A+    A-
(1,061) جار خوێندراوەتەوە

فۆکۆ, و دەرکەوتن و ئاوابوونی مرۆڤی مۆدێرن

 

 

 

 

موحەمەد زەیمەران

وەرگێڕانى: وریا ئەحمەد

 

 

 

 

 

 

 

لەدایکبوونی مرۆڤ لە چاخی ڕەخنەیی_کانتیی­دا

لەکۆتایی چاخی عەقڵخوازی و لەگەڵ سەرهەڵدانی سەرباسگەلی گرنگی وەک (ژیان) و (کار)، چەمکێکی نوێ بە ناوی (مرۆڤ)، ناوی کەوتە ناوانەوە. مرۆڤ، بوونەوەرێکی زیندووە، کە داخێوێت و کاردەکات. لە پێشان، مرۆڤ بە مانای ئەپیستمۆلۆژی(epistemology) بوونی نەبوو. بە دەربڕینێکی تر، کایەیەکی مەعریفی، کە بۆ مرۆڤ تەرخانکرابێت، لە ئارادا نەبووە. خۆ لەمەڕ سروشتی ئادەمیزادەوە، قسەوباس کراوە، وەلێ لە سۆنگەی ئیپیستیمۆلۆجییەوە، ئادەمیزاد بەر تیرۆژی توێژینەوە نەدراوە. لە هەگبەی ئەندێشەی کلاسیک و هەموو لقە فیکرییەکانی پێش ویدا، بابەتگەلی وەکو جەستە، گیان، سنووری تواناکان و سنووری ئازادیی و سنوورداریی ڕەگەزی مرۆیی، شەنوکەو کراون. بەڵام دەربارەی مرۆڤ، وەک چەمکێکی مەعریفی، کە شیاوی خستنەڕوو بێت لە کایەی زانیندا، وتووێژ نەدەکرا. ڕوونتر بدوێین، لەگەڵ سەرهەڵدانی زانستی بایۆلۆژی، ئابووریی سیاسی و جینالۆجیای وشەکاندا بوو، مرۆڤ لەدایکبوو. لە کایەی بایۆلۆژیادا، ئادەمیزاد وەکو بایۆئۆرگانیزمێک بەر توێژینەوە درا. لە کایەی ئابووریی سیاسیدا، وەکو بوونەوەرێکی کارکەر سەرنج درا و، لە خورجینی جینالۆجیای وشەکانیشدا، وەکو گیاندارێکی ئاخێوەر بەرباس درا. بە دەربڕینێکی تر، ئادەمیزاد وەکو بوونەوەرێک هاتە پێناساندن، کە لە سەر بنەمای ڕێسای بایۆلۆژیا، زمانناسی و ئابووری دەژێت و شیانی ئەوەی تێدایە، پرەنسیپ و پێودانگەکانی کایە هێما بۆکراوەکان فێر ببێت و، لێیان ڕابمێنێت و، لەم ڕێگەیەوە ئاگایی لەمەڕ خودی خۆی بەرهەمبهێنێت. هەرسێ کایە هێما بۆکراوەکە، ئاتاجی سەرباسێک بوون، کە بە ''مرۆڤ'' ناسرا.

 ڕاستییەکەی ئەم سێ ڕشتەیە، پانتاییەکی تایبەتیان ئافەراند، کە لە سەر ڕووتەنی ئەو پانتایییەدا، مرۆڤ لەدایکبوو و بە دووی خۆیدا، چەمکی مۆدێرنەی هێنایەبوون. کەواتە، لەگەڵ داڕووخانی تۆڕی ئەندێشەی نواندنەوە(representation)دا، مرۆڤێک هاتەبوون، کە هەم بکەری ناسێنەری ئەم زانستانە بوو، هەم بابەتی ناسین بوو، هەم سوبێکت بوو هەم ئوبێکت، هاوزەمان زانەر و زانراویش بوو. چییەتیی ئەم بوونەوەرە، بەگوێرەی بایۆلۆژیا، زمان و کار دەستنیشاندەکرا. بە دەربڕینێک، لەم قۆناغە بە دوا، ڕوونکردنەوەی چەمکی مرۆڤ، نیازمەندی ناسینی ڕەهەندە ئۆرگانیزمییەکەی، بەرهەمی کارەکەی و واژە دەکاربراوەکانی سەر زمانی وی بوو. لەم سۆنگەیەوە، مرۆڤ وەکو بوونەوەرێکی ئۆرگانیی، کارکەر(homo laboran) و ئاخێوەر(homo loquax)، لە نێو داروپەردووی ئەندێشەی کلاسیکەوە سەری دەرهێنا.

بە گوتەی فۆکۆ، ئادەمیزاد بوونەوەرێکە، لە لایەن ''خودای مەعریفەت''ەوە ئافەرێنراوە. لێرەدا فۆکۆ هێما بۆ قەڵەمباز و بەراوەژووبوونی برووسکەئاسای کۆتاییی سەدەی هەژدەهەم دەکات: ''دووسەدساڵ پێش ئێستا، چەمکێک بە ناوی بایۆلۆژیا یانژی جینالۆجیای واژەکان یان ئابووریی سیاسی بوونی نەبووەو، وەها سەرباسگەلێک هەرگیز بە زەینی مرۆڤەکانی ئەوی دەمدا گوزەریان نەکردووە. ئاخر لەو قۆناغەدا، وێناکردنی بایۆ وەکو بابەتێکی سەربەخۆ و ئەبستراکت، کاری نەکردە بوو. زانستی ئەوی دەم، بە پشتبەستن بە پێودانگەکانی مێژووی سرووشتیی، ڕێسای زمانی گشتی و ڕاڤەی سەروەت و سامان، هەڵدەستا بە لێ­توێژینەوە لە دۆخی باڵادەست بەسەر تاک، زمان و توانستە ماددییەکانی وی.''(وشەکان و شتەکان، فۆکۆ، ل ٢٨_١٢٧).   

ڕاستییەکەی، شانبەشانی دەرکەوتنی چەمکی ''مرۆڤ''، زانستە مرۆیییەکانیش وەکو زەمینەیەکی مەعریفیی نوێ دەرکەوتن. لێرەدا دەشێت خوێنەر بپرسێت، چلۆن ڕێی تێ­دەچێت وای وێنا بکەین کە دووسەدساڵ پێش ئێستا، مرۆڤ بوونی نەبووە؟! لە وەڵامدا دەبێت بگوترێت، فۆکۆ لە سەراپای چالاکییە بنجکۆڵییەکانی خۆیدا، هەڵوەدای ئەوە بووە بیسەلمێنێت، کەوا ''سروشتی ئادەمیزاد'' جۆرە پێش­خەمڵاندن(pre_assumption)ێکە، کە دەبێت لە چێوەی پێکهاتە کەلتوورییەکان و لە کات­ و شوێنی دیاریکراودا سۆراغی بکەین و، ناتوانرێت وەک بنەمایەکی میتافیزیکیی مشتومڕهەڵنەگر مامەڵەبکرێت.

ئەوە ڕوونە، سرووشتی ئادەمیزاد، لە زەمەنەکانی ڕابردوودا و لە سەرزەوینە جیاجیاکاندا، بە شێوازی جیاواز هاتووەتە پێناساندن و پێداهەڵگوتن. وەلێ لە هیچ زەمانێکدا، مرۆ وەکو سەرباسێکی بایۆلۆژی، ئابووری و زمانناسیی نەخراوەتە ڕوو. ئەو مرۆڤەی شەقاوی هاویشتە نێو گوتاری زانستیی­ی نوێوە، خۆی لە بەرانبەر دیواری (کۆتایی) و (سنووربەندیی)یدا دەبینێتەوە؛ ئاخر ناچارە مل بۆ کارکردن بدات تاوەکو مانەوەی خۆی دەستبەر بکات، ناچارە بەو زمانەی کەلتووری باڵادەست بە سەریدا دەسەپێنێت، باخێوێ و، لە نێو سنووری بایۆلۆجیای خۆیدا، بەرەو ڕووی مەرگ ببێتەوە، وەلێ لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، هەر ئەم مرۆڤەیە، کە دەتوانێت لە ڕێی فراوانکردنی ئاگایی خۆیەوە، بە قەڵەمڕەوی زانست و دانایی بگات. لەم سۆنگەیەوە، بە گوتەی فۆکۆ، مرۆڤ ''فەرمانڕەوایەکی دیل'' و ''بینەرێکی بینراو''ە.(هەمان، ل ٣١٢). هەریەکە لە سێ کایەکەی زانین، بە شێوەیەک هێمان بۆ سنوورداری و کۆتامەندی(متناهی)ی مرۆڤ. ئەوی جێی سەرنجە ئەوەیە، ئیمانوێل کانت، ئەم سنووردارییە وەکو خاڵی پرشنگداری مرۆڤ و وەک هێمای باڵایی وی لێکدەداتەوە. بە گوتەی فۆکۆ، لەدوای دەورانی کانتەوە، ئاخاوتە فەلسەفییەکان بە شێوەیەکی چڕتر بابەتی سنووردارییان بەسەر کردەوە. بە دیدی فۆکۆ، لە ڕۆژگاری کانت بەملاوە، چیتر پرسی ناکۆتا(infinity)، سەرەداوی ئاخاوتن نەبووە، بەڵکو گوتاری باڵادەست هەردەم لەخۆگری پرسی سنوورداری و کۆتامەندی بووە. لەم سەروەختە بەدواوە، هەڵوەستەی ڕەخنەگرانەی کانت، هەردەم شانبەشانی زانستی مرۆڤناسی(anthropology) بووە. بە مانا فۆکۆیییەکەی، مرۆڤناسی هێما بۆ زانستێکی دیاریکراو ناکات، بەڵکو جۆرە دونیابینییەکە، کە بنەمای هەمەکیی زانستە مرۆیییەکان پێکدێنێت. بە زمانێکی سادە، مرۆڤناسی ئایدۆلۆژیایەکە، لەبەر تیرۆژی ڕووناکیی چەمکی مرۆڤدا ئەرک و مانایەکی تازە لەخۆدەگرێت و، دەبێتە گرێژەنەی زانستە مرۆییەکان و فەلسەفە. لە دیکارتەوە تا سارتەر، فەلسەفە بە دووی ئەوەوە بووە، بوونی ئادەمیزاد ڕوونکاتەوە. ڕاستییەکەی، لەگەڵ خستنەڕووی مرۆڤناسیدا، پرسی سنوورداریی مرۆڤ دەکەوێتە ڕۆژەڤەوە و جێ بە گوتاری (نواندنەوە) لەقدەکات. واتا، لەگەڵ برەوسەندن و گەشەکردنی فەلسەفەی کانتدا، بابەتی سنوورداریی دانایی دەبێت بە پێش­زەمینەی توانستی زانین و مەعریفە(هەمان، ل٣١٧).

مرۆڤناسی، واتە ناسینی سنووری تواناکانی ئادەمیزاد و، ئەم پێناسەیەش دەبێت بە بنەمای (پێش­گریمانە)ی مۆدێرنە، لەم سۆنگەیەوە کانت بە تەنیشت سێ پرسیارە سەرەکییەکەی خۆی (واتە: دەشێت چی بزانرێت؟ دەبێت چی بکرێت؟ دەبێت سەرنجی چی هیوایەک بدرێت؟)، پرسیارێکی تری دەربارەی ناواخنی ئادەمیزاد خستەڕوو: ''ئادەمیزاد چییە؟''(هەمان، ل٣٤١).  

کانت دوای ئەوەی پەرتووکەکانی "ڕەخنەی عەقڵی پەتی"(Kritik der reinen vernunft)، "ڕەخنەی عەقڵی پراگماتیکی"(Kritik der praktischen vernunft) و "ڕەخنەی هێزی حوکم"(Kritik der urteilskraft)ی نووسی، بۆ هەمیشە ئەم دونیایەی بەجێ هێشت. وی، تەلاری فەلسەفەی خۆی، بە دەوری پرسی ''مرۆڤ چییە؟''دا ڕۆنا. فۆکۆ باوەڕی وایە، کانت هەرکە ئێمەی لە ''خەوی دۆگمائەندێشی''ی بەئاگا هێنایەوە، بردینییە نێو ''خەونی مرۆڤناسی''یەوە. ڕاستییەکەی، کانت، گشت پرسیارە فەلسەفییەکانی لە چێوەی تاقانە پرسیارێکدا کورتکردەوە و، بەم جۆرە کرۆکی مۆدێرنەی ئافەراند. فۆکۆ پێی‌وایە کانت، لە میانی میتۆدێکی سەرومڕ جیاوازەوە، بۆ دۆزە فەلسەفییەکانی سەردەمی خۆی ڕوانیوە.

پرۆژەی فەلسەفیی فۆکۆ، ڕەخنەیە لە ''فیکری مرۆڤناسی'' و، ئەم فیکرەش، بەش بە حاڵی خۆی، زادەی هەڵوەستەی کانتە لە ئاست داناییدا. هەروەتر، فۆکۆ هەر بەم ئاراستەیەدا، ڕەخنەی لە مۆدێرنە گرتووە و، پێی‌وابووە میتۆدی سەرەکیی مۆدێرنە هەردەم خۆی لە گۆڕان بواردووە و بەردەوام لە دۆخی ڕەتکردنەوەی جیاوازی و نکۆڵیکردن لە ئەویتر و ترنجاندنی هەموو سەرباس و ئاخاوتەکاندا بووە، بۆ ناو یەک ڕووبەری یەکسان. فۆکۆ بۆ دۆزینەوەی پێش­زەمینەی ئەم جۆرە ڕوانگەیە، فیکری کانتی پشکنی. ئەوە کانت بوو، بۆ هەوەڵین­جار هێمای بۆ چەمکی  ئەپستیمۆلۆژیای ئادەمیزاد کرد و لە چێوەی وتارێکدا بە نێوی (ڕۆشنگەری چییە؟)، دەستی دایە تێڕامانی فەلسەفی دەربارەی ئەو چەمکە. فۆکۆ لە پەرتووکی (وشەکان و شتەکان)دا و لە چێوەی باسوخواس لەمەڕ قۆناغی کلاسیک(عەقڵخوازی)دا، قسەیەکی ئەوتۆ لەسەر ڕەوشی فەلسەفە ناکات. بە گوتەی وی، خۆ کەسانی وەکو لۆک و دیکارت خۆیان بە فەیلەسووف ئەژمار دەکرد، وەلێ هەموویان کەڵکەڵەی (نواندنەوە)یان لە سەردا بوو و، لە سۆنگەی فیکرییەوە، هێشتا لە قۆناغی ڕاڤەی سەروەت، ڕێسای زمان و مێژووی سروشتییدا بوون. ڕاستییەکەی، بە داڕووخانی تەلاری (نواندنەوە)، ئینجا فەلسەفە بە مانا ئەمڕۆیییەکەی سەری­هەڵدا، ئاخر فەلسەفەی مۆدێرن، وێڕای جیاکردنەوەی ڕووبەرەکانی زانین لە سەدەی نۆزدەیەم بەدوا، خۆی بۆ تێڕامان لە تیۆری مانا و مەعریفە تەرخانکرد. ئەوە بۆیە لەم قۆناغە بەدواوە،  ئەپستیمۆلۆژیا، واتە هەڵسەنگاندنی پرەنسیپ و بنەماکانی مەعریفە، بووبە کەڵکەڵەی سەرەکیی فەلسەفە.(١) فۆکۆ دەڵێت: '' لە قۆناغی کلاسیکدا، چەمکی مرۆڤ لە ئارادا نەبوو، بەڵکو لە سەدەی هەژدەهەم و نۆزدەهەمدا بوو، کە مرۆڤ لەدایکبوو. لە میانی (ڕەخنەی چوارەم)ی کانت، (ڕۆشنگەری چییە؟)دا، نوقڵانەی لەدایکبوونی مرۆڤ لێ­درا''. لەم سەروەختەوە، "مرۆڤ" لەبەر تاڤگەی ڕووناکیی سێ دۆزی فەلسەفییدا، کە فۆکۆ (سێ جمگەکە)یان پێ دەڵێت، پێناسەکرا. هەریەک لەم جمکانە، خۆی لە بەرانبەر دوو شەبەنگدا دەبینێتەوە، وەلێ ئەم دوو شەبەنگە، وێڕای ئەوەی مرۆڤ لە چەقی ڕوانگەی فەلسەفی‌دا دادەنێن، لە خۆگری جۆرێک لە (سنوورداری)یشن.

لێرەدا فۆکۆ ئەوە بە بیر دێنێتەوە، کەوا کانت لە چێوەی فەلسەفەی ڕەخنەگرانەی خۆیدا، ئەم (سنوورداری) و (کۆتاداری)یەی ڕاڤەکردووە. بە گوتەی فۆکۆ، لە هێکڕا لە کۆتایییەکانی سەدەی هەژدەیەمدا، یەکێک لە شۆڕشە  ئەپستیمۆلۆژییەکان قەوما و هەرەسی سیستەمی کلاسیکی بە دوای خۆیدا هێنا. فۆکۆ پاساوێکی ئەوتۆ بۆ ئەم هەرەسە شک نابات و، تەنها ڕوونکردنەوە لەمەڕ چەند گۆڕانکارییەکی تایبەت بەدەستەوە دەدات. لە گیروداوی ئەم گۆڕانکارییە تازانەدا، مرۆڤ بە مانا  ئەپستیمۆلۆژییەکەی دەردەکەوێت و دەبێت بە پێودانگی هەموو شتێک. ئادەمیزاد، کە سەردەمانێک بوونێکی نێو گشت بوونەکانی تری سروشت بوو، ئەوەتا بۆ بکەرێکی ناسێنەر لە نێوان خەرمانەی بابەتگەلی ئامادە بۆ ناساندن، دەگۆڕێت. ڕوونە، ئەم مرۆڤە بکەری (هەمووشتزان و هەمووشت توان) نییە، بەڵکو فەرمانڕەوایەکە هاوزەمان دیل و یەخسیریشە. ئەم مرۆڤە بە زوویی پەی بەوە دەبات، کە خۆیشی هەروەکو بابەتەکانی تر، ئاتاجی ناساندن و بەرباسدانە. وی، نەک هەر بە تەنێ بە دووی ناسینی بابەتێلی جۆراوجۆری گێتییەوەیە، بەڵکە هەڵوەدای ئەوەشە، لە بوونی خۆی تێبگات. ڕاستییەکەی، ئەم مرۆڤە لە ڕێگوزەرەکانی دیرۆکدا، خۆی وەک بوونەوەرێکی (کۆتادار) و (سنووردار) بینییەوە.

 

 

 

شیکاریی سنووردارێتی(کۆتامەندی)

سنوورداری، یانژی کۆتاداری، چەمکێکە فۆکۆ بۆ پێناسەکردنی ئادەمیزادی چاخی مۆدێرن، وەگەڕی خستووە. لە چێوەی شۆڕشی مۆدێرندا، کە بە نسکۆی سیستەمی کلاسیک دەستی پێ­کرد، چەمکی سنوورداری و کۆتامەندی ناویان کەوتە ناوانەوە. بەو مانایەی، وەک دژواتای ناکۆتا و بێسنوور دەکاربران و، بۆ پەردەهەڵماڵین لەسەر کرۆکی مرۆڤی مۆدێرن سوودیان لێ بینرا و، لە باسوخواسی پەیوەست بە سنووری توانای تێگەیشتن و دەرکی سوبێکت بۆ ئوبێکت، ناویان دەهێنرا. کانت و پەیڕەوکارانی وی، ئەم سنووردارییەیان بە خاڵی لاوازی مرۆڤی نوێ نەدەزانی، بەڵکو وەک خاڵی بەهێز وێنایان دەکرد. ڕاستییەکەی، لە زەوینەی دانایی‌دا، ئەم سنووردارییە بایەخی خۆی پەیداکرد، ئاخر زانین لەسەر بنەمای هەبوونی سوبێکت بنجی داکوتابوو. پێش ئەمە، خوداوەند لەبەر تاڤگەی ڕووناکیی فەلسەفەی (نواندنەوە)دا، وەک هەمەکارەیەکی (هەمووشتزان و هەمووشت‌توان)، پانتایییەکی بەرینی لە میانی حەقیقەتی ئیدراکەوە، بەدیهێنابوو. وەلێ، لەگەڵ هەرەسی ئەم وێنایە و دەرکەوتنی سیستەمی مۆدێرن، ئادەمیزاد بۆ بوونەوەرێک گۆڕا، کە ناچارە بە گوێرەی ڕێساکانی ئابووری، زمانناسی و بایۆلۆژی بژێت و لە سایەی پێودانگەکانی واندا، دەیتوانی خۆی و دونیا بناسێت و پەردە لەسەر خودی ئەو زانستانەش لابدات.(هەمان، ل ٣١٠).

لێرەدا، دیسان فۆکۆ تابلۆی لاس مێنیناس(las meninas)(2)بە نموونە دەهێنێتەوە و پێی‌وایە خودی خاڵقی ئەم تابلۆیە بە تەنێ لە پێگەی  وێنەکێشدا نامێنێتەوە، بەڵکو هاوزەمان هەم خۆی دەبێت بە بابەتی وێنەکێشان و هەم دەبێت بە بینەری شا و شاژنی ئیسپانیاش. مرۆڤی تەمومژاویی سەدەی نۆزدەهەمیش، لە وەها پێگەیەکی تەمومژاوییدا وەستاوە. بەو مانایەی، هەم ناسێنەرە و هەم بابەتە، هاوزەمان سوبێکتە و ئوبێکتیشە، پادشایەکە وەلێ بە زنجیر شەتەک دراو. ئادەمیزاد وەک ڕۆڵگێڕێکی هەمەکارەی نێو ئەم کاتیگۆرییە، بە دوودەستی خۆی سنوور و خاڵی کۆتا بۆ خۆی دادەنێت.(هەمان، ل٣١٢). لە چێوەی سیستەمی کلاسیکدا، لەنێوان (میتافیزیکای نواندنەوە) و (ناکۆتا)دا ڕایەڵێک لەئارادا بوو، وەلێ لە چاخی مۆدێرندا، لە سایەی شرۆڤەکردنی مرۆ وەک بایۆئۆرگانێک و، بە هۆی زاڵبوونی لۆژیکی مامەڵە ئابوورییەکان بەسەر وجوودی ویدا و بە چڕبوونەوەی سەرنج لەسەر ئەو دەستەواژانەی کە لە زاری ئەوەوە دادەکەون، شیکاریی سنووردارێتی(کۆتاداری) بۆ پرسێکی بەربڵاو گۆڕا.(هەمان، ل ٣١٧). ئاخر مرۆڤی مۆدێرن بە تەنێ لەسەر بنەمای ئەوەی دەیڵێت و ئەوەی بەرهەمی دەهێنێت و ئەو ئۆرگانەی کە بوونی وی لە خۆ گرتووە، شیاوی ناسینەوەیە و، سنووردارییەکەشی هەر لەسەر ئەم بنەمایە بەبار هاتووە. ئەمڕۆکە، بۆ مرۆڤی نوێ ئەوە ئاشکرا بووە، کە وی بەهۆی تایبەتمەندییە زەینییەکان، میکانیزمەکانی بەرهەمهێنان و سیستەمە باڵادەستەکانی زمانەوانییەوە، لە هەواری (سنوورداری)یدا گیری خواردووە و ناچارە هەر لەو هەوارەدا ژیان بەسەر بەرێت.

 مرۆڤی مۆدێرن، لە دامێنی سروشت و مێژوودا، خۆی وەک دیلێکی شەتەکدراو دێتە بەرچاو، واتە لەشی وی، لانکەی کۆمەڵگە، کەلتوور، مێژوو، زمان و سروشتە. بە گوتەی فۆکۆ، بەرخورد لەگەڵ ئەم سنووردارییە و سەرڕێژبوونی وی بۆ ناو هەلومەرجی ژیان، ڕەوشێکی تازەیە و دامێنی مرۆڤی گرتووە. ئەوە ڕوونە، نابێت ئەم سنووردارییە تەنیا وەک ئاستەنگێکی دەرەکیی ئەژمار بکرێت، بەڵکو ئیمکانێکی ناوەکیی و بونیادییە و زادەی وجوودی خودی ئادەمیزادە و هەڵوەستە و ئاڕاستەی ئادەمیزادیش دیاریدەکات.(هەمان، ل٣١٥)

هەوەڵین جمگ(دووانە)یەک کە دیواری (سنوورداری)ی بەدەوری مرۆڤدا هەڵدەچنێت، لێکدژیی نێوان پانتاییی (ئەزموونی) و ڕووبەری تراسێندێنتاڵ(transcendental)ە. کانت ئەم دوالیزمەی خستەڕوو و، هێمای بۆ ئەوە کرد، کە (زانینی ئەزموونیی) لەسەر بنەمای شێوەی (تراسێندێنتاڵی مەعریفە) وەستاوە. بە گوتەی فۆکۆ، مرۆڤ لە نێو پانتاییی مۆدێرنەدا، وەک وجوودێکی دووڕەهەندی دێتە پێناساندن، کە بەشێک لە هەبوونی وی، لە کانیاوی ئەزموون تێراو دەبێت و بەشێکی تری، بنجی لە نێو قەڵەمڕەوی تراسێندێنتاڵدا داکوتاوە. مەبەستی کانت لە قەڵەمڕەوی تراسێندێنتاڵ، شیکاریی پێش­بونیادی عەقڵی پەتی بوو، کە بە تێگەییشتن لە توخمە نائەزموونییەکانی مەعریفەوە پەیوەستە. کانت پێی‌وابوو، زەینی ئادەمیزاد سیستەمێکە، لە چێوەی پرۆسەی دانایی‌دا، هەم ئەزموون و هەم عەقڵیش وەگەڕدەخات. لەگەڵ ئەوەشدا، لە ڕۆژگاری کانت بەملاوە، فەلسەفە لە نێوان هەردوو بژاردەی عەقڵ و ئەزموون و دەستڕاگەییشتن بە هەواری دانایی‌دا، سەرگەردان بووە. دووانەی عەقڵ و ئەزموون، لەو سەروەختەوە تا هەنووکە، لەنێوان سوبێکت و ئوبێکتدا، جۆلانێ دەکەن.