A+    A-
(1,067) جار خوێندراوەتەوە

ڕانانێک بۆ کتێبی (پاشماوەکانی ئاوشڤیتز)ـی ئاگامبێن

 

 

 

ڕیچارد بێرنشتاین

و. بۆتان بەختیار

 

 

 

 

"ئێمە کتێب دەربارەی ئاوشڤیتز دەخوێنینەوە. ئاواتی هەموان لە کەمپەکاندا، کۆتا ئاوات: زانینی ئەوەیە چی ڕوویداوە، بیریشت نەچێت، هەرگیز نازانیت چی ڕوویداوە.  مۆریس بلانشۆ

 

هەمووکەسێ پێداگرانە دەیەوێت مانای وتەکەی بلانشۆ لەمەڕ ئەزموونی ئاوشڤیتز هەڵگۆزێت. ئارەزووی زانین، تێگەیشتن و وەدەستخستنی ئەوەی وا لە ئاوشڤیتز ڕوویداوە، هەمیشە عوسابیانە بووە. دووبارە و دووبارە دەگەڕێینەوە سەری. بەڵام هێشتا پنتێک هەیە کە دەیگەیتێ، درک بەوە دەکەیت هەرگیز تێیناگەیت. کاتێ هانا ئارێنت پرسیاری لەمەڕ یەکەمین کاردانەوەی وی دەرهەق بە ئاوشڤیتز لێ‌کرا، بیروڕایەکی هاوشێوەی بوونگەرایانەی هەبوو: " شێک لەوێدا ڕوویدا، وا کەسمان ناتوانین خۆمان پێکبهێنینەوە. کەسمان ناتوانین". ئەم پارادۆکسەیە، ئەم بۆشایی نێوان زانین و نەزانینەیە وا سەرنجی ئاگامبێن کێشدەکات. کەمتازۆر لەئێستادا، زانیاریی وردودرشتی مێژوویی، ماتریاڵی، بیرۆکراتی و یاساییمان دەرهەق بەو هەلومەرجانە هەیە وا سەریانکێشا بۆ کەمپە کوشتارگەییەکان. بەڵام وەک ئاگامبێن بە درووستی پێماندەڵێت:"هەمان شت[زانیاری] ناکرێت بەکاربێت بۆ دەلالەتە سیاسی و ئیتیکییەکانی بنەبڕکردن و کوشتن". تەنها نوقسانیی‌مان لە تێگەیشتنی تەواودا نیە، بەڵکو لە مانا و هۆکاری ڕەفتاری بکوژەکان و قوربانییەکانیشدا هەمانە، بەڕاستی وشە و دەربڕینەکانی وان ناڕوون و مەتەڵئاسان. ئاگامبێن دان بەوەدا دەنێت وردەزانیارییەک لە کتێبەکەدا هەیە کە لە گەواهی و شایەتیدانی ڕزگاربوواندا نادۆزرێتەوە و نابینرێت، (کتێبی پاشماوەکانی پاوشڤیتز) شرۆڤەیەکی پەرەدەوامیی‌پێدراو و بنجکۆڵکردنێکی ڕەنگدەرەوەیە دەرهەق بە مەتەڵ و گومان(ـە تیۆری)ـیەکانی ئاوشڤیتز.

فیگەری سێنتراڵ بۆ ئاگامبێن، مسوڵمان‌ـە[1]. مسوڵمان ناوێکە بۆ ئەو زیندانییانە بەکاردەهات وا لە کەمپەکاندا تا ئاستی "مردووی زیندوو" و "کەڵتەکۆنی بێ‌ناو" داهێزرابوون. ئەو کەسانە بوون وەکبڵێی خاڵی‌ن لە مرۆڤایەتی و شکۆوحورمەت. ئەو لادان و درووستکردنە سیستەماتیکە جەهەننەمییەی ئەم چەشنە مرۆڤە، وای لە هانا ئارێنت کرد، دەرهەق بە خراپەی ڕیشەیی بێتەگۆ. ڕەنگە ئاگامبێن لەگەڵ ئەم بڕیارەی ئارێنتدا کۆک بێت کە دەڵێت:" غایەتی کەمپەکان تەنها قڕکردن و سوککردنی مرۆڤەکان نیە، بەڵکو بەچەشنێکی ترسناک پاڵپشتی تاقیکردنەوە و هەوڵی قڕکردنیش دەکات، ئەویش لە هەلومەرجێکدا وا لەژێر کۆنتڕۆڵی زانستیدایە. کردەی بێهۆشکردن و وڕکردن  لەخۆیاندا، دەلالەتن لە گواستنەوەی کەسایەتی مرۆڤ بۆ شتی ڕووت mere thing   بۆ شتێک کە تەنانەت ئاژەڵانیش وا نین". ئەم وتەیەی ئارێنتیش بەتەواویی نایپێکێت، چون مسوڵمانـەکان شتی ڕووت نین، هێشتا وەک مرۆڤ دەناسرێنەوە، هەرچەندە هەنێ خۆیان گێلدەکەن و بە مرۆڤی نامرۆڤ ناوزەدیان دەکەن. لەم لێوارەدا، کۆی ئەزموونەکە خەیاڵاتی مسوڵمانەکە داگیردەگەن: هەندێ کات فیگەرێکی پزیشکی یان کاتەگۆرییەکی ئەخلاقی، هەندێ کات سیاسەت یان چەمکێکی ئەنترۆپۆلۆژی، مرۆڤایەتی و نامرۆڤایەتی و فیسیۆلۆژیا و ژیان و مەرگ بەجارێک یەکتریی دەبڕن. هەر لەبەر ئەمەشە "جیهانی سێیەم"ـی مسوڵمانەکان هیچی ڕەهای کەمپەکانن، نا−شوێنێک تێیدا هەموو سنوور و بەربەستەکان بە حەوادا دەچن و نامێنن. ئاگامبێن بەدوای پنتێکدا دەگەڕێت وا هەموو چەمکە سیاسی، بایۆلۆژی، ئەخلاقی و پزیشکییە نۆڕماڵەکانمان تیادەچن. [چەمکەکان] لەم هیچە ڕەها و لەم نا−شوێنەدا دادگەری بەرقەرارناکەن. ڕەنگە بڵێین مسوڵمانەکان نوقسانن لە مرۆڤایەتیدا، بەڵام هێشتا وەک مرۆڤ دەیانناسینەوە، یان دەشێت بڵێین مردووی زیندوون، بەڵام نە مردوون و نە زیندووش.

لە کۆتاییدا، بەکارهێنانی پاشماوە remnant   لە ناونیشانی کتێبەکەدا لێرەوە دێت: لە پەیماننامەی کۆندا، ئەوەی ڕزگارکراون، خەڵکی ئیسڕایل نین، بەڵکو تەنها پاشماوەکانن. پاشماوەکانی ئیسڕایلیش، نە دەلالەتن لە بەش نە لە کۆی خەڵکەکە، نە مێژوویین نە ئەبەدی. بەڵکو درز و کەلێنێک جیایان دەکاتەوە. کەواتە پاشماوەکانی ئاوشڤیتز، نە ڕزگاربوون نە مردوو، بەڵکو هەمیشە لەو نێوەندەدان.

 

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

 

ئاوشڤیتز و مەحاڵێتیی بینین

 

 

 

جۆرجیۆ ئاگامبێن

 

 

 

 

 ئاوشڤیتز پێگەی ئەزموونێکە کە تا ئەمڕۆش بیرلێنەکراوە بووە، ئەزموونێک لەودیو ژیان و مەرگەوە وا تێیدا جولەکە دەکرایە مسوڵمان[مزولمان] و مرۆڤ دەکرایە نا−مرۆڤ. لە ئاوشڤیتزیش تێناگەین تاکو نەزانین (مسوڵمان) کێ یان چیە، تێیناگەین تاکو لە نیگای گۆرگۆنەوە لێی نەڕوانین. یەکێک لەو تەفسیرانەی لێڤی[١] بەکاریدێنێت بۆ باسکردنی مسوڵمان ئەمەیە: "مسوڵمان ئەو کەسەیە کە گۆرگۆنی بینیوە". بەڵام هەر لەڕاستیدا مسوڵمان چیی بینیوە؟ لە کەمپەکاندا، گۆرگۆن چیە؟ لێکۆڵینەوەیەکی سەرمەشق کە پشتی بە ئەدەبیات، پەیکەرسازی و هونەری وێنەکێشانی گۆزە بەستووە، فرانسوا فرۆنتیزی دوکرۆ، چۆنیەتیی درککردنی یۆنانییەکان دەرهەق بە گۆرگۆن دەخاتەڕوو. مێیینەیەکی ناشرینی ڕووپۆشکراو بە سەرەئەژدیها، وا لەڕێی تێڕوانین و نیگاکانیەوە مەرگی دەهێنا و فرساوس[٢]، بە یارمەتیی ئەتینا، دەبوا بەبێ لێ‌ڕوانین و بینینی کۆتایی پێبهێنێت. پێش‌هەمووشت، گۆرگۆن بەپێچەوانەی مانای چەمکە یۆنانییەکەی prosopon   سیمای نیە، [کە پرۆسۆپۆن] بەمانا ڕیشەناسییەکەی دەلالەتە لە "ئەوەی خۆی دەخاتە بەر چاوەکان، ئەوەی وادەکات ببینرێت". سیما یاساغەکەی− ئەوەی وا ناتوانرێت ببینرێت بەهۆی هێنانی مەرگەوە− بۆ یۆنانییەکان نا−سیمایە[٣] و هەرگیز لەڕێی چەمکی پرۆسۆپۆنەوە ناخرێتەڕوو. بەڵام هێشتا ئەم مەحاڵێتیی بینینە بۆ یۆنانییەکان، شتێکە دەبێت هەبێت [و ببینرێت!]. ئەوە تەنها نا−سیماکەی گۆرگۆن نیە کە بێ‌شومار لە پەیکەرسازی و هونەری وێنەکێشانی گۆزەکاندا نوێنراوەتەوە، بەڵکو سەیرترین فاکت شێواز و چۆنیەتیی خۆدەرخستنی گۆرگۆنە. "گۆرگۆنی دژە−سیما[٤]، تەنها لەڕێی ڕووخسارێکەوە دەنوێنرێتەوە...لەڕێی کۆمەڵێک نیگای بێ‌سەروبەرەوە...ئەم دژەپرۆسۆپۆنە، بە پڕێتیی خۆیەوە، بە خستنەڕوویەکی ڕوونی هێما ترسناکە دیدەکی‌یەکانیەوە، خراوتە بەر نیگاکان."(فرۆنتیزی دوکرۆ، ١٩٩٥، ٦٨). بە جیابوونەوە لە تێڕوانین و نەریتە ئایکۆنۆگرافییەکەوە، کە پێی‌وایە فیگەری مرۆڤێک لە هونەری وێنەکێشانی گۆزەکاندا تەنها لەڕێی پڕۆفایلێکەوە دەخرێتەڕوو، گۆرگۆن هیچ پڕۆفایلێکی نیە. هەمیشە وەک ڕوویەکی تەخت دەنوێنرێتەوە، ڕەهەندی سێیەمی نیە. ئەمەش شتێکە−بەپێچەوانەی ڕووخسارێکی ڕاستەقینەوە، بەڵکو وەک وێنەیەکی ڕەها− تەنها دەکرێت بنوێنرێتەوە و ببینرێت. گۆرگۆن، ئەوەی مەحاڵێتیی بینین دەنوێنێتەوە، شتێکە کە ناتوانرێت ببینرێت. بەڵام هێشتا زیاتر هەیە. دوکرۆ هاوتەریبییەک دەخاتە نێو ئەم هونەرەوە، کە تێیدا لە نەریتە ئایکۆنۆگرافییەکەی وێنەکێشانی گۆزە و گێڕانەوە[٥] جیادەبێتەوە. فیگەری گێڕەرەوە، واتە نووسەر لەڕێگەی نەریتی هەڵدڕین و دووکەرکتکردنی گێڕانەوەوە، ڕوودەکاتە کارەکتەرێک یان کۆی خەڵکی. ئەمەیش واتە مەحاڵێتیی بینینەکە، کە گۆرگۆن هیچ‌ـە ڕەهاکەیە، شتێکی وەک گێڕانەوەی تێدایە وا ناکرێت وەلابنرێت. [واتە سیمای گۆرگۆن غایبە، نیە، بەڵام ناکرێت وەلابنرێت]. بەڵام بەم شێوە بێت، ئەوەی وا گۆرگۆنی بینیوە، ناکرێت یەکسەر پێی‌بڵێین موسڵمان. بینینی گۆرگۆن، واتە بینینی "مەحاڵێتیی بینین". کەواتە گۆرگۆن ناوی شتێک نیە کە بوونی هەبێت، یان لە کەمپەکاندا ڕوویدابێت یان مسوڵمان و ڕزگاربووەکانی تر بینیبێتیان، بەڵکو گۆرگۆن دەرخەری مەحاڵێتیی بینینە و پەیوەستە بەوانەی وا لە کەمپەکاندان، ئەوەی وا "دەستی ناوە بە دوگمەکەدا" و بووە بە نا−مرۆڤ. موسڵمان هیچی نەبینیوە و نەزانیوە، جگە لە مەحاڵێتیی بینین و زانین. هەر لەبەر ئەمەیشە شایەتیدان لەسەر مسوڵمان و گێڕانەوەی مەحاڵێتیی بینین، کارێکی سادەوسانا نیە. لە دۆخی مرۆڤبووندا، ئەوەی هەیە جگە لە مەحاڵێتیی بینین هیچی دی نیە−ئەمە گۆرگۆنە، ئەو گۆرگۆنەی بە بینینی دەبیتە نا−مرۆڤ. بەدەقیقی، ئەم مەحاڵێتییە نامرۆڤانەی بینین، دەلالەت و ئاماژە و ناساندنێکە بۆ خودی مرۆڤ، ئاماژەیە بۆ ئەو گێڕانەوەیەی کە هیچ پێچلێدان و لێ‌دەرچوونێکی بۆ مرۆڤ تێدا نیە. گۆرگۆن و ئەوانەی بینیویانە، مسوڵمان و ئەوانەی شایەتیدەدەن، هەموویان لە یەک نیگادان، نیگای مەحاڵێتیی بینین. [گەر پێچێک لێدەین، مەبەستەکەی ئاگامبێن لەوەیە، ئەم مەحاڵێتیی بینین و زانینە، بەڵگەیە بۆ بوونی ئاوشڤیتز و دۆخی نالەباری زیندانییەکان].

 

 

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

پەراوێزەکانى بابەتى دووەم:

[1] یەکێکە لە ڕزگاربووانی ئاوشڤیتز.

[2] یەکێک لە پاڵەوانەکانی میتۆلۆژیای یۆنانییە.

[3] non−face

[4] anti−face

[5] apostrophe  بۆیە گێڕانەوەمان دانا، چونکە لە کۆی نووسینەوەکەدا غیابێک دەگێڕێتەوە، کە ئەویش سیمای گۆرگۆنە.

 

 

پەراوێزى بابەتى یەکەم:


[1] . مزلمان بە ئاڵمانی: Muselmänner زاراوەیەکی سیاسییە کە گەرچی لە وشەی موسوڵمانەوە وەرگیراوە بەڵام لە سەدەی بیستەم دا بوو بە زارەوەیەکی سووکایەتی ئامێز کە بە گیراوانی کەمپە بێگاریەکانی ئالمانی نازی نیسبەت دەدرا. مزلمان بریتی بوو لە دەستەیەک لە گیراوانی ئەم کەمپانە کە بە هۆی لاوازی، بەدخۆراکی و سوئی تەغزیە مەودا و جیاوازیەکی ئەوتۆیان لە گەڵ مەرگ نەمابوو. هەر وەها مزلمان تاقەتی خۆڕاگریشی لە دەست دەدا و خۆی بە دەستی مەرگ دەسپارد. ویکیپیدیاى کوردى