A+    A-
(1,351) جار خوێندراوەتەوە

                                   

ئیرەیی دین بۆ هەژموونى زانست

 

 

 

 

وەلید عومەر

 

 

 

 

دیدى ماتریالیستى لە واتا هەرەسادەکەیدا واتە, بینینى دونیا بەو جۆرەى لەخۆیدا هەیە. لێرەشەوە, هیچ دیاردەیەک خورافەى ڕووت نیە و هیچ دیاردەیەکى تریش عەقڵانیەتى ڕووت نیە. خورافە و عەقڵانیەت, دوو گەمەى هەردەم گۆڕاوى ناو ڕەوتى مێژووى مرۆیین. ڕەنگە ئەوەى لە گۆشەیەکەوە خورافە دەرکەوێت, لە گۆشەیەکى ترەوە ببێتە دیاردەیەکى عەقڵانى. مێژووى کۆن تا نوێ, جۆرێکە لەم گۆشەگۆڕینە. مەبەستەکە, ڕێژەییکردنەوەى شتەکان نیە بەڵکو ڕێژەییکردنەوەى ئەو باگراوەندەیە وا شتەکانى تیا دەڕسکێت و هەڵدەکەوێت. واتە لەناو ئەم باگراوەندە ڕێژەییەدا, شتەکان دەتوانن لە گۆشەیەکى تایبەتەوە ڕەها(موتڵەق) دەرکەون و فەنتازیاى گرووپێکى کۆمەڵایەتى و مرۆیی ڕاگرێت.

 خودا بەحوکمى ئەوەى ڕەهەندێکى هێرمیونۆتیکیى هەیە, ئەوا بوونیشى هەبووە. خودا هەیە, چونکە کاریگەریی مانایی هەیە. خودا نیە, چونکە نەبوونەکەى خۆى بەپێى ژمارەیەکى زۆرى دەرکەوتەى خۆى پڕدەکاتەوە. هەتا لە سەرەتاى فەلسەفەى مۆدێرندا و لە دەقێکى وەک تێڕامانەکان(چەند وردبوونەوەیەک لەبارەى میتافیزیکەوە)ـى دیکارتدا و بەپێى ڕامانى چوارەم هاتووە: «من دەزانم ناکرێ خودا هەڵمخەڵەتێنێ, چونکە هەموو هەڵخەڵەتاندن و هەموو تەفرەدانێک جۆرێکە ناتەواوەتى(و کەموکووڕى)[1]». دیکارت لە زۆر شوێنى ترى ئەم دەقەدا, لەگەڵ پرسى خودا تێهەڵدەچێت تا یەقینێکى ترى جیا لە خودا بسەلمێنێت کە مرۆڤە. دیکارت پێش چەند سەدەیەک پرسى خودا بە هەند وەردەگرێت, تا ترازانێکى ناڕاستەوخۆ لە باوەڕى سەدەکانى ناویندا درووستکات. کێشەى ئەو سەلماندنى خودا نیە بە واتا ئەمڕۆییەکەى, بەڵکو ژێستێکى فەلسەفییە تا سنورێکى فۆرماڵ لەنێوان خودا و مرۆڤدا بکێشێت, سنورێک کە چێژى خوایی و چێژى مرۆیی جیاکاتەوە و بەر لەوەش خودا وەک زامنى وجودیی مرۆڤ لەلایەکەوە دانێت(زامنێک کە خودا فریودەر نیە و بوونمان خەون نیە و تەنانەت من و خودا بە نێوانگریی یەکتر هەین و بنکێکى ئۆنتۆلۆژى و لۆژیکى بۆ کردەوەکانمان هەیە). باسەکە دیکارت نیە, دیکارتیش بەزەروورەت بەرهەمى مێژووى خۆرهەڵات نیە, بۆیە ئەوەى لە بایەخى ئەو باسە دەمێنێتەوە بۆ ئێمە ڕەنگبێ بریتى بێت لەمە: خودا(وەک بنچینەییترین ڕەهەندى غەیبى), چەندە ڕێدەدات لەناو مێژوودا گۆڕانکارییە هزرى و زانستى و ژیارییەکان تێکڕا قبوڵکەین؟ دیکارت لە خۆرئاوا ڕێى بۆ لەدایکبوونى سوبێکت و مرۆى نوێ خۆشکرد, لەڕێى تەرحکردنی خوداوە خوداى لەقاند, و لە چێژى دێرینەى خۆیشى بەجۆرێک دایبڕى: زانست و فەلسەفە و بەدواشیاندا چەندین کایەى تر کەوتنە جەنگى ژویسانس و چێژبڕکێوە, جەنگى لێکدانەوەى دونیا بەپێى میتۆد و پرەنسیپە تیۆرییەکانى خۆیان. لاى ئێمە, چیرۆکەکە جیاوازە: ئەو دینەى لە خەیاڵدان و ژیانى ئێمەدا هەیە لەلایەکەوە دەژى و لە زۆر شوێنیشدا دزی لە دیاردە و دەسکەوتەکانى سەردەم دەکات کە لە مۆدێرنەى خۆرئاواوە هاتوون تاکو ١) کەلێنى نێوان خۆى و زانست و گۆڕانکارییەکانى دەرنەکەوێت ٢) مەستبوون بەو ڕەهەندە غەیبى و نامێژووییەى کە هەیەتى و هەموو جووڵەیەکى مرۆڤایەتى دەکاتە پاشکۆى ئەم ڕەهەندە دووردەستە. گەر دیکارت ویستبێتى بڵێت «خودا فریوماننادات, چونکە نوقسان نیە», ئەوا مانا زیمنییەکە ئەوەیە «مرۆڤ هەیە و سنورى هەیە و زانستیش ئیمکانێکى کراوەى بەردەم مرۆڤە». "من بیردەکەمەوە, کەواتە هەم", وێڕاى ئەوەى سەلمێنى وجودیی ئێمەیە, هاوکات خەساندنێکى نیان و ناڕاستەوخۆى خوداشە لەناو مۆدێرنەدا. جۆرێک لە بێبەشکردنى خودا لە چێژە لەمێژینەکەى خۆى. هێنانى پێگەى ئەوە, بۆ بنپێى مرۆى زانستگەراى مۆدێرن. بەڵام لە کۆمەڵگاگەلى وەک ئێمەدا, یارییەکە چەشنێکى ترە و چاوشارکێى تایبەت لەگەڵ ڕوویەکى دیارى مۆدێرنەدا دەکەین کە زانستە.       

 پێشگریمانەکەمان ئەوەیە کە دین(ـى ئیسلام) هەمیشە بەرهەڵستیی ڕاستەوخۆى زانست ناکات, بەڵکو لەو جێیانەى وا پێویستدەکات, پشکەهەژموونى خۆى لە گوتارى زانستى دەدزێت و وا خۆى دەردەخات هى خۆیەتى. ئەم چێژدزی‌یە, دوور نیە لە ئیرەیی نەستەکییانەى دین بە زانستەوە کە باسوخواسى لەگۆڕێدایە. دزییەکەش پتر پەیوەندیی بە ڕووى دەرەوەى زانستەوە هەیە, بە ڕووە عامى و گشتییەکەیەوە نەک دیوە ناوەکییە پسپۆڕییەکانى. چونکە کێشەکە بۆ نیگاى مرۆڤە لەنێوان دوو دیاردەدا گەرچى یەکیان زیاتر بە لاى سوبێکتیڤبووندا دەڕوات و ئەمیتریشیان بە لاى ئۆبێکتیڤبووندا, کەچى لە پانتاییە کۆمەڵایەتییەکەدا لە بندەستى دەستێوەردانى مرۆڤدا دەجووڵێن و ژیانى مرۆڤ دەخەنە ژێر کاریگەرى و ململانێوە.

 زۆرجار زمان و زاراوەسازى و ستایلى ژیان لە زانستەوە وەردەگرێت و لە پێچێکى تەڕدەستانەدا دەیکاتە هى خۆى و زەمینەکەش لەنێوان باوەڕداراندا بەجۆرێک لەبارە کە هەستبکەن تەڕدەستى نیە بەڵکو ڕاستییەکى خۆڕسکى دین خۆیەتى. نمونەمان هەیە کە تیایدا ڕێکەوتێک دەریدەخات دونیاى مادى و غەیب لەسەر یەک دەژین و فریوى زەینى درووستدەکەن. بۆنمونە: لە سەرەتاى درووستبوونى دینێکدا دەوترێت هەڵهاتنى خۆر لە خۆرئاواوە نیشانەیەکى قیامەتە. واى دانێ زانستیش دەڵێت چەند هەزارساڵ یان واى دانێ چەندسەد هەزار ساڵێک دەکرێت ئاراستەى خۆر پێچەوانەبێتەوە. دین لەسەرەتاوە نیشانەیەکى مادیی چواردەورى خۆى پێچەوانەکردووەتەوە تا دەریخات شتێکى مەحاڵ دەڵێت. کاتێکیش زانست ڕێسا و ئەگەرەکان لێکدەداتەوە, دەتوانێت شتێکى لەم جۆرە بڵێت کە بەرەنجامى شیکردنەوەى پێکهاتەى فیزیایی و کیمیایی تەنێک بێت و هتد. واتە گەر یەکەمیان گریمانەیەکى نیمچەئوستورەیی دەرخستبێت ئەوا لە دووەمیاندا یاساکانى مەحاڵێک و لادانێکى خستووەتەڕوو. فریوەکە لەوێدایە کە دینەکە, لاسایی زانست دەکاتەوە بەبێ ئەوەى خۆى یەکسانبکات بە زانست. بۆیە ئیمان(یان غیابى زانست) وەک توخمێک دێنێتەئاراوە و دەڵێت: ئەوەى زانست دەیڵێت, دینیش دەیزانێت بەڵام کاتى ڕوودانەکەى بەدەست خودایە. لێرەدا دین دەست بۆ ژویسانسى زانست دەبات, بۆ ئەو چێژە ڕاگرە دەبات کە زانستى کردووەتە بەشێک لە ژیانى سەردەمەکە, بەڵام دەشیەوێت کرۆکەکەى خۆى نەدۆڕێنێت کە "غەیب" يان نەسەلماندنە بە واتا زانستییەکەى. لێرەدا مەبەستمان ئەوە نیە هەروا بەشێوەیەکى سادە و میکانیکى, دووانەى دین-زانست قوتکەینەوە یان دین بە خورافەى ڕەها و زانست بە عەقڵانیەتى ڕەها پیشاندەین, وەکچۆن بەو دیوەى تریشدا مەبەستمان ئەوە نیە حەقیقەت بدەینە دەست دین و کەشفێکى درەنگوەختیش بدەینە دەست زانست, بەڵکو باسەکەمان لەودیوى لایەنگرییەوەیە و شیتەڵکردنى فریوێکى زەینییە کە لەنێوان کایە و سەردەمەکاندا کاردەکات: دین لێرەدا بەشێوەیەکى ڕیترۆئەکتیڤ و پاشەوپاش دەیەوێت یاسا زانستییەکان بە باڵاى دین بدوورێت و داکۆکى لەو زیادە(excess)یەش بکات کە دین دەکات بە دین. واتە دین ناچێت دۆکترینێکى خۆى بێنێت ڕووبەڕووى زانستى بکاتەوە بەڵکو بەشێوەیەکى ناهاوکات و ڕوولەدوا ڕێسایەکى زانست بەسەر دیندا پیادەدەکات بەبێ ئەوەى ئەو پاشماوە غەیبى و ئۆنتۆلۆژییەى لەناوبچێت. لێرەوە ناکۆکییەکى بنەڕەتى دێتەئاراوە کە تموح و ژویسانسى ئایدۆلۆژیاکان لە جێیەکدا لێکدەپچڕێن و یەکسان نین بەیەکتر(ئەمە پەیامى پشت کتێبێکى وەک ئۆبێکتى باڵاى ئایدۆلۆژیاشە). نەک هەر لەنێوان ئایدۆلۆژیاکان, بەڵکو لەنێوان دوو کەس و دوو قەوارەى جۆراوجۆریشدا ئەم بنبەستە هەیە. لێرەشەوە هاوکێشەیەکى لەم جۆرە درووستدەبێت: دایالۆگ بوونى نیە, لێکتێگەیشتن بوونى نیە...یان بە کەمێک جیاوازییەوە: پەیوەندیگرتن بریتییە لە بەدحاڵیبوونێکى سەرکەوتووانە(ژاک لاکان). پێوەندیگرتن هەمیشە لەسەر نەسازانێکى سازشکراوى بنەڕەتى بەندە. گەر لە باسەکە دوورنەکەوینەوە, تێدەگەین بەشێوەیەکى هەرەناسک و سەیر, دین ڕوویەکى مێژووییشى هەیە: دین دەیەوێت بەشێک لەو ژویسانسەى کایەکانى سەردەم بۆخۆى بپچڕێت چونکە بەشێکە لە هەژموون و گوتارى باڵادەستیش. ئاشکرایە هەتا گەڕانەوەى سەلەفییەکیش بۆ پێشینە دینییەکەى خۆى, گەڕانەوەیەکى مۆدێرنانەیە چونکە لەناو شوێنکاتى مۆدێرندا گوتارى پێشنە/پاشینە درووستدەبێت و گەڕانەوەکەشیان بۆ دابڕانى تەواوەتى نیە لە ئێستا و سەردەمەکە بەڵکو بردنى سەردەمەکەیە بۆ سەرەتایەک کە بەدەستیبێنێتەوە و هاوکات ئەو پاشماوە غەیبییەش بپارێزێت کە لە شێوازى دینداریی سەردەمەکەدا فیتاوفیت دەستناکەوێت. ڕیا کە پتر ناوێکى ئەخلاقییە, و لە فیکردا بە کەمێک ئاڵۆزییەوە پێى‌دەوترێت پارادۆکس, لێرەدا لە پەتییترین شێوەى خۆیدا دەردەکەوێت: خەڵکە کەمتازۆر ئاگادارە دینییەکە دەڵێن واز لە دونیاى ئەمڕۆ بێنن و سەرنج بخەنە سەر ئەو ڕووداوە گەورانەى دین بەر لە زانست جاڕى هاتنى داون. بەڵام دەرگیربوونەکەى پیاوانى دینى بەم باسانەوە, ڕێک لەبەر ڕووداوە دونیاییەکانى ئەمڕۆیە کە چۆن زەینى خەڵک بەلایەکدا ببرێت دینى لێ جێنەمێنێت. بە دەربڕینێکى تر, لەبەر دونیا خۆى, باسى بیربردنەوەى دونیا دەکەن. دین, ئەو پاشماوە غەیببە بە جەوهەر و کرۆکى خۆى دەزانێت و باقیی گۆڕانەکانى تر بە خەسڵەت و عەرەز(عرض)ـى خۆى دادەنێت کە قابیلى گۆڕانە.

دین(بۆنمونە ئیسلام), دەتوانێت ڕووە مێژووییەکەى خۆى دەرخات بەڵام لەپێناوى قەڵەوکردن و خەسڵەتپێدانى ئەو ڕەهەندە غەیبییەى وا لاى سەرەوەڕا دایناوە. دزیکردن لە کەلەپورى زانست و ژویسانسى زانست, یەکێکە لەم ڕووکارانە. دزیکردنى کەلەپور, مەبەست لەوە نیە دین دەیەوێت ڕاستگۆیانە خۆى زانستى بکاتەوە, بەڵکو دزینى بەشێک لەو پێگەیەیە وا زانست بۆخۆى دەستەبەریکردووە. پارادۆکسەکە لێرەدایە گەر هەموو عەقڵى زانستى بخەیتە بەردەم دین نایەوێت, بەڵام دزى لەو کونج و کەلەبەرانەى ناو زانست دەکات وا ئاسان تێکەڵ بە مەنزوومەى دینى دەبن. واتە هێنانى بەش(جزء)ـە بۆ ناو گشت(کل)ێک, نەک هێنانى گشت بۆ ناو بەش. گەر زانست گشت-ێک بێت, لێکردنەوەى بەشێکێتى بۆ سەربارکردنى بە گشتێکى تر بەناوى دین. دزییەکە, بۆ باوەڕدارى ئاسایی شتێکى نەستەکى و ناڕاستەوخۆیە و میقاتبوون(نەک کردن)ـى ژیانێتى لەگەڵ نەرمەگۆڕانەکاندا, بەڵام بۆ خەڵکى دەمڕاست و قسەکەر, وێڕاى دیوە نەستەکییە گشتییەکەى کەچى شتێکى ئاگایانە و بەئەنقەستیشە. ئەم قسەکەرانە, وەک پێگەى ڕەمزى و بەدواى یەکدا, شتێک لەو کەلێنەش دادەپۆشن کە لەنێوان دین و زانستدا هەیە. ئەو کونە کوێردەکەنەوە وا بەهۆى هەژموونى زانستەوە, دەەمدەکاتەوە. ئەم قسەکەرانە, کە زۆرجار تێکەولێکەیەکى سەرنجڕاکێشى ناو عەقڵى باو(کۆمۆن‌سێنس)ن, ڕێژەیەک لەو ترازانە کەمدەکەنەوە کە لە فەنتازیاى کەسى دینداردا درووستبووە و تووشى سەرگەردانیی کردووە. دزى لێرەدا, لە هەردوو ڕەهەندى ئاگایانە و نائاگایانەدا لەنێوان باوەڕدارى ئاسایی و قسەکەرەکاندا یەکتر دەبڕێت. یەکتربڕینێک کە لێکدانى واقیع و فەنتازیایە, شتێکى هاوشێوەى ئەو کاتەى کە ئێمە سەیرى فیلمێکى سینەمایی دەکەین: من سەیرى فیلم دەکەم, بەڵام سەیرکردنەکە زامێکى ئۆنتۆلۆژى لە مندا کوێردەکاتەوە. واتە من واقیع, لەڕێگەوە فیلمەوە بۆ ماوەیەکى کاتى ڕێکدەخەمەوە. من ئەو لەجێچوون و ترازانانەى تێم کەوتوون, بەهۆى فیلمێکەوە باشتر ڕێکدەخەمەوە. من سەیرى درۆیەک ناکەم, بەڵکو واقیع لەوپەڕى درۆیینەبوونى خۆیدا بەهەند وەردەگرم. پێگەى قسەکەرە دینییەکانیش(کە مەرج نیە هەڵگرى ئیمانێکى ناوەکى بن), لە نواندنى ئەم ڕۆڵە بەدەر نیە. ئەوان بەدزییەوە شتانێک بە ئێمەى باوەڕدار دەبەخشنەوە, کە لە جێى خۆى لەقیوە: بەخشینەکەى وان, جۆرێک لە دزیی نەستەکییە لەنێوان هەردوولادا. لە ئاستێکى سادەتریشدا, دزی لە ناونانەکانى سەردەم, دەخرێتەوە خزمەتى دین: بۆنمونە, «ڕێکردنى محەمەدییانە» و هتد کە بردنى ستایلێکە, وەرگرتنى ناونانێکە لە مۆدەى ڕۆژگارەکەوە. یان: «خوێندنەوەى قورئان وزە لە چواردەوردا دەگۆڕێت» و هتد, کە ئاشکرایە کەشوهەواى ڕستەکە لە کوێوە وەرگیراوە و بە چ زمان و زاراوەیەکیش خزمەتى ڕەهەندە غەیبى و قودسییەکە کراوە. خوێنەر دەتوانێت بۆ زۆر نمونەى تر بگەڕێت کە لەمانەش سەرەکییتر بن. جا لەپشت ئەم بەراوردە هێمنەوە, پەرچەکردارێکى توند نوستووە:

 ئەم پەرچەکردارە هیستریاییەى دین بۆ ئەوەى "کەلامى غەیب" هەڵنەوەشێتەوە, ڕووى لەو کەشفە زانستییانەیە کە ئەم کەلامە دەخەنە مەترسییەوە. دین دەیەوێت هەرچى هەیە با هەبێت, چى ڕوودەدات با ڕووبدات, بەڵام بنکى کەلامى غەیبى هەڵنەوەشێتەوە. چونکە دەکرێت هەر هەموو گۆڕان و کەشفەکان بخرێتەوە خزمەتى ئەو کەلامەوە و بدرێتەپاڵ قودرەتى خواوەند. لێرەدا دیسان ئەوە بیردەخەینەوە کە بەرامبەرکێکە, خورافە و عەقڵ نیە(گەرچى لە جێیەکدا ئەوەشە) بەڵکو باس لە دوو داهێنراوى دەستى مرۆڤ خۆى دەکەین کە دین و زانستە و هەریەکەشیان زەینێکى تایبەت بە خۆى درووستدەکات تا پەیوەندیی مرۆڤ و دونیاکەى ڕاگرێت. کاتێک هەردووکى بە دوو دیاردەى دەستى مرۆڤ خۆى دادەنێین, ئیتربەجۆرێک لە جۆرەکان  لەم تۆمەت و بەرامبەرکێ و پێشداوەرییە ڕزگاردەبین. هەر ئەمەش دیدێکى ماتریالیستییە بۆ هەردوو بەرەکە. ژیانى دەروونى و مانایی و بەهایی مرۆڤەکان بەجۆرێکە هەموو پێکڕا ناتوانن لە سەردەمى دینەوە بۆ زانست بپەڕنەوە, چونکە دین بەجیا لەوەى چەندە عەقڵانییە یان نا, پەیوەندیی ئەوان و دونیا ڕێکدەخات. ئەم ڕێکخستنەش پرۆسەیەکى یەکجارەکى نیە لە جێیەکدا کۆتایی بێت, بەڵکو بەردەوام لەناوەوە کشان و پلاستیکیبوونێکى تیایە بۆ ئەوەى بەربەرەکانێى دژەکانى خۆى بکات لەناو مێژووى شارستانیەتدا. هەر دیاردە و کایەیەکى نوێ کە دێت, لە هەرکوێدا زیانى بە دین گەیاند و هەڕەشەى کردە سەر یەکانگیرى (consistency)یەکەى, ئیدى لەناوەوە میکانیزمە نەستەکى و شاراوەکانى دەکەوێتەگەڕ و دەستدەکاتەوە بە سەرلەنوێ-ڕێکخستنەوە. گەر دیوێکى دینیش لەدەستچێت, نۆرمێک کۆن ببێت, ئەوا کرۆکەکە لەناو مەنزوومەیەکى تردا خۆى ڕێکدەخاتەوە و پەیوەندیی بنیام و جیهان دەپارێزێت. ئەمە ئەو شتەیە کە پەیوەندیی بە ئەرگۆمێنتەوە نامینێت(بۆنمونە لە چاپە مۆدێرنەکەیدا), چونکە ئەرگۆمێنتەکە خۆى ئەوەیە ئەرگۆمێنت لەویادا دەوەستێت چونکە هەریەکە لە چەمکەکانى وەک فەنتازیا و ئارەزوو و هتد دەکەونەگەڕ کە خۆیان ئەرگۆمێنتى دەروونیی تایبەت بە خۆیانیان هەیە و قووڵ بە بەرژەوەندیی مرۆڤدا ڕۆچوون. یان بە واتایەکى تر, ئەرگۆمێنت لەبەرامبەر ژویسانسدا شکستدێنێت و ئەو شتە دەکەوێتەوە کە ژیژەک بە کەمێک دەسکاریی چەمکەکەوە ناویدەنێت ژوى-سێنس(واتە چێژەمانا, یان ئەو ساتەى مانا بەشێوە بابەتى و عەقڵانى و ئەرگۆمێنتسازەکەى لەکاردەکەوێت و تاکە ئەرگۆمێنت ئەو ئەرگۆمێنتەیە کە ڕوانگە ئایدۆلۆژییەکە پەسنیدەکات و ناهێڵێت سوبێکتیڤیتەى ئەو ئایدۆلۆژیایە لەبەریەکهەڵوەشێتەوە. واتە, مانا ئەو مانایەیە لە سودى من بێت). لێرەوە دین دەبێتە دیاردەیەک کە پێشوەخت دنیایی و مێژوویی و ماتریالیستییە, ئەو توخمە غەیبییەشى کە دەیەوێت لەناونەچێت, هەمیسان بۆ ڕاگرتنى پەیوەندیی مسوڵمانە بەم ژیانەوە. ئەمە بۆ  پرسى "بەهەشت"یش درووستە کە گوزارشتە لە شوێنێکى دوورەدەست, بەڵام بەهەشت خۆیشى جۆرێکە لە فەنتازیاى بنەڕەتى بۆ ڕاگرتنى ئەم دونیا مادییەى کە هەیە.

ئەم "توخمە غەیبى"يە, پێگەیەکى هاوتا و هاوشێوەى ئەم دەربڕینەى ترى هەیە: «بەس ئەوە...»: گۆڕانەکانى سەردەم با هەبن «بەس ئەوە...» تیانەچێت. زانست تواناى سەمەرە لە خۆى پیشاندەدات, «بەس ئەوە...»  دوا یەقینى منە. مرۆڤ ئەم هەمووە کونجکۆڵییەى هەیە, بەس ئەوە...» خودا خۆیەتى لە هەموان دەقیقترە. دەربڕینى «بەس ئەوە...», دەربڕینێکە بۆ دەرنەبڕانى توخمێکى پێشین و لەکاتبەدەر: فۆرمێکە خۆى خزیلک و نەگیر و نەمرە, بەڵام ناوەڕۆکەکەى لە تەماسدایە بە "عەبد"ەوە و عەبدەکان هەموو شت بکەن, «بەس ئەوە...» لەدەستنەدەن. ناشبێت ئیرەیی لاوەکیی زانستیش بە دین, پشتگوێبخەین, بەڵام سرووشتێکى جیاوازى هەیە: دین هەموو جیهان بە هى خۆى دەزانێت, شتێکە پێشوەخت هى ئەوە, تاقیکردنەوە و بەرئەزموونخستنى یارییەکى مرۆییە و هیچى تر. بە دەربڕینێکى تر, زانستیش لە ڕووى دەرەوەڕا خاوەنى «بەس ئەوە...»ـى خۆیەتى. شتان دەبێت تاقیکرێنەوە و واتە یاسا ناوەکییەکانى بەجۆرى دەقیق و سەلمێنەى ئەزموونى و گریمانەى ورد دەجوڵێن, بەڵام لەدەرەوەڕا سرووشتى دیاردەیەکى هێرمۆنتیکى و کۆمەڵایەتى و بگرە ڕەمزیی هەیە و قابیلى پێناسە و خەمڵاندنە: ئەوەى دین هەیەتى, دەبێت دزەى تێکەم و شیتەڵیکەم(هەتا گەر بێتو درۆش بێت). بەڵام لەڕاستییدا, ئەوەى دین وەک ڕەهەندێکى غەیبى و بنەڕەتى هەیەتى, توخمێکى پۆزەتیڤ و جێگرتوو نیە بچین یەکاڵاى بکەینەوە, بەڵکو "نادیار"ێکە هەقمان بەسەر ناوەڕۆکە پۆزەتیڤەکەیەوە نیە(گەر گریمان هەشیبێت) و تەنیا وەک فۆرمێکى ڕاگر سود لە بەرەکەتەکەى وەردەگیرێت. بۆیە گەر لاى دین هەموو شت قابیلى توێکارى بێت, ئەوا «بەس ئەوە...» بەدەرە لێى. گەر هەموو شت قابیلى دیتن بێت, ئەوا «بەس ئەوە...» جۆرێکە لە نابینایی بونیادى و دەکەوێتە چەقى هەموو دیتنێکى تاقیگەیی و ئامرازییەوە. ڕەنگە بەپێى "فەلسەفەى زانست", دیاردەیەک بە کۆلکەزانستى دانرێت, بەڵام لەڕووى نرخە ڕەمزى و دینییەکەیەوە کاریگەرى لەسەر خەیاڵدانى کۆمەڵگا دانێت. بەڵام لە گۆشەنیگاى باوەڕدارێک خۆیەوە, ئەم دیاردانەى ژێر ئەم توخمە غەیبییە لە ئاستى فۆرماڵدا و وەک کارکردى دەروونى, ڕۆڵى جۆرێک لە ماتماتیک دەگێڕێت کە وەک فۆرم شیاوى تەجروبەکردن نیە و هەمان کات بۆ بەڕێخستنى ئەزموون پێویستە.

مرۆڤ, ئەو بوونەوەرەیە خۆى کایەى جیاجیا دادەهێنێت و هەر لەلایەن ئەو کایانەشەوە کارەکتەرى وى دادەهێنرێتەوە. مرۆڤى ئەمڕۆى ئێمە, نە بەتەواوى لە دەرەوەى دینەوەیە و نە بەتەواویش لە دەرەوەى زانستەوەیە. مەبەست لە دین ژینگەیەکە کە یاساکانى خۆى تێکەڵ بە کەلتور دەکات و زانستیش مەبەست لەو باسوخواس و بەرهەمانەیە وردەوردە دید و سالیلى ژیانمان بەرەو لاى خۆى دەگوشێت. هەردووکیشى مادام بە فلتەرى پانتایی مرۆیی و کۆمەڵایەتییدا دەڕوات, ئەوا دەست بۆ گەنجینەى ژویسانسى مرۆڤ دەبەن و کەمتازۆر ناچاریدەکەن شێوازى چێژوەرگرتن و ماناوەرگرتن و بەهاوەرگرتنى بە واقیعەوە ڕێکخەنەوە. ئیشى فیکر, بنکۆڵکردنى ئەو هەڵوێست و وێستگە جۆراوجۆرانەیە کە لە چواردەورى ژینگە مرۆییەکەماندا دەگوزەرێت(کە دوورترین خاڵى فیزیکى و گەردوونییش, نزیکترین شوێنەوارى خۆى لەم پانتاییە مرۆییەدا جێدەهێڵێت و بگرە پێشوەخت لێرە ڕوودەدات).

 

 

 

 


[1] . چەند وردبوونەوەیەک لەبارەى میتافیزیکەوە, ڕێنێ دیکارت, و. حەمید عەزیز, ٢٠٠٥, ل٦٧