بەرپرسیارن، پاشاکان شوانن و بەرپرسیارن بەرامبەر ڕەعییەتەکەیان، پیاوەکان شوانن و بەرپرسیارن بەرامبەر خێزانەکانیان....»[8]. ئەم دیاردەی شوان و ڕانەمەڕە لە ئەقڵی سیاسی ئێرانی بەرامبەر نەتەوەکانی دیکە بەڕوونی دەردەکەوێت. بەبڕوای فۆکۆ، دەسەڵات تەنها ڕێگر و سەرکوتکەر نییە، بەڵکوو پێکهێنەر و بەرهەمهێنەرە. نووسەر کەڵک لەمە وەردەگرێت بۆ نیشاندانی هەڵسوکەوتی ئێران بەرامبەر کورد. وەختێک ئەقڵی سیاسی ئێران بەروارد بە عەرەب و تورک، کەمتر سەرکوتی بەرامبەر کوردەکان بەکارهێناوە، بەڵکوو وێنا و فۆرمێکی بۆ کورد و چالاکییە سیاسییەکانی داڕشتووە و بەرهەمی هێناوەتەوە. بۆیە، بەشێک لە کوردەکان لەژێر کاریگەری گوتاری بەرهەمهێنەری ئێراندا، خۆیان بە ئێرانی دەناسێنن و مێژووەکەیان بە مێژووی ئێرانەوە دەبەستنەوە.

ئەفسانەکان هەنوکەش لەگەڵمان دەژین و ڕۆڵێکی گەورەیان هەیە. ئەقڵی سیاسی ئێرانی ئەوسا و ئێستاش ئەفسانەکانی بەرهەمهێناوەتەوە بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆی و سڕینەوەی ململانێ. بەبڕوای ڕۆلان بارت: ئەفسانە شتەکان ڕەت ناکەنەوە و تەنها باسیان دەکەن، بەمەش نەمری و بێتاوانی بە شتەکان دەبەخشن، ئاڵۆزییەکان لەخۆدەگرن و ململانێکان دووردەخەنەوە. هەخامەنشینەکان لەڕێگەی کرداری سیاسی و شەڕەوە دەسەڵاتی مادەکانیان ڕوخاندەوە، بەڵام ئەفسانە ئەم واتایانە دەگۆڕێت وەک پرۆسەیەکی سروشتی و بێتاوان وێنای دەکات، وەک ئەوەی مادەکان خۆویستانە دەسەڵاتیان بە کوروش و هەخامەنشینەکان بەخشیووە. لێرەوە، دەبینین قبووڵکردنی ئەم بندەستییە لەلایەن کوردەکانەوە، بەرهەمی زۆرەملێی دەسەڵات نەبووە، بەڵکوو لە قبووڵکردنی ئایدۆلۆژیا و ڕوانگەی دەسەڵاتەوە سەرچاوە دەگرێت. لەبەرئەوەی کوردەکان نەچوونەتە ناو دونیای ئەفسانەوە، بۆیە لەڕێگەی کردەوە نەوەک وێنە ویستویانە گۆڕانکاری بکەن.

وەختێک ئیسلام سەرهەڵدەدات، لەگەڵیدا قۆناغێکی نوێ بۆ کورد دێتەپێش، تیایدا میترا دەگۆڕێت بۆ میترایەکی عیرفانی (لە زەمینەوە بۆ ئاسمان)، کوردستان دەبێتە لانکە و کانگای عیرفانییەت. لەبەرئەوەی کورد وەک نەتەوە لەناو ئەویتردا تواوەتەوە، ئەم حاڵەتەش لە عیرفان و توانەوە لەناو خودا خۆی دەنوێنێتەوە. لەگەڵ دەرکەوتنی ناسیۆنالیزمی مۆدێرن، بزووتنەوەی سیاسی کوردی بەزۆریی لەناو تەکیە و ڕەوتە عیرفانی و سۆفیگەرییەکانەوە سەرهەڵدەدات. کەلتووری خۆ تواندنەوەی عیرفانی لەم بزووتنەوانەدا ڕەنگدەداتەوە، ئەمەش لەڕێگەی پەسەندکردنی چارەسەری فیدراڵیزم و کۆنفیدراڵیزم لە چوارچێوەی دەوڵەت_نەتەوە باڵادەستەکان (ئێران، ئێراق، تورکیا، سوریا). میترا گۆڕاوە بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ ئەوانیتر و دژایەتی خۆمان. دواتریش، میترا/پەردیس لە سیاسەت و چالاکی کۆمەڵایەتی دوورکەوتۆتەوە و لە شیعر و فۆلکلۆردا قەتیسبووە.

پرسیار لە شوناس، پرسیارە لەوەی ئێمە کێین و لە چیدا لەویتر جیاوازین. بەڵام ئێمە مێژووی نووسراومان نییە، بۆیە دەبێت لەڕێگەی لێکدانەوەی ڕوانگەی ئەوانیترەوە لەسەرمان خۆمان و شوناسمان بناسینەوە. کورد لە مێژوودا لەپێناو خۆیدا نەژیاوە، مێژووی کورد بەشێک بووە لە مێژووی ئەوانیتر. بۆیە نەمانتوانیووە بەباشی خۆمان بناسین. چونکە شوناسی ئێمە، «ئەویتری» شوناسی ئەوانیترە. لێرەوە، دەبێت تەپوتۆزی وێناکردنی ئەوانیتر لەسەر خۆمان و مێژوومان بتەکێنین. بۆ ئەمەش بەلای نووسەرەوە، گەڕانەوە بۆ دیاردەناسی هۆسرڵ کۆمەک دەکات. دیاردەناسی هۆسرڵ گەڕانەوەیە بۆ خودی شت، بەبێ ڕەچاوکردنی واتا و پێشگریمانەکان.

بەبڕوای ژیژەک ڕەگەزپەرستی بە پرسیاری «چیت لێم دەوێت؟» سەرهەڵدەدات. لێرەدا مەبەست لە جوولەکەیە وەختێک نازانرێت چیان دەوێت و نەزمی ڕەمزی قبووڵناکەن. لە ئەوروپا سوبێکتی ئایدیاڵی ڕەگەزپەرستی جوولەکەکان بوون. بەڵام دەشێت لەبری جوولەکە کەسێکی ئەفریقی یان ژاپۆنی یان کورد بێت. بۆ ئەوەی سوبێکت بچێتەناو ڕەمزییەوە، دەبێت دەستبەرداری ڕیاڵی بوونی خۆی بێت. لەبەرئەوەی کوردەکان سەر بە فەلسەفەی زەمینی میترا/پەردیس بوون پابەندی کەلتووری ئاسمانی و میتافیزیکی نەبوون، نەزمی ڕەمزییان قبووڵنەکردووە، بۆیە بەردەوام وەدەرنراون و بەر نەفرەتی پانتایی ڕەمزی کەوتوون. توندوتیژی و کینەی مێژوو و نەتەوە میتافیزیکییەکان بەرامبەر کورد، دەگەڕێتەوە بۆ ئیرەییبردن بە بنەمای چێژی سەرەتایی میترایی/مادی کوردەکان. لەسەر بنەمای ئەم ئیرەییە فەلسەفەی خۆیان داڕشتۆتەوە، پەردیس یان بەهەشتی زەمینی کوردیان گواستۆتەوە بۆ بەهەشتی ئاسمان. پەردیس مانای باخ و شوێنی سەما و ئاهەنگە لەسەر زەوی. بەم مانایە، کوردەکان سوبێکتی ئایدیاڵی ڕەگەزپەرستی ڕۆژهەڵاتن (یان کۆی جیهان).

پرۆمیسۆس ڕەمزی سەرەڕۆیی و شۆڕشە، ئاگر و ئەقڵی بە مرۆڤ بەخشی و دژی زیوس و خوداکان وەستایەوە. لەبەرامبەر یارمەتیدانی مرۆڤ، زیۆس سزایەکی هەتاهەتایی بەسەر پرۆمیسۆس دەسەپێنێت. بەڵام پرۆمیسیۆس لەبری پاڕانەوە و کڕنووشبردن، لەسەر هەڵوێستی خۆی مکوڕ دەبێت. کوردەکانیش لەم ڕووەوە لە پرۆمیسیۆس دەچن [سەیر نییە، ئۆجالان خۆی بە پرۆمیسۆس دەچوێنێت]، بێبەشبوون لە مێژوو و ئازادی چیاکانیان پێ شیاوترە لە کۆیلایەتی و ملکەچبوونی خوداکان. نزیکترین ئەفسانەی ڕۆژهەڵاتی لە ئەفسانەی پرۆمیسیۆسەوە، بریتییە لە زەحاک. زەحاک لەپێناو مرۆڤدا دژی خوداکان وەستایەوە. دژ بە سیستەمی تاک خودایی و جێگیرکردنی فرە خودایی. بۆ لەناوبردنی ئەو شتەی هێمای پلە و پایەی چینایەتی بووە. بۆیە نووسەر ورەی کوردی بە ورەی پرۆمیسیۆسی دەناسێنێت.

 

 

 


[1]  کوردناسی، زەکەریا قادری، وەرگێڕانی سەڵاح بەهرامی، دەزگای هەژار موکریانی، چاپی یەکەم ٢٠١٨.

[2]  ناونیشانە فارسییەکەی: «عقل سیاسی ایرانی و هویت‌خواهی کردها».

[3] Need.

[4] Demand.

[5] Punctuation.

[6] Analyst.

[7] Analysand.

[8]  «الا کلکم راع، و کلکم مسئول عن رعیتە...».