A+    A-
(1,065) جار خوێندراوەتەوە

                            ژیان وەک "یانەکانى شەوانە"

 

 

 

 

وەلید عومەر

 

 

 

 

ژیان ڕووداوێکى سادە نیە. یان گەر سادەش بێت, ئەوا سادەییەکەى یەکەوڕاست نیە, بەڵکو پێچەڵپێچ و نێوانگریکراوە. بۆنمونە لە شێوازەکانى خۆکوشتندا پەى بەم ئاڵۆزییە دەبەین: کەسێک سایکۆلۆژیاى بەجۆرێک هەڵکەوتووە کە بە ڕێگایەکى خۆکوژى دەوێرێت و کەسێکى تر کە خۆى دەکوژێت ناوێرێت هەمان ڕێگا تاقیکاتەوە. لە عەقڵى باودا, ڕەنگە بگوترێت تۆ مادام هەر خۆت دەکوژیت ئیتر ڕێگاکان فەرقى چیە! بەڵام یەکێک لە ڕاستییەکان ئەوەیە کە مردنیش یەکێکە لە خەسڵەتپێدان(Determination)ـەکانى ژیان. مردن, وەک ڕووداوێک دەرهەق بە ژیان و سەرمایەگوزارییە لیبیدۆییەکەى ژیان ڕوودەدات. لەنێوان ژیان و مردندا, شەوێکى ئەنگوستەچاو هەیە کە مرۆڤى تیا دەڕسکێت. ژیان و مردن خۆیشیان, لە چاوى مرۆڤەوە هەر خەسڵەتدانن بەم شەوە. بەڵام بەو پێیەى لە ڕیزبەندییە باوەکەدا ژیان دەکەوێتە پێش مردنەوە, ئەوا بە دەربڕینێک کە وێناکردنى کەمێک سەختە, دەتوانین بڵێین: مردنیش لە چەقى ژیاندا ڕوودەدات. مرۆڤ کە دەمرێت ناچێت بۆ هیچکوێ, لە جێى خۆیدا کپدەبێتەوە, سوبێکتیڤیتەى دەپووکێتەوە(دەستەواژەى جێهێشتنى ژیان خۆى گرژى و سەفسەتەیەکى ناچاریی نێو زمانە و هەردەبێت وابێت): تاکە جێیەک مرۆڤ پاش نەمانى بۆى بچێت, چوونە بۆ نێوان هەردوو پانتایی خەیاڵى-ڕەمزى. چونکە لە دوائەگەردا, ناوەکەت و شوێنە کۆمەڵایەتییەکەت بۆ ئاستى نەستى کۆمەڵایەتى دەنیشێت و ئەو کاتانەشى ڕووناکیی ئاگاییت دەکەوێتە سەر, هەندێک کارى وەک هاوشوناسبوون, نکۆڵى, و هتدت لەسەر ئەنجامدەدرێت. نەک لە مردندا, بەڵکو لە ژیانیشدا پێگەى سوبێکت پێگەیەکى هەستیار و سەمەرەیە. بۆنمونە: ئێمە دەکەوینە کوى جیهانەوە؟ چونکە لەقووڵاییدا ئێمە یەک ژمارە نین کەوتبینە ناو بەرگێکى وەک جیهانەوە یاخود لەشێکى مادیی ڕووت نین کەوتبینە بەرامبەر فەزایەکى شوێنەکیی وەک جیهانەوە. دیدى فەلسەفى بۆ سوبێکت لەمانە ئاڵۆزتر و حەقپێدەرترە. کاتێکیش شوێنێکى وەهامان لە جیهاندا هەیە, ڕوون نیە ئاخۆ نیشانەى دەوڵەمەندییمانە یان هەژارى: بۆنمونە سوبێکت لاى ڤیتگنشتاین, سنورى جیهانە نەک بەشێک لەو. ئاخۆ ئەمە هەژاریی سوبێکتە یان غیناى وى؟, یاخود پێویستدەکات لەم سیفەتە دووانییە تێپەڕین و بڵێین: هەژارییەکەمان لەوەدایە ناتوانین پڕوپێرفێکت دەوڵەمەندییەکەمان بگرین و دەستەمۆى بکەین. لەنێوان هەردوو خەسڵەتى هەژارى و دەوڵەمەندى‌دا, سوبێکت زۆر حاڵەت و ڕەهەندى سوبێکتیڤانەى ژیانى خۆى ئەزمووندەکات(هەتا مردنیش لەم سنورەدا ڕوودەدات, مردن وەک شتێکى خەیاڵى و گریمانەیی و هەتا ئەو جارانەشى لە فۆرمە سەرنەگرتووەکەى خۆکوشتندا دەردەکەوێت). لێرەشدا بۆ ماوەیەکى کورت, گوزارە سپێنۆزاییەکە دەبڕین: هەموو نەفییەک خەسڵەتپێدانێکە و هەموو خەسڵەتپێدانێکیش نەفییەکە. واتە هەرکە خەسڵەتێک هاتە سەر بۆنمونە سوبێکت, ئەوا شتێکیشى تیا نەفیدەکات. وەکچۆن هەرکە شتێکى لێ نەفیکرا, ئەوە خودى نەفییەکە دەتوانێت وەک خەسڵەتێک بۆ ئەو حسێبکرێت. بۆ نزیکبوونەوە لە مەبەستەکە, پێویستمانە بە نمونەیەکى سووکەڵەیە: مرۆڤ کاتیک نان دەخوات, بار و دەوڵەمەندى و خەسڵەتێکى ڕۆژانەیی و بایۆلۆژى وەردەگرێت بەڵام لە هەمان کاتدا خودى "برسیبوون"يش نەفیدەکات. لە پلەیەک سەرووتردا, ڕەنگە کەسەکە هیچ نەخوات و برسێتییش نەفیکاتەوە(نمونەى نەخۆشەکانى ئانۆرکیسیا کە بەپێى چەمکە فەلسەفى و دەروونشیکارییەکان خەریکن هیچ دەخۆن). بەکورتییەکەى, سوبێکت هەردەم لەوەدا هەژارە کە ئەم شەوقە بێ‌بنەى بۆ بوون ڕامنابێت, شەوقێک کە لە بە زمانێک ئارەزووکردنە و بە زمانى ناو کایەیەکى تر باڵابوون و هتدە. سوبێکت, خۆی بەئاگاهتنەوەیە لەمەڕ ئەم پارادۆکسەى دەوڵەمەندى و هەژارى کە بە لاچوونى وى, هەردوو سیفەتەکەش نرخیان نامێنێت, چونکە هەردووک هەڵبەزودابەزێک بوون دەرهەق بە (شەوى جیهان- The Night of the World), شەوى جیهان واتە ئەو ڕووبەرەى کە ئێمە وەک سوبێکت تیا دەپشکوێین و دەشژاکێین و گەمەى خەسڵەت و نەفى یان دەوڵەمەندى و هەژاریی تیا ئەزمووندەکەین و هەر لەوێشدا کۆتایی پێ دێنین. هیگڵ لەمەڕ ئەم چەمکە مەیلەو میتافۆرییە دەنوسێت: «مرۆڤ(بوونى مرۆیی) بریتییە لەم شەوە, لەم هیچێتییە بەتاڵە, کە هەمووشت لە ساکارییەکەى خۆیدا لەخۆدەگرێت- دەوڵەمەندییەکى نەبڕاوە لە نواندنەوە و نمایشەکان, وێنەکان, شتانێک کە هیچیان هى ئەو نین...[1]». ئاشکرایە ئەم "شەو"ـە کرۆکى سوبێکتە و لە دیکارتەوە تا ئایدیالیزمى ئەڵمانى و دەروونشیکارییش درێژدەبێتەوە و پشتڕاستدەکرێتەوە. سادەتر, مرۆڤ شەوێکى لە هەناوى خۆیدا نیشتەجێکردووە کە هەمان شەوى جیهانە بەڵام پشکى خۆى لێ سوبێکتیڤ و بەشەکى کردووەتەوە و سەرەنجام دەیداتەوە و تێیدا نوقمدەبێت. ئاخۆ دەکرێت ئەم شەوە ببەینە ناو ژیانى ڕۆژانەوە؟ بەڵێ.

یەکێک لە کەناڵە تەلەفزیۆنییە "ئەهلى"یەکان, لە بن ناوى خۆتازەکردنەوەدا دەردەکەوێتەوە و کۆمەڵێک دەموچاوى نوێى ژن و پیاو(بەتایبەت ژن) دەخاتە سەر شاشە. یەکێک لە ڕیپۆرتاژە سەرەتاییەکانى ئەم کەناڵە, بۆ ناو یانە شەوانەکان بووە(کە کچانى ڕووت کەشێکى لەشفرۆشییان درووستکردووە) و پاش چەند ڕۆژێک هەندێک لەم یانانە دادەخرێن. هەمان کەناڵ(داخستنەکە هەرچیی لەپشتەوە بووبێت), شانازیدەکات بەوەى دەستى هەبووە لە داخستنیاندا. لێرەدا پەیوەندییەکى تیۆرى یان باشتر بڵێین لیبیدۆیی(libidinal) لەنێوان هێنانى پێشکەشکارە نوێیەکان و بێبەشکردنى ژنانى یانەکاندا هەیە. پەیوەندییەک کە ڕێکەوت نیە, ڕێکەوتیش بێت لەناو بونیادێکدا ڕێکەوتە نەک لەناو فەوزادا. بەسادەیی ئارەزووى کەناڵەکە ئەوەیە زۆر شوێنى ترى هاوشێوەش داخرێن تا ڕەونەقى پێشکەشکارە نوێیەکان دانەمرکێتەوە. کەناڵەکە دەیەوێت نیگاى کەلتورەکە بۆ لاى ئەو بن نەک شوێنى تر, بەڵام بە بەخشینێکى زاهیدانەى هێجگار لەوە کەمترى یانەکان. بۆیە پەیوەندییەکە, دوو سیفەتى تایبەتى هەیە: ١)نەستەکییە, واتە بکەرەکە پێشوەخت ئاگاى لە دەسپێکەکەى نیە و پاشان لە بن هاوکێشە نمایشى و میدیاییەکانەوە ڕوودەدات ٢) نیگا, کە خۆیشى دیسان چەمکێکى پێش ئاگاهتنەوەى سوبێکتە و ئەویش هەر نەستەکییە, لێرەدا کاردەکات و نیگاى کەناڵەکە/کەلتورى باو خۆیان هاوشوناسدەکەن و لە یەک گۆشەوە سەیرى دیمەنەکە دەکەن و پاڵپشتیی یەکتریش دەکەن. واتە, داخستنى یانەکان بەدیهاتنى ئارەزووى کەناڵەکەیە, ئارەزوویەک کە هاوکات لە "نوختەیەکى تایبەت"دا ئارەزووى خەڵکانى کۆنەپارێزیش دێنێتەدى. خاڵى پارادۆکسى ناو ئەم بەدیهاتنە ئەوەیە کە هیچکام لە ئارەزووکەرەکان(کەناڵەکە, نیگا کۆنەپارێزەکە) کورتنابنەوە بۆ یەکتر, چونکە لە هەمان کاتدا نەفییەکى تریان ماوە دەرهەق بە یەکتر ئەنجامیدەن. بۆنمونە, نیگا باوەکە بەتەواوى لەگەڵ نمایشکردنى ژندا نیە بۆ ڕاکێشانى بینەر, کەناڵەکەش ناتوانێت بەتەواوى خۆى یەکسانبکات بەو نیگایەى ئەوان چونکە مامەڵە بە دزەنیگاى سێکسیی سەردەمەکەوە دەکات بەو مەرجەى سنورى باو تێنەپەڕێت و وەرنەگەڕێت بۆ نەیارەکەى (کە لێرەدا یانەکانە). دەستخۆشیی فیگەرێکى دینییش لە کەناڵەکە, کۆکبوونێکى کاتییە لەسەر ئەوەى رێگاکانى چێژوەرگرتن لەڕیى دین و میدیاوە, هەژموونێکى ڕێکخراوە و نابێت بەرەى سێیەم هەبێت کە ئەم هەژموونە بلەقێنێت و نیگاکە بەرەو جێیەکى تر ببات. بەپێى لۆژیکى ژێرەوانکێى فرۆیدى, هەردوو بەرەکەش یانەیەکن بەڵام بۆ خەیاڵکردن نەک ئەزموونکردن(لێرەوە بەهەشت ڕەهەندێکى قووڵترى شاشەیە و هەردووکیشیان شوێنى فەنتازیاکردنن).   

چەمکى شەو-ى-جیهان و یانەکانى شەوانە(کە لەسەرەوە باسکران), وێڕاى ئەو هەموو سنوربەندییە مادى و چەمکایەتییەى لەنێوانیاندایە, کەچى تەواو نزیکیشن: هەردووک ئاماژەن بۆ بۆشایی و تاریکییەک لە هەناوى پانتاییەکدا, گەر "شەوى جیهان", سەنگێکى ئۆنتۆلۆژیی هەبێت, یانەکانى شەوانەش لەنێوان بەرە دینى و میدیاییەکاندا ئەو شەوەیە کە بەهۆى شوناسى کۆمەڵایەتى و ناونانى جیاواز و بڕى هەژموون و هاوکێشەکانى شارستانیەتەوە داپۆشراوە و چەپێنراوە. مرۆڤ خۆى پلێتێکى کرچوکاڵە و کەمەکە ئاڵۆزدەبێت و پۆڵێنى خۆى بەسەر جیهاندا دەسەپێنێت. بەڵام ئەم کرچییە هەمیشە بەدواوەیەتى و لە مردندا دەردەکەوێتەوە- بەڵام پاش ئەوەى ڕەمزاندن و پناسنامە و یارییەکانى ژیانى لەسەر هەڵکۆڵرابوو. ترسنۆکیی هەردوو بەرەکە لەوێوە دێت کە: یانەکانى شەوانە خۆى لەسەر شەوێکى بنچینەییتر وەستاوە کە ئەوان بەبێ چیرۆکى خۆفریودەرانە بوێریی ڕووبەڕوونەوەی ئەو شەوە بنەڕەتییەیان نیە.  

 

 

 

 

 


[1] The_Night_of_the_World, From No Subject - Encyclopedia of Psychoanalysis