ویستى زانین و حەقیقەت
(مێژووی سێکسواڵیتە)
محەمەد زەیمەران
و. وریا ئەحمەد
بەرگی یەکەمی پەرتووکی (مێژووی سێکسواڵیتە)، بەسەرکردنەوەی باسوخواسێکی بەرفراوانە لەمەڕ جێنالۆجیای سێکسواڵیتە و پێوەندیی وی لەگەڵ حەقیقەت، زانین، زەین و دەسەڵات لە پانتایی دیرۆکی خۆرئاوادا. پێش ئەوەی باسی ویستى زانین و حەقیقەت بەر ڕووناکی بدەین، دەبێت بگوترێت فۆکۆ بەکاریگەریی نیچە، ئەم چەمکە فەلسەفییەی وەک ڕێنوێنیکەری خۆی وەگەڕخستووە. نیچە وا دەهزرا، کە (هەبوون) بە هەموو ڕەهەندەکانیەوە، بێجگە لە ویستى هێز، هیچی تر نییە.
فۆکۆ لە نیوەی یەکەمی بەرگی سەرەتای ئەم کتێبە و، لەچێوەی گێڕانەوەی یەکێک لە چێرۆکەکانی دیدرۆدا، بەسەرهاتی ئەو ئەنگوستیلەیەی شای پەرییان بە یەکێک لە سوڵتانەکانی عەرەبی بەخشی، بەرباس دەدات، کە بە دەستهێنان بەسەر نگینی ئەنگوستیلەکەدا، عەورەتی دڵدارەکانی سوڵتان بە قسە هاتوون. بە گوتەی فۆکۆ، ئاخاوتن لەمەڕ سێکسواڵیتە و چێژە جەستەیییەکان، بە یەکێک لە گرنگترین سەودا مێژووییەکانی دەسەڵات لەنێو کۆمەڵگەی خۆرئاواییدا ئەژماردەکرێت. هەروەکو چۆن سوڵتانە عەرەبەکە بە دەستدان لە نگینی ئەنگوستیلەی دیاریبۆکراو، پەی بە حەقیقەتی شاراوەی نێو ئەندامە سێکسییەکانی بەژنزراڤان دەبرد، کۆمەڵگەی خۆرئاواییش لە دێرزەمانەوە هەڵوەدای ئەوە بووە، خولیا و نهێنییە سێکسییە شاردراوەکان لە ناخی ئادەمیزاد بهێنێتە دەرەوە و، لە چلۆنایەتیی ئەم پرسە تێبگات. فۆکۆ دەبێژێت ئامانجی سەرەکیی وی لە نوسینی ئەم بەرهەمە، وتووێژە لەمەڕ ویستى زانین و حەقیقەت لە چێوەی مەیل و کردە سێکسییەکاندا.
مێژووی سێکسواڵیتەى فۆکۆ، دیرۆکی ئاکاری سێکسی، بەسەرهاتی ڕەوتارە سێکسییەکان و گێڕانەوەی باوەڕە ئاینیی یان زانستییەکان لەمەڕ ڕەوتار و نەریتی سێکسی نییە، بەڵکو ئامانجی سەرەکیی فۆکۆ گەنگەشەکردنی دیاردەیەکە، کە دەگەڵ پرسی سوبێکت و دەسەڵاتدا پێوەندییەکی نزیکی هەیە. ئەوە بۆیە ئەو، سێکسواڵیتە وەک میکانیزمی سرووشتیی ئادەمیزاد بۆ خستنەوەی وەچە یان ئەزموونکردنی چێژ، ئەژمارناکات. بە بڕوای وی، سێکسواڵیتە، سیستەمێکی بەڕێکەوت هەڵتۆقیوە لە گوتار و ڕەفتار و مانا، کە لە سەردەمی ئێستادا مرۆڤەکان دەئاخنێتە نێو بازنەی دەسەڵات و گوتاری سیاسییەوە. بە دەربڕینێکی تر، سێکسواڵیتە ستراتیژێکە بۆ بەڕێوەبردن، بەرهەمهێنان و چاودێریکردنی جەستەی ئادەمیزادەکان و بۆنە کۆمەڵایەتییەکانی وان. ڕوونتر بدوێین، لە چێوەی کەلتوری مۆدێرندا، سێکسواڵیتی وەکو کارتێکی گوشار بۆ زاڵبوون بەسەر وجوودی مرۆڤەکان دەکاردەبرێت.
بەشێک لە ڕەخنەگران، بۆچوونەکانی فۆکۆ لەم کتێبەیدا بە (شۆڕشی کۆپەرنیکۆسی)ی بەراورد دەکەن و، لافی ئەوە لێ دەدەن، کە وی ئایدیا باوەکانی پەیوەست بە سێکسواڵیتە ئاوەژووکردووە و ڕێچکەیەکی نوێی بۆ توێژینەوە لە پێوەندی نێوان دەسەڵات، حەقیقەت و سوبێکت، خستووەتەڕوو.
فۆکۆ بەشی یەکەمی پەرتووکی مێژووی سێکسواڵیتە بۆ کەلتوری ڤیکتۆریایی تەرخاندەکات و، پێیوایە پەردەپۆشکردنی ڕەوتاری سێکسی لە سەرەتای سەدەی حەڤەدەهەمدا، بەئەندازەی سەدەی نۆزدەهەم توندوتۆڵ نەبووە. واتا، لەبەستەری زەمەنیی سەدەی حەڤدەهەمدا، جۆرێک لە تۆلێرانس و چاوپۆشی لەمەڕ نهێنیی سێکسیی تاکەکانی کۆمەڵگە، ڕەچاوکراوە. لەو سەروەختەدا، ئەو بەها باڵادەستانەی ڕەوتار و گفتاری سێکسیی ئادەمیزادیان کەوی کردووە، بەدووربوون لەو توندوتۆڵی و سەختگیرییەی لە سەدەی نۆزدەهەمدا باو بوون. وەلێ هاوشان بە برەوسەندنی کولتووری ڤیکتۆریایی، جۆرە بێدەنگییەکی تاڕادەیەک نەخشەبۆکێشراو، باڵی بەسەر ئەندێشە و ڕەوتاری سێکسیدا کێشا. هەڤپەیڤین لەمەڕ خولیا و ڕەوتاری سێکسی، لە هەموو ئاستەکانی کۆمەڵگەدا، یاساغکرا و، تاقانە بەستەرێک کە ڕەوتار و گفتاری سێکسی تێیدا ڕێگەپێدراو بوو، دەستگای خێزان یان بەستەری ژنومێردایەتی بوو. بە دەربڕینێکی تر، لە سەدەی هەژدەهەمەوە، ڕەوتار و گفتاری سێکسی بەر کوتەکی کۆمەڵایەتیی و سەرکوتکردن دەکەوێت. سەرکوت و چەپاندنی سێکسی، لە نێوەڕاستی سەدەی حەڤدەهەمەوە سەرپێخرا و لە سەدەی نۆزدەهەمدا، بە دوندی خۆی گەیشت. ڕاستی ئەوەیە، پەنهانکاریی سێکسی و داپۆشینی، وەکو بەشێک لە ئاکاری بۆرژوایی، کێوی خولیا سێکسییەکانی بە تەمی بێدەنگییەکی بێ پێشینە داپۆشی. خۆپارێزیی ڤیکتۆریایی، سێ ڕووی سەرەکی هەبوو: یەکەم تابوو، دووەم خۆگرتنەوە و سێهەم بێدەنگی. بەمجۆرە، بۆنمونە چونکە منداڵان ڕەوتاری سێکسی نانوێنن، بۆیەش گفتاری سێکسییان لێ قەدەغەکرا. ئەگەر کەسێک دەربارەی خولیا و ڕەوتاری سێکسیی ئەوانیتر شتێکی بەرگوێ کەوتبا، دەبوو گوێی خۆی لێ خەواندبا؛ ئەگەر دیمەنێکی سێکسی بەرچاو کەوتبا، دەبوو چاوی لە ئاست داخستبا.
دەگوترێت، ئەو چەپاندنە سێکسییەی لە خۆرئاوا برەوی سەند، دەبێت بە هاوزەمان و هاوشانی فراوانبوونی سەرمایەسالاریی ئەژماربکرێت، ئاخر گوایە چالاکیی ژێرزەمینیی سێکسی، کرێکاران لە پرۆسەی بەرهەمهێنان خاودەکاتەوە، ئەوە بۆیە تەنیا ئەو جۆرە چالاکییە سێکسییە ڕێ پێدراو بوو، کە کرێکار و بەکارهێنەری نوێی دەهێنایە دونیاوە. بەڵام، پاڵنەرێکی تر لەم پێوەندییەدا بوونی هەیە، دەگوترا ئەگەر چالاکییە سێکسییەکان یاساغ کرابان، یان پەردەی بێدەنگییان بەسەرا درابا، ئەوی دەم ئاخاوتن لەبارەیانەوە، وەکو جۆرە لادانێک لە بەها ماقووڵەکان ئەژماردەکرا؛ ئەمەش واتە کۆنترۆڵی زیاتری کۆمەڵگا.
فۆکۆ لە بەشی دووەمی کتێبەکەیدا، بە دووی ئەوەوەیە مانای واژەی سەرکوتکردن ئاوەژوو بکات. بە بڕوای وی، واژەی سەرکوتکردن، نەوەک هەر تێگەیشتنێکی نادروست لەمەڕ پێوەندییەکانی دەسەڵات بەدەستەوە دەدات، بەڵکوو لەسەدەی حەڤدەهەم بەدواوەش، هەڤپەیڤین سەبارەت بە سێکسواڵیتی ڕۆژ دوای ڕۆژ برەوی سەندووە! واتا نەوەک هەر سێکسواڵیتی سەرکوت و پایەماڵ نەکراوە، بەڵکوو وتووێژ لەبارەیەوە، لە هەرچ ئان و ساتێکی تر، زیاتر برەوی بووە. فۆکۆ لە چێوەی ئەم پەرتووکەدا، هەڵوەدای ئەوەیە بیسەلمێنێت، پرسی سێکسواڵیتی لەگەڵ دەسەڵات و زانیندا، توند بەنێو یەکدا چنراون. بەو مانایەی، دەسەڵات و سێکسواڵیتی، یەک ئەویدی بەهێز دەکات و ئاو لە ئاشی یەکتر دەکەن. بە دیدی وی، کۆمەڵگەی ڤیکتۆریایی، کۆمەڵگەیەک نەبوو، سەرکوتی سێکسی تێیایدا بە بەراورد بە کۆمەڵگەکانی تر، بەربڵاوتر بێت. ڕاستی بابەتەکە ئەوەیە، لەم چاخەدا، باسوخواس لەمەڕ پرسی سێکس لە هەرچ چاخێکی تر زیاتر بوو. لایەنگرانی کولتووری ڤیکتۆریایی بە شێوەیەکی جددی و خۆپارێزانە، دەربارەی سێکسواڵیتی وتووێژیان سەرپێ خستووە. باسوخواس لەمەڕ سێکسفرۆشی، پۆڕنۆگرافی، بە پزیشکییکردنی بابەتی سێکس، لادانە سێکسییەکان، خووی نهێنیی و چاودێریکردنی خولیا سێکسییەکان، خۆی لەخۆیدا گەواهییدەرە لە سەر ئەوەی، کە کولتووری ئەم چاخە، ڕۆژ دوای ڕۆژ خەسڵەت و ماهییەتێکی سێکسی بەسەریدا زاڵبووە. دەشێت وەشاندن و چاپکردنی دەق و پەرتووکی دەروونناسی، پزیشکیی و یاسایی سەبارەت بە ڕەوتار و خولیا سێکسییەکان لەو سەردەمەدا بە شێوەیەکی بەربڵاو، هۆکاری ئەم بابەتەمان بۆ ڕوون بکاتەوە.
فراوانبوون و بەربڵاویی سێکسواڵیتە
فۆکۆ سەرومڕ، پرسی سێکسواڵیتە بە مانا مێژوویییەکەی دەخاتەڕوو و، پێیوایە نابێت ئەم دیاردەیە لە چێوەی ڕێسا و پێودانگە بایۆلۆژییەکاندا ڕووماڵ بکرێت، بەڵکو دەبێت وەک دیاردەیەکی مێژوویی وەریبگرین. بە گوتەی وی، کەسانێکی وەکو فرۆید، سێکسیان ئاخنیوەتە نێو سرووشتەوە و، لافی ئەوەیان لێ داوە خولیای سێکسی، دنە و پاڵنەرێکی غەریزییە و ڕیشەی لە نێو سرووشتی بایۆلۆژیی ئادەمیزاددا داکوتاوە و، کولتووریش عەوداڵی ئەوەیە کە ئا ئەم غەریزەیە سەرکوت بکات و، سەرئەنجام پێداویستییەکانی پاڵفتەکردنی ئەم غەریزەیە لە نێو کۆمەڵگەدا فەراهەم بکات.
ئەمڕۆکە ئەم میتۆدە، لە نێو توێژەراندا، لایەنگرانێکی زۆری پەیداکردووە. ئەوە ڕوونە، فۆکۆ بە دووی نکۆڵیکردن لە فاکتەرە بایۆلۆژیی و سرووشتییەکانی سێکسواڵیتییەوە نییە، بەڵکوو پێی وایە فاکتەرە دیرۆکی و کولتوورییەکان لە پێکهاتن و ئاڕاستەکردنی سێکسواڵیتەدا، رۆڵێکی مشتومڕهەڵنەگر وازی دەکەن.
فۆکۆ، دەستەواژەکانی پەیوەست بەم دیاردەیە، بەوردی دەگەڵ پرۆسە سیاسی و کۆمەڵایەتییە باڵادەستەکان بەسەر ژیانی مرۆڤەوە، لێکگرێدەدات. بە گوتەی وی، لەسەدەی هەژدەهەمەوە، سێکسواڵیتە بووە بە بابەتی سەرەکیی توێژینەوە زانستییەکان و، لە دیدی دەروونناسان، ڕیفۆرمیستان، یاساناسان و توێژەرە کۆمەڵایەتییەکانەوە، وەک نیشانەی تەندروستی و بەگشتی وەک شووناوسی ئادەمیزاد ئەژمارکراوە.
ڕاستی ئەوەیە، پاشخانی ئەم جۆرە مامەڵەیە لەگەڵ سێکسواڵیتەدا، بۆ شێوازی هەڵسوکەوتی دادگاکانی پشکنین لە سەدەکانی ناوین، دەگەڕێتەوە. لەم سەروەختەدا، ددانپێدانان، وەک پڕۆسەی بەیادهێنانەوە و درکاندنی گفتار و ڕەوتاری گوناهئامێز لە کن قەشە و کاربەدەستانی ئایینی و، هەروەتر وەک جۆرە مەشقێکی ڕۆحیی و وەک ئامرازی دەسەڵات و هەژموون لە نێو دەیرەکان و کەنیسەکان، برەوی هەبوو. ڕاهیبەکان لە نێو دەیرەکاندا فێردەبوون، کە یەکێک لە ڕێکارە کاریگەرەکانی زاڵبوون بەسەر زاتی بەدکردار(نەفسی ئەمارە)دا، دداننان بە گوناە و درکاندنی پەنهانترین خولیا و دنە ناوەکییەکانە. ئەوە بۆیە لە سەرەتادا بە دەگمەن ڕەشەخەڵک هانای بۆ کردەی ددانپێدانان دەبرد و، ئەم میکانیزمە زێتر لەنێو ڕاهیبەکاندا ڕەواجی هەبوو.
ئەو ڕێکارانەی لەو سەروەختەدا بۆ ددانپێدانان گیراونەتەبەر، دەرخەری ئەو ڕاستییەن، کە زۆرینەی پرسیارەکان بە دەوری خولیا و خواست و پاڵنەرە سێکسییەکاندا سووڕاونەتەوە. پاش سەدەی حەڤدەهەم، ددانپێدانان لە نێو خەڵکی ڕەشۆکیشدا برەوی پەیداکرد و، ئەمجارە بە تەنها ڕەوتاری گوناهئامێز نەدەدرایە بەر ڕووناکی ددانپێدانان، بەڵکو تەنانەت خەیاڵ و وەهمی خرۆشێنەریش ناویان هاتە ناوانەوە.
بە گوتەی فۆکۆ، پڕۆسەی درکاندنی ڕازونیازە ناوەکییەکان و خولیا کەسییەکان لە خۆرئاوادا، بەردەوامی پێ درا و، لە چێوەی بەرهەمەکانی مارکیس دو ساددا، بەر نموونە دونیایەکەی(نائایینییەکەی) دەکەوین. وەلێ لەم نموونە نوێیەدا، خاڵی گرنگ ئەوەبوو، کە درکاندنی نهێنییە دەروونییەکان، بە مەبەستی پەژیوانی(تەوبە) یان وەچنگخستنی چێژ نەبوو، بەڵکوو هێنانە سەر زمانی بابەتێک بوو، کە بە شێوازی ڕەمزوراز لە قووڵایی زەیندا شاردرابوویەوە. پاش سەدەی حەڤدەهەم، درکاندنی نهێنی و خولیای سێکسی، بۆ دیاردەیەکی بەربڵاو گۆڕا. ئەم پرسە لە بواری یاسادا، نەریتی تۆمارکردن و نووسینی بە خۆوە بینی و دۆسێ و فایلی یاسایی بۆ کرایەوە؛ واتا لە کۆتایی سەدەی هەژدەهەمدا، هاوسەرگیری بووبە بابەتی گەرمی یاسا و، ڕستێک ڕێوشوین و بەهای باڵادەست بەسەر ڕەوتاری سێکسییدا سەپێنران و پێوەندی ژنومێردایەتی کەوتە ژێر چاودێری ورد و بەردەوامەوە. بۆ نموونە، ئەگەر یەکێک لە لایەنەکانی پڕۆسەی هاوسەرگیری، لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی هاوژینیدا کەمتەرخەمی نواندبا، لایەنی بەرانبەر مافی ئەوەی هەبوو بۆ ژێدەری ڕێ پێدراوی یاسایی بگەڕێتەوە و بابەتەکەی لە کن باسبکات. ئەوە تەنها (ناپاکی هاوسەرگیری) نەبوو، ڕێوشوێنی یاسایی لە بەرانبەردا دەنوێنرا، بەڵکوو تەنانەت لاوازی سێکسییش، وەک بەڵگەی پێشێلکردنی ڕێوشوێنە یاساییەکانی پەیوەست بە پرۆسەی هاوسەرگیری ئەژماردەکرا. لەم سەروەختەدا، جۆرەکانی ڕەوتاری سێکسی پۆلێنبەندی کران و، هەر چەشنە ڕەوتارێکی سێکسیی بەدەر لە پێوەندی هاوسەرگیری، سزای دیاریکراوی بۆ لەبەرچاوگیرا. بەمجۆرە، ئەو ڕەوتارە سێکسییەی لە دەرەوەی پێوەندی ژنومێردایەتیدا نوێنرابا، بە ڕەوتارێکی ناسرووشتیی ئەژماردەکرا و، هەر بۆیەش یاسای سزادان دەیگرتەوە.
فۆکۆ لە چێوەی وتارەکانی لەمەڕ سێکس، هێما بۆ چوار دیاردە (یان چوار ڕێکار)ی گرنگ دەکات، کە لە سیاقی واندا، دەسەڵات و زانین ئامبازی یەک دەبن و، بانگەشەی ئەوەش دەکات، کە ئەم چوار ڕێکارە، سێکسواڵیتییان بۆ حەقیقەت و زانین گۆڕیوە و دەرفەتی نمایشکردنی دەسەڵاتیان لە کایەی سێکسواڵیتیدا، فەراهەمکردووە. لەبەر ڕووناکی ڕێکاری یەکەمدا، جەستەی ژنان، وەک کیانێکی هیستریاییزا(hysterization) و نۆرموەرگر ناودێر کرا. بە دەربڕینێکی تر، لەشی ژنان وەکو نێوەندێکی ورووژێنەر، بەر تیشکی ڕاڤە و لێکدانەوە درا. لەم سەروەختە بە دواوە، لە سایەی پێشڤەچوونەکانی کایەی پزیشکی و، لەبەر ڕووناکی زانستی نەخۆشیزانی(pathology)دا، بە شێوازێکی نوێ سەرنجی لەشولاری ژن درا. لێرە بە دوا، میتۆدی زانستی نەخۆشیزانی، لەشی ژنانی لە سنووری پسپۆڕێتی خۆیدا جێکەوت کرد و، جەستەی وان، بووبە بابەتی لێکدانەوەی جۆراوجۆر. لەم زەمانە بە دواوە، ناسنامەی ژنان و داهاتووی تەندروستیی هاووڵاتییان، دەگەڵ زانین و دەسەڵاتدا لێکگرێدران.
ڕێکاری دووەم، بە پرسی بە پەروەردەییکردنی سێکسواڵیتیی منداڵان(pedagogization of sex)ەوە پێوەست بوو. ڕوونتر بدوێین، ئەو نەریتە باو و باڵادەستانەی لە دژایەتی کردنی (خووی نهێنی)دا دەکاردەبران، بوون بە هەوێنی برەودان بە گوتاری سێکسواڵیتە لەمەڕ منداڵان. باوەڕ وابوو، نزیکەی زۆربەی منداڵان، خودانی هێزێکی سێکسیی سرووشتیی گەلەک مەترسیدارن، ئەوە بۆیە دەبێت بە مکوڕییەوە چاودێری وردی ئەم جۆرە کەرەستە خامە مەترسیدارانە بکرێت. لەو ڕۆژگارەدا، خووی نهێنیی منداڵان، وەک لادان و نەخۆشیی ئەژمار دەکرا، لەم ڕووەوە منداڵانیان ناچار دەکرد، وەها خولیایەک بشارنەوە، لێ لەو سەرەوەڕا هەر خودی ئەم پەنهانکارییە، زەمینەی بۆ کوونجکۆڵی و ئاشکراکردن فەراهەم دەکرد، ئاخر وەک باوە ڕووهەڵماڵین بە پەنهاکارییەوە پێوەستە. ڕاستی ئەوەیە، مۆژیاریی ئەخلاقیی مکوڕانە، هۆشداریی لە ژمارە نەهاتوو، چاودێری ورد، پەیگیریی بەردەوام و دروستکردنی هەستی گوناە لە دەروونی منداڵاندا، زەوینەی بۆ هاتنە ناوەوەی دەسەڵات و کۆکردنەوەی زانیاریی لەم بارەوە، فەراهەم کرد.
ڕێکاری سێهەم، کۆمەڵایەتییکردنەوە و گشتاندنی زاووزێ (socialization) بوو. واتا، دووگیانی و زاووزێ، بەر رێژنەی سەرنجی کۆمەڵگە کەوتن. لەم سەروەختەوە، لە ئاست تەندروستی خێزاندا، ژن و مێرد بە بەرپرسیار ئەژمارکران. ئەمەش واتا، هاوسەران لە بەرانبەر کۆمەڵگە و دەوڵەتدا بەرپرسیارکران بەوەی، خۆیان لە بێ بەندوباریی سێکسی نەبان نەکەن، نەوەک کۆمەڵگە دووچاری نەخۆشی بکەن و، دەبێت بە بەرنامەی ڕێکوپێکی خێزانیی، بەر بە زیادبوونی لە ڕادەبەدەری ژمارەی دانیشتوان بگرن. لەبەر ڕۆشنایی ئەم ڕێکارەدا، نواندنی کەمتەرخەمی لە بواری خۆپارێزیی سێکسیدا، لادانی جۆراوجۆری سێکسیی و کەموکووڕیی بۆماوەیی لێ دەکەوێتەوە و، ئەم بابەتەش، بەختەوەری و تەندرووستیی کۆمەڵگا دەخاتە مەترسییەوە. پرسی ڕیفۆرمی ڕەگەزێتییش، کە لەسەدەی نۆزدەهەمدا برەوی پەیداکرد، بە لێکەوتەی هەمان ڕێکار لەقەڵەم دەدرێت.
ڕێکاری چوارەم ئەوە بوو، چێژی سێکسی ناباو، بەرەو ژێر چەپۆکی زانستی پزیشکی دەروونیی ڕاپێچکرا(psychiatrization of perversion). لە دوادواییەکانی سەدەی نۆزدەهەمدا، سێکسواڵیتی وەکو یەکێک لە غەریزە بایۆلۆژییەکان مامەڵەکرا. بەگشتی ئەم غەریزەیە، لەبەر ڕۆشنایی هەردوو زانستی بایۆلۆژی و دەروونناسیدا، شیاوی لێ توێژینەوە بوو. لەم سەروەختەدا بوو، کە لە چێوەی توێژینەوە زیندەناسی و دەروونناسییەکاندا، سەرنجی ڕەهەندە لادەرەکانی ئەم غەریزەیە درا. لێرەوە، زانستی سێکسیی(scientia sexualis)، وەک زانستێکی تازەپیاکەوتووی زادەی هەردوو زاستی بایۆلۆژی و دەروونناسی، وێنەیەکی وردی لەمەڕ جۆرەکانی لادان و ڕەوتاری ناباوی سێکسی بەدەستەوە دا. لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەمدا، دەروونناسان، نەخشەی پۆلێنبەدییەکی ورد و پوختیان لەمەڕ لادانە سێکسییەکانی وەکو هاوڕەگەزخوازی، پیرەژنبازی، خەمۆکیی سێکسی و...هتد، کێشا. ئەوان، ئەم پۆلێنبەندییەیان بە مەبەستی لێکدانەوەی ماهییەت و خەسڵەتی کەسەکان، بەکارهێنا. لە چێوەی ئەو پۆلێنبەندییەدا، ڕەوتاری سێکسی بە ماهییەتی نەگۆڕی دیوی ناوەوەی کەسەکانەوە ڕەبت کرا. هاوڕەگەزخوازی، پێشتر وەک ڕەوتارێکی ناسرووشتی وێنادەکرا، وەلێ لەم سەردەمە بە دواوە، ئەوانەی وەها کارێکیان لێ دەوەشایەوە، لە ڕووی کەسێتییەوە جۆرە پێناسێکی دیاریکراویان بە بەردا دەبڕا و، ئەو ڕەوتارەیان وەک سرووشتی لاوەکیی وان پێناسە دەکرا. گشت ئەم میتۆد و شێوازێیلە، بوون بە هەوێنی سەرهەڵدانی پێوەندی نوێ لە نێوان چێژ و دەسەڵاتدا. هەر لەم قۆناغە و، لەبەر ڕووناکیی توێژینەوەی چڕوپڕدا، گوتاری سێکسیی لە چێوەی چەمکگەلی ماقووڵ و پەسەندکراودا، تا دەهات زێتر برەوی دەسەند. ددانپێدانانی کەسی نەخۆش بە ڕەوتار و خووە ناباوە سێکسییەکان، یانژی درکاندنی نهێنییە سێکسییەکان، یەکێک بوو لە ڕێکارەکانی پەیبردن بە دونیای شاراوەی سێکس.
فۆکۆ، شێوازی زاڵ و باڵادەستی نێو گوتارەکانی پەیوەست بە پرسی سێکسواڵیتی لە خۆرئاوادا، بە زانستی سێکسی(scientia sexualis) ناودێر دەکات و لە بەرانبەر ''هونەری ئیرۆتیکا''(arts erotica)ی دادەنێت، کە ئەمیان لە کۆمەڵگەکانی چین، هیند، ژاپۆن و ڕۆمای دێریندا باو بوو. بە دیدی وی، لە چێوەی ''هونەری ئیرۆتیکا''دا حەقیقەت زادەی چێژە و چێژیش، وەک ئەزموونێکی تایبەت ئەژماردەکرێت. هونەری ئیرۆتیکا، لەخۆگری ڕێسا و نەریت و بەهای تایبەت نییە، بەڵکوو خۆی جۆرە میتۆد و بەهرەیەکی دیاریکراوە. هونەری ئیرۆتیکا، لەبری یاساغکردن و لەقاڵبدانی ڕەوتارەکان، یانژی پۆلێنکاری و ناولێنان، وزەی خۆی بۆ هەڵسەنگاندنی چێژ و بڕ و ماوە و چلۆنایەتی چێژ تەرخان دەکات. ئەوە ڕوونە مەلی خۆشخەیاڵی هونەری ئیرۆتیکا لە دوندێکی هێند بڵنددا هێلانەی چێ کردووە، گەلەک لە چاودێری و کوونجکۆڵیی زانستییەوە بە دوورە. سەربار، هونەری ئیرۆتیکا دەخوازێت دیوە شاراوەکان و نهێنی چێژە جەستەییەکان بناسێت و چنگ لە ڕەمز و چلۆنایەتی ئەم چێژە، گیربکات. لە هیندستاندا، پەرتووکی کاماسۆترا(kama sutra)، بە نموونەی هەرە دیاری ئەم هونەرە لە قەڵەمدەدرێت. فۆکۆ دەبێژێت: '' ئەوە لە کۆمەڵگەی خۆرئاواییدایە، کە حەقیقەتی سێکسی دەدرێتە بەر تاڤگەی ڕووناکیی وتووێژی زانستیی و، لەبەرانبەر هونەری ئیرۆتیکادا دادەنرێت. سەرچاوە و ژێدەری وەها زانستێکیش، هەر هەمان پرۆسەی ددانپێدانان و درکاندنە.'' فۆکۆ لە شوێنێکی تردا دەڵێت: '' تاک لە سەروەختی ددانپێداناندا، هەم خۆی دەبێت بە سوبێکتی بیرکەرەوە و هەم خۆیشی دەبێت بە بابەتی بیرکردنەوە.''
لە چێوەی پەرتووکی مێژووی سێکسواڵیتەدا، تاکەکەس وەک بابەتێک، کە هاوزەمان خودانی خولیای سێکسیی و درکێنەری هەمان خولیایشە، بەرباس دەدرێت. فۆکۆ لەسەر ڕووپەلەکانی ئەو پەرتووکەیدا، هونەری ئیرۆتیکا بە زانستی سێکسی بەراورد دەکات:
''هەردووک، تۆڕێک لە پێوەندییەکانی دەسەڵات دەچنن، بەو جیاوازییەی لە سیاقی هونەری ئیرۆتیکادا، ڕێنوێنیکەر بەرچاوڕوونی و ئەزموونەکانی خۆی بۆ شاگرد و فێرخوازەکانی دەگوازێتەوە؛ وەلێ لە چێوەی زانستی سێکسیدا، حەقیقەت لە دەمی نەخۆش یان کەسی درکێنەرەوە دێتە دەرێ و، توێژەریش دەمودەست هەڵیدەگرێتەوە و وەک بابەتی توێژینەوە بەرباسی دەدات.''
کەواتە، ددانپێدانان و درکاندن، لە شێوە سرووتێکی ئایینییەوە، هەنگاو بە هەنگاو بۆ جۆرە تەفرەیەکی ڕێکخراو بەمەبەستی ڕووهەڵماڵین لەسەر حەقیقەت و کردنەوەی دۆسێ لەلایەن کەسانی پێوەندیدار و تۆمارکردنی نهێنییەکانی دەروونی تاکەکان بە ئامانجی پۆلێنەبەندیی و یەکلاکردنەوەی ناسنامەی وان، گۆڕا. لە نێو سیستەمی دەسەڵاتی مەسیحییەت لە سەدەکانی ناویندا، ددانپێدانان ڕەهەندێکی نهێنیئامێز و شاراوەی هەبوو، هەرگیز ڕازونیازی درکێنراو ئەرشیف یان تۆمار نەدەکرا. بەڵام، لە زانستی پزیشکیی، پزیشکی دەروونناسی و زانستە پەروەردەییەکانی سەدەی نۆزدەهەمدا، خەرمانەیەک لە جۆرە جیاجیاکانی چێژ لە گفتولفتی بیمارانەوە کۆ دەکرانەوە و پۆلێنبەندی دەکران و، بەتایبەت چێژە لادەرەکان بە شێوەیەکی ورد و جددی جوێ دەکرانەوە و هەڵدەگیران. فۆکۆ پێنج ڕێکاری سەرەکیی بەسەردەکاتەوە، کە لە میانەیانەوە ماهییەتی (ددانپێدانانی پەتی) بۆ (زانستی نوێی ئەرشیفکردن و پۆلێنکاری) گۆڕاوە. یەکەم، ئەوەی کە ددانپێدانان، بە پڕۆسەی چارەسەر و پشکنینەوە گرێ درا؛ واتا هەموو ئەو ڕاوزونیازەی ئادەمیزاد دەیدرکاندن، دەمودەست وەکو نیشانە و دەرکەوتەی بیماریی ڕاڤە و لێکدانەوەی بۆ دەکرا و، جەنابی توێژەر سەرومڕ بە بەکارهێنانی میتۆدی جۆراوجۆری وەک پرسیارو وەڵام، لێکۆڵینەوە، هیپنۆتییزم و دوواندنی ئازاد، ژێر بەڕەی دەهێنایە سەر بەڕە و، دواتر لە چێوەی ڕاڤەی زانستیی هەڵدەکێشان. دووەم، ئەوەی کە پەیتا پەیتا ئەو بۆچوونە برەوی پەیدا دەکرد، گوایە غەریزەی سێکسی خودانی هێز و وزەیەکی لەبننەهاتووە. زیدەگۆیی ئەم بۆچوونە بەو ڕادەیە گەیشت، سێکس وەکو ئەرژەنگی دێو وێنا بکات. گچکەترین پێشهاتی سێکسیی لە تەمەنی ئادەمیزاددا، لە ئەشکەوتی ئەم بۆچوونەدا دەنگدانەوەیەکی مەزنی دەبوو، وەک ئەوەی ئەو پێشهاتە لێکەوتەی هەراسناک بەسەر ژیانی کەسەکەوە بەجێبهێڵێت. ئەوە بۆیە لەم سەروەختەدا، ئادەمیزاد ناچار دەکرا، وردودرشتی پێشهاتی هێما بۆ کراو، بگێڕێتەوە و ژێر بەڕە بخاتە سەر بەڕە. سێهەم، ئەوەی کە، لەو سەروبەندەدا، نەوەک هەر هۆکارە سێکسییەکانی پشت ڕەوتار و کردارەکان، بە ڕستێک دنە و پاڵنەری پەنهان ئەژماردەکران، بەڵکوو باوەڕ وابوو چەند نهێنییەک لە ئارادان، کە خواستی چەپاندن و پەردەپۆشکردنی ئەو هۆکارانە بەهێز دەکەن. هەر لەبەر ئەم قایمکاری و پەردەپۆشکردنە، دەبوو بەهەرچ نرخێک بووە، پەردە لەسەر حەقیقەتی چالاکییە سێکسییەکان لابدرێت. چوارەم، ئەوەی کە، نێوەڕۆکی ڕاپۆرتە سێکسییەکان یانژی کرۆکی پەیڤی بابای بیمار، نە واقیعی بوون و نە ڕوون و ڕەوان، بەڵکوو ئاتاجی ڕاڤە و لێکدانەوە بوون. واتا، ئەوی گوێی بۆ درکاندنەکان ڕادەدێرا، دەبوو قۆڵی لێ هەڵماڵێت و وشە بە وشەی جەنابی ئاخێوەر بداتە بەر تیشکی ڕووناکیی لێکدانەوەوە و، لایەنی تاریکی پەیڤەکان، ڕۆشن بکاتەوە. پێنجەم، ئەوەی کە، پڕۆسەی ددانپێدانان، وەک میتۆدێکی پزیشکی ئەژمارکرا، کە لە سایەیدا دەرفەتی دەستنیشانکردنی نەخۆشی و چارەسەرکردنی، دەڕەخسا. لەم سەروبەندە بە دواوە، چیتر ڕەوتاری سێکسی، وەکو گوناە و کەمایەسی لە قەڵەم نەدەدرا، بەڵکوو مۆری ئاسایی یان نائاسایی لێ دەدرا. کێ بوون ئەوانەی ئەم چەشنە ڕێکارانەیان بە بناغەگرت و لە نێو کۆمەڵگەدا ڕەواجیان پێ دا؟ لێرەدا فۆکۆ، ناوی کەسانێکی وەکو هاڤڵۆک ئێلیس(Havelock Ellis) و کرافت ئێبینگ(Kraft Ebing) دەهێنێت و دەبێژێت، ئەم دووانە بۆ یەکەمینجار ڕەوتار و ئەندێشە سێکسییەکانی کەسانی نەخۆشیان، لە چێوەی پەرتووکدا کۆکردەوە و دواتر بڵاویان کردەوە. وەلێ میتۆدی باڵادەست بەسەر ڕەوتار و ئەندێشە سێکسییەکان، لەلاین فرۆیدەوە داڕێژرا:
''دەروونشیکاری، میتۆد یان ڕێکارێکی نوێ نییە، کە وی دایهێنابێت، بەڵکوو ئاوێتەیەکە لە کۆمەڵە شێواز و میتۆدگەلێک، کە لە پێشان دەنێو کۆمەڵگەی خۆرئاواییدا بوونیان هەبووە.'' ئەوە بۆیە فۆکۆ پەرتووکی ''مێژووی سێکسوواڵیتی''ی بە ''paleontology of psychoanalysis'' ناو دەبرد.
فۆکۆ بڕوای وایە، وەک چۆن مرۆڤ دیاردەیەکی نوێ و تازەپیاکەوتووە، دەرکەوتنی گوتاری سێکسواڵیتەش لە کەلتوری خۆرئاوادا، بابەتێکی تازەیە. پێش سەدەی هەژدەهەم، پێوەندیی نێوان ژن و مێرد، ملکەچی یاساوڕێسای خێڵەکی و خزمایەتی بوو. بۆ نموونە، ئەوی دەم یەکێک لەگەڵ ئەندامی خێڵێکی تردا هاوسەرگیریی دەکرد، جۆرە پەیمانێکی نوێی لەنێوان خێڵەکەی خۆی و خێڵی یاردا بەباردەهێنا و، بێگومان بەرژوەندی هەردوو خێڵ یان هەردوو خانەوادەش، زیاتر لێکگرێدەدران و، هەموو ئەمەش دەسەڵات و مافی خاوەندارییەتیی وانی فروان دەکرد. لەم ڕووەوە، پێوەندیی نێوان ئەندامانی خێڵ یان خێزان، لە ڕستێک نەریت و ڕێسای داسەپاو هەڵدەکێشرا و، هەر ئەم نەریت و ڕێسایانەش، ڕەوتاری ڕاست و چەوتیان دیاریدەکرد. پێوەندیی سێکسیی لە نێوان تاکەکاندا لە دەرەوەی گرێبەستی هاوسەرگیری، یاساغ بوو، ئاخر وەها پێوەندییەکی بێئاوڕووانە، پایەکانی ئەو یەکێتییەی دەلەرزاند، کە زادەی پەیوەندیی خوێن و خزمایەتی بوو. بەڵام، پێوەندیی سێکسی لە بەستەری گەرم و ئاوڕوومەندانەی هاوسەرگیریدا، نەک هەر ئاسایی بوو، بەڵکو لە پێناو پتەوکردنی پێوەندی خزمایەتی و مانەوە و بەردەوامیی خێڵ، برەوی دەدرایە. ئەوە بۆیە پێوەندیی هاوسەرگیری، لە قۆناغێکی دواتردا، هەموو ئەو ڕێسایانەی لە خۆدا نواندەوە، کە زادەی ئایین بوون و، پرسی مافی وەچەکان و میراتیان بە بناغە گرتبوو. دواتر، هەنگاو بە هەنگاو، هەر ئەم ڕێسایانە، بوون بە هەوێنی پەرەسەندنی گوتارێکی نوێ لەمەڕ پێوندیی دیاریی بۆکراو.
لەسەدەی هەژدەهەمدا، ژیان و ڕەوتارە سێکسییەکان، تەونی سیستەمی خێڵ و خزمایەتییان پساند؛ واتا سێکسواڵیتە بۆ پرسێکی کەسیی گۆڕا. لەم سەروەختە بە دواوە، سێکسواڵیتە، وەک دیاردەیەکی نهێنیئامێز، وەلێ هەراسناک ئەژمارکرا. ڕاستی ئەوەیە، سێکسواڵیتە لە چێوەی ئەم مانایەیدا، هەوێنی خووی سەرەکی و کەسێتیی مرۆ بوو. ڕوونتر بدوێین، سێکسواڵیتە، بۆ یەکەمینجار، نێوەڕۆکێکی پزیشکیی بەخۆوەگرت و، وەک پێشووتریش گوترا، چوار ڕێکار (واتا ڕێکاری ناساندنی لەشی ژنان، وەکو کیانێکی ورووژێنەر، ڕێکاری پێدانی ماهییەتی پەروەردەیی بە ڕەوتاری سێکسیی منداڵان، ڕێکاری بە کۆمەڵایەتیی کردنی پڕۆسەی زاووزێ و ڕێکاری جێکەوتکردنی چێژی سێکسیی لادەر لە چێوەی پسپۆڕێتی پزیشکی دەروونیدا) بەسەر یەکەوە، ماهیەتێکی زانستی و ڕێسامەندیان بەم پرۆسەیە بەخشی. بە گشتی، ئەم ڕێکارانە، پێوەندییەکی سەمەرەیان لەنێوان چێژ و دەسەڵاتدا ئافەراند. بەوەدا کە جەستەی ئادەمیزاد وەکو نێوەندی ڕەوتارە سێکسییەکان ناسێنرا، زانستی نوێش، وەک بابەتی توێژینەوەگەلی تازە، بۆی دەڕوانی.
بە شێوەیەکی گشتی، فۆکۆ لە چێوەی بەرگی یەکەمی پەرتووکی مێژووی سێکسوواڵیتیدا، ڕۆڵی زانستی لە پێوەندی نێوان ددانپێدانان، حەقیقەت و دەسەڵات، بەسەرکردووەتەوە. وی، پێی وابوو ئەوەی نهێنییە سێکسییەکان بوونبە بابەتی زانستە کۆمەڵایەتییەکان، زادەی ئەو ڕۆڵەیە، کە زانست وازی دەکات. هەروەتر، دەروونشیکاریش لە برەودان و پێشخستنی پرۆسەکەدا، ڕۆڵی سەرەکی گێڕاوە. لەبەردەم تاڤگەی ڕووناکیی میتۆدگەلی تایبەتی زانستییدا، ئەو بیمارەی حەقیقەتێکی لەمەڕ پەنهاترین خولیاکانی خۆی دەدرکاند، سا بڵکوو ئەوانیتر (دەروونشیکار) لە ڕێگەی ڕووهەڵماڵینەوە بیناسن و پەی بە کەسێتییەکەی بەرن، هاوزەمان خودی کەسەکەش زیاتر خۆی دەناسی و پەی بە دیوی ناوەوەی خۆی دەبرد. لێرەدا، تەکنیکی خودناسی یان (تەکنیکی پەیوەست بە وجوودی خود)، لەگەڵ گوتاری زانستیدا ئامبازی یەکدی دەبوون. بە دەربڕینێکی تر، دەروونشیکار، تەکنیکێکی نوێی خستەڕوو، کە لە سایەیدا دەرفەتی بەدەستهێنانی شووناسی کەسیی و ناسینەوەی ئەم شووناسە، ڕەخسا. ''تەکنیکی پەیوەست بە خود''، کۆمەکی ئادەمیزادی دەکرد، تاوەکو باشتر خودی خۆی بناسێت و، وێنایەکی گونجاوتر لە خۆی بەدەستەوە بدات.
کورتوپوخت، لە سەدەی نۆزدەهەمدا، گفتاری سێکسی ئامبازی زانستە مرۆییەکان بوو و، هەنگاوبەهەنگاو ''گەنجینەیەکی مەزنی لە چێژی جۆراوجۆر''، ڕۆنا. زانستی پزیشکی، پزیشکی دەروونی و زانستە پەروەردەییەکان، خولیا و خواستە دەروونییەکانی ئادەمیزادیان لە هەناوی ویدا دەرهێنا و لە چێوەی فەرهەنگێکی تۆکمەی زانستییدا تۆماریان کردن و، لە سایەی ئەو تەکنیکانەی لە پڕۆسەی ددانپێداناندا ڕەچاودەکران، زانیاریی کامڵ و ورد لەمەڕ نهێنییەکانی ناوەوەی مرۆ وەچنگ هات، کە هەموو ئەمانە، مانایەکی نوێیان بە ئەستوورەی دیرۆکیی غەریزەی سێکسیی بەخشی.
بە گوتەی فۆکۆ، لەسەدەی نۆزدەهەم بەدواوە، غەریزەی سێکسی ماهییەتێکی جێگیر و نەگۆڕی بە خۆوە گرت. یانژی دروست ئەوەیە بگوترێت، حوکمی پێشوەختەی بایۆلۆژییانە، لە ماوەی سەدەی نۆزدەهەمدا، نێوەڕۆکێکی نەگۆڕی بە سێکسواڵیتی بەخشی. ڕاستی ئەوەیە، ئەم حوکمە پێشوەختە، کاکڵەی ڕاستەقینەی سێکسواڵیتیی خەوشدار کرد. فۆکۆ دێژێت: ''سێکسواڵیتیی، گوتارێکە، لە نێو پانتایی دیرۆکدا شێوەی وەرگرتووە.'' وەلێ، لەسەدەی نۆزدەهەم بەدواوە، چەمکی (بایۆدەسەڵات biopower) ڕەشمەی لە ملی ئا ئەم سێکسواڵیتییە کرد و ئاڕاستە و هەواری بۆ دەستنیشان کرد. بە دەربڕینێکی تر، ئەو تەکنیکەی لەڕێگەیەوە جڵەوی جەستەی ئادەمیزادەکان دەکرا، زادەی هەمان مانا (تازە)کەی سێکسواڵیتی بوو، ئەوە بۆیە لێرەوە چاودێریکردنی جەستەی مرۆ و کۆنترۆڵکردنی خولیاکانی، شێوازێکی تازەی بە خۆوە بینی. هەروەتر، ئادەمیزاد بۆ سوبێکتێکی تەریکخراو گۆڕا و، بەمەش کەوتە بەر هەژموونی دەسەڵاتەوە. بێگومان، دێوەزمەی دەسەڵات، تاکێکی تەریکخراوی ئاسان تر بۆ قووت دەچوو. فۆکۆ هەر لە چێوەی بەشی سەرەتای پەرتووکی مێژووی سێکسواڵیتیدا، بە دووی تێگەیشتنەوەیە لە جینالۆجیای ئەوەی خۆی بە ''subjectification'' ناوی دەبات. فۆکۆ دەبێژێت، ئادەمیزاد، هەرکە پێوقدوومی خستە دونیاوە، گەورە دەبێت، گەشە دەکات و بە دوندی خەمڵین دەگات، دواتر لە لێواری پاییزی تەمەندا خۆی دەبینێتەوە و سەرئەنجام ماڵئاوایی لە ژیان دەکات؛ کەواتە، مرۆ لەم پرۆسەیەدا لە چڕنووکی نەریت و ڕێسا کولتوورییەکان پارێزراو نابێت. لە سەدەی نۆزدەهەمدا، لەش، بۆ سوبێکتێکی خودانی ناسنامە گۆڕا. واتا، نیچە گوتەنی، لەم ئانوساتەدا، سوبێکت داهێنرا، ئاخر بڕیار بوو ئا ئەم مرۆڤە نوێیە بە شێوەیەک بێت، کە شیاوی هەڵسەنگاندن و پۆلێنکردن بێت، بشێت هەڵوەشێنرێتەوە و دیسان پێکەوە بنووسێنرێت. بە دووی داهێنانی سوبێکتدا، بەرانبەرەکەی، واتە (ئوبێکت)یش داهێنرا. دەرئەنجام، هەردوو پرۆسەی ''بەسوبێکتبوون'' و ''بەئۆبێکتبوون''، ئامبازی یەکدی بوون و لە یەکدی جوێ نەدەبوونەوە، بەڵکو لە بەرئەنجامی ئەم ئامبازبوونە، حەقیقەت و دانایی نوێ سەریانهەڵدا. فۆکۆ لەسەر ڕووپەلی بەرگی یەکەمی پەرتووکی مێژووی سێکسواڵیتەدا، پڕۆسەی ''بەسوبێکتبوون'' ڕاڤەدەکات و و دیاردی بۆ ئەوە دەکات کە بە گوێرەی هەلومەرجی جۆراوجۆر، ماهییەتی ''بە سوبێکت بوون'' دەگۆڕێت. بۆ نموونە، مرۆ لە قەڵەمڕۆی چێژە سێکسییەکاندا، دەبێتە خودانی سوبێکتی خولیا سێکسییەکان و، لەم ڕووەوە وەک بابەتێک بۆ زانین و ڕووهەڵماڵین، دەکەوێتە بەر تیغی نەشتەری زانست. پێویستیی هێنانە ئارای چوارچێوەیەکی مەعریفیی بۆ ئەوەی لە سایەیدا ژیانی سێکسیی مرۆڤەکان ڕوون بکرێتەوە، بەو مانایە دێت، کە خودی کەسەکان ناتوانن پەی بە نهێنییە دەروونییەکانی خۆیان بەرن، بەڵکوو دەبێت پسپۆڕێکی بە ئەزموون ئەم ئەرکە مەترسیدارە ڕاپەڕێنێت. دەی ئەمە بەو مانایە دێت، کە ئاخێوەر (سوبێکتی بگۆ) نەیدەتوانی خۆی هەڵسەنگاندن بۆ واتای پەیڤەکانی خۆی بکات، بەڵکوو دەبێت کەسێکی تر (دەروونشیکار) بەم کارە هەڵسێت. ئەوە بوو لێرەوە، تاک بۆ سوبێکتی سێکسیی گۆڕا و جەنابی گوێگریش، واتا پسپۆڕی دەروونشیکاریی، ڕۆڵی ''مامۆستای پەیجووری حەقیقەت''ی وازیکرد. ئیتر تا دەهات شێوازی پێکهاتنی گوتاری زانستیی، ماهیەتێکی تۆکمەی بە خۆوە دەگرت. هێرمۆنۆتیک(hermeneutics)، زانستی لێکدانەوە، زانستێک کە دەستی بە قووڵاییەکانی رەمز و سیمبولەکان دەگات، برەوی سەند؛ ئەم زانستە، گەنجینەیەک بوو، دەستی درکێنەر، واتە دەستی سوبێکتی بگۆی نەدەگەیشتێ.
نووسیارانی کتێبی (میشێل فۆکۆ؛ سەرووی بونیادخوازی و هێرمێنۆتیک)، هیوبێرت درایفۆس و پۆڵ رابینیۆ، بانگەشەی ئەوە دەکەن، هێرمۆنۆتیک لە چاخی نوێدا، بە دوو قۆناغی گشتیدا گوزەری کردووە. یەکەمیان ئەوە بوو، کە سوبێکت دەرفەتی پەیداکرد، لە پشت پەردەی ددانپێدانانەوە، خولیا و ویستە ناوەکییەکانی خۆی بدرکێنێت. بیسەر (دەروونشیکار) بەکونجکۆڵییەوە بابای درکێنەری هەڵدەسەنگاند، تاوەکو زەمینەی حوکمدان لەسەری، فەراهەم بکات. لەگەڵ ئەمەشدا، هێشتا مانای ڕاستەقینەی گفتار، لانیکەم بەشێوازێکی ڕووکەش و گشتیی، بۆ خودی ئاخێوەر ئاشکرابوو. دووەمیان بە ڕۆژگاری فرۆیدەوە پەیوەست بوو. لەم سەروەختەدا، چیتر ئاخێوەر نەیدەتوانی خولیا و ویستە دەروونییەکانی خۆی بناسێتەوە، ئەوەی بەسەر زاریدا دەهات، ماهییەتێکی نەستەکییانەی بۆ لەبەرچاو دەگیرا و، تەنها بابای دەروونشیکار دەیتوانی قۆڵی لێکدانەوەی بۆ هەڵماڵێت و بابەتەکە بەلادا بخات. لەم هەلومەرجەدا، ددانپێدانەر ناچار بوو خۆی ڕادەستی دەروونشیکار بکات، تاوەکو وی، لە نێوان پەیەڤەکانیدا حەقیقەت وەدۆزێتەوە و بۆ بابای بیماری ڕوون بکاتەوە کە چ باسە. لێرەدا، تاک و پەیڤین و حەقیقەت و ناچاریی، هەموو پێکەوە لەسەر یەک مێز کۆدەبوونەوە.
وەها بوو، کە لێکدانەوە و سوبێکتی مۆدێرن، بوون بە (لازم) و (مەلزوم)ی یەکدی. زانستەکانی لێکدانەوە، لەسەر ئەو پێشگریمانەیە مکوڕ بوون، کە هەمیشە حەقیقەتێکی قووڵ، وەلێ شیاوی ناسینەوە، بوونی هەیە و، ئەرکی پسپۆڕی لێکدانەوەش، دۆزینەوە و دەرهێنانی ئەو حەقیقەتەیە.
لە ڕاڤەکردنی پێوەندیی تایبەتی نێوان دەسەڵات و زانیندا، فۆکۆ هێما بۆ هاریکاریی نێوان زانستە مرۆییەکان و تەکنیکی دەسەڵات دەکات و، پێیوایە سەرهەڵدان و پەرەسەندن و بڵاوبوونەوەی زانستە مرۆییەکان، زەمینەی (بەسوبێکتکردن) و (بەئوبێکتکردن)ی تاکەکانی بۆ دەسەڵات ڕەخساند. دەستگاگەلی وەکو نەخۆشخانەی دەروونی، خەستەخانە، زیندان و نۆڕینگەی پزیشکی دەروونی، ئەو بوارانەن، کە پێوندییەکانی دەسەڵات تێیاندا دەخەمڵێن و، خەرمانەیەک بەڵگە، دۆسێ و داتاوزانیاری لەمەڕ شێتەکان، نەخۆشەکان، تاوانباران و لادەرەکان، بەدەستەوە دەدەن. لە چێوەی ئەم دەستگایانەدا بوو، زانستە مرۆییەکان خەمڵین و زەوینەیان بۆ (بەسوبێکتبوون) و (بەئۆبێکتبوون)ی مرۆڤەکان ڕەخساند. بە دەربڕینێکی تر، تەکنیکی دەسەڵات، شانبەشانی گەشە و برەوسەندنی زانستە مرۆییەکان، پەرەیسەند و بەسەر وجوودی ئادەمیزاددا هەژموونی سەپاند.
-----------------------------------------
سەرچاوە: میشیل فوکو(دانش و قدرت)؛ محمد ضمیران، تهران، هرمس، ١٣٨٩ چ پنجم