سێكس و ئایاری 68: بزووتنه‌وه‌ی لیبڕاڵ ڕوویه‌كی شۆڕشگێڕانه‌ی به "سێكسواڵیته" به‌خشی، به‌ڵام به چ نرخێك؟
سلاڤۆی ژیژه‌ك
و. ڕوشدی جه‌عفه‌ر
ئه‌مساڵ[1] نیو سه‌ده به‌سه‌ر ڕووداوه‌كانی ئایاری 68ی پاریس (و شوێنه‌كانی تر)یشدا تێده‌په‌ڕێت. ئه‌م ڕووداوانه بزووتنه‌وه‌یه‌كی لیبڕاڵی گه‌نجانه‌یان سه‌رپێخست كه جیهانی گۆڕی. به‌م جۆره، ئێستا كاتێكی گونجاوه تاوه‌كو له خاڵه لێكچوو و جیاوازه‌كانی نێوان ئازادیی سێكسی و فێمینیزمی ده‌یه‌ی 1960 و كه‌مپینی ناڕه‌زایه‌تییه هه‌نووكه‌ییه په‌ره‌سه‌ندووه‌كان ڕابمێنین، ئیدی هه‌ر له LGBT+"[2]ه‌وه بۆ #me too[3]. له به‌ره‌نجامی ڕووداوه‌كانی 68دا، ڕۆژنامه‌ی "پێشكه‌وتنخواز"ی فه‌ڕه‌نسی زنجیره‌یه‌ك داواكاری بڵاوكرده‌وه كه تێیدا ده‌خوازرا ئیدی له‌مه‌ودوا پیدۆفیلیا (مناڵبازی) به تاوان ئه‌ژمارنه‌كرێت، بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌شیان ده‌كرد كه به‌م شێوازه ده‌كرێت ئه‌و سنووره تۆخه ده‌ستكرد و چه‌وسێنه‌ر و له‌ڕووی كه‌لتورییه‌وه سه‌ركوتكه‌ره‌ی وا مناڵان له كه‌سانی پێگه‌یشتوو جیاده‌كاته‌وه، بسڕدرێته‌وه. هه‌روه‌ها مافی به‌كارهێنانی ئازادانه‌ی جه‌سته بۆ مناڵان‌یش درێژ ده‌كرێته‌وه. ئه‌وان جاڕیان بۆ ئه‌وه‌ش لێده‌دا كه ته‌نیا هێزه تاریكپه‌رسته‌كانی "كۆنه‌پارێزی" و "چه‌وساندنه‌وه" دژی ئه‌م هه‌نگاوه ده‌وه‌ستنه‌وه. له‌نێو ئه‌و كه‌سانه‌ی ئه‌م داواكاریه‌شیان ئیمزا كردبوو كه‌سه كه‌لتورییه ناوداره‌كانی وه‌كو سارته‌ر، سیمۆن دی بۆڤوار، دێریدا، ڕۆلان بارت، فۆكۆ، لویس ئاراگۆن، فلیكس گواتاری، دۆلۆز و لیوتارد هه‌بوون. به‌هه‌رحاڵ، له‌مڕۆدا مناڵبازی به یه‌كێك له خراپترین تاوانه وێناكراوه‌كان داده‌نرێت، و له‌بری ئه‌وه‌ی به‌ناوی پێشكه‌وتنی دژه-كاسۆلیكی خه‌باتی بۆ بكرێت، زۆرجار ده‌درێته‌پاڵ دیوه تاریكه‌كه‌ی كڵێسه‌ی كاسۆلیكی خۆیه‌وه. ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت له‌مڕۆدا جه‌نگان له‌دژی مناڵبازی ئه‌ركێكی پێشكه‌وتنخوازانه‌یه له هه‌مبه‌ر هێزه كۆنه‌پارێزه‌كاندا[4].
قوربانییه هه‌ره پێكه‌نیناوییه‌كه‌ی ئه‌م گۆڕانه [باسكراوه‌ی سه‌ره‌وه له پێگه‌ی مناڵبازی له به‌ناو پێشكه‌وتنخوازییه‌وه بۆ كۆنه‌پارێزی] دانیال كۆهن-بێندیتی سیاسه‌تمه‌دار بوو. ئه‌م سیاسه‌تمه‌داره كه هێشتاش هه‌ر به ڕۆحیه‌ته كۆنه‌كه‌ی ده‌یه‌ی 1960 ده‌ژیا، له‌مدواییانه‌دا له چاوپێكه‌وتنێكدا باسی له‌وه ده‌كرد چۆنچۆنی له ساڵانی لاوێتیی خۆیدا، ئه‌وكاته‌ی له باخچه‌یه‌كی ساوایاندا كاریده‌كرد، به‌به‌رده‌وامی گه‌مه‌ی ده‌ستپه‌ركردنی له‌گه‌ڵ كچانی مناڵكاردا كردووه. له به‌ره‌نجامدا، به دۆشداماوییه‌وه، ڕووبه‌ڕووی هێرشێكی كاردانه‌وه‌یی بێ ئامان بوویه‌وه؛ كه‌سانێكی زۆر داوایان ده‌كرد له په‌رله‌مانی ئه‌ورووپا دووربخرێته‌وه و ڕێكاره یاساییه‌كانی له‌به‌رامبه‌ردا بگیرێته‌به‌ر.
ئه‌و كه‌لێنه‌ی ئازادیی سێكسی 68 له خه‌باتی هه‌نووكه‌یی بۆ ڕزگاریی سێكسی و ڕه‌گه‌زی جیاده‌كاته‌وه به ڕوون و ئاشكرایی له‌و مشتومڕه تونده‌ی ئه‌مدواییه‌ی نێوان جێرمه‌ین گریر و هه‌ندێك له فێمنیسته‌كان به‌رچاوده‌كه‌وێت كه به شێوه‌یه‌كی ڕه‌خنه‌یی به‌رسڤی سه‌رنجه نه‌رێنییه‌كانی گریریان له‌باره‌ی #me to دایه‌وه. خاڵه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی ئه‌وان ئه‌وه بوو چۆنچۆنی له‌كاتێكدا تێزه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی گریر له به‌ستێنی بزووتنه‌وه‌ی ئازادیی سێكسی ده‌یه‌ی 1960 ڕه‌وایه‌تی هه‌یه و ڕاستده‌كه‌وێته‌وه؛ كه‌چی له هه‌لومه‌رجی ئێستادا جیاوازه؛ ئه‌و تێزه‌ی كه ژنان ده‌بێت له ڕووی سێكسییه‌وه خۆیان له باڵاده‌ستیی پیاوان ده‌ربازبكه‌ن، و ژیانێكی سێكسی و ڕه‌گه‌زی كارا له‌ئه‌ستۆبگرن به‌بێ په‌نابردنه به‌ر خۆ به‌قوربانی نیشاندان.
ئه‌و شته‌ی له‌م میانه‌یه‌دا ڕوویدا ئه‌وه‌یه خودی ڕزگاریی ڕه‌گه‌زیی ژنان (واته توانستیان تاوه‌كو به‌ئازادی ژیانێكی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ئه‌ستۆبگرن) به‌كاڵاكرا. له‌كاتێكدا ئه‌وه ڕاسته بڵێین ژنان چیتر وه‌ك ئۆبێكتگه‌لێكی ناكارای ئاره‌زووی پیاوانه سه‌یرناكرێن، به‌ڵام ئه‌وه‌ش هه‌ر ڕاسته كه خودی سێكسواڵیته كاراكه‌یان له‌ئێستادا (له دیدی پیاوانه‌وه) یه‌كسانه به به‌رده‌ستبوون و سازوته‌یاربوونه هه‌میشه‌ییه‌كه‌یان بۆ ده‌رگیربوون له په‌یوه‌ندیی سێكسی‌دا.
له‌م هه‌لومه‌رجه نوێیانه‌دا، وتنی "نه‌خێر" به شێوه‌یه‌كی توند و به‌گوژم ته‌نیا به خۆبه‌قوربانی نیشاندان ڕه‌چاوناكرێت، چونكه ده‌لاله‌ت له ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌م شێوازه نوێیه‌ی ملپێكه‌چكردنی سێكسی ژنان ده‌كات، و له ژنان ده‌خوازێت كه نه‌ك هه‌ر ته‌نیا به ته‌رزێكی ناكارا و ناچالاك خۆیان ڕاده‌ستی باڵاده‌ستیی ڕه‌گه‌زیی نێرینه بكه‌ن به‌ڵكو وا بجوڵێنه‌وه وه‌ك بڵێی خۆیان به‌كارایی و چالاكانه ئه‌مه‌یان ده‌وێت.
ئه‌گه‌رچی بڕێ حه‌قیقه‌تی به‌هێز له‌م هێڵه‌ی ئه‌رگۆمێنتكردندا هه‌یه، به‌ڵام وێڕای ئه‌مه‌ش ده‌بێت ددان به‌وه‌دا بنێین چه‌نده شتێكی گرفتداره كه خواسته سیاسییه‌كانمان بۆ سه‌ر پێگه‌ی قوربانێتی[5] بگیرسێنینه‌وه. ئاخۆ تایبه‌تمه‌ندییه بنچینه‌ییه‌كه‌ی سوبێكتیڤیته‌ی هه‌نوكه‌یی بریتی نییه له تێكه‌ڵه‌ی سه‌یروسه‌مه‌ره‌ی ئه‌و سوبێكته ئازاده‌ی كه باوه‌ڕی وایه سه‌ره‌نجام خۆی به‌رپرسیاره له چاره‌نووسی خۆی و ئه‌و سوبێكته‌ی ئه‌رگۆمێنتی خۆی له‌سه‌ر پێگه‌كه‌ی وه‌ك قوربانی هه‌لومه‌رجگه‌لێك كه له ده‌ره‌وه‌ی ڕكێفی ئه‌وه‌وه‌ن داده‌ڕێژێت؟ هه‌ر په‌یوه‌ندییه‌ك له‌گه‌ڵ مرۆڤێكی تردا وه‌ك هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی هێزه‌كی (پۆتێنشیاڵ) ئه‌زموونده‌كرێت- ئه‌گه‌ر ئه‌ویتر جگه‌ره بكێشێت یان ئه‌گه‌ر بێت‌و نیگایه‌كی ته‌ماحكارانه‌م تێببڕێت، ئه‌وا پێشوه‌خته ئازاری داوم؛ ئه‌م لۆژیكه‌ی خۆبه‌قوربانیكردن[6] له‌مڕۆدا ڕوویه‌كی گشته‌كی به‌خۆوه گرتووه، گه‌یشتۆته ئه‌ودیوی حاڵه‌ته ستاندارده‌كانی گێچه‌ڵی سێكسی و ڕه‌گه‌زپه‌رستانه. بۆنمونه، بیر له‌و پیشه‌سازییه داراییه هه‌ڵكشاوه بكه‌ره‌وه وا به ده‌وری بانگه‌شه‌كانی پێژماردن و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی زیاندا ڕۆنراوه. تێگه‌ی سوبێكت وه‌ك قوربانییه‌كی نابه‌رپرسیار له‌وه‌ی به‌سه‌ریدا هاتووه، ڕوانگه‌یه‌كی خودئه‌ڤینانه‌ی په‌ڕگیری تێدایه: هه‌ر ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌ویتردا وه‌ك هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی هێزه‌كی ده‌بینرێت بۆ سه‌ر هاوسه‌نگییه له‌رزۆكه‌كه‌ی سوبێكت. پارادۆكسه‌كه ئه‌وه‌یه، له شێوازه باڵاده‌سته هه‌نووكه‌ییه‌كه‌ی تاكه‌كه‌سێتیدا، سه‌لماندنی خود-میحوه‌ری سوبێكتی سایكۆلۆژی به‌ته‌رزێكی پارادۆكسانه له‌گه‌ڵ له‌خۆڕوانین وه‌ك قوربانییه‌كی هه‌لومه‌رجه‌كان ئاوێزان ده‌بێت.
ناتوانین خۆمان له‌و گومانه لابده‌ین كه چه‌پی كه‌لتوری سه‌ر به درووستی و لیاقه‌تی سیاسی[7]، بۆیه به ته‌رزێكی هێنده سه‌رشێتانه پشتگیری له "پێشكه‌وتن" ده‌كات، و جه‌نگی نوێ له دژی "ئه‌پارتاید"ه سێكسیت و كه‌لتورییه‌كان هه‌ڵده‌گیرسێنێت، تاوه‌كو نغرۆبوونی ته‌واوه‌تی خۆی له سه‌رمایه‌داریی جیهانیدا په‌رده‌پۆشبكات. ئێره ئه‌و جێیه‌یه تێیدا LGBT+ و #me too به‌ر تیم كووك و بیل گه‌یتس ده‌كه‌ون و به‌یه‌كتر ده‌گه‌ن.
چۆن گه‌یشتین به‌مه؟ وه‌كئه‌وه‌ی زۆرێك له موحافیزكاره‌كان تێبنییان كردووه (و له‌م خاڵه‌شدا له‌سه‌ر حه‌قن)، خه‌سڵه‌تی ده‌ستنیشانكه‌ری سه‌رده‌می ئێمه بریتییه له هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی هه‌ڵكشاوی تۆڕی خوو و عاده‌ته هاوبه‌شه‌كان؛ تۆڕێك كه بناغه‌ی ئه‌و شته داده‌نێت وا جۆرج ئۆروێڵ به‌شێوه‌یه‌كی قایلكه‌رانه به "ڕێزگرتن و ویقاری گشتی" ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات. له‌مڕۆدا ئه‌م ستانداردانه وه‌ك جڵه‌و و لغاوێك كه ئازادیی تاكه‌كه‌س ده‌كه‌نه پاشكۆی شێوازه پرۆتۆ-فاشیست و ئۆرگانیكه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان وه‌لاده‌نرێن. له بارودۆخێكی وه‌هادا، خه‌ونه لیبڕاله‌كه ده‌رباره‌ی لانیكه‌می یاساكان (كه نابێت ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی هێجگار به‌توندی ڕێكخه‌ن به‌ڵكو ته‌نیا ڕێگه له تاكه‌كان بگرن له‌وه‌ی هه‌ڵبكوتنه سه‌ر یه‌كتر- یان "گێچه‌ڵ" به یه‌كتر بكه‌ن) داشكاوه‌ته ناو بڕێكی بێشوماری ڕێسا ئه‌خلاقی و یاساییه‌كان، و پرۆسه‌یه‌كی بێكۆتای ئه‌رگۆمێنتی یاسایی و به‌ئه‌خلاقیكردن كه مۆركی "جه‌نگ له دژی هه‌موو شێوازه‌كانی جیاكاری" لێدراوه. ئه‌گه‌ر هیچ عاده‌ت و به‌هایه‌كی هاوبه‌ش نه‌بێت كه ڕێگه‌یان پێدراوه كاربكه‌نه سه‌ر یاسا، و ته‌نیا فاكتی "گێچه‌ڵكردن" به سوبێكته‌كانی تر له‌ئارادبێت، ئه‌وا پرسیارێكی نوێ خۆی قووتده‌كاته‌وه. كێ- له غیابی ئه‌م جۆره عاده‌ت و به‌ها ده‌سته‌كۆییانه- ئه‌وه یه‌كلاده‌كاته‌وه كه چ شتێك به "گێچه‌ڵپێكردن" ئه‌ژماربكرێت؟
سه‌ره‌نجام، ئێمه له فه‌ڕه‌نسادا ڕێكخراوه‌كانی داكۆكیكار له قه‌ڵه‌وه‌كان ده‌بینین وا داوای ئه‌وه ده‌كه‌ن تێكڕای ئه‌و كه‌مپینه گشتییانه‌ی له دژی قه‌ڵه‌وی و له‌پێناو خوو و عاده‌ته‌كانی خواردنی درووست و سه‌لامه‌تدا به‌گه‌ڕخراون، ده‌بێت بوه‌ستێنرێن، چونكه ئه‌م كه‌مپینانه ئازاری ڕێزله‌خۆگرتن و خود-نرخاندنی كه‌سه قه‌ڵه‌وه‌كان ده‌ده‌ن.
له لایه‌كی تریشه‌وه، خه‌باتكارانی "شكۆی ڕووه‌كخۆری"[8] "سه‌رده‌سته‌یی جۆری مرۆیی" گۆشتخۆره‌كان ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه و ئیدانه‌ی ده‌كه‌ن (گۆشتخۆره‌كان كه جیاكاری له‌هه‌مبه‌ر ئاژه‌ڵاندا ده‌كه‌ن و ئیمتیاز به مرۆڤه‌كان ده‌به‌خشن- ئه‌مه‌ش لای ڕووه‌كخۆره‌كان شێوازێكی هێجگار قێزه‌ونی "فاشیزم"ه) و خوازیارن ڤیگێتۆفۆبیا (ترس له ڕووه‌كخۆری) وه‌ك چه‌شنێكی زینۆفۆبیا (ترس له بێگانه‌كان) مامه‌ڵه‌بكرێت و به تاوانیش ئه‌ژماربكرێت، و هتد و هتد، تا ئه‌وه‌ی ڕه‌نگه ڕۆژێك وتوێژه‌كه بگاته شتی وه‌كو هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ مه‌حره‌م و كوشتن به ڕێكه‌وتنی دوولایه‌نه[9] و مرۆڤخۆری.
لێره‌دا كێشه‌كه بریتییه له هه‌ڕه‌مه‌كێتی و له‌خۆوه‌یی ئاشكرای ڕێسا هه‌میشه گۆڕاوه‌كان. با ئاماژه به سێكسواڵیته‌ی مناڵ بكه‌ین، ده‌كرێت كه‌سێك مشتومڕی ئه‌وه بكات به‌تاوان ناساندنی سێكسواڵیته‌ی مناڵ جیاكارییه‌كی ناڕه‌وایه، به‌ڵام هه‌روه‌ها ده‌شێت باسی ئه‌وه‌ش بكه‌ین كه ده‌بێت مناڵان له گێچه‌ڵی سێكسی له‌لایه‌ن پێگه‌یشتووان بپارێزرێن.
ده‌توانین ئاوا به‌رده‌وام بین: هه‌مان ئه‌و كه‌سانه‌ی پشتگیری له به‌یاسایكردنی ماده هۆشبه‌ره سووكه‌كان ده‌كه‌ن عاده‌ن پاڵپشتی قه‌ده‌غه‌كردنی جگه‌ره‌كێشانیش له شوێنه گشتییه‌كاندا ده‌كه‌ن؛ هه‌مان ئه‌و كه‌سانه‌ی له دژی گێچه‌ڵه باوكسالارییه‌كان له‌به‌رامبه‌ر مناڵه چكۆڵه‌كان له كۆمه‌ڵگاكانماندا ناڕه‌زایه‌تی ده‌رده‌بڕن، كه‌چی نیگه‌رانن له‌وه‌ی كه‌سێك بێت‌و ئیدانه‌ی ئه‌وه بكات ئه‌ندامانی كه‌لتوره بێگانه‌كان كه له‌گه‌ڵماندا ده‌ژین كتومت ئه‌م كاره‌یان ئه‌نجامداوه (بۆنمونه، با بڵێین ڕێگه‌گرتنی ڕۆم و قه‌ره‌جه‌كان له‌وه‌ی مناڵان بچنه قوتابخانه گشتییه‌كانه‌وه)، چونكه ئه‌و كه‌سانه بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كه‌ن ئه‌مه خۆهه‌ڵقورتاندنه له "شێوه‌ژیان"ی [كه‌لتوره بێگانه‌كان و ئێمه نابێت ئیدانه‌ی بكه‌ین و دژی بوه‌ستینه‌وه، واته هه‌مان لۆژیكه كه‌لتورییه‌كه‌ی درووستیی سیاسی]. هه‌ر به‌م جۆره له‌به‌ر كۆمه‌ڵێك هۆكاری بونیادی زه‌روور، ئه‌م "جه‌نگه له‌دژی جیاكاری" پرۆسه‌یه‌كی بێكۆتایه و به‌شێوه‌یه‌كی نه‌بڕاوه كۆتا خاڵی خۆی دواده‌خات، كۆمه‌ڵگایه‌كی ده‌رباز بوو له هه‌موو پێشداوه‌رییه ئه‌خلاقییه‌كان، به وته‌ی ژان-كلاود میشیا، "كۆمه‌ڵگایه‌كه مه‌حكومه به‌وه‌ی له هه‌موو جێیه‌كدا به به‌رچاوییه‌وه تاوان بكرێت".
[1] مه‌به‌ست ساڵی 2018
[2] ئه‌م زاراوه‌یه كورتكراوه‌ی لێسبیان، گه‌ی، بایۆسێكسواڵ (نێره‌مووك) و ترانس جێنده‌ره (ڕه‌گه‌زگۆڕاو)؛ بزووتنه‌وه‌ی كه‌مایه‌تییه سێكسییه هاوڕه‌گه‌زبازه‌كان. نیشانه‌ی كۆ "+"یش ئاماژه‌یه بۆ شوناسه ڕه‌گه‌زییه‌كانی تر، جگه له چوار دانه ئاماژه بۆكراوه‌كه، وه‌كو كویر- به‌وپێیه‌ی به‌كارهێنانی وشه‌ی "هاوڕه‌گه‌زباز" بۆ هه‌موویان له‌ڕووی زمانییه‌وه به‌س نییه و ئه‌وه‌نده‌ی ئاگاداربین له زمانی كوردیدا هاوتای پڕبه‌پێستیان بۆ دانه‌نراوه بۆیه وه‌كخۆیان دانراونه‌ته‌وه.
[3] ئاماژه‌یه بۆ بزووتنه‌وه‌ی "هاشتاگی me too" كه تێیدا كچ و ژنانی قوربانی ده‌ستی گێچه‌ڵه سێكسییه‌كان حه‌كایه‌ته‌كانی خۆیان به‌شده‌كرد و بڵاوده‌كرده‌وه، به‌تایبه‌ت له چه‌ند ساڵی پێشوودا. ژیژه‌ك وێڕای پشتگیری له هه‌وڵی دژوه‌ستانه‌وه به‌رامبه‌ر گێچه‌له سێكسییه‌كان، به‌ڵام ئاڵنگاریی كۆمه‌لێك بنبه‌ست و ناودژی گێچه‌ڵی سێكسی و خودی بزووتنه‌وه‌كه‌ش ده‌كات، و ده‌یه‌وێت بڵێت نابێت تین‌وتاوی ڕووداوه‌كان ببنه هۆی ئه‌وه‌ی عه‌قلی باو (كۆمۆن سێنس) به‌سه‌ر شیكاریی ڕه‌خنه‌ییدا سه‌ربكه‌وێت.
[ بۆ تێگه‌یشتن له گێچه‌ڵی سێكسی، به‌تایبه‌ت له‌به‌رامبه‌ر مناڵان، له به‌ستێنه كوردییه‌كه‌دا، بڕوانه كورته‌وتاری:
[5] Victimhood
[6] Victimization
[7] Politically correct
[8] Veggie pride
[9] Consensual
سەرچاوە
https://www.rt.com/op-ed/418238-sexual-revolution-metoo-harassment/