A+    A-
(1,145) جار خوێندراوەتەوە

 

پیرۆزی لە دونیای سیکۆلاردا

 

 

 

 

مێرچیا ئیلیادە

لە ئینگڵیزییەوە: بۆتان بەختیار

 

 

 

 

لێکۆڵینەوەکانم وەک مێژووناس و دیاردەناسێکی ئایینی، بەرەو ئەوە پەلکێشیانکردم کە مرۆڤی پێش سەردەمی خۆمان بە (هۆمۆ−ئایینی) ناوزەدبکەم. بەڵام ویستم لەوەش زیاتر هەنگاوبنێم. بڕوام وایە، مرۆڤێکی مۆدێرن و سیکۆلار هەرچۆنێک بیر لە خۆی بکاتەوە، هێشتاش پێی هەر لەنێو ڕەهەندێکی پیرۆزییدایە. نابێت ئەو فاکتەی کە ئەم ڕەهەندە لە کۆمەڵگاکەماندا دیار نیە و دەرناکەوێت، ڕێگریمان لێ بکات لە پیشاندان[ـی ڕەهەندی پیرۆزی]. کەواتە، چۆن ئەم هەوڵە بخەینەگەڕ؟ خوێندنەوە بۆ مێژووی ئایینەکان، پێشوەختە ئامڕازی باشیان خستۆتە بەردەستمان. لەم باسەدا، کەشف و میتۆدۆلۆژییەکان دەرهەق بە مرۆڤی مۆدێرن بەکاردێنم، ئەویش لەپێناو ئەوەی  پیشانیدەم کە شیکارییەکی هێرمۆنۆتیکی بۆ مرۆڤی سیکۆلار، پەردە لەسەر پیرۆزیی لەو ژیانەدا(ژیانێکی سیکۆلار) لادەدات.

 

 

پیرۆزی و بونیادی ئاگایی مرۆڤ

ئەگەر لە مێژووی ئایینەکاندا ئایدیای پیرۆزی، پەیوەست بێت بە بوون و ماناوە، ئەوا مێژووناسە ئایینییەکان−هاوکات دیاردەناسیش چونکە سەروکاریان لەگەڵ مانادا هەیە− شتێک دەدۆزنە کە بەهەمیشەیی ڕوون و ئاشکرا نەبووە: [دۆزینەوەکەش ئەوەیە وا] پیرۆزیی توخم و بەشێکی بونیادی ئاگایی مرۆڤە، بەشێکه لە مۆدی بوونی مرۆڤ لە جیهاندا. ئەم گوزارەیە " بوون لە جیهاندا"، بە مانا پۆست‌هایدگەرییکەی "بوون−لە−جیهاندا" بەکارناهێنم، بەڵکو بە مانا پێش‌هایدگەرییەکەیەتى خستوومەبەکارهێنانەوە. بەسادەیی واتە مرۆڤ خۆی لەم جیهانەدا دەبینێتەوە، بونیادی ئاگایی بەجۆرێکە پێی‌وایە بەدرێژایی ئەزموونەکانی وی، شتێک تەواو ڕاستەقینە و مانادار هەیە، شتێک کە سەرچاوەی بەهایە بۆی. ئەوەندەی من تێیدەگەم، بونیادی ئاگایی مرۆڤ بەجۆرێکە وا بەبێ گەڕان بەدوای بوون و مانادا ناتوانێت بمێنێتەوە. گەر پیرۆزی بە مانای ڕاستی، مانادار و بوون بێت−تا ئەو ساتەی ئیمانت پێیە وایە−، ئەوا پیرۆزی بەشێکە لە بونیادی ئاگایی. کە مرۆڤ بەئاگا دێتەوە لە مۆد و شێوازی بوونی لە جیهاندا، ئەوکات درک بەوە دەکات بووەنەوەرێکی مرۆک mortal ــە  و مەخلووق و درووستکراوە. درووستبوونەکەی بەشێوازێکی ئوستورەیی لەنێو مێژوویەکی پیرۆزدا بۆ گێڕدراوەتەوە و درک بەوە دەکات وی تاکە ئەنجامی ئەوەیە کە ڕوویداوە. دەتوانین کەلتووری دێرینی ڕوێنەرە کەمەرەییەکان بەنمونە وەربگرین کە نەک تەنها بەئاگابوون لەوەی کە بوونەوەری مرۆکن [و ڕۆژێک دێت دەمرن]، بەڵکو بەئاگابوون لە بەرپرسیارێتیی خۆیشیان دەرهەق بە گەردوون. پێیان‌وابوو بەبێ کار و ڕیتوالی وان، دنیای سەوزایی و ڕواندن و چاندن مەحاڵە بەردەوام بێت. ئەم بەئاگابوونە دەرهەق بە بەرپرسیارێتییە، وایکرد کە خەریکی کۆمەڵێک ڕیتواڵی تراژیدی و نەگریس ببن، وەک بەقوربانیکردنی مرۆڤەکان، مرۆڤخۆری، گاڵتەوگەپی ترسناک. ئەمانە هەمووی ڕەفتاری ئایینین، کە بە بڕوای ئێمە خراپ و دڕندانەن. بەڵام ئەمانە مانا دەبخشن، و ئەو مانایەش مرۆیی نیە بەڵکو ئایینییە. چۆنایەتیی ئایینی ڕوون‌وئاشکرای ئەم مانایە لەوەدا قەتیس نابێت کە چی ببێت و چی نەبێت، یان چی ڕاستەقینەیە و چی‌ش ناڕاستەقینە، بەڵکو هەڵگری [بیرۆکە]ی ڕزگارییشە لەخۆیدا. ئەم دەسەڵاتی ڕزگارکردنە لە کرداری سەرمەشقێکەوە، لە کرداری دووبارەوەبووی خوایەک یان پاڵەوانێکەوە دێت و ئەم کردەیەش شتێکی سەروو−مرۆییە. پێم‌وایە ئەم ئایدیای ڕزگارییە لەڕێی مۆدێلێکی سەرمەشقەوە، بەشێکە لە ئاگایی مرۆیی. مرۆڤە سەرەتاییەکان، سەرمەشقەکانیان و تێڕوانینیان بۆ بوون و مانا لەڕێی ئوستورەکانەوە دەدۆزییەوە. مرۆڤی مۆدێرن ئوستورە ڕەتدەکاتەوە، یان دەشێت بێت و بڵێت پیرۆزیی‌ش. بەڵام تەنها کاتێک دەتوانێت ئەوە بڵێت کە بە هەڵە لە سرووشتی ئوستورە تێگەیشتبێت. بۆ ڕوونکردنەوەی مەبەستەکەم: ئەوەی وا بۆ مەسیحییەکان کتێبی پیرۆزە و ناوی ئینجیلە،  لە تێڕوانینی مرۆڤە سەرەتاییەکاندا ئوستورەیە، بۆئەوەی ئایینەکان ڕاستی و مانای ژیان بۆ خەڵکی بخەنەڕوو، پێویست ناکات گوزارە و دەربڕینی ئوستورەیی بەکاربێنن. دنیای مانای مرۆڤی مۆدێرن، هەمان کارکردی ئوستورەی هەیە لەنێو مرۆڤە سەرەتاییەکاندا. لەکاتێکدا مرۆڤی مۆدێرن خولیای دۆزینەوەی مانای ژیانیی هەیە، ئەو مانایە دەکرێت ببێتە مۆدێل و سەرمەشقێک بۆی، ئەم مۆدێلەش هەمان ڕۆڵی ئوستورە دەگێڕێت، کە لەنێو مرۆڤە سەرەتاییەکاندا سەرمەشقێکی تەرحدەکرد و  دەبووە هۆی دووبارەکرنەوەی ڕیتواڵەکان. کەواتە، پیرۆزی هەر وەک توخمێکی نێو ئاگایی مروڤی مۆدێرن دەمێنێتەوە. لەمڕۆدا تێڕوانینی پەرەسەندنگەرا بۆ مرۆڤ زاڵە، بەڵام مێژووناسی ئایینەکان عادەتەن دوور لەو تێڕوانینە کار لەسەر ئاگایی مرۆڤ دەکات. کاتێک مرۆڤ لە شێوازی بوونی بەئاگادێتەوە، شتێکی لا درووستدەبێت، لەم شتەیشدا هاوبەشە لەگەڵ "بەناو so called" مرۆڤە سەرەتاییەکان و فەیلەسووفە مۆدێرنەکاندا. لە نووسراو و بڵاوکراوەی ئەنترۆپۆلۆژیستەکانەوە ئاشنای شتێکین، ئەوەی وا فەیلەسووفێک پێی‌دەڵێت دڵەڕاوکێ و مردن، لەلایەن مرۆڤە سەرەتاییەکانەوە ئەزموونکراوە.

مەبەستمە بڵێم، دۆخی مەزنی مرۆڤ، لە هەموو سەردەمەکاندا هەر یەک شتە. ئەمە وەک بنەمایەکی یونیڤێرسال ڕەچاودەکەم. مانا لەکوێوە دێت لە بەیاننامە ئایینییەکانی وەک ئوستورە و ڕیتواڵەکان؟ گەر دیاردەناسێک وەڵامبداتەوە دەڵێت مانا لە عەقڵدایە. بەڵام مانا درووستکراوی عەقڵ نیە. پێش دۆزینەوە و شۆڕشی کشتوکاڵ، مرۆڤ باوەڕی با مانا ئایینییەکەی ڕواندن و چاندن نەبوو. بەڵام لەگەڵ دەرکەوتنی کشتوکاڵدا، مرۆڤەکان چارەنووسی خۆیان لەگەڵ چارەنووسی ڕووەکەکاندا هاوشووناسکرد. (مانای بوونی مرۆڤ)یان پاچڤەکردە سەر زمانی سەوزەوات. هەروەک ڕووەکێک، منیش لە تۆوێک بووم، دەمرم، دەنێژرێم و دواتر زیندوودەبمەوە. ڕاستە ئەم مانایە لە عەقڵدایە، بەڵام نەدەکرا پێش دەرکەوتنی کشتوکاڵ بوونی هەبێت. لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانین بڵێین نیەتی ئاینیی سەوزی‌گەرایی(ڕووەکگەرایی) لە عەقڵەوە سەرچاوەی گرتووە. ئەمە فاکتێکە پێشخوەختە[پێش کشتوکاڵ] هەر هەبووە، ڕووەک لە تۆوێکەوە گەشەیکردووە، گوڵی گرتووە، وشک‌وسیس بووە و دواتر هەمیسان گەشەیکردۆتەوە. ئەم نیازونیەتە هەیە و بەرهەمی ڕۆحی مرۆڤە نەوەک عەقڵی مرۆڤ، چونکە نیەتەکە لەمیانی پڕۆسەیەکی کشتوکاڵیدایە. بونیادی کشتوکاڵ پێیدەوترێت ئایینی بەپیتی. هیچ دەستکاری و بەهادانانێکی عەقڵیی بەئاگای مرۆڤ بوونی نیە لە گواستنەوەی پرۆسە سرووشتییەکە بۆ پڕۆسەیەکی ئایینی. کاتێک مرۆڤ نیەتێکی وەهای گرتەدەست، کشتوکاڵ بۆی دەبێتە ئاکتێکی ئایینی. نیەت و ئامانجی ڕووەکگەرا دەبێتە کێڵانی زەوی، نەک دڕندەیی. کێشەیەکی دی کە ڕووبەڕووین لەگەڵیدا، چۆنیەتی خۆدەرخستنی ئاگایی کۆمەڵایەتیی مرۆڤی مۆدێرنە.  لەمڕۆدا مرۆڤێکی نائایینی پیرۆزی ڕەتدەکاتەوە. بەڵام ئاگایی وی بێ ئایدیای بوون و مانا هەڵناکات. ڕەنگە پێی‌وابێت ئەمانە شکڵ‌وشێوەی سرووشتیی ئاگایین. ئەوەی ئەمڕۆ هەیە، مرۆڤێکە وایدادەنێت هیچ موقەدەس و پیرۆزییەک و هیچ خوایەکی نیە، بەڵام هێشتاش ژیانی مانای هەیە. چونکە بەبێ ئەم مانایە ناتوانێت بژیێت و ژیانی دەبێتە بێسەروبەری و ئاژاوە. [مرۆڤێکە] بەدوای بووندا دەگەڕێت و پێشی ناڵێت بوون، بەڵکو بە ئامانج و مانا ناوزەدی دەکات. بەجۆرێک ڕەفتاردەکات وەکبڵێی سەنتەر و چەقێکی هەیە، شتێک دەکات یان بۆ شوێنێک دەڕوات. هیچ ژێستێکی ئایینی نابینین لێرەدا، تەنها مرۆڤێکە و مرۆڤانە ڕەفتار دەکات. بەڵام وەک مێژووناسێکی ئایین، دڵنیا نیم هیچ ژێستێکی ئایینی لێرەدا نەبێت. ڕەنگە شتێکی نوێی تێدابێت کە ئایینی دەرناکەوێت، [بۆیە دەرناکەوێت] چونکە بەتەواویی نوێیە و بە مانایەکی هیومانیستانە باسیدەکەین.

ئەمەش بەو مانایە نایەت ئاگاییە نوێکە درێژەپێدەری بوون و مانا و ئاگاییە دێرینەکە نەبێت. ناتوانم بەتەواویی ڕەچاوی ئەو قسەیە بکەم کاتێک یەکێک دەڵێت "بڕوام بە خوا نیە"، "بڕوام بە مێژوو هەیە" و هتد. پێم‌وا نیە سارتەر کۆی ژیانی خۆی لە فەلسەفەکەیدا باسکردبێت، من دەزانم سارتەر دەخەوێت، خەون دەبینێت، حەزی بە مۆسیقایە و دەشچێت بۆ سەیرکردنی شانۆ. سارتەر لە شانۆییەکەدا بەشێوەیەکی کاتی ڕەهەندێکی تر وەردەگرێت و لە ساتی مێژووییدا نامێنێت. ئێمەیش چەشنێکی تر دەژین کاتێک گوێ بۆ باخ bachدەگرین. نمونەیەکی تر لە درامادا قیتدەبێتەوە، ئێمە دوو کاتژمێر سەیری درامایەک دەکەین، بەڵام ئەو کات و چیرۆکەی درامەکە دەیگێڕێتەوە هی چەن ساڵێکە.

پێم‌وایە مرۆڤی مۆدێرن بەشێوەیەکی نەستەکی هێشتا هۆمۆ−ئایینییە، هەندێ سەرچاوەی بەها و مانا و وێنەی هەیە کە خۆراک لە نەست، شیعرەکان و شانۆییەکانەوە وەردەگرن. من ناتوانم گەردوون وەک بوونەوەرێکی خودئاگا و عەقڵانی وێنا بکەم، کە مرۆڤ پێی‌وایە هی وییە، چونکە گەردوون مرۆڤ نیە.