A+    A-
(1,215) جار خوێندراوەتەوە

 

              هەندێک بیرخستنەوەى بچووک   

 

 

 

 

وەلید عومەر

 

 

 

 

لە ناوى دایکەوە بۆ «ناو-ى-باوک»

ئەو چەند ساڵەى پێشوو کاتێک خەڵکانێکى بگرە زۆریش کە ناوى خۆیان لە باوکەوە بۆ دایک گۆڕى, پرسیارەکە بۆ من ئەوە بوو ئاخۆ دەتوانین بەهۆى گۆڕینى "ناوى دایک"ـەوە هیچکام لە یاساکانى ناو-ى-باوک(Name-Of-Father) بگۆڕین؟ ناوى دایک لێرەدا هەر مەبەستم مانا ڕۆژانەییە دەقاودەقەکەیەتى, و «ناو-ى-باوک»یش مەبەستم لە چەمکە تیۆرییەکەیە کە لە سادەترین مانایدا واتە «کەلتور و پانتایی ڕەمزى و کۆمەڵایەتى». ڕیشەى چیرۆکەکەش لەوێوەیە کە باوک وەک فیگەرێک لە بونیادى دەروونییماندا دایکمان لێ دەسێنێت و ناوى خۆیمان پێ دەبەخشێت, ناو-ى-باوک, کەلتور و یاساکانى پێکەوە هەڵکردنمان لەگەڵ ژنانى تر و چێژەکانى تر و هەموو دیاردەکانى کۆمەڵگا و گەردووندا. بەنیسبەت ناوگۆڕینەکەوە, پاش ساڵانێک دەرکەوت نەک هەر لە ناوى دایکدا, بەڵکو لە زۆر شتى تریشدا سەرقاڵى خۆبەرهەمهێنانەوەین. کێشەکەمان لێرەدا گۆڕینى ناوى دایک نیە کە بێگومان نیەتێکى ئەرێنیی لەپشتەوە بووە, بەڵام نیەت بەس نیە چونکە نەمانزانى کە شانۆی ئۆدیب بەشێوەیەکى ڕاستەوخۆ و گاڵتەجاڕأنە و کوردانە(ـى ناو پۆستمۆدێرن) دووبارەدەکەینەوە: دایک هى منە. مینش مناڵى دایکم. بەڵکو باسەکە ئەوەیە کورتوپوخت, یەکێک لە یاسا قایمەکانى کەلتور و «ناو-ى-باوک»مان تۆخکردەوە. کردەیەک هەم بووینەوە بە مناڵى تۆخى کەلتورەکە و هەمیش شتێکى زۆر نوێ نەبوو چونکە جاران بەشێکى کۆمەڵگا خۆى هەڵگرى ناوى دایک بوو: (خولەپیزە وەک نمونەیەک). خۆفریودان شتێکە بونیاد پێمانى دووبارەدەکاتەوە نەک نیەتى خۆمان, بۆیە لە زۆر ڕووەوە خەریکى خۆفریودانین(لەڕێى بەرهەمهێنانەوەى بونیادەوە). باس لە دونیایەک کە پیاوى تیا نەبێت, بەیاننامەیەک کە پیاوى تیا نەبێت, حونجەکردنەوەى بونیادى باوکانەیە. واتە ̎ناو-ى-باوک̎ ڕێدەدات, هەریەکە ناوى ژنانەى خۆى هەڵبژێرێت و بەر ئەبستراکتبوونى ئەو شتانە بکەوێت کە داوایدەکات. چونکە سەرەتاییترین پرەنسیپى تیۆرى لەمەڕ خەبات و ململانێ, هەبوونى نێوانگرێکى کۆنکرێتییە. ژن بە نێوانگریی پیاو دەبێتە ژن[1], و مامۆستاش بە نێوانگریی قوتابى دەبێتە مامۆستا و زۆر پێگەى ڕەمزیی تریش هەر بەو جۆرە کاردەکەن و هیچ شوناسێک لە بۆشاییدا درووستنابێت.  

هەموو پیاوێکى ئەم کەلتورانە, بەدەست هەڤدژى و ناکۆکییەکى ناوەکییەوە دەناڵێنێت بەڵام هەر درێژەش بە نواندنە ناچارییەکانى خۆى دەدات. نواندنەکە دەچێتەڕێوە, کێشەیەکى ئەوتۆ ناخوڵقێت, چونکە «خۆشبەختانە» دالى باوک گەرەنتى بۆ هەردوو لا درووستدەکات: وەرن با داواى هەموو شت بکەین, هەرچیمان نەوێت بیخوازین, چونکە شوێنە ڕەمزییەکەى خۆمان بەر ناکۆکى ناکەوێت. هەر بەڕاست بەر ناکۆکى ناکەوێت؟ چیرۆکەکە لێرەوە دەستپێدەکات و لێرەشدا کۆتاییدێت.

ڕۆشنبیرى کۆچکردوو, مەسعود محەمەد, چەند دەیەیەک پێش ئێستا و لە کاتى هورووژمى درووشم و چەمکەکانى خۆرئاواى مۆدێرندا بۆ ئێرە, باسى ئەو سەپاندنە شیعارییە دەکات کە ڕووناکبیرانى خۆرهەڵاتى ناوەڕاست تووشیدەبن. درووشمگەلێک کە هاتووە و زەمینەشى نیە. واتە جۆرێک لە ئیمپریالیزمى دەروونى و کۆمەڵایەتى کە دەبێت هەڵیگریت و هەڵیشى نەگریتەوە. ئەم دۆخە, وادەکات کارەکتەرى خوێنەوارى خۆرهەڵاتى لەناوەوە هەڵگرى جۆرێک لە دووفاقیەتى ناچارى بێت. ڕوونە مەبەست لەم چەمکانە ئازادى و دیموکراسى و هتدن, کە لە هەموو کایەکاندا جاردواى جار شکستدێنن. نە کەس وەک کەس دەتوانێت دیموکرات بێت و نە کۆمەڵگاش ئەم درووشمەى لە خۆیدا نیشتەجێ و ناواخنکردووەتەوە. لێرەوەیە, ڕەگەزەکان زۆرجار بەبێ هۆشیاریی خۆیان, دەبنەوە بە یەکێک لە دەرکەوتەکانى ناو-ى-باوک(هەشە بەئاشکرا و ئەنقەست یان بۆ شوێنى پیاو دەگەڕێت یان پیاوى دەسەڵاتدار). وێڕاى ئەوەى هەبوونى هۆشیارى, خۆیشى بەس نیە.

ئەمڕۆ لە هەرکوێ بین بەر هەندێک ڕاستیی کەلتورەکانى تر و دۆزینەوە زانستییەکان و هتد دەکەوین و هۆشیارییەکى شەخسییمان دەرهەق بە "دونیا" هەیە. بەڵام دونیا وشەیەکى گشتییە, و دونیا ئەوکات هى ئێمەیە کە دەبێتە دونیاى ڕەمزى و کەلتورى. کورد لە هەرکوێیەک بێت, دونیاکەى بەدواوەیەتى. دونیا, شتێکى جوگرافى نیە بەڵکو ڕووپۆشێکى ڕەمزى و مانایى و بەهاییە کە بەرەنجامى سێکوچکەى مناڵ-دایک باوکە و پاش گەورەبوون تەنیا ناوەڕۆکەکەى دەگۆڕێت گەرنا وەک بونیاد هەمیشە هەر ئەوەیە. بەم پێیە گەر لەڕووى زانستییەوە بشزانین گۆڕان چیە و پێکهاتەى رمۆیی چۆنە و کۆمەڵگاش چۆن کاردانەوە دەنوێنێت, هێشتا بەس نیە. لێرەوەیە ڕاستیی کەلتورى, لە ڕاستیی زانستى دەباتەوە. ئەویش تا ئەو کاتەى کە بەشێک لە فاکتى زانستى تێهەڵکێشى کەلتور و پانتایی ڕەمزى دەکەین و هەندێک لە ڕێساکانى «ناو-ى-باوک»ـى پێ دەگۆڕین. لەمە بترازێت, مرۆڤ زۆرجار حەزدەکات بکرێتەوە, کرانەوە هەبێت, لە وەهمەکانى دەرچێت بەڵام بوێریی پێویستى نیە, تواناى خۆگرتنەوەى نیە, بەرگەى ئەو زەبر و تراومایە ناگرێت کە لە پرسى گۆڕاندایە- گۆڕانیش پرسێکى تاکەکەسى نیە, تەنیا ئەوکاتە نەبێت کە لە حاڵەتى جاروباردا کەسێک دەرگا لەسەر گۆڕانێکى کۆمەڵایەتى دەکاتەوە. ئەم کەسانە هەن, بەس هێند کەمن تا ئاستى ئەوەى نەزانین ئەوە کێیە ئەم چانسەى بەردەکەوێت.

 

 

چنینەوەى شکست

لەجیاتیی دەستەواژەیەکى پڕ و پۆزەتیڤى وەک "چنینەوەى دەسکەوت", دەتوانین باس لە دەربڕینێکى سالب و نێگەتیڤى وەک "چنینەوەى شکست" بكەین: هەر دەسکەوت ناچنرێتەوە, بەڵکو شکستیش شایستەى چنینەوەیە. دیارە نە سەرکەوتن پڕاوپڕە و نە شکستیش بۆشایی تەواوە, بەڵام هەریەکەیان لە جێیەکدا و بەپێى کۆمەڵگاکان پێوەرى خۆیان درووستدەکەن.

ئێمە لە هیچ شتێکدا مێژوویەکى ڕێکمان نیە, خودى "ناڕێکى" نەبێت کە ناوێکى ترى کایۆسە. هەر ئەوەى کە مرۆى کورد هەڵگەڕانەوەى خێراى تیایە, یان ناتوانێت مێژووى شەخسى کەڵەکەبکات و ڕێڕەوێکى گەشەى هەبێت, سەلمێنەرى ئەم ڕاستییەیە. ئەمە بێجگە لەوەى ئەو گومانە تیۆرییە وەک خۆى هەر دەمێنێتەوە کە ئێمە چەندە لەناو مێژووداین. ئاخۆ هەر چالاکییەکى شەخسى و دەستەجەمعى لە ئێمەدا, خەسڵەتى مێژوویی وەردەگرێت یاخود جووڵەیەکە لەناو کایۆسدا و زوو دەبێتەوە بە شتێکى تر. کاتێک جام و چوارچێوەیەکى مێژوویی نەبێت گەشەى تیا بێت, ئیدى چالاکییەکانى ناویشى وەک چالاکى جێگیرنابن و ئامانجێکى جێگیریان نیە و بەروار ناخولقێنن و پنتى گەڕانەوە و خۆتێپەڕاندنیش نابێت و ئەوەى دەمێنێتەوە فەرمانە عەبووسەکانى باوکە کە کات کارى لێناکات و لە دەرەوەى مێژووەوە دەمێنێتەوە. گەرچى ئێمە چەمکى کایە(field)مان بە مانا خۆرئاواییە مێژووەکەشى نیە, بەڵام لە خەیاڵى خۆماندا و لانیکەم لاى کەمێکمان نەخشەیەکى کاڵى ناو کایۆسمان هەیە پێى بڵێین "کایە". بۆیە دەکرێت هەر کایەیەک, بخرێتە بەر ڕەخنەى عەقڵانى, ئەویش لەو پێناوەدا خودئاگایی دەرهەق بە شکستەکانى خۆى پەیدابکات نەک بەرەوپێشەوەبچێت. بەرەوپێشچوون, چەمکێکى ناو میتافیزیکى پێشکەوتنگەراى مۆدێرنەى غەربییە و بەشێوەیەکى زاتى لکاوە بە چەمکى مێژووەوە و شتێکە بۆ لاى ئێمە زۆر ڕوون نیە.   

ڕوودانى "خودئاگایی", بەبێ درووستكردنى "زمان" کارى نەکردەیە. زمان‌یش یەک ئاست و یەک خاڵى وەستانى نیە. پرۆسەیەکە و کرژى و فراوانبوونەوەى دۆزێک یان دونیایەک دەگەیەنێت. شکست لە سازکردنى زمانێکى تیۆرییدا کە دۆزى ژن بگەیەنێت, یەکێکە لەو شکستانەى شایستەى چنینەوەیە. دیارە کێشەکە هەر ئەمە نیە, چونکە جەمسەرێکى ترمان نیە لەبەرامبەرەوە چاوەڕێ بێت بەپێى زمانێکى تایبەت گوێ لە پرسێکى تایبەت بگرێت. نەک هەر پرسى ژن, بەڵکو ڕۆشنبیرى, سیاسى و هتدیش هیچ جەمسەرێکى بەرامبەریان نیە لەڕێگەى زمانێکى تایبەتەوە خۆیان بگەیەنن. بەڵام قسەکە لێرەدا ئەوەیە چۆن مەودا لە کایۆس و فەوزا وەرگرین, مەودا لەو ڕووبەرە وەرگرین کە تەنیا جەمسەرەکانى باوکى تیا زەقە. بە مانایەکى تر, چۆن لە شەڕى باوکدا, نەبینەوە بە یەکێک لە فەرمانە پەتییەکانى باوک و باوک جارێکى تر لەڕێگەى ئێمە(ـى ژن)ـەوە نەدوێت. ئەمە گرتنەبەرى ستراتیژێکە لەناو فەوزادا کە هەروا ئاسان نیە. بەڵام ڕێخۆشکردن بۆ داننان بە شکستدا, ڕیتمى فەوزاکەمان بۆ خاودەکاتەوە.

 نەبوونى زمانێکى لەم جۆرە, دۆزەکەى لە کۆمەڵێک ڕستەى زارەکییدا قەتیسکرد کە وردەوردە بوونە کڵێشە(cliche) و نەک هەر بیرکردنەوەیان بەرهەمنەهێنا بەڵکو خۆیان بوونەوە بە دژى بیرکردنەوە. بۆ بەرچاوڕوونى, نمونەیەکى سەرەتایی دێنینەوە کە خۆى وەک شاکلیلى دۆزى ژن پیشاندەدات: "ژن جەستە نیە". وتنەوەى بێ‌وردەکاریی ئەم قسەیە, جەستەى گۆڕى بۆ پیرۆزکراوێک. بۆ قەوارەیەکى وەهمى و هەڵمى و دەستلێنەدراو. جەستە چووەوەپاڵ پێناسە دێرینەکانى خۆى, ئیدى لە دینەوە بۆ شیعرى کلاسیک و عیرفان و ئایدیالیزمى ژنانە و پۆتانشێڵى نوستووى خێڵ(هەر لەبەر ئەمە جارێکیان شتێکى کورتى کەمتازۆر ئایرۆنییمان نوسى بەناوى: بۆچى دەبێت جەستە ببێتە کاڵا؟). بارتەقاى ڕەقیی کڵێشەکە, جەستەش لە ڕەقى و واقیعیبوون دوورکەوتەوە. ستراتیژى ژنانە و خێڵ یەکتریان بڕى. جەستە تەنیا دەبوو نمایشکرێت, بەڵام خەرمانە دێرینەکەى لێ نەکرێـتەوە, بە دەربڕینێکى تر, جەستە بخرێتەوە ژێر فەرمانى کەلتور و ناو-ى-باوک. فۆرمى پۆشاک دەگۆڕدرێت, هێماى دین و لەچک و هتد لە زۆر جەستە لادەبرێت, بەڵام باوک هێشتا بەشێوەیەکى لوغمێک لەناو جەستەدا کاردەکات. هەم بەرامبەرەکان تووشى سڵکردنەوە دەکات و هەم خاوەنەکەشى تووشى هەستى گوناه. ئەمە ڕێ لەوە ناگرێت جەستە بەشێوەى ژێرەوانکێ ئەزموونکرێت, بەڵام باجە ڕۆحى و دەروونییەکانى بۆ کەسەکەش تەواو ڕوون نیە. "ژن جەستە و ئۆبێکت و چى و چى نیە", بەئاسانى چووەوە خزمەتى ئەو جەمسەرانەى کە دەبوو ژن شەڕى بکات. هەژاریی شێوازى قسەکردنى ئەم ساڵانەى ژنانى بەرشاشە(نزیک لە بەردەرگا) و مۆدێلەکان و پێشکەشکاران و هتد, لەم هەژارییە تیۆرییەى ترەوە سەرچاوەیگرت. لە نوسین یان ئەدەبیاتى ئەو چەند ساڵەشدا, جەستە بوونێکى نەفیکراوى هەبووە. جۆرێک لە یەکێتیی پیرۆز و شاراوە و تەنانەت نەستەکى, دژى جەستە هەبووە. ئەم یەکێتیە هێند توندە کە ڕێى لە پۆڕنى "نەبوو"ـى کوردییش گرت, ئەویش بەجۆرێکى کەمتازۆر کۆمیدى کە پاڵپشتیی جەستە و پۆڕنە ناکوردییەکان دەکرا کە گرنگ ئەوەیە کوردانە نیە و "باوکى کوردى" لێى بەئاگا نیە(لێرەدا باسەکەش ڕەوایەتى و ناڕەوایەتیی پۆڕن نیە).

کاتێک زمانى ڕوونى خۆتەعبیرکردن نەبێت, چەمکەکانیش لە سیاقدا هەڵەدەکەونەوە. وشەگەلى وەک ئۆبێکت(ئۆبجێکت), بە ڕاست و چەپدا دەبەشرێتەوە و لەناو کایۆسدا ڕوون نیە یانى چى. لێرە کاتێک بەشێوەیەکى کڵێشەیی دەوترێت "من نابمە ئۆبێکت", لێکردنەوەى هەموو ئاڵۆزییەکانە لەم چەمکە. ڕەنگە ژنێکى سادە بیەوێت بڵێت نابمە ژێردەستە, بەڵام "ژێردەستەيى"يش یەک ماناى هەردەم جێگیرى نیە و ئۆبێکتیش ئەو بابەتە ساکارە نیە لە ڕستەکەدا هەیە. چەمکگەلى وەک ئۆبێکت, لەو چەمکانەن لە شەپۆلە سەرەتاییەکانى فیمینیزمى خۆرئاواییشدا باسکراوە و تەنانەت لە کتێبێکى کلاسیکى وەک "ڕەگەزى دووەم"ـى سیمۆن دیبۆڤواردا دەیان لاپەڕە لەسەر ململانێى کۆیلە و ئاغا لەسەر پێخەف هاتووە, ململانێى ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆى بەئۆبێکتبوون و زۆر وێستگەى ڕۆژانەیی تریشدا. نەبوونى زمانێکى پێگەیشتوو, نواندنەکانیش ڕیشەى مادى و واقیعییان نابێت و ئاسان دەبنەوە بە بەشێک لە فەوزا باڵادەستەکە.  

کاتێک ئەم نواندنە بنکێکى ماتریاڵى و واقیعى و مێژوویی نیە, ئەوا بەسەر دوو ئەگەردا دەشکێتەوە: قەتیسبوونى ژن و پیاوەکان لە کەڵت و تاقمى بچوک و خەیاڵسافدا, یان ترازانى لەمێژینەى زەین و عەین, خود و بابەت کە مەرجێکى دێرینى درووستبوونى حەقیقەت بووە. لە دۆخى کۆمەڵایەتى و کەلتوریی ئێمەدا, کە خۆى بنکێکى تۆخى مێژوویی نیە, ئەم ترازانە پێشوەخت هەبووە و شتێک نیە تازە ڕوویدابێت, بۆیە هەر لەسەرەتاوە بە ترازانەکە دەست بە هەموو شت کراوە. ئەم ترازانەش دیمەنێکى وەک پشیلەکەى لویس کارۆڵى خوڵقاندووە کە خۆى ڕۆیشتووە و پێکەنینەکەى بە حەواوە جێماوە. ئەم تاقمە بچوکانەش پتر کارکردێکى پاتۆلۆژیک و شەخسییان هەیە, شتێکى نزیک لەوەى کە فرۆید لە کتێبى "شارستانیەت و ناکامییەکانى"دا ناویدەنێت »خودئەڤینیی جیاوازییە بچوکەکان«[2]. فرۆید سەر بە واقیعى کوردى نیە, بەڵام باس لە سایکۆلۆژیایەکى گەردوونى دەکات. مەبەستیشى لەو چەمکە, خاڵیکردنەوەى شەڕەنگێزییەکانى گرووپێکە بەسەر گرووپێکى کۆمەڵایەتیی تردا تاکو هەم فەنتازیاى خۆیان بپارێزن و هەم ئەوێکى تریش هەبێت بیچەپێنن تا جڤاتەکەى خۆیانى لەسەر دامەزرێنن. لەم دوو کارکردەدا, (واتە گیرسانەوەى تاقمە بچوکەکان و ترازانى خود و بابەت), لەمڕۆدا کۆمەڵێک دیمەن و دیاردەى لێ دەکەوێتەوە کە لە ئەنتەرنێتدا کتوپڕ هەڵدەگیرسێت و کتوپڕیش کۆتاییدێت. هەتا بکەرانى پشت ئەم جۆرە چالاکییانە, دواى ئەوەى چالاکییەکە بۆ بەردەم نیگا گریمانەییەکەى کۆمەڵگا دەنێرن, دەتوانن لەواقیعدا بچنەوە ناو کەوڵە ڕاستەقینەکەى خۆیان و بڵێن «خودایە شکور بەس نیە خەون بوو». فەزاى مەجازى بونیادى خەونى هەیە, و لەوێدا حەزدەکەین بەو جۆرە ببینرێین کە دەمانەوێت. ئەمەش ئەنجامێکە و فاکتى لەگەڵدایە و بەردەوام دەسەلمێت, بۆنمونە, ژمارەیەکى زۆر بەڵگەى ئاشکرا و نائاشکراى ژنەکان هەن دەیسلەمێنن لە چ جووتشوناسى و خۆفریودانێکى ناچارییانەدا دەژین و ژیانە واقیعییەکەیان لەسەر "هیستریا"یەکى توند بنیاتنراوە. هەر ئەم, بەتەنیشت خۆیەوە پیاوێکى کەمتازۆر "کرچ و خۆشباوەڕ"يش درووستدەکات کە بڕوایشى بەو شتە هەبێت دەڵێت, کەچى بەشێوەى نەستەکى ئاسودەیە شتەکە لە پراکتیکدا ناڕەخسێت.

  

 

 

«لاچۆ, من لەوانە نیم»  

دەروونشیکارى, کە بەرهەمى بیرکردنەوەى مۆدێرنى خۆرئاوایە, لە زۆر ڕووەوە بۆ جڤاتەکانى وەک ئێمە دەستدەدات. ئەویش لانیکەم لەبەر دوو هۆ: ١) مرۆڤ لە ئاستە گەردوونییەکەیدا وەردەگرێت(لانیکەم وەک فۆرم نەک ناوەڕۆک, چونکە ناوەڕۆکە مێژووییەکان هەردەم سەر بە لۆکاڵن نەک گڵۆباڵ). ٢) ئەو کەرەستە خاوانەى بیریارە گەورەکانى دەروونشیکارى کاریان لەسەر کردووە, سەرەتا جڤاتى ساکار و بێ‌مێژوو و بچکۆلە بوون.

بەپێى ئەو ڕووداو و دیمەن و فاکتانەى هەن, دەیسەلمێنن کۆمەڵگاکە تادێت پڕدەبێت لە ژنى هیستریایی. هیستریا تاڕأدەیەکى زۆر لە مانا کۆنەکانى خۆى دوورکەوتووەتەوە, بەڵام وەک بونیادى دەروونى و کۆمەڵایەتى هەر لە جێى خۆى ماوە و لەم باسەدا ئێمە وەک جۆرێک لە پەیوەندیی فەنتازیا و یاسا بەکاریدێنین. فەنتازیا بەو مانایەى کە پەیوەندیی خۆت بە واقیعەوە ڕێکدەخەیت, یاساش لێرەدا واتە یاساکانى باوک و ئەویتر. یەکێک لە خەسڵەتە سەرەکى و تیۆرییەکانى مرۆى هیستریایی(کە لێرەدا ژنە) ئەوەیە یاریی بە یاساوە بکات. یارییەک کە سەرەتا وادەردەکەوێت یاسا دەبەزێنێت, بەڵام پاش کەمەکێک تێدەگەین ژێستێکى ناجدیی یاساشکێنییە نەک کردارێکى جدى. ئەو نمایشەى کەسى هیستریایی دەیکات, بۆ ئەوە نیە یاساکانى ئاغا و باوک تێپەڕێنێت بەڵکو بۆ ئەوەیە عاشقیانبکات. گۆڕانى بەردەوامى ژێستەکان و دۆخە دەروونییەکان و کردە نمایشییەکان, بۆ کوشتنى ئاغا کەلتورییەکە نین, بەڵکو دووپاتکردنەوەى ئەوینێکى توندن بۆى. ئەم یارییە یارییەکى بەتاڵ نیە, بەڵکو بۆ مرۆى هیستریایی چێژى لە ئەکتێکى "ڕاستەقینە" زیاترە. شوێنکاتى مەجازى, شوێنکاتێکى گونجاوە بۆ ئەکتەکانى مرۆى هیستریایی. هەموان دەتوانن وێناى ئەو ژنانە بکەن کە جلێکى نیمچەڕووت دەپۆشن و لەسەریشى دەنوسن: ژن دەبێت مافى خۆى بناسێت. لەڕاستییدا ئیملاى درووستیی ئەم ڕستەیە, ئەمەى تریانە: «ژن دەبێت هەقى ئاغا لەیادنەکات». لێرەوە ژنى «هیستریایی, ئەدا و ژێستى یاسابەزاندن بەرامبەر بە ئەویتر دەنوێنێت. ئەویش بە مەبەستى تاقیکردنەوە و لەژێرپێ‌دەرهێنان. چونکە هەرکە وەڵامى ئەویتر وەڵامیدایەوە, ئیدى ئەم پاشەکشەدەکات چونکە تێدەگات ئەم ئەویترە ئاغا و ئەربابێکى کامڵ نیە. بۆنمونە, ڕەنگە ژنى هیستریایی لە سەرجادە جلێک بپۆشێت و ڕەفتارێکى عیشوەگەرانە بنوێنێت کە عادەتەن خوڕەفتارى ژنانى "لەشفرۆش"ـە. لەدرێژەدا, دەکەوێتە تەک کەسێک, بۆنمونە سوارى ئۆتۆمبێلەکەى دەبێت و پتر ئاگر لە تاسەى وى بەردەدات, بەڵام هەرکات ئەویتر بیەوێت لێى نزیکبێتەوە یەکسەر دێتەدواوە و دەڵێت "لاچۆ, خۆ من لەوانە نیم". خۆوادەرخستنى کەسى هیستریایی, نابێت سەربکێشێت بۆ یاساشکێنى چونکە لەم حاڵەتەدا ئیدى ناتوانێت درێژە بە یارییەکەى خۆى بدات[3]». دیارە لێرەدا نابێت کەسى وەسواس و هیستریایی تێکەڵکرێت[4], چونکە وەسواس ئەکتى لێ دەوەشێتەوە و کۆتاسنورى چالاکییەکەى هێشتا دیار نیە, بەڵام لاى هیستریایی پێشوەخت کۆتاسنورى چالاکییەکە دیارە و پاراستنى «کەرتێکى دووسەرەیە لەناو کەسەکە خۆیدا». واتە مسۆگەرکردنى ملکەچییە بۆ ئاغا, وەکچۆن باسمانکرد ئاغاش پاداشتى ئەم ملکەچییەى دەداتەوە و هەمان کەس دەتوانێت درووشمى ڕۆشنبیرانەش هەڵگرێت بەبێ ئەوەى مەترسى "هاتنەدیی!" لەسەر بێت. لاى وەسواس, ئاغا دڵى لە مشتیدایە نەکو کەسەکە خۆى بدۆڕێنێت. کەسەکەش بەجۆرێک دەجووڵێتەوە وەکبڵێى ئاغا دوورە و چاوى بەسەر کردارەکانى ئەم‌ەوە نیە. کۆمەڵگا خۆى بەجۆرێکى هێند ناسک و سەیر ڕسکاوە کە ئاغا خۆى لەبنەڕەتدا بوونێکى مەجازی و گریمانەیی هەیە, واتە ئەو شتەیە بەهۆى سایکۆلۆژیاى هاوبەشى هەموومانەوە درووستمانکردووە کەچى لە هەموو جێیەکیش ڕێژەیەک لە قورساییەکەى بەدوامانەوەیە.

گەرچى هیستریا لە شوێنى تردا وەک چەمکێکى شۆڕشگێڕانە باسکراوە, بەڵام لەمڕۆدا و بۆ کەلتورى کوردى و پاش چڕبوونەوەى تموحەکانى باوک, تەنیا ژێستێکى سازشکارە بۆ ئەوەى ئاغا «خەدع بکات», هەرکەس ساڵانێک سەیرى یاریی تۆپى پێى کردبێت لە قورساییە دەلالییەکانى وشەى«خەدع» جوان تێدەگات. لە ئاستى ژیانى ڕۆژانەشدا, ئەم هاتوچۆ هیسترییە, ئەم بگرەوبەردە پاتۆلۆژیکە بەردەوام لەنێوان ژن و پیاوەکاندا دووبارەدەبێتەوە و بەدەر لەو "خەدع"ـه زاتییانەى کە سەر بە پەیوەندیی عاشقانەیە, لێرەدا "خەدع"ێکى هیستریایی هەیە کە بووەتە سرووتێکى ڕۆژانە. هیستریا بۆ ناو مێژوویەکى جێگیرترى وەک خۆرئاوا ڕەنگە کردەى شۆڕشگێڕانەى لێ بوەشێتەوە, هەر بەو جۆرەى کە هەندێک لە سوریالییەکان باسیانکردووە, بەڵام بۆ ئێرە کە سرووشتى "ئاغا" جیاوازترە سەرەنجام دەگەڕێتەوە سەر پێچەوانەکەى(لەخۆڕاش نیە ئەوانەى بانگەشەى سوریالیەتیان دەکرد, دەبوو سەرەنجام بەرماڵ ڕاخەنەوە. ئەم نواندنەش تەنیا بۆ ئاغایە کە لە کۆمەڵگاى کوردییدا لە خودا بەهێزترە و وادەردەکەوێت هەموو هێزى دین هاتبێتە سەر یاساکانى خێڵ). بەم پێیە, دەربڕینى "لاچۆ خۆ من, کاڵا نیم", هیچ پەیوەندییەکى بە ناوەڕۆکى کاڵاوە نیە لە مۆدێرنەدا, بەڵکو حونجەکردنەوەى سرووتەکانى هیستریایە لە کەلتورێکى دواکەوتووى خۆفریودەردا. کەلتورێک کە پیاوەکانى بن نیگاى ئاغاش, قایلن بەوەى ژنان سفوور بن, بەڵام بەئاشکرا سفور بن و "لەژێرەوە کەتن نەدەن!". ئالێرەشەوەیە دین هەنگاوێک لە خێڵ پێشکەوتووترە و ئاگاییەکى جێگیرترى هەیە و سێکسیش بەپێى یاسا کەمتازۆر گۆڕاوەکانى ڕێکدەخات. سەرەنجام, پەرچەکردارى "لاچۆ, من لەوانە نیم", کە کردەیەکى شەخسى نیە و بونیادێکى دەروونى-کۆمەڵایەتییە, لە سێکسدا کورتنابێتەوە بەڵکو باسەکە پێگەى ڕەمزیی چالاکوانانى چەند دەیەى پێشووش بووە. بۆیە وەڵامە دژەئایدۆلۆژییەکەى ئەم پێگەیە کە هەڵکەوتبوونى پێگەکە کەشفدەکات ئەمەیە: «بێگومان تۆ لەوانە نیت, بۆیە دەبێت نەوەیەکى تر بەختى خۆیان لەویادا تاقیکەنەوە».

دەتوانین جۆرێک لە نمونەى کۆمەڵایەتى بێنینەوە کە نومنەیەکى ڕوونترە بۆ کەسى هیستریایی. کاتێک باوکێک یان برایەک ژێستێکى ئازادانە دەنوێنێت و بوارى «ئازادی» بە ژنێکى خانەوادە دەدات, ئەوا ژنى ناو کەلتورەکە لەوێدا پتر بەرەوڕووى فەرمان دەبێتەوە. چونکە یاساکانى باوک, نە لاى تۆیە و نە لاى ئەویش, شتێکى بونیادییە. ئێوە هەردووک داش و مۆرەى ناو ئەو بونیادەن. بونیاد گۆڕانى بەسەردا دێت بەڵام لەناوناچێت. ژیان خۆى دیالەکتیکى جەبر و ئیختیارە. بەڵام ئەوەى لێرە هەیە, گۆڕینى جەبرێکە بە جەبرێکى تر بەنێوانگریی فریوێک. خوشک و برایەکى ئەزموونى, نواندنە هیستریاییەکە بۆ یەکتر دووبارەدەکەنەوە- ئەمجارەیان ڕوونتر و کۆمیدییتر. گۆڕان خۆى پرۆسەیەکى نائاگایانەى بونیادییە و دەکەوێتە پێش و پاشى هەر ئیعازێکى ڕووبەڕوو و ئەزموونییەوە. ئەوەى لە فریوى خوشک و براکەدا گیردەخوات وتنەوەى گۆنەکراو و ژێرەوانکێى «لاچۆ, من لەوانە نیم»ـە لە یەک ساتدا و لە دوو پێگەى ڕەمزی و کۆمەڵایەتییەوە. بۆ ئەوەى وێنەى ئەم خوشک و برایە گەورەتربکەینەوە, دەتوانین وێنەى هەموو خەڵک پێکەوە وەرگرین کاتێک بەشێوەیەکى "هیستریایی" بەرگرى لە شتێک دەکەن و هەردوو دەنگى نێر و مێ دەبنە دەنگێکى یەکپارچە و بێ‌جیاوازى.

 

 

 

 

 


[1] . سوبێکتى ختوکاوى, سلاڤۆى ژیژەک, و وەلید عومەر, کێشەى سوبێکت, ٢٠١٤, سەردەم.

[2] . Narcissism of small differences: ئەم زاراوەیە لە وەرگێڕانى کوردیی پێشووى دەقەکەى فرۆیددا, وەک خۆى نەگەیەنراوە کە عەرەبییەەى دەکاتە: "نرجسية الفروق الصغيرة", "فەرق و فەریق"كراون بە یەکێک و بە (جیاوازى گرووپە بچوکەکان) وەرگێڕدراوە. لێرەدا مەبەست لە شێوازى وەرگێڕانى چەمکەکە نیە(کە بێگومان وەرگێڕانێکى سودبەخش بووە), بەڵکو مەبەستێکى فیکرییمان هەیە کە گۆڕینى "فەرق" بۆ فەریق و گرووپى کۆمەڵایەتى گوزارشتە لە ئاگایی کۆمەڵایەتیی ئێمە دەرهەق بە چەمکى "جیاوازى". جیاوازى لە بیرى خۆرئاواییدا ڕوویەکى پۆزەتیڤى هەیە و هەریەکە لە پنتى خۆیدا دەتوانێت جیاواز بێت بەڵام لە زەینى ئێمەدا جیاوازى تەنیا لە فۆرمى تاقم و فەریقدا دەڕەخسێت. گەرچى فرۆید کۆمەکى لە توێژینەوەکانى لێکۆڵەرێکى بەریتانى وەرگرتووە, بەڵام جیاوازى لەو سیاقەدا, کە دەقێکى ناو سیاقێکى مۆدێرنەیە, لە گرووپ ئاڵۆزتر و ئیجابییتریشە- و

 

[3] . ایدە روانکاوى, شهریار وقفى پور, نشر سیب سرخ, ١٣٩٩, ص٣٦.

[4]  هەمان سەرچاوە