A+    A-
(1,133) جار خوێندراوەتەوە

فۆکۆ و تیۆری زانین، دەسەڵات و سیستەمی حەقیقەت

 

 

 

 

نوسینی: دکتۆر ئەحمەد بەخشایشی ئەردێستانی

و. وریا ئەحمەد

 

 

 

 

دەتوانرێت شاکلیلی چەمکی (دەسەڵات) لە فیکری فۆکۆدا، بە لێکەوتەی تیۆری (زانین_دەسەڵات سیستەمی حەقیقەت) دابنرێت. ئەندێشەی بنجکۆڵ و پرسیارئافەرێنەری وی، لە لایەکەوە کاری هزرین دژوار دەکات و، لە لایەکی ترەوە، چێژی هزرین بە توێژەر دەچێژێت. فۆکۆ دەکارێت مرۆڤەکان بەرەو سەرزەمینی ئەو شتانە بەرێت، کە ئەندێشە نەکراون. لە ڕێی بیرکردنەوە لە بیرلێ­نەکراوەکانەوە، پەردە لەسەر شتگەلێک لادەدرێت، کە لە دۆخی سرووشتی­دا، کپ­وکڕ و بێدەنگن. ئەوە بۆیە دەبێت فیکری فۆکۆ بە مێمڵ و نەیاری هەموو ئەو شتانە بزانرێت، کە گەردوونی و سەرانسەری و ڕوون دێنە بەرچاو. ڕۆڵی وی ئەوەیە، پیشانی خەڵکی بدات، سنووری ئازادییان لەوە بەرینترە، لێی گەیشتوون. دەتوانن هەندێک بابەت و دیاردە، کە لە ئان­وساتێکی مێژوویی­دا سەریانهەڵداوە و وەکو حەقیقەت ددانیان پێدا نراوە، بەر ڕێژنەی ڕەخنە بدەن و سەرلەنوێ گەنگەشەیان بکەن. پرسیارێک کە بە زەین­دا گوزەر دەکات، ئەوەیە، فۆکۆ چۆنچۆنی توانیویەتی خۆی لە کۆت­وپێوەندی هزرە باڵادەستەکانی وەکو بونیادگەری و دیاردەناسی، قوتاربکات و، ئەوە بخاتەڕوو، چلۆن دەسەڵات، زانست لە خزمەتی خۆی­دا وەگەڕدەخات و چەوتییەکان بۆ بەها و حەقیقەت دەگۆڕێت؟ بە دەربڕینێکی تر، ئاڵەنگاریی بەردەم سیستەمی حەقیقەت ئەوەیە، لەنێوان دەسەڵات و زانین­دا پێوەندی بەرقەرار بکات و، لەم ڕێگەیەوە، خۆی وەکو تاقە حەقیقەتی مومکین بناسێنێت. بۆ بەرسڤی ئەم ئاڵنگارییە، دەبێت چەمکی دەسەڵات، زانین و گوتار شەنوکەو بکرێت.

 

 

میتۆدۆلۆژیی فۆکۆ

کێوماڵکردنی مێژووی شێوازە جۆراوجۆرەکان و پەردەهەڵماڵین لەسەر ئەو هێزانەی، کە مرۆ دەکەن بە بابەتی دەسەڵات و زانین، یەکێکە لە ئامانجەکانی فۆکۆ. بۆ ئەم کارەش، سێ میتۆد بەگەڕدەخات:

١. میتۆدێک کە وابەستەی پێگەوپلەی زانست بێت. ئەم میتۆدە، هەمان هێرمۆنۆتیکی هونەرییە، کە تێیدا خودی بکەری ئاخێوەر، دەبێت بە بابەت. واتا لێرەدا، ڕێسای زمان دەبێت بە ئامرازی گۆڕینی مرۆڤ بۆ ئۆبێکت.

٢. میتۆد و شێوازگەلێک، کە لە ڕێی کردەی جوداسازیی یان درزتێخستنەوە، سوبێکت لە ناوەوە کەرت، یانژی لە ئەوانیتری دابڕ دەکەن. ئەم پرۆسانە، یان سوبێکت لە ناوەوە کەرت و شرۆڤە دەکەن، یانژی لە ئەوانیتری دابڕ دەکەن و بەرباسی دەدەن.

٣. میتۆدێک، کە لەسەر بنەوانی وی، ئادەمیزاد خۆی لە بەرگی سوبێکت هەڵدەکێشێت. بە گوێرەی ئەم میتۆدەیان، فۆکۆ لە چێوەی پەرتووکەکانی (دێوانەیی و شارستانیەت)، (دەرکەوتنی نۆڕینگە)، (دیسپلین و سزا) و (مێژووی سێکسواڵیتە)دا، پرسی سێکسواڵیتە کێوماڵدەکات. لە (دێوانەیی و شارستانیەت)دا، هانا بۆ ئەو دەربڕینە دەبات، کە گوایە دێوانەیی، ئاخاوتە(دیسکۆرس)ێکی کۆمەڵایەتییە و، گوتارێکی پزیشکی و دەروونناسیی پەتی نییە. لەم پەرتووکەدا، پرۆسەی کۆمەڵایەتیی سەرهەڵدانی دەستە و گرووپگەلی وەکوو شێتەکان، تاوانباران و دواتر پرسی سێکسواڵیتە ڕووماڵدەکات و، نیشانیدەدات، کە چلۆن دەسەڵاتی پێوەندیدار بە زانستی پزیشکی دەروونی، شێتەکان لە کۆمەڵگە جوێدەکاتەوە، تاوەکو بەم کارەی، پێش هەموو شتێک پارێزگاریی لە عەقڵ کردبێت. بە دیدی فۆکۆ، ئەمەش جۆرێکە لە ستەم، کە بەهۆی شاراوەیی و بەهۆی ئەوەی بە کۆمەکی گوتاری زانستی پاساودەدرێت، بەسانایی بەسەرماندا تێ­دەپەڕێت.  فۆکۆ لە پەرتووکی (دیسپلین و سزا)دا، لە ڕێی شەنوکەوکردنی شێوازەکانی سزادانی تاوانبارانەوە، بیرۆکەکانی خۆی کامڵدەکات و،  پێىوایە جیاکردنەوەی شێتەکان لە کۆمەڵگە، بێجگە لە پاراستنی ڕێکارە عەقڵانییەکانی جڵەوکردنی کۆمەڵگە لە لایەن مۆدێرنەوە، هیچی تر نییە. لە بەر ڕووناکیی لۆژیکی ئەندازەییی تەلارسازی­دا، جێرەمی بێنتهام(Jeremy Bentham)ی فەیلەسووفی بەریتانیایی، نەخشەیەک بۆ چێ­کردنی زیندان، نەخۆشخانەی دەروونی و قوتابخانە دەخاتەڕوو، کە بە سەرای دیدەوانی(panopaticon)(١) ناسراوە. لە چێوەی ئەم نەخشەیەدا، بورجێکی شێوە بازنەیی دیدەوانی دێتە چێ کردن، کە لە دیوارەکانی­دا، بە گۆشەی ٣٦٠پلە، پەنجەرەی گچکە جێکەوتدەکرێن و وەردیان(پاسەوان)یان تێدا دادەنرێت. پەنجەرەکان بچووکن، بۆ ئەوەی پاسەوانان و وەردیانەکان بێ ئەوەی خۆیان ببینرێن، بتوانن چاودێری زیندانییەکان یان شێتەکان بکەن. بە دووریی ئەندازەگیراو و بە شێوەی بازنەیی بە دەوری ئەم بورجی دیدەوانییەدا، ژووری زیندانیان ڕۆنراوە. هەر ژوورێک، بە دوو دیواری ڕاست و چەپ، لە ژوورەکانی تەنیشتی خۆی جوێدەکرێتەوە، بە جۆرێک زیندانییەکان یان شێتەکان نەتوانن لەگەڵ یەکدی­دا پێوەندی ببەستن. خاڵی هەرەگرنگ ئەوە بوو، دەبێت دوو دیواری پاش و پێشی ژوورەکان، شووشەبەند بن. ئەو ڕووناکییەی لە دەرەوە دێتە ژوورێ (بە ڕۆژدا تیشکی خۆر و بە شەوانیش مەشخەڵ و لەمڕۆشدا ڕووناکی بلاجیکتۆر)، هەمیشە زیندانییەکان لە مەودای دیدتندا دەهێڵێتەوە. واتا زیندانییەکان هیچ ڕێگایەک شک نابەن، تەنانەت بۆ ساتێکیش لە چاودێریی دیدەوانان، کە بە پێچەوانەی زیندانییەکانەوە هەمیشە بە پەنهانی دەمێننەوە، خۆ قوتاربکەن. ئەنجامی ئەم یاری چاوشارکێیە ئەوە بوو، دەسەڵات، کە لێرەدا لە ڕێگەی پاسەوانانەوە نوێنەرایەتی دەکرێت، بە شاراوەیی دەمایەوە و، ئەوی دەسەڵاتی بەسەردا پیادە دەکرا، واتا زیندانییەکان، دەبوون بە ئامرازی پیادەکردنی دەسەڵات، ئەویش بەسەر خۆیان­دا. فۆکۆ ئەم هەلومەرجەی، بە دۆخی نموونەییی مۆدێرنیتە لە قەڵەم دەدا، ئەوەی کە دەسەڵات و دەستەکانی لە چاوان بزرن، وەلێ ئوبێکتی دەسەڵات بەسەردا پیادەکراو، هەمیشە لەبەر چاوانە.

ئامانجی سەرەکیی میتۆدە هێمابۆکراوەکانی سەرەوە، شەنوکەوکردنی گوتار(ئاخاوتە)ی دەسەڵاتە. ماهیەتی دەسەڵات چییە؟ چۆنچۆنی دەسەڵات لە زمانەوە سەرچاوەدەگرێت؟ چلۆن گوتار فۆرمەلەدەبێت؟ گوتار لە ڕستێک واژەی سنووردار پێکدێت. واتا سەرهەڵدانی ئەم واژانە، بە هەلومەرجی تایبەتییەوە پێوەستە. ڕاستییەکەی، گوتار گەر بەم مانایە وەریبگرین، تشتێکی ئەبەدی و نموونەیی نییە، بەڵکو هەر لەسەرەتاوە پرسێکی دیرۆکییە و زادەی زەمەنە. فۆکۆ دەبێژێت، حەقیقەت، زادەی گوتارە. سیستەمە جۆراوجۆرەکانی زانین، ئەوە بە لایەکدا دەخەن، چی ڕاستە و چی هەڵەیە، کەواتە گەڕان بە دووی حەقیقەتی پەتی لە دەرەوەی سیاقی گوتاردا، کارێکی بێهودەیە. ئامانجی فۆکۆ، کنەوپشکنینی ئەو سیستەمە جیاوازانەی زانین و گوتارگەلە ڕێسامەندانەیە، کە ئەوە یەکلا دەکەنەوە، پێویستە چ شتێک بگوترێ یان نەگوترێ و چی ڕاست و چی هەڵەیە. ڕاستییەکەی، فۆکۆ بە سوودوەرگرتن لە چەمکی پالینتۆلۆجی(paleontology)، دەکارێت ئەو ڕێسا شێوەبەخشانە شرۆڤەبکات، کە شێواز بە بەر گوتاردا دەکەن و هەلومەرجی سەرهەڵدانی زانستە کۆمەڵایەتییەکان دەڕەخسێنن. پالینتۆلۆجی پشت بە پرەنسیپی دابڕان و بەردەوامی دەبەستێت و، هەڵوەدای ئەوەیە توخمە خۆسەر و جیاوازەکانی نێو پانتایی مێژوو بناسێتەوە و، ڕەگەزە هاوتەریبەکانی سیستەمێکی زمانى-مەعریفی کۆبکاتەوە و ڕێسا باڵادەستەکان بە سەریاندا، شرۆڤەبکات. لێرەدا فۆکۆ دەکۆشێت ئەو دەستەواژانە لە پێکهاتەی گوتار تووڕهەڵبداتە دەرێ، کە مرۆ_سەنتەرن، ئاخر بە دیدی وی، گوایە ئەم دەستەواژانە سوبێکتێکی بنیاتنەر بە سەرچاوەی گوتار دەناسێنن، کە ئەم سوبێکتە هاوزەمان فاکتەری بەردەوامى و شووناسی گوتارەکەشە، لەکاتێکدا سوبێکتی وەها بوونی نییە.

دووەمین کۆششی فۆکۆ، بریتییە لە ڕەخنەگرتن لەو هەوڵەی، کە ژێدەر یان هۆکارێکی واقیعى بۆ گوتار بە بناغە دەگرێت، ئاخر ئاڵۆزی و تێکچڕژاویی گوتار، ڕێگرە لەوەی بە خورتی بترنجێنرێتە نێو زەمینەیەکی دیاریکراوی وەکو زەمینەی ماددییەوە، ئەوەی کە مارکسییزم وەهای کرد. بابەتێکی تر، کە وی دەکارێت لە بەر ڕووناکیی پالینتۆلۆجی­دا بەر ڕەخنەی بدات، ئەو بۆچوون و تیۆرانەن، کە لە پۆلێنکردن و ڕێکخستنی گوتاردا، پەرت­وبڵاون و ڕوون و تۆکمە نین. هەروەتر، فۆکۆ بە دووی شرۆڤەکردن و ڕوونکردنەوەی ئەو ڕێسایانەیە، کە پرۆسەی بەرهەمێنانی دەستەواژەکانی نێو گوتار ئاراستەدەکەن و، پێمان دێژێت چۆنچۆنی ڕێسای پۆلێنەبەندیی شتەکان، فۆرم بە جۆرەکانی ئاخاوتن و چەمکەکانی نێو گوتارێک دەبەخشن. لێرەدا فۆکۆ دەبێت بە مێمڵ و نەیاری ئەو بۆچوون و تیۆرانەی، واقیعى لەپێش ڕەخساو بە بنەمادەگرن، ئاخر بە بۆچوونی وی، شتەکان لە هەناوی گوتار و لە میانەی پرۆسەی دیاریکراوەوە سەرهەڵدەدەن.

فۆکۆ، هێما بۆ پرۆسەکانی بەرهەمهێنانی گوتاریش دەکات، بەدرێژایى ئەم پرۆسانە، هەندێک گوتار سەرکوت و یاساغ و هەندێکی تریان پەسەنددەکرێن. گوتارەکان لە چێوەی ئەم پرۆسانەدا، بۆ گوتاری بەڵگەدار و بێ بەڵگە و ڕاست و هەڵە پۆلێندەکرێن و، لە میانی ڕستێک پرۆسەدا، کە بە (ویستی هێز) ناو دەبرێن، گوتارە ڕاستەکان بەسەر ناڕاستەکاندا هەڵدەبژێردرێن. ئامانج، پەیداکردن و ڕووهەڵماڵینی ئەو ڕێسایانەیە، کە لە دیاریکردنی ڕاست و هەڵەی واژەکان­دا، ڕۆڵ وازیدەکەن.

فۆکۆ لەچێوەی بەرهەمەکانی دواتری­دا، بە سودوەرگرتن لە چەمکێکی دیکە، بە ناوی چەمکی جینالۆجیا(genealogy)، پێوەندیی نێوان دەسەڵات، زانین و حەقیقەت بەرباس دەدات. ڕاستییەکەی، جینالۆجیا (بە مانا فۆکۆییەکەی)، دەستوپەنجە نەرم­کردنە لەگەڵ ئەو ڕۆڵە مەرکەزییەی، کە هێز و دەسەڵات­ لە پێکهاتنی گوتار، شووناس و دەستگاکان­دا دەیگێڕن و، دەکارێت شەقڵی هێزخوازیی گوتاری باڵادەسەت، ڕوون بکاتەوە(عەضدانلو، ٢٠٠٦، ل١٨٧). بە بۆچوونی فۆکۆ، نابێت دەسەڵات لە سیاقی دەستگا سیاسییەکان­دا کورتکرێتەوە. دەسەڵات، لە هەموو گۆشە و پنتێکی کۆمەڵگەدا ئامادەیی هەیە و ڕۆڵی داینەمۆ وازی دەکات. بە دەربڕینێکی ڕەوانتر، فۆکۆ دەکارێت ئەوەمان فێر بکات، کە ئەو جۆرە لە کۆمەڵگەی مرۆیی بوونی نییە، تێیایدا ستەم بوونی نەبێت. ئاخر وێناکردنی کۆمەڵگەی مرۆیی، بەبێ ئامادەیی دەسەڵات تێیایدا، کاری نەکردەیە. ئێمە دەبێت، هزرمەندانە و بە وردی بۆ دەوروبەری خۆمان بڕوانین و، دەسەڵات و ڕێکارەکانی پیادەکردنی بناسینەوە و، بە هەرچ شێوازێک بوون و هەن، لە دژیان بوەستینەوە. بۆ نموونە لە سەردەمی شۆڕشی داتاوزانیاری­دا، بەوەی کرێیتید کارد (credit card) بەکار دێنین، خۆمان بۆ وردە داتا و زانیاریی گۆڕیوە، بە جۆرێک کە هەرچ کات دەسەڵات بخوازێت پێشینەی ئێمە هەڵبداتەوە، دەتوانێت سەرنجی دۆسێی کڕین و فرۆشتنمان بدات و بزانێت، کە داخۆ لە کتیبفرۆشیی چەپەکان یانژی هاوڕەگەزخوازەکان سەودامان کردووە، یان داخۆ سەردانی ماڵپەڕە سێکسییەکانمان کردووە، یاخۆ زێتر چ­ جۆرە کاڵایەک دەکڕین و لە چ ­جۆرە مامەڵەیەک­دا بەشداربووین. شێوازی چاودێری­کردن لە ئینتەرنێت­دا، تەنانەت لەمەش تووندترە، ئاخر هەر جارێک کە بە شێوەیەک لە شێوەکان لەم فەزا مەجازییەدا ئامادە دەبین، جێ­دەست یان شوێن­پێیمان دەمێنێتەوە. ئەم زانیارییانە، کە پەیتاپەیتا کەڵەکە دەبن، ‌هێدی هێدی سیستەمی بەرگریمان لە بەرانبەر دەسەڵات­دا لاواز دەکەن و لە بەردەم کۆنترۆڵی دەسەڵات­دا، دەست لە ئەژنۆ درێژتر، بەبێ بەرگری دەمانهێڵنەوە و، تا زیاتر لە نێو ئەم سیستەمدا کارا بین، زێتر زەمینەی جڵەوکردن و پێبەست کردنی خۆمان دەڕەخسێنین. واتا ئێمە خۆمان، بووین بە ئامرازی پیادەکردنی دەسەڵات بەسەر خۆمان­دا. کەواتە لە هەموو جێگەیەک­دا، دەسەڵات بوونی هەیە، ئەویش نەک لەبەر ئەوەی دەسەڵات هەموو پنتێک پڕ دەکات، بەڵکو لەبەر ئەوەی دەسەڵات لە هەموو پنتێکەوە هەڵدەقووڵێت. ڕاستییەکەی، دەسەڵات، ڕووبەرێکی ناڕوونە و پێوەندییەکانی نێوان هێزەکان کاری لێ دەکەن و، هەرگیز دۆخی نەگۆڕ و جێگیر بە خۆوە نابینێت. دەسەڵات تەنها ئەوی دەم شیاوی بەرگەگرتنە، کە بتوانێت بەشێکی گەورەی ڕوخساری خۆی دابپۆشێت و، سەرکەوتوویی دەسەڵات بە توانای وی لە شاردنەوەی میکانییزمەکانی­دا، پەیوەستە. بە بۆچوونی فۆکۆ، دەسەڵات، هەمیشە سنوور و ئاستەنگ بۆ ئازادی درووستدەکات. بە سەرنجدانێک لەو سیستەمە باڵادەستەی ژیانی ئێمەی پاوان کردووە، ڕاستی ئەم بۆچوونە دەسەلمێت. لە کۆمەڵگەیەک­دا دەژێین، کە بەکارهێنان، بوونی دەوڵەتێکی تۆکمەی دامەزراو، کار، هاوسەرگیری لەگەڵ ڕەگەزی بەرانبەر، نایەکسانیی نێوان ژن و پیاو و شتانێکی تری هاوشێوەی ئەمانەش، وەکو شێوازی ئاسایی و سرووشتیی ژیانی کۆمەڵایەتی سەرنج دەدرێن. هەریەک لەوانە، دەرخەری ئامادەیی جۆرە جیاوازەکانی دەسەڵاتن، کە هەریەک لەم جۆرانە جڵەوی ئێمە دەکەن و هەڕەشە لە ئازادیی ئێمە دەکەن. لەگەڵ ئەوەشدا، هیچ پێوەندییەک لە دەرەوەی دەسەڵات­دا، بوونی نییە و هیچ پێوەندییەکی لە دەسەڵات داماڵدراو لە ئارادا نییە و، تەنانەت ئازادییش، ملکەچی پێوەندییەکانی دەسەڵاتە.(فۆکۆ، ٢٠٠٦، ل٥٤)

فۆکۆ لە جینالۆجیادا، سەرهەڵدانی زانستە کۆمەڵایەتییەکان و ڕەواج پەیداکردنیان، بە پرسی دەسەڵاتەوە گرێدەدات. بە بۆچوونی وی، زانست، بەقووڵی ئاوێزانی پەیوەندییەکانی دەسەڵاتە و، شانبەشانی پێشڤەچوون لە بواری پیادەکردنی دەسەڵاتدا، ئەویش پێشڤەچوون بەخۆوە دەبینێت. بە دەربڕینێکی تر، لە هەر جێگەیەک دەسەڵات پیادەبکرێت، زانستیش بەرهەمدەهێنرێت. لەم ڕوانگەیەوە، زانستە مرۆییەکان لە هەناوی تۆڕی پێوەندییەکانی دەسەڵات­دا سەریانهەڵداوە و، لەبەرانبەردا، زەمینەی پێشڤەچوونی تەکنیکی دەسەڵات فەراهەمدەکەن. ڕاستییەکەی، پێوەندیی دوولایەنەی نێوان دەسەڵات و زانین، ئەو بابەتەیە کە فۆکۆ سەرنجی دەداتێ، بۆ ئەوەی پەردە لەسەر خەسڵەتی (هێز-سێنتەر)ی زانستە کۆمەڵایەتییەکانی مۆدێرن و سیستەمی حەقیقەت لابدات(باقرالعلوم، ٢٠٠٥، ل٢٠). مەبەستی فۆکۆ لە گوتار، تۆپەڵەیەکی بێ ڕوخساری پێکهاتوو لە چەمک و واژەی لەسەر یەک کەڵەکەکراو نییە، بەڵکو مەبەست ئەو چوارچێوەیەیە، کە بە شێوازێکی ڕێسامەند، گەواڵەهەوری چەمک و واژەکان لەخۆ دەگرێت و، پالینتۆلۆژیش دەکارێت ڕێسا و نەزمی نێو ئەم چێوەیە، بدۆزێتەوە.

ئەو یەکەیەی فۆکۆ سەرنجی لەسەر چڕدەکاتەوە، دەستەواژەیە؛ واتا کۆمەڵەیەک لە نیشانە و هێماکان، کە لە هەناوی گوتارێکی دیاریکراودا جێکەوت­دەبن و دەبن بە خودانی مانا. دەستەواژە هەروەکو ئوبێکت، فۆرمێکی بەرجەستە و ماددیی هەیە، وەلێ مانا(ناسنامە)کەی زادەی دۆخ و پێگەی دەستەواژەکەیە لە کاتی گەردانکردن­دا، یانژی لە دەستگا کۆمەڵایەتییەکانەوە سەرچاوەدەگرێت. دەستەواژە لەنێو کێڵگەی واتایی گوتاردا و بە تەنیشت دەستەواژەکانی ترەوە گەرداندەکرێت و ئەرکی خۆی وەردەگرێت، پێوەندی و ئاڵوگۆڕ لەنێوان دەستەواژەکان­دا، بواریان پێ دەدات کار لە یەکدی بکەن و نەزم و مانا بە یەکدی ببەخشن و ڕۆڵی خۆیان وازی بکەن. بە بۆچوونی فۆکۆ، ماهیەت و حوکمی دەستەواژە، شتانێکی ڕێژەیی­ین و، بە گوێرەی بەکاربردن و شێوازی گەردانکردنی دەستەواژەکە، ماهییەت و حوکمەکەشی دەگۆڕێت. گوتار، زادەی چەندان ڕەگەزی بە ڕێکەوت و جیاوازە، هەروەکو سیستەمێکی کراوە، بە ڕستێک ڕەگەزی نێو گوتارگەلی دیکەوە پێوەستە و، ئەو ڕەگەزانە لێکگری دەدات و، تۆڕێکی واتایی تایبەت بە خۆی دەئافەرێنێت.

فۆکۆ، پێی وابوو، گوتار پاشخانێکی کۆمەڵایەتیی هەیە و، ڕیشەی بۆ نێو دەسەڵات دەگەڕێتەوە. دواجار زمان و جیهان، لە پێوەندیی کارو کاردانەوەدان لەگەڵ یەکدی­دا، هەرچ کات یەکێکیان بگۆڕرێت، ئەوی تریشیان گۆڕانی بەسەردا دێت، واتە عەقڵگیر(مەعقوڵ) دەبێت. بەوەدا کە زمان ئامرازی دەربڕینی ئایدیاکانی کۆمەڵگەیە، بۆیە لە پێناو دەرک کردنی پرۆسەکانی نێو کۆمەڵگە، دەبێت زمان بێتە ناساندن. هابەرماس، فۆکۆی بە کۆنسێرڤاتیستێک کە نکۆڵی لە نەخشەڕێی عەقڵانییەتی مۆدێرنە دەکات، دەزانی. هابەرماس لە سیاقی پەرتووکی (the theory of communicative action)دا، پێی وایە، کە دەتوانرێت پرۆژە ناتەواوەکەی مۆدێرنە، بۆ گوتارێکی جێگا باوەڕ و هەمەکیی بگۆڕرێت و بە دوندی کامڵبوون بگەیەنرێت. ئەمەش هەمان ئەو کارەیە، کە لەلایەن بیریارانی پۆستمۆدێرن و بەتایبەت لەلایەن فۆکووە، ڕەت دەکرێتەوە.(قادری، ٢٠٠٢، ل١٩٤)    

 

 

 

پرەنسیپی (دابڕان) و (پچڕان)ی فۆکۆ لە پێوەندی­دا بە گوتارەوە:

یەکێک لەو چەمکانەی، کە لە چێوەی شرۆڤەکاریی فۆکۆ لەمەڕ دەسەڵات، ڕۆڵی ناوک وازی دەکات، چەمکی گوتارە. گوتار، تەنیا بەو شتانەی دەشێت بگوترێن یان ئەندێشە بکرێن پەیوەست نییە، بەڵکو ڕەبتە بەوەشەوە، کە کێ لە چ کاتێک­دا و بە چ ئەتۆریتییەکەوە دەتوانێت بپەیڤێت. گوتارەکان، دەرخەری مانا و پێوەندییەکانی دەسەڵاتن. گوتارەکان، بابەتەکان دەستنیشانناکەن و لەبارەیانەوە نادوێن، بەڵکو ئافەرێنەری بابەتەکانن و، لەم پرۆسەی ئافەراندنەش­دا، جێدەستیان بە شاراوەیی دەمێنێتەوە. لەم سۆنگەیەوە، مانا و پێناسە، لەو پێگە کۆمەڵایەتی و ڕێکخراوەییەوە هەڵدەقووڵێت، کە لەلایەن بەکارهێنەرانی گوتارەوە، پاوانکراون. کەواتە، ئەوی گیان بە بەر ماناکان و چەمکەکاندا دەکات، زمان نییە، بەڵکو کاری ڕێکخراوەیی و پێوەندییەکانی دەسەڵاتە. هەر ئەوەندەی واژەکان و چەمکەکان لە هەناوی گوتارە جۆربەجۆرەکان­دا جێکەوت بوون و برەویان سەند، ئیدی مانا و کاریگەرییان گۆڕانی بەسەرا دێت. گوتارەکان، توانستی هزرین دەسەپێنن، بە شێوازی تایبەتی دەستەواژەکان ڕێکدەخەن و ئاوێتەی یەکدییان دەکەن و ڕێگر دەبن لەوەی، ئاوێتەبوون و ئامبازبوونی دەستەواژەکان بە یەکدی، بە جۆرێکی تر ڕووبدات.(فاضلی نیا، ٢٠٠٩، ل ٣٥٥). بەهەر حاڵ، چونکە گوتار لەسەر پایەی (کەنارخستن) و (گرتنەخۆ) ڕۆنراوە، بۆیە لەگەڵ گوتارەکانی تردا دەچێتە پێوەندییەکی تژی لە ململانێوە. ئەمەش هەمان پرەنسیپی (دابڕان) و (بچڕان)ی فۆکۆیە. فۆکۆ پێی وایە، مادام دەشێت گوتار لە یەک کاتدا هەم ئامراز و هەم بەرهەمی دەسەڵات بێت و، هەروەتر هەم فاکتەری مانەوەی دەسەڵات و هەم فاکتەری سەرهەڵدانی ستراتیژییەتی نەیاریش بێت، کەواتە دەبێت ددان بە ئاڵۆزی و ناپایەداریی دەسەڵات­دا بنێین. فۆکۆ، گوتار، لە پێوەندیی­دا بە کارکردییەوە هەڵدەسەنگێنێت. گوتار، تەنها نووسراوەکان، پەرتووکەکان، دەقەکان و وتاربێژی نییە، بەڵکو چێوارچێوەی گشتی و پارادایمی کارە. فۆکۆ ڕێگەیەکمان دەخاتە بەردەست، کە بشێت بە هۆیەوە، لە ناوەوە بۆ دەرەوە و، لە دەرەوە بۆ ناوەوەی دەقەکان، گەشتکەین. ئەوەی لە سەردەمە جیاجیاکان­دا شێوە بە گوتارەکان دەبەخشێت، فۆکۆ پێی دەبێژێت سیستەمەکانی فیکر. ئەم سیستەمانە، ڕستێک ڕێسای ناتەواون، لە ڕێگەیانەوە دەستەواژە و شتەکان ئامبازی یەکدی دەبن. ئەم ڕێسایانە، تۆڕگەلێکن، کە زەمینەی بەگەڕخستنی گوتارەکان دەڕەخسێنن.(قادری، ٢٠٠٢، ل ٥٦) 

 

 

 

گوتار(دیسکۆرس)ی دەسەڵات و فۆکۆ:

بڕێکی باش لە کارەکانی فۆکۆ، بۆ کێوماڵکردنی هەلومەرج و پێکهاتە بەرجەستە و تایبەتییە مێژووییەکان تەرخانە. وی، هەرگیز ناکارێت تیۆرێکی گەردوونى لەمەڕ دەسەڵات چێ بکات. دەشێت بەرسڤى ئەو پرسیارەی، کە بۆچی گوتاری دەسەڵات هێندە بۆ فۆکۆ گرنگە، لە دووتوێی هۆکارەکانی لای خوارەوە پەنهان بێت. وەک پێش مەرجێک، بە دیدی وی، پێوەندییەکانی دەسەڵات لەڕوانگەی ئەو بکەرانەوە دێنە چێ کردن، کە گۆڕانکارییە مێژووییەکان بە لادا دەخەن. لە لایەکی دیکەوە، بە بۆچوونی فۆکۆ، هیچ کەسێک ناتوانێت خۆی لە تانوپۆی ورد چنراوی دەسەڵات قوتار بکات و، دەسەڵاتیش لە تاکە کەسێک، یان پادشایەک، یان حکومەتێک یانژی دیکتاتۆرێکەوە دانەکەوتووە. دەسەڵات بە نێو هەموو ئاستە کۆمەڵایەتییەکان­دا، پەرت­وبڵاوە. ئەمە بەو مانایە دێت، دەسەڵات شل و ڕەوان و لۆکاڵییە و، ڕۆژانە و لە هەموو شوێنێک بەری دەکەوین و، هەرگیز ناتوانرێت وجوودی دەسەڵات بسڕدرێتەوە.(فۆکۆ، ١٩٨٠، ل١٢٥) کەواتە، وەک دەیبینین، تێگەیشتنی فۆکۆ بۆ دەسەڵات، لە لایەکەوە فەلسەفەی مێژوو دەباتە ژێر پرسیارەوە، لە لایەکی ترەوە، ڕاڤە و لێکدانەوەی وی بۆ ناواخنی دەسەڵات لە ڕێگەی شرۆڤەی مێژووییەوە، سەرومڕ بابەتێکی نوێ و داهێنراوە.

لە کۆتاییەکانی دەیەی ١٩٧٠دا، فۆکۆ سەرلەنوێ مەعریفەی خۆی لەمەڕ پێوەندییەکانی دەسەڵات، داڕشتەوە و جیاکاریی لەنێوان دوو جۆری دەسەڵات­دا کرد:

١. دەسەڵاتێک، کە وەکو وازی و ململانێی ستراتیژیی نێوان سنورەکانی ئازادی دێتە ناساندن و دەرککردن.

٢. دەسەڵاتێک، کە لە چێوەی هەلومەرجی باو و پێگەی ئاسایی و بەرجەستەدا نوێنراوەتەوە و، خەڵکی بە شێوەیەکی ئاسایی دەزانن کە ئەمە دەسەڵاتە و ناوی دەسەڵاتی بەسەرا دەبڕن.

لە چێوەی ئەوەی یەکەمیان­دا، واتە لە سیاقی یاری و ململانێ ستراتیژییەکانی نێوان سنوورەکانی ئازادی­دا، هەندێک دەکارن ڕەوتاری ئەوانیتر کۆنترۆڵ بکەن، ئەوانیتریش دەکۆشن کە جڵەونەکرێن. بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم پرسە، فۆکۆ هانا بۆ چەمکی (خۆسەری) یانژی (خۆبەڕێوەبەری) دەبات. ئەم چەمکە، هێما بۆ جۆرە پێوەندییەک دەکات، کە تاک لەگەڵ خۆیدا دایدەمەزرێنێ، هەر ئەم جۆرە پێوەندییەشە، کە لە بەرقەرارکردنی پێوەندی لەگەڵ ئەوانیتردا، ئازادییە ستراتیژییەکانی تاک پەردەپۆش دەکات.(قادری، ٢٠٠٢، ل٥١)

لە پەراوێزی دوو باسەکەی سەرەوەدا، فۆکۆ، چمکی ڕەهەندە مێژووییەکەی دەسەڵات دەگرێت و، بەر ڕێژنەی ڕاڤە و لێکدانەوەی دەدات. وی، زۆرێک لە دەستگا کۆمەڵایەتییەکانی وەکوو نەخۆشخانە، زیندان و زانکۆ، بە گوێرەی پەرەسەندنی مێژوویی، بەرباس دەدات. وەلێ لە ڕوانگەی ئەودا، مێژوو پرۆسەیەک نییە، کە تێیایدا ڕووداوەکان و بیرۆکەکان، بەرەوپێشڤەچوونێکی ڕاستەهێڵ­­ئاسایان هەبووبێت. بەڵکە فۆکۆ پێی وایە ڕووداوەکان و بیرۆکەکان هەریەکەیان خۆسەر و لەویتر دابڕاون، واتا مێژوو بازنەیییە.

ئەم بۆچوونی (دابڕان) یان (پچڕان)ەش، یەکێکی ترە لە دا‌هێنانە نوێگەرییە فەلسەفییەکانی فۆکۆ. ئایدیای دژە مێژوویى فۆکۆ، کۆمەڵە زانین و گوتارێکە، کە سەرگوزەشتی ئێمەومانان، بە دابڕاو و ترازاو لە یەکتر و لە ڕابردوو وێنادەکات، نەوەک ئەوەی لەپێشدا سەرگوزەشت و چارەنووسمان یەکلا کرابێتنەوە.

لێکدانەوەی فۆکۆ بۆ گۆڕانکارییەکانی کایەی زانست، لە دووتوێی فەلسەفەی (پچڕان)ی وی­دا پەنهانە. بە دیدی وی، پێشکەوتنی گوتار، قۆناغبەقۆناغ ڕوونادات، تاوەکوو لەم ڕێگەیەوە لە حەقیقەت نزیک ببینەوە. پێشڤەچوونی زانست و گوتار، لە سەر بنەوانی پرەنسیپێکی جێگیر، بنجی دانەکوتاوە. لە سۆنگەی ئەم تیۆری (دابڕان) و (پچڕان)ەوەیە، کە فۆکۆ زانستی باڵادەست و باو، دەباتە ژێر پرسیارەوە.(تاجیک، ٢٠٠٩، ل٥٩)

 

 

تیۆری حەقیقەت(گوتاری حەقیقەت):

زۆرێک لەم ئاین­وئۆینەی ئایدیای دژەمێژوویی فۆکۆ، دڵگرانن و بەر ڕەخنەی دەدەن. فۆکۆ، بۆ بەرسڤى وان، (تیۆری حەقیقەت)ی خۆی وەگەڕدەخات. حەقیقەت لای فۆکۆ، هەمان ئەو حەقیقەتە نییە، کە کانت و هیگڵ هەڵوەدای بوون. وی، سۆراخی دەق و مەتنگەلێک ناکات، کە تێیاندا باسوخواسی نایاب بە لۆژیکی تۆکمە خرابێتنەڕوو. کە فۆکۆ کێوماڵ و سووسەی گوتارگەلی وەکو گوتاری حەقیقەت دەکات، لەبەر ئەوە نییە، دەشێت لە ڕێگەی لێکدانەوەی چەند چەمکێکەوە، پەییان پێ ببرێت. گوتارێلی چون گوتاری حەقیقەت، لە دیدی فۆکۆوە، ناوک و کرۆکی دەسەڵات پێکدەهێنن. نابێت گوتارێکی وەها، لە چاویلکەی نووسیار یانژی خوێنەرەوە ببینرێت، بەڵکە دەبێت لەو ڕوانگەیەوە سەرنجیان بدرێتێ، کە چلۆن دەبنە ئافەرێنەری پێوەندییەکانی دەسەڵات.(شیلز، ١٩٦١، ل٨٥)

بۆنموونە، بۆ تێگەیشتن لە گوتاری خۆرئاوازەدەیی (خۆرئاواخوازیی-weststruckness) یان گوتاری (هەژموونی کولتووری)، نابێت هەمیشە نووسینەکانی کەسانی وەک (ئال ئەحمەد) و (شەریعەتی) یانژی کەسانێک کە لە بەرکاربردنی ئەم چەمکانەدا دەستی باڵایان هەبووە، بە بناغە بگیرێن. بەڵکە دەبێت سۆراخی گوتارێک بکەین، کە لە هەناوی کۆمەڵگە و نزیک بە ترپەی دڵی ژیانی کۆمەڵایەتیی، هەڵقووڵابێت.(قادری، ٢٠٠٢، ل ٥٣). ڕاستییەکەی، بۆ وەچنگخستنی تێگەیشتنێکی باشتر لەمەڕ ئەم گوتارانە، دەبێت لەگەڵ خەڵکانی سەرشەقام و ناو بازاڕ، کرێکاران، کارمەندان و فێرخوازانی زانکۆ پێوەندی درووستکرێت. ئاخر لە دووتوێی پەیڤ و ئاخاوتنی خەڵکانی ئاسایی­دا، گەمەی دەسەڵات و پرسی خۆرئاوازەدەیی و هەژموونی کولتووری، خۆیان نمایش دەکەن. بە بۆچوونی فۆکۆ، لێکدانەوەی نایاب و زیرەکانە بۆ حەقیقەت بوونی هەیە، بە دیوێکی تردا، حەقیقەت خۆی بوونی نییە. لە ڕوانگەی وی­دا، حەقیقەتێکی تاقانە لە مێژوودا بوونی نییە، کە ڕووداوەکان بئافەرێنێت. فۆکۆ، حەقیقەتی باو و باڵادەستی نێو مێژوو، دەداتە بەر ڕێژنەی پرسیار و بۆ ژێر تیغی نەشتەری گومانی پەلکێش دەکات و، پێی وایە، کە ڕەنگە خستنەڕووی شیکاری و لێکدانەوەیەکی باشتر بۆ مێژوو، ببێت بە هەوێنی ئۆنتۆلۆژیای دەمی ئێستا. بۆ نمونە، فۆکۆ لە بەرگی یەکەمی (مێژووی سێکسواڵیتە)دا، ئەوەمان بۆ دەخاتەڕوو، لە هەرچ قۆناغێکی مێژوویی­دا، پێناسەی جیاواز و جۆراوجۆر بۆ پرسی سێکسواڵیتە کراوە. لە ڕۆژگاری شاژنە ڤیکتۆریادا(چاخی ڤیکتۆریایی)، بابەتی گەرمی تێفکرین و مەراقی خەڵکی، بریتی بوو لە پرسی سێکسواڵیتە و قەبەکردنی ئەم پرسە، گەرچی ئەم بەها پێدانە بە ڕووکەش خۆپارێزانە دەینواند، لێ لە پشتی پەردەوە، بابەتەکە بە جۆرێکی تر بوو. تەنانەت هەر لەو ڕۆژگارەدا پۆرنۆگرافی لە نێوان چینە جیاجیاکان­دا ڕەواجی پەیداکرد، کەچی یاساغیش بوو. لە پێناو پاساودان و بەیاسایی­کردنی پۆرنۆگرافی­دا، زەینی ڤیکتۆریایی دەستەودامێنی تەفرەی بە پزیشکیی­کردنی پرسی سێکسواڵیتە بوو، لە ژێر ناوی بڵندی زانست­دا، بیانووی بۆ داتاشی و، بەم­جۆرە حەقیقەتێکی نوێی بەرهەمهێنا، کە بە گوێرەی ئەم حەقیقەتە، چیتر سێکسواڵیتەی بە یاساغ نەدەزانی. دەرئەنجام، بەکارهێنانی وێنەی سێکسی، لەلایەن خەڵکی و بەتایبەت چینی نەجیبزادە و دەوڵەمەندانەوە، شەرعێندرا، ئاوابوو کە زانست فریای ئەخلاق کەوت.

سەربار، کنەوپشکنینی فۆکۆ لە ناو پانتایی مێژوودا، لەسەر بنەمای بزووتن لە (هەمەکیی)ەوە بۆ (هەندەکی) نییە. ئەو، کردەی کێوماڵکردنی مێژوو، لەسەر پایەی تێزێک ڕۆنانێت، کە دواتر لە لایەن ئەوانیترەوە کاری لێ بکرێت. بە پێچەوانەوە، پرۆسەی شرۆڤە و لێکدانەوەی مێژوویی وی، پرۆسەیەکە، دەستگاگەلی دیاریکراو و بەرجەستەی نێو پانتایی مێژوو بە ئامانج دەکات، تاوەکوو لەم ڕێگەیەوە دەستی بە ئایدیاکی مەزنتر ڕابگات، کە هەمیشە لە دۆخی پێشڤەچوون­دا بێت. لێکدانەوە و شیکاریی مێژووییی فۆکۆ، ئەوە بە بناغە ناگرێت، کە مێژوو بە وردی بخوێنرێتەوە، سا بەڵکوو لەو سەرەوە تیۆرێک لەمەڕ دەسەڵات وەچنگ بکەوێت. لێکدانەوە و شیکاریی فۆکۆ لە نێو پانتایی مێژوودا، چوارچێوەیەکمان بۆ دەخاتەڕوو، کە لە دووتوێی­دا، دەسەڵات بە مانا دەروونیی و لۆکاڵییەکەی گەشە دەکات، هەر لەبەر ئەمەشە، فۆکۆ بە فەیلەسووفی هەلومەرجی تایبەتیی ناو دەبەن.

بە دیدی وی، هیچ تیۆرێکی گەردوونی ناتوانێت کارکردی دەسەڵات لە کایەی سیاسی و کۆمەڵایەتی­دا شرۆڤەبکات. ئەو پرسیارەی، کە بۆچی هەندێک دەسەڵاتخواز و هەژموونگەرن، پرسیاری دڵخوازی فۆکۆ نییە، پرسیاری فۆکۆ ئەوەیە، چۆنچۆنی و لە میانی چ پرۆسەیەکدا، سوبێکت جڵەودەکرێت و دەکەوێتە ژێر ڕکێفی دەسەڵاتەوە و ڕستێک ڕەوتاری بەسەرا دەسەپێت؟ بەدەربڕینێکی تر، بۆ نموونە لە بری ئەوەی لە خۆمان بپرسین چۆن فەرمانڕەوا سەرهەڵدەدات، دەبێت بپرسین چۆنچۆنی سوبێکت هێدىهێدی لە ڕووی جەستەیی و فیکرییەوە جڵەودەکرێت و ڕەشمەی فەرمانڕەوا لە ملی خۆی­دا، قبووڵ دەکات؟              

فۆکۆ بە دیوێکدا بە دووی کارکردەکانی دەسەڵاتەوەیە، کە لە هەناوی خێزان، زیندان و نەخۆشخانەدا پیادەدەکرێن و، بە دیوێکی تردا، هەڵوەدای ئەوەیە جۆری ئەو بەرگری و بەرهەڵستییە دەستنیشان بکات، کە لە بەرانبەر دەسەڵاتە جیاوازەکان­دا سەرهەڵدەدەن. ئەم لەڕوو وەستان و بەرەنگارییانە، لە شێوازی جۆراوجۆردا دەردەکەون، بۆ نموونە دژایەتیکردنی هەژموونی پیاوان بەسەر ژنان­دا، یەکێکە لە شێوازەکانی بەرەنگاری. فۆکۆ لەو سۆنگەیەوە ئەم بەرەنگارییانەی خستە بەر سەرنجی توێژینەوەکانی، کە هەڕەشەن بۆ سەر بەهاکانی تاک(قادری، ٢٠٠٢، ل٥٤). ڕاستییەکەی، ئەم بەرەنگارییانە لە بەرانبەر ئەو چەشنە تاکگەرایییەدا سەرهەڵدەدن، کە لە لایەن ئەوانیترەوە و لە سیاقێکی ئەبستراک­دا داڕێژراوە. بە دەربڕینێکی تر، بەرخۆدان و بەرهەڵستکارى، دژی لێکەوتەکانی ئەو دەسەڵاتەن، کە لەگەڵ زانین­ و لێوەشاوەیی­دا ئاوێتە بووە.

بە دیدی فۆکۆ، بەرەنگاری بەم شێوازانەی خوارەوە خۆی نمایش دەکات:

١. بەرخۆدان دژبە جۆرەکانی چەوسانەوە و پاوانکاریی ئابووری، کە تاکەکان لە بەرهەمی ڕەنجی خۆیان بێ بەش دەکات.

٢. بەرخۆدان دژبە جۆرەکانی دەسەڵاتی نەتەوەیی، کۆمەڵایەتی و ئایینی.

٣. بەرخۆدان دژبە ئەو کۆت­وپێوەندانەی، تاک لە سیاقی تاکێتیی خۆی­دا دابەسەتە دەکەن و، لەم ڕێگەیەوە جڵەوی تاک دەکەوێتە ژێر ڕکێفی ئەوانیترەوە.

ڕەنگە هەنووکە ئامانج ئەوە نەبێت، پەی بە ماهییەتی خۆمان بەرین، بەڵکو دەشێت ئامانج ڕەتکردنەوەی (بوون)ی ئێستای خۆمان بێت. بۆ قوتاربوون لە بنبەستی تەنگەژەی سوبێکتسازیۆن(subjectification)ی توخمەکانی دەسەڵاتی مۆدێرن، فۆکۆ پێشنیاری بیرکردنەوە دەکات. ئەنجامەکە وا دەکەوێتەوە، پرسی سیاسی، ئەخلاقی، کۆمەڵایەتی و فەلسەفیی ڕۆژگاری ئێمە، ئەوە نییە بکارین تاک لە چنگی دەوڵەت و دەستگاکانی قوتاربکەین. بەڵکە دەبێت جۆرێکی نوێی سوبێکت پەروەردەبکەین، ئەویش لە ڕێگەی ڕەتکردنەوەی ئەم چەشنە (تاکگەرایی)یە کە سەدان ساڵە بەسەرماندا داسەپاوە(عەضدانلو، ٢٠٠٧، ل٥٥). ئاخر ئەوە هەڵەیە، پێمان وابێت دەسەڵات بە تەنها لە بوخچەی میکانیزمە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان­دا پەنهانە، ڕاستی ئەوەیە، لە هەر شوێنێک، کاروبار بە ڕیتواڵێکی بە ڕووکەش (سرووشتی)ی بەڕێوەبچێ، دروست لەو شوێنەدا دەسەڵات ئامادەیی هەیە. ڕوونتر بدوێین، بە دیدی فۆکۆ، هەتاوەکو دەسەڵات شاراوەتر بێت، توانا و هێزی زیاتر دەبێت.

 

ئەنجام

ڕاستییەکەی، رۆڵی فۆکۆ ئەوەیە، بە خەڵکی بڵێت، سنووری ئازادیتان لەوە بەرنیترە، کە لێی تێگەیشتوون. دەتوانن هەندێک بابەت و دیاردە بەر ڕێژنەی ڕەخنە و تیری تانە بدەن، کە لە ئان­وساتێکی مێژوویی­دا سەریانهەڵداوە و وەکوو حەقیقەت مامەڵەکراون. لەسەر ئەم بنەمایە، ڕووناکبیر کەسێکە، بتوانێت تا ڕادەیەک زەینی خەڵکی بگۆڕێت. فۆکۆ لە میانی چەمکی جینالۆجییەوە، دەکارێت ئەوە پیشان بدات، کە چلۆن مرۆڤەکان لە ڕێگەی ڕۆنانی سیستەمی حەقیقەتەوە، خۆیان و ئەوانیتر لێ­دەخوڕن.  ئاسان نییە فۆکۆ لە چێوەی ساختارشکێنی(deconstruct)ی­دا لە قاڵب بدەین. فیکری وی، بزۆک و هەمیشە جووڵاوە و هەرگیز لە هەوارێک­دا داناسەکنێت.

فۆکۆ، بیرمەندێکە، هەرکە زانی لە حەقیقەت نزیکبووەتەوە، ڕێگای خۆی دەگۆڕێت و بەرەو ئاڕاستەیەکی تر ملدەنێت. فۆکۆ، پێی وایە ناتوانرێت وێنای هیچ جۆرە پێوەندییەکی دەسەڵات بکرێت، کە ئامبازی کایەیەکی (زانست) نەبووبێت و، ئەو جۆرە زانستەش کە لە خۆگری پێوەندییەکانی دەسەڵات نەبێت، بوونی نییە. ڕەنگە هەر لەبەرئەمەش بێت، فۆکۆ لە پێوەندی­دا بە زانین و دەسەڵاتەوە، شەنوکەوی گوتار دەکات. بە دیدی وی، دەسەڵات و زانین، لە هەناوی گوتاردا، ئاوێزانی یەکدی دەبن. حەقیقەت لای فۆکۆ، هەمان ئەو حەقیقەتە نییە، کە کانت و هیگڵ هەڵوەدای بوون. وی، سۆراخی دەق و مەتنگەلێک ناکات، کە تێیاندا باسوخواسی نایاب بە لۆژیکی تۆکمە خرابێتنەڕوو. کە فۆکۆ کێوماڵ و سووسەی گوتارگەلی وەکوو گوتاری حەقیقەت دەکات، لەبەر ئەوە نییە، دەشێت لە ڕێگەی لێکدانەوەی چەند چەمکێکەوە، پەیان پێ ببرێت. گوتارێلی چون گوتاری حەقیقەت، لە دیدی فۆکۆوە، ناوک و کرۆکی دەسەڵات پێکدەهێنن. نابێت گوتارێکی وەها، لە چاویلکەی نووسیار یانژی خوێنەرەوە ببینرێت، بەڵکە دەبێت لەو ڕوانگەیەوە سەرنجیان بدرێتێ، کە چلۆن دەبنە ئافەرێنەری پێوەندییەکانی دەسەڵات و، چۆنچۆنی لە ڕێگەی سیستەمی حەقیقەتەوە خۆیان دەسەپێنن و، چۆن ئێمە  لە ڕێگەی کنەوپشکنین و ناسینی بنەماکانیان، دەتوانین بەرەنگاری و بەرهەڵستیی خۆمان لە بەرانبەر دەسەڵاتدا، بە دروستیی بەرەو پێش بەرین.   .          

 

 

 

 

 

پەراوێزەکان      

١. ناونیشانی ئەو کتێبەیە، کە بێنتهام لە ساڵی ١٧٩٢دا بڵاوی کردەوە و تێیایدا نەخشەی تەلاری زیندان و چۆنییەتی بەڕێوەبردنی زیندانیانی خستەڕوو.

 

سەرچاوەکان:

١. بخشايش اردستاني، احمد، 1386 ، نظريات جديد علم سياست، دانشكده علوم سياسي تهران مركزي.

٢. بخشايش اردستاني، احمد، 1386 ، هرمنوتيك رويكردي براي شفافيت سازي مفاهيم، فصلنامه

. سياست، دوره 37 ، شماره 3

. ٣. تاجيك، محمد رضا، 1388 ، انقلاب ب همثابه يك گفتمان يا پادگفتمان، فصلنامه ذكر، شماره 32 و 31

٤. جهانبگلو، رامين، 1383 ، نقش روشنفكران در گذار به دمكراسي، وقايع اتفافيه خرداد ماه

٥. دوبنوا، آلن، 1382 ، فرجام تاريخ، مجله سياست خارجي، سال هفتم.

٦. عضدانلو، حميد، 1385 ، ميشل فوكو: انديشه ور ناانديشيده ها، اطلاعات سياسي  اقتصادي ،

 سال 20 ، شماره 8

٧. فاضلي نيا، نفيسه، 1387 ، بررسي غرب و هراس بنيادين در بنيادهاي معرف تشناسي در غرب و تشيع، سال اول، شماره 51 ، مركز پژوهش و اسناد رياست جمهوري تهران.

٨. فصلنامه آموزشي باقرالعلوم (علوم سياسي)، 1383 ، سيرانديشه ها، سال هفتم، شماره 28

٩. فوكو، ميشل، 1384 ، حقيقت و قدرت، ترجمه بابك احمدي.

١٠. قادري، حاتم، 1380 ، انديشه هاي سياسي قرن بيستم، چاپ دوم؛ انتشارات وزارت امورخارجه.

11. Shils. E, The Intellectual between Tradition and Modernity: The Hague,1961.

12. Foucault. M, Power / Knowledge, Edited by Colin Gordon, Brighton, 1980.

13. Foucault. M, Discipline and punish. The Birth of the prison, Trans, a Sheridan(Harmonds worth: Penguin, 1979