A+    A-
(1,436) جار خوێندراوەتەوە

               ڕوونکردنەوەیەک لە سەر چەمکی پاڵنەری مەرگ

 

 

 

 

 

کارزان ئازاد

 

 

 

 

 

 پاڵنەری مەرگ(death drive), بابەتێکی دیاریکراوی نییە بۆ وێرانکردن، لەگەڵ ئەوەشدا بەئامانجگرتنی بابەتێک نییە لە ئاییندا وەک ئەوەی زۆرێک لە خوێنەران تێیگەیشتوون. کاتێکیش بەکاردەهێنرێت زۆر ئەدەبییانە بەکاردەهێنرێت نەک زانستی و فیکری.

پاڵنەری مەرگ بەرامبەر بە پاڵنەرى ئیرۆس، بونیادی دەروونیی مرۆڤ پێکدەهێنن. پاڵنەری مەرگ کردە و ڕەفتارێکی دەروونیی مرۆڤە بۆ چێژێک کە بۆ خۆی و باشەی خۆی نییە، بەڵکو لاوازبوون و تەسلیمبوونی خودە بۆ ئەویتر، واتا خۆ‌‌‌وێرانکردنێکە لەپێناو خۆوێرانکردن بێ ئەوەی هیچ شتێک بەدەسبهێنین، پاڵنەرێکی بەهێزی ناوەکییە بێ ئەوەی ئامانجداربێت. بۆ نموونە، حیکایەتی دووپشکەکە لە زاری کارەکتەرێکەوە له فیلمی "orsen wells, 1955"، دووپشکێک داوای یارمەتی لە بۆقێک دەکات لە ڕووبارەکە بیپەڕێنێتەوە، دوای مشتومڕێک بۆقەکە ڕازیدەبێت بیپەڕێنێتەوە بۆ ئەوسەری ڕووبارەکە، دووپشک دەچێتە سەر پشتی بۆقەکە و لە ناوەڕاستی ڕووبارەکە پاڵنەرێکی ناوەکیی وێرانکەر دووپشکەکە دەورووژێنێت بۆیە بە بۆقەکەوە دەدات و دەیکوژێت, بەڵام لەگەڵیشیدا خۆی نقومدەبێت و دەمرێت (Todd Mcgawon،2012, توندوتیژیی ئیتنک).

پرەنسیپی چێژ زۆر ناکۆک و پارادۆکسیکاڵە، چونکە بریتی نییە لە هەڵچوون و ورووژاندن بۆ بەدەستهێنانی شتێک، بە پێچەوانەوە هەڵماڵین و لابردن و کەمکردنەوەی هەڵچوون و ورووژاندنە (1920,لەودیوی پرسپی چێژەوە، فرۆید). چەمکی دووبارەکردنەوەی ناچاری چەمکێکی کێشەسازە لەبەرئەوەی ناکۆکە لەگەڵ ئەو بابەتی هەڵچوون و ورووژاندنە کە دنەمان دەدات، چونکە بابەتی ورووژاندنەکه ئامانج نییه، بەڵکو پاساوە بۆ دووبارەبوونەی ناچاری کە سەرچاوەکەی پاڵنەری مەرگە، گرنگ دووبارە ورووژاندنەوەیە بۆ بابەتێکی تر، واتا چەمکی هاندەر فرمان و فەنکشنێکە بۆ دووبارەبوونەوەی هەمیشەیی ورووژاندن بۆ بابەتی ونبوو، چێژ لە خودی ورووژاندنەکەیە نەک بابەتی ورووژاندنەکە، چونکە بابەتی ورووژاندن لەپێشدا وونبووە. بە مانایەکی تر، دووبارەبوونەوەی ناچاری بریتییە لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی ڕووداوێکی تراومایی کە پەیوەندیی هەیە بە ڕەمەکی بنەڕەتی (پرەنسیپی چێژەوە ) لە ڕابردووەوە نەک ئایندە، کە بەهۆی پرەنسیپی واقیعـەوە دەبێت خۆمانی لێ بەدوور بگرین. پاڵنەری مەرگ خەسڵەتی (دووبارەبوونەوە)ـی هەیە بەبێ بە ئامانجگرتن و دیاریکردنی ئۆبێکت و بابەتێکی چێژ.

لەلای لاکان، پاڵنەری مەرگ بریتییە لەو جووڵە و بزوێنەرەی لەو دیوی نەزمی ڕەمزییەوە، ڕێگەخۆشکەرە بۆ دووبارە دەسپێکی هەمووشتێک لە سەرەتاوە. درووستکەر و دەسپێکی هەموو بابەتێکە لە هیچ و نەبوونەوە. پاڵنەری مەرگ پاڵنەرێکی بایۆلۆژی نییە وەک ئەوەى جاروبار فرۆید ئاماژەی بۆ کردووە، ئەو دوالیزمەش تێدەپەڕێنێت لە نێوان "ساناتۆس و ئیرۆس"دا، تەنها ویستێکی هەمیشەییە بۆ دووبارە دەسپێک لە سەرەتاوە (Derk Hook, 2016). ئارەزووی دووبارە دەسپێکە لە سفرەوە. پاڵنەری مەرگ ئاراستەکەر و بزوێنەری "مەرگی ڕەمزی"یە بۆ وێرانکردنی کایەی (نەزمی کۆمەڵایەتی) کە کێڵگەی درووستکردن و کارتێکردنە لەسەر سوبێکت، بەهۆی پاڵنەری مەرگەوە سوبێکت خاوەنی وزەی "خۆکوژیی ڕەمزی"یە بۆ درزخستنەنێو نەزمی ڕەمزی و کۆمەڵایەتییەوە، بۆ دووبارە دەسپێک لە هەمووشتێکەوە، بۆ سوبێکت هەمووشتێک لەسەرەتاوە بەهای بۆ درووستدەبێت و پاڵنەری بۆ دروستدەبێت بەڕێگەی نوێ و شێوازی نوێ (لاکان، سیمیناری 7). پاڵنەری مەرگ سەرنجدەخاتەسەر "نوقسانی یان لەدەستدان" و "قوربانى"ـی بۆ تێربوون و قایلبوون بەپێچەوانەی ئاگایی کە دەگەڕێ بە دوای بەدەستهێنانی چێژدا. لێرەوە لۆژیکی پاڵنەری مەرگ جیاوازە. لێرەوەیە، سوبێکت هەموو ژیانی دەخاتە ڕیسکەوە و دەسبەرداری هەموو شتێک دەبێت بۆ درزخستن و دەرچوون لەنێو ئەو بونیادە کۆمەڵایەتییەی کە خۆی تیا دەبینێتەوە، تەنها لە پێناو دووبارە دەسپێکردنەوە بەبێ ئامانجێکی دیاریکراو. بۆ نموونە، لە فیلمی(Yuma), دەرهێنەری (delmar،1957)، یەکێک لە کارەکتەرەکان یاخی بوو، لە سجن بووە، دواتر هەڵهاتووە بەڵام (Galyn ford) کارەکتەرێکە کارمەندی حکومەتە و وزەیەکی ناوەکی کە لە پاڵنەری مەرگەوە دێت و بێ هیچ ئامانجێک یاخیبووەکە ڕزگار دەکات، ئەگەر سەیری فیلمەکە بکەیت تێدەگەیت هیچ مانا و لۆژیکێک لەئارادا نییە بۆ ئەوەی یاخیبووەکە ڕزگاربکات، شێوازێک نییە لە چەمکی نێرڤانا. لەلای لاکان، تەنها یەک جۆر پاڵنەرمان نییە، بەڵکو پاڵنەری جۆراوجۆر و جیاواز هەیە کە هەمووی لە پاڵنەری مەرگەوە سەرچاوەدەگرێت، بەدەوری بابەتی ئارەزووە دەسوڕێتەوە بۆ دەرخەری بابەتی ئارەزووەکە بەهۆی ( ئۆبێکتی بچوکی a) ئەمەش ئەو ڕێگەییە کە پاڵنەری مەرگ ڕێگە دەدات سوبێکت بە شێوەیەکی سروشتی و زگماکی خۆی قایل بکات و تێر بکات بەشێوەی کاتی. واتا پاڵنەری مەرگ خۆی قایلدەکات. گرنگ نییە جۆری بابەتی پاڵنەری سوبێکت بۆ چێژوەرگرتن چییە، بەڵکو گرنگ قایلبوون و تێربوونی نوقسانییەکی پێشینەییە. ئەوەی سەرنجڕاکێشە لە پاڵنەری مەرگ ئەوە بۆ بەدەستهێنانی بابەتی ئارەزووەکەی نییە بەڵکو ونکردنی بابەتی ئارەزووە، واتا پاڵنەری مەرگ بە دەرخستنی نوقسانی و ونکردنی بابەتەکە تێر دەبێت نەک بەدەستهێنانی، ئەمە شۆرشی بیرکرنەوەی (لاکان)ـییە. دەروونشیکار هیچ کات پاڵنەر و چارەسەر بە سوبێکت نادات بەڵکو لە پاڵنەر و سوڕی پاڵنەر بەدەوری ئارەزوویەک و کێشەیەک تێدەگات کە سوبێکت بۆ تێرکردنی ئارەزووەکانی تێکەوتووە، لە لایەکی ترەوە کورتکردنەوەی و تێگەیشتنە لە سوڕی ئەو پاڵنەرانەی بەدەوری پاڵنەری مەرگدا دەسوڕێنەوە(lacan, simmer 11). لێرەوە پرسیارێک دروست دەبێت بۆچی مرۆڤ لە ڕێگەی پاڵنەری مەرگەوە خۆی تێردەکات، بۆ نمونە جەنگ و جینۆساید و کوشتن و یەکتر لەناوبردن، ئەمە ئەگەر بەشێوەیەکی لۆژیکی بیرکەینەوە هیچ مانایەکی نییە و ئەوپەڕی گەمژەییە لە ڕەفتاری مرۆڤدا. بەڵام ئەگەر بەشێوەیەکی دەروونشیکاری بیرکەینەوە لەسەر ئەو شێواز و ڕێگەیەی ئێمە ئارەزوو دەکەین، تێدەگەین کە پرۆسەکە مانادارە چونکە، بەشێک لە پێکهاتەی دەروونیی مرۆڤ  لەدەستدان و دۆڕاندن قوربانیدان دروستبووە. بۆیە کاتێک نوقسانی و قوربانی بۆ شتێک دەدەین ڕاستەوخۆ بابەتێکی باڵا و پڕ بەها دەخوڵقێنین، ئەو بابەتە ڕەهەندێکی ئاسمانی و پیرۆزی پێدەدین. لێرەوە پەیوەندی دەروونی نێوان قوربانی و پیرۆزی دروستدەبێ، هەروەها (نوقسان)ـی له مرۆڤدا کەڵکەڵەی ئارەزووکردن لە مرۆڤدا دەچێنێت، بابەتی ئارەزووەکە پڕ بەها دەبێت لە کاتێکدا بابەتی ئارزووەکە بوونێکی واقعی نییە،بەڵام چۆن ئەم بابەتی ئارەزووەکە بونێکی ڕەمزی و کاریگەری دەبێت؟ لەڕێگەی قوربانی و لەدەستدانەوە دروستدەبێت، لە ئەنجامی ئەم پرۆسەوە هەموو (خود-وێرانکردنێک) خوڵقاندنی توانای بەردەوامی  ئارەزووکردن بۆ بابەتێک کە خودی ئارەزووە. ئەمەیە کرۆکی پاڵنەری مەرگ چونکە لە ڕێگەی نوقسانی و لەدەستدانی پێشینەوە، ئێمە ئەزموونی چێژیی بابەتەکە دەکەین نەک خودی بەدەستهێنانی، بۆیە نوقسانی و لەدەستدان بنچینەی دەروونیی مرۆڤ دادەڕێژێت، دەبێتە هۆی بەرپابوونی جەنگ و کوشتار و خۆکۆژی هتد.... ئەم خود-وێرانکارییە بەردەوام دەبێت بە شێوەیەکی ڕۆمانسی  بۆ بابەتێکی نوێ ئارەزووکردن وەک زیادبوونی کێش، ڕاهێنانی زۆر تاوەکو نەخۆشکەوتن و هتد... چونکە لەدەستدان چێژی خۆی هەیە، لەدەستدان دەبێتە چێژ. واتا خودی بابەتی ئارەزوو هیچ بەهایەکی نیە بۆیە دەبێت لەدەستی بدەین و بیدۆڕێنین بۆ ئەوەی پیرۆز و بەهادار بێت، هەربۆیە لە ڕیتواڵی دینی و تەنانەت ئایدۆلۆژیدا پەیوەندی قوربانی و پیرۆزی زۆر سەنتراڵە. ئێمە قوربانی دەدەین بۆ بابەتێک بۆ ئەوەی چێژ وەرگرین.

پاڵنەری مەرگ لە بۆچوونی دەروونشیکاریی ژیژەکدا هەمیشە ناکۆکە لەگەڵ ئارەزوودا، ناکۆکی قایلبوون و تێربوونیی پاڵنەری مەرگ لەگەڵ قایلەنبوون بابەتی ئارەزوودا، روونتر بڵێین ئامانجی پاڵنەری مەرگ گەیشتنە بە بابەتی تێربوون بەشێوەیەکی هەڵە و شکستخواردوو بەڵام لە بەماسکی حەقیقەت قەبووڵی دەکات، بۆیە مەبەست دووبارە بەرهەمهێنانەوەی سوڕی دووبارەبوو بەدوای بابەتی تێربوون و قایلکەر، بۆیە بەهەمان شێوەی (لاکان) پاڵنەری مەرگ هەمیشە دووبارە دەبێتەوە بە فۆرمی جیاواز تەنها بۆ لە دەسچوونی بابەتی تێربوونە نەک بەدەستهێنان، بەڵام ئەوەی لە بۆچوونی دەروونشیکاریی ژیژەک زیاددەبێت لەسەر پاڵنەری مەرگ، هەمیشە بابەتی تێربوون و قایلبوونیی پاڵنەری مەرگ کە وادیارە بەدوایدا دەگەڕێت هەڵە و فەیکە، چونکە هەرگیز بابەتی ڕاستەقینەی پاڵنەری مەرگ ئەوە نییە کە بەدوایدا دەگەڕێت، هەمیشە تێربوونی پاڵنەری مەرگ لە هەوڵداندا بۆ دووبارە شکست تێردەبێت(ژیژەک, کەمتر لە هیچ). وەک لە فیلمی       ( grouding day,marond ramis,1993) بەجوانی دەردەکەوێت، کاتێک کوڕە کارەکتەر (bill morally) هەمیشە دەچێت بۆ ژوانی  کچە کارەکتەر(Rita) کە چۆن هەمیشە لەشکست بە گەیشتن بە ئامانجە ئیرۆتیکییەکی چێژ وەردەگرێت، واتا کوڕەى کارەکتەر بەشێوەیەکی ناسەرکەوتوو دەگات بە چێژی بابەتەکە لەڕێگەی ڕیتواڵی دووبارە شکستەوە چێژ و پیرۆزی وەردەگرێت لە بابەتی ئارەزووەکە (Rita). لە بیرکردنەوەی دەروونشیکارییانەى ژیژەکدا، پرۆسەی ئارەزووکردن ئاراستەدەکرێت لە دەوری بابەتی لەدەستچوو و ونبوو لەکاتێکدا پاڵنەری مەرگ خودی بابەتی  ونبوو و لەدەستچوو بابەتی تێربوونەکەیەتی، بۆیە پاڵنەری مەرگ تەرکیز دەکاتەسەر شکست، بەڵام ئارەزوو بۆ بابەتی تێربوون و گەیشن لەپێناوى شتێکدا.