A+    A-
(1,533) جار خوێندراوەتەوە

وتوبێژێک لەگەڵ بیرمەند: بیونگ چوول هان

 

   و: هێمن خالید

 

 

 

 

زایت وویسن: بەدەقیقی ئێستا لە کوێوە هاتووی؟

چول هان: وەک هەمیشە لە مێزی کارکردنمەوە.

 

ز. و : کار لەسەر چی دەکەی؟

هان: خەریکم کتێبێک دەربارەی جوانی دەنووسم. دوای خوێندنەوەی چاوپێکەوتنێک لەگەڵ بۆسۆ شتراوس بڕیاری نووسینی ئەم کتێبەم دا. کاتێک کە پرسیاری لێکراو؛ چیت ونکردووە و بیری دەکەی؟ وەڵام دەداتەوە "جوانی", جگە لەمە هیچی تر ناڵێت. بیری جوانی دەکەم. منیش لە مەبەستەکەی تێگەیشتم و پاشان بیرمکردەوە، کتێبێک دەربارەی جوانی بنووسم.

 

ز.و: باشە، تۆ دەربارەی جوانی بیردەکەیەوە، ئەم بیرکردنەوەیە بە چ شێوەیەکە؟

هان: بیرکردنەوە پێکدێت لە چەندین تێگەیشتن و جیهانبینیی چوونیەک و نزیک لەیەکتر. زۆرجار بۆم دەردەکەوێت کە لەناکاو درکی لێکچوونی نێوان ڕووداوەکان دەکەم، لەنێوان ڕووداوەکانی هەنووکە و ڕابردوو یاخود لەنێوان ئەو شتانەی لەیەک کاتدا ڕوودەدەن، منیش بەدوای ئەم پەیوەندییانەدا دەچم و لێیان ورددەبمەوە.

 

ز. و: پێتوایە جوانی چیە؟

هان: لە پەیوەندیی و پەیوەستیەک کە ئەمڕۆ لەنێوان شتە جیاوازەکاندا ڕوودەدات یاخود پەسەند و پۆپیولارن، تێدەگەم. بۆنمونە واکسی بەرازیلی (جۆرێک واکس و شیلەکردنی بەرازیلییە بۆ لابردنی مووی لەش) و پەیکەر و کۆتەڵەکانی جێف کوون و ئایفۆن.

 

ز.و : تۆ  بەراوردکاری لابردنی مووی لەش دەکەی بە ئایفۆن و هونەرمەندێک؟

هان: خەسڵەتی باو و عامیانە بەرچاو و ئاسانە بۆ بینین؛ کە بریتییە لە سافی و لووسی. ئەم سافی و لووسییە تایبەتمەندی و ناسەرەوەی سەردەمی ئێستامانە. تۆ دەربارەی  G flex کە جۆرێکی سمارت فۆنە لەلایەن کۆمپانیای L G درووستکراوە، بیستووتە؟ ئەم سمارت فۆنە ڕووپۆشێکی تایبەتی هەیە، ئەگەر ڕووشان و شوختێکی تێببێت، ئەوا ئەم ڕووشانانە لەماوەیەکی زۆرکورت وندەبن و نامێنن، چونکە بەرگ و پێستێکی خۆساڕێژکەرەوەی هەیە، بەنزیکی وەک پێست و ڕووپۆشێکی ئۆرگانیک و زیندوو. ئەمەش واتا ئەم سمارت فۆنە بەتەواوەتی ساف و لووس دەمێنێتەوە. لەخۆم دەپرسم بۆ دەبێت هەندێ ڕووشان جێگەی کێشە بێت لەسەر ئەم شت و کاڵایە؟ ئەم هەڵپە و شەڕە چیە بۆ سافی و لووسی؟ لێرەدا پەیوەنديیەکمان هەیە لەنێوان سمارت فۆنی ساف و پێستی ساف و لووس و خۆشەویستی دا.

 

ز.و: خۆشەویستی؟! تکایە ڕوونیکەرەوە.

هان : ئەم ڕووکارە ساف و لووسەی سمارت فۆن جۆرێک نیە لە ڕووپۆشی بەرگەنەگر و نەپارێزراو بەڵکو خۆپارێز و بەدوورە لەهەر برین و زامێک. ئایا ئەمە دەربارەی خۆشەویستیش ڕاست نیە لەمڕۆدا کە چۆن خۆپارێز و بەدوورگرین لە هەر برین و ئازارێک؟ نامانەوێت بەرگەنەگر و نەپارێزراو بین، بە هەموو جۆرێک خۆمان بەدوور دەگرین لەوەی ئازار بچێژین یاخود ئازاردەر بین. خۆشەویستی بەرپرسیاریەتی و پەیمانێکی گەورە دەخوازێت بەڵام ئێمە خۆمان لادەدەین لەو پەیمان و بەرپرسیاریەتيیە چونکە دەبێتە هۆی بریندارکردن و ئازاردانمان، دوورەپەرێزین لە پەرۆشی و سۆز و کەوتنەخۆشەویستی و عاشقبوون زۆر بە ئازار و بریندارکەرە.

چیتر کەوتنەخۆشەویستی ڕێگەپێدراو نیە و سەدایەکی زۆر نێگەتیڤانەی هەیە، لەڕاستیدا ئەوە برین و ئازارە کە دەبێت بەلاوەبنرێت و جێگای مەترسیە. من لەمەدا لینک و پەیوەندییەک بە ئایدیایەکی ترەوە دەبینم. 

ئێمە ئەمڕۆ لەسەردەمی " Like " دا دەژین، هیچ دووگمیەکی Dislike نیە لە فەیسبوکدا، ئەم لایکە کۆمینیکەیشن و پەیوەندیی خێرا دەکات، لەکاتێکدا Dislike هێواش و سستی دەکاتەوە. بەهەمان شێوە ئازاریش پەیوەندییەکە سست و هێواش دەکاتەوە. تەنانەت هونەریش لەمڕۆدا ناخوازێ هیچ کەس ئازاربدا و بریندارکەر بێت. لەپەیکەرەکانی جێف کووندا هیچ برین و شکان و درز و شکستی و لێواری تیژ و تەنانەت تەقەڵ و دوورینەوەش بوونیان نیە، هەمووشتێک نەرم و هێواش دەڕژێت و بەساف و لووسی گوزەردەکات ، شێوەیەکی خڕ دەدات و پۆلیش و سافکراوە. هونەری جێف کوون ڕووکارێکی ساف و لووسە. کەلتوری ڕووخۆشی و لایککردنی شتەکان لە دەرکەوتن و گەشەکردندایە. دەتوانم ئەمە پەیوەست بکەمەوە بە سیاسەتیشەوە.

 

ز.و: مەبەستت لەوەیە سیاسەتیش ساف و لووسە؟

هان: سیاسیەکانیش خۆیان لەهەر بەرپرسیاریەتى و پەیمانێک بەدووردەگرن و خۆپارێزن. ئەوەی لەبرەو و پەرەسەندندایە بریتییە لە سیاسەتی ڕووخۆشی و خۆگونجێن. کام لەم سیاسییانە نموونەی خۆگونجێنی و ئەمڕۆیین؟ لەوانەیە ئەنگێڵا مێرکل. هەرلەبەر ئەمەشە ئاوا پۆپیولار و پەسەندە، ڕوون و ئاشکرایە کە هیچ عەقیدە وڕووئیایەکی نیە و چاوی لەسەر ڕای گشتیە، لەگەڵ گۆڕانی ڕای گشتی ئەویش ڕوئیاکانی دەگۆڕێت. دوای کارەساتە ئەتۆمییەکەی فۆکۆشیما دەستبەجێ دژی وزەی ئەتۆمی وەستایەوە. دەکرێت بڵێیت وەکو مارماسی خز و لووسە. بۆیە لەمڕۆدا بەڕاستی ئێمە سەروکارمان لەگەڵ سیاسەتی ساف و لووسدایە. پەیوەندییەکی سەرنجڕاکێش هەیە لەنێوان پێستی لووس و هونەری ساف و سیاسەتی ساف و لووسدا. بەدڵنیایەوە هەرچەندە کردە و ئەکتی سیاسیانە خوازیاری پابەندی و پەیمان و ڕووئیایە و دەبێت قودرەتی ئازاردانی هەبێت، بەڵام سیاسەتی ساف و لووسی ئیمڕۆ ئەم ئەرکە ئەنجام نادات. ئەمە تەنها هەر مێرکل نیە بەڵکو هیچ کام لە سیاسییەکانی ئەمڕۆ قودرەتی ئەنجامدانی ئەمەیان نیە و تەنها خزمەتکارێکی خۆگونجێن و مەحبوبی سیستەمەکەن. ئەوان لەهەر شوێنێک پارچە و بەشەکانی سیستەم شکستبێنێت دەستدەکەن بە پینەوپەڕۆکردن و چاککردنەوەی، ئەمەش بەناوی وەهم و فریوێکەوە کە هیچ ئەڵتەرناتیڤ و بەدیلێک بوونی نیە. بەڵام سیاسەت دەبێت ئەڵتەرناتیڤ پێشکەشکات ئەگینا هیچ جیاوازییەکی نیە لەگەڵ دیکتاتۆریەتدا. ئەمڕۆ ئێمە لەسایەی دیکتاتۆریەتی نیولیبڕالیزمداین، کە هەموو کەس لەم سیستەمەدا بەڵێندەر و قۆنتەراتچی خۆیانن. لەڕۆژگاری مارکسدا، کەپیتاڵیزم ستراکتۆرێکی تەواو جیاوازی بۆ کار هەبوو. ئابوری لە خاوەن کارگە و کرێکارانی کارگە پێکهاتبوو، کە تێیدا هیچ کرێکارێک بەڵێندەر و سەرمایەگوزاری خۆیان نەبوون، چەوساندنەوە دەرەکی بوو. لەمڕۆدا ئێمە خۆمان دەچەوسێنینەوە_ من خۆم دەچەوسێنمەوە ئەویش لەژێر وەهم و فریوی ئەوەی کە خۆم دەردەبڕم و مومارەسەی ئازادی دەکەم.

 

ز.و :زۆرجار زاراوە و تێرمی نیولیبرالیزم وەک چەکی باڵی چەپ بینراوە.

 

هان: ئەمە هیچ ڕاست نیە. نیولیبرالیزم دۆخی کۆمەڵگای هەنووکەیی بەدۆخێکی زۆر تەندروست و باش وەسفدەکات، چونکە سەرقاڵی بەکارهێنان و فریودانی ئازادییە. سیستەم بەتوندی بەرەو زیادکردنی بەرهەمداری و ئینتاج شەڕدەکات و لەهەڵپەدایە، بەمەش لە چەوساندنەوەی ئەوانیترەوە بەرەو چەوساندنەوەی خود دەگۆڕێت، چونکە ئەمە بەرهەمداری و توانستی زیاتر بەدیدەهێنێت، هەموو ئەمەش لەژێر ڕووپۆش و عەبای ئازادیدایە.

 

ز.و: ڕاڤە و شیکارییەکەت زۆر هیوابەخش و هاندەر نیە، ئێمە خۆمان دەچەوسێنینەوە و هیچ ڕیسکێک ناکەین نە لە خۆشەویستیدا و نە لە سیاسەتیشدا، نەدەمانەوێت بریندار بین و نە بریندارکەر.

 

هان : بمبەخشە، بەڵام ئەمانە ڕاستیین.

 

ز.و: چۆن دەکرێ تاک لەم کۆمەڵگایەدا بەختەوەری بدۆزێتەوە؟ ئایا دەبێ زیاتر بە ئایدیاڵ و خەیاڵەکانمانەوە پەیوەست بین؟

 

هان: سیستەم ئەمەش سەخت و کێشەساز دەکات، ئێمە تەنانەت نازانین چیمان دەوێت. ئەو پێویستییانەی کە من وەک پێویستی خۆم درکیان دەکەم پێویستی من نین. کۆگای جلوبەرگی داشکاوی Primark بە نموونە وەربگرە، خەڵکی بەیەکەوە ئۆتۆمبیل دەگرن تا بگەن بەو کۆگایە چونکە لە هەموو شارۆچکەیەکدا نیە، کاتێک دەگەن بە کۆگاکە تا دەتوانن جلوبەرگ کەڵەکە دەکەن و دەیکڕن. لەم دواییانەدا ستونێکی ڕۆژنامەوانی هەبوو دەربارەی کچێک، کاتێک کچەکە دەبیستێت کۆگای پرایمارک لە ناوچەی ئەلیکساندەرپلازای بەرلین کراوەتەوە لەخۆشیدا هاواری کردووە: مادام پرایمارک لێرە هەبێت ئەوا ژیانم پێرفێکت و تەواوە. ئایا ئەم ژیانە پێرفێکتە بۆ ئەو، یاخود ئەمە وەهم و فریوێکە لەلایەن کەلتوری مەسرەفگەرایەوە بەدیهاتووە؟ با بەوردی دیقەت بدەین چی لێرەدا دەگوزەرێت. کچان بە سەدەها پارچە جل دەکڕن کە لەوانەیە نرخی هەر پارچەیەک پێنج یۆرۆ بێت ئەمەش خۆی لەخۆیدا شێتایەتییە، چونکە خەڵکانێک هەن ئەگەر کارگەی ئەم جلانە لە بەنگلادیش هەرەس بهێنێت و دابخرێت ئەوا ڕووبەڕووی مردن دەبنەوە و لەبرسا دەمرن. لەکاتێکدا ئەم کچانە سەدەها پارچە جل دەکڕن کە بە زەحمەت لەبەریشیان دەکەن و بەکاریاندەهێنن، تۆ دەزانی چی لەم پۆشاکانە دەکەن؟

 

ز.و : لە یوتیوبدا نمایشیان دەکەن و پیشانیان دەدەن.

 

هان : ڕێک دەقاودەق وایە. ئەوان خەریکی ڕیکلامن. بێشومار ڤیدیۆ درووستدەکەن کە تێیدا ئەو جلانەی کڕیویانن نمایشی مۆدێلەکانی پێدەکەن و هەر ڤیدیۆیەک نیو ملیۆن جار سەیرکراوە. مەسرەفکارەکان جل و کاڵاکانی تر دەکڕن بەڵام بەکاریانناهێنن، تەنها ڕیکلامیان پێدەکەن. ئەم ڕیکلامکەرانە جۆرە مەسرەفگەرایەکی نوێ بەدیدێنن. بەمانایەکی تر ئەمە مەسرەفگەراییەکی ڕەهایە کە هیچ پەیوەندییەکی بە بەکارهێنانەوە نیە. کۆمپانیاکان ڕیکلامکردنیان بە مەسرەفکاران سپاردووە و خۆیان چیتر ڕیکلام ناکەن. ئەمەش سیستەمێکی پێرفێکت و تەواوە.

 

ز.و: ئایا دەبێت بەرهەڵستی بکەین و دژی بوەستینەوە؟

 

هان: بۆ دەبێت بەرهەڵستی بکەم کاتێک پرایمارک دەگات و ژیانم پێرفێکت دەکات؟! 

 

ز.و: لەکتێبە تازەکەت [ سایکۆپۆلەتیک ] نووسیوتە " ئازادی لە داهاتوودا دەبێتە بەسەرهات و ڕووداوێکی ناچیز و بێبایەخ". باشە بۆ؟

 

هان: ئازادی, پێچەوانە و دژبەری ناچاری و زۆرەملێیە، ئەگەر تۆ بەشێوەى نەستەکى ئەو ناچارییەی ملکەچی بۆی وەک ئازادی ببینی ئەوا ئەمە کۆتایی و نەمانی ئازادییە. لەبەرئەمەیە ئێمە لە قەیرانداین، قەیرانی ئازادی، کە ناچاری و زۆرەملێی بە ئازادی تێدەگەین بەمەش بەرەنگاری مەحاڵ دەبێت. ئەگەر تۆ ناچارم بکەی بۆ کردنی شتێک منیش بەرەنگاری ئەو ناچاری و زۆرەملێ دەرەکییە دەبمەوە، بەڵام ئەگەر چیتر ئەو ڕکابەر و نەیارەی ناچارم دەکا بۆ کردنی شتێک، بوونی نەبێ، ئەوا هیچ بەرەنگاریەکیش بوونی نابێ. لەبەرئەمەیە بۆ دەستپێکی کتێبەکەم ئەم دروشمەم هەڵبژاردووە "بمپارێزە لەو شتەی دەمەوێت" بڕگەیەک لەلایەن هونەرمەند جێنی هۆڵزەر ناوبانگی پەیداکرد.

 

ز .و: کەواتە دەبێ خۆمان بپارێزین لە خودی خۆمان؟

 

هان: ئەگەر سیستەم پەلاماری ئازادیەکەم بدات ئەوکات منیش پێویستە بەرەنگاری بکەم. فروفێڵەکە لەوەدایە ئیمڕۆ سیستەم پەلاماری ئازادیەکەم نادات بەڵکو دەیکات بە کەرەستە و ئامێرسازی instrumentalise , بۆنمونە لەکاتی سەرژمێریی دانیشتوان لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا خەڵکی شەقامەکانیان گرت و چەندین خۆپیشاندان و مانگرتن ئەنجامدرا، تەنانەت خەڵک پەلاماری ئۆفیسەکانی حکومەتیشیدا، چونکە دوژمن و نەیارێک هەبوو دەیویست دژ بە خواست و ئیرادەی خەڵک زانیاریان لەسەر کۆبکاتەوە بەڵام ئیمڕۆ لەهەرکات زیاتر خۆمان زانیاری و داتا تەسلیمی دەوڵەت دەکەین، کەچی هیچ بەرەنگاری و خۆپیشاندانێک نابینین، چونکە بەراورد بەوکات ئیمڕۆ هەستدەکەین ئازادین. ئەوکات خەڵک هەستی کرد کە پەلاماری ئازادیان دراوە یاخود سنوردارکراوە، بەوهۆکارە بوو شەقامیان دەست بەسەرداگرت بەڵام ئیمڕۆ خۆبەخشانە داتا و زانیاریەکانمان بەدەستەوە دەدەین.

 

ز.و: ئەمە لەوانەیە بەهۆکاری ئەوە بێت سمارت فۆنەکان دەتوانن یارمەتیمان بدەن بۆ بەدەستهێنان و گەیشتن بەو شوێنانەی دەمانەوێت بۆیان بڕۆین، بۆیە سوود و کەڵکەکەی زیاتر دەبینین بەراورد بە زیانەکەی.

 

هان: ڕەنگە وابێت، بەڵام لە بونیاد و ستراکتۆرەکەیدا ئەم کۆمەڵگایە هیچ جیاواز نیە لە فیوداڵیزمی سەدەکانی ناوەڕاست. ئێمە غوڵام و وەرزێرین، لۆردە فیوداڵییە دیجیتاڵیەکانی وەک فەیسبووک زەوییەکەمان پێدەدەن و دەڵێن: بیکێڵن و دەتوانن بەخۆڕایی هی ئێوە بێت، ئێمەش شێتانە ئەم زەوییە دەکێڵین. لەکۆتاییدا لۆردە فیوداڵەکان دێن و خەرمان و بەروبومەکە دەبەن. ئەمە بەکارهێنان و ئیستسماری پەیوەندیی و کۆمینیکەیشنە. ئێمە پەیوەندی بەیەکترەوە دەکەین و هەستدەکەین ئازادیین. لۆردە فیوداڵەکانیش پارە لەو پەیوەندییە پەیدادەکەن و دەزگا هەواڵگری و سیخوڕیەکانیش چاودێری دەکەن. ئەم سیستەمە یەکجار کارامە و کاریگەرە و هیچ ناڕەزایەتیەک نیە بەرامبەری ، چونکە لە سیستەم و نەزمێکدا دەژین کە ئازادی بەکاردەهێنی و فریوماندەدات.

 

 

ز.و: تۆ خۆت بەشێوەیەکی کەسی چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە دەکەیت؟ 

 

هان: بەدڵنیاییەوە منیش وەک هەرکەسێکی تر ئەگەر پەیوەند و کۆنێکت نەبم بەم سیستەمەوە هەست بە شلۆقی دەکەم، منیش قوربانییەکم. بەبێ ئەو پەیوەندی و کۆمیونیکەیشنە دیجیتاڵییە ناتوانم ئیش و کارەکانم وەک پرۆفیسۆر و نوسەرێک ئەنجام بدەم. هەموو کەسێک تێوەگلاوە و کەوتۆتە ناویەوە و تێکەڵی بووە.

 

 

ز.و: ئایا Big Data ی تەکنەلۆژی چ ڕؤڵێک دەگێڕێت؟

 

هان: ڕۆڵێکی گرنگ، لەبەرئەوەی ئەم داتایە تەنها بۆ چاودێری بەکارناهێنرێت، بەڵکو بەشێوەیەکی تایبەت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هەڵسوکەوت و ڕەفتاری مرۆڤ بەکاردەبرێت. بەمەش ئەگەر هەڵسوکەوت و سەلیقەی مرۆڤ کۆنتڕۆڵکراوبێت و ئەو بڕیارانەی وا هەستدەکەین بە ئیرادەیەکی ئازادەوە دەیاندەین، بەتەواوەتی بەلاڕێداببرێن و بەکاربهێنرێن ئەوا ئەوکات ئیرادەی ئازادمان لە مەترسی و بەردەم هەڕەشە دایە. بەمانایەکی تر Big Data بەرەنگاری و دژایەتی ئیرادەی ئازادمان دەکات.

ز.و: نوسیوتە کە ئەم داتایە دەبێتەهۆی دەرکەوتنی کۆمەڵگایەکی چینایەتیی نوێ.

 

هان: کۆمەڵگای دیجیتاڵیی ئیمڕۆ کۆمەڵگایەکی بێ چین نیە. کۆمپانیای داتای ئەکسیۆم Acxiom  بەنمونە وەربگرە: ئەم کۆمپانیایە خەڵک بۆ چەندین جۆر و کاتیگۆری دابەشدەکات، دوایین کاتیگۆری و چین " پاشەڕۆک و بێ کەڵک[1]"ـە. ئەکسیۆم مامەڵە و ئاڵوگۆڕ لە سێ سەد ملیۆن هاووڵاتی ئەمریکییەوە دەکات واتا بەنزیکی کۆی ئەمریکییەکان. لەئێستادا کۆمپانیاکە زیاتر لە ئێف بی ئای دەربارەی هاوڵاتیانی ئەمریکی دەزانێت، تەنانەت لەوانەیە زیاتر لە ئاژانسی ئاسایشی نیشتمانیش(ناسا) لە ئەکسیۆمدا خەڵکی بۆ سەر حەفتا کاتیگۆری دابەشکراون و لە کەتەلۆگێکدا چەشنی کەلوپەلی ووردەواڵە و بازرگانیی بچووک خراونەتەڕوو و پێشکەشراون، تۆ دەتوانی هەرکامیان بەگوێرەی پێویستیەکانت بکڕیت. مەسرەفکارانی بە بەهای مارکێتی باڵاوە خراونەتە گرووپ و کۆمەڵەی ئەستێرەی درەوشاوە[2]. ئەمانە تەمەنیان لەنێوان بیست و شەش بۆ چل و دوو ساڵیدایە و بزۆز و جەستە چالاکن و زوو لەخەو هەڵدەستن تا بچن بۆ مەشق و وەرزشکردن، هیچ منداڵێکیان نیە بەڵام لەوانەیە هاوسەرگیرییان کردبێت، ستایلی ژیانیان ڕووەکی و ڤێگیتێریانن، حەز بەسەفەرکردن دەکەن و سەیری پڕۆگرامە کۆمیدییەکەی سینفێڵد دەکەن. ئا بەم شێوەیە بیگ داتا کۆمەڵگایەکی نوێی چینایەتیی دیجیتاڵی بەرهەمدێنێتەوە.

 

 

ز.و: کێن ئەوانەی لە کاتیگۆر و چینی پاشەڕۆک و بێکەڵک[3]دان؟

 

 هان : ئەوانەن بەهای ڕیکۆردێکی هەژارانەیان هەیە، بۆنمونە ناتوانن کرێدیت و قەرز وەربگرن. پاشان بەتەنیشت پانۆپتیکۆن[4]ی زیندانیە نموونەیەکەی جێرمی بێنتامەوە، زیگمۆند باومان سیستەمێکی ترمان پێدەناسێنێت ئەویش بان_ئۆپتیکۆنە: ban -opticon  

پانۆپتیکۆن زیندانییە گەمارۆدراو و جیاکراوەکانی سیستەم و نەزمەکە دەخاتە ژێر چاودێریی وردەوە، لەکاتێکدا بان_ئۆپتیکۆن پێوەرێکە و ئەو خەڵکانەی لەدەرەوەی یاخود دوژمن و نەیاری سیستەمن، وەک خەڵکانێکی نەویستراو و توڕدراو دەناسێنێت. پانۆپتیکۆنی کلاسیکی بۆ دیسپلین بەکاردەهێنرێت، بەڵام بان_ئۆپتیکۆن پاراستن و ئاسایش و کارامەیی سیستەم دەستەبەردەکات. ئەمە جێگای تێڕامان و سەرنجە کە ئاژانسی پاراستنی نیشتمانیNSA و کۆمپانیای ئەکسیۆم Acxiom  دەست لەناودەست بەیەکەوە کاردەکەن. ئەمەش کاری پێکەوەیی هەواڵگری و مارکێت و بازارە.

ز.و: دەکرێت ئەو چینە پاشەڕۆک و بێکەڵکە لەکۆتاییدا ببێتە جێگای مەترسی و تەقینەوەی جەماوەری ڕووبدات و چیتر نەتوانرێ کۆنتڕۆڵ بکرێت؟ 

 

هان: نەخێر، ئەوان خۆیان دەشارنەوە، هەست بەشەرم دەکەن و لە مووچەی بێکاری سودمەندنunemployment benefits.

 ئەوان بەردەوام وایان لێدەکرێت هەست بە ترس بکەن. ئەمە دێوانەیی و ناماقووڵیەتە کە ئالێرەدا بێکاران بەترسەوە ژیان دەگوزەرێنن، ئەوان لەم بان_ ئۆپتیکۆنەدا زیندانی کراون و ناتوانن زیندانی ترسەکەیان تێکبشکێنن. چەندین خەڵکانی بێکار دەناسم کە چەشنی پاشەڕۆ و پاشماوە هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا دەکرێت. لەناو یەکێک لە دەوڵەمەندترین ووڵاتانی جیهان وڵاتی ئەڵمانیا چەشنی پاشماوە و خاشاک مامەڵە لەگەڵ خەڵکدا دەکرێت و شکۆ و ڕێزیان بەلاوەنراوە، بەدڵنیاییەوە لەبەرئەوەی ئەم خەڵکانە هەست بەشەرم دەکەن بۆیە هیچ ناڕەزایەتی و بەرەنگارییەک نانوێنن. ئەوان لەبری ئەوەی کۆمەڵگا تۆمەتباربکەن و بە بەرپرسیاری بزانن، خۆیان تۆمەتبار دەکەن. بۆیە ناکرێ ئەکتێکی سیاسی وا لەو چینە چاوەڕێ بکرێت.

 

ز.و: یەکجار خەمناکە، ئەمە لەکوێدا کۆتایی دێت و دەگات بەچی؟

 

هان: بەهیچ جۆرێک ئەم دۆخە ناکرێ چیتر بەردەوام بێت، لەبەر هیچ نا لەبەر سەرچاوە سرووشتیەکان. لەوانەیە نەوت پەنجا ساڵی تر کۆتایی پێ بێت. ئێمە لێرە لە ئەڵمانیا لەناو خۆفریودان و خەیاڵاتدا دەژین، بەشێوەیەکی زەبەلاح بەرهەمهێان و کاڵاکانمان لە سەرچاوەی دەرەکییەوە دێت. ئێستا وڵاتی چین کۆمپیوتەر و مۆبایل و جلوبەرگەکانمان بۆ درووستدەکات، بەڵام بیابانەکەش تادێت زیاتر و زیاتر لە بەیجین نزیکدەبێتەوە، زۆر بە ئەستەم دەتوانی لەوێ لەبەر دووکەڵ و تەمومژ هەناسە بدەیت. کاتێک لە کۆریا بووم ئەو هەورە تۆزاوییە زەردەم بینی کە بەرەو سیئۆلی پایتەخت دەڕۆیشت. دەبووایە ماسک بپۆشی ئەگینا وردە گەردیلەکانی ئەم دوکەڵو تەپوتۆزە سیەکانت وێران دەکەن، شێوازی گەشەپێدانی شتەکان لەوێ زۆر دراماتیکین. تەنانەت ئەگەر ئەمە بۆ مودەتێکی کەمێ زیاتریش چارەسەربکرێ_ بەڵام ئەمە چ جۆرە ژیانێکە!؟ یان دیقەتی ئەو خەڵکانە بدە کە جۆرەها سێنسەی جیاواز لەسەر جەستەی خۆیان دادەنێن، سێنسەی پێوانی پەستانی خوێن و شەکرە و ڕێژەی چەوری، پاشان ئەم داتایانە دەخەنە ناو نێتەوە! بەمەش دەڵێن سێڵف تراکین[5]. سێڵف تراکین جۆرە ڕاهێنانێکی سیستەماتیکیانەی تۆمارکردنی داتا و زانیارییە لەڕێگای سمارت فۆنەوە دەربارەی داێت و خواردن و تەندرووستی و چالاکییەکانی ئەو کەسە خۆی بەمەبەستی ڕێکخستن و گونجانی لایەنی دەروونی و جەستەیی. ئەم خەڵکانە بوون بە زۆمبی و بووکەڵەیەکن کە دەزووەکانیان لەلایەن دەسەڵاتگەلێکی نەناسراوە یاریی پێدەکرێت و دەجوڵێنرێن.

 

ز. و: پرۆفیسۆر هان تۆ سەرەتا لە کۆریای باشور  کانزاسازیت خوێندووە، چۆن بوو جیهانبینی چول هانی تەکنیسیانی کانزایی بووبە فەیلەسوف و دەنێگێکی ڕەخنەگری سیستەم؟ 

 

هان: من تۆقیوم لە تەکنەلۆژیا. کاتێک مناڵ بووم عاشقی دەستکاریکردنی ڕادیۆ و ئەلیکترۆنیات و ئامێرە تەکنیکیەکان بووم، لەڕاستیدا دەمویست ببم بە ئەندازیاری میکانیک و ئەلیکترۆنیات بەڵام دوای ئەمە وەرگەڕا بەرەو خوێندنی کانزاسازی. لەڕاستیدا پەرۆشی و موشتاقیەکی لەڕادەبەدرم بۆ تەکنیککاری و چاککردنەوە هەبوو.

 

ز.و : ئەی چۆن لەمە وازتهێنا؟

 

هان: جارێکیان خەریکی تاقیکردنەوە بووم لەسەر هەندێ مادەی کیمیایی پاشان تەقینەوەیەک لەدەستم ڕوویدا و خەریک بوو بمکوژێت یان بەتەواوی کوێرم بکات، ئێستاش دەتوانی شوێن برینەکان بەسەر دەموچاومەوە ببینی.

 

ز.و: ئەمە لەکوێ؟

هان: لە ماڵەکەمان لە سیئۆل. هەموو ڕۆژ خەریکی دەستکاریکردن و چاککردنەوە و لەحیمکردنی شتەکان بووم. چەکمەجەکەم پڕبوو لە مەترپێو و وایەر و مادەی کیمیایی. لەڕاستیدا چەشنێک بووم لە کیمیاگەر، کانزاسازی کیمیاگەری مۆدێرنە، بەڵام لەڕۆژی تەقینەوەکەوە ئیتر وەستام. ئێستاش هەر دەستکاریکەرم بەڵام بە وایەر و لەحیمکردنی کانزاکان نا. بیرکردنەوەش جۆرێکە لە دەستکاریکردن و تێکوپێکدان و دەکرێت ببێتە هۆکاری تەقینەوە. بیرکردنەوە ترسناکترین چالاکییە لەوانەیە ترسناکتربێت لە بۆمبی ئەتۆمی و جیهان بگۆڕێت. هەربۆیە لینین وتوویەتی " فێربە، فێربە، فێربە".

 

ز.و : دەتەوێت خەڵک ئازاربدەیت؟

 

هان: نەخێر، هەوڵدەدەم باس لەو شتە بکەم کە دەگوزەرێت، بینین لەڕێگای شتەکانەوە سەختە. بۆیە دەمەوێت زیاتر ببینم_ فێربم کە ببینم. ئەوشتە دەنووسم کە بینیومە، لەوانەیە کتێبەکانم ئازاردەر بن چونکە ئەو شتانە نیشان دەدەم کە خەڵک نایەوێت بیانبینێت. ئەوە من نیم، ئەوە ڕاڤە و ئەنالیزەکانی من نین بێ ڕەحم و وەحشەتناکن، ئەمە ئەو جیهانەیە کە تێیدا دەژین وەحشتناک و پڕوپووچە.

 

ز.و: کەسێکی بەختەوەر و دڵخۆشیت؟ 

هان: من ئەو پرسیارە ناکەم.

 

ز.و: مەبەستتە کە نابێت ئەم پرسیارە بکرێت؟ 

هان: لەڕاستیدا پرسیارێکی زۆر بێ مانایە، دڵخۆشی و بەختەوەری ئەوشتە نیە من بەدوایدا وێڵم. پێویستە زاراوەکە تەواو دەستنیشانکەیت، مەبەستت چیە لە بەختەوەری و دڵخۆشی؟ 

 

ز.و : زۆر بەسادەیی، من چێژدەبینم لە بوونم لە جیهاندا، هەستدەکەم لەماڵدام لە جیهاندا، خۆشی لە جیهان دەبینم، باش دەخەوم.

 

هان: با لەوەی کۆتاییەوە دەستپێبکەین، من باش ناخەوم. پێرێ لە سمپیۆنزەمەێک دەربارەی ژیانی چاک[6] لەگەڵ ویلهیلم شمیدتی فەیلەسوف من بە پارچە موسیقایەکیGoldberg variations دەستم پێکرد. باخ، گۆڵدبێرگ ڤاریەیشنی بۆ یەکێک لە خانەدانەکان داناوە کە بەدەست بێخەویەکی مەترسیدارەوە ناڵاندوویەتی. یەکەم ڕستەی ڕۆمانی کاتی لەدەستچووی مارسێل پرۆستم بیر ئامادەبووان هێنایەوە، کە لە ئینگلیزیەکەیدا بەمشێوەیە تەرجەمەکراوە "بۆ ماوەیەکی زۆر، زوو دەچوومە ناو جێگاوە" بەڵام لەڕاستیدا فەڕەنسیەکەی بەم شێوەیەیە "بۆماوەەکی زۆر، بەدڵخۆشی دەچوومە ناو جێگاوە" . بە ئامادەبووانم وت کە باش خەوتن نیشانەی ژیانی دڵخۆش و چاکە. من خۆم گرفتی بێخەوییم هەیە.

 

ز.و: چی دەکەی کاتێک ناتوانی بخەوی؟ 

 

هان: چی دەکەم؟ لەوێدا پاڵدەکەوم، بەواتایەکی تر ئایا من حەزم لێیە لە جیهاندام؟ چۆن دەکرێ لەم جیهانە چەوت و هەڵەیەدا بیت؟ ئەمە مەحاڵە، هەروەها من دڵخۆش و بەختەوەریش نیم. زۆربەی جار لە جیهان تێناگەم و زۆر ناماقووڵ و پووچ بۆ من دەردەکەویت، تۆ ناتوانی لە پووچی و ناماقوڵیدا دڵخۆش و بەختەوەر بیت. پێموایە بۆ دڵخۆشی پێویستت بە کۆمەڵێکی زۆر وەهم و فریوخواردنە. 

 

ز.و: تۆ خۆشی دەبینی؟ 

هان: چی؟

 

ز.و: خۆشی لە چی دەبینی؟ 

هان: ناتوانم خۆشی لە جیهان ببینم

 

ز.و: پارچە کێکێکی خۆش؟

هان: من کێک ناخۆم، بەڵام دەکرێ خۆشی و چێژ لە ژەمێکی باش ببینم، بەڵام خواردن لە بەرلین، لە ئەڵمانیا کێشەیەکە. پێناچێت ئەڵمانیەکان قەدری خواردنی خۆش و باش بزانن، لەوانەیە ئەم نەیاری و دوژمنایەتیە بەڕووی چێژ و خۆشییەکان لە پرۆتستانیزمەوە هاتبێت. لە ئاسیا خواردن بەهایەکی تەواو جیاواز و باڵاتری هەیە، خەڵک پارەیەکی زیاتر لە خواردن سەرف دەکەن وەک ئەڵمانیا نیە. یابان بە نموونە وەربگرە، خواردن لەوێ جۆرێکە لە کەڵت و سرووتی ئاینی و ستاتیکا. بەتایبەت تازەیی و فرێشیە سەرسامکەرەکەی. بۆن و بەرامەی برنجیش دەکرێت ببێتە هۆی دڵخۆشی و شادیی کەسێک.

 

ز.و: ئەمە وەکو تۆزقاڵێک لە خۆشی و بەختەوەری دەردەکەوێت، تۆ سی ساڵە لە ئەڵمانیا دەژیت ، چۆن لەگەڵ ئەمەدا هەڵدەکەی؟ 

 

هان: من ناڵێم هەڵکردن. من حەزم لە ژیانکرنە لە ئەڵمانیا، هێمنییەکەی ئێرەم خۆشدەوێت کە لە سیئۆل نایدۆزمەوە. بەتایبەتیش زمانی ئەڵمانی و وشەکانیم خۆشدەوێت. هەرکەس کتێبەکانم بخوێنێتەوە ئەمە دەبینێت، لێرە زمانێکم هەیە کە دەتوانم زۆربەباشی فەلسەفەی پێ ئەنجامدەم(پێى بفەلسەفێنم- philosophize). بەڵێ شتگەلێک هەن کە دڵخۆش و بەختەوەرم دەکەن، بۆنمونە باخ کە لەلایەن گلین گۆلدۆن بژەنرێت بەڵام خواردن بەو ڕادەیە نا. زۆرجار چەندین کاتژمێر گوێ لە باخ دەگرم. نازانم دەمتوانی ئەو ماوە زۆرە بە بێ باخ، بێ Winterreis ) ی شۆبێرت، بەبێ Dichterliebe ی شۆمان لە ئەڵمانیا بمێنمەوە. کاتی خوێندنی فەلسەفەم زۆر گۆرانیم دەوت بەتایبەت گۆرانیەکانی شۆبێریت و شۆمان و چەندین وانەی گۆرانی ووتنم بۆ ئەمە وەرگرت. وتنی گۆرانی Winterreise لەگەڵ پیانۆدا یەکجار خۆش و جوانە.

 

 ز.و: کەواتە جوانی هەیە لە جیهاندا! بەڵام تۆ کاتێکی زۆر لە خراپ باسکردن و ڕەخنەگرتنی سەرفدەکەی

 

هان: لەوانەیە. لەڕاستیدا خوێندکارەکانم نائومێد دەکەم، چونکە هەموو ئەو کێشانەیان لە وانەکانمدا بۆ باس دەکەم. کاتێک پێش وانەی کۆتایی پێیان دەڵێم ئیمڕۆ دەربارەی چارەسەرێک بیردەکەینەوە، هەندێکیان دەستدەکەن بە چەپڵەلێدان و دەڵێن لە کۆتاییدا لەدەست نائومێدی ڕزگارماندەکات.

 

ز.و: چەند جوانە. چارەسەر ئەو تەوەرە سەرەکییەیە کە دەمەوێت لەگەڵتا باسی بکەم.

 

هان: دەمویست دەربارەی چارەسەرەکان بیربکەمەوە بەڵام لەدوایدا تەنها کێشەی زیاترم دەستنیشان دەکرد.

 

ز.و: باشە، کێشەکانی تر چین؟

هان: ئیمڕۆ زمان ئامادەیی نیە، ئەوەی هەیە نەوتن و سکوت و بێچارەییە. زمان بێدەنگکراوە. لەلایەکەوە ژاوەژاوێکی توند هەیە ژاوەژاوی کۆمینیکاسیۆن و پەیوەندیی، لەلایەکی تریشەوە سکوت و نەوتنێکی ( wordlessness ) فراوان هەیە، کە جیاوازە لە بێدەنگی ( silence ) . بێدەنگی زۆر خۆشپەیڤ و لەفزشیرینە. بێدەنگی زمانی هەیە. هەروەها خامۆشی و ئارامیش خۆشپەیڤ و زمانشیرینە، دەکرێ زمانی هەبێت. بەڵام ژاوەژاو و نەوتن، زمانیان نیە. تەنها نەوتن و پەیوەندی ژاوەژاوئامێزە کە ئەمەش کێشە و گرفتەکەیە. ئیمڕۆ تەنانەت مەعریفە(ناوڵیج)ش نیە بەڵکو تەنها زانیارى(ئینفۆرمەیشن)هەیە، مەعریفە تەواو جیاوازە لە زانیاری. لەئێستادا مەعریفە و هەقیقەت سەدایەکی زۆر موحافیزکار و فەرامۆشکراویان هەیە. مەعریفەش بونیادێکی زەمەنی جیاوازی هەیە، لەڕابردووەوە درێژدەبێتەوە بۆ داهاتوو. زووتێپەڕی و نابەردەوامیی زانیاری سەر بە زەمەنی ئێستایە. مەعریفە لە ئەزموونەوە دێت. ئیمڕۆ لەبەردەم هەڕەشە و مەترسیی ڕووکەشکاری و سەتحیبوونداین.

 

ز.و: پێتوایە چی بەسەر زانستدا ڕوودەات؟ مەعریفە ناخوڵقێنێت؟

 

هان: زاناکان چیتر لە سیاقی کۆمەڵایەتیانەی مەعریفەدا بیرناکەنەوە، تەنها سەرقاڵی توێژینەوە و ڕیسێرچی پۆزەتیڤانەن. هەموو مەعریفەیەک لەناو پەیوەندییەکی دەسەڵاتدا شێوەدەگرێت و کامڵدەبێت، هەروەها پەیوەندییەکانی دەسەڵات و هێزە نوێکان مەعریفە و گوتاری تازە دەخوڵقێنن. مەعریفە هەمیشە لەناو بونیادی دەسەڵاتێکدا بەرجەستەدەبێت. تۆ زۆر بەسادەیی دەتوانی توێژینەوەیەکی پۆزەتیڤانە ئەنجامدەیت، ئەویش بەبێ دیاریکردن و تەشخیسی  ئەوەی کە تۆ لەژێر سیحری ئەم دەسەڵاتە دایت، هەروەها بەبێ بیرکردنەوە و ئەندێشە دەربارەی سیاقدارێتیی مەعریفە contextuality of knowledge  ئەم بیرکردنەوەیە سەبارەت بە سیاقیەتی چیتر ڕوونادات و دەرناکەوێت. فەلسەفەش لەدۆخی بوونبە زانستێکی پۆزەتیڤدایە و چیتر ناگەڕێتەوە سەر کۆمەڵگا بەڵکو تەنها خەریکی خۆیەتی و بەرامبەر کۆمەڵگا نابینا و کوێر دەبێت. 

 

ز.و: مەبەستت کۆی پانتایی ئەکادیمیایە؟

 

هان: بەنزیکەیی، ئەوەی ئێستا ڕوودەدات بریتییە لە زانستی گوگڵیانە، بەبێ ئەندێشەیەکی ڕەخنەیانە دەربارەی کردە و چالاکیەکانمان. مرۆڤایەتی پێویستە دەربارەی کردە و چالاکیەکانی بەشێوەیەکی ڕەخنەیانە بیربکاتەوە و بهزرێت بەڵام ئەمە چیتر ئامادەیی نیە و ڕوونادات. بۆ نموونە زۆرینەیان سەرقاڵی توێژینەوەی سۆزداری و هەستەکیانە[7]ن. پێمخۆشە لە زانایەک بپرسم کە بەو ڕیسێرچە هەستەکیەوە سەرقاڵە : بۆچی ئەو کارە دەکەی؟ بەڵام ئەوان دەربارەی کردە و چالاکیەکانیان بیرناکەنەوە.

 

ز.و: پێشنیاری تۆ چیە؟

 

هان: پرسەکە ئەوەیە مرۆڤایەتی چ جۆرە پەیوەستی و پێوەندیگرتنێکى کۆمەڵایەتیانەی هەیە، بۆیە دەبێت بەڕوونی لە باکگراوندی کۆمەڵایەتیانەی توێژینەوەکانمان تێبگەین چونکە هەموو مەعریفەیەک لەناو پەیوەندییەکانی دەسەڵاتی سیستەمەکەدا بەرجەستەدەبێت. بۆچی توێژینەوەی هەستەکی و سۆزدارییانە ئەمڕۆ زۆر بەچڕوپڕی ئەنجامدەدرێت؟ دەی ئەمە لەوانەیە لەبەرئەوەبێت هەستوسۆزەکان لەئێستادا وەک هێزگەلێکی بەرهەمهێن ببینرێن. هەستەکان وەک ئامێر و ئامرازێکى کۆنترۆڵ بەکاربهێنرێت. ئەگەر کاریگەریی لەسەر هەستەکان بکەی ئەوا دەتوانی لەئاستی نەستەکیانەدا هەڵسوکەوتەکانی مرۆڤ کۆنترۆڵ بکەی و بەکاریانبهێنیت.

 

ز.و: ئێستا سەدات لە تیۆریسیەنێکی پیلانگێڕ دەچێت، ئیمکانیەتی درووستکردنی سیستەمێکی باشتر هەیە بە هۆش و زیرەکیى(intelligence) زیاترەوە؟

 

هان: زیرەکی لە خوێندنەوەی نێوان جیاکاریکردنەوە هاتووە، چالاکییەکی جیاکاریکردنە لەناو سیستەمدا. زیرەکی ناتوانێت سیستەمی تازە و زمان پێشبخات. عەقڵ یاخود ڕۆح بەمانا هیگڵییەکە، بەتەواوەتی جیاوازە لە زیرەکی. من باوەڕم نیە کە کۆمپیوتەرە زۆر ورد و زیرەکەکان کۆپیی عەقڵی مرۆڤ بکەنەوە. دەتوانی ماشێنێکی تەواو زیرەک و دەقیق دیزاین بکەیت، بەڵام ماشێنەکان هەرگیز ناتوانن زمانێکی نوێ و شتێکی تەواو جیاوازتر دابهێنن. ماشێن عەقڵ و ڕۆحی نیە و زیاتر لەوە ناخاتە دەرەوە کە تێیکراوە. ئەمە ڕێک موعجزەی ژیانە کە زیاتر لەوە دەخاتە دەرەوە کە تێیکراوە و دەتوانێ بەرهەمێکی تەواو جیاوازیش بێت لەوەی کە خراوەتەناوی، ژیانیش ئەمەیە. ژیان ڕۆح و عەقڵە. ئا بەم جۆرەیە ژیان لە ماشێن جیاوازە. بەڵام کاتێک هەمووشت دەکرێ بە ئۆتۆماتیک و لەلایەن ئالگۆریتمەوە کۆنترۆڵ دەکرێت، ئەوا ئەم ژیانە دەخرێتە مەترسیەوە. مرۆڤی ماشێنی نەمر وەک ئەوەی لەلایەن پۆست هیومانیستەکانی وەک ڕەی کروزوێل بیری لێدەکرێتەوە، چیتر مرۆڤ نیە. لەوانەیە لەکۆتاییدا بەیارمەتیی تەکنەلۆژیا نەمری بەدەستبهێنین بەڵام ژیان دەدۆڕێنین. نەمری بەدەست دەهێنین ئەویش بە قوربانیکردنی ژیانمان.

 

 

 

 

 

 

 

 

 


[1] Waste

[2] Shooting Stars

[3] Waste Class

[4] panopticon  

[5] Self-tracking   

[6][6] good life

[7] emotion research

 

 

سەرچاوە:

ماڵپەڕى SkorpionUK