A+    A-
(1,624) جار خوێندراوەتەوە

ڕانان و بەسەرکردنەوەى کتێبی "باسی میتۆد"ـى دیکارت

 

 

 

شکار وەفا

 

 

 

 

کتێبی (باسی میتۆد) بە یەکەم کتێبی فەلسەفەی مۆدێرن دادەنرێت و بنەڕەتێکی تیۆری بووە بۆ زانستی مۆدێرن و بە یەکێک لە گرنگترین کتێبەکانی مێژووی فەلسەفە دادەنرێت. دیکارت لە (باسی میتۆدا) داهێنانی لە چۆنییەتی چارەسەرکردنی کێشەکاندا کردووە. دیکارت هاتووە لەڕێگەی پێچەوانەکردنەوەی درککردنمان بە سوبێکت و ئۆبێکتەوە پەیوەندییەکانی ئێمەی پەیوەست بە واقیعەوە بەکێشەکردووە بەو ئەمانجەی چارەسەریانبکات. ئەم پێچەوانەکردنەوە و دژایەتیکردنە لە فەلسەفەدا نوێ بووە (کە لەسەردەمی دیکارتدا شتێکی نوێ بووە)، کە هەرگیز بیرکردنەوەکانی مرۆڤ و ئەو تیۆرە لۆژیکییەکان نەکراون بە کێشە تاوەکو چارەسەر بکرێن یان چارەسەر بکرێنەوە. دیکارت هەڵوەستەی لەسەر ئەوە کردووە کە چۆن بزانین ئەو زانینەی دەستمانکەوتووە لۆژیکی و درووستە، وەڵامی ئەویش بۆ ئەم پرسە ئەوەیە کە ڕاستودرووستیی میتۆدەکەمان دەستەبەری ڕاستیودرووستیی ئەو زانینە دەکات کە لەسەری چڕبووینەتەوە و هەڵوێستەمان لەسەری کردووە.

بنەڕەتیترین یاساکانی میتۆد بەگوێرەی دیکارت ئەوەیە کە "تا بەشێوەیەکی ڕۆشن نەزانم ڕاستییە، هەرگیز هیچ شتێک وەک ڕاستی قبوڵ نەکەم و لە هەڵەشەیی و گومان دووربکەومەوە. دەتوانین بە زمانی ئەمڕۆ بەوە بڵێین "بیرکردنەوەی زانستییانە" کە لە هەناوی (باسی میتۆد)دا لەدایکبوو.

دەتوانین بڵێین (باسی میتۆد) یاداشتێکە تایبەت بە ژیان و ئەزموونی خودی دیکارت و لە هەمان کاتدا پەیامێکی فەلسەفییشە، گرنگترین دێڕی بەناوبانگی ناو ئەم کتێبە کۆجیتۆ بەناوبانگەکەی بەشی چوارەمی کتێبەکە کە دەڵێت "من بیردەکەمەوە، کەواتە من هەم".

دیکارت لەم کتێبەدا باسی لەوە کردووە میتۆدێکی کاریگەری دۆزیوەتەوە کە یارمەتیدەر و ڕێنماییکەری بووە لەوەی کە لە لێکۆڵینەوە زانستییەکەیدا چەندین شتی گرنگ بدۆزێتەوە. میتۆدەکەی بەشێوازێکی بایۆگرافی ڕوونکردۆتەوە، چیرۆکی گەشەسەندنە مەعریفییەکەی دەگێڕێتەوە و باس لەوە دەکات چۆن گەیشتووە بەم میتۆدە. دیکارت پاش ئەوەی لە فێرگەی کۆمەڵگەی مەسیحیدا فەلسەفەی ئەرستۆ دەخوێنێت کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر دروستدەبێت و بەو هۆیەوە گەشە بە میتۆدەکەی دەدات.

ئەو باسی لەوە کردووە کە لە خوێندنگە بە مەعریفە گەیشتووە و دۆزیویەتییەوە، بەڵام دانەکەوتووە و نائاسوودە و دڵتەنگ بووە و ئەو مەعریفەیە دڵخۆشی نەکردووە. ئەو تا ئاست و ڕێژەی گومانەکانی بەرزنەکردەوە، نەیتوانی بگات بە دڵنیایی، بۆیە خوێندنگە بەجێدەهێڵێت و بە جیهاندا گەشت دەکات و کەسانی جیاواز دەبینێت و دەناسێت.

خاڵی وەرچەرخانی دیکارت لە 19ی نۆڤەمبەری ساڵی 1619 دەبێت لەوکاتەی کە لە ژوورێکدا بەتەنها دانیشتووە و بیردەکاتەوە، بڕیاردەدات دووبارە پێداچوونەوە بە بیروڕا و بڕواکانی خۆیدا بکات و بیانخاتە ژێر گومانەوە. پاش 9 ساڵ لە گەشتکردن لە هۆڵندا نیشتەجێ دەبێت و دەست بە گەڕان و لێکۆڵینەوەی سیستەماتیکییە فەلسەفییەکەی دەکات، بۆی دەرکەوت کە دەتوانێت گومان لە هەر شتێک بکات جگە لەوەی کە بوونی هەیە، یەکەم گومانی ساغبووەوە و وەڵامداری ئەوەیە کە ئەو دەبێت بوونی هەبێت، ئەگینا ناتوانێت گومان بکات. دیکارت ئەوەی گوتووە کە گەشەی بە کۆمەڵێک پڕەنسیپی زانستی داوە کە یارمەتیدەری بووە لەوەی چەندین دۆزینەوەی گرنگ ئەنجام بدات. دیکارت پلانی وابووە ئەم کتێبە لەژێر ناوی (جیهان) بڵاوبکاتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی گالیلۆ بەهۆی ئەو ناوەوە لێپرسینەوەی لەگەڵ کرابوو و تاوانبارکرابوو لەو ناوە دەکشێتەوە.

 

"باسی میتۆد" هەوڵێکی دیکارتە بۆ ڕوونکردنەوەی میتۆدە عەقڵییەکەی و بەوردی بەکارهێنانی، تەنانەت بۆ قورسترین و ئاڵۆزترین کێشەکانیش و بە شێوازی ئارگیۆمێنتسازییەکی فەلسەفیيانە باسەکانی دەخاتەڕوو، کتێبەکە لە شەش بەش پێکدێت و لێرەدا بە کورتی باسی هەر یەکە لە بەشەکانی دەکەم...

 

لە بەشی یەکەمدا دیکارت بەوە دەستپێدەکات کە هەموان خاوەنی هۆش و ئاگایین، هەموان ئەو تواناییەیان هەیە کە بتوانن ڕاستی لە وەهم جیابکەنەوە. هەرچەندە ئەوە کەمی و نەتوانایی نییە گەر تووشی بەربەست ببیت با هەڵەش بکەیت و بکەویت، گرنگ ئەوەیە بە ڕێگا ڕاستەکەدا بڕۆیت و بیربکەیتەوە. بەکارهێنانی میتۆد دەتوانێت ئاستی توانایی عەقڵ بەرزبکاتەوە، هەر بۆیە دیکارت خۆی پێ بیرمەندێکی نموونەیی بووە چونکە میتۆدی بەکارهێناوە. دیکارت قازانجی لە پەروەردە باڵاکەی کردووە و سوودی لێ بینیوە، بەڵام ئاماژەشی بەوە داوە کە کتێبەکان مێشکیان لێڵ کردووە. پاش ئەوەی فێرگەکەی بەجێدەهێڵێت بە مێشکێکی کراوە و نالێڵەوە دەستدەکات بە گەشتکردن بە "کتێبە مەزنەکەی جیهاندا". دەگاتە ئەو ئەنجامگیرییەی کە هەموو مرۆڤەکان بە یەکسانی خاوەنی "عةقڵ"بن، بەڵام دەکرێت پەروەردەی نادرووست ئەو عەقڵە تێکبدات.

لە بەشی دووەمدا باسی ئەو سەرسامبوون و ئیلهام بۆ هاتنەی بەردەم ئاگردانی ئەو ژوورە دەکات کە لێی دانیشتووە و لەپڕ وەک پێغەمبەرێک سرووشی بۆ دێت. لەو بەشەدا باس و لێکۆڵینەوە لەسەر چەند پرسێکی جیاواز دەکات، یەکێک لەو پرسانەی دەیوروژێنێت ئەوەیە کە کارێک بە ئەو کارەی لەلایەن یەک کەسەوە ئەنجامدراوە باڵاترە لەو کارەی کە لەلایەن چەند کەسێکەوە ئەنجامدراوە و چەند ئەقڵێکی تێدا بەکارهێنراوە، چونکە کاری یەک کەسەکە پلانی تێدایە و یەک ئامانجی دیاریکراوی هەیە، باس لەوە دەکات ئەو زانستەی کە بە گەنجی فێری بووە لەکەدار و پیسە، چونکە بیرۆکەی چەندین کەسی لە چەند سەردەمێکی جیاواز تێدایە، ئەو چوار پڕەنسیپەی ناو مێشکی ئاشکرا دەکات کە لە لۆجیک و جیۆمەتری و جەبر بەکاریهێناوە کە ئەم چوار پڕەنسیپە دەگرێتەوە:

1- تا بە شێوەیەکی ڕوون و ڕۆشن نەزانم ڕاستییە، هەرگیز هیچ شتێک وەک ڕاستیی قبوڵ نەکەم.

2- دابەشکردنی هەموو ئەو سەختییانەی لێیان دەنۆڕم و پشکنینیان بۆ دەکەم بۆ ئەو بەشانەی دەشێت بەسەریدا دابەشبکرێن.

3- خستنەڕووی هزرم بەپێی سیستەمێک، دەستپێکردن لە سادەترینی بابەتەکان و ئاسانترینیانەوە بۆ زانین تا وردەوردە و پلەپلە بەرزببنەوە بۆ زانینی ئاوێتەترینیان.

4- ئەنجامدانی ژماردنی تەواو پێداچوونەوەی گشتیی لە هەموو شوێنێکدا، بەجۆرێک دڵنیابم هیچ شتێکم فەرامۆش نەکردووە.

 

 

لە بەشی سێیەمدا دیکارت باس لە سێ ئاکاری کاتی دەکات کە لەکاتی دووبارە پێداچوونەوە بە بیرکردنەوەیدا پەیڕەوی کردوون کە ئەمانەن:

1- ملکەچی یاسا و نەریتەکانی وڵاتەکەم ببم و بەردەوام پارێزگاری لەو ئاینە بکەم خودا منەتباری کردووم بەوەی هەر لە منداڵییەوە پێی گۆشگکراوم.

2- تەواو پێداگر و جێگیربم لە کردارەکانمدا، سووربم لە شوێنکەوتنی گوماناویترین بۆچوونەکان وەک دڵنیاترینیان ئەو کاتەی بڕیارمدا شوێنیان بکەوم.

3- هەمیشە تێبکۆشم لەگەڵ خۆمدا زۆرانبازی بکەم نەک لەگەڵ ڕێکەوت و قەدەر، ئارەزووەکانم بگۆڕم نەک سیستەمی گەردوون.

 

 

لە بەشی چوارەمدا دیکارت بوونی ڕۆح و خودا دەسەلمێنێت، بە وردی لێکۆڵینەوە و هەڵوێستە لەسەر سرووشتی خەون و باوەڕپێنەکراوی هەستەکان دەکات، وریا و بەئاگا دێتەوە دەربارەی پڕۆسێسی بیرکردنەوەکەی خۆی و بوونی خۆی بە کۆجیتۆکەی دەسەلمێنێت کاتێک دەڵێت "من بیردەکەمەوە، کەواتە من هەم. هەروەها دەگاتە ئەو ئەنجامەی ڕۆح جیاواز و دابڕاوە لە جەستە، بەهۆی ناجێگیری هەستەکان بەراورد بە عەقڵی پەتی. گومانەکانی خۆی دەیگەیەنێت بەو ئەنجامەی کە ئەو ناکامڵە، ئەمە دەیگەیەنێت بەو ئەنجامەی کە جیا لە ئەوی ناکامڵ دەبێت شتێک هەبێت لە دەرەوەی بوون بێت و کامڵ بێت، دیکارت ئەمە ناو دەنێت "خودا"، دیکارت لەڕێگەی عەقڵەوە دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە دەبێت هەموو شتە باشەکانی جیهان بگەڕێنەوە بۆ خودا.

 

لە بەشی پێنجەمدا دیکارت کۆمەڵێک تیۆری خۆی دەربارەی توێکاری مرۆڤ دەخاتەڕوو. دیکارت دان بەو ڕاستییەدا دەنێت کە ئاژەڵەکانیش زۆر ئەندامی جەستەیان هەیە کە لە ئەندامەکانی جەستەی مرۆڤ دەچێت، بەڵام ئاژەڵەکان توانایی قسەکردنیان نییە و ئاوەزیان نییە، دیکارت ئەمە وەک بەڵگەیەک بۆ "ڕۆحی ئەقڵانی" دەبینێت. هەروەها باس لە پەیوەندی نهێنیئامێری ڕۆحەوە دەکات بە جەستەوە و ئاماژە بەوە دەکات کە دەبێت ڕۆح لە دەرەوەی جەستەش بتوانێت بژی، هەر بۆیە کاتێک دەمرین ڕۆحمان نامرێت، بەڵکو تەنها جەستەمان دەمرێت و لەناودەچێت و بەلای دیکارتەوە ڕۆح نەمرە.

 

لە بەشی شەشەم و کۆتایدا دیکارت بە وریایانەوە باس لە ئەگەری ئەوە دەکات کە ڕەنگە بەهۆی کتێبەکەیەوە ڕووبەڕووی کڵێسا ببێتەوە و گرژی دروستببێت لە نێوانیاندا، بەتایبەت دەربارەی بابەتە فیزیاییەکان. لە کۆتایدا دیکارت داوا لە خوێنەرەکانی دەکات کە بە وردییەوە کتێبەکە بخوێننەوە و داوای لێبوردن دەکات لەسەر ئەوەی کە کتێبەکەی بە فەڕەنسی نووسیوە لەبری ئەوەی بە لاتینی بینووسێت، بەڵێن دەدات و سوێند دەخوات کە خۆی لە ناوبانگ و سامان بەدووربگرێت و خۆی بۆ هەقیقەت و مەعریفە تەرخانبکات.