A+    A-
(891) جار خوێندراوەتەوە

 

     بۆچی هایدیگەر گرنگە؟

 

 

 

سایمۆن کریچلی

و: شێروان ئیبراهیم

      

 

 

 

 

گرنگترین و کاریگەرترین فەیلەسوفی قاڕەیی سەدەی ڕابردوو، نازی بوو. ئەمە چۆن ڕوویدا؟ چى لێوە فێردەبین؟

مارتین هایدیگەر (١٨٨٩_١٩٧٦)، یەکێک بوو لە گرنگترین و کاریگەرترین فەیلەسوفانی قاڕەیی لە سەدەی بیستەمدا. کتێبەکەی «بوون و کات»[1]، بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٢٧ بڵاوکرایەوە، شاکارێکی فەلسەفیی مەزن بوو. تێگەیشتن لەوەی چی لە فەلسەفەی قاڕەیی پاش هایدیگەر گوزەراوە ئەستەمە، بەبێ گەڕانەوە بۆ «بوون و کات». سەرەڕای ئەوەش، پێچەوانەی زۆرینەی فەیلەسوفە ئەنگلۆ_ئەمریکییەکان، هایدیگەر لەدەرەوەی فەلسەفەش جێدەستێکی مەزنی هەبوو لە بوارە جیاجیاکانی وەک هونەری بیناسازی، هونەری هاوچەرخ، تیۆری سیاسی و کۆمەڵایەتی، دەروونشیکاری، دەروونپزیشکی، تیۆلۆژیا.

بەهەرحاڵ، بەهۆی لایەندارییە سیاسییەکەی بۆ پارتی ناسیۆنال_سۆسیالیزم لە ساڵی ١٩٣٣، وەختێک بوو بە سەرۆکی زانکۆی فرایبۆرگ لە باشووری ڕۆژئاوای ئەڵمانیا، هایدیگەر تا ئێستا بۆتە فەیلەسوفێکی جێگەی مشتومڕ و ڕق و بەدحاڵیبوون.

پەیوەندیی هایدیگەر و سیاسەت، بابەتێکی دیکەیە و دەشێت لە وتارێکی دیکە بخرێتە بەرباس. بەدڵنیاییەوە، بەبۆچوونی من، سرووشت و ئاستی تێکەڵبوونی هایدیگەر لەگەڵ پارتی ناسیۆنال_سۆسیالیزم لەڕووی فەلسەفییەوە شیاوی تێگەیشتن نییە، بەبێ تێگەیشتن و هەستکردن بە توانای قایلکەریی نووسراوەکانی، بەتایبەت کتێبی «بوون و کات».

ئەو ئەرکەی لەم وتارانەدا لەئەستۆی خۆمم گرتووە، بریتییە لە تامکردنی ئەم کتێبە [بوون و کات]، بەهیوای ئەوەی زیاتر بخوێنرێتەوە و قووڵتر لێی بکۆڵرێتەوە. بەڵام هەر کە لە خوێندنەوەی ئەم کتێبە دەبیتەوە و دەکەویتەژێر کاریگەرییەوە، ئەوکات پرسیارێک وەک خەنجەری دامۆکلیس بەسەر تێکستەکەوە دەبینیت: چۆن دەشێت مەزنترین فەیلەسوفی _شیاوی مشتومڕە_ سەدەی بیست نازی بێت؟ ئەم لایەندارییە سیاسییەی _هەرچەند ماوەکەی کەم بێت_ چیمان پێدەڵێت دەربارەی سرووشتی فەلسەفە، دەربارەی ئەو مەترسی و سەرکێشییانەی لە حاڵەتی تێکەڵبوونی [فەلسەفە] بە جیهانی سیاسەت دێتەگۆڕێ؟

   

بوون و کات

«بوون و کات» بەرهەمێکی درێژ و دژوارە (٤٣٧ لاپەڕەیە لە زمانە ئەسڵییەکەدا: ئەڵمانی). بەڵام دژوارییە سەرەکییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی هایدیگەر [لەم بەرهەمەدا] ئەرکی «هەڵوەشاندنەوەی» _بە دەربڕینی خۆی_ نەریتی فەلسەفی گرتۆتەئەستۆ. دواتر هەندێک لە ئاکامەکانی ئەم پرۆسەیە دەبینین، بەڵام ئەنجامی سەرەکی ئەوەیە: هایدیگەر نایەوێت ملکەچی زاراوەسازى و تێرمینۆلۆژیی ستانداردی فەلسەفەی مۆدێرن بێت، کاتێک باس لە ئەپستمۆلۆژیا و سوبێکتیڤیتە و نواندنەوە و مەعریفەی ئۆبێکتیڤ و چەمکەکانی دی دەکات.

هایدیگەر بوێریی ئەوەی هەبوو بگەڕێتەوە بۆ تەختەڕەشی سەرەتایی و زاراوەی فەلسەفیی نوێ دابهێنێت. بۆ نموونە، پێیوایە هەموو تێگەکانی بوونی مرۆیی وەک سوبێکت، خود، کەس، ئاگایی یان یەکێتیی «زەین_مێشک»، وابەستەی نەریتێکی بیرکردنەوەن، گریمانەکانی ئەم نەریتی بیرکردنەوەیە بەشێوەیەکی ڕیشەیی نەپشکنراون. بەڵام هایدیگەر بیرمەندێکی ڕادیکاڵە: دەیەوێت کنە و پشکنینی قووڵ بکات و بگاتە ڕیشەی ئەزموونەکانی ژیانمان لە جیهاندا، بەبێ ئەوەی ملکەچی دەسەڵاتی نەریت ببێت.

هایدیگەر ناوی «دازاین_  Dasein» دەبەخشێتە بوونی مرۆڤ. ئەم وشەیە بە چەندین شێوە وەردەگێڕدرێت: بەڵام زۆرجار وەک «بوون_لەوێدا» دانراوە. ئایدیا سەرەکی و سادەکە ئەوەیە: بوونی مرۆڤ دەکەوێتە پێش ماهییەت(ناوەڕۆکى وجودى)ـەوە. پێش هەموو شتێک، بوونی مرۆڤ سوبێکتێکی پەڕگیر نییە، دابڕاو نییە لە جیهانی ئۆبێکتەکانی دەوروبەری، هەمان ئەو جیهانەی دەیەوێت لەبارەیەوە بزانێت. ئەوەی بۆ «دازاین» ڕاستە، بۆ چەمکەکانی دیکەی هایدیگەریش هەمان شتە. هەر ئەمەش وا دەکات خوێندنەوەی «بوون و کات» زۆرجار دژوار بێت، لەبەرئەوەی هایدیگەر _زیاتر لە هەر فەیلەسوفێکی ئەڵمانی و مۆدێرنی دیکە_ هەموو ئیمکانە زمانەوانییەکانی ناو زمانە ڕەسەنەکەی [ئەڵمانی] بەکارهێناوە. هەرچەند هەریەک لە ماکواری و ڕۆبنسۆن لە وەرگێڕانە ئینگلیزییەکەدا (نوسخەی Blackwell 1962)، یەکێک لە باشترین وەرگێڕانە فەلسەفییەکانیان پێشکەشکردووە، بەڵام لەکاتی خوێندنەوەی کتێبەکەدا، مرۆڤ هەستدەکات لەناو قوڕولیتەی چەمکی نامۆ و ناباودا مەلەدەکات.

 

ئایدیای سەرەکیی کتێبەکە

 ئایدیای سەرەکیی ناو کتێبی «بوون و کات» ڕوون و ڕەوانە: بوون بریتییە لە کات. واتە، مرۆڤ بۆ ئەوەی بوونی هەبێت، پێویستە لەناو هێڵێکی زەمەنییدا بوونی هەبێت لەنێوان لەدایکبوون و مەرگدا. بوون بریتییە لە کات، کاتیش کۆتادارە و سنوردارە، بە مەرگی ئێمە کات دەگاتە کۆتایی. لێرەوە، بۆ تێگەیشتن لە مرۆڤ وەک بوونی ڕەسەن، پێویستە ژیانمان لەسەر ئاسۆی مەرگمان دابڕێژین، هەمان ئەو شتەی هایدیگەر ناویدەبات بە «بوون_بەرەو_مەرگ».

هەندێک لە فەیلەسوفانی وەک قەشە پۆڵس و قەشە ئۆگەستین و لۆتەر و کیرکەگارد، بڕوایان وایە خود لەڕێگەی پەیوەندی لەگەڵ خوداوە خۆی دەدۆزێتەوە؛ بەلای هایدیگەرەوە، بوون و نەبوونی خودا بەهایەکی فەلسەفیی ئەوتۆی نییە. خود لەڕێگەی ڕووبەڕووبوونەوەی مەرگەوە دەتوانێت خۆی بدۆزێتەوە. واتە، لەڕێگەی مانابەخشین بە کۆتاداری و سنورداریی بوونمان. ئەگەر بوونمان کۆتادارە، ئەوا مرۆڤبوونمان بریتییە لە درککردنی ئەم کۆتادارییە، واتە: «بوون‌بە خۆ»[2]، بەدەربڕینی نیچە. دواتر مەودا و قووڵێتیی ئەم ڕوانینە دەربارەی کۆتاداری ڕووندەکەینەوە، کاتێک دێینە سەرباسی چەمکی ئاگایی لای هایدیگەر، ئەوەی هایدیگەری ناویدەنێت بە «شادمانیی کاتی»[3]. کتێبی «بوون و کات» بە پێشەکییەکی درێژ و سیستەماتیک دەستپێدەکات، دواتر دوو بەشی بەدوادا دێت، هەر بەشێک لە شەش فەسڵ پێکهاتووە. بەم دواییانە لە کۆلێژی توێژینەوە کۆمەڵایەتییەکان لە نیۆرک، ئەم کتێبەم لە کۆمەڵە وانەیەکی ١٥ هەفتەییدا پێشکەشکرد. لەم بەشانەدا، هەوڵدەدەم خوێنەر چێژ لەم کتێبە وەرگرێت، هەروەها چەند خاڵێک دەخەمەڕوو تاوەکو لەکاتی خوێندنەوەیدا زیاتر تیایدا قووڵبێتەوە.

 

 

«بوون و کات» [٢]: منێتی

لە لاپەڕەی دەسپێک و بێ‌ناونیشانی کتێبی «بوون و کات»ـدا، هایدیگەر ڕوونیدەکاتەوە کرۆکی ئەم کتێبە بریتییە لە مەسەلەی «بوون». ئەم مەسەلەیە، نزیکەی ٢٥٠٠ ساڵ پێش ئێستا، لەلایەن ئەرستۆوە لە دەستنووسێکی بێ‌ناونیشاندا وروژێنراوە، ئەم دەستنووسە دواتر وەک کتێبی «میتافیزیک»[4] دەناسرێت. بەلای ئەرستۆوە، زانستێکی تایبەت هەیە بۆ دیراسەکردنی ئەو شتەی ناویدەنێت بە «بوون_وەک_خۆی»[5]، بەبێ ڕەچاوکردنی هیچ قەڵەمڕەوێکی بوون، وەک بوونی زیندەوەران (بایۆلۆژی) یان بوونی جیهانی سرووشتی (فیزیک).

میتافیزیک ئەو ڕووبەری توێژینەوەیە دەگرێتەوە کە خودی ئەرستۆ ناوی «فەلسەفەی یەکەم»[6]ـی پێدەبەخشێت و پێش هەموو شتێکی دیکە دەکەوێت. پەتیترین و گەردوونیترین و نەناسراوترین ڕووبەری فەلسەفییە. بەڵام گرنگترین و زیندووترینە.

لە کتێبی «بوون و کات»ـدا، هایدیگەر بە لەخۆبایی‌بوونێکی ڕەواوە، هەوڵی پشکنینی ئەم مەسەلەیە دەدات. بە زنجیرەیەک پرسیاری ڕیتۆریکی دەستپێدەکات: ئایا هیچ وەڵامێکمان لەبەردەستە بۆ پرسیاری: بوون(Being) چییە؟ وەڵامدەداتەوە: نەخێر، بە هیچ شێوەیەک. ئایا ئەم پرسیارە تووشی دڵەڕاوکێمان دەکات؟ هایدیگەر دووبارە وەڵامدەداتەوە: نەخێر، بە هیچ شێوەیەک. لێرەوە، یەکەم و گرنگترین ئەرکی بەردەم کتێبەکەی هایدیگەر بریتییە لە دەرخستنی دڵەڕاوکێمان بەرامبەر ئەو پرسیارەی سەرچاوەی هەموو پرسیارەکانە، هەمان پرسیارەکەی هاملێت لە خۆی: «هەم یان نیم؟»[7].

بەلای هایدیگەرەوە، ئەوەی بوونی مرۆڤ جیادەکاتەوە، بریتییە لە توانای سەرسوڕمان و دڵەڕاوکێی ئەو [مرۆڤ] سەبارەت بە قووڵترین و تەمومژاویتریین پرسیار: بۆچی شتێک هەیە لەبری هیچ شتێک؟ وەک دەبینین، ئەرکی کتێبی «بوون و کات» خەبەرکردنەوەی هەستی دڵەڕاوکێ و حیرەت و پرسیارە لەناوماندا. پرسیارکردن _وەک ئەوەی هایدیگەر لە کاروانە فەلسەفییەکەیدا گوزارشتی لێدەکات_ بریتییە لە «تەقوای بیرکردنەوە»[8].      

هایدیگەر ئەم دێڕە دەکاتە دەسپێک: «خۆمان بوون‌ێکین بۆ شیکارکردن»، ئەم دێڕە کلیلێکە بۆ چەمکی زیندووی «منێتی»[9] (Jemeinigkeit)، کتێبەکە لێرەوە دەستپێدەکات: ئەگەر من ئەو بوونەم وا پرسیارم _هەم یان نیم_ ئاراستەدەکرێت؛ کەوایە، بەجۆرێک لە جۆرەکان، پرسیاری بوون دەگەڕێتەوە بۆ بوونی من.

بوونی مرۆڤ لە چی پێکهاتووە؟ هایدیگەر پێی‌وایە: لە هەبوون[10] (existenz). بۆیە نزیکبوونەوە لە پرسیاری بوون دەبێت بەو ڕێگەیە بێت کە هایدیگەر بە «شیکاریی بوونگەراییانە» ناویدەبات. بەڵام بوونی مرۆڤ چ جۆرە شتێکە؟ وا دیارە ئەمەیان لەلایەن کاتەوە دیاریدەکرێت: ئێمە بوونەوەرێکی خاوەن ڕابردووین، بەئێستادا گوزەردەکەین، هەروەها زنجیرەیەک ئیمکان و ئەگەر لەپێشمانە، ئەمە ئەو شتەیە هایدیگەر ناویدەنێت بە «شێوەکانی بوون». مەبەستی هایدیگەر لێرەدا سادە و سەرنجڕاکێشە: بوونی مرۆڤ لەڕێگەی «چی»ـیەوە پێناسەناکرێت، هاوشێوەی مێز و کورسی نییە؛ بەڵکوو لەڕێگەی «کێ»ـوە پێناسە دەکرێت، چونکە بوونێکە لەناو کاتدا شکڵی‌گرتووە. مرۆڤبوون واتە هەبوون لەناو ڕابردوویەکدا، لەناو سیاقی مێژووییەکی تاکەکەسی یان کەلتوری، لەناو زنجیرەیەکی کراوە لە ئیمکان و ئەگەر کە دەشێت پێیان‌بگەین یاخود نا.

ئەم باسە دەمانگەیەنێت بە خاڵێکی زۆرگرنگ: ئەگەر بوونی مرۆڤ لەڕێگەی منێتییەوە دەستنیشان بکرێت، کەوایە بوونی من مەسەلەی بێلایەنی نییە بەلای منەوە. مێز و کورسی ناتوانن وەک هاملێت لەگەڵ خۆیاندا بدوێن، یان پرسیارکردن_لەخۆ و گومانکردن_لەخۆ ئەزموونبکەن [وەک ئەوەی لای هاملێت بەدیدەکرێت]. بەڵام ئێمە دەتوانین.

ئەمە بناغەی ئایدیاکەی هایدیگەرە دەربارەی «ڕەسەنێتی»[11] (Eigentlichkeit)، ئەم ئایدیایەش گوزارشتە لەوەی چی شیاوترە بۆ بوونی مرۆڤ، هەمان ئەو شتەی موڵکی خۆیەتی. بەلای هایدیگەرەوە، دوو حاڵەتی سەرەکی لە بوونی مرۆڤ هەیە: بوونی ڕەسەن و بوونی ناڕەسەن. سەرەڕای ئەوە، ئێمە دەتوانین یەکێک لەم دوو حاڵەتە هەڵبژێرین: خۆمان بین یان نا، خاوەن و داهێنەری خۆمان بین یان نا، داڕێژەری خۆمان بین یان نا. هایدیگەر هەمیشە دووپاتیدەکاتەوە، وەک ئەوەی لە «بوون و کات»ـدا هاتووە، بوونی ناڕەسەن مانای بوونی کەمتر و نزمتر نییە، بەڵام زۆرێک لە خوێنەران هۆکاری خۆیان هەیە بۆ گومانکردن لەم گەرەنتییە. تیۆدۆر ئەدۆرنۆ، رەخنەگری بەناوبانگی هایدیگەر، دەپرسێت: ئایا دواجار ڕەسەنێتی _بوونی ڕەسەن_ چەمکێک نییە کە نەبوونی بۆ ئێمە باشترە؟ هێندە دەڵێین ئەم خاڵە جێی ناکۆکییە و شیاوی مشتومڕە.

سەرەڕای هەبوونی هەردوو حاڵەتی ڕەسەنێتی و ناڕەسەنێتی، بەڵام هایدیگەر لە سەرەتای کتێبەکەیدا پێداگیری دەکات سەبارەت بەوەی، دەبێت سەرەتا مرۆڤ لە حاڵەت و خەسڵەتی بێلایەنییدا وەسفبکرێت، پێش هەڵبژاردنی ڕەسەنێتی یان ناڕەسەنێتی. ئەم وشانە خێرا گۆڕان بۆ درووشم و حیکمەتێک، هایدیگەر مرۆڤ وەک «پێشوەختە و زۆرجار» (Zunächst und Zumeist) وەسفدەکات [وەک ئەوەی لە سەرەتادا و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا هەیە].

بڕوانە سرووشتە ڕادیکاڵەکەی ئەم هەنگاوە سەرەتاییە: فەلسەفە تێڕامان و گرەوکردنی هەوانتە نییە، پرسیاری لەم چەشنە نییە: ئایا جیهانی دەرەکی بوونی هەیە یان نا؟ ئایا بوونەوەرە مرۆڤ‌شێوەکانی دیکە بەڕاستی مرۆڤن یان ڕۆبۆت و شتگەلی دی؟ بەڵکو بەپێچەوانەوە، فەلسەفە لە وەسفکردنی _هایدیگەر ناویدەنێت «فینۆمینۆلۆژیا»_ حاڵەتی ڕۆژانە و باوی بوونی مرۆڤەوە دەستپێدەکات. هەروەک، هەوڵدەدات بونیادە هاوبەشەکانی ئەم ئەزموونە ڕۆژانەییانە بدۆزێتەوە.  

بەڵام دەبێت ئاگاداری ئەو ئەرکە دژوارە بین وا هایدیگەر لەئەستۆی گرتووە. ئەویش ئەوەیە: ئەو شتەی لە هەموو شتێک ڕوونتر و نزیکترە لێمانەوە، لە هەموو شتێک دژوارترە بۆ وەسفکردن. هیچ شتێک لە ئەزموونی ڕۆژانە و بێلایەنانەی من نزیکتر نییە لە منەوە، بەڵام چۆن وەسفی بکەین؟ هایدیگەر ئالوودەبوو بە قەرزکردنی وتەکانی قەشە ئۆگەستین بەتایبەت لە کتێبی «دانپیانانەکان»ـەوە، لەوێدا ئۆگەستین دەڵێت: «بەدڵنیاییەوە، من لێرەدا و لەناو خۆمدا کاردەکەم، بوومەتە خاکێکی پڕ لە کێشە و ئارەقڕشتن بۆ خۆم». بەدڵنیاییەوە، هایدیگەر لەم لاپەڕانەدا دەیەوێت تووشی کێشە و ئارەقڕشتمان بکات. بەڵام ساتەکانی دۆزینەوە هەر بەم‌جۆرەن، ساتی مەزنن و هەناسەسوارمان دەکەن.  

 

 

 

 

 

 

 


[1] «Being and Time».

[2] becoming who one is.

[3] ecstatic temporality.

[4] Metaphysics.

[5] being as such.

[6] first philosophy.

[7] To be or not to be.

[8] piety of thinking.

[9] Mineness.

[10] Existence.

[11] Authenticity. 

 

 

 

 

سەرچاوە:

Being and Time, part 1: Why Heidegger matters  The Guardian:

https://couua.com/2020/11/09/%D8%B3%D9%8A%D9%85%D9%88%D9%86-%D9%83%D8%B1%D9%8A%D8%AA%D8%B4%D9%84%D9%8A-%D8%A7%D9%84%D9%83%D9%8A%D9%86%D9%88%D9%86%D8%A9-%D9%88%D8%A7%D9%84%D8%B2%D9%85%D8%A7%D9%86-1-%D9%84%D9%85%D8%A7%D8%B0/