A+    A-
(1,123) جار خوێندراوەتەوە

 

     فۆکۆ، مێژووی شێتی

(شێتى لە ڕۆژگاری عەقڵانییەتدا)

 

 

 

 

موحەمەد زەیمەران

و. وریا ئەحمەد

 

 

 

 

 

پێشەکیی وەرگێڕ

لە وتارێکدا بەناوی (فەیلەسووفەکەی دەسەڵات)، کۆڵین کۆپمان(Colin Koopman)ی مامۆستای فەلسەفە لە زانکۆی (ئارگۆن)، دێژێت، ئەگەر بخوازین بیری فەیلەسووفانی مەزن لە یەک وشەدا کورتکەینەوە، بێگومان لە پێوەندیدا بە فۆکۆوە، ئەو وشەیە بریتی دەبێت لە ''دەسەڵات''. بە دیدی کۆپمان، فۆکۆ چەمکی دەسەڵاتی بەراوەژووکرد و، چوارچێوە کلاسیکییەکانی تێگەییشتنی ئێمەی بۆ چەمکەکە تێکشکاند و پەردەی لەسەر میکانیزمە شاراوەکانی دەسەڵات هەڵماڵی. بە دیدی فۆکۆ، دەسەڵات هێندە دیاردەیەکی ڕوون و بەرجەستە نییە، کە بشێت بە شاڕێگایەکی تەخت و ئاسان بە ناساندنێکی گشتیی دەسەڵات بگەیت، بەڵکو دەسەڵات پرۆسیسێکی ئاڵۆز و تێکچڕژاو و گەلەک ناڕوونە و، بڕێکی زۆر لە میکانیزمەکانی پیادەبوونی، هێندە پەنهانن، ئەستەمە دەرک بکرێن. ئەوە هیچ کە دەسەڵات لە هەموو پنت و گۆشەیەکی دیار و نادیاری کۆمەڵگەوە هەڵدەقووڵێت و لە چێوەی هەموو دەستگا بەرجەستەکانی کۆمەڵگەدا خۆی دەنوێنێتەوە، لەمە ئاڵۆزتر ئەوەیە، دەسەڵات تەنانەت لە ناوەکییترین پێوەندییدا، کە پێوەندیی تاکە بە خۆیەوە، ئامادەیی هەیە. پرۆسیسی سوبێکتسازى(subjection)، کە زادەی گوتاری باڵادەستی مۆدێرنەیە، چ نییە، بێجگە لەوە نەبێت، مرۆ تەریک بخات و بکەرێکی نوێی مێژوویی لێ بئافەرێنێت و بیترنجێنێتە نێو میکانیزمە پەنهانەکانی دەسەڵاتەوە، بە جۆرێک کە خودی ئەم بکەرە لە سیاقی تاکگەرایی خۆیدا، ببێت بە ئامرازی پیادەکردنی دەسەڵات بەسەر خۆیدا، ئەویش بەبێ ئامادەیی لایەنی هەژموونگەر.

بەوەدا خودی فۆکۆ پێی لێ دەنێت کە پەرتووکی (مێژووی شێتی)ی، لەمەڕ پەرەسەندنی دەسەڵات نوسراوە، بۆیە دەشێت بگوترێت، ئەم کتێبە یەکێکی ترە لەو ڕێگا تازانەی، کە فۆکۆ دەیانگرێتەبەر، تاوەکو هەم پێوەندیی نێوان زانست و دەسەڵات ڕوونبکاتەوە، هەمیش گۆشە و پنتە تاریکەکانی گوتاری دەسەڵات و میکانیزمە پەنهانەکانی پیادەکردنی دەسەڵات ئاشکرا بکات. لەم سۆنگەیەوە، ئەو پرسیارەی کە چەشنی چیا بە نێو ڕووپەلەکانی ئەم پەرتووکەدا بێخی داکوتاوە و دەبێت خوێنەر پێیدا هەڵزنێت، ئەوەیە؛ کە چۆنچۆنی گوتاری باڵادەستی سەردەمی عەقڵخوازی، دەستەواژەی (شێتێتی) لە ماناکانی ڕۆژگاری ڕێنیسانس  و سەدەکانی ناوین دابچڕاند و بە مانا و نێوەڕۆکێکی­تر و بە ئامانجی دابەستەکردن و ڕامکردنی گرووپ و دەستەی تازەدەرکەوتووی نێو کۆمەڵگە، بەگەڕی خست؟ چلۆن گوتاری عەقڵخوازی، وەک گوتاری زاڵ و باڵادەست، دیاردەی (شێتی)ی لەوە خست، کە دیاردەیەکی خوازراو و مایەی پێکەنین بێت و، بۆ دیاردەیەکی نامۆ و تەنانەت دژە ئەخلاق و ناباوی گۆڕی؟ چۆنچۆنی گوتاری باڵادەستی مۆدێرنە، توانی لە چێوەی دەزگاگەلی وەکو شێتخانە، تیمارستان، گرتووخانە، نۆڕینگە و نەخۆشخانەی دەروونیی، هەژموونی خۆی بنوێنێتەوە و لەگەڵ گرووپێیلی هاوشێوەی شێتەکان، دەرۆزەکەران، دەروون­پەرێشان، بێکاران و وێڵگەرداندا، وەکو ژمارەیەک جانەوەری نامۆ مامەڵەبکات؟ بێگومان لێرەدا زانست و بەتایبەت زانستی دەروونناسی و زانستی پزیشکیی دەروونی ڕۆڵی خۆیان وازی کردووە و، فۆکۆش دەکارێت ئەم لینکەی نێوان زانست و دەسەڵات شرۆڤەبکات. بۆیە دەشێت بپرسین، چۆن زانستی پزیشکیی دەروونی و دەروونناسی، بوون بە میکانیزمی پیادەکردنی دەسەڵات؟ ئەوە چۆن بوو، کە پزیشکان وەکوو توێژێکی تازە و وەکوو بکەرێکی تەکنۆکرات، بوون بە میکانیزمی پیادەکردنی دەسەڵات؟ بە مانا فۆکۆیییەکەی، چلۆن دەروونناسی، هاواری شێتێتیی کپ کرد، لە کاتێکدا ئەم هاوارە لە دەمی ڕێنیسان و سەدەکانی ناویندا، نەوایەکی دڵڕفێنی هەبوو، کە لە هونەردا نمایش دەنوێنرایەوە؟ چۆن بوو، گوتاری باڵادەستی دەمی مۆدێرنە، لە ڕێگەی دەروونناسی و دەروونناسانەوە، ڕەوتار و گفتار و تەنانەت خەیاڵی دەروون­پەرێشانی پۆلێنبەند کرد و ناچاری کردن، ببن بە چاودێریکەر و ئامرازی پیادەکردنی دەسەڵات بەسەر خۆیاندا؟ گوتاری باوی عەقڵانییەت، لە ڕێگەی وشەی (شێتێتی)یەوە، هەر بەتەنها نەزمێکی نوێی نەسەپاند و دەستە و گرووپگەلی نوێی نەترنجاندە نێو ئەم نەزمەوە، بگرە هێڵکاریی تازەی بۆ ڕەوتاری باو و ناباو، شایستە و ناشایستە و ئەخلاقیی و دژەئەخلاقییش کێشا. واتا شێتەکان، دەرۆزەکەران، بێکاران و وێڵگەردان وەکو نامۆ و تاوانبار ڕووبەڕووی ویژدانی خۆیان کرانەوە، کە دەبوو بەخۆدا بچنەوە و فێری نەزاکەتی بۆرژوایی ببن! دەرئەنجام، پێدەچوو هیچ دەنگێک لەسەرووی دەنگی عەقڵانییەتەوە بوونی نەبێت و، بێجگە لە عەقڵانییەتی ڕێسامەند و تژی لە نەزاکەت، هیچ سۆز و هەستێکی تری مرۆیی بۆی نەبێت پرسیار لەمەڕ گێتی درووستبکات. هەرچەندە ڕەوشەکە وای دەنواند و هەرچەندە دەروونناسان هاواری شێتەکان و جریوەی هەر چەشنە سۆزێکی ناباویان کپکرد، وەلێ فۆکۆ پێی وایە کەسانی وەکو نیچە و هۆڵدەرلین، لە دەرەوەی گوتاری باڵادەستی عەقڵخوازی، بوون بە دەنگپێدەرەوەی هاواری دێوانەیی و، پرسیاری سەمەرەیان لەمەڕ جیهان ئافەراند. 

 

 

 

فۆکۆ و کەشتیی شێتەکان

پەرتووکی (مێژووی شێتی لە سەردەمی کلاسیک­دا_١٩٦١)، بە باسوخواس لەمەڕ دوورخستنەوەی (گەڕوگولەکان) و دابەستەکردنیان لە (خانەی گولان) لە ئەورووپای سەدەکانی ناوین، دەست پێ­دەکات. لەم کتێبەدا، سەرەتا "گولی" لە ڕوانگەی کەلتوورییە­وە بەرباس­دەدرێت و، ئەوە دەسەلمێنرێت کە لە سەدەکانی ناوین­دا، گولی وەک دیاردەیەکی کەلتووری لە سۆنگەی سیمپتۆمۆلۆجی(symptomology)ییەوە، بە هێند وەرگیراوە. واتا، لە کەلتووری ئەورووپادا، ئەم نەخۆشییە، ماهییەت و خەسڵەتێکی تەمومژاوی هەبووە. لەو سەردەمەدا، خانەی گولان، لە پەراوێز و کەناری شارەکان­دا ڕۆدەنرا، بۆ ئەوەی چاودێریکردن و کۆنترۆڵکردنیان ئاسان بێت. ماهیەتی تەمومژاویی ئەم دیاردەیە، زادەی ئەوەبوو، کە گولی وەکو دۆخی نێوان مەرگ و ژیان سەیر دەکرا، یانژی وەکو پنتێک دەبینرا، لەوێدا ژیان و مەرگ ئاوێزانی یەکدی دەبن. ڕاستییەکەی، گولی، دیاردەیەک بوو، تخووبی نێوان ئەم جیهانە و جیهانەکەی تری دەخستە زەینەوە. گولی، لە فەرهەنگی ئاوەزی و کەلتووری ئەوی دەمی ئەورووپادا، ڕەمزێک بوو، کە لە نێوان گوناە، پاداشت، نەفرەت، بەخشندەیی و ڕزگارییدا، پێوەندیی دەئافەراند. لەم سۆنگەیەوە، گولەکان، گاهێ بە چاوی ڕق و گاهێ بە دلۆڤانییەوە سەرنج دەدران. لە چاوی خەڵکانی ئەوی دەم، گولەکان هەندێک­جار وەکو کەسانێکی شووم و بڕێک­جار وەکو ئەهریمەنێکی نەفرەتلێ­کراو وابوون، کە وجوودیان، باوەڕدارانی مەسیحیی ناچار دەکات لە ئاستیان­دا بە ئەرکی ئایینیی خۆیان، واتا دەستگرۆییی لێ­قەوماوان، هەستن.

لە کۆتاییەکانی سەدەکانی ناوین­دا، تەشەسەندنی ئەم نەخۆشییە، خاو بوویەوە، دەرئەنجام ژمارەی گولەکان لە گەڕخانەکانی سەرانسەری ئەورووپادا کەمیکرد. وەلێ ئەم نەخۆشییە، دیارییەکی شوومی لەپاش خۆ، بەجێهێشت؛ تەلارێک کە سەردەمانێک گولەکانی لە خۆ دەگرت، ئەمجارەیان بووبە هەواری میوانێلی تازە! بە دەربڕێنێکی تر، هەرکە ئەم تیمارستانانە چۆڵ­کران، ئامانجێکی دیکەیان بۆ دۆزرایەوە. لە چاخی ڕێنیسان­دا، تیمارستانە هێما بۆ کراوەکان، بۆ گلدانەوەی توێژێکی تری لە کۆمەڵگە تووڕهەڵدراو، بەکارهێنران. شێتێتی و دێوانەیی لە سەدەی پانزەیەم­دا، وەکو ئەزموونێکی نوێ سەریان­هەڵدا. ئەزموونێکی نوێی کەلتووری، کە بارگۆڕانێکی تازەی لە پێکهاتەی کۆمەڵگەی ئەورووپی­دا بەدیهێنا.

ڕاستییەکەی، دیاردەی شێتێتی لە ڕۆژگاری ڕێنیسانس­دا، وەکو ئەزموونێکی دژەباو و هەراسناک سەرنج نەدەدرا، بەڵکە مایەی سەرسووڕمان و کوونجکۆڵیی بیرمەدان بوو. هێرۆنیمۆس بۆش(Hieronymus Bosch_1450,1516)، وێنەکێشی ناسراوی هۆڵەندیی، بە کێشانی تابلۆی (کەشتی شێتەکان)، بە هەق هێمای بۆ سنوورەکانی دانایی و بلیمەتی کرد. ئەم جۆرە تێگەیشتنە لە مەڕ دیاردەی دێوانەیی، لە دووتوێی بەرهەمی نووسیارانی وەکوو شکسپیر و سێرڤانتیس­یش بە ڕوونی دەبینرێت. ئەوانیش سەرنجی ئەزموونی تراژیدیای شێتێتییان داوە. لێرەدا، شێتێتی، جۆرە شەیدایی و گەمژەیییەکی دۆنکیشۆتانەیە و، دەبێتە مایەی پێکەنین و کەیفخۆشیی بینەران و ئامادەبووان. واتا، هێشتا شێتێتی لە کەلتووری ئەورووپی­دا، بۆ دیاردەیەکی ناباو و دژەبەها نەگۆڕاوە. لە دووتوێی هەندێک لە بەرهەمە نووسراوەکانی نووسیارانی ئەوی دەم­دا، شێتێتی وا پەسن دراوە، وەک بڵێیت هاوتای بلیمەتی و سەرچڵی بێت. لە پەرتووکی (لە ستایشی دێوانەیی­)ی ئیراسمۆس(Erasmus 1466_1536)دا، لەبارەی ئەم جۆرە شێتێتییەوە باسوخواس کراوە. ئەم جۆرە لە شێتێتی، دەبێتە هۆی ئەوەی کابرا، قۆشمەیی و جەفەنگ­بازیی بکاتە پیشە و، وەهمە باوەکانی نێو خەڵکی، بکات بە هەوێنی گاڵتەوگەپ و، زمانی واقیع تووڕهەڵبدات و بە زمانی میتافۆر باخێوێت. بە گوێرەی فەرهەنگی ئاوەزیی دەمی ڕێنیسانس، خەڵکی واى دەبینى، گوایە دەشێت پیاو لە سایەی دێوانەییەوە شەقاوباوێتە ناو قەڵەمڕەوی ژیری و عەقڵەوە. واتا، مرۆڤی سەرشێت، تەنیا ڕوویەکی عەقڵی باو ڕەت دەکاتەوە. ڕاستییەکەی، ئەوی دەم، شێتێتی وەکوو کەرەستەیەکی ئەدەبی، لە خزمەتی پرۆسەی ڕەخنەگرتن بوو لە زێدڕۆییە کۆمەڵایەتییەکان.

 

 

شێتێتی لە سەردەمی عەقڵانییەت­دا

لە چاخی عەقڵانییەت­دا، لە هێکڕا جۆرە بەراوەژووبوونێک لە ڕوانین، یانژی پچڕانێک لە هەڵوەستەکردن لەمەڕ شێتێتی ڕووی­دا. پرۆسەی ئاخاوتن لەبارەی شێتێتی لەنێو هونەر و ئەدەبیاتی ڕێنیسانس­دا، تەختەی نمایشی بۆ ڕوانگەیەکی نوێ چۆڵکرد. لێرەدا، فۆکۆ بە بیرمان دێنێتەوە، سەدەی حەڤدەیەم، سەروەختی تێپەڕینە لە چاخی ڕێنیسانسەوە بەرەو رۆژگاری کلاسیک، واتا گواستنەوە بۆ سەردەمی عەقڵخوازی. ناوەندەکانی گلدانەوەی گولەکان، بۆ دەزگای دەستبەسەرکردن و زیندانی­کردنی هەژاران، بێکاران، شێتەکان، تاوانباران و وێڵگەردەکان گۆڕان. لەم سەردەمەدا، عەقڵ بووبە تاقانە فەرمانڕەوای بێ­ڕکابەر. فۆکۆ لە پەرتووکی (مێژووی شێتی)دا، لەسەر سەرهەڵدانی دوو سیستەمی پۆلێنبەندیی و سەپاندنی شووناسی کولتووری لە ڕۆژگاری عەقڵانییەت(کلاسیک)دا، هەڵوەستەدەکات و، دەڵێت، هەر ئەم دوو سیستەمە بوون، کە ژمارەیەکی بەرچاو لە دەروون­نەخۆشان، هەژاران، تاوانباران و دەرۆزەکەرانیان ئاخنییە نێو یەک ناوەندی دەستبەسەرکردنەوە. بە گوتەی وی، لەساڵی ١٦٥٦، یەک کەس لە کۆی هەر سەدکەسێکی دانیشتووی پاریس، لە یەکێک لەو ناوەندانە دەستبەسەر بووە. فۆکۆ لە میانی ئەم پەرتووکەی­دا، بە دووی ئەوەوەیە، شێتێتی لە سێ قۆناغی جیاوازی دیرۆکی خۆرئاوادا، ڕێنیسانس و چاخی کلاسیک و سەردەمی مۆدێرنە، شرۆڤە بکات و، پیشانی بدات، لە هەر یەک لەو قۆناغانەدا، شێتێتی، مانایەکی جیاوازی بەخۆوە دیتوە. بۆ نموونە، بە گوتەی وی، تا کۆتایییەکانی سەدەی هەژدەیەم، بوارێک بە ناوی دەروونناسییەوە بوونی نەبووە، تا ئەوەی پاش قەدەرێک و لە تانوپۆی شارەکانی ئەورووپادا، ئینجا ئاسایشگە(_asylmپەناگە) سەریهەڵدا. ئاخر لە سەردەمی عەقڵخوازی(کلاسیک)دا، جەستە و ڕۆح بە چەشنێک بە یەک کیان دادەنران، بە خەیاڵی کەس­دا نەدەهات، نەخۆشیی (نا جەستەیی)ش بوونی هەبێت. لە سەرەتاکانی چاخی عەقڵخوازی(کلاسیک)دا، شێتێتی و دێوانەیی، پێناسەی جیاواز و جۆراوجۆر و گاە دژبەیەکیان بە بەردا کرا و، هیچ یەک لەو پێناسانەش، نەبوون بە هەوێنی دەرکەوتن و برەوسەندنی دەروونناسی.

لە سەردەمی ڕێنیسانس­دا، (کەشتیی شێتەکان) وێنەدەرەوە و ڕەمزی وجوودی شێتێتی بوو لە کۆمەڵگەی ئەورووپی­دا. لە سەردەمی عەقڵخوازی(کلاسیک)یش­دا، نەخۆشخانە و ئاسایشگە، بوونبە ڕووکاری دەرەکیی ئەم دیاردەیە. فۆکۆ دێژێت: ''ڕۆنانی نەخۆشخانەی گشتیی پاریس بە فەرمانی پادشای فەڕەنسا، گۆڕانکارییەکی سەرسووڕهێن بوو لەم بوارەدا؛ وی لە ساڵی ١٦٥٦دا فەرمانی بنیاتنانی ئەم دەستگا گرنگەی واژۆکرد. ئەم دامەزراوەیە، سەرەتا بە هیچ شێوەیەک، هەڵگری ئامانجی پزیشکیی نەبوو، بەڵکە بۆ دەستبەسەرکردنی هەژاران، شێتەکان، تاوانباران و دەرۆزەکەران و هەموو ئەو لانەوازانە چێ­کرا، کە بە زیانبار بۆ کۆمەڵگە ئەژماردەکران. دەسەڵاتی نەخۆشخانەی گشتی، لە دەسەڵاتی پۆلیس زیاتر بوو. بە گوێرەی ڕاسپاردەی پادشا، هەموو ئەوانەی، کە لە نێو کۆمەڵگەدا بە توخمی نەخوازراو ئەژماردەکران، دەبوو لەم دەستگایەدا گلبدرێنەوە.'' هەروەتر، فۆکۆ دێژێت: ''ڕاستییەکەی، ئەم دامەزراوەیە، یەکەمین دەستگایەک بوو مافی ئەوەی هەبوو، لە سەرووی دەسەڵاتی داوەرییەوە، هەموو کەسێک لە پیر و لاو و ژن و پیاو، کە بە زیانبار بۆ کۆمەڵگە ئەژمار دەکرا، بە بێ دادگایی­کردن قۆڵبەست بکات.''

فۆکۆ، ئەم گۆڕانکارییە، بە سەرەتای سەرهەڵدانی (زیندانی مەزن) ناودەبات. هێدی‌هێدی دەستگا و دامەزراوەی هاوشێوە، لە سەرانسەری فەڕەنسادا هاتنە چێ­کردن و، ئەم بەسەرهاتی گرتن و ڕاپێچکردنە لە سنووری فەڕەنسادا نەمایەوە، بەڵکە بۆ سەرتاپای ئەورووپاش پێ­دزەی کرد. لەم سەروەختەدا، لە ئەڵمانیا و سویسراش، ژمارەیەک (خانەی تەمبێ­کردن) دامەزران. لە ئینگلتەراش، لە ساڵی ١٦٩٠ەوە، ژمارەیەک ناوەندی کاری زۆرەملێ کرانەوە. لە کۆتایییەکانی سەدەی هەژدەیەم­ و، لە سەرانسەری ئەورووپادا، ئەم دەستگا و دامەزراوانە دەبینران. جۆن هۆوارد(John Howard)، ئەو سەروەختە بە مەبەستی ئەنجامدانی توێژینەوە لەبارەی خەسڵەتی ڕێکخراوەیی ئەم دەستگایانە، سەردانی شەش وڵاتی ئەورووپایی کرد.

فۆکۆ پێی­وایە، بنەچە و ژێدەری ئەم دیاردە کەلتوورییە، بۆ مەترسیی بڵاوبوونەوە و برەوسەندنی بێکاری و وێڵگەردیی لە کۆمەڵگەدا، دەگەڕێتەوە و، دەبێت ترس لە بێکاران و وێڵگەردان، بە هەوێنی سەرهەڵدانی دیاردەگەلی لەم شێوەیە بزانین. خۆدزینەوە لە کارکردن و بەشدارنەبوون لە چالاکیی بەرهەمهێنان­دا، خاڵی هاوبەشی هەموو ئەو کەسانە بوو، کە دەستبەسەر دەکران. لە سەدەی شانزەیەم بەدواوە،  دەوڵەتەکان بەردەوام لە هەوڵدابوون، هەنێی کۆمەڵگە لە خڵتە و خاشاکی کەسانی بێکار، دەرۆزەکەر و لانەوازان پاکژبکەنەوە. بە گوێرەی ڕاسپاردەی ساڵی ١٦٥٧، دەرۆزەکردن و وێڵگەردی لە پاریس­دا یاساغکرا. ئەوە ڕوونە، کۆکردنەوەی توخمە ناچالاکەکان و ئەوانەی بەرهەمهێن نین و، گلدانەوەیان لە دەستگاگەلی وەکوو نەخۆشخانەی گشتیی­دا، پاڵنەرێکی ئابووریی هەبوو. وەلێ چونکە زۆرینەی دەستبەسەرکراوان لە نێو دامەزراوە هێما بۆکراوەکان­دا ناچار بە کارکردن دەکران، بۆیە لە کاتی قەیران و داکشانی ئابووریش­دا، هێشتا بڕی بەرهەم ڕووی لە هەڵکشان دەکرد. لە ئایینزای پرۆتستان­دا، بێکاری بە گوناهێکی گەلەک مەزن دادەنرا و، ئەوی خۆی لە کارکردن دزیبایەوە، بە کەسێکی گوناهبار و نەفرەتلێ­کراو ئەژماردەکرا. ڕاستییەکەی، کاری زۆرەملێ لە گرتووخانە بەرباسدراوەکان­دا، بە جۆرێک لە مەشق و خۆپەروەردەکردنی ئەخلاقی لە قەڵەم دەدرا. فۆکۆ هێما بۆ ئەوە دەکات، کە لە سەدەی حەڤدەیەم­دا، سەرەتا شێتێتی لە پاڵ دەستکورتی و هەژاری و نەبوونی توانای کارکردن، پۆلێن دەکرا(مێژووی شێتی، ل٦٢). پاشان فۆکۆ پرسی دەستبەسەرکردنی شێتەکان لە کۆمەڵگەی فەڕەنسیی­دا بەرباس دەدات:

''دێوانەییش، وەکوو جۆرێک لە بێکاری و نەبوونی توانای کارڕاپەڕاندن ئەژماردەکرا؛ دەرئەنجام دێوانەکانیش لە تەک هەموو کەسە نەخوازراوەکانی تردا، وەکو تاوانباران، دەرۆزەکەران و وێڵگەردان، ڕادەستی گرتووخانەکان دەکران.''(هەمان، ل٦٢).

لە سەردەمی ڕێنیسانس­دا، شێتێتی بە زادەی جۆرە هێزێکی ئەهریمەنی ئەژماردەکرا، وەلێ لە سەردەمی عەقڵانییەت­دا، شێتێتی بە چەشنێک وەکو دیاردەیەکی سەربەخۆ مامەڵکرا و سەرنجی درایە، تەنانەت وەکو نەخۆشی ئەژمارنەدەکرا و، شێتەکانیان بە نەخۆش نەدەزانی، بەڵکو بە پێچەوانەوە، خەڵکی باوەڕیان وابوو، ئەم گرووپە خودانی هێزێکی ئاژەڵیین و، بە کۆمەکی ئەم هێزە، دەتوانن لە بەرانبەر هەلومەرجی هەرە دژواردا، بەرگە بگرن. لەم سۆنگەیەوە، شێتەکانیان ڕووبەڕووی هەلومەرجی گەلەک نەخوازراو و تاقەتپڕوکێن دەکردەوە و، چەشنی ئاژەڵ مامەڵەیان دەکردن. بە بێ پۆشاکی پێویست، لە شوێنی ئێجگار سارددا دەیانهێشتنەوە. لە ڕوانگەی خەڵکانی سەردەمی عەقڵخوازی­دا، شێتەکان کەسانێکن، لە نیعمەتی عەقڵ بێ­بەشن و، پتر لە ئاژەڵەوە نزیکن تا ئادەمیزاد. ئەوە بۆیە زۆرجاران، شێتەکان دەخرانە بەر دیدی گشتی و ڕێگەدەدرا تەماشا بکرێن. خەڵکان دەیانتوانی لە چوارچێوەی سەردانیکردنی ئەم جۆرە دامەزراوانەدا، لە تەماشاکردنی شێتەکانیش چێژ وەربگرن(هەمان، ل٧٥). بە جانەوەردانانی شێتەکان لەم سەردەمەدا، زادەی ئەوەبوو، گوایە وان لە عەقڵ و ژیری بێ­بەشن. بە گوێرەی باوەڕی باڵادەستی چاخی عەقڵانییەت، شێتی، دەرئەنجامی بەرهەڵداکردنی میکانیکییانەی غەریزە کێوییەکان نییە، بەڵکو زادەی چڵێسی و شەهوەتە(passion). ئەوە ڕوونە، شەهوەت، بە تەنها هۆکاری شێتیی نییە(هەمان، ل٨٨). پێشتر، لە زەمانی دێرینی یۆنان و ڕۆمدا، شێتێتی، وەک دەرئەنجامی شەهوەت دەبینرا، لەم سۆنگەیەوە، شەهوەت، وەک جۆرە دێوانەیییەکی کاتی ئەژماردەکرا. وەلێ لە چاخی عەقڵخوازیدا، بە پێچەوانەوە، شێتێتی وەک جۆرێک لە جۆرەکانی شەهوەت هاتەئەژماردن. لە سۆنگەی گوتاری باڵادەستی چاخی عەقڵخوازیدا، جەستە و ڕۆح پێکەوە، جۆلانگەی شەهوەتن، ئەوە بۆیە، دێوانەیی وەکوو نەخۆشییەکی جەستەیی و ڕۆحی سەرنج­دەدرا. شەهوەتیش، وەکوو تەوژمێکی خرۆشێنەر لە وجوودی ئادەمیزاددا، وێنادەکرا، کە وا دەکات مرۆ سەری لە دێوانەیییەوە دەربچێت. ئەگەر گوڕوتینی ئەم تەوژمە ڕوو لە هەڵکشان بکات، ئەوا کەسی تووشبوو بۆ بوونەوەرێکی کڕوکپ و بێدەنگ دەگۆڕێت(هەمان، ل٩٠). وەلێ ئەگەر تەوژمەکە هاوکات بوو لەگەڵ پەرێشانی و نائارامی­دا، ئەوا گرژیی ماسوولکەی لێ­دەکەوێتەوە. بەدیدی عەقڵانییەتی باوی ئەوی دەم، هەر ئەم تەوژم و خرۆشانە، عەقڵ دەپووچێنێتەوە و ئادەمیزاد لە جیهانی واقیع دادەبڕێت و بۆ ناو بۆشاییەکی تاریکی پەرتدەکات. فۆکۆ پێی وابوو، لە چاخی عەقڵانییەتدا، خەڵکی وا دەهزران، گوایە ئا ئەم تەوژم و خرۆشانە زیانبارانە، دەبنەهۆی هەڵوەشاندنەوەی تانوپۆی توانای خەیاڵکردن، ئەم هەڵوەشانەوەیەش، ئەوە هیچ وا دەکات یارۆی تووشبوو خەیاڵ و واقیع تێکەڵ بکات، دەبێتەهۆی خۆدزینەوە لە واقیعیش. خۆدزینەوە لە واقیع، لە چێوەی باوەڕهێنان بە دیاردەی فەنتازیی دەنوێنرایەوە. ڕوونتر بدوێین، ئەگەر بابایەک وای خەیاڵ کردبا کە مردووە، ئەمە بە شێتێتی ئەژمار نەدەکرا، وەلێ ئەگەر یارۆ هەر بە ڕاستییەوە ئەم خەیاڵەی بە حەقیقەت وەرگرتبا، ئەوی دەم بە شێت ئەژمار دەکرا. فۆکۆ دەنووسێت: '' لەچاخی کلاسیک(عەقڵانییەت)دا، باوەڕ وابوو، کە شێتەکان لۆژیکی تایبەت بە خۆیان هەیە و، خودانی جۆرە پێودانگێکی عاجباتین. بۆ نموونە دێژن: "مردووەکان ناتوانن نان بخۆن". "من مردووم"، "کەواتە منیش ناتوانم نان بخۆم".''(هەمان، ل٩٥)

ڕاستییەکەی، بە گوێرەی تێگەیشتنی باوی ئەو ڕۆژگارە، کەسی شێت، خۆی دەخاپێنێ. شێت ئەوەیە، بابەتێکی ناواقیعیی بە واقیع بزانێت و باوەڕی پێی هەبێت. وەهم و وڕێنەکانی ناو سەری خۆی لا ببێت بە واقیع و مکوڕ بێت لە سەریان(هەمان، ١٠٨). کەواتە، بە گوێرەی دیسکۆرسی زاڵی ئەوی دەم، دەبێت وەهم و وڕێنە بە کرۆکی شێتی بێنە ئەژماردن، وەک چۆن حەقیقەت و واقیعبینی ناوکی عەقڵانییەتی سەردەمی کلاسیکیان پێکدەهێنا.

لەم چاخەدا، شێتێتی دیاردەیەکی تاقانە و یەکڕوو نەبوو، بەڵکە هاری(mania)، مالیخوولیا، فێ(epilepsy) و هایپۆکۆندریا(hypochondria) بە ڕووەکانی تری دەروون­پەرێشانی لەقەڵەمدەدران. ئەوەی لە هەڵوەستەی چاخی عەقڵانییەت لەمەڕ هاری و مالیخۆلیادا گرنگە، ئەوەیە، کە هەردوو دیاردەکە ماهیەتێکی دەروونناسییان بۆ لەبەرچاو نەگیرابوو، زانیاری لە بارەیانەوە، زادەی توێژینەوەی زانستی نەبوو. تۆماس ویڵیس(Tomas Willis)، یەکێک لە گەورە بیریارانی ئەو سەردەمە، پێی وابوو پێوەندییەکی گۆڕاو لەنێوان هاری و مالیخۆلیادا هەیە. وەلێ هەردوو دیاردەکەی، بە دوو خووی زگماکی دەزانێ. ڕاستییەکەی، بیرمەندانی ئەوی دەم، لەبری ئەوەی ڕوونکردنەوە و شرۆڤەکانیان لە سەر بنەوانی ئەزموونی زانستیی ڕۆبنێن، تەنها پشتیان بە ئایدیا و چەمکەکانی ناو سەری خۆیان دەبەست.

هەروەتر، باسوخواس لەمەڕ هیستریا و پێوەندی بە مالیخۆلیاوە، لەسەر بناغەی بینین و تاقیکردنەوەی زانستی هەڵنەدەسووڕا. واتا، ئەم دوو نەخۆشییە تا کۆتاییەکانی سەدەی هەژدەیەم، وەکوو جۆرێک لە شێتیی ئەژمار نەدەکران. بەگشتی تا سەدەی حەڤدەیەم، هیستریا بە دەرهاویشتەی ڕستێک جووڵەی نەخواستە و خۆورسکی ناو منداڵدان، دەزانرا. وەلێ لە سەدەی هەژدەیەمدا، وردەوردە لەنێوان نیشانە و لێکەوتەکانی هیستریا و مالیخۆلیادا، لێکچوونی زۆر دۆزرایەوە و، لەم زەمەنە بە دوا، هەردوو نەخۆشییەکە، بە نیشانەی شێتێتیی ئەژمارکران. لەم سەروەختەدا دەگوترا، هیستریا و مالیخۆلیا، بەهۆی ورووژانی کۆئەندامی دەمارەوە سەرهەڵدەدەن. ئەوە بۆیە مەیلی زێدەڕۆییانە، بە هۆکاری سەرەکیی گرژبوونی دەمارەکان دادەنرا! کە هسیتریا و مالیخۆلیا لە زومرەی نەخۆشییە سەرچاوەگرتووەکان لە ئەخلاق سستی، دانران، ڕێگا بۆ گەشە و پەرەسەندنی دەروونناسی لە سەدەی نۆزدەیەم خۆش بوو. لەم سەروەختەدا ڕەوتار و خووی نەخۆش، بوون بە بابەتی کۆڵینەوە و، بەگشتی کردەی نەخۆش، زەمینەی فەراهەمکرد، تاوەکو لەبارەی خودی نەخۆشەوە حوکم بدرێت. واتا ئیدی خودی نەخۆش، بە بەرپرسیار لە ئاست نەخۆشییەکەی دانرا. لەم سۆنگەیەوە بوو، لەگەڵ دەستنیشانکردنی نەخۆشیی دەروونی­دا، دەمودەست یارۆی نەخۆش ڕادەستی ناوەندەکانی گلدانەوەی دەروون­پەرێشان دەکرا. گرتن و گلدانەوەی شێتەکان لە شوێنی داخراوی وەکوو تیمارستان­دا، هیچ لایەنێکی چارەسەریی تێیادا نەبوو، وەلێ لە دەرەوەی ئەم دامەزراوانەدا، هەندێک لە پزیشکان بۆ چارەسەری نەخۆشەکانیان، چەند میتۆدێکیان دەگرتەبەر. تیمارکردنی جەستەیی کەسانی نەخۆش، زادەی هەڵوەستەیەکی ئەخلاقی بوو. مادام بابای نەخۆش بەهۆی زێدەڕۆیی لە ئارەزووەکاندا، دووچاری دەروونپەرێشانی بووە، کەوابوو ڕەوایە لە ڕێی گوشارخستنە سەر جەستەیانەوە، بە ئاگا بهێنرێنەوە. لەم سۆنگەیەوە بوو، هەندێک لە پزیشکان بۆ چارەسەرکردنی دەروون­نەخۆشان، هانایان بۆ ئامێری خولاوی ماسۆن کۆکس(Mason Cosx) دەبرد. ڕاستییەکەی، دابەستەکردنی نەخۆش لەسەر ئەو ئامێرە و خولاندنەوەی بە خێرایییەکی زۆر، بۆ ترساندن و سزادانی وی بوو.

کۆتایی پرۆسەی گرتنی شێتەکان لە دوادواییەکانی سەدەی هەژدەیەم، هاوکات بوو لەگەڵ سەرهەڵدانی دیاردەیەکی نوێدا. ڕاستییەکەی، لە ساڵی ١٧٩٣، سیستەمێکی نوێ بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ شێتەکان لە خۆرئاوا بەدیارکەوت، بە گوێرەی ئەم سیستەمە، ئەشکەنجە و گوشارەکانی جاران تووڕهەڵدران و، لە بری وان، لەگەڵ دیوی ناوەوەی شێتەکاندا مامەڵەکرا و ماهیەتێکی دەروونی بە پرسی شێتێتی درا. لە ئینگلستان­دا، کۆمەڵەیەکی ڕیفۆرمیستیی ئایینی بە ناوی کواکێرەکان(Quakers)، هانی دەروون­پەرێشانیان دەدا، لە ئاست نەخۆشییەکەیاندا بەرپرسیاربن. توک(Tuke)، یەکێک لە پەیڕەوانی کۆمەڵەی هێمابۆکراو، نەخۆشخانەیەکی دەروونیی دامەزراند، کە تێیایدا سیستەمی تۆقاندن و ترساندن لە ئارادا نەبوو، ئەوی هەبوو، ئەو نیگەرانییە بوو، کە لە هەستکردن بە بەرپرسیارێتییەوە سەرچاوەیدەگرت. ئەوی ڕاستی بێت، لە چێوەی سیستەمە تازەکەدا، شێتەکان ڕووبەڕووی ویژدانی خۆیان دەکرانەوە. توک، نەزمێکی تۆکمەی داسەپاندبوو، بە گوێرەی ئەم نەزمە، نەخۆش بە بکەری ڕەوتارەکانی خۆی ئەژماردەکرا. ئەوەی کە توک هانای بۆ ویژدانی نەخۆشەکان دەبرد، زادەی پرۆسەی بە دەروونیی­کردنی دیسپلین و چاودێری بوو. لە تیمارستانەکەی توکدا، نەخۆش خۆی دەبوو بە پشکنەرێکی ورد و کوونجکۆڵ، کە دەگەڵ نەخۆشییەکەیدا، وەکوو بابەتی کۆڵینەوە ڕەوتاری دەکرد؛ واتا نەخۆش خۆی وەک تاکێکی سەربەخۆ وێنادەکرد و، بەوەی چەشنی بابەتی کۆڵینەوە لەگەڵ خۆیدا مامەڵەی دەکرد، زەمینەی ڕزگاربوونی بۆ خۆی دەڕەخساند. دەشێت بڵێین، نەخۆش خۆی دەبوو بە پزیشکی خۆی و، خودئاگایییەکی نوێ لەسەر بنەمای هەستکردن بە گوناە، لە وجوودی وی­دا دەخوڵقا. ویلیام توک، پایەکانی تیۆری چاکسازی، لەسەر بناغەی کار و دیسپلین ڕۆنا. بە دیدی وی، کارکردن، سیستەمێکی ئاکاریی تۆکمە بەسەر ویژدانی کەسی نەخۆشدا دەسەپێنێت و، چاودێریکردنی نەخۆش و سەرنجدانی ڕەوتارەکانیشی، دەرفەتی دۆزینەوەی نیشانە شاراوەکانی شێتێتی، بۆ کارمەندانی تیمارستان دەڕەخسێنێ. لەم نەخۆشخانانەدا، سیمینار و کۆنفرانسی جۆراوجۆر بەڕێوەدەچوون و، داوا لە نەخۆشەکان دەکرا، بەشداربن. هەروەتر، داوایان لێ­دەکرا باشترین جلوبەرگی خۆیان بپۆشن و بە سەروسیمایەکی جوان و سەرنجڕاکێش، لە سیمینار و کۆبوونەوەکاندا ئامادەبن و، بکارن وەکو تاکێکی خودانی نەزاکەت دەربکەون(هەمان، ل ٢٤٩). لەم­جۆرە بۆنانەدا، کارمەندان، بە وردی ڕەوتار و گفتاری نەخۆشەکانیان دەخستە ژێر چاودێرییەوە و، هەر چەشنە لادان یانژی بێ­نەزمییەکیان دیتبا، دەمودەست تۆماریان دەکرد. ویلیام توک، دەکاری، لەسەر بنەمای ئایدیای کۆمەڵگەی ئایینیی کواکێرەکان، تیمارستانی هێمابۆکراو بئاخنێتە نێو سیستەمێکی شێوە سیستەمی خانەوادەییەوە و، لەگەڵ نەخۆشەکاندا، هەروەکو منداڵانی خانەوادە بجووڵێتەوە.

لە فەڕەنسایشدا، پینێڵ(Pinel)، پێشیازی سیستەمێکی هاوشێوەی کرد. پینێڵ بە دووی ئەوەوە بوو، شێتەکان فێری ئاکار و ڕەوتاری چینی بۆرژوا بکات! وەلێ بە پێچەوانەی (توک)ەوە، ئەم مکوڕ بوو لەسەر ئەوەی، بیر و فێرکارییە ئایینییەکان لە تیمارستانەکاندا یاساغ بن، ئاخر بە بۆچوونی وی، ئایین خۆی یەکێکە لە هۆکارەکانی شێتبوون. بە دیدی پینێڵ، نەخۆشخانەی دەروونی، ئامرازێکە بۆ سەپاندنی بەها ئاکارییەکان بەسەر کەسی دەروون­نەخۆشدا(هەمان، ل٢٥٩). پینێڵ پێی وابوو، کە دەبێت نەخۆشەکان ئەو ڕاستییە پەسەند بکەن، هۆکاری مەینەتیی ئەوان، ژێرپێخستنی پێودانگە ئەخلاقییەکانی کۆمەڵگەیە. ڕاستییەکەی، پینێڵیش هاوشێوەی توک، بە دووی ئەوەوە بوو، کەسێتیی ئەخلاقیی نەخۆشەکان بگۆڕێت و، جۆرێک باریان بێنێت، بەها باوەکان قبووڵ­بکەن.

هەم پینێڵ و هەم ویلیام توک، هەڵوەدای ئەوە بوون، لە ژێر تیشکی ڕووناکیی گوتاری باڵادەستی ئەوی دەم و لە چێوەی کار و دیسپلیندا، شێتێتی بترنجێننە نێو سیستەمێکی دەروونگەرایی تژی لە پاداشت و سزا. بە گوتەی فۆکۆ، ئەو دووانە، بە گواستنەوە لە سیستەمی سەرکۆنەکردنەوە بۆ سیستەمی داوەری و حوکمدان، زەوینەی سەرهەڵدانی دەروونناسیان فەراهەم کرد(همان، ل٢٥). لەگەڵ دەرکەوتنی ئەم گۆڕانکارییەدا، شێتیی، لە سایەی کۆڵینەوە و چاودێریی زانستی و، بە گوێرەی ڕەوتاری کەسی نەخۆش، هەڵدەسەنگێنرا. بەم پێیە، شێتێتی بێجگە لەوەی دەبینرێت و بەرباس دەدرێت، شتێکی تر نییە و بە میتافیزیکەوە پێوەند نییە. لەم سۆنگەیەوە، دەروونناسی، لە سێبەری سەرنجدان و هەڵسەنگاندنی ڕەوتاری دەروون­پەرێشاندا پەرەیسەند و، پۆلێنبەندیی لێکەوتەکانی نەخۆشیی دەروونییش، هەر لەسەر بنەمای ئەم سەرنجدانە کرا. ڕاستییەکەی، هاوتەریب بە پێوەندیی نێوان پاسەوان و دەروون­نەخۆشان، کەسێتیی پزیشکی دەروونی لەدایکدەبێت و گەشەدەکات، دەتوانرێت بگوترێت تەکنیکی چاودێری و حوکمدان، بوونبە ئامرازی دەستی پزیشکی دەروونی، کە وی وەکو میراتگری عەقڵ و ژیری پێی خستبووە نێو تیمارستانەوە و ژینگەکەی بۆ فەزایەکی پزیشکیی گۆڕی. ئاخر تا ئەوی دەم، تیمارستان و گرتووخانەکان لە ئەورووپادا، بە هیچ کلۆجێک ماهییەتێکی پزیشکییان نەبوو. لەم قۆناغە بەدواوە، پزیشکانی دەروونی، وەکوو چاودێری ڕاستەقینەی ڕەوتاری شێتەکان، وێڕای سەرنجدان لە جووڵەی نەخۆشەکان، هەستان بە ئامادەکردنی دۆسێ، ڕاپۆرت و بەڵگەنامە بۆ تاک بە تاکی شێتەکان و، سیستەمێکی بەڕێوەبەرێتیی_پزیشکییان ڕۆنا. پزیشکانی دەروونی، وەکو میراتگران و پاسەوانانی عەقڵ و ژیری، بوون بە ژێدەری بڕیاردان و حوکمدان لەمەڕ ڕەوشی دەروونیی نەخۆشەکان. فۆکۆ دەڵێت: ''پێگەی پزیشکانی دەروونی، لەبری ئەوەی زادەی زانستی پزیشکیی وان بێت، پتر زادەی فەزیلەتی ئەخلاقیی ئەوان بوو. ئەوان بۆ یەکەمینجار و لەیەک کاتدا، ڕۆڵی داوەری ئەخلاقی، باوکی پیرۆز و سەرگەورەی خانەوادەیان وازی دەکرد و، بە دیوێکدا، وێنەدەرەوەی ڕێسامەندیی کۆمەڵگە بوون. ڕاستییەکەی ئەوەیە، کارکردی پزیشکی، وەکو جۆرە سرووتێکی ئایینی لێ­هات، چاودێریکردن و دواتر دیاریکردنی سزا بۆ کەسانی بەدخوو.''(هەمان، ل٢٧٢)

دەتوانرێت بگوترێت، پزیشکەکان سەرەتا بە مەبەستی فەراهەمکردنی ژینگەیەکی مرۆیی و لەناوبردنی هەرچ جۆرە ڕەوتارێکی دڕندانە لە دژی زیندانییەکان، پێیان خستە نێو تیمارستان و گرتووخانە هێما بۆکراوەکان. وەلێ، هێدی‌هێدی، لەگەڵ برەوسەندنی دەسەڵاتی ئەم توێژە لەهەناوی دەستگا ئاماژەبۆکراوەکاندا، گرنگییان بە پیشە سەرەکییەکەی خۆیان، واتە تیمارکردنی شێتەکان، دا. لێرەوە زانستی پزیشکیی دەروونی، بنیاتنرا. فۆکۆ، ئەوە بە بیر دێنێتەوە، کە ناتوانرێت زانستی پزیشکیی دەروونی، تەنها وەکوو زانستی لێکدانەوەی لێکەوتەکانی شێتی و چارەسەرکردنی، دابنرێت، بەڵکو دەبێت ئەم زانستە بە زادەی لێکگرێدانی دوو دیاردە ئەژماربکرێت: یەکەم، دیاردەی دەرکەوتنی گرتووخانەکان و، دووەم دیاردەی دەستنیشانکردنی شێتێتی وەکو جۆرە لادان و خزانێکی ئەخلاقی. پێش ویلیام توک و پینێڵ، شێتی وەکو گەلۆرییەک سەرنج دەدرا، کە ڕۆح و جەستەی مرۆ دەتەنێ و بە فەتارەتی دەدا. وەلێ پاش برەوسەندنی میتۆدەکانی ئەو دوو بیرمەندە، شێتی  وەکوو لادانی ئەخلاقی و بێعەقڵیی بابای نەخۆش سەرنج درا، ئەوە بۆیە بەرپرسیارێتیی نەخۆشییەکە خرایە ئەستۆی یارۆی تووشبوو و، ئەم بەرپرسیارێتییەش، زەمینەی چارەسەرکردنی وی دەڕەخساند. ڕاستییەکەی، بەوەی کە بەرپرسیارێتی وەئەستۆی نەخۆش خرا، ڕۆڵی بکەرێکی پێ درا، کە دەبوو وەکوو دادوەر چاودێری ڕەوتارەکانی خۆی بکات. لەم قۆناغەدا، شێتێتی وەکوو خوویەکی دژە ئەخلاق، سەرکوت کرا. لەم ڕووەوە، نابێت تیمارستانەکان، لە سەردەمی باڵادەستیی میتۆدەکانی پۆزەتیڤییزمدا، تەنها بە گۆڕەپانی چاودێری، تاقیکردنەوە، دەستنیشانکردنی نەخۆشی و چارەسەرکردنی نەخۆشیی ئەژماربکرێن، بەڵکوو دەبێت ئەم دەستگایانە وەکوو تاقیگەیەک دابنرێن، کە تێیاندا، تاک ڕووبەڕووی تۆمەت دەکرێتەوە، دادگایی دەکرێت و تا سەروەختێک کە ڕێوشوێنەکانی پەشیوانیی وی لە سایەی توێژینەوە قووڵەکانی دەروونناسیدا نەسەلمێنرێت، لەم گۆبەندە ڕزگاری نابێت(هەمان، ل٢٦٩).  

 

 

ڕەخنە لە کتێبی "مێژووی شێتی"

ژاک دێریدا، پێی وایە هەڵوەستەکەی فۆکۆ لەمەڕ شێتیی، کێشەیەکی تێدایە. ئەوی دەم فۆکۆ ناچارە زمان و لۆژیکی سەرچاوەگرتوو لە عەقڵانییەت وەگەڕبخات، ناتوانێت لەبارەی بابەتێکەوە باخێوێ کە تەواو دژ و پێچەوانەی ئەو عەقڵانییەتە بێت. فۆکۆ بۆ ڕوونکردنەوەی بابەتی شێتی، دەبوو زمان و لۆژیکێکی وەگەڕخستبا، کە زادەی دێوانەیی بوونایە، وەلێ ئێمە لە دووتوێی ئەم بەرهەمەیدا، وەها زمان و لۆژێکێک نابینین. فۆکۆ بۆ ئەوەی ناڕەسەنیی زمان و لۆژیکی مۆدێرن بسەلمێنێت، دەبوو زمان و لۆژیکێکی جیاوازی بەکارهێنابا و خۆی لە کۆگا و جبەخانەی عەقڵ و لۆژیکی مۆدێرن بەدوورگرتبا. ئەم چەشنە ڕەخنەیەی دێریدا، هەموو بەرهەمەکانی تری فۆکۆ دەگرێتەوە. درێیفۆس(Dreyfus) و ڕابینیۆ(Rabinow)یش پێیان وایە، هەرچەندە فۆکۆ کۆشاوە لاقی بە تەڵەی هێرمۆنۆتیکەوە نەبێت، وەلێ لە پەرتووکی (مێژووی شێتی)دا، کەوتووەتە نێو چاوبەستەیی و ئامرازگەلی هێرمۆنۆتیکەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، لە بەرهەمەکانی دواتریدا، توانیوێتی لە خوولگەی هێرمۆنۆتیک بێتە دەرێ و میتۆدێلی نوێ، واتا ئارکۆلۆژیا و جێنالۆژیا، تاقیبکاتەوە.

دووەمین تیری ڕەخنە کە ئاڕاستەی هەنێیەی پەرتووکی (مێژووی شێتی) کراوە، لە سۆنگەی تیۆری و فیکرییەوە نییە، بەڵکو مامەڵەی پەرتووکەکەی لەگەڵ دەروون­نەخۆشان بە ئامانج کردووە. جێڕاڵد وایزمەن(Jerald Weisman) لە وتارێکدا بە ناوی (فۆکۆ و ژنی لانەواز)، دەڵێت، دەبێت فۆکۆ بە بەرپرسیار لە ئازادکردنی دەروون­نەخۆشان و بەرەڵاکردنیان لەسەر شەقامی شارە گەورەکان، بزانین. ئەو ڕێچارەی فۆکۆ لە چێوەی پەرتووکەکەیدا دەیخاتەڕوو ئەوەیە، گوایە ئەگەر دەروون­نەخۆشان لە کۆت­وپێوەندی تیمارستان و نەخۆشخانە ڕزگاربکرێن و ڕێگە بدرێن بێنە نێو کۆمەڵگەوە، دەتوانن باشتر خۆیان لەگەڵ پێودانگەکانی کۆمەڵگە بگونجێنن و ببنە ئەندامێکی بەسوود بۆ کۆمەڵگە. لە وتارەکەی وایزمەندا هاتووە، گوایە هەوای سەردەمی زێڕینی شێتی و شەیداییی سەدەکانی ناوین لە کەللەی فۆکۆی داوە و هەڵوەدای ئەوەبووە، ئەو سەردەمە زیندووبکاتەوە. چونکە فۆکۆ ڕەخنەی لە ئایدیاکانی (ویلیام توک) و (پینێڵ) گرتووە، وایزمەن دڵگرانە و پێی وایە فۆکۆ لە ڕێگەی دژایەتیکردنی تیمارستانەکانی توک و پینێڵەوە، زانستی پزیشکیی دەروونیی ڕەت کردۆتەوە. ڕاستییەکەی ئەم تێگەیشتنە لە ئەندێشەکانی فۆکۆ، جۆرە ناڕەواییەکی تێدایە و، ناکرێت پاساوبدرێ، ئاخر فۆکۆ تیری تانەی ئاڕاستەی پاڵنەرە باشەکانی توک و پینێڵ نەبوو، بەڵکوو وی پێی وابوو بڕێکی زۆر لەو گۆڕانکارییانەی بوونبە هۆی دەرکەوتنی تیمارستان و نەخۆشخانەی دەروونی، زادەی خەمخۆری بۆ ڕەوشی شێتەکان نەبوون.

 

 

 

 

 

 

 

سەرچاوە:

میشیل فوکو: دانش و قدرت، محمد ضیمران. تهران: هرمس،چاپ پنجم ١٣٨٩.