A+    A-
(1,035) جار خوێندراوەتەوە

                                سۆفیی گۆشەى چەمکەکان...[1]

 

 

 

وەلید عومەر

 

 

 

 

تێگەیشتن لە مەعریفە پێویستى بە دیوێک لە کەشوهەواى سۆفییانەیە, سۆفییەکى فۆرماڵ, سۆفییەک کە لە ناوەڕۆکدا خۆلەبیرکردن نیە لەپێناوى نزیکبوونەوە و توانەوە لە خودادا وەک گشت(کل)ێک, بەڵکو نزیکبوونەوەیە لە چەمکەکان. سۆفى و خوێنەرى ڕێى مەعریفە, لەوەدا لەیەکدەچن کە دەبێت ئەزموونبکەن, ڕیزێک نێوانگرى جێبێڵن تا لە غایەت و ئامانج نزیکدەبنەوە. ئەمڕۆ گەرچى سۆفیبوون وەک دیاردەیەکى بەبەردبووى کۆن سەیردەکرێت, بەڵام لەئاستى فۆرم و ستراتیژدا زۆر وانەی پێیە بۆمان. یەک لەو وانانە ڕۆنیشتن و ڕۆچوون و ئەزموونکردنە, تیاژیانە بە لەشەوە نەک هەر ڕۆح(کە درۆیەکى گەورەیە لەگەڵ خۆماندا), تیاژیانێک کە لەش دەدرێت بەدەم ئەزموونەوە. بۆ تێگەیشتن لە چەمکەکان, جیا لە فەرهەنگ و فێربوون, شتێک لە لەشى ئەزموونکراویشمان پێویستە. چۆن؟

ئەو کەسەى دەخوێنێتەوە و دەیەوێت تێبگات, زیاد لە جارێک پێویستى بە ڕووبەڕووبوونەوەى چەمکێک(یان ئایدیا و تیۆرێک)ـە. گەر وێنەکە سادەکەینەوە, ئەوا هەر چەمکێک لانیکەم پێویستى بە دوو بەرکەوتنە. بەرکەوتنى یەکەم, بەرکەوتنێکى سەرەتاییە, ناسین و تەعاروفە. بەرکەوتنى دووەمیش, هەر ناسین و تەعاروفە بەڵام لە ئاستێکى هەژێنەرتر و قووڵتردا. شتەکە زۆر لە ناسینى مرۆڤێکیشەوە دوور نیە, سەرەتا چەندجار بە لاى دەموچاوێکدا تێپەڕیویت, بەڵام لەکاتى ناسینى ڕەسمیدا دەموچاوەکە نزیکتر شوێنى خۆى جێدەهێڵێت, دیوێکى ترى دەبینیت کە نەتبینیوە, واتە بوار کراوەتەوە کەمێک لەگەڵى بژییت. چەمکێک کە یەکەمجار دەیبیستیت و دەیخوێنیتەوە, وەک وشەیەک بەریدەکەویت, درکێکى گشتى و بەرایی لەسەر وەردەگریت(بگرە وەریشناگریت), بەڵام لە بەرکەوتنى دووەم و سێیەم و چەندەمدا نزیکتر لەسەر زەینت دەنیشێت. بەڵام زۆرجار لەنێوان بەرکەوتنى یەکەم و دواتر, دەشێت چەندین ساڵ مەودا هەبێت. گەر بەرکەوتنى یەکەم, زانیارییەکى ڕووت بووبێت ئەوا بەرکەوتنەکانى داهاتوو شتێکە لە ئەزموونەوەیە, نمونەکانیت دیوە, بەناوتدا گوزەریکردووە, تۆى بەستووە بە واقیعەوە, تۆى بڕیوە: یان بە قەولى خاوەنى ناونیشانەکەى سەرەوە «ساردوگەرمى ڕۆژگارت پێ دەچێژێت». بەڵام ئەم ئەزموونەش شتێکى مسۆگەر نیە و زۆر خوێنەر لەپاش بەرکەوتنى یەکەم, دادەبڕێن و بەختى ئەوەیان نابێت بە دیدارى بەرکەوتنى دووەم و دواتر شادبن. بەشێک لەم جێهێشتنە ڕاستگۆیانەیە و بەشێکیشى نەبوونى پشوودرێژى.

بەرکەوتنى یەکەم و دووەم, دوو ساتى تەواو جیاواز و نامۆش نین, بەڵکو بە زمانە هیگڵییەکە بیڵێین جۆرێکن لە پۆزەتیڤکردن و دووقاتکردنەوەى ئەو پێشگریمانەیەى کە هەبووە. واتە, سەرەتا زانینێکت هەیە, کە لە بەرکەوتنى دووەمدا تەنیا تۆخیدەکەیتەوە, ئەوەى هەیە دەبێتەوە بەوەى هەبووە, بەڵام لە پرۆسەیەکى دیالەکتیکییدا کە پێدراوەکەى یەکەمجار لە هەژارییە ڕاستەوخۆکەى دەربازیدەبێت و خۆى دەبێتە نێوانگرى خۆى بۆ ئەوەى بپەڕێتەوە بۆ ئەزموونێکى دەوڵەمەندتر و خەسڵەتدارتر. ئەمەش وادەکات بڵێین, بەرکەوتنى یەکەم بە چەمکەکان بەتەواوى یەکسان نیە بە بەرکەوتنى دووەم, بەڵام ناشتوانین جیایانکەینەوە. هەروەکو دوو وشەى نێو زمانێک کە بەتەواوى مورادف(هاوتا و هاومانا) نین, بەڵام ناشتوانین نەیانخەینەوە ناو یەک ئاسۆى مانایی. هەردووک هاوتان, بەڵام لە یەک کات و یەک ساتەوەختدا نا. بگرە هاوتابوون خۆى دەبێتە ئەو ئایدیا گشتییەى کە قەت بەدینایەت و تەنیا لەڕێى بەشەکانیەوە بوونى خۆى کردەکیدەکاتەوە کە بریتییە لە دوو وشە بەشەکییە مورادفەکە کە هەردووکیان دەیانەوێت وێنەیەک و ئایدیایەک و هاوتابوونێک بگەیەنن.

گەر بەرکەوتنى یەکەم لەگەڵ چەمکێکدا لە ئەزموونى دیندارێکى سادە بچێت, ئەوا تێگەیشتنى قووڵتر و تیاژیانیان پێویستى بەوەیە کەمێک سلوکە ڕۆژانەییەکە جێبهێڵین و چەشنى سۆفییەکى بێباک لەگەڵى بڕۆین. ئەمە بۆ کایەى وەرگێڕانیش درووستە, چونکە دیسان دوو جەمسەر دێتەئاراوە: زمانى میوان و زمانى خانەخوێ, یان زمانە بیانییەکە و زمانى خۆماڵى. وەرگێڕ, ساڵەهاى ساڵ خەریکى ڕێکخستنى بەرکەوتنەکانە, خەریکى ئەوەیە ئەو وشەیەى ناو زمانە بیانییەکە چۆن هاوتاى وشەیەکى ناو زمانەکەى خۆى بکاتەوە. ئەم شەڕە زاتییە, کاتى دەوێت, چونکە جار هەیە بەرامبەرێک بۆ وشەیەکى بیانى دادەنێیت کە ڕێژەیی و نزیک بووە بەڵام فیتاوفیت نەبووە. ئەوە ئەزموونەکانى دووەم و دواتره ئەم فیتبوونە دەڕەخسێنیت, فیتبوونێکى تەواویش نا: چونکە زیادەیەک لە هەردوو بەرکەوتنەکە دەمێنێتەوە و لە ئاسۆى هەردوو وشەکەدا دەیچەپێنیت. دیسان لەم نمونانەوە دەگەین بەوەى تێبینییەکى پێویست بیرى خۆمان بخەینەوە: بەرکەوتنى یەکەم تەنیا لەسەرەتاوە یەکەم بووە, گەرنا بەشێوەى ڕیترۆئەکتیڤ و پاشەوپاش کە دەگەڕێینەوە سەرى, لە یەکەمبوون دەکەوێت. واتە پێگە یەکەمینەکەى لەقدەکەین و بەرەو ئاستێکى ترى هەڵدەکێشین. هەروەکو چەمکەکە و وشەى ناو زەینى وەرگێڕەکە کە بەبێ بەرکەوتنى یەکەم, هەرگیز بەرکەوتنى دووەم و دواتر نەدەهاتەگۆڕێ. کە دێتەگۆڕێش, دەچینەوە گیانى ڕابردوو و دەستکاریی شوێنى چەمک و وشە و بەریەکەوتنى یەکەم دەکەین. ئەم پرۆسەیە بۆ زۆر دیاردەى ترى ناو ژیانیش هەر ڕاست دەردەچێت.

ئەمە گەر بۆ خوێنەرێک وابێت, بۆ بیرمەندان و فەیلەسوفان ئازارێکى تایبەتترە. فەیلەسوفان هەردەم دەچنەوە گیانى ئەوەى وتوویانە. ئەوان تا دەمرن چەمکەکانى خۆیان بەخێودەکەن, بۆى زیاددەکەن, ڕەهەندى ترى دەدەنێ, ئاڵوگۆڕى دەکەن بە چەمکى نزیکتر, پتر و پتر تێیدا دەژین و هتد. لێرەشەوەیە فەیلەسوفان لە مشتومڕەکانیاندا, ئایدیا و چەمکەکانى خۆیان ئاسانفرۆش و هەرزانفرۆش ناکەن, پێداگریی لەسەر دەکەن, چونکە دیوێکى سوبێکتیڤ و تیاژیاوى هەیە کە تەنیاوتەنیا بۆخۆیان ماناى هەیە و لە ژویسانسە زاتییەکەى وان هەڵژەنراوە. کاتێکیش بیرمەندێک لە چەمکێک یان ماناى تایبەتى چەمکێکى خۆى پاشەکشەدەکات و مەنزوومەى بیرکردنەوەى خۆى نوێدەکاتەوە, تارمایی چەمکە مردووەکە بەشوێنیەوەیەتى. ئەمجارەیان دوو بەرکەوتن هاوتاناکاتەوە بەیەکتر, بەڵکو خودى ناهاوتاکردن هاوتادەکات. لە ئاستێکى فراوانتردا, ئەمە چارەنووسى هەموو بیرمەندان و فەیلەسووفانە و وردەوردە نوسخەیەکى ناهاوتا و ڕووکەش لە فیکرەکەیان درووستدەکرێت و لە هەموو ئەزموونێکى تیاژیاوى سوبێکتیڤى وان دووریدەخەنەوە. وەک ئەوەى ژاک لاکان لە سەرەتاى یەکێک لە دانیشتنەکانیدا دەڵێت: «فەترەیەک بەسەر مردنتا دەڕوات و لە دووسێ ڕستەدا کورتتدەکەنەوە و فڕێتدەدەنە نێو مەنهەجێکى خوێندنەوە. بەشبەحاڵى منیش کەس نازانێت پوختەکراوەکەم لەکام مەنهەجدا دەدۆزرێتەوە». بە مانایەکى تر, ئەوەى فەیلەسوفان و بیرمەندان لێى ترساون, گەڕاندنەوەیانە لە بەرکەوتنە ئاڵۆزترەکانەوە بۆ بەرکەوتنە سادە و یەکەمینەکان, بۆ مەنهەجێکى خوێندن کە کەسێک لەولاوە دێت و بەخۆى دەڵێت: ئەمڕۆ چەمکێکم بیست, ماناى ئەوە و ئەوەیە- ڕۆحى خاوەن چەمکەکەش لە هەمووکات زیاتر ئاسودەبێت! لەو فەیلەسوفانەش کە لە هەوڵێکى ناکامدا بەر لە مردنیان ڕێ لەمە دەگرن, سلاڤۆى ژیژەکە کە لە چەندین سیاق و کتێبدا دەچێتەوە سەر چەمکێک یان ئایدیایەک, چونکە هەرجارەى ڕوویەکى دەبینێت و سووچێکى ترى واقیعیشى لێوە دەردەکێشێت. ئەم ستراتیژە بەجۆرێکە کەم کەس درکیدەکەن و لە عەقڵى باودا وەک دووبارەکردنەوە باسدەکرێت(نەگبەتییەکە پێشوەخت ڕوویداوە).

پێویستدەکات خوێنەرى فیکرى بە یەکەم بەرکەوتنى چەمکەکان بەسنەکات و نەیبڕێتەوە, وەکچۆن بە یەکەم بەرکەوتنیش فریونەخوات. هیچ چەمکێک نیە بە شێوەى تر نەگەڕێتەوە, و داواى دەوڵەمەندکردن لە خوێنەرەکەى نەکات. چەمکەکان و ئایدیاکان بەرەنجامى ئەزموونى تیاژیاوى ئەوانیترن, بۆیە داواى تیاژیان و کەشێکى سۆفییانە لە خوێنەر دەکەن: گەر ئەمە بەجێنەهێنرێت, هەرگیز ناتوانین لەگەڵ چەمکەکاندا لە بن سەقفێکدا بژین, سەقفێکى زەینى و ...

 

  

   

   

 

 

 

 

 


[1] .  موتوربەکردنى دێڕێکى "هێمن"ـە.