A+    A-
(840) جار خوێندراوەتەوە

 

فۆکۆ, و دەرکەوتن و ئاوابوونی مرۆڤی مۆدێرن

 

 

 

موحەمەد زەیمەران

وەرگێڕانى: وریا ئەحمەد

 

 

 

 

 

جمک(دووانە)یەکی تر، کە مرۆ لە پانتایی وجوود لە چاخی نوێدا، ڕووبەڕووی بووەتەوە، هەڵبەزودابەزی نێوان (خودئاگایی) و (نەست) بووە. دیکارت دەیگوت، بوون پێبەستی بیرکردنەوەیە. واتا، دیکارت وەهای دەخەمڵاند، لەپێشدا ئاگایی و ئینجا بوون دێت. وەلێ سیستەمی دانایی مۆدێرن، ئەم فێرکارییەی دیکارتی بەراوەژوو کردەوە و ئەوەی بە گوێی هەمووندا دا، کە ''من هەم، کەواتە بیردەکەمەوە''. ئاخر ئەوی کە دەهزرێت، هەمیشە کەسێکە لە چێوەی پانتایی ئەزموون و مێژوودا دەژێت و، ئەو ژیانە ئەزمووندەکات و درێژەی پێ دەدات، کە دوورە لە دەستتێوەردانی هزر. بە دەربڕینێکی تر، لە هەواری بیرلێ­نەکراوە(ئەندێشەنەکراو)دا بارگەی خستووە. بە گوتەی فۆکۆ، ئادەمیزاد بەبێ تێپەڕین بە داڵانی تاریکی (بیرلێ­نەکراوەکان)دا، نەیتوانیوە ڕێ بباتە نێو سیستەمی داناییەوە و، لەوێندەر بەشێوەیکی ڕەوان، خۆی ڕوون بکاتەوە(هەمان، ل٣٢٦). لێرەدا، فۆکۆ هێما بۆ دیوی ئەندێشەنەکراو دەکات و، دەبێژێت ئەم دیوە لە جێیەکدا هەڵکەوتووە، دوورە لە دەستتێوەردان. فرۆید بەم دیوەی دەگوت (نەست)، هیگڵ پێی دەگوت (بوون بۆ خۆ_for itself) و مارکسیش بە (مرۆڤی نامۆ_alienated man) ناوی دەهێنا. فۆکۆ دەیگوت، سەراپای ئەندێشەی مۆدێرن، تژییە لە زەروورەتی هزرین لەمەڕ پرسی ئەندێشەنەکراو، واتا بیرکردنەوە لە بیر لێ­نەکراوەکان. مارکس بەدووی ئەوەوە بوو، لە میانی بەراوەژووکردنی سیستەمی سەرمایەدارییەوە، ئا ئەم ڕەوشە نەخوازراو و ئەندێشەنەکراوە سەرنگوون بکات و ئادەمیزاد لەگەڵ کرۆکی خۆیدا ئاشت بکاتەوە(هەمان، ل٣٢٧). فۆکۆ پرسی ئەندێشەنەکراو دەگەڵ چەمکی (ئەوی­تربوون یان ئەویترێتى_otherness) لێکگرێدەدا و دەبێژێت، ئەو سەروەختەی مرۆڤی مۆدێرن دەکارێت لە نێوان ڕەهەندی ئەزموونی و ڕەهەندی تراسێندێنتاڵدا جیاوازی بکات، لە هێکڕا وەک ناچارییەک، ئەوەی بەسەردا دەسەپێت، کە تارماییی خۆیشی بەر تیرۆژی ناساندن بدات. وەلێ هەر زوو تێدەگات، بە دووی هەر کۆششێک کە لەپێناو ناساندنیدا دەدرێت، تارمایییەکە دەبزوێت و خۆی ڕادەست ناکات.

 

کەواتە، پانتایی ئەزموونی و تراسێندێنتاڵ لەلایەک و، پرسی ئەندێشەکراو و ئەندێشەنەکراو لەلایەکی تر، دوو شێوازن کە سیستەمی دانایی پێکدەهێنن. جۆری سێهەمی جمک یانژی دووانە، پرسی دۆزینەوەی بنج و بنەوانی مەعریفەیە. لە چاخی کلاسیکدا، ڕەگی مەعریفە بۆ ناو ڕووبەری (نواندنەوە) دەگەڕایەوە. بۆ نموونە لە سیستەمی شیکاریی سەروەتدا، مامەڵەی شمەک بەشمەک، وەک سەرچاوەو بنەوانی وی ئەژمارکرا، ئاخر لە ئاڵوگۆڕی شمەک بەشمەکدا، نواندنەوەی سەروەتی کڕیار و فرۆشیار، کرۆک و خەسڵەتێکی یەکسانیان هەبوو. لە کایەی زماندا، ناولێنانی سەرەتایی، هێما، ئاماژە، بانگکردن و...هتد، بە سەرچاوە و بنەوانی زمان دانران. ڕوونە، ئەم جۆرە بابەتانە، بە ڕووداوگەلی مێژوویی بە مانا هەنووکەیییەکەی، نایەنە ئەژماردن، بەڵکو ڕستێک ئوستوورەن و ئاسمانی ڕۆژگاری پێش مێژوویان تەنیوە و تەنها جۆرە پاساوێکن بۆ ئەو ڕەوشەی هەنووکە لە ئارادایە. لە چاخی ئێستادا، زمان و کار و ژین، هەریەکەیان سەرچاوەی دیرۆکی­ی تایبەت بە خۆیان هەیە. بەو مانایەی، پرسی ڕیشەی زمان، بە قووڵی بۆ دۆزێکی مێژوویی  گۆڕاوە. وەلێ سەرچاوە و ڕیشەی ئا ئەم زمانە، لە پشت ڕازوڕەمزێکی سەرسووڕهێندا پەنهانە و، وێڕای توێژینەوەی ئەزموونیی و بەرفراوان لەم بوارەدا، هێشتا لە پشت پەردەی ئاڵۆزییدا ماوەتەوە.(٣) بەم جۆرە، ئادەمیزاد لە وەها ڕەوشێکدا، بۆ دۆزینەوەی ڕیشەی زمان، دەگەڕێتەوە بۆ ڕابردوو، وەلێ ناتوانێت بە شێوەیەکی بابەتییانە پەی بە سەرچاوە و بنج و بنەوانی زمان بەرێت، هەر بۆیە خۆی لەبەرانبەر سنووردارییەکی داسەپاودا دەبینێتەوە. لێرەدایە، بە گوتەی هایدگەر، ئادەمیزاد هەستدەکات لە ڕەگ­وڕیشەی خۆی دابڕاوە. هەرچەندە مرۆڤی نوێ دەتوانێت لەبارەی ڕەگ­وڕیشەی خۆی بهزرێت، وەلێ ناتوانێت سەرەتایەکی بابەتییانەی بۆ دیاری بکات(هەمان، ل٣٢٩).

هەر لەبەر وەها هۆکارێک بوو، مرۆڤی خۆرئاوایی لە سەدەی نۆزدەهەم بەملاوە، واتا لە ڕۆژگاری باڵادەستیی فەلسەفەی هیگڵەوە، هەڵوەدای ئەوە بووە، لە ڕێگوزەری مێژوودا، خاڵێک وەک دەستپێکی خۆی دەستنیشانبکات. هەرچەندە کەسانی وەک هیگڵ، مارکس و شپینگلەر (Spengler) کۆشاون مەتەڵی سەرهەڵدانی ئادەمیزاد لە سۆنگەی بایۆلۆژیا، کار و زمانەوە شیکاری بکەن، وەلێ لەم بوارەدا لەبری پەموو، گاڵیان هێنا. ئەوە بۆیە بیرمەندانی وەک نیچە و هایدگەر، دەستیان لەم کۆششە بێهوودەیە هەڵگرت و لەبری ئەمە، ''گەڕانەوەی هەمیشەیی''یان هێنایە ئاراوە(هەمان، ل٣٣٤). دەرئەنجام، لۆژیکی (کۆتاداری) و (سنوورداری)، کە زادەی ناکامیی مرۆڤ بوو لە دۆزینەوەی بنج و بنەوانی خۆی، ئادەمیزادی لە ئاست ئایندەدا پڕ لە هیوا کرد، ئاخر مرۆ تێگەییشت کە دەستپێکی مێژوو، ناکرێت و ناشێت پێشهاتێکی مێژوویی بووبێت.

بە کورتی و بە پوختی، ئەم سێ جمک(دووانە)یە، سیستەمێکی تژی لە ڕەمزوڕازیان بۆ مرۆڤی مۆدێرن بەبار هێنا. بە دەربڕینێکی تر، لە سەروەختێکەوە کە مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی کۆتامەند سەریهەڵدا، ئەم سێ جمگە، بۆ تێگەییشتن لە کرۆکی مرۆڤایەتی، ڕستێک میتۆدیان بۆ مرۆڤ فەراهەم کرد. فۆکۆ، بەم جۆرە بابەتەکە کورت دەکاتەوە؛ سێ جمگە هێمابۆکراوەکان، کە پێکەوە زەوینە بۆ شیکاریی سنووردارێتى(کۆتامەندی)ی خۆش دەکەن، بەش بەحاڵی خۆیان هەڵگری سێ ڕێکاری بنەڕەتیین، ئەوانیش بریتیین لە کورتکردنەوە(reducation)، ڕوونکردنەوە(clarification) و لێکدانەوە(interpretation). بەو مانایەی، دەتوانرێت چمکێک لە هەریەک لەو ڕێکارانە، لە نێو کۆی پرۆسەی زانستە مرۆیییەکاندا بە ڕوونی ببینرێت. وەلێ زۆری نەخایاند، هەریەک لەو ڕێکارانە بە چڕی بەر تیری سەرنج کەوتن و، دەرئەنجام، بارستە و ئەندازەیان مەزنتر بوو و هێدی هێدی لە هەناویاندا هۆکاری نەرێنی و خۆوێرانکەر سەری هەڵدا و، وردە وردە بیرمەندان ڕووی خۆیان لێ وەرگێڕان. زانستە مرۆیییەکان، دەروونناسی، کۆمەڵناسی و توێژینەوە وێژەیییەکان لە چاخی تازەدا، هەنگاو بەهەنگاو بە دوندی خۆیان گەیشتوون و، ئەوە مشتومڕهەڵنەگرە کە ئەم سیستەمی دانایییە نوێیەش هەروەکو سیستەمی تێڕوانینی کلاسیک، پلە بەپلە بەناو خۆیدا دادەڕووخێت. واتا، هەرسێ جمگی بەرباس دراو، مرۆ دەگەڵ بنبەستێکدا، کە کرۆکی هیومانیزمی مۆدێرنەیە، ڕووبەڕوو دەکەنەوە. لەم سۆنگەیەوە، ئادەمیزاد ناچارە خۆی لەم زەلکاوە قوتاربکات و بەسەر پێدەشتێکی هەراودا شەقاو باوێت، کە داماڵدراو بێت لەو دوالیزمەی، زادەی سێ ڕەهەندەکەی سنووردارییە، بە کورتی، واتا دەبێت مرۆ لە ''خەوی مرۆڤناسی''ی بەئاگابێتەوە.

 

 

 

مەرگی مرۆڤ و سەرهەڵدانی ڕەخنەی نوێ

قوتاربوونی فیکر لە دەست ''خەوی مرۆڤناسی''، پێبەندە بە تێپەڕاندنی مرۆڤەوە، ئەوە بۆیە لە چێوەی پەرتووکی (وشەکان و شتەکان)دا، فەزڵی ئەم کۆششە دراوەتە پاڵ نیچە. جێنالۆجیای نیچە، لەپاڵ ڕەخنەی زمانناسیی(Linguistic Criticism)ی وی و ڕووهێنانی بۆ هۆکارە بایۆلۆژییەکان، پەردەی لەسەر یەکانگیریی مرۆڤ و خودا هەڵماڵی. هەروەک چۆن فۆکۆ لە وتووێژ دەگەڵ سارتەردا، هێمای بۆ دەکات: '' مرۆڤی گوێڕایەڵ، مرۆڤێک کە گوێ لەمستی خۆیەتی و لەم بارەشەوە بەئاگایە، لە قووڵایی خۆیدا، جۆرێک لە وێنەی خودا دەنوێنێتەوە. مرۆڤی سەدەی نۆزدەهەم، خودایەکە لە لەشی بنیادەمدا. بە دەربڕینێکی تر، مرۆڤ لەم سەروەختەدا، بەرەو قاپی خودایەتیی شەقاو دەهاوێت''(٤)

بە دیدی نیچە، مەرگی خودا و بزربوونی مرۆڤ، یەک ڕووداون. بانگەواز و بانگهێشت بۆ مرۆڤی باڵا(ubermensch)، خۆی گەواهییە بۆ مەرگی مشتومڕهەڵنەگری مرۆڤ. فۆکۆ بە خستنەڕووی گریمانەی کۆتاییی چاخی مرۆڤ، کۆتاییی بە پەرتووکی (وشەکان و شتەکان) دێنێت. بە گوتەی وی، هەروەکو چۆن لە سەدەی (نۆزدەهەم)دا، بەهۆی گۆڕانی سیستەمی دانایییەوە، چەمکی مرۆڤ سەری­هەڵدا، بەهەمان شێوە، لەگەڵ هەرەسی ئەو سیستەمەدا، ئەستێرەی ئەو چەمکەش ڕوو لە ئاوابوونە. بەو مانایەی، کە ئەگەر نەزمی داناییی نوێ هەرەس بێنێت، سیستەمی بالادەستی نێو ئەو نەزمەش دووچاری نسکۆ دەبێت و، مرۆڤیش، کە لێکەوتەی ئەم تۆڕە دانایییەیە، بەناچاریی سەکۆی نمایش چۆل دەکات و بزر دەبێت. پێشتریش ئەوەمان گوتووە، مرۆڤی جێ سەرنجی نیچە، مرۆڤ نییە بەمانا مێژوویییەکەی، بەڵکو مەبەست لێی، پرۆسیسێکی مەعریفییە(cognitive process)، کە شێاوی لێ­توێژینەوەی ئەزموونییە و وەک پێش­زەمینەی زانین سەرنج دەدرێ. ڕوانگەی هیومانیستیی، بەش بەحاڵی خۆی، شێوازێکی نوێ بوو لە سەدەی نۆزدەهەمدا گەشەی کرد و لە ئێستادا دوایین قۆناغەکانی خۆی تێپەڕ دەکات و دەرئەنجام، ڕوو بەرەو دوا هەواری خۆی، ملی ڕێ دەگرێت.

فۆکۆ، چاخی هەنووکە(سەدەی بیست)ی وەک قۆناغی گواستنەوە ئەژمار دەکرد و، پێی وابوو زانستە مرۆیییەکان لەسەر بنەمای چەمکی ئیپیستیمۆلۆجیای مرۆڤ، پەرەیان­سەندووە. وەلێ لە سەدەی بیستەمدا، جۆرە پرۆسیسێکی دژ و پێچەوانە، لەبەرانبەر زانستە مرۆیی_کۆمەڵایەتییەکاندا سەرهەڵدەدا، کە خەسڵەت و چییەتیی ئەندێشەی نوێ بەراوەژوو دەکات. ئەوە ڕوونە، زانستە مرۆیییەکان لە چێوەی نموونەی جێ سەرنجی فۆکۆدا، پێگەیەکی تایبەت و سەربەخۆیان نییە، بەڵکو لەنێوان سێ کایەی بایۆلۆژیا، زمانناسی و ئابوورییدا جۆلانێ دەکەن. بە دیدی فۆکۆ: ''دانانی زانستە مرۆیییەکان لە گرێژنەی سیستەمی سێیینەی زانینی نوێدا، کارێکی سادە نییە، ئاخر پەیوەندی ئەو زانستانە بە سێ کایە هێما بۆکراوەکانەوە، پەیوەندییەکی نەگۆڕ نییە.''(هەمان، ل٣٤٧)

بایۆلۆژیا و زمانناسی و ئابووری، لە چێوەی بابەتییبووندا لەمەڕ ژیان، زمان و کار، لێ­توێژینەوە دەکەن و کاریان بەوەوە نییە، ئەمانە چ مانایەکیان لە زەینی ئادەمیزاددا هەیە. لەکاتێکدا دەروونناسی، کۆمەلناسی و وێژە، بەپێچەوانەوە، سەروکاریان لەگەڵ مانای ئەو بابەتانە لە زەینی ئادەمیزاددا هەیە. بەدەربڕینێکی تر، ئەم زانستە مرۆییانە، لێکدانەوەیەکی واتاناسی(semantic)ی بۆ مرۆڤی زیندوو، ئاخێوەر و بەرهەمهێن بەدەستەوە دەدەن.

ڕوونە زانستە (مرۆیی، کۆمەڵایەتییەکان)، بابەتییبوونی خۆیان بە پشتبەستن بە چەمکەکانی زانستی ئەزموونیی، دەسەلمێنن. ڕاستییەکەی، زانستە مرۆیییەکان، کارکرد و پێودانگەکانی خۆیان، لەسەر بنەمای زانستی بایۆلۆژیا پاساو دەدەن، تەنگەژە و ڕێسا کۆمەڵایەتییەکان لە بوخچەی زانستی ئابووریی و سیستەمی هێماناسیی(semiology)­­یش لە هەمبانەی زانستی زمانەوە وەردەگرن. بە گوتەی فۆکۆ، پەیوەندیی هۆوئەنجام لەنێوان زانستە کۆمەڵایەتیییەکان و زانستەکانی بایۆ و ئابووری و زمان، زەمینەی ڕەخساندووە، تاوەکو چەمکی مرۆڤ لەسەر بنەمای ڕێکارەکانی سێ زانستە هێما بۆکراوەکان بێتە پێناساندن(هەمان، ل٣٥٧). ڕاستییەکەی، زانستە کۆمەڵایەتیییەکان ڕۆڵی شرۆڤەکار و هێرمۆنێتێک بۆ سێ زانستەکە وازی دەکەن. بەو مانایەی سێ کاتیگۆرییەکە، واتا کارکرد، تەنگەژە(confilict) و سیستەمی هێماناسیی(semiology)، وەک سێ ئامراز بە دەستی زانستەکانی بایۆلۆژیا، ئابووری و زمانناسییەوە، ڕێبازێکی مەعریفیی(epistemologic)و بوونناسیی(ontologic) و بەهایەکی تازەیان لە پێناسەکردنی مرۆڤدا، بەبار هێناوە.

لە کۆتاییی سەدەی نۆزدەهەمدا، گوتاری سەرچاوەگرتوو لە جێنالۆجیای زمانەوە، کەڵکەڵەی ئەوەی لە زەینی کەسانی وەک نیچەدا چاند، کە بڕێکی باش لە لێکدانەوەکانی خۆیان بۆ کنەوپشکنینی ڕیشە و ڕێڕەوەی مێژووییی دەستەواژەکان تەرخان بکەن. فرۆیدیش، ڕەوتار و گفتاری نەخۆشەکانی لە سۆنگەی هێماناسییەوە، بەر تیرۆژی لێکدانەوە دا و، کۆد و مانا شارەوەکانی ئەو واژانەی لێک دەدایەوە، کە نەخۆشەکان دەکاریان دەبرد.(هەمان، ل ٣٥٩)

بە گوتەی فۆکۆ، نیچە بەوەی سەرلەنوێ پەردەی لەسەر ڕووبەر و پانتاییی زمان هەڵماڵیی، سەلماندی کە لەنێوان ئەم قەڵەمەڕەوە و مانای نوێی مرۆڤدا، لێکدژی هەیە. ئەو دەیگوت، فەلسەفە لە ڕەوشێکدا دەتوانێت ژیانێکی نوێ دەست پێ بکات، کە ئادەمیزاد لەسەر تەختی دەسەڵات بهێنرێتە خوارێ. لە وەها ڕەوشێکدا، دەتوانرێت فەلسەفە لە داوی بەبابەتکردنی مرۆڤ قوتاربکرێت و بەرەو پانتاییی زمان ڕووی وەربچەرخێنرێت. بە دیدی وی، بە هێنانە ئارای پەیوەندییەکی نوێ لەنێوان چالاکیی فەلسەفی و تێڕامان لەمەڕ زمان، دەتوانرێت مرۆ لە چەقی تێفکرینەوە بەرەو پەراوێز وەدەربنرێت و دەرگایەکی نوێ بەسەر بیرکردنەوەدا بکرێتەوە.(٥) فۆکۆ دێژێت: '' بە هاتنە دەرەوەی سوبێکت لە خوولگەی تێڕامان و جێکەوتبوونی لە پەراوێزدا، بوارگەلی نوێ بۆ کاری تێفکرین ڕەخسان، بۆ نموونە؛ دەروونشیکاریی، ئیتنۆلۆجی(ethnology) و زمانناسیی نوێ لە سیاقی پەیوەندیی لێکدژییدا لەگەڵ زانستە باوەکانی مۆدێرن، سەریان هەڵدا. دەروونشیکاریی بە دووی ئەوەوە بوو، چەمکی مرۆڤی بیرکەرەوە هەڵوەشێنێتەوە و، لە چێوی ڕەخنەگرتن لە کاتیگۆرییە باڵادەستەکانی نێو زانستی مۆدێرن، پەردە لەسەر سنوورداریی ئاگاییی مرۆڤ هەڵماڵێت و ڕێ بباتە نێو پانتاییی نەستی ئادەمیزادەوە.''

فرۆید و پێڕەوانی، ئەو سنووردارییەیان وەبەر پرسیار دا، کە زادەی ئەو کاتیگۆرییە زانستییانە بوو، لە برەوسەندن و پەرەسەندنی دەروونناسییدا کاریگەر بوون. ئەوان بانگەشەی ئەوەیان کرد، گوایە دەروونناسی لە خەیاڵێکە و دەروونی مرۆڤیش لە خەیاڵێک، دەروونناسی لە پاڵنەرە دەروونییەکان و بەتایبەت لە ئاست مەیلە شاراوەکانی نێو نەستدا، بێئاگا بووە. ئەوە بۆیە دەروونشیکاری، میتۆدێکی نوێی خستە بەردەستی پسپۆڕانی بوارەکەوە، تاوەکو لەگەڵ نەخۆشەکانیاندا، پەیوەندی نوێ و پڕ چارەسەر دابمەزرێنن و، ڕێ بەرنە نێو ئەو قووڵاییانەوە، کە دەروونناسی تا ئەوی دەم پێی نەدەزانین. فۆکۆ درێژەی دەداتێ: ''فرۆید، زەینی بنیادەم بە خودانی دوو بەشی سەربەخۆ دادەنێت، بەشێکیان بەئاگا و هۆشیارە، وەلێ بەشە مەزنەکە لەژێر ئۆقیانوسێک لە مەیل و پاڵنەری نەستەکییدا پەنهانە.''  

بە گوتەی فۆکۆ، بەشی ناخودئاگای زەین، کە دەگەڵ (ئید)دا سەروکاری هەیە، ڕووبەرێکە لەژێر هەوری ئاڵۆزی زمانی ڕەمزییدا هەڵکەوتووە و، پەیامگەلێکی لە خۆدا هەڵگرتووە، کە دەبێت لەبەر تاڤگەی ڕووناکیی لێکدانەوەی زمانەوانییدا، کۆدەکانیان بکرێتەوە. دەروونشیکاری بە لەبەرچاوگرتنی چەمک و غەریزەی مەرگ و ڕێساکانی وی، هەلومەرجی سنووردارکەری زانینی مرۆڤی پێناسە کردەوە و، ڕاستییەکەی، بە پێچەوانەی زانستە مرۆیییەکانەوە، بە تەنێ سنوورداریی و کۆتامەندیی بەرباس دا. ئەوی راستی بێت، کونجکۆڵیی و کنەوپشکنین دەنێو پانتاییی ناخودئاگای زەیندا، پەردەی لەسەر سنوورەکانی خودئاگایی هەڵماڵی.

یەکێکی تر لەو کایانەی دەگەڵ زانستە مرۆیییە باوەکاندا لێکدژیی هەیە، بریتییە لە زانستی ئەنترۆپۆلۆجیی کۆمەڵایەتی. ئەم ڕشتەیە، مرۆڤ وەبەر تیرۆژی پرسیاران نادات، بەڵکو هەلومەرجی ئیمکانی مەعریفیی دەوروبەری وجوودی مرۆڤ شرۆڤە دەکات. ئەوی یارۆی ئەنترۆپۆلۆجیست بە خۆوە سەرقاڵ دەکات، ئەو وێنایە نییە، کە گەلان لەمەڕ کولتووری خۆیان بە دەستییەوە دەدەن، بەڵکو بابەتی جێ سەرنجی پسپۆڕی ئەنترۆپۆلۆژیا، ئەو پانتایییە نەستەکییەیە، کە دەنێو کولتوورەکاندا بوونی هەیە و خەڵکان لێی بێ­ئاگان. بەو مانایەی ئەنترۆپۆلۆژیای کۆمەڵایەتیش، لە سەنگەری دژبە زانستە مرۆیییەکاندا جێکەوت دەبێت.

 بەدەربڕینێکی تر، دەروونشیکاری و ئەنترۆپۆلۆیای کۆمەڵایەتی، بنەماکانی ئیپێستمۆلۆجیا و ڕەوشی وەچنگخستنی مەعریفە و پرەنسیپە سەلماوە مێژوویییەکانی زانستە مرۆیییەکان، بەرەوڕووی ئاڵەنگاریی دەکەنەوە.(هەمان، ل ٩١_٣٨٩). دەرئەنجام، زمانناسیی نوێ، بە گوتەی فۆکۆ، بە خستنەڕووی نموونە و سەرمەشقی نوێ بۆ هەردوو ڕشتەی دەروونشیکاریی و ئەنترۆپۆلۆژیا، دەبێت بە تەواوکەری هەردووکیان. هەردوو ڕشتەی دەروونشیکاریی و ئەنترۆپۆلۆژیا، زمان بە بناغە دەگرن؛ هەم لاکان و هەم لێڤی شتراوس ددانیان بەم پرسەدا ناوە. بایەخی ئەو ڕۆڵەی کە زمانناسیی نوێ وەک شاکلیل وازی دەکات، بە تەنێ لە چێوەی ئەو دوو بوارەدا قەتیس نابێت، بەڵکو وێژە، ئوستوورەناسی و ڕشتەکانی تری زانستە مرۆیییەکان، لە لێکدانەوە زمانەوانییەکان سوودمەندن. سەربار، زمان چاوی لەسەر قەڵەمڕۆی نەست و مێژوویشە و، لەم سۆنگەیەوە زێدەتر مرۆ بەرەو پەراوێز دوور دەخاتەوە.

فۆکۆ لە کۆتاییی پەرتووکی (وشەکان و شتەکان)دا، هێما بۆ مەرگی مرۆڤ دەکات و ئەو کایانەی لەسەر بنەمای بابەتییبوونی مرۆڤ ڕۆنراون، وەبەر ڕەخنە و هەڵسەنگاندنییان دەدات. ڕاستییەکەی، دەتوانرێت بگوترێت، پەرتووکی (وشەکان و شتەکان)، بە جۆرێک لە جۆرەکان دیرۆکی دانایییە لە چاخی کلاسیک و مۆدێرندا. لە چێوەی ئەم پەرتووکەدا، دەروونشیکاری و ئەنترۆپۆلۆژیای وەک دوو ڕووی ڕەخنەی زاستیی(critical science) مامەڵە کراون، کە ئەم جۆرە ڕەخنەیە، دەکارێت ئادەمیزاد لە کۆت­وبەندی (ڕەهایی) قوتار بکات. بە دیدی فۆکۆ، لە ماوەی سەدەی هەژدەهەم و نۆزدەهەمدا، زەینی ناسێنەری مرۆیی(سوبێکت) بووبە جێنشینی لۆگۆس، خودا و گشت وجوود. بە گوتەی وی، بە بزربوونی ئا ئەم زەینە، مرۆڤ وەک کاتیگۆرییەکی ئەپستمۆلۆژیا، لە دەیجووری نەبووندا ون بووە و، زمان لە جێ وی فەرمانڕەوایی دەکات. واتا، ئەوی دەم زمان و نەست لە چەقی سەرنجدا جێکەوت بوون، چیتر ئاگایی و زەینی خۆبونیادی مرۆ بێ جێ و ڕێ مانەوە. زۆری پێ ناچێت، لە دونیای وێژەشدا، مرۆ پێگەی جارانی خۆی دەدۆڕێنێ و چون ڕووداوە لەبیرکراوەکانی تری مێژوو، ئەمیش فەرامۆش دەکرێت.(هەمان، ل٣٩١).       

 

 

 

 

 

 

سەرچاوەو پەراوێزەکان:

1. Mark Cousin and Athar Hussain. Michel Foucault. New York: St. Martins press, 1984. Pp. 48_49.

2. Hubert Dryfus and Paul Rabinow. Michel Foucault Beyond Structuralism and Hermenentics. Chicago: Chicago university press, 1983, p. 38.

٣. تابلۆی لاس مێنیناس، یەکێکە لە هەرە ناسراوترین تابلۆکانی وێنەکێشی گەورەی ئیسپانیایی ( Velázque Diego Rodríguez de Silva y)، کە لە سەدەی حەڤدەهەم ژیاوە. ئەم تابلۆیە کە لە مۆزەخانەی هونەریی دێل پرادۆ هەڵگیراوە، وەک بە نرخترین پاشماوەی هونەریی ئیسپانیایی دادەنرێت.

4. Foucault repond a Sartre. La Quninzaine litteraire 46. March 1_15, 1968.

5. ''Entretien avec Michel Foucault'' in Raymond Bellour, Le livre des autres. Paris: Edition de I,Herne, 1971. P. 143.