A+    A-
(483) جار خوێندراوەتەوە

بۆچی خوێندنەوەی هایدیگەر گرنگە؟

 

 

 

سایمۆن کریچلی

و: شێروان ئیبراهیم

 

 

 

 «بوون_لە_جیهاندا»

 

هایدیگەر بۆچوونەکانی دیکارتی قڵپکردەوە: با سەرەتا هەبین، دواتر بیردەکەینەوە.

لە وتاری پێشوودا، باسم لەوە کرد چۆن هایدیگەر چەمک و تێگە فەلسەفییە باوەکان تێکدەشکێنێت و لەبری ئەوان شتگەلی نوێ دادەهێنێت. بەڵام تەقەلای سەرەکیی هایدیگەر بریتییە لە وێرانکردنی تێڕوانینە فەلسەفییە باوەکە دەربارەی پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و جیهان. ئەو تێڕوانینەی فەیلەسوفی فەرەنسی ڕێنیە دیکارت هێنایەکایەوە (بێگومان، دیکارت تۆمەتباری سەرەکییە لەم کتێبەدا [بوون و کات]). بەکورتی، ئەو ئایدیایەی گوایە دوو جۆر لە جەوهەر لەم جیهانەدا هەیە: شتە بیرکەرەوەکانی وەک ئێمە؛ لەگەڵ شتە مادى و کشاوەکان[1]، وەک مێز و کورسی، یان هەموو چنراوەکانی کات و شوێن.

پەیوەندیی نێوان شتە بیرکەرەوە و شتە کشاوەکان، پەیوەندییەکی مەعریفییە. ئەرکی فەلسەفی و زانستی بریتییە لە زامنکردنی دەستگەیشتنی سوبێکت _وەک نەریتی دواتر ناوی لێدەنێت [بە سوبێکت]_ بە جیهانی ئۆبێکتەکان. ئەمەش دەکرێت ناوی ببەین بە «شیکردنەوەی ئەپستمۆلۆژییانە»ـی پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و جیهان، وەختێک ئەپستمۆلۆژیا واتە «تیۆری مەعریفە». هایدیگەر بایەخی مەعریفە کەم ناکاتەوە، بەڵکوو تەنها ئەولەوییەت و بەرتربوونەکەی ڕەتدەکاتەوە. پێش ئەم وێنە دوالیستییە دەربارەی پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و جیهان، یەکێتییەکی قووڵ بوونی هەیە و دەیەوێت دەستی بخاتەسەر لە فۆرمەلە بەناوبانگەکەیدا: «دازاین بریتییە لە: بوون_لە_جیهاندا». بەڵام ئەمە مانای چییە؟

ئەگەر مرۆڤ بەڕاستی بریتی بێت لە «بوون_لە_جیهاندا»، ئەوکات دەبێت خودی جیهان بەشێک بێت لەو یاسا گشتییەی مانا بە مرۆڤبوون دەبەخشێت. ئەمە واتە: من خودێکی دابڕاو نیم، یان «ئیگۆ»ـیەکی سەربەست بەرامبەر جیهانێک لەو ئۆبێکتانەی دێنەپێشم. بەڵکو من جیهانی خۆمم، بەگوێرەی دەربڕینی هایدیگەر. جیهان بەشێکە لە بوونی من، لە چنراوی هەبوونی من. لێرەدا دەتوانین ناوکی ڕوانینەکەی هایدیگەر بدۆزینەوە، بەڕوانین لە دازاین نەک وەکو سوبێکتی دابراو لە جیهانی ئۆبێکتەکان، بەڵکو وەک ئەزموونی کرانەوە، بەجۆرێک بوونی من دانەبڕاوە لە بوونی جیهان. من وابەستەم بە جیهانەوە و تیایدا تواومەتەوە، لێی دانەبڕاوم لەڕێگەی چەشنێک لە «زەین»ـەوە، یان وەک ئەوەی هایدیگەر ناویدەنێت بە «کۆگای ئاگایی»[2].  

لە «بوون و کات»ـدا، ئارگۆمێنتی سەرەکیی هایدیگەر دەربارەی جیهان ئەوەیە: جیهان «پێشوەختە و زۆرجار» (Zunächst und Zumeist) خۆی وەک شتێکی بەسود و بەردەست دەناسێنێت، وەک جیهانی ئەزموونی ڕۆژانە و باو. بەرکەوتنە نزیکەییەکەم لەگەڵ ئەو مێزەی ئەم وشانەی لەسەر دەنووسم، نابێت بەرکەوتن بێت لەگەڵ ئۆبێکتێکی بەرهەمهاتوو لە ماددەی دیاریکراوی ناو جیهان (بۆنمونە، تەختە و ئاسن)، کە بەشێوەیەکی ئەندازەیی لەناو زنجیرەی شوێن_کات ڕێکخراوە. بەڵکو تەنها مێزێکە و لەسەری دەنوسم، بۆ ڕێکخستنی لاپەڕەکان و لاپتۆپ و کوپی قاوەکەم بەسودە. هایدیگەر بەردەوام پێداگیری دەکات لەسەر ئەوەی «دەبێت مەیلە ڕاڤەکارییەکانمان وەلاوە بنێین»، ئەو مەیلەی ئەزموونی ڕۆژانەی ناو جیهانمان پەردەپۆشدەکات و بە ویستی خۆی ڕەنگڕێژیان دەکات.

جیهان پڕە لەو شتە بەکەڵکانەی وەک گشت‌‌ێک بوونیان هەیە، بەردەست و مانابەخشن بۆ من. ڕوونتر بڵێین، جیهانی پڕە لە شتگەلی پێکەوەبەستراو: لاپتۆپەکەم لەسەر مێزەکەیە، چاویلکەکەم لەسەر لوتمە، مێزەکە لەسەر زەمینە، دەتوانم لە پەنجەرەکەوە بڕوانمە باخچەکە و گوێم لە ژاوەژاوی شار و ویقەویقی ئۆتۆمۆبیلی پۆلیس و ئەمبۆڵانس بێت، لەگەڵ هەموو ئەو شتانەی ژیانی شارنشینی پێکدەهێنن. هەر ئەمەیە هایدیگەر بە «ژینگە» (Umwelt) ناویدەبات، وەختێک دەیەوێت ئەو جیهانە وەسفبکات وا چواردەوری مرۆڤی گرتووە و مرۆڤیش تیایدا نوقمە.  

هایدیگەر پێیوایە ئەم ئەزموونەی ژیانکردن لەناو جیهاندا، فەرامۆشکراوە و لەدەسچووە و چاوپۆشی لێکراوە، لەڕێگەی توێژینەوەی زانستی و فەلسەفەی باوی زەینەوە، ئەو فەلسەفەیەی پێشوەختە گریمانەی هەبوونی جیاکارییەکی دوالیستی دەکات لەنێوان زەین و واقیعدا. ئەوەی پێویستە، جۆرێکە لە فینۆمینۆلۆژیای ئەزموونی ژیانی ڕۆژانە لەناو جیهاندا، بەجۆرێک وەفاداربێت بەرامبەر ئەو شتانەی لەناو ئەزموونی ئێمەدا خۆیان دەردەخەن. بەجۆرێکی دی، هایدیگەر دەیەوێت جیاکارییەکی باو بکات لەنێوان تیۆر و پراکتیکدا. بەرکەوتنە سەرەتاییەکەم لەگەڵ جیهاندا تیۆری نییە، ئەمە ئەزموونی کۆمەڵە تەماشاکەرێک نییە کە دەڕواننە جیهانێکی لە بەها داماڵراو. بەڵکو بەرکەوتنێکی پراکتیکییە لەگەڵ جیهان، وەک جیهانێک لە شتگەلی بەسود و بەردەست کە هەڵگری بایەخ و بەهای مرۆیین. ڕوانینە تیۆری و زانستییەکان بۆ شتەکان، وەک ئەوەی لای هەندێک فەیلەسوفی وەک دیکارت بەدیدەکرێت، لەسەر ڕوانگەیەکی پراکتیکی دامەزراوە کە شیفتە و وابەستەییە بە شتەکانەوە.

هایدیگەر دوو ڕێگەی نزیکبوونەوە لە جیهان جیادەکاتەوە: حازربەدەستبوون (present-at-hand) و بەدەستەوەهاتن (ready-to-hand). حازربەدەست، ئاماژەیە بۆ نزیکبوونەوەی تیۆرییمان لەو جیهانەی لە ئۆبێکتەکان پێکهاتووە. هەمان ئەو ڕوانینەیە بۆ جیهان وا زانست لێیەوە چەکەرەدەکات. بەڵام بەدەستەوەهاتن، ئاماژەیە بۆ پەیوەندییە پراکتیکییەکەمان لەگەڵ شتە بەسودەکانی بەردەستمان. هایدیگەر پێیوایە، پراکتیک دەکەوێتە پێش تیۆرەوە، بەدەستەوەهاتن دەکەوێتەپێش حازربەدەستەوە. کێشەی زۆرینەی فەلسەفەکانی پاش دیکارت ئەوەیە لەڕێگەی تیۆرەوە درک بە جیهان دەکات، یان هاوشێوەی دیکارت بڕوای وایە مرۆڤ دەتوانێت گومان لە هەبوونی جیهانی دەرەکی بکات، بەڵکو گومان لە حەقیقەتی ئەو کەسانەش بکات وا ئەم جیهانەیان پڕکردۆتەوە،_ کێ دەزانێت، ڕەنگە ڕۆبۆت بن!

بەلای هایدیگەرەوە، شتەکە تەواو پێچەوانەیە. بوونی مرۆڤ وابەستەیە و پێکەوەبەستراوە لەڕێگەی تۆڕێکی ئاڵۆز لەو چالاکییە کۆمەڵایەتییانەی جیهان پێکدەهێنن. جیهان بەشێکە لە من. بەلای هایدیگەرەوە، دابڕانی مرۆڤ لە جیهان، وەک ئەوەی لای دیکارت دەیبینین، مانای لەدەستدانی بوونە: تەونی کرانەوەمان بەڕووی جیهاندا یەکپارچەیە. نابێت ئەم یەکپارچەیە دابڕ و دابەش بکرێت. جیهان هەر پڕ نییە لە شتگەلی بەسود و ناسراو و مانادار، بەڵکو پڕیشە لە کەسەکان. ئەگەر من بەشێکی دانەبڕاو بم لە جیهان، ئەوکات جیهان دەبێتە جیهانێکی هاوبەشکراو و ئەزموونکراو لەگەڵ ئەوانیتر. هایدیگەر ئەمە ناودەنێت بە «بوون_لەگەڵ»[3] (Mitsein).  

 

 

 

 

 

 


[1] extended things.

[2] the cabinet of consciousness.

[3] being-with .

 

 

سەرچاوە:

https://www.theguardian.com/commentisfree/belief/2009/jun/22/heidegger-religion-philosophy